د. محەمەد خورشید بەرپرسی لقی 3ی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ گوڵان: ئەوەی لە كەركووك روودەدات وەك تاوانی رێكخراوی لێهاتووە
March 5, 2018
دیمانەی تایبەت
هەروەك ئاشكرایە لە ئێستادا پارتی دیموكراتی كوردستان، كەركووك بە شارێكی داگیركراو دادەنێت و بڕیاری داوە كە بەشداریی هەڵبژاردنەكانی ئەو شارە نەكات و نایەوێت شەرعییەت بەو داگیركارییە بدات، بۆ قسەكردن لەبارەی رەوشی ئێستای كەركووك و ئەو دەنگ و باسانەی ئاماژە بە ئەگەری تێكچوونی زیاتری رەوشی ئەمنیی ئەو شارە دەكەن، لەگەڵ چەندین پرسی دیكەی پەیوەندیدار چەند پرسیارێكمان ئاراستەی د. محەمەد خورشید بەرپرسی لقی 3ی پارتی دیموكراتی كوردستان كرد؛ لێرەدا پوختەی قسەكانی بڵاودەكەینەوە.سوپای عێراق و حەشدی شەعبی تەنیا بە حەویجەدا تێپەڕیون و رزگاریان نەكردووە
* لە ئێستادا رەوشی كەركووك چۆنە و ئەم شارە بە چ بارودۆخێكدا تێدەپەڕێت؟
- بەگشتی دۆخی پارێزگای كەركووك بەسەر سێ بەشدا دابەش دەبێت. بەشی یەكەم: سنووری ناوچە كوردییەكەیە كە لە قەزای داقوقەوە دەست پێدەكات لە ناوچەكانی كاكەیی و داویێ و تاڵەبانی و (بە پشتێنەیەكی تەواو بە دەوری شارەكە) تاكو قادر كەرەم و لەیلان و قەرەهەنجیر و شوان و ئاڵتون كۆپری و قەزای دوبز و سەرگەڕان دەگرێتەوە، كە ناوچەیەكی تەواو كوردنشینن. ئێستا ئەم ناوچە كوردنشینە بە سەربازی كراوە و سەرەتا سوپای عێراق هاتن و ئێستا هێزی پۆلیسی ئیتیحادی لەوێن، خاڵی پشكنینیان داناوە و رۆژانە كێشە و سەرئێشە بۆ خەڵك دروست دەكەن. هەروەها ئێستا پرۆسەی تەعریبكردن دەستی پێكردۆتەوە و عەرەبە هاوردەكانی پێشوو بە پاڵپشتی پارێزگاری كەركووك بە وەكالەت و بە پشتیوانی حەشدی شەعبی و حەشدی وەتەنی كە ئەویش بەشێكە لە حەشدی شەعبی، دەیانەوێت بێنە ئەو ناوچانە، ئەم حاڵەتە سەرەتا لە گوندی پەلكانەی سەربە سەرگەڕان روویدا و دواتر ناوچەكانی دوبزیشی گرتەوە، ئێستاش تەواوی ناوچەی نێوان پردێ تا كەركووك- ئەو ناوچەیەی پێی دەڵێن ساڵەیی و بیبانی- كەوتۆتە بەر ئەو داواكارییانە كە رۆژانە عەرەبەكان دێن لە دادگای پردێ و بەڕێوبەرایەتی كشتوكاڵی پردێ داوای زەوی دەكەن. هەفتەی رابردوو ئەم حاڵەتە سنووری شوانیشی گرتەوە، واتە ناحیەی رێدار، هەروەها ناوچەی لەیلانیش.
- بەشی دووەم: پەیوەستە بە ناو شارەوە كە دۆخێكی نائاسیی داسەپاو هەیە، گەڕەكە عەرەبی و توركمانییەكان چەكدارن، واتە بە ناوی حەشدی شەعبی و حەشدی وەتەنی چەكدار كراون، ئەمە لە كاتێكدا كە گەڕەكە كوردییەكان چەككراون و كەس بۆی نییە چەكی هەبێت لە ماڵەوە. ئەمەش بۆتەهۆی ئەوەی دزی و تاڵانی و رفاندنی منداڵ و ئافرەت لە رووداوەوە ببنە دیاردە، بە چەشنێك رەنگە بتوانین پێی بڵێین تاوانی رێكخراو – جریمە منڤمە-ـ تەنانەت شەوانە هەڵكوتنەسەر ماڵان هەیە، بە تایبەتی لەو گەڕەكە كوردیانەی تاوەكو پێش خیانەتەكەی 16ی ئۆكتۆبەر گەڕەكی زۆر ئارام بوون، وەك رەحیماوە و مامۆستایان و شۆریجە و ئیمام قاسم و باروتخانە.
