خۆشەوی خەلیل بارزانی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ گوڵان: حكومەتەكەی عەبادی دەستوور و یەك پارچەیی عێراقی كردۆتە بەهانەیەك بۆ لەناوبردنی پرەنسیپەكانی هاوبەشی وفیدڕاڵییەت

خۆشەوی خەلیل بارزانی  ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ گوڵان:  حكومەتەكەی عەبادی دەستوور و یەك پارچەیی عێراقی كردۆتە بەهانەیەك بۆ لەناوبردنی پرەنسیپەكانی هاوبەشی وفیدڕاڵییەت
عێراق بەو ئەقڵییەتە شۆڤێنییە بەڕێوە ناچێت كە بڕوای بە هاوبەشی و پێكەوەژیانی نێوان پێكهاتەكانی نەبێت و دووبارە بگەڕێتەوە بۆ پەیڕەوكردنی پرەنسیپی زۆرینە لەسەر حیسابی گەلی كوردستان، هەر ئەمەشە وایكردووە بە بەردەوام بەغدا بڕیارو یاسای وا دەربكات كە دژی هەرێمی كوردستانە، تێپەڕاندنی بودجە بێ گوێدانە خواست و داواكارییەكانی كوردو بەكارهێنانی مووچە وەكو موزایەدەیەكی سیاسی و دەست پێكردنەوەی پرۆسەی تەعریب هەمووی زەنگێكی مەترسیدارە و پێویستی بە هەڵوەستەی جددی هەیە، بۆ قسەكردن لەسەر ئەم پرسەو چەند بابەتێكی پەیوەندار، چەند پرسیارێكمان ئاراستەی خۆشەوی خەلیل بارزانی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كرد، لێرەدا پوختەی قسەكانی بڵاودەكەینەوە.
* دوای تێپەڕاندنی بودجەو كەمكردنەوەی پشكی كورد لە پڕۆژە یاساكەداو جێبەجێكردنی پرەنسیپی زۆرینە لەسەر حیسابی پێكهاتەی كورد؛ ئایا ئەمە هەڵوەشانەوەی ئەو عێراقە نییە كە لەسەر بنەمای هاوبەشی و فیدڕاڵی و دیموكراتی دامەزراوە؟
- لەماوەی سێ كابینەدا كە حزبی دەعوە دەسەڵاتی حوكمڕانی بەڕێوە دەبات؛ هەموو هەوڵێكیان بۆ ئەوە بووە كە زۆرینە بەدەست بهێنن و بە زۆرینەش لەسەر حیسابی پێكهاتەكانی تر عێراق بەڕێوە ببەن، بەتایبەتی تێپەڕاندنی هەموو یاساو پڕۆژەیەك لە پەرلەمانی عێراق كە لە قازانجی ئەواندا بێت، تەنانەت هەروەكو بینیمان سەرۆكایەتی كۆمار یاساكەی پەسەند نەكردو رایگەیاند كە زیاتر لە 31 خاڵ تێیدا ناكۆكە لەگەڵ دەستوور، هەر بۆیە بیركردنەوەی تاكڕەوانە و شۆڤێنییانە هەمان بیركردنەوەی حزبی بەعسە بە ئامانج و شێوازێكی جیا، بەڵام لە ناوەرۆكدا سڕینەوەی هەموو بنەماكانی مافی مرۆڤ و ئازادییەكانە كە مافی گەلان لەسەری دامەزراوە، بەتایبەتی لە عێراقێكدا كە بە درێژایی دامەزراندنی ئەم وڵاتە گەلان و پێكهاتەكان لە ژێر زەبر و سڕینەوەی مۆركی نەتەوایەتییان دوچاری زوڵم و كۆمەڵكوژی بوون. ئەوەی لەناو پەرلەمانی عێراقدا روودەدات، پەراوێزخستنی هەموو نەتەوەو پێكهاتەكانی ترە، پێشێلكردنی ماددە دەستووری و یاساییەكانیشە، بەتایبەتی بەرامبەر هەرێمی كوردستان كە بەپێی دەستوور دانی بە مافی هەرێمایەتی و فیدڕاڵییەتدا ناوە، ئیتر چۆن دەبێت بێگوێدانە ئەم مافە پێشێلی بڕگە و ماددە دەستوورییەكان بكرێت و بودجە و مووچەی خەڵكی ببڕدرێت و داواشمان لێبكرێت لە چوارچێوەی ئەو عێراقەدا بمێنینەوە كە ناسنامە نەتەوەییەكەمان دەسڕێتەوە.


* سەرەڕای هەموو ئەو داواكارییە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییانەی كە جەختیان لەسەر مافە دەستووری و یاساییەكانی گەلی كوردستان دەكردەوە، كەچی عێراقی شیعی لەسەر سزادان و دژایەتیكردنی گەلی كوردستان بەردەوامە؛ تەنانەت عەبادی هەڕەشە دەكات و دەڵێت: مافی كەس نییە بودجەی گشتی رەت بكاتەوە؛ ئایا ئێوە وەكو نوێنەرانی كورد لەبەغدا دواهەڵوێستان چییە؟
- واقیعی نوێی عێراق بەرەو تاكڕەوی و مەركەزییەت و سڕینەوەی فیدڕاڵیەت و بنەمای پێكەوەژیانی نێوان كوردو عەرەب دەچێت، ئەم وڵاتە تەنیا بە ویستێكی شۆڤێنییانە و عەقڵییەتێكی رق و كینە بەڕێوەناچێت، بەڵكو ئەجندەی وڵاتانی دراوسێشی لەسەرە، هەربۆیە باوەڕ ناكەم ئەگەر هەوڵێكی جددیی نێودەوڵەتی بەتایبەتی لەلایەن ئەمریكاو وڵاتانی ئەندام لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییەوە نەدرێت، مومكین نییە گۆڕانكارییەكی ریشەیی لە عەقڵیەتی سڕینەوەی ئەوی ترو دژایەتیكردنی گەلی كوردستان كۆتایی پێ بێت، چونكە هەموو ئاماژەكان و رەفتارو كردەوەكانیان بەپێچەوانەی قسەو لێدوانەكانیان بەو ئاراستەیە دەچێت كە زیاتر بخزێنە ناو عەقڵییەتی مەزهەبگەرایی و شۆڤێنی و موخابەراتی، تەنانەت كار لەسەر تێكدانی یەكڕیزی نێوماڵی كورد دەكەن، هەروەكو چۆن رژێمی بەعس لێرەو لەوێ حزب و چەند كەسایەتییەكی خۆفرۆشی رازی دەكردو بە پارەیەكی كەم دەیكڕینەوە، ئێستاكەش بەهەمان شێوە چەند پۆست و وەزیرێكی كورد بە رووكەشی لەناو حكومەتەكە دادەنێن، بۆ ئەوەی بە دنیا بڵێن ئەوەتا كوردیش لە پرۆسەی سیاسی بەشدارە و كێشەو گرفتەكان ناوخۆیین و ئەوەندە گەورە نین تا پێویست بەدەستێوەردانی دەرەكی بكات، باشە لە ماوەی ئەو چوار ساڵەی شەڕی داعشدا چەند وەزیرو بریكاری وەزیر و بەڕێوەبەری گشتی و پۆستی جۆراوجۆر لەكورد وەرگیرایەوە؟ ئایا رێژەی كورد لە جومگە هەستیارەكانی عێراقدا لە ناوخۆ و كەرتی پێترۆڵ و وەزارەتی دەرەوە و بانكی ناوەندی چەندە؟ سەدان پێشێلكاریی جۆراوجۆر لە كەركووك و ناوچە كوردستانییەكان كراوەو بە گەلەكۆمەكی پارێزگارو سەرۆكی ئەنجومەنی كەركووك و بەڕێوەبەری ناحیە و قایمقام لەكورد سەندنراوەتەوە، ئەمەش هەمووی بەئاشكرا و لە بێدەنگی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەڕێوەچووە.


* كەواتە ئەگەری پێدانی مووچەیەك دوای 4 مانگ و كردنەوەی فڕۆكەخانەكان بەس نییە بۆ ئەوەی ئومێدێك بە دانوستان و گفتوگۆكانی نێوان هەرێم و بەغدا دروست بێت. ئایا زەمانەت چییە كە هەرچی سزاو گەمارۆ هەیە لەسەر هەرێمی كوردستان هەڵبگیرێت، یاخود دووبارە بە ئارەزووی تاكە كەسێك ناسەپێندرێتەوە؟
- سەركردایەتی سیاسیی كورد ئەوانەی لە 2003 لە بونیادنانی عێراقدا بەشدار بوون، هەر لە نووسینەوەی دەستوور و دامەزراندنی ئەنجومەنی حوكم و هەڵبژاردنەكان، گەیشتوونەتە ئەو قەناعەتەی كە ئەو عێراقەی كورد تێیدا بەشداربوو لەسەر بنەمای (هاوبەشی- فیدڕاڵییەت- دیموكراتی) كۆتایی هاتووەو بەرەو تاكڕەویی و مەزهەبگەرایی و شۆڤێنی دەچێت، هەر بۆیە لەهەنگاوێكی مێژووییدا بە رێبەرایەتی سەرۆك بارزانی گەلی كوردستان بە زۆرینەی دەنگ بڕیاری سەربەخۆییان دا، ریفراندۆم دەرئەنجامێكی ئاسایی و سروشتی ئەو واقیعە تاڵەیە كە لە عێراقدا هەیە، ئەوەتا تازە بە تازە لە كەركووك و ناوچە كوردستانییەكان پرۆسەی تەعریب و سووتاندن و تەقاندنەوە و تاڵانكردنی ماڵی كورد ئەنجام دەدرێت، ئەوە ئەوانن نایانەوێت كورد هاوبەشیان بێت و پێكەوە لەعێراقێكدا جێگامان ببێتەوە، ئەوە ئەوانن كورد وەكو هاووڵاتی دەرەجە یەك سەیر ناكەن، ئەوەی ئێستاش دەیبینین پرسی كوردیان تەنیا لە كردنەوەی فڕۆكەخانەكانی هەرێم بەدەم گەشتە نێودەوڵەتییەكان و ئەگەری ناردنی یەك دوو مووچەی وەزارەتەكان بچووك كردۆتەوە، ئەمە لە فرت و فێڵ و تەكتیكێكی بەغدا زیاتر دژ بە خنكاندنی گەلی كوردستان هیچی تر نییە، باشە ئەگەر مووچەیەكیش بنێرێت، كێ زامنی بەردەوامبوونی دەكات ئەوەتا چوار مانگە مووچەی خەڵكی كوردستان وەكو گەمەیەكی سیاسی بەكار دەهێنرێت و هەموو تاكێكی كورد متمانەی بە بەڵێنەكانی عەبادی نەماوە، باشە بڕیاری كردنەوەی فڕۆكەخانەكانیش بەرامبەر بڕین و كەمكردنەوەی بودجە و قووتی خەڵك و تەعریبكردنی كەركووك و دەركردن و تاڵانكردنی ماڵی كورد، چ بەهایەكی دەمێنێت؟
* ئاماژەت بە پرۆسەی تەعریب كرد، كە لە رووی كردەییەوە بەسەدان خێزانی كورد لە كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم دەركراون و عەرەبی هاوردە دەهێنرێنەوە و لە رێگەی ترس و تۆقان و رفاندنەوە، ئەگەری دەركردنی هەموو كوردێك هەیە، ئایا ئێوە لە پەرلەمانی عێراق هیچ دەسەڵاتێكتان هەیە سنوورێك بۆ ئەم پێشێلكارییانە دابنێن؟

- ئەوەی ئێستا لە كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوە روودەدات چاوەڕوانكراوە، چونكە ئەو ناوچانە بەدەست پارێزگار و عەسكەرتاریەتێك بەڕێوەدەچێت كە خەڵكی كەركووك نین و دوژمنی گەلی كوردستانن و خۆیان سەرپەرشتی بەڕێوەچوونی پرۆسەی تەعریب و كۆمەڵكوژی گەلی كوردستان دەكەن، ئەوانەی هاوكاریشیان بوون نەیانتوانیوە لەسەر بارەگاكانیان ئاڵایەكی كوردستان دابنێن، ئەوەتا لە چەندین گوندو ناوچە لە دەوروبەری كەركووك داگیركردنی زەوی و زاری كوردەكان دەستی پێكردۆتەوە، لە نزیك پردێ لەو ناوچانەی كە لە مێژووەوە جێی كورد بووە و جگە لەچەند عەرەبێكی هاوردە كە لەسەردەمی رژێمی بەعس بۆ پاراستنی بیرە نەوتەكان خاكی كوردستانیان داگیر كردووە، ئێستا هان دەدرێن و دەیانگەڕێننەوە و پێكەوەژیانی نێوان پێكهاتەكان تێك دەدەن، میلیشیاكانی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق و پۆلیسی فیدڕاڵ بە بیانووی گەڕان بەدوای تیرۆرستانی داعش ئازاری گوندنشینەكانی كورد دەدەن و بە تۆپ و فڕۆكە ناوچەكە بۆردومان دەكەن، تاوەكو بێزاریان بكەن و ناوچەكانیان چۆڵ بكەن، هەر بۆیە دەستپێكردنەوەی پرۆسەی تەعریب بە بەرنامەو نەخشەی تۆكمە دەكرێت و ئەمجارە نەك دژایەتیكردنی كورد تەنیا لەبەر نەتەوەكەی بێت، بەڵكو لەبەر مەزهەبەكەشیەتی، ئێمەش وەكو نوێنەرانی فراكسیۆنە كوردستانییەكان لەناو پەرلەمان لەسەر بودجە و پرۆسەی تەعریب و ئەو كۆمەڵكوژییەی لە دوزخورماتوو روویدا، یەكدەنگ و یەكهەڵوێست بووین، بەڵام وەكو ئاماژەم پێدا لە پەرلەمانێكدا كە پرەنسیپی پێكەوەژیان و هاوبەشی نێوان كوردو عەرەبی تێدا نەمابێت، هیچ ناكرێت چونكە دەرئەنجام هەرچی بڕیار و یاسا و پڕۆژەیەك لەدژی كورد بێت، ئەوە تێدەپەڕێندرێت، رەنگە بەهۆی فشارە نێودەوڵەتییەكانەوە جار جارە عەبادی ناچار بێت لەو پڕۆژەو بەرنامەیەی بۆ تەعریبكردنی ناوچە كوردستانییەكان دایڕشتووە، هەنگاوەكانی هێواش بكاتەوە، بەڵام مادام ئەوان لەبەغدا وەكو ستراتیژییەت سەیری تەعریب دەكەن، هەر بۆیە ئەمڕۆ نەك تەنیا مەترسی لەسەر كوردی كەركووك هەیە، بەڵكو مەترسی لەسەر بوونی كورد لە عێراقدا هەیە بە هاوشێوەی پێكهاتەی كریستیانی كە لە چەند سەد هەزار كەسێك زیاتر هیچی تر لەعێراقدا نەماوە.
* بەڵام لەگەڵ ئەوەی كەركووك بووەتە زیندانێكی گەورە و دیاردەی عەسكەرتاریەت و حەشدی شەعبی بەسەریەوە دیارە، كەچی هێشتا حزبە كوردستانییەكان نوێنەرانیان بۆ هەڵبژاردنەكانی داهاتوو لەم شارەدا هەیە، ئایا دەكرێت لە دۆخێكی وادا هەڵبژاردنێكی پاك و ئاسایی لە كەركووك بەڕێوەبچێت؟
- نەخێر، هەرگیز لە شارێكی داگیركراوی وەكو كەركووك و لەژێر زەبر و فشاری عەسكەرتاریەت و حەشدی شەعبی هەڵبژاردنێكی پاك و راستەقینە بەڕێوەناچێت، چۆن لە شارێكدا هەڵبژاردن دەكرێت كە هێشتا بارەگای پارتە كوردستانییەكان داگیركراوەو كادیرو لایەنگرانیان ئاوارەن؟ ئەوانەی ئیدعای ئەوەش دەكەن لەو شارەدان، تەنانەت ناتوانن ئاڵای كوردستان بەرز بكەنەوە، ئیتر چی بە كەركووكییەكان دەڵێن بۆ ئەوەی دەنگیان بدەنێ؟ لە كەركووك تەنیا پارتی نەكەوتۆتە بەر هێرش، بەڵكو هەرچی نیشتمانپەروەرو كەسێكی نەتەوەیی هەیە كەوتوونەتە بەر هێرش و پەلاماردان، ئەگەر چەند پارتێكی كوردستانیش لەو شارەدا كۆبوونەوەو بەیاننامەو داواكارییان لەدژی پرۆسەی تەعریب و ئەو پێشێلكارییانە دەركرد، باشە ئەمە چی لەمەسەلەكە دەگۆڕێت؟
* زۆرجار باس لە فشارو هەوڵە نێودەوڵەتییەكان دەكرێت، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندی بە بەشە بودجەی كوردستان و مافە دەستووری و یاساییەكانی گەلی كوردستانەوە هەیە، ئایا تاچەند ئومێد بەم هەوڵانە هەیە؟
- تێپەڕاندنی بودجە بێ گوێدانە ماف و داواكارییەكانی كوردستان سەلماندی كە حكومەتەكەی عەبادی نایەوێت كێشەو گرفتەكانی كورد بەپێی دەستوور و یاسا چارەسەر بكات، بەپێچەوانەوە حكومەتەكەی عەبادی دەستوور و یەكپارچەیی عێراقی كردۆتە بەهانەیەك بۆ دژایەتیكردنی كوردو لەناوبردنی فیدڕاڵییەت، ئەمەش بەفیتی وڵاتانی دەوروبەر بەڕێوەدەچێت، ئەگینا ئەوەتا هەر لە فەرەنسا و ئەمریكا و نەتەوە یەكگرتووەكانەوە بگرە تا زۆربەی رێكخراوە مرۆییەكان باس لەو گەمارۆ و سزادانەی خەڵكی كوردستان دەكەن و داوا لەعەبادی دەكەن كۆتایی بە مەینەتەییەكانی نەتەوەی كورد بهێنێت، كەچی ئەو هەر لەسەر ملهوڕی و لووتبەرزیی خۆی بەردەوامە.
