پەروین محەمەدئەمین ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك: لە ئێستادا كوردی كەركووك وەك دەستبەسەریان لێهاتووە

پەروین محەمەدئەمین ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك:  لە ئێستادا كوردی كەركووك  وەك دەستبەسەریان لێهاتووە
نكۆڵی ناكرێت لەو راستییە كە رەوشی ئەمنی و بگرە ژیانی ئاسایی خەڵكی كەركووك لە دوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە لە دۆخێكی خراپدایە، خەڵكێكی زۆری ئەم شارە ئاوارە بوون و ئەوانەشی كە ماوونەتەوە لە دڵەڕاوكێ و نیگەرانیدا دەژین، سەرباری هەموو ئەو ناڕەحەتی و ناهەموارییەش بڕیار دراوە كە هەڵبژاردن لەم شارەدا ئەنجام بدرێت. بۆ قسەكردن لەبارەی دوایی پەرەسەندن و پێشهاتەكانی پەیوەست بەم شارە و بۆ تاوتوێكردنی هۆكار و ئەگەرەكانی چارەسەركردنی رەوشە ئاڵۆزەكە و گێڕانەوەی ئارامی و ئاسایش بۆ ئەم شارە و چەندی پرسێكی دیكەی پەیوەندیدار گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵ پەروین محەمەد ئەمین، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك ئەنجامدا، كە لێرەدا پوختەكەی بڵاو دەكەینەوە.
* تێكچوونی دۆخی ئارامی و سەقامگیریی پارێزگای كەركووك هەڕەشەیەكی گەورە لە دانیشتووانەكەی دەكات، بەتایبەتی لە پێكهاتەی كورد، كە بەهۆی داگیركردنی ئەو شارەوە دۆخێكی عەسكەرتاریەت دروست بووە، وەكو ئەندامێكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك چۆن دەڕوانیتە ئەم دۆخە؟
- لە راستیدا دۆخی كەركووك لە رەوشێكی زۆر خراپدایە، من خۆم بەردەوام پەیوەندیم هەیە لەگەڵ خەڵكی كەركووكدا، واتە خەڵكەكە زۆر ناڕەحەت و نائاسودەیە، چونكە بە چەشنی جاران ناتوانن بە شێوەیەكی ئاسایی ژیان بەسەر ببەن، واتە ئێستا كۆت و بەندێكی زۆریان لەسەرە و وەك رابردوو ئازاد و سەربەخۆ نین. هەروەها ماوەیەك پێش ئێستا هێزەكانی حەشدی شەعبی هەڵیاندەكوتایە سەر ماڵەكان، كە ئەمەش رەفتارەكانی رژێمی پێشووی بیری خەڵكەكە دەخستەوە، واتە بە هەمان شێوەی سەردەمی رژێمی سەددام خەڵك ناڕەحەت دەكرێت و بگرە دەتوانم بڵێم لە ئێستادا كوردی كەركووك وەك دەستبەسەریان لێهاتووە. كە ئەمەش جێی داخە، چونكە ئەوە هەر پێشمەرگە بووە كە ژیانی سەرجەم پێكهاتەی شارەكەی پاراست و ئەوە پێشمەرگە بوو كە خەڵكی ئەم شارەی بە هەموو لایەنەكانەوە لە دەستی داعش پاراست، باشە ئێستا ئەوان ئاوا پاداشتی پێشمەرگە دەدەنەوە. تەنانەت پێشتر -پێش رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر- یەكێك لە عەرەبەكان لە نێو ئەنجومەنی پارێزگای كەركووكدا هاواری دەكرد كە با پێشمەرگە فریامان بكەوێت لە حەویجە. كەواتە ئەمە رەوشی شارەكەیە و ئێستاش كە باس لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەكرێت، ئەوا پێموانییە هەڵبژاردنێكی دادپەروەرانە بكرێت لەم شارەدا، چونكە خەڵكێكی زۆر ئاوارە بوون كە ناشتوانن لە ئێستادا بگەڕێنەوە، گەڕانەوەی ئەوانیش بەندە بەوەی كە ئەم هێزانەی حەشدی شەعبی شارەكە جێبهێڵن، كە ئێمە ئەم داواكارییەمان ئاڕاستەی حكومەتی ئیتیحادی كردووە و دووبارە بارەگای حزبەكان رادەستی خۆیان بكرێتەوە و دۆخی شارەكە ئارام بكرێتەوە، بۆ ئەوەی بتوانرێت ئەو هەڵبژاردنە ئەنجام بدرێت.

