دیندار دۆسكی سیاسەتمەدار بۆ گوڵان: نەبوونی كاریزماو رەمزێكی وەك كاك مسعود بارزانی بۆشاییەكی گەورەی دروست كردووه و به كەسی دیكه پڕناكرێتەوه
April 9, 2018
دیمانەی تایبەت
پرۆسەی سیاسی له كوردستان دوچاری پەرتەوازەیی و جۆرێك له پاشاگەردانی بووه، قۆستنەوەی داوا رەواكانی مووچەخۆران تێكەڵ به پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن دهكرێن و هەندێك لایەن به ئاشكرا بەرژەوەندیی باڵای نێشتمانی و دەستكەوتەكانی كورد له باشووری كوردستان دەخەنه مەترسییەوه، هەموو ئەوانەش له كاتێكدایه كه له بەغدا هەوڵ دەدرێت حكومەتی رەهای زۆرینه (شیعه) پێكبەێنن، لەو حاڵەتەشدا به هیچ شێوەیەك كوردپرۆسەی سیاسی لە كوردستان دوچاری پەرتەوازەیی و جۆرێك لە پاشاگەردانی بووە، قۆستنەوەی داوا رەواكانی مووچەخۆران تێكەڵ بە پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن دەكرێن و هەندێك لایەن بە ئاشكرا بەرژەوەندیی باڵای نێشتمانی و دەستكەوتەكانی كورد لە باشووری كوردستان دەخەنە مەترسییەوە، هەموو ئەوانەش لە كاتێكدایە كە لە بەغدا هەوڵ دەدرێت حكومەتی رەهای زۆرینە (شیعە) پێكبەێنن، لەو حاڵەتەشدا بە هیچ شێوەیەك كورد ناتوانێت بەرگری لە مافەكانی خۆی بكات، لەگەڵ ئەوانەشدا هەڵبژاردنەكانی عێراق و ئەگەری گۆڕانكارییەكان و دروستكردنی گوشاری جیەانی لەسەر بەغدا بۆ ئەوەی كێشەكانی لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی دەستووردا چارەسەر بكات، رۆژەفی شرۆڤەكارانی سیاسین و جەختیش لەوە دەكەنەوە كە نەبوونی هێزی پێشمەرگەو دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان لە كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم و هاوكات بوونی هێزەكانی حەشدی شەعبی لەو ناوچانە، وادەكات هەڵبژاردنێكی پاك ئەنجام نەدرێت و كوردیش ژمارەیەك لە كورسییەكانی لەدەست بدات. ئەمانە و چۆنیەتی هەڵبژاردنی داەاتووی كوردستان و ئەو میكانیزم و ستراتیژیەتەی كە پێویستە كورد بۆ رووبەڕووبوونەوەی قەیران و تەحەدییەكاندەستنیشانی بكات و چەند پرسێكی دیكەی هەنووكەیی، ناوەرۆكی ئەم دیمانەیەی گۆڤاری گوڵان لەگەڵ دیندار دۆسكی سیاسەتمەدار و وەزیری پێشووی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق پێكدەهێنن كە لە ئێستادا وەك سیاسەتمەدارێكی سەربەخۆ، شیكاری بۆ دۆزی كورد و دادێی سیاسیی كوردستانییان دەكات.
* ئێستا عێراق بەرەو هەڵبژاردن دەچێت، ئایا خوێندنەوەتان بۆ ئەم هەڵبژاردنە چییە و چ گۆڕانكارییەك دروست دەكات؟
- بە بۆچوونی من دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان بارودۆخی عێراق گۆڕانكاری بەسەر دێت، مەزندە دەكرێت حەیدەر عەبادی جارێكی دیكە ببێتەوە بە سەرۆك وەزیرانی عێراق، ئەمەش تا رادەیەك خواستێكی ناوخۆیی عێراقە و ئەمریكاش پشتگیری لێدەكات، لەبەر ئەوەی ئاماژە بەوە دەكەن كە گوتاری سیاسیی عەبادی وەك لایەنەكانی دیكە مەزهەبگەرایی نییە و دەتوانێت هەژموونی ئێران لەناو پرۆسەی سیاسیی عێراقدا كەم بكاتەوە. بەڵام ئەم گرەوكردنە لەدوای هەڵبژاردنەكانی ساڵی 2010 لەسەر نوری مالیكییش هەبوو كە جارێكی دیكە ببێتەوە بە سەرۆك وەزیران، بەڵام دوای ئەوەی مالیكی بۆ جاری دووەم بووەوە بە سەرۆك وەزیران، وڵاتی بەرەو حوكمڕانییەكی مەزهەبگەرایی شیعی بردو زیاتریش لە ئێران نزیك بووەوە، ئەمەش پێچەوانەی ئەو مەزندانە بوون كە ئەمریكا بۆ دووبارە بوونەوەی مالیكی بە سەرۆك وەزیران هەیبوو. هەر بۆیە لەگەڵ ئەوەی ئاكامی هەڵبژاردەكان دیاری دەكات كە كێ دەبێتە سەرۆك وەزیرانی داەاتووی عێراق، بەڵام ئەمریكا جیا لەوەی لە چوارساڵی یەكەمی ماوەی سەرۆك وەزیرانی عەبادی رەخنەیەكی ئەوتۆی لەسەری نەبووە، ئێستا پشتگیری ئەوە دەكات ئەمجارەش بۆ ماوەی چوار ساڵی دیكە ببێتەوە بە سەرۆك وەزیرانی عێراق. سەبارەت بە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا دوای هەڵبژاردنەكان، بێگومان ئاشكرایە كە بارودۆخی ئەمری واقیعی ئێستای كوردستان زەحمەتە قبووڵ بكرێت، بۆیە لەم حاڵەتە دوو گریمانە دێنە پێشەوە، ئەویش ئەوەیە كە حكومەتی داەاتووی عێراق (ئەوجا بە سەرۆكایەتی عەبادی بێت، یان هەر كەسێكی دیكە) هەوڵبدات بەپێی دەستووری عێراق پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا رێكبخاتەوە، ئەگەر ئەمە نەكات بارودۆخەكە بەرەو خراپتر دەچت، بەڵام لە ئێستا ئاماژەكان بەرەو ئەو ئاراستەیەن پەیوەندییەكان بەرەو باشتر بچن، بۆ ئەمەش تا ئێستا چەند هەنگاوێك بەرەو ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەكان هەڵگیراون، ئەم هەنگاوەش ئاكامی ئەو گوشارانەیە كە ئەوروپا بەگشتی و فەرەنسا خستوویانەتە سەر حكومەتی عەبادی، هەر بۆیە ئەگەر عەبادی ببێتەوە بە سەرۆك وەزیران ئەوا پێشبینی ئەوە دەكرێت، گوشارەكان لەسەر بەغدا زیاتر بن بۆ ئەوەی بەشێكی زۆری كێشەكانی لەگەڵ كوردستان چارەسەر بكات، بەڵام بەشێكی كێشەكانیش كە لەدوای ساڵی 2003وە تا ئێستا درێژەیان هەیە، وەك جێبەجێكردنی ماددەی 140ی دەستوور و پرسی پێشمەرگە، كە دەمێنێتەوە بۆ دیالۆگ و دانوستاندنی زیاتر لەنێوان هەردوولادا.
* وەك یەكێك لە وەزیرەكانی پێشوو لە حكومەتی عێراقدا ئەزموونێكت لە پرۆسەی پێكەێنانی حكومەت هەیە، ئایا دوای ئەم هەڵبژاردنانە كورد چۆن بەشداری لە حكومەتی عێراق دەكات؟
- بەداخەوە هێزە سیاسییەكانی كوردستان زۆر لەیەكتری ترازاون، ئەو جۆرە یەكڕیزییەی پێشان هەبوو، ئێستا ئەویش نەماوە، جێگەی داخێكی زۆرە كە بەشێك لە هێزە سیاسیەكانی كوردستان لەدوای كارەساتی 16ی ئۆكتۆبەر پێشنیاری زۆر خراپیان بە حەیدەر عەبادی داوە، بەوەی مامەڵەیەكی فەرمی لەگەڵ قەوارەی هەرێمی كوردستان و حكومەتی هەرێم نەكات و راستەوخۆ لەگەڵ پارێزگاكان مامەڵە بكات، حەیدەر عەبادی چەندین جار ئەمەی بە ئاشكرا گوتووە و نەیشاردۆتەوە، لە بارودۆخێكی لەم شێوەیەدا، پرسیار ئەوەیە ئایا ئەو هێز و لایەنە سیاسییانەی چاوەڕێی ئەوەیان لێدەكرێت بۆ پەرلەمانی عێراق كورسی بەدەست بەێنن، دەبێت چی بكەن؟ بە بڕوای من دەبێت هێزە سیاسییەكانی كوردستان ستراتیژیەتێكی سیاسی بۆ خۆیان دابڕێژن، كێشەی كورد لە بەغدا ئەوە نییە چەند كورسی دەهێنێت، ئەمەش لەبەر ئەوەیە كورد ئەگەر 100 كورسیش بەێنێت ئەوا لە پەرلەمانێكدا كە 328 كورسییە هەر كەمینە دەبێت و ناتوانێت بە رێگەی كەمینە و زۆرینە بەرگری لەمافەكانی خۆی بكات. بۆیە لەم حاڵەتەدا دەبێت هێزە سیاسییەكانی كوردستان وەك نوێنەرایەتی پێكەاتەیەكی سەرەكی، خاوەنی ستراتیژیەتێكی سیاسی بن لە پەرلەمانی عێراقدا بۆ ئەوەی داكۆكی لە مافەكانی كوردستان بكەن، بۆ ئەمەیان من زۆر گەشبین نیم، تەنیا ئەگەر گوشارێكی ئەمریكی هەبێت لەسەر بەغدا بۆ ئەوەی كورد رۆڵێكی چالاكانەی لە پرۆسەی پێكەێنانی حكومەتی داەاتووی عێراق پێ بدرێت، بەڵام بەو وەزعەی ئێستا لە نیوان لایەنە سیاسییەكانی كوردستان دەیبینین، ناتوانین گەشبین بین بەوەی كورد لە پرۆسەی دانوستاندنی داەاتووی پێكەێنانی حكومەت كاراكتەرێكی كارای ناو پرۆسەكە دەبێت.
* بەڵام ئاشكرایە كە لایەنە شیعییەكان ئەوەیان نەشاردۆتەوە كە لەسەر بنەمای كەمینە و زۆرینە حكومەتی داەاتووی عێراق پێكدەهێنرێت، ئایا لەم حاڵەتەدا كورد هیچی پێدەكرێت؟
- ئەم پڕۆژەی كەمینە و زۆرینەیە، پڕۆژەی لیستی دەوڵەتی یاسایە بە سەرۆكایەتیی نوری مالیكی، بۆیە مەرج نییە هەموو لایەنە سیاسییەكان لەسەر ئەمە رێكبكەون، ئەمەش لەبەر ئەوەیە عێراق دەوڵەتێكی فرەنەتەوە و ئایینە و پێكەاتەی جیاوازە، ئەگەر ئەم پڕۆژەیە جێبەجێ بكرێت، ئەوا پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا سەقامگیری بە خۆیەوە نابینێت، ئاكامی كەمینە و زۆرینە حكومەتێكی شیعەی لێ بەرهەمدێت، ئەمەش لە بارودۆخی ئێستای عێراقدا دەبێتە هۆكاری ئەوەی كێشەی ناسەقامگیری سیاسی و ئەمنیش بۆ عێراق دروست بكات. لەسەر ئەم بنەمایە لەوانەیە لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتییش پشتگیری لە پرۆسەی كەمینە و زۆرینە نەكرێت، چونكە ئەوانیش نایانەوێت ناسەقامگیری سیاسی و ئەمنی لە عێراقدا دروست ببێتەوە، ئەوجا ئەگەر لێرەوە بێینەوە سەر رۆڵی كورد، ئەوا منیش گومانم لەوەدا نییە كورد لە هەڵبژاردنی ئەمجارەدا چەندین كورسی لە ناوچەكانی كەركووك و دەشتی نەینەوا لەدەست دەدات، ئەمەش لەبەر ئەوەی هێزی پێشمەرگە و دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان لەو ناوچانە بوونیان نییە، ئێستا هێزەكانی حەشدی شەعبی لەو ناوچانەن و ئەو زەمینەیە نەماوە كە خەڵك بتوانێت بە ئازادی دەنگ بدات، یان هەڵبژاردنێكی پاك ئەنجام بدرێت. بۆیە ئێمە ناتوانین بۆ داكۆكیكردن لە مافەكانمان بە ژمارەی كورسییەكانمان ئەو كارە بكەین، بەڵكو وەك پێشتریش ئاماژەم پێكرد، دەبێت نوێنەرانی كورد وەك پێكەاتەیەكی سەرەكی لە عێراقدا بەشداری پرۆسەی پێكەێنانی حكومەتی داەاتوو بكەن، بۆ ئەمەش دەبێت ستراتیژیەتێكی سیاسییان هەبێت و جۆرێك لە هاوپەیمانی لەگەڵ هێزە عێراقییەكان دروست بكرێت بۆ ئەوەی زەمینەی ئەوە دروست نەبێت كە زۆرینە و كەمینە پێڕەو بكرێت، ئەمەش لەبەر ئەوەی بە زۆرینە و كەمینە، مەزهەبێك دەبێتە زۆرینە، نەك هاوپەیمانێكی سیاسی، زۆرینەی مەزهەبییش گۆڕانكاری بەسەردا نایەت، هەروەك چۆن لە دوای ساڵی 2005 هوە هەتا حكومەتی عێراق بەدەستی تەنیا یەك حزب و شیعەوەیە كە ئەویش حزبی دەعوایە. هەربۆیە لە كاتیكدا ئێمە نابێت لەسەر بنەمای ژمارەی كورسییەكان لەناو پرۆسەی سیاسیی عێراقدا كاربكەین، بەڵام لەلایەكی دیكە و لەگەڵ ئەوەشی مەزندەی ئەوە دەكەین بە هۆی كارەساتی 16ی ئۆكتۆبەرەوە چەند كورسییەكیش كەم بكەینەوە، بەڵام دیسان ژمارەی كورسی گرنگە بۆ ئەوەی بتوانین هاوپەیمانی بكەین و رێگری لەو پرۆسە و بڕیارانە بكەین كە دژی بەرژەوەندییەكانی هەرێمی كوردستانن.
* باسی دەرەاویشتە خراپەكانی كارەساتی 16ی ئۆكتۆبەرت كرد، ئایا پێویستە چ وانەیەك لەو كارەساتە فێربین؟ چۆن بتوانین زەمینەیەكی ئەوتۆ دروست بكەین كە جارێكی دیكە كارەساتی وا دووبارە نەبێتەوە؟
- كارەساتی 16ی ئۆكتۆبەر، یان لیكترازانی ماڵی كورد پەتایەكی مێژوویی ناو بزاڤی رزگاریخوازی كوردستانە، بە درێژایی سەدەی بیستەم لاوازیی كورد ئەو خاڵە بووە كە دوژمن توانیویەتی ریزەكانی كورد پارچەپارچە بكات، ئەم پەتایە تا ئێستاش بوونی ماوە و بەردەوامە، بۆیە دەبێت بە كردەیی باز بەسەر ئەم دیاردەیەدا بدەین و دەبێت بیر لەوە بكەینەوە چۆن چارەسەری ئەم كێشەیە بكەین، ئێستا درز و كەلێنێكی گەورە كەوتووەتە نێوان حزبەكانی كوردستانەوە، لەدوای كارەساتی 16ی ئۆكتۆبەرەوە ئامانج ئەوە بوو قەوارەی هەرێمی كوردستان لەبەریەك هەڵبوەشێننەوە، گوتاری سیاسیی هەندێك لە حزبە سیاسییەكانی كوردستانیش هاندەر بوو بۆ بەغدا و بۆ دەوربەریش بۆ ئەوەی ئەم قەوارەیە نەمێنێت، بەڵام سوپاس بۆ خوا هەرێمی كوردستان وەك قەوارەیەكی دەستووری ماوەتەوە و دەوڵەتانی ئەوروپا و ئەمریكا پشتگیرییان كردووە، پشت بەخوا هەر دەمێنێت و بەرەو باشتریش دەچین، بۆیە ئێستا كاتی ئەوە نییە خۆمان بە ئەنجامدەرانی كارەساتی 16ی ئۆكتۆبەرەوە خەریك بكەین، ئەمە با بمێنێتەوە بۆ مێژوو و توێژەر و پسپۆڕان دیراسەتی لەسەر بكەن و حكومی لەسەر بدەن، ئێستا یەكێتی نیشتمانی كوردستان وەك حزبێكی سەرەكی لە كوردستاندا بەو هۆیەوە دوچاری كێشەیەكی گەورە بووە، كێشەكانی ناو یەكێتی رەنگدانەوەی نەرێنی لەسەر بارودۆخی سیاسیی كوردستانیش دەبێت، لەلایەكی دیكەش بە حوكمی ئەوەی یەكێتی و پارتی پێكەوە ئێستا كوردستان بەڕێوەدەبەن، دەبێت پەیوەندییەكانیان زیاتر بەرەو پێشەوە بچێت و پێكەوە چارەسەری كێشەكان بكەن، لەم حاڵەتەدا دەبێت 16ی ئۆكتۆبەر وەك مێژوو سەیر بكرێت، بەڵام دەبێت پارتی و یەكێتی پێكەوە چارەسەری دەرەاویشتە خراپەكانی بكەن، بۆ ئەمەش دەبێت هاریكاری یەكێتی نیشتمانی بكرێت بۆ ئەوەی بتوانێت وەك هێزێكی سیاسیی سەرەكی چارەسەری كێشە ناوخۆییەكانی خۆی بكات و بەرەو كۆنگرە بچێت، سەركردایەتییەكی تازە هەڵبژێرن، هەروەها دەبێت لۆژیكانە واقیعی سیاسیی ئێستای كوردستان بخوێندرێتەوە و ئەوە لەبەر چاو بگرین كە دەستی خەڵكی تر لەناو ئەو واقیعەدا هەیە، هەر بۆیە ئێستا كاتی ئەوەیە بیر لە هەستانەوەی دوای 16ی ئۆكتۆبەر بكرێت، تێپەڕاندنی ئەم قۆناخەو هەستانەوە لەدوای كارەساتی 16ی ئۆكتۆبەر هەر بە نزیكبوونەوەی زیاتری پارتی و یەكێتی دێتەدی.
* حزبەكانی نەیاری سەربەخۆیی، ئۆباڵی هەموو ئەم كارەساتە دەگێڕنەوە بۆ ئەوەی كوردستان ریفراندۆمی ئەنجامداوە، ئایا ئەنجامدانی ریفراندۆم هێندە كارێكی ترسناكە هەتا لەسەری سزا بدرێت؟
- ریفراندۆم وەك دروستكردنی بەهانەیەك بۆ هێرشكردنە سەر كوردستان پەیوەندی بە رووداوەكانەوە هەیە، ئەگەرنا ریفراندۆم بۆ زۆر پرس دەكرێت، لەوانەیە دەرچوونی یاسایەك پێویستی بەوە بێت ریفراندۆم ئەنجام بدەیت، ئێمە پێش ئەوەی ریفراندۆم ئەنجام بدەین، بڵاومان كردۆتەوە كە زیاتر لە 50 ماددەی دەستووری لەلایەن حكومەتی عێراقەوە لە دژی هەرێمی كوردستان پێشێل كراوە، لەم حاڵەتەشدا كە حكومەتی عێراق دەستوورەكە وەلا دەنێت، ئەوا خەڵكی كوردستان مافی خۆیانە بڕیار بدەن، هەر بۆیە ریفراندۆم بڕیارێكی هەڵە نەبووە و حكومەتی عێراقیش دەبێت تەفەهومی ئەو واقیعە بكات كە خەڵكی كوردستان مافی ئەنجامدانی ریفراندۆمی هەیە، لەلایەنێكی دیكە ئێمە هەر لەسەردەمی شیخ مەحموودی حەفیدەوە لەسەر مافەكانی خۆمان دانوستاندنمان لەگەڵ بەریتانیا و حكومەتە یەك لە دوا یەكەكانی عێراق كردووە، ئەنجامدانی ریفراندۆمیش بۆ ئەوە بووە، كاتێك دەستوور جێبەجێ نەكرێت، ئێمە لەگەڵ عێراق دانوستاندن بكەین و پەیوەندیەكانی داەاتوومان بە ئاشتییانە دیاری بكەین، لەم چوارچێوەیەدا ئەگەر باس لە ئاكامی دانوستاندنەكان بكەین، دەبوو لەناو بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردستاندا هیچ شۆڕشێك بوونی نەبوایە، لەبەر ئەوەی هەموو شۆڕشەكان دوچاری شكست بوون، پرسیار لێرەدا ئەوەیە ئایا دەكرێت بڵێین ئێمە نەدەبوو شۆڕش بكەین، لەبەر ئەوەی دوچاری شكست بووین؟ ئەمە جۆرێكە لە سەركۆنەكردنی خود (تأنیب الژات) ئەمە كارێكی خراپە و متمانە بە خۆ لاواز دەكات، ئەوەی ئێستا باسی دەكەین جێبەجێكردنی دەستوورە كە ئەوسا و ئێستاش عێراق ئامادە نەبووە و نییە جێبەجێی بكات، لە عێراقدا هێزی سیاسی وا هەیە، داوای هەمواركردنەوەی دەستوور دەكات، بە بیانووی ئەوەی دەسەڵاتەكانی هەرێمی كوردستان زۆرن و دەبێت كەم بكرێنەوە، كێشەی ئێمە لەگەڵ عێراقدا، كێشەیە لەگەڵ ئەو ئەقڵییەتەی كە حوكمڕانی دەكات، ئەو ئەقڵییەتە بڕوای بە مافی بەرامبەر نییە، بڕوای بەو مافانە نییە كە لە دەستوورەكەدا چەسپێندراون، باشە لە حاڵەتی لەمجۆرە و لەمامەڵەكردن لەگەڵ ئەقڵییەتی ئاوادا، نابێت كورد كارتێكی گوشاری لەبەر دەستدا بێت، بۆ ئەوەی بڵێت ئەگەر تۆ دەستوورەكە جێبەجێ ناكەیت، ئەمە بڕیاری میللەتی ئێمەیە، ئێستا كورد لەسەر ئەم بارودۆخە بێدەنگ نابێت، یان دەبێت بارودۆخەكە بەرەو باشتر بچێت و كێشەكان بە ئاشتییانە چارەسەر بكرێت، یان دەبێت بیر لە رێگەچارەی شەڕ بكرێتەوە، هەربۆیە ئەو كاتیش كە بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆممان دا، عێراق ئامادە نەبوو دەستوورەكە جێبەجێ بكات، ئێمەش رێگەچارەی ئاشتییانە و دیموكراتییانەمان هەڵبژارد، بەڵام ئەو ئەقڵییەتەی لە بەغدا حاكمە ئەوەشی رەتكردەوە. سەبارەت بەو حزبانەشی كە ئێستا هۆكاری ئەم بارودۆخە بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم دەگێڕنەوە، خۆیان بەپێی خۆیان چوونە سەر سندوقەكانی دەنگدان و پەنجەی خۆیان بەرزدەكردەوە و شانازییان دەكرد كە دەنگیان بۆ سەربەخۆیی داوە، بەڵام ئێستا دێن داوای ئەوە دەكەن كە دەبێت ئەم حكومەت هەڵبوەشێتەوە، لەكاتیكدا ئەم حكومەتە بە هەڵبژاردن هاتووە و هەر دەبێت بە هەڵبژاردنیش بگۆڕدرێت، یان دەڵێن ئەوەندە ساڵەیە پارتی و یەكێتی حوكمڕانی دەكەن، باشە لە عێراقدا لەدوای ساڵی 2005 تا ئێستا كە دەكاتە 15 ساڵ تەنیا یەك حزب كە ئەویش حزبی دەعوایە حوكمڕانی دەكات و رەنگە 10-15 ساڵی دیكەش هەر ئەو حزبە حوكمڕانی بكات، باشە بۆچی ئەمە بۆ بەغدا رەوایە و بۆ كوردستان ناڕەوایە؟ یان ئەم حزبانە دێن خۆپیشاندانی فەرمانبەران تەوزیفی سیاسی دەكەن و دەیكەنە هۆكارێك بۆ كۆكردنەوەی دەنگ، ئێمە هەموومان هاوسۆزین لەگەڵ فەرمانبەران و دەبێت حكومەت كێشەی مووچەی فەرمابنەران چارەسەر بكات، بەڵام رەوا نییە ئەمە بەكاربەێنن بۆ ئەوەی میللەت متمانەی بەخۆی نەمێنێت، یان چوون داوایان لە عەبادی كردووە كە ئەم هەرێمە نەمێنێت، لەكاتیكدا قەوارەی سیاسیی هەرێمی كوردستان دەستكەوتێكی مێژووییە بۆ كورد لە هەر چوارپارچە، بۆیە ئەو حزبانەی بەو جۆرە بیر دەكەنەوە، ئەو ئەقڵییەتە سیاسییە نین كە بتوانن دەستكەوتەكان بپارێزن.
* ئەگەر هێزی پێشمەرگە لە كەركووك بە هاوشێوەی پردێ و سحێلا و مەحمودیە بەرگری بكردایە، ئایا بەغدا وەك ئێستا بەهێز دەبوو كە مەرجەكانی خۆی بەسەر كوردستاندا فەرز بكات؟
- بەداخەوە كارەساتی 16ی ئۆكتۆبەر روویدا، بەڵام بە قەناعەتی من ئەگەر بە هاوشێوەی پردێ و محمودیە و سحێلا مقاوەمەت بكرایە، نە ئێمە ئەوەندە لاواز دەبووین كە بەغدا مەرجمان بەسەردا فەرز بكات، نە بەغدا ئەوەندە بەهێز دەبوو بتوانیت كاری وا بەرانبەر هەرێمی كوردستان ئەنجام بدات. لەبەر ئەوەی بەپێی دەستوور بەغدا ئەو مافەی نەبوو كە هێزی سەربازی بەكار بەێنێت دژی كوردستان و تیكەڵاوی پرسە سیاسییەكانی بكات، بەڵام ئێستا بەغدا وەك لایەنی سەركەوتوو مامەڵە لەگەڵ كوردستان دەكات، ئەوجا لەبەر ئەوەی هەتا ئێستا نەمانتوانیوە ئەو درز و كەلێنە پڕیبكەینەوە كە لە ئاكامی 16ی ئۆكتۆبەر دروست بووە، ئەوا لەبەردەم بەغدا هەر بە لاوازی دەردەكەوین.
* دیارە پرۆسەی سیاسی لە كوردستان دوچاری پەرتەوازەیی و جۆرێك لە پاشاگەردانی بووە، پێنج حزبەكە كە بە پێنج قۆڵی، كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێمی كوردستانیان پێكەێنابوو، ئێستاكە سێیان (كۆمەڵ و یەكگرتوو و گۆڕان) لە حكومەت كشاونەتەوە، یەكێتیی نیشتمانییش وەك حزب خاوەنی هەڵوێستێكی یەكگرتوو نییە و ئەركی سەرەكیی پرۆسەی حوكمڕانی كەوتۆتە سەرشانی پارتی، ئایا لەم قۆناخەدا پێویستە چ میكانیزمێك بگرێنەبەر بۆ ئەوەی بتوانین پارێزگاری لە ئەزموون و قەوارەی سیاسیی هەرێمی كوردستان بكەین؟
- حزبەكان هەر یەكەیان هەڵوێستێكی جیاوازیان هەیە و ناكرێت بە یەك پێوانە مامەڵە لەگەڵ هەموویان بكرێت، كێشەی بزووتنەوەی گۆڕان لەگەڵ حكومەت، جیاوازە لە كێشەی كۆمەڵ و یەكگرتوو لەگەڵ حكومەت، ئەم دوو حزبە هەتا ئەم دواییەش لەناو حكومەت بوون و وەزیرەكانیان دەوامی دەكرد، یەكێتیی نیشتمانی لەگەڵ پارتی حزبی حاكمە و جێگری سەرۆك وەزیرانەكەی و وەزیرەكانی لە ناو حكومەت كاری خۆیان دەكەن، بۆیە ئەو قسانەی ئێستا دەیكەن بۆ پڕوپاگەندەی هەڵبژاردنە، هەموو حزبەكانیش دەزانن دەسەڵاتی ئەم حكومەتە چەندە، ئێستا حكومەت دوچاری قەیرانێك بووەو لەم قەیرانەدا دەبێت هاوكاریی حكومەت بكرێت، راستە ئێمە هەموومان قسەمان لەسەر ئەدای حكومەت هەیە و حكومەتیش نەیشاردۆتەوە خۆیشی لە ئەدای خۆی رازی نییە، بۆیە پڕۆژەی چاكسازی راگەیاندووە، هەروەها پارتی و یەكێتی بە تەنیا لە حكومەت نەبوون، حزبەكانی دیكەشیان لەگەڵدا بووە، بۆیە بە هیچ جۆرێك نابێت كە لە حكومەت كشانەوە، خۆیان لە هەموو كەموكورتییەكانی حكومەت دابماڵن و پاكانە بۆ خۆیان بكەن كە ئەوان تێیدا بەشدار نەبوون، نەخێر ئەمانە هەمووی بۆ پڕوپاگەندەی هەڵبژاردنن. سەبارەت بەوەی چی بكرێت بۆ ئەوەی ئەو قۆناخە تێپەڕێندرێت، دیارە ئێستا پارتی و یەكێتی پێكەوە حكومەت بەڕێوە دەبەن، ئەم حكومەتە شەرعییەتی هەیە، پەرلەمان شەرعییەتی هەیە، دیارە رۆڵی پارتی وەك حزبی سەرەكی و یەكەم لە كوردستان لە رۆڵی حزبەكانی دیكە گەورەترە، بۆیە دەبێت پارتی پێداگیری ئەوە لە حكومەت بكات كە رۆژێك بۆ هەڵبژاردنەكانی كوردستان دیاری بكرێت، هەروەها دەبێت ئەوە رەچاو بكرێت كە لە ئێستادا حزبەكانی كوردستان هەموویان بە مەزندەی خۆیان بەنیازن لە هەڵبژاردنەكانی داەاتوودا دەنگی زیاتر بەێنن، بۆیە ئەم بارودۆخە دەرفەتی ئەوەی نەهێشتۆتەوە كە پڕۆژەیەكی ئاشتەوایی و سیاسی لەنێوان حزبەكاندا سەركەوتن بەدەست بەێنێت، بۆیە باشترین رێگەچارە ئەوەیە رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەستنیشان بكرێت، دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردن نەخشەیەكی تازە بۆ پرۆسەی سیاسیی كوردستان دروست دەبێت، حزبەكانیش دەگەنە ئەو قەناعەتەی كە بۆ پێكەێنانی حكومەتی داەاتوو دەبێت لەدەوری یەك مێز كۆببنەوە، بۆیە گرنگە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەهیچ جۆرێك دوانەخرێت، ئەمەش لەبەرژەوەندی سەقامگیریی كوردستاندایە.
* پێشتر بەشێك لە حزبە سیاسییەكان هەموو كێشەكانی هەرێمی كوردستانیان لە پۆستی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و شەخسی بارزانی چڕكردبووەوە، وەك ئاگادارن لە 1ی 11ی 2017 بارزانی دەسەڵاتەكانی خۆی بەسەر هەر سێ دامەزراوەی حكومەت و پەرلەمان و دەسەڵاتی دادوەریدا دابەشكرد، بەڵام لەو كاتەوەی بارزانی ئەو بڕیارەی داوە، پرۆسەی سیاسیی كوردستان بۆتە پاشاگەردانی، ئایا تاچەند بوونی سەرۆك بارزانی بۆ پرۆسەی سیاسیی كوردستان گرنگ بوو؟
- بە بڕوای من ئەگەر كێشەكانی وڵات بخرێتە ئەستۆی یەك كەس ئەوە كورتبینییە، لەدوای ئەوەی كاك مسعود بارزانی لە پۆستەكەی نەماوە، بارودۆخی سیاسیی كوردستان خراپتر بووە، باشتر نەبووە و جۆرێك لە پاشاگەردانیی سیاسی دروستبووە، واتە نەبوونی كاریزمایەك و رەمزێكی وەك كاك مسعود بارزانی بۆشاییەكی گەورەی دروست كردووە و بە غەیری ئەو بە كەسی دیكە پڕناكرێتەوە، من قەناعەتم بەو جۆرەیە، بەڕێز كاك مسعود بارزانی كە ئێستا سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستانە رەمز و كاریزمای خۆی هەیە و دەتوانێت بە هاوشێوەی ئەو كاتەی كە لە پۆستی سەرۆكی هەرێم بووە، رۆڵێكی گەورە و كاریگەر لە پرۆسەی سیاسیی كوردستاندا بگێڕێت، پێگە و شكۆی كاك مسعود بارزانی لە كوردستاندا بەهۆی كورسییەكەی سەرۆكایەتی هەرێم نەبووە، بەڵكو پێگە و شكۆی ئەو رەمز و كارێزما و مێژووی خەباتی خۆی و بنەماڵەكەی بووە، ئەمانەش ئێستا هەموویان ماون و لە جێگەی خۆیاندان، بۆیە ئێستاش دەتوانێت لەسەر ئاستی كوردستان و عێراق رۆڵی كاریگەر و یەكلاكەرەوە بگێڕێت. ئەوانەی دەیانگوت ئەگەر كاك مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێم نەبێت، ئێمە هیچ كێشەیەكمان نامێنێت، بەڵام ئێستا پاشاگەردانییەكی ئەوتۆ دروست بووە كە بارودۆخەكەی زیاتر دژوارتر كردووە و چارەسەركردنیشی ئاڵۆزتر كردووە، ئێمە وەك كورد پێویستمان بەوەیە رێز لە كاریزما و رەمزی كاك مسعود بارزانی بگرین، لە ئێستادا كە ئەو هەموو هەڕەشە و تەحەددییانەی رووبەڕووی كوردستان بوونەتەوە، ئەگەر كاریزمایەكی وەك كاك مسعود بارزانی نەبێت و ئەو میللەتە كۆنەكاتەوە، ئەو كۆمەڵگە و نەتەوەیە سەری لێ تێك دەچێت و نامێنێت، هەر بۆیە هەندێك حزبی سیاسی هەڵەی گەورەی سیاسییان كرد كە لە هۆیەكانی راگەیاندن و لە گوتاری سیاسییاندا وایانكردو خەڵكی كوردستان متمانەی بە سیستمی سیاسیی كوردستان نەمێێنت. ئێستا بارودۆخێك هاتۆتەپێشەوەو بەهۆی كشانەوەی كاك مسعود بارزانی لە پۆستی سەرۆكی هەرێم بۆشاییەكی گەورە دروست بووە، ئەم بۆشایەش تەنیا بە شەخسی ئەو پڕدەكرێتەوە، بۆیە پێویستە حزبە سیاسییەكانی كوردستان رۆڵی كاك مسعود كارا بكەنەوە، بۆ ئەوەی بتوانێت پرۆسەی سیاسی لە كوردستان راست بكاتەوە.
* هەر لەماوەی 5-6 مانگی رابردوودا، حزبە سیاسییەكانی كوردستان نەیانتوانیوە بۆ یەكجاریش لە دەوری یەك مێز كۆببنەوە و پلان و تەگبیرێك بۆ ئەم بارودۆخەی كوردستان دابڕێژنەوە، ئایا لە بارودۆخێكی لەم جۆرەدا دەبێت چی بكرێت بۆ ئەوەی هەموو حزبەكانی كوردستان هەست بە بەرپرسیاریەتیی ئەم قۆناخە بكەن؟
- دەبێت حزبە سیاسییەكان خۆیان چارەسەرێك بۆ ئەم بارودۆخە بدۆزنەوە، ئێمە وەك سیاسەتمەدار، یان رۆشنبیر دەتوانین بڵێین ئەوە رای ئێمەیە، بەڵام ئەركی سەرەكی لەسەر شانی حزبەكان خۆیانە، بە بۆچوونی من دەبوو هەڵبژاردنی كوردستان پێش هەڵبژاردنەكانی عێراق ئەنجام بدرایە، ئێستاش كە كەوتۆتە دوای ئەو هەڵبژاردنانە، دەبێت پێش هەموو شت رۆژێك بۆ هەڵبژاردنەكانی كوردستان دیاری بكەن، بۆ ئەوەی ئەقڵی تازە بێتە پێشەوەو دوای هەڵبژاردنەكان دانوستاندن دەست پێبكەن، بۆ ئەوەی حكومەتێكی نوێ پێكبەێنن، خاڵێكی دیكە، گرنگە حزبەكان هەست بە هەستیاریی ئەم قۆناخە بكەن و بەرپرسیارانە رەفتار بكەن و هەڵوێستی حزبەكان نەبێتە كۆسپ لەناو پرۆسەی سیاسی و سەرەنجامیش مەترسی لەسەر قەوارەی هەرێمی كوردستان دروست ببێت.
* هەر لەئێستاوە حزبە سیاسییەكان دەستیان كردووە بە هەڵمەتی هەڵبژاردن، وەك لە یەك دوو هەفتەی رابردوو بینیمان، كاندیدی حزبەكان خۆیان خزاندە ناو خۆپیشاندانی مامۆستایان و فەرمانبەران لە دەۆك و خەریك بوون داوا و خواستی رەوای مامۆستایان بەلاڕێدا بەرن و پرسی مووچەی فەرمانبەران بكەنە پرسێكی سیاسی و سەقامگیری دەڤەرەكە بشێونن، ئایا دەبێت تێڕوانینی حزبایەتی ئەوەندە تەسك بێت كە بە هیچ شێوەیەك بەرژەوەندیی باڵای نیشتمانی لەبەر چاو نەگیرێت؟
- بە مەزندەی من، هەر لایەنێكی ئۆپۆزسیون هەوڵدەدات سوود لە هەڵەكانی حكومەت وەربگرێت و تەوزیفی بكات بۆ پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن، ئەمە لە دیموكراسیدا هەیە و ئەگەر ئەمەش نەبێت دەستاودەستكردنی دەسەڵات روونادات، بەڵام كاتێك ئێمە لە قۆناخێكی سیاسیی خراپ و قەیرانێكی دارایی قورسدا بین كە حكومەتی هەرێم لێی بەرپرس نییە، حزبەكانیش ئەو بارودۆخە بقۆزنەوە بۆ ئەوەی ئاشتەوایی نیشتمانی لە كوردستان تێك بدەن، ئەمە كارێكی راست و رەوا نییە. من لەو قەناعەتەم ئەگەر حكومەت پارەی هەبێت، دەیدات بە خەڵكی خۆی، حكومەتێك لە جیەاندا نییە هەوڵبدات خەڵكی خۆی برسی بكات، حزبەكانیش ئەمە باش دەزانن، هەر بۆیە ئەو حزبانەی ئەم بارودۆخەیان ئیستغلال كردووە، وایكردووە كە ئێمە بەرەو بارودۆخێك دەچین كە سلێمانی وەك دەوڵەتێك وابێت و هەولێر دەوڵەتێكی دیكە بێت، وای لێەاتووە دەۆك تاوانبار دەكەن بەوەی بۆچی بێدەنگە؟ بەڵام دەپرسین پرۆسەی پەروەردە لە سلێمانی وەستاوە، كێ زەرەرمەندی سەرەكییە؟ بێگومان زەرەرمەندی سەرەكی قوتابییە كە ئایندەی ئەم وڵاتەیە، نەخۆشخانەكان دادەخرێن، كێ زەرەر دەكات؟ بێگومان هەر خەڵكی كوردستان، لێرەدا دووپاتی دەكەینەوە كە هاوسۆزین لەگەڵ مووچەخۆرانی كوردستان و ئەركی حكومەتی هەرێمە بە هەر رێگەیەك بێت ئەم كێشەیە چارەسەر بكات، بەڵام ئەمە قەت مانای ئەوە نییە، هێزە سیاسییەكان ئەمە بەكاربەێنن بۆ رووخاندنی قەوارەی سیاسیی هەرێمی كوردستان.
* ئێستا لە دەڤەری سلێمانی چەندین قەوارەی تازەی سیاسی دروست بوون، وەك هاوپەیمانیی دادپەروەری بەرهەم ساڵح و قەوارەی نەوەی نوێی شاسوار عەبدولواحید، ئاشكرایە بەرهەم ساڵح لە یەكێتی جیا بۆتەوە، شاسواریش پێشتر لایەنگری گۆڕان بووە، ئێستاش دوای دروستبوونی ئەم دوو قەوارەیە، هەم بزووتنەوەی گۆڕان لە كەمكردنەوەی دەنگەكانی خۆی دەترسێت و هەمیش یەكێتی نیشتمانی، ئایا تاچەند مەترسیی ئەوە هەیە، پێكدادان لە ناوچەكانی سلێمانی رووبدات؟
- من هیوا دەخوازم پێكدادان روونەدات و ئومێدم ئەوەیە گەرموگوڕیی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردن لە چوارچێوەیەكی مەدەنی بەڕێوە بچن و نەبێتە هۆكاری تێكدانی بارودۆخی سلێمانی، لەبەر ئەوەی تێكچوونی بارودۆخی سلێمانی واتە تێكچوونی بارودۆخی كوردستان، هەروەها دیاردەیەكی ئاساییشە لە دیموكراتیدا كە كەسێك لە حزبێكی سیاسی جیا ببێتەوە و حزبێكی دیكە دروست بكات و لە چوارچێوەیەكی مەدەنیدا دیالۆگ بكەن، بۆیە ئەم دیاردانە ئاسایین و هیواداریشم لە شێوەیەكی مەدەنییانە بەڕێوە بچن، سەبارەت بە جیابوونەوەی د.بەرەهمیش لە یەكێتی، دیارە پێشتریش بزووتنەوەی گۆڕان لە یەكێتی جیابووەوە و بووە هێزێكی گەورە، بەڵام حاكمی سلێمانی هەر یەكێتی نیشتمانی كوردستان بووە، بێگومان ئەم قەوارە تازانەش دەنگ دەهێنن، بەڵام هەر یەكەیان بە هێندەی قەوارەی خۆی.
* حزبە ئیسلامییەكان كە پێشتر باسی ئەوەیان دەكرد بەرەیەكی ئیسلامی پێكدەهێنن بۆ هەڵبژاردنەكان، ئێستا ئەوانیش پەرتەوازە بوون، تەنانەت گوتاری كۆمەڵ بەرامبەر یەكگرتوو و بە پێچەوانەشەوە جۆرێك لە گرژی تێكەوتووە، هەروەها كۆمەڵی ئیسلامی خۆی لەگەڵ بەرهەم و گۆڕان یەكلایی كردۆتەوە، ئایا تاچەند ئەم هەڵوێستەی كۆمەڵی ئیسلامی زیانی لەبەرەی ئیسلامییەكان داوە؟
- پێشتریش قەناعەتی من لەسەر دروستكردنی بەرەیەكی ئیسلامی بەوجۆرە بووە، كە ئەم هێزە ئیسلامییانە بەگشتی و كۆمەڵ و یەكگرتوو بەتایبەتی، ناتوانن یەك لیست دروست بكەن، یان بەرەیەك دروست بكەین، هۆكارەكەشی ئەوەیە، كۆمەڵی ئیسلامی هەتا ئێستا وەك ئۆپۆزیسیۆن خۆی پیشانداوە و گوتارەكەی زیاتر لە بزووتنەوەی گۆڕان نزیك بووە، كۆمەڵ پێیوایە ئەم گوتارە رەسیدی سیاسیی زیاد دەكات و لە هەڵبژاردنەكاندا دەنگی زیاتر بەدەست دەهێنێت، ئێستا كۆمەڵ بە مەزندەی خۆی دەیەوێت ببێتە یەكەم حزبی ئیسلامی لە كوردستاندا، بۆیە لەگەڵ ئەوەی لە سیاسەتدا مەحاڵ نییە، بەڵام قەناعەتم وایە كۆمەڵ و یەكگرتوو ناتوانن یەك لیست دروست بكەن، بەڵام دەكرێت یەكگرتوو و بزووتنەوەی ئیسلامی لیستێك دروست بكەن، بەمەش دەیانەوێت كۆمەڵی ئیسلامی ئیحراج بكەن بەو مانایەی ئەوان وەك دوولایەنی ئیسلامی توانیویانە لیستێك دروست بكەن، بۆ ئەوەی بەرگری لە دەنگەكانی خۆیان بكەن، بەڵام نە لەپێش هەڵبژاردن و نە لەدوای هەڵبژاردنیش بەرەیەكی ئیسلامی لەنێوان یەكگرتوو و كۆمەڵ لە كوردستاندا دروست نابێت.