مایكڵ مۆسۆ پسپۆڕی بواری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم بۆ گوڵان: رەخساندنی هەلی كار لە كەرتی تایبەتدا كاریگەری لەسەر كەمبوونەوەی توندڕەوی و تیرۆریزم دەبێت

مایكڵ مۆسۆ  پسپۆڕی بواری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم بۆ گوڵان:  رەخساندنی هەلی كار لە كەرتی تایبەتدا كاریگەری لەسەر كەمبوونەوەی توندڕەوی و تیرۆریزم دەبێت
مایكڵ مۆسۆ پڕۆفیسۆرە لە زانكۆی سەنتڕاڵ فلۆریدا، وانەبێژی چەند بوارێكی گرنگە، وەك تیۆری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان، سیاسەتی بەراوردكاری، ئابووریی سیاسیی شەڕ و ئاشتی، ریشەكانی تیرۆریزم و یاخیگەری، لە توێژینەوەكانیدا بایەخی سەرەكی بە هۆكارەكانی شەڕ و ئاشتی، پەرەپێدانی سیاسی، لە نێویاندا بە دیموكراتیزەكردن و مافەكانی مرۆڤ دەدات، پێشتریش لە چەند سەنتەرێكی گرنگ توێژەر بووە، وەك سەنتەری دیراساتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە زانكۆی هارڤارد، ئامۆژگای سۆلتزمان بۆ دیراساتی شەڕ و ئاشتی لە زانكۆی كۆڵۆمبیا. گوڵان لە میانەی دیمانەیەكدا چەند پرسێكی لەگەڵدا تاوتوێ كرد، كە پەیوەست بوون بە هۆكار و رەگ و ریشەكانی سەرهەڵدانی گرووپە تیرۆریستییەكان و ستراتیژیەتە كاراكانی بەرەنگاربوونەوەی توندڕەوی و تیرۆریزم و چۆنیەتی بردنەوەی ئاشتی لە دوای بەدەستهێنانی سەركەوتن لە شەڕی دژ بە تیرۆردا، ئەویش بەم شێوەیەی خوارەوە وەڵامی پرسیارەكانی دایەوە.
* هەروەك دەزانن ناسەقامگیری و بارودۆخێكی پڕ لە پشێوی باڵی بەسەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا كێشاوە، سەرباری ئەوەش چەندین گرووپی توندڕەوی تیرۆریستی لەم ناوچەیەدا سەریانهەڵداوە كە كاولكاری و كوشتارێكی بێ پێشینەیان خوڵقاندووە، ئایا وەك پسپۆڕێكی بواری ریشەكانی تیرۆریزم پێتانوایە هۆكارە بونیادییەكانی سەرهەڵدان و دروستبوونی ئەم گرووپانە چین؟
- من دەتوانم هۆكارەكە بۆ نەبوونی هەلی كار لە بازاڕی تایبەتدا - كەرتی تایبەتدا- بگەڕێنمەوە. چونكە ئەوەی بەدی دەكرێت، ئەوەیە كە زۆربەی هەلی كاری رەخسێنراو لەم ناوچەیەدا لە كەرتی حكومەتدایە و بواری ئەم كارانەش بوارێكی بەرتەسكە و بۆتە بابەتی ململانێی چەندین گرووپ، ئەویش لەسەر بنەمای مەحسوبییەت و مەنسوبییەت، ئەو كەسانەشی كە ناتوانن لە رێی مەحسوبییەتەوە هەلی كار بەدەست بهێنن، روودەكەنە ئەو گرووپانەی كە گرێدراوی دەوڵەتەكە نین. بە زۆری ئەم گرووپانەش هەوڵ دەدەن لە رێی كار و كردەوەی تاوانكاری، یاخود لە رێی توندوتیژی سیاسیی دژ بە دەوڵەت، پشتیوانی و پاڵپشتی بۆ شوێنكەوتووەكانیان دەستەبەر بكەن. هەروەها سەركردەكانی ئەم گرووپانە بە زۆری پەنا دەبەنە بەر تەبەنیكردنی شوناسێك، یان ئایدیۆلۆژیایەك لە پێناوی پاساوهێنانەوە بۆ ئەو توندوتیژییەی دژ بە دەوڵەت دەیگرنەبەر.