* حكومەتی عێراقی بانگەشەی ئەوە دەكات كە ئەو هێزانەی حەشدی شەعبی لە ناو شارەكەدا نەماونەتەوە و پاشەكشەیان كردووە، ئەوە تا چەند وایە؟
- حەشدی شەعبی لە ناو شارەكەدا ماونەتەوە، بەڵام بە جلوبەرگی پۆلیسەوە دەردەكەون، ئاشكراشە كە ئەوان دەستیان بەسەر بارەگای حزبە كوردییەكانی ئەم شارەدا گرتووە و هەروەك ئاماژەم پێكرد رەوشەكە لە كەركووك بە چەشنێكە كە تەنانەت ئەو كەسانەی هاوكار بوون لە رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەردا دەسەڵاتیان نییە و ناتوانن كوردی ئەم شارە بپارێزن، هەر لەبەر ئەوەشە كە كوردی كەركووك وەك دەستبەسەری لێهاتووە. تەنانەت ئەوان كە هاتنە ئەم شارەوە سووكایەتیان بە ئاڵای كوردستانیش كرد، لە كاتێكدا ئەمە هەڵسوكەوتی ئێمە نەبوو لەگەڵ ئاڵای عێراقدا، ئێمە هەردوو ئاڵاكەمان هەڵدابوو. هەروەها ئێمە هیچ كەموكوڕییەكمان نەبوو بەرامبەر پێكهاتەكانی دیكە، بۆ نموونە جێگیری پارێزگاری شارەكە عەرەب بوو، بە هەمان شێوە ئێمە پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگامان بۆ توركمان تەرخان كرد، بەڵام خۆیان لەسەر كەسێكی دیاریكراو رێكنەكەوتن، ئەوە بوو كاك رێبوار بە وەكالەت دانرا، كەواتە ئۆباڵەكە لە ئەستۆی ئێمە نەبوو.


* باشە پێتوانییە ئەم رەوشەی هاتۆتەئاراوە كاریگەری هەبێت لەسەر پێكەوەژیان لەم شارەدا و ئایا پێتوانییە كە رەوشە ئەمنییە نەخوازراوەكە كاریگەری لەسەر سەرجەم پێكهاتەكانی ئەم شارە هەبێت؟
- لە راستیدا زۆرینەی خەڵكی ئاسایی عەرەب و توركمان كێشەیان لەگەڵ كورددا نییە، بەڵام ئەوە هەڵوێست و هەڵسوكەوتی چەند كەسایەتییەكی سیاسی و دیاریكراوی نێو عەرەب و توركمانە كە هەڵوێستی نەخوازراویان لەبەرامبەر كورددا هەیە. دواتر رەوشی خراپی ئەمنیی ئەم شارە كاریگەری لەسەر سەرجەم پێكهاتەكان كردووە، من كەسێكی توركمان پێی راگەیاندم كە كچەكەی پزیشكە و پێشتر بە شێوەیەكی ئاسایی دەوامی خۆی دەكرد لە نەخۆشخانە و ئەگەر پێویست بوایە شەویش لە نەخۆشخانە دەمایەوە، گوتیشی: لە ئێستادا مەحاڵە بتوانم رێگەی پێبدەم، چونكە دۆخەكە جێی دڵنیایی نییە.
* باشە كە ئەمە رەوشی شارەكە بێت و هەروەك ئێوەش ئاماژەتان پێكرد كە زەمینەی ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەم شارەدا لەبار نییە، بۆچی بڕیاردراوە لەم شارەدا ئەو هەڵبژاردنانە بەڕێوە بچن؟
- من گلەییم لەو ئەندام پەرلەمانە كوردانەی خۆمانە لە بەغدا كە چۆن واژوویان كردووە لەسەر ئەوەی هەڵبژاردن بكرێت لەم شارەدا، چونكە هەروەك ئاماژەم پێكرد هیچ زەمینەیەكی لەبار نییە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەم شارەدا. تەنانەت رەوشەكە بە چەشنێكە كە خەڵكی هەست بە ئارامی و ئاسایش ناكەن، چونكە كوشتن و بڕین باڵی كێشاوە بەسەر ئەم شارەدا.