بەشی سێیەم: ناوچەی عەرەبنشینە كە لە سنووری قەزای داقوقەوە دەستپێدەكات، لە گوندی ئەبو محەمەد و ئەبو نەجمەوە دەست پێ دەكات تا ناحییەكانی غێدە و عەباسی و مولتەقاو رەشادو ریاز و ناوەندی قەزای حەویجە، دەمەوێت ئاماژە بەوەش بكەم كە تەنیا ناوەندەكانی شارو قەزاو ناحیەكان بەدەست هێزە عێراقییەكان و حەشدی شەعبییەوەیە، ناوچەكانی دیكە بە تەواوەتی لە ژێر هەژمونی گرووپە چەكدارە جیاوازەكانەوەن، كە دیارترینیان چەكدارەكانی تیرۆریستانی داعشن. كە بە شەو و رۆژ پێكدادان لە نێوان ئەو چەكدارانە و سوپای عێراق و پۆلیسی ئیتیحادی روودەدات.
* ئایا ئەو گرووپەی هاوكاری هاتنی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق بوو، هیچ دەسەڵاتێكی نییە تاوەكو هاووڵاتیانی كورد بپارێزێت؟
- كوردستانییان بە گشتی هیچ دەسەڵاتێكیان نییە، تەنانەت ئەگەر كارمەندی حكومەتیش بن، بۆ نموونە، بەڕێوەبەری پۆلیسی كەركووك، كە بە ناو عەمێدێكی سەر بە یەكێتیی نیشتیمانییە، رێگەیان پێنەدا بە كوردی قسە بۆ كەناڵەكانی راگەیاندن بكات. كەواتە ئەو گرووپەی خیانەتیان كرد و ئەو بەدبەختییەیان بەسەر كورد و كەركووكدا هێنا و خۆیان ریسوا كرد، ئێستا خۆشیان بۆیان نییە چەكیان پێ بێت و لە ماوەی رابردوودا پسولەی چەكیان بۆ كردوون.
* ئەو دەنگۆیانەی باس لە هێرشی چەكداریی داعش بۆ سەر كەركووك دەكات، تا چەند راستن؟ ئایا ئەگەر رەوشەكە بەم ئاراستە مەترسیدار و نائارام و ناسەقامگیرییەدا بڕوات، دۆخەكە چی بەسەر دێت؟
- سەرەتا دەمەوێت ئاماژە بەوە بكەم كە ئەوەی لە ئۆپەراسیۆنی حەویجەدا روویدا، رزگاركردنی ئەو شارە نەبوو، بەڵكو تەنیا تێپەڕبوون بوو بە حەویجەدا بۆ ئەوەی بێن رەشاد و ریاز و ئەو خیانەتكارییە جێبەجێ بكەن كە لەگەڵ گرووپە خیانەتكارەكەدا لەسەری رێككەوتبوون. كەواتە ئەو ناوچانە پاك نەكراونەتەوە و داعش هەر لە شوێنەكانی خۆیەتی. هەروەها بە پێی ئەو دۆكیۆمێنتانەی لەبەردەستی ئێمەدان، حكومەتی عێراق لە 1ی مانگی شوبات نووسراوێكی ئاراستەی پۆلیسی كەركووك كردووە كە هۆشداری دەدات لەوەی هێزەكانی داعش ئۆپەراسیۆنێكی گەورە دەكەن لە شاری كەركووك، ئەوە بوو لە 11ی شوبات هێرشیان كردە سەر سوپای عێراق و چەند كەسێكیان لێ كوشتن. بەڵام شەڕە گەورەكە لە ناحیەی ریاز روویدا و و دەقاودەق لەسەر پردی گوندی ئەل سەعدونییە بوو، كە دوو ئۆپەراسیۆنی هاوكات بوو، یەكێكیان كەمین بوو، ئەوی دیكەیان هێرشبردن بوو، كە بە پێی راگەیاندنی حەشدی شەعبی، هێرشبەرەكان 27 ئەندامی حەشدیان رفاند و دواتر كوشتیانن و نزیكەی 30 كەسیشیان لێ بریندار كردن، لە دوای ئەو رووداوە حەشدی شەعبی لەو ناوچەیە كشایەوە، بە كشانەوەی حەشدیش پۆلیسی ئیتیحادی نەیتوانی بمێنێتەوە، كەواتە ئێستا ئەو سەنگەرانەی پێشتر كەركووكی لێ دەپارێزرا لەبەرامبەر داعشدا، واتە میحوەری باشوور و میحوەری رۆژئاوای كەركووك، ئێستا چۆڵ كراون. واتە ئێستا ئەو ناوچەیە، ناوچەیەكی كراوەیە بۆ داعش. هەر لەبەر ئەمەش كە حكومەتی