شێخ ریاز محەمەد دانوك ئەلعوبەیدی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك بۆ گوڵان: بە دووری دەزانم هەڵبژاردنێكی پاكوپێگەرد لە كەركووكدا ئەنجامبدرێت
April 2, 2018
دیمانەی تایبەت
ئاشكرایە كە رەوشێكی نالەبار و نەخوازراو باڵی بەسەر شاری كەركووكدا كێشاوە، كە نەك هەر تەنها خەڵكی شارەكە لە رووی ئەمنییەوە لە نیگەرانی و دڵەڕاوكێدا دەژین، بەڵكو رەوشی خزمەتگوزاری شارەكەش پشتگوێ خراوە و بگرە بوونی تاقمە چەكدارە جۆراوجۆرەكان بوونەتە هۆی ئەوەی نەتوانین پێشبینی ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی ئاسایی و پاك و بێگەرد لەو شارەدا بكەین، هەموو ئەمانە بوونە تەوەری دیدارێكی گۆڤاری گوڵان لەگەڵ شێخ ریاز محەمەد دانوك ئەلعوبەیدی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك كە لێرەدا پوختەكەی بڵاو دەكەینەوە.ئەگەرپەراوێزخستن بەردەوامبێت
چارەنووسێكی نادیار چاوەڕوانی عێراق دەكات
* تێكچوونی دۆخی ئاسایش و سەقامگیریی شاری كەركووك گەورەترین مەترسییە كە هەڕەشە لە هەموو پێكهاتەكانی دەكات، وەكو ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك چۆن دەڕوانیتە ئەم دۆخە و كاریگەرییەكانی لەسەر هاووڵاتیانی شارەكە چییە؟
- لە راستیدا لە دوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر و تێكچووونی رەوشی ئەمنیی شارەكە ژمارەیەكی زۆری هاووڵاتیانی شاری كەركووك ئاوارە بوون و روویان كردە شارەكانی هەرێمی كوردستان، ئەمەش دۆخی ئاوارەكانی خراپتر كرد، هاوكات بارگرانییەكی زۆریشی لەسەر هەرێمی كوردستان دروست كرد، بەتایبەتی لەگەڵ بڕینی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان و كەمبوونەوەی ئاستی گوزەران و بژێوی ژیانی هاووڵاتیانی هەرێمەكە، مەبەستم ئەوەیە كە زۆربوونی ژمارەی ئاوارەكان باری سەرشانی حكومەتی هەرێمی قورستر كرد. چونكە ئێمە دەزانین كە تا ئێستاش ژمارەیەكی زۆری ئاوارەی عەرەبی سوننە لە هەرێمی كوردستانن، بەتایبەتی ئاوارەكانی پارێزگای سەلاحەددین و بە دیاریكراوی خەڵكانی ناحیەی بێجی و ئەلسینیە. هەروەها ئەوەی دەتوانین ئاماژەی پێ بكەین، ئەوەیە كە حكومەتی مەركەزی هاوكاری و یارمەتی نەگەیاندۆتە ئەو ئاوارانەی لە دوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە ئاوارەی شارەكانی هەرێمی كوردستان بوون. كە دەبوو حكومەتی مەركەزی لە رێی وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانەوە هەموو هاوكارییەكی بۆ ئەو ئاوارانە دەستبەر بكردایە.
* باست لەوە كرد كە پێشتریش ژمارەیەكی زۆری ئاوارەی عەرەبی سوننە روویان كردووەتە شارەكانی هەرێمی كوردستان، ئایا لەم هەرێمەدا چۆن پێشوازی لەو ئاوارانە كراوە؟
- لە راستیدا لە دوای 10/6/2014وە كە هەر شەش پارێزگا سوننەكەی عێراق كەوتنە دەستی رێكخراوی تیرۆریستیی داعش، سەرجەم ئاوارەكانی ئەو شارانە روویان كردە هەرێمی كوردستان، ئەمە لە كاتێكدا كە بەغدای پایتەختی عێراق، دەرگا و دەروازەكانی بە رووی ئاوارەكانی شاری ئەنبار و پارێزگا سوننەنشینەكانی دیكەدا داخست، ئەوە بوو هەرێمی كوردستان لە رێی فڕۆكەخانەكانەوە پێشوازی لە ئاوارەكانی ئەنبار كردو سەرجەم ئەو ئاوارانەی لەخۆ گرت، هەموو ئەمانەش لەسەر حیسابی قووتی خەڵكی كوردستان بوو، ئەمەش چاكەیەكە لە ئەستۆی ئێمە و عەرەبی سوننەیە و قەرزێكە بە گەردنی ئێمەوەو دەبێت چاكەی ئەو هەڵوێستە شەرفمەندانەی كوردستان بە گەل و حكومەتەوە بدەینەوە.
* دۆخی ئەمنیی شاری كەركووك لە ئێستادا چۆنەو ئایا چ مەترسی و هەڕەشەیەك لەسەر هاووڵاتیان و خودی شارەكە هەیە؟
- لە راستیدا لەدوای ئەو رووداوانەی بەسەر شارەكەدا هات، هاووڵاتی لەناو كەركووكدا لە دۆخێكی دەروونیی ناجێگیردا دەژین، لە زۆربەی گەڕەكەكان چەكدار هێرش دەكاتە سەر ماڵەكان، واتە رەوشێكی ئەمنیی شڵەژاو هەیە لەو شارەدا. هەروەها ئێستا كەركووك رووبەڕووی هەڕەشە و مەترسی بۆتەوە بە هۆی دەركەوتنەوەی شانە نووستووەكانی داعش. كەواتە خەڵكی لە دڵەڕاوكێیەكی جددیدان، چونكە ئەمانە هەڕەشە و مەترسیی راستەقینەن كە هەموویان دەبنە هۆی تێكدان و شڵەژاندنی دۆخە ئەمنییەكە لەم پارێزگایەدا.
* باسی مەترسییەكانی خۆڕێكخستنەوەو سەرهەڵدانەوەی كارو كردەوە تیرۆریستییەكانی داعشت لە پارێزگاكە كرد، وەكو پێكهاتەیەكی گرنگی شارەكە لە عەرەبی سوننە پێتانوایە چۆن دەتوانرێت ئەو مەترسییە لەسەر شاری كەركووك دوور بخرێتەوە؟
- وەكو راوبۆچوونێكی شەخسی خۆم، پێموایە ئەگەر نییەتمان هەبێت مەترسییەكانی سەر كەركووك بڕەوێنینەوە، ئەوا پێویستە پرۆسەیەكی ئازادكردنی راستەقینەیی ناوچەكانی باشووری رۆژئاوای كەركووك ئەنجام بدرێت، دەڵێم رزگاركردنێكی راستەقینە، واتە نەك وەكو ئەو پرۆسە سەربازییەی پێشووتر ئەنجام درا كە زیاتر لە پرۆسەیەكی پڕوپاگەندەی راگەیاندن دەچوو و رزگاركردنی راستەقینە نەبوو، چونكە چەكدارانی داعش ئازادانە لە باشووری كەركووكدا دەهاتن و دەچووون. هەروەها چەكدارانی داعش توانییان خۆیان لە تونێلەكاندا حەشار بدەن و توانییان هێرشی كتوپڕ بكەن، ئیدی بۆ بڕینی رێگاكان بێت، یان پەلاماردانی شارەكان بێت، ئیدی هێرشكردن بۆ سەر حەویجە بێت، یان بۆ سەر ناحیەی رەشاد یان ریاز، یاخود بۆ سەر دەوروبەری داقوق كە هەموو ئەمانەش زیانێكی زۆری بە ژیانی ئاسایی هاووڵاتیان گەیاند.
* ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك دامەزراوەیەكی تەشریعی و جێبەجێكارە كە لەلایەن دانیشتووانی كەركووكەوە هەڵبژێردراوە، ئایا ئاوارەبوونی زۆربەی ئەندامەكانی ئەنجومەنەكە و ئەنجامنەدانی كۆبوونەوەی ئاسایی كاریگەریی لەسەر دۆخە سیاسی و ئیدارییەكە كردووە؟
- لەدوای 16ی ئۆكتۆبەر و هاتنە پێشەوەی ئەم دۆخە نوێیە، نەتوانراوە كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك ئەنجام بدرێت، هەروەها ئەمە بۆتە هۆی پەككەوتنی كاری لیژنەكان كە لە دەرئەنجامدا بووە هۆی ئەوەی نەتوانرێت خزمەتگوزاری پێشكەشی هاووڵاتیان بكرێت. بۆ نموونە دەبینیت لە ئێستادا زبڵ و خاشاكێكی زۆر لە ناو شارەكەدا هەن كە كۆنەكراوەنەتەوە و فڕێنەدراون و نەتوانراوە كاری ئەو كۆمپانیایەش چالاك بكرێتەوە، كە پێشتر كاری هەڵگرتنەوەی خاشاكی دەكرد، ئەمەش دۆخێكی دروست كردووە كە كاری لیژنەكانی دیكەش پەكیان بكەوێت، وەك لیژنە خزمەتگوزارییەكانی دیكە و لیژنەی كشتوكاڵی.
* ئایا پێویستە چی بكرێت بۆ ئەوەی ئەنجومەنەكەتان كوبۆنەوە ئاساییەكانی خۆی دەست پێبكاتەوە؟
- لە راستیدا ئەنجامدانی كۆبوونەوەكان پێویستی بەوە هەیە حەیدەر عەبادی وەكو فەرماندەی هێزە چەكدارەكانی عێراق سەرجەم ئەو گۆڕانكارییانەی كە لەدوای 16ی ئۆكتۆبەر لە شاری كەركووك روویانداوە بیگەڕێنێتەوە دۆخی ئاسایی و سرووشتیی جارانی، چونكە لەناو ئەم رووداوانەو دەستێوەردانە دەرەكییانەدا و لە سایەی ئەم گوشار و هەلومەرجە نائاساییەدا ناتوانرێت كار بكرێت. چونكە ئێمە بە گوێرەی دەستوور و یاسا كار دەكەین و هیچ كامیانمان پێشێل نەكردووە و بەپێچەوانەوە داوای جێبەجێكردنی دەستوور و یاسامان كردووە. ئەو دەستوورەی كە هەموو لایەنە سیاسییەكان پێی رازی بوون، بەڵام دەبینین هەندێ لایەن لەو دەستوورە لایانداوە و بە پێی بەرژەوەندییەكانی خۆیان كاردەكەن.
* مەبەستتان لەو لایەنانە كە لە دەستوور دەرچوون، كێیە؟
- بۆ نموونە بەڕێز حەیدەر عەبادی لەسەر حزبی دەعوە كە گەورەترین لیستە لەناو پەرلەمان، رەچاوی بڕگە گرنگ و هەستیارەكانی ناو دەستووری نەكردووە، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندی بە كەركووك و ناوچە جێناكۆكەكانەوە هەیە.
* چۆن لە دەستێوەردانی دەرەكی لە پرسی كەركووكدا دەڕوانیت؟
- بە راشكاوی دەیڵێم كە دەستێوەردانی دەرەكیی هەردوو وڵاتی ئێران و توركیا لە پرسی كەركووكدا بووە هۆی لەباربردنی خەونی سوننەكان بۆ دروستكردنی هەرێمێك كە تێیدا بتوانن مومارەسەی سەرجەم مافەكانی خۆیان بكەن. چونكە ئەم پێكهاتەیە لە ساڵی 2003وە دوچاری پەراوێزخستن و پێشێلكردنی مافەكانی بۆتەوە. كەواتە ئێمەش تەمەننای ئەوەمان دەكرد، بە چەشنی كوردستان خاوەنی هەرێمێك بووینایە بۆ ئەوەی بەهرەمەند بین لە رەوشێكی ئەمنیی سەقامگیر و لە خزمەتگوزاری و مومارەسەكردنی مافەكان.
* لەگەڵ نزیكبوونەوەی وادەی هەڵبژاردنەكانی عێراق دۆخی شاری كەركووك ئاسایی نەبۆتەوە، ئایا لەناو واقیعێكی وا تاڵدا چۆن دەتوانرێت لەم پارێزگایە هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد ئەنجام بدرێت؟
- بە راشكاوی دەیڵێم كە من بە دووری دەزانم لەم بارودۆخە نائاسایی و ناسەقامگیرییەی كەركووكدا هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد لەم پارێزگایە ئەنجام بدرێت، هۆكارەكەشی بوونی چەند هێزی چەكداری تایبەت بە هەندێك لە كاندیدەكانە، كە بە دڵنیاییەوە هەموو هەوڵەكانی فشارخستنە سەر هاووڵاتیان ئەنجام دەدەن بۆ دەنگدان بەو كاندیدانەی خاوەنی ئەو تاقمە چەكدارییانەن، بێگومان ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد لە پارێزگای كەركووك ئەنجام نەدرێت.
* پێتوانییە رۆیشتن بەم ئاراستەیە و فەرامۆشكردنی هەر دوو پێكهاتەی كوردی و عەرەبی سوننە سەرەتایەكە بۆ هەڵوەشانەوەی ئەو عێراقەی كە لە سەر پرەنسیپی پێكەوەژیان و لێبووردەیی بونیاد نراوە؟
- من داڕووخانی پرەنسیپی شەراكەت دەبینم و بگرە پێموایە پێشتریش شەراكەتێكی راستەقینە نەبووە لە عێراقدا، بەڵكو ئەوەی هەبوو پەرەپێدانی بەرژەوەندییە بەرتەسكەكان بووە لەسەر حیسابی بەرژەوەندی گشتی، چونكە ئەگەر شەراكەتێكی راستەقینە هەبوایە، رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر روویان نەدەدا. ئێمە دڵمان خۆش بوو لە دوای 2003وە كە پرۆسەیەكی دیموكراتی لە عێراقدا بەڕێوە دەچێت، بەڵام بینیمان كودەتا كرا بە سەر دەستووردا و ملكەچی نەكرا بۆ دەستوور و یاسا.
* چۆن دەكرێت ئەو شەراكەتە بنیاد بنرێت؟
- ئێمە ئەگەر بمانەوێت شەراكەت بنیاد بنێین، دەبێت پابەند بین بە دەستوورەوە و كار بە ئیستیحقاقی هەڵبژاردنەكان بكرێت و ئەو كاتە دەكرێت پرۆسە سیاسییەكە رێچكەی خۆی بگرێتەبەر بە چەشنێك كە لەگەڵ هەلومەرجی نوێدا بگونجێت.
* دوا وتەت چییە؟
من دەڵێم پەراوێزخستنی هەر لایەنێكی سیاسی لە بەرژەوەندیی عێراق و پرۆسە سیاسییەكەدا نییە و ئەگەر ئەم پەراوێزخستنەش بەردەوام بێت، ئەوا پرۆسە سیاسییەكە بە یەكجاری كۆتایی پێدێت، ئەو كاتەش چارەنووسێكی نادیار چاوەڕێمان دەكات.