* باشە چارەسەر چییە؟ ئایا دەكرێت پێداگیری لەسەر جێبەجێكردنی ماددەی 140ی دەستوور بكەین لە كاتێكدا كە ئیرادە و ئامادەیی لەلایەن حكومەتی عێراقەوە بەدی ناكەین لەم رووەوە؟
- لە راستیدا پێشتریش ئەندامە عەرەبەكان بە ئێمەیان دەوت كە ئەم ماددەیە بەسەرچووە و جێبەجێ ناكرێت و كۆتایی هاتووە. دواتر من پێموایە هەر نەدەبوو لە بنەڕەتدا ئەم ماددەیە لە دەستووردا جێگیر بكرێت، مەبەستم ئەوەیە كە ئەم ناوچانە ناوچەی كوردین و هیچ پێویستی بەوە نەدەكرد كە ماددەیەكی تایبەتی بۆ دابنرێت. دواتر كە دانرا، بۆچی بەدواداچوونی جددی بۆ نەكرا بۆ جێبەجێكردنی؟
* دەوترێت لە كەركووك رێگە بە هەڵكردنی ئاڵای كوردستانیش نادرێت، ئەمە لە كاتێكدا كە دادگای ئیتیحادی عێراقی هیچ بڕیارێكی لە دژی بەرزكردنەوەی ئەم ئاڵایە دەرنەكردووە، ئەی بۆچی ئێستا هەڵنادرێت؟
- پرسیارەكە ئەوەیە كێ هەڵیبدات، چونكە ئێستا پارتی دیموكراتی كوردستان لەو شارەدا نەماوە، ئەو باڵەی نێو یەكێتیش كە لە شارەكەدان، خۆیان كەركووكیان رادەست كرد، ئیتر چۆن چاوەڕوانی ئەوەیان لێبكەین كە ئاڵای كوردستان هەڵبدەن؟



* باس لە جموجووڵی چەكدارانی داعش دەكرێت لە نزیك شاری كەركووك، تا چەند ئەمە مەترسیەكی ئەمنیی جددییە لەسەر ئەو شارە؟
- ئەمە راستە، خەڵكی لە دڵەڕاوكێدان و لەم رووەوە مەترسییان هەیە و نیگەرانن لەوەی هەمان چارەنووسی شاری موسڵ یەخەی ئەوانیش بگرێت.
* ئایا ئێوە وەكو ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك ناتوانن كۆبوونەوەیەكی ئاسایی رێكبخەن و بەهاوكاری هەموو پێكهاتەكانی شارەكە سنوورێك بۆ ئەم دۆخە نەخوازراوە دابنێن؟
- بۆ سازدانی كۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك دەبێت نیسابی یاسایی تەواو بكرێت. هەروەها ئەوانیش ناتوانن بە بێ سەرۆكی ئەنجومەن ئەو كۆبونەوەیە رێكبخەن. دواتر من دەمەوێت ئاماژە بەوە بكەم كە ئەوەی جێی داخە ئەوەیە كە ئەو پارێزگارەی بۆ كەركووك دانراوە، هەرچییەكی بوێت، ئەنجامی دەدات و تەنانەت خەڵكێكی زۆری غەیری كوردی هێناوەتەوە ئەم شارە و ناسنامەی بۆ كردووە.
* باشە ئەگەر حكومەتی عێراق لەسەر ئەم سیاسەت و هەڵسوكەوتانەی بەردەوام بێت، ئایا تا چەند ئەگەری ئەوە دەكرێت رەوشەكە خراپتر بێت؟
- من هیوادارام كە هەوڵ و كۆششی تەواو بخرێتەگەڕ بۆ ئەوەی ئەم دۆخە نەخوازراوە لەوە زیاتر درێژە نەكێشێت و كۆتایی پێ بهێنرێت. كە زۆر جێی داخە ئەو رەوشە لە ئارادایە، ئێستا ئەو خەڵكانەی لە كەركووكەوە ئاوارە بوون لە رەوشێكی خراپدان، تەنانەت خەڵكانێك هەن لە دوزخورماتوو كە خانووەكانیان سووتێندراوە و تەقێندراونەتەوە، كە من وێنەكانیم داوەتە نەتەوە یەكگرتووەكان. مەبەستم ئەوەیە كە ئێمەی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك لێرە ئەوەندەی پێمان كرابێت هەوڵی خۆمان داوە لەم رووەوە. بەڵام هەروەك ئاماژەم پێكرد چارەسەر لەدەستی سەركردە و بڕیاربەدەستەكاندایە، ئێمە دەبێت فریای كەركووك بكەوین، چونكە بە داخەوە دەیڵێم كە ئەگەر كار و كۆششی جددی نەكەین، ئەوا كەركووكمان لە دەست دەچێت، لەبەر ئەوە دەبێت هەموو هەوڵێك بخەینەگەڕ بۆ گەڕاندنەوەی ئەو شارە.
* ئەی چۆن لە لێدوان و بەڵێنەكانی عەبادی دەڕوانیت لەبەرامبەری كوردستاندا كە تا ئێستا لە رووی عەمەلییەوە هیچ هەنگاوێكی هەڵنەگرتووە و هیچ شتێك جێبەجێ نەكراوە، ئێوە هۆكاری ئەمە بۆچی دەگەڕێننەوە؟
- ئێمە دەبێت ئەمە گرێ بدەینەوە بە هەڵبژاردنەكانەوە، مەبەستم ئەوەیە عەبادی دەیەوێت دەنگی زیاتر لە هەڵبژاردنەكانی داهاتوودا كۆبكاتەوە.
Top