لینۆری مارتین پسپۆڕی كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ گوڵان: پێشبینی دەكرێت سعودیە هەوڵی بەرەنگاربوونەوەی ئەو جمو جووڵانەی ئێران بدات كەپێی وایە هەنگاوی هەژمونگەران

لینۆری مارتین  پسپۆڕی كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ گوڵان:  پێشبینی دەكرێت سعودیە هەوڵی بەرەنگاربوونەوەی ئەو جمو جووڵانەی ئێران بدات كەپێی وایە هەنگاوی هەژمونگەران
لینۆری مارتین پڕۆفیسۆر و سەرۆكی بەشی زانستی سیاسی و دیراساتی نێودەوڵەتییە لە كۆلێژی ئیمانویڵ، توێژەرە لە هەردوو سەنتەری كاروبارەی نێودەوڵەتیی و سەنتەری دیراساتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە زانكۆی هارڤارد. بۆ تاوتوێكردنی رەوشی ئێستای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پەرەسەندنەكانی ئەم ناوچەیە و ئاكام و رەنگدانەوەكانی گۆڕانكارییەكانی ئیدارەی ئەمریكا لەسەر جیهان بەگشتی و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتی و چەند پرسێكی دیكەی پەیوەندیدار، گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵدا ئەنجامدا و ئەویش بەم شێوەیەی خوارەوە وەڵامی پرسیارەكانی دایەوە.
* چۆن لە بارودۆخی ئێستای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەڕوانیت و ئایا لە روانگەی خۆتانەوە بۆچی ناسەقامگیری و نائارامی بەم چەشنەی ئێستا باڵادەستە بەسەر ئەم ناوچە ستراتیژیەتەدا و ئایا بەربەستەكانی بەردەم بەدیهێنانی سەقامگیری لەم رووەوە چین؟
- لە راستیدا كاتێك شرۆڤەكاری بۆ ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكەین، ئەوا دەبێت لە سێ ئاست بڕوانین كە كارلێكیان هەیە لەگەڵ یەكتردا، یەكەم سیستمی نێودەوڵەتی، دووەم: داینامیكیەتی ناوچەیی و سێیەمیان: سەركردەكان و ئیعتیباراتی پەیوەست بە سیاسەتی ناوخۆییەوە. لەگەڵ لەبەریەك هەڵوەشانەوەی یەكێتی سۆڤیەتدا، ئەمریكا بووە كاراكتەرە نێودەوڵەتییە باڵادەستەكە، ئەمەش بواری پێدا بۆ ئەوەی بە راددەیەكی گەورە چالاك بێت- هەندێ كەس دەڵێن تا ئاست دوژمنكاری- لە چەند شوێنێكی گرنگی وەك ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. بەڵام لە سایەی سەرۆكایەتی باراك ئۆباما و سەرۆكی ئێستای ئەمریكا (دۆناڵد ترەمپ) خواستێكی كەمتر هەیە بۆ بڵاوەپێكردن و جێگیركردنی هێزی سەربازی ئەمریكا لەم ناوچەیەدا. ئەمەش بوار و پانتایی زیاتری بۆ كاراكتەرە نێودەوڵەتییەكانی دیكەی وەك رووسیا رەخساندووە- بەتایبەتی كاراكتەرە ئیقلیمییەكان- بۆ ئەوەی سیاسەتێكی سەربەخۆ بگرنەبەر و بە شێوەیەكی سەربەخۆ هەڵسوكەوت بكەن. عەرەبستانی سعودیە، ئیمارات و ئێران و توركیا و قەتەر چەند نموونەیەكی باشن لەم بارەیەوە. هەروەها ئێمە چەند سەركردەیەكی گەنجمان بینیوە كە سوود لە دووبارە داڕشتنەوەی هاوسەنگیی هێز لە ناوچەكەدا وەردەگرن. ئەمە زۆر بە روونی لە عەرەبستانی سعودیەدا بەدی دەكەین، كە تێیدا شازادەی جێنشین تەحەددی سەركردایەتی تەقلیدی دەكات لە پەیوەندی بە پرسە كۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوورییەكانەوە. لە كۆتاییدا، ئێمە پەرەسەندنی تایفەگەریمان بینی لەم ناوچەیەدا كە دەبینین كاریگەری هەیە لەسەر ئەگەرەكانی دروستبوونی هاوپەیمانێتی و ئاڵۆزتركردنی جیاوازییەكان و دروستكردنی لێكترازان لە نێو كۆمەڵگەكاندا. هەروەها گرنگە ئەوەمان لە یاد بێت كە دیموكراسیەتی لیبڕاڵی باشتر مامەڵە لەگەڵ بەشە جیاوازەكانی كۆمەڵگەدا دەكات بە چەشنێك كە تێیدا گۆڕانكاری لەسەرخۆ دەبێتەهۆی هێنانەئارای سەقامگیری زیاتر. بەڵام ئەوەی بەدی دەكەین، ئەوەیە كە لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا كاركردن بۆ برەودان بە دیموكراسیەتی لیبڕاڵی بواری زیاتر و ئەگەری زیاتر بۆ ناسەقامگیری دروست دەكات.
* هەروەك دەزانن كە چەندەها گرووپی رادیكاڵی و تیرۆریستی لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەن، كە ئاست و ئەندازەیەكی گەورەی كوشتار و كاولكاری بێ پێشینەیان هێناوەتەئاراوە، بە بۆچوونی ئێوە ئایا هۆكارە بنەڕەتی و بونیادییەكانی دروستبوونی ئەم گرووپانە چین و بۆ بەرەنگاربوونەوەیان دەبێت چی بكرێت؟
- ئەدەبیاتی پەیوەست بە هۆكار و ریشەكانی تیرۆریزم، ئەدەبیاتێكی گەورەیە و لە گەشەكردندایە. یەكێك لە هۆكارە سەرەكییەكانیش لەم رووەوە بریتییە لەوەی گرووپە تیرۆریستییەكان ئیدی خودی گرووپەكە بێت، یان ئەندامەكانیان بێت، لە دەسەڵاتی حكومەت دووردەخرێنەوە، ئەمەش بە واتای ئەوە دەبێت كە ئەو گرووپ و تاكەكەسانە هەوڵی گرتنەبەری رێگەیەكی رادیكاڵ دەدەن بۆ گەیشتن و گرتنەدەستی جڵەوی دەسەڵات. بۆ نموونە، ئەو تووڕەیی و نائومێدییەی كە سوننەكان هەستیان پێدەكرد دوای ئەوەی زۆرێك لە نوێنەرایەتی و زۆرێك لە پێگە و پایەكانی خۆیان لەدەستدا لە سوپا و لە حكومەتی عێراقدا دوای داگیركارییەكەی ساڵی 2003 لە كۆتایی بووە هۆی ئەوەی پەرەسەندنەكان بە ئاراستەیەكدا بڕۆن كە دواجار دروستبوونی داعشی لە سووریا و عێراقدا لێكەوتەوە. ئێستاش دۆخەكە ئەوەیە كە جیهان بە بەردەوامی گرفتارە بەدەست كارە كاولكاری و نامرۆییەكانی ئەو گرووپە و گرووپە هاوشێوەكانیانەوە. ئەوەی پەیوەست بێت بە چۆنیەتی بەرەنگاربوونەوەیان پێویستە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی رێگاچارەیەكی یەكگرتوو بگرێتەبەر بۆ بەرپەرچدانەوەیان، لە نێویاندا گۆڕینەوەی زانیارییە هەواڵگرییەكان و وشكردنی سەرچاوە داراییەكانی گرووپە تیرۆریستییەكان و رێگەنەدان بە دروستبوونی نەوایەكی ئارام بۆیان كە بتوانن خۆیان رێكبخەنەوە و مەشق و راهێنان بكەن.
* بۆچوونتان چییە لەبارەی دەستتێوەردانە دەرەكییەكانەوە كە لەم ناوچەیەدا دەكرێت؟ ئایا پێتانوایە كە هەمیشە ئەم دەستتێوەردانانە كاریگەری سلبییان هەبووە و دۆخەكەیان ئاڵۆزتر كردووە؟ ئایا ئەگەری ئەوە نییە كە ئەو هێزانە بتوانن بەشدارییەكی ئیجابی بكەن لە چارەسەركردنی كێشە و گرفتە ناوخۆییەكانی وڵاتانی ئەم ناوچەیەوە؟
- كاتێك لە دۆخی ئێستای سووریا دەڕوانین، ئەوا دەبینین كە چەندین هێزی دەرەكی لە هەوڵی بەدەستهێنانی دەستڕۆیشتووییدان لەو وڵاتەدا. رووسیا ژمارە و كواڵیتی بنكەكانی لەو وڵاتەدا زیاتر دەكات، بە هەمان شێوە ئێران و حزبوڵاش ئەم كارە دەكەن. لەلایەكی دیكەوە توركیاش، پێداگیرە لەسەر لاوازكردنی هێزە كوردییەكانی باكووری سووریا و لە ئێستادا دەستی داوەتە داگیركاری و باس لە پێشڕەوی زیاتریش دەكات، ئەمریكاش هێزێكی بچووكی هەیە لەو وڵاتەدا و رای گشتی ئەمریكاش لەگەڵ ئەوەدان وڵاتەكەیان لە سووریا بكشێتەوە. لە ئێستاشدا زۆرێك لە گرووپە چەكداری و توندڕەوەكان لە سووریادا بوونەتە سووتەمەنی ئاگرەكەی سووریا و چەكدار و چەك و دارایی دەستەبەر دەكەن كە هەموو ئەمانەش بوونە هۆی درێژەكێشانی شەڕەكە. بەڵام دەكرێت دەستێوەردانی دەرەكی ببێتە هۆی دەستەبەركردنی سەلامەتی و تەنانەت سەقامگیریش. دەكرێت لەم رووەوە لە پرۆسەی نەوای ئارام لە باكووری عێراق و ناوچەی دژە فڕین لە باشووری عێراق بڕوانین لە كۆتایی شەڕی 1991ی عێراقدا، كە پارێزگارییان دەستەبەر كرد بۆ خەڵكانی ئەو ناوچانە. هەروەها دەكرێت لە دەستتێوەردانی ناتۆ لە بۆسنیا و رێككەوتنی دایتۆن بڕوانین، ئەگەرچی درەنگوەختیش بوون، دواتر دەستتێوەردانی كۆسۆڤۆی بەدوادا هات كە ئەمەش نموونەیەكی دیكەی ئیجابییە لەبارەی دەستتێوەردانی دەرەكییەوە.
* چۆن لە سیاسەتی ئێستای ئیدارەی سەرۆكی دۆناڵد ترەمپ دەڕوانیت لە ئاست رۆژهەڵاتی ناوەڕاست؟ ئایا پێتوایە سیاسەتێكی روون و پێشبینیكراوە؟
- لە راستیدا دەكرێت سیاسەتی ئیدارەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ لە ئاست رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەو شێوەیەێ وەسف بكەین كە سیاسەتێكە پشێوی باڵی بەسەردا كێشاوە و پێشبینی نەكراوە. كە ئەمە زۆر بە زەقی لە پرسی پەیوەست بە ناكۆكی ئیسرائیل-فەلەستین و ناوچەی كەنداودا بەدی دەكەین.
* هەروەك دەزانین سەرۆك دۆناڵد ترەمپ چەند گۆڕانكارییەكی گەورە و گرنگی لە ئیدارەكەیدا ئەنجدامدا، كە وەزیری دەرەوە و پۆستی راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی گرتەوە، ئایا رەنگدانەوەی ئەم گۆڕانكارییانە لەسەر ئاستی جیهان بە گشتی و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتی چی دەبن؟
- دەتوانین بڵێین كە كاریگەری و رەنگدانەوەكەی روون نییە، لەبەر ئەوەی زۆرجار ئەم ئیدارەیە لێدوانێكی داوە و دواتر پێچەوانەوەی لێدوانی پێشوو قسەی كردووە. بۆ نموونە لە پەیوەندی بە پرسی كۆریای باكوورەوە سەرۆك ترەمپ رایگەیاند كە گفتوگۆ ئەنجام نادات لەگەڵ سەرۆكی ئەو وڵاتە -كیم جۆن ئۆن- و دواتر رایگەیاند كە كۆبوونەوەی لوتكە لە نێوانیاندا ئەنجام دەدرێت. لە سووریادا ئیدارەی ترەمپ، یەكجار كاردانەوەی هەبوو لەبەرامبەر بەكارهێنانی چەكی كیمیاییدا لە كاتێكدا كە چەند جارێك ئەم چەكە بەكارهێنرا لەو وڵاتەدا.
* باشە ئێمە دەزانین كە وەزیری نوێی ئەمریكا مایك پۆمپیۆ و راوێژكاری نوێی ئاسایشی نەتەوەی ئەمریكا جۆن بۆڵتین بە توندی دژی رێككەوتنە ئەتۆمییەكەن لەگەڵ ئێراندا، ئایا پێتوایە ئێمە لەبەردەم ئەگەری هەڵوەشاندنەوەی ئەم رێككەوتنەداین؟
- روون نییە كە ئەم تیمە نوێیە ئامادەیی ئەوەیان هەبێت بتوانن لاسەنگی دروست بكەن لەبەرامبەر ئەو كەسانەی بەرگری لە رێككەوتنەكە دەكەن لە نێو هاوپەیمانەكانی ئەمریكا و لە نێو كۆنگرێس و ناوەندی ئەكادیمی و بەرپرسەكانی پێشوو.
* باشە ئەگەر تیمی نوێی ئیدارەی ئەمریكا هەوڵەكانیان بەو ئاراستەیەدا چڕكردەوە كە دەبێت دووبارە گفتوگۆ بكرێتەوە لەبارەی رێككەوتنەكە و پێداگیرییان كرد لەسەر ئەوەی دەبێت دووبارە دابڕێژدرێتەوە، ئایا ئەمە چ ئاكام و دەرهاویشتەیەكی دەبێت؟
- ئێران ئاماژەی بەوە كردووە كە ئامادە نییە دووبارە گفتوگۆ لەبارەی ئەو رێككەوتنە بكاتەوە. نیگەرانییەك هەیە لە نێو ئەو كەسانەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەژین و ئەوانەی دیراسەتی ئەم ناوچەیە دەكەن كە كۆتاییهێنان بە رێككەوتنە ئەتۆمییەكە سەردەكێشێت بۆ بڵاوبوونەوەی چەكی ناوكی لەم ناوچەیەدا.
* رووداوێكی دیكەی گرنگ و گەورە كە لە وڵاتێكی گرنگی ئەم ناوچەیەدا روودەدات، بریتییە لەو گۆڕانكارییانەی لە وڵاتی سعودیەدا دەگوزەرێت، بەتایبەت لەلایەن سەركردایەتی نوێی ئەو وڵاتەوە، ئایا پێتوایە دەرئەنجامی ئەم گۆڕانكارییانە ئەوە بێت كە سعودیە بتوانێت و بیەوێت سەرسەختانەتر رووبەڕووی ركابەرە سەرەكییەكەی ببێتەوە كە ئێرانە؟
- ئەگەر لەسەر ئاستی سیستمی حوكمڕانی وڵاتەكە لە مەسەلەكە بڕوانین، ئەوا دەكرێت پێشبینی ئەوە بكەین كە سعودیە كار لەسەر بەرەنگاربوونەوەی ئەو جموجووڵانەی ئێران بكات لە ناوچەكەدا كە پێیوایە هەنگاوی هەژمونگەران. بۆ نموونە ئەمە لە وڵاتانی سووریا و عێراق و یەمەندا بەدی دەكەین. ناكۆكیی نێوان سعودیە و ئێران ململانێی هێز و ركابەری تایفەگەری لە خۆدەگرێت.
* پێشبینییەكانت بۆ ئایندەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست چین؟
دەبێت پێشبینی درێژەكێشانی ناسەقامگیری و پشێوی زیاتر بكەین لەم ناوچەیەدا.
Top