* لەكاتێكدا ئێوەی نوێنەرانی كورد لە هەموو فراكسیۆنە كوردستانییەكان ئەم راستییە دەزانن، ئایا حزبەكانی خۆتان ئاگادار كردۆتەوە؟ واتە لە كاتێكدا ئەم راستییەتان ناردبێت، ئەی بۆچی لەناوخۆی كوردستاندا بڕیاری كشانەوە لە پرۆسەی سیاسیی عێراق نادرێت و هەوڵی گەڕانەوەی ناوچە كوردستانییەكان نادرێت؟
- زوڵم و پێشێلكارییەكانی بەغدا نەك لای پەرلەمانتاران، بەڵكو لای هاووڵاتیەكی ئاسایی كورد روون و بەرچاوە، ئەوەی پێگەی كوردی لە بەغدا لاواز كردووە، نەبوونی یەكڕیزی و یەكدەنگییەكی نەتەوەیی و نیشتمانییە لای هەندێك لە حزبە كوردستانییەكان، ئەگینا دوای تێپەڕاندنی بودجە باشترین كاتە بۆ كورد بۆ كشانەوە لە پرۆسەی سیاسی، كورد بەتەمای چییە لە بەغدا بودجە كەم بكرێتەوەو مووچەی فەرمانبەران بكرێتە كارتێكی سیاسی و لێدوانی رۆژنامەوانی هەفتانە و شایستە داراییەكانی هەرێم بە موستەحەقاتی جووتیارانەوە نانێرێت، ئەمە لە كاتێكدا لە ساڵی 2014وە بڕیاری خەرجكردنی بۆ دراوە، كەچی تا ئێستا پارەیان بۆ نەناردوون. چیتر نابێت رێگە بدرێت كەسانێك لەپێناو بەرژەوەندیی تایبەتی خۆی گەلی كوردستان بكەنە قوربانی و وردە وردە بمان خنكێنن. جێگای داخە دوای تاڵانكردنی ماڵ و حاڵی كوردو ئاوارەبوون و داگیركردنی كەركووك كەسانێك لە كوردستان هەبن باوەڕ بە قسەكانی عەبادی بكەن و پڕوپاگەندەی بۆ بكەن، هەر ئەمانەش بوون كە پێگەی كورد لەبەغدا لاواز بوو، چونكە كاتێك حزبەكان بە تەنیاو دوو دوو و سێ سێ سەردانی عەبادی بكەن و قسە لەسەر ناشرینكردنی ئەوی دیكە بكەن، ئەمە خاڵی لاوازی خۆیانە پێش ئەوەی ببێتە خاڵی لاوازی كورد.
* كەواتە پێویستە چی بكرێت و ئایا رێگاچارە چییە؟
- جەنابی سەرۆك بارزانی تاكە ئومێدو هیوای گەلی كوردە بۆ دەربازبوون لەو هەموو سزاو گەمارۆ و دژایەتیكردنەی عەبادی و رووبەڕووبوونەوەی تەعریب و كۆمەڵكوژی هەر بەم سەركردە نەتەوەییە دەكرێت، هەربۆیە دوژمنەكانی كوردو كوردستان زۆرترین هێرشەكانیان بۆسەر ئەم سەركردەیە بووە، چونكە بە درێژایی تەمەنی پێشمەرگایەتی هەموو بڕیارو هەنگاوەكانی بۆ بەدەستهێنانی بەرژەوەندییەكانی گەلی كورد بووە، ئەمڕۆش لەهەموو كات زیاتر هەموو ئەو حزب و لایەنە سیاسییانە و كەسایەتی و بەرپرسانەی كە لەیادی راپەرین باسی نیشتمانپەروەری و كوردایەتی و بەشداریكردنیان دەكرد لە شۆڕشی كورد، پێویستە لەدەوری ئەو سەركردەیە كۆببنەوەو چیتر ئەوەندە پەرتەوازەیی و پارچە پارچە نەبن، بەپێچەوانەوە كەسانی هەلپەرست و بەرژەوەندیخواز لەسەر حیسابی رۆڵەكانی كورد ئەوەندەی تر پێگەمان لەبەغدا لاواز دەكەن.
Top