عێراقی جارێكی دیكە لە دوای 20ی شوباتەوە ئاگاداری داوە كە داعش هێرش دەكاتە سەر كەركووك و دەبێت هەموو كەس ئاگادار بن و دوانووسراویشیان لە 24ی شوباتە كە باس لەوە دەكات داعش بە نیازی ئەنجامدانی هێرشێكی گەورەیە بۆ سەر كەركووك، ئەمەش ترس و دڵەڕاكێیەكی زۆری لە نێو خەڵكی كەركوودا دروست كرد، كە بە داخەوە پۆلیسی ئیتیحادی و هێزەكانی دژەتیرۆر لە كەركووك لەبری ئەوەی بەرەو باشووری شارەكە بچن و ئەو هێڵە بپارێزن، ئەوا چەند رۆژێكە لە نێوان پردێ بۆ رێدار و لە رێدار بۆ كۆچەك – كە ناوچەی كوردنیشین و هیچ كێشەیەكیان نییە- كەوتوونەتە سەنگەرلێدان.
* ئێستا باس لەوە دەكرێت كە كێشەكان بە گفتوگۆ لەگەڵ عێراق چارەسەر بكرێت، ئایا پێتانوایە تا چەند حكومەتی عێراق لە هەنگاوهەڵگرتن بۆ گەیشتن بە رێگاچارەیەك بۆ كێشەكان جددی بووە؟
- لە راستیدا ئەوەی تێبینی دەكرێت ئەوەیە كە لە دوای 20ی ئۆكتۆبەرەوە، واتە دوای شەڕەكەی پردێ و مەحموودیە كە سوپاس بۆ خوا هێزی پێشمەرگە پێشڕەوی سوپای عێراقی راگرت، ئەوەی حكومەتی عێراق كردوویەتی، تەنیا لێدوان بووە و هیچ هەنگاوێكی عەمەلی هەڵنەگرتووە، ئیدی لە پەیوەندی بە مووچەوە بێت، یان كردنەوەی فڕۆكەخانەكان، یاخود كردنەوەی رێگاكان بێت، ئەمە بۆ كەركووكیش راستە، واتە تا ئێستا حكومەتی عێراقی هیچ نەرمییەكی نەنواندووە بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووك. بۆ نموونە لە دوای 16ی ئۆكتۆبەرەوە هەموو بارەگاكانی پارتی دیموكراتی كوردستان لەو شارەدا داگیركراوە و بەدەستی حەشدی شەعبی و حەشدی وەتەنی و سوپاوەیە و هیچی نەگەڕێندراوەتەوە، دواتر حكومەتی عێراق رایدەگەیەنێت كە هیچ هێزێكی حەشدی شەعبی لە ناو كەركووكدا نەماوەتەوە، كەچی كاتێك تەقینەوەیەكی خۆكوژی كرا، وتیان بارەگای «عصائب اهل الحق»ی كردۆتە ئامانج كە لە بنەڕەتدا ئەوە بارەگای پارتی گەلی توركمانی بوو. كەواتە تا ئێستا حكومەتی عێراق هەر بە لووتبەرزییەوە مامەڵە دەكات.
* بۆچی هەموو هێرش و پەلاماردانەكان بۆ سەر كادیر و لایەنگرانی پارتی دیموكراتی كوردستان و بارەگاكانی پارتییە، لەكاتێكدا بارەگای پارتەكانی دیكە داگیر نەكراوە و نەسووتێنراون؟
- لە راستیدا ئەوان هەموو نیشتمانپەروەرانی كوردستانیان كردۆتە ئامانج و تەنیا ئەو بەرەیە ناكانە ئامانج كە دەستی لەگەڵدا تێكەڵ كردون. دواتر ئەوان داخێكی قورس و گران لە دڵیاندا ماوەتەوە بە هۆی شەڕی پردێ و مەحموودییەوە كە هێزی پێشمەرگەی كوردستان بە سەركردایەتی سەرۆك بارزانی كردی. هەروەها لە ئێستادا پارتی دیموكراتی كوردستان بۆتە سەرقافڵەی نیشتمانپەروەرێتی، بۆیە بۆتە ئامانجی سەرەكی. هەروەها ئەوە پارتی بوو كە لە پشت سەركەوتنی ریفراندۆمەوە بوو لە كەركووك، ئەوە بوو پەرەسەندنی بیری نەتەوەیی و پارتی لە ناو كەركوودا ترسی لای باڵی خیانەتكار دروست كرد، كە تەنانەت كار گەیشتە ئەو راددەیەی كە لە كەركووك چاوساغیی بۆ حەشدی شەعبی و سوپای عێراق بۆ سەر ماڵە پارتییەكان بكەن.
* بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا بوونی یەكڕیزی و یەكدەنگی بۆ كۆتاییهاتن بە سزاو گەمارۆ و دژایەتیكردنی كوردی كەركووك و رێگرتن لەتەعریبكردنی تەواوی ئەو ناوچانە پێویستە، ئایا بۆ ئەو یەكڕیزی و یەكدەنگییە چیتان كردووە؟
- ئامۆژگاری سەرۆك بارزانی بۆ ئێمە وەكو لقی كەركووك ئەوە بووە پەیوەندیمان لەگەڵ هەموو حزب و لایەنە سیاسییەكان و لایەنە ئیدارییەكان رێكبخەینەوە، ئەمە بە مانای ئەوە نییە كە پێشتر رێكنەخرابوو، بەڵام ئاراستەكە ئەوە بوو كە زیاتر رێكبخرێتەوە و پتر بەرەوپێش ببردرێت، چونكە پێشتر هەندێ حاڵەتی تایبەتی رووی دابوو. ئەوە بوو ئێمە پەیوەندییەكانمان لەگەڵ سەرجەم لایەنە سیاسییەكان و هەروەها ئیدارەی كەركووكیش بەرەوپێش برد كە تا ئێستاش بەردەوامیی هەیە.
* لەگەڵ نزیكبوونەوەی وادەی هەڵبژاردنەكانی عێراق پرسی هەڵبژاردنەكانی كەركووك مشتومڕێكی زۆری لەسەر دەكرێت، ئایا لەشارێكدا كە دۆخی ئارامی و سەقامگیرییەكەی بەمشێوە مەترسیدارە بێت و عەسكەرتاریەت بەسەریدا زاڵ بێت، چۆن هەڵبژاردن ئەنجام دەدرێت؟
- ئەوەی پەیوەست بێت بە هەڵبژاردنەكانی كەركووكەوە، ئەوا دۆخەكە لەم شارەدا چۆتە بارێكی تایبەتەوە و تەنانەت حكومەتی عێراق فشارێكی زۆری دروست كردووە بۆ ئەوەی دەنگەكان بە شێوەیەك دابەش بێت كە ئەمجارەیان كورد لە كەركووك زۆرینە نەبێت، خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەریش هۆكارێكی سەرەكی بوو بۆ بەرەوپێشچوونی ئەو فیكرەیە. خۆ ئەگەر پرسیاری ئەوەش بكرێت كە باشە ئەی بۆچی پارتی بڕیاری بەشدارینەكردنی لە هەڵبژاردنەكانی ئەم شارەدا؟ ئەوا لەبەر ئەوەیە كە پارتی دیموكراتی كوردستان كەركووك بە شارێكی داگیركراو دەزانێت، چونكە شەڕ كراوە و لەم پێناوەدا ئێمە شەهیدمان داوە. دواتر بارەگاكانی پارتی لەو شارەدا داگیركراون، بۆ نموونە لە ئێستادا بارەگای دژەتیرۆر و فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی كەركووك لە نێو بارەگای ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستانە، بارەگای لقی سێ لە ئێستادا حەشدی شەعبی تێدایە، ئەمە بۆ شوێنەكانی دیكەی كەركووكیش راستە، ئێ باشە چۆن دەكرێت داوا لە حزبێك بكرێت كە بەشداری لە هەڵبژاردنەكانی شارێكدا بكات، كە بارەگاكانی داگیركرابن و ئەندامەكانی نەتوانن بە ئازادی بانگەشە بكەن؟
* باشە ئەی رەوشی ئاوارەكانی كەركووك چۆنە و ئایا چۆن لە دۆخی ئەو خەڵكە لێقەوماوانە دەڕوانن؟
- من سەرەتا دەمەوێت ئاماژە بە ژمارەی ئاوارەكانی شاری كەركووك و دەوروبەری بكەم لە شاری هەولێر، كە بە دڵنیاییەوە بەشێكی دیكەی ئەو ئاوارانە لە شