جەبار یاوەر ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە بۆ گوڵان: پڕۆژە چاكسازییەكە سەرجەم جومگەكانی وەزارەتی پێشمەرگە دەگرێتەوە
March 14, 2018
دیمانەی تایبەت
هەوڵەكانی ئەنجامدانی چاكسازی لە نێو وەزارەتی پێشمەرگە و هاوكارییەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی بۆ هێزەكانی پێشمەرگە و گرنگیی دروستكردنەوەی بازگە و سەنتەری هەماهەنگیی هاوبەش لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و پرسی جموجووڵەكانی ئەم دواییەی داعش و چەند بابەتێكی دیكە بوونە تەوەری گفتوگۆیەكی گوڵان لەگەڵ جەبار یاوەر ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە، كە لێرەدا پوختەكەی بڵاو دەكەینەوە.تا ئێستا هاوكارییەكانی ئەمریكا بۆ وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوامە
* وەزارەتی پێشمەرگە سەرقاڵی ئامادەكردن و جێبەجێكردنی پڕۆژەیەكی چاكسازییە، كە چەندین خاڵ لەخۆ دەگرێت و پەیوەندیدارە بە هەموو جومگەكانی وەزارەتەوە، ئایا هەنگاوەكانی ئەو پڕۆژە چاكسازییە بەكوێ گەیشتووە؟
- وەزارەتی پێشمەرگە سەرقاڵی جێبەجێكردنی پڕۆسەیەكی چاكسازییە، بۆ ئەم مەبەستەش بەڕێوەبەرایەتییەكمان بە ناوی بەڕێوەبەرایەتیی چاكسازی لە وەزارەت دامەزراندووە، ئەم بەڕێوەبەرایەتییە لە ئێستادا پڕۆژەیەكی 35 خاڵی لایە و بۆ بەدواداچوونی جێبەجێكردنی پڕۆژەكەش چەند تیمێك لە ئەفسەرانی وەزارەتی پێشمەرگە پێكهێنراوە و بەپێی پسپۆڕایەتی و شارەزاییان هەریەكەو لە بوارێكی ئەو چاكسازییە كار دەكەن، بەشێوەیەكی گشتی ئەم پڕۆژەی چاكسازییە پەیوەندیدارە بە هەموو جومگەكانی وەزارەتی پێشمەرگەی كوردستان هەر لە بوارەكانی كاروباری كارگێڕی و مەشق و راهێنان و كەمئەندامان و مووچە و خانەنشینی و شێوازی جلوبەرگ، تاوەكو شێوازی پێكهێنانی هێزەكان لەخۆ دەگرێت. هەروەها ئەم پڕۆژەی چاكسازییە پەیوەستە بە هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان، واتە هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان دەگرێتەوە، چ لەناو وەزارەت بێت، یاخود لە هێزەكانی (70 و 80) بێت، لەناو پڕۆژە چاكسازییەكەشدا خاڵی گرنگ و سەرەكی بۆ یەكخستنی هەموو هێزەكانی پێشمەرگە هەیە.
* ئایا ئەمە یاساكانی چاكسازیش دەگرێتەوە كە لە پەرلەمانی كوردستان پەسەند كرا؟ ئێوە وەكو وەزارەتی پێشمەرگە چ تێبینییەكتان لەسەر یاساكە هەبوو، بەتایبەتی لەسەر مەسەلەی خانەنشینیی پێشمەرگە؟
- هەرچەندە یاسای خانەنشینی لە پەرلەمانی كوردستان پەسەند كراوە، بەڵام بەپێی ئەو ناڕەزایەتییەی خەڵكی، بەتایبەتی لەسەر ماددەی 3ی مووچەی خانەنشینی پەرلەمانتاران بڕیار دراوە یاساكە بگەڕێتەوە پەرلەمان و چاوەڕوانی ئەوە دەكەین ئەگەر ئەم یاسایە جارێكی تر هەمواركرایەوەو پەسەند كرا و لە وەقائیعی كوردستان بڵاوكرایەوە، ئەو كات بە وردەكاری و بەپێی ئەو خاڵانەی دیاریكراون و بەپێی بڕگەو ماددەكانی ئەو یاسایە ئێمە كاری پێویست ئەنجام دەدەین، دواتر كە یاسا دەردەچێت، رێنماییشی بۆ دەردەچێت، ئەگەر ئەمانە كرا، ئەوا هەرچی پەیوەندی بە هێزی پێشمەرگەی كوردستانەوە بێت، بەتایبەتی بە خانەنشینییەوە، بە وردی جێبەجێی دەكەین.
* شەهیدان بەگشتی و شەهیدانی شەڕی دژی شەڕی داعش بەتایبەتی و بێسەروشوێنەكان و بریندارەكانیان یەكێكە لەو مەسەلە هەستیارانەی كە زۆر باس دەكرێت، ئایا لەم بارەیەوە هیچ پڕۆژەو كارێكتان لەبەردەستدایە؟
- بێگومان هەرچی بكرێت و دەكرێت بۆ خانەوادەی شەهیدان بەتایبەتی شەهیدانی دژی شەڕی داعش هەر كەمە، چونكە ئەو شەهیدانە گیان و خوێنی خۆیان بەخشییە نیشتمان و وڵاتەكەیان بۆ ئەوەی خەڵكی بە ئارامی و هێمنی بژی. هەروەها ئێمە هەوڵێكی زۆریشمان داوە چارەنووسی بێسەروشوێنەكانی هێزی پێشمەرگە لەشەڕی داعشدا بزانین، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا لەسەر ئەم قارەمانانە هیچ سۆراخێكمان دەست نەكەوتووە، بەڵام ئێمە بۆ زانینی چارەنووسیان بەردەوامی بە هەوڵەكانمان دەدەین. سەبارەت بەو هەواڵەی لەسەر ئەو پێشمەرگەیە بڵاوكرایەوە كە لە زیندانەكانی عێراقەو حوكمی لەسێدارەدانی بۆ دەرچووە، ئێمەو فراكسیۆنە كوردستانییەكان لە پەرلەمانی عێراق بەدواداچوونی وردمان لەسەر ئەم دۆسێیە كردو سەردانی ئەو زیندانەشمان كردو بۆمان دەركەوت ئەم هەواڵە دوورە لە راستییەوە.
* ئایا هێزەكانی هاوپەیمانان بەتایبەتی ئەمریكا بەردەوامن لە هاوكاریكردن و یارمەتیدانی هێزی پێشمەرگە، بەتایبەتی لە بوارەكانی راوێژكاری و دابینكردنی پێداویستییەكانەوە؟
- تاكو ئێستا نەك تەنیا ئەمریكا، بەڵكو هیچ وڵاتێكیش كە هاوپەیمانە لەگەڵ ئەمریكا كۆمەك و هاوكارییەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستانیان رانەگرتووەو كەمیشیان نەكردۆتەوە، هەر لە كۆمەك و هاوكاری مەشق و راهێنانەوە تاوەكو راوێژكاری بۆ هێزەكانی پێشمەرگە و دابینكردنی هەندێ لە پێداویستییەكانی هێزی پێشمەرگە، جگە لەوەش لە پێدانی بەشێك لە مووچەی هێزەكانی پێشمەرگەش بەردەوامن.
* تا ئێستا حكومەتی عێراق بەردەوامە لە پێشێلكارییە دەستووری و یاساییەكانی بەرامبەر هەرێمی كوردستان، ئەوەی پەیوەندی بە وەزارەتی پێشمەرگەوە هەیە، مەسەلەی دابینكردنی بەشە بودجەی هێزی پێشمەرگەی كوردستانە، ئایا هیچ هەوڵێك لەمبارەیەوە دراوە بۆ ئەوەی مووچەو پێداویستییەكانی هێزی پێشمەرگە لەلایەن حكومەتی فیدڕاڵەوە دابین بكرێت؟
- لە پەیوەندی بەم پرسەوە، ئەوا لەساڵی 2007ەوە تاوەكو ئێستا- واتا ماوەی 9 ساڵە- بڕگەیەك لە بودجەی گشتی عێراقدا بە ناڕوونی جێگیر دەكرێت، لەبەر ئەوە تاكو ئێستا بە هیچ شێوەیەك هیچ بڕە بودجەیەك لەلایەن حكومەتی فیدڕاڵی عێراقەوە بۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان دیاری نەكراوە. نەك هەر بودجە تەرخان نەكراوە بۆ پێشمەرگە، بەگرە هیچ جۆرە هاوكارییەكی دیكەش، وەك مەشق و راهێنان و پێداویستییەكانی دیكە و جلوبەرگ وچەك و تەقەمەنی بۆ هێزی پێشمەرگە لەلایەن حكومەتی فیدڕاڵی دابین نەكراوە.
* ئایا لەگەڵ دەركەوتنەوەی جموجووڵەكانی تیرۆریستانی داعش و تێكچوونی ئارامی و سەقامگیریی ناوچە ئازادكراوەكانی ژێر دەسەڵاتی داعش دووبارە مەترسییەكانی داعش سەریهەڵداوەتەوە؟
- كاتێك لەلایەن عێراقەوە راگەیەندراوێك بڵاوكرایەوە، بەوەی داعش لەعێراقدا كۆتایی هاتووە، ئێمە وەكو وەزارەتی پێشمەرگەو هێزەكانی پێشمەرگە- لەسەر بنەمای ئەو زانیارییە هەواڵگرییانەی هەمانبوو- رامانگەیاند كە هێشتا داعش ماوە و كۆتایی نەهاتووە. چونكە راستە داعش بە ناو دەوڵەتە ئیسلامییەكەی لە دەست داوە و شارەكانی بەدەستەوە نەماوە، بەڵام تیرۆریستانی داعش لە زۆرێك لە ناوچەكانی موسڵ و سەڵاحەدین و دیالەو دەوروبەری كەركووك جموجوڵ و چالاكییان ماوە، ئەمەش واقیعەكەیە، لە چەند هەفتەی رابردووش چەند جارێك كردەوەی تیرۆریستیان ئەنجام داوە، كە یەكێكیان كوشتنی 27 چەكداری حەشدی شەعبی بوو لە نزیك حەویجە. كەواتە، بەڵێ تیرۆریستانی داعش ماون، ئەگەرچی ناوچەی بەرفراوانیان بەدەستەوە نییە، بەڵام لە گوند و دۆڵ و شاخەكاندا و بە بەشێوەی گرووپی بچووك بوونیان ماوە و كردەوەی تیرۆریستی ئەنجام دەدەن و تا ئێستاش مەترسییان لەسەر عێراق و هەرێمی كوردستانیش هەر ماوە.
* دیارە بوونی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بۆ پاراستنی هاووڵاتیانی ناوچە كوردستانییەكان گرنگە، ئایا هیچ هەوڵێك دراوە بۆ ئەوەی دووبارە ئەم ناوچە كوردستانییانە بە هاوبەشی لەنێوان هێزی پێشمەرگەی كوردستان و سوپای عێراقی بەڕێوەبچێت؟
- بەڵێ، ئێمە لەمبارەیەوە چەندین جار گفتوگۆمان لەگەڵ هاوپەیمانەكان، بەتایبەتی هێزەكانی ئەمریكا و فەرماندە باڵاكانیان كردووە، كە لەم دواییەدا چەندین جار سەردانی كوردستانیان كردووە و كۆبوونەوەی باڵایان لەگەڵ سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی كوردستان ئەنجام داوەو لەگەڵ وەزیری پێشمەرگە كۆبوونەتەوە، ئێمەش باسمان لەوە كردووە كە گرنگە سەنتەرەكانی هەماهەنگی و بازگەی هاوبەش و ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی پێش 2014 دابمەزرێنەوە لەنێوان هێزی پێشمەرگەی كوردستان و سوپای عێراق، بەتایبەت لە ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، بە پێچەوانەوە هەرگیز ئاسایشی ئەو ناوچانە سەقامگیر نابێت. ئێمەش لەم بارەیەوە چاوەڕوانی وەڵامی فەرمیی حكومەتی عێراقی فیدڕاڵین. چونكە پێشتر میكانیزمی ئەو جۆرە كارانە هەبووە و رێككەوتنیشی لەسەر كراوە و لەو رووەوە یاداشتی لێكتێگەیشتنمان هەیە لەنێوان ئێمەو حكومەتی فیدڕاڵیی عێراق بە ئامادەبوونی لایەنی ئەمریكی. ئەمەش رێككەوتن نییە و جۆرێكە لە كاری هاوبەش، بەڵام لەدوای ساڵی 2014وە و بەتایبەتی دوای مانگی ئازاری 2015 ئەو پرۆسەیە تاوەكو ئێستا وەستاوە، بەڵام ئێمە وەكو حكومەتی هەرێمی كوردستان بەتایبەتی وەزارەتی پێشمەرگە داوامان لە حكومەتی فیدڕاڵیی عێراق كردووە، ئەم پرۆسەیە دەست پێ بكاتەوە، ئەگەرچی تا ئێستا حكومەتی عێراق وەڵامیشی نەداوینەتەوە.
* لە سەرەتای ئەم مانگەدا هێزەكانی حكومەتی عێراق لە هەندێك ناوچە كشانەوە، ئەمەش بۆشاییەكی ئەمنی لێكەوتەوەو مەترسیی هاتنی گرووپە تیرۆریستەكانی داعشی لێكەوتەوە، ئایا هێزی پێشمەرگەی كوردستان ئامادەیە لەكاتی هێرشی داعش بەهانای خەڵكی ئەم ناوچانەوە بچێت؟
- بەڵێ، هێزەكانی حكومەتی عێراق لە هەندێك لەو ناوچانە كشانەوە، بەڵام هێزی پێشمەرگەی كوردستان بەهیچ شێوەیەك جووڵەی پێ نەكراوەو نەچووە هیچ شوێنێكیان، چونكە چوونی هێزی پێشمەرگەی كوردستان دەبێت بە رەزامەندی و هەماهەنگی بێت. بەڵام هێزی پێشمەرگەی كوردستان ئامادەیە لە هەر كاتێكدا هەڕەشە لەسەر ناوچەیەكی كوردستانی دەرەوەی هەرێم هەبێت بە كەركووك و ناوچەكانی خانەقین و جەلەولاو سەعدیەو مەخموورو شنگال و باشیك و هەرناوچەیەكی تری كوردستانی، هێزی پێشمەرگەی كوردستان ئامادەیە پارێزگاری و بەرگری لە خەڵكەكەو ناوچەكە بكات.