* هەروەك دەزانن بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم و چارەسەركردنی ریشە و هۆكارەكانی ئاسان نییە، بەڵام هەر دەبێت هەوڵ بدرێت و كۆششی جددی بكرێت بۆ بەرپەرچدانەوە و لانیكەم ئیحتیواكردنی، بە تێڕوانینی ئێوە ئایا كاریگەرترین و كاراترین سیاسەت و ستراتیژیەتی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریزم و گرووپە تیرۆریستییەكان چییە؟
- من ئەمە گرێدەدەمەوە بە چارەسەركردنی ریشە و هۆكارەكانی تیرۆریزمەوە و دەڵێم پێویستە بە شێوەیەكی بەربڵاو و بەرفراوان هەلی كار لە بازاڕی تایبەتدا- كەرتی تایبەتدا- بڕەخسێندرێت. حكومەتەكانیش دەتوانن بەم كارە هەڵبستن، ئەویش لە رێی تەرخانكردنی سەرچاوەكان و خەرجكردنی داهاتەكانەوە لە پرۆژەكانی بنیادنانی ژێرخاندا، هەروەها لە رێگەی پێدانی گرێبەست بە كۆمپانیاكانی كەرتی تایبەت، كە دەبێت كاری پێدانی پڕۆژەكان لەلایەن حكومەتەوە بە شێوەی كەمكردنەوەی نهێنی بێت، كە یەكسانی تێدا رەچاو بكرێت. دەبێت لەم چوارچێوەدا ئامانجەكە كەمكردنەوەی رێژەی بێكاری بێت تا راددەی نەهێشتنی و بە چەشنێك بێت كە زۆربەی پێگەیشتووان لە رەگەزی نێر كاریان لە كۆمپانیاكانی كەرتی تایبەتدا دەست بكەوێت، ئەو كۆمپانیایانەی كە لە بازاڕدا كێبڕكێ و ململانێ دەكەن.


* زۆر باس لەوە دەكرێت كە هێزە دەرەكییەكان، یاخود دەستێوەردانە دەرەكییەكان بەشێكن لە كێشەكانی وڵاتانی ئەم ناوچەیە و هۆكارێكن بۆ زیادبوونی رەوتە تیرۆریستی و توندڕەوەكان، ئایا دەكرێت ئەم هێزانە ببنە بەشێك لە چارەسەر و دەتوانن رۆڵێكی ئیجابی لەم رووەوە بگێڕن ؟
- پێموایە دەتوانن هاوكارییەكی زۆر بكەن. چونكە ئاژانسە نێودەوڵەتییە كۆمەكبەخشەكان دەتوانن سەرچاوە و دارایی دەستەبەر بكەن بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەكانی بنیادنانی ژێرخانی وڵاتەكە. هەروەها دەتوانن رۆڵی چاودێریش ببینن بۆ ئەوەی دڵنیابن ئەو گرێبەستانەی دەدرێنە كۆمپانیاكانی كەرتی تایبەت، لە رێی پرۆسەی كەمكردنەوەی نهێنییەوە دەبێت كە یەكسانی تێدا پیادە بكرێت.
*ئەوەی لەم ناوچەیەدا بەدی دەكرێت ئەوەیە كە دوای ئەوەی لە رووی سەربازییەوە گرووپێكی تیرۆریستی تێكدەشكێنرێت، ئەوا گرووپێكی مەترسیداری تیرۆریستی لە جێی سەرهەڵدەداتەوە، پرسیارەكە ئەوەیە چۆن ئەم بازنەیە بشكێنرێت و چۆن لەگەڵ بردنەوەی شەڕە سەربازییەكەدا دەتوانین ئاشتییەكی درێژخایەن بنیاد بنێین؟
- دووپاتی دەكەمەوە، پێویستە بە شێوەیەكی بەربڵاو هەلی كار لە بازاڕی تایبەت- كەرتی تایبەتدا- بڕەخسێندرێت. چونكە ئەگەر ئەم كارە ئەنجام بدرێت، ئەوا گرووپی دیكەی توندڕەو سەرهەڵنادەنەوە و دروست نابنەوە.
* كێشەیەكی دیكە كە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەدی دەكرێت كە كێشەیەكی دژوار و درێژخایەنە و رەگ و ریشەی قووڵی هەیە، ئەویش بریتییە لە ركابەریی تایفەگەری لەنێوان شیعە و سوننە، پرسیارەكە ئەوەیە ئایا ئەم ركابەری و ناكۆكییە تایفەگەرییە تا چەند ئاگری توندڕەوی و توندوتیژی خۆش دەكات؟
بە تێڕوانینی من ئەم ركابەرییەی شیعە و سوننە بە هیچ شێوەیەك ئاو ناكات بە ئاگری توندڕەوی و تیرۆریزمدا. چونكە بۆ چەندین سەدە سوننە و شیعە بە شێوەیەكی ئاشتییانە پێكەوە ژیاون. دواتر ناكۆكییەكانی پەیوەست بە ناسنامە و شوناسەوە كاتێك سەرهەڵدەدەن كە هەلی كار لە بواری كەرتی تایبەتدا نەڕەخسێنرابێت. كەواتە هەر كاتێك هەلی كار لەم كەرتەدا دەستەبەر كرا، ئەوا ئەم ركابەرییەش لە ئارادا نامێنێت و ئاوا دەبێت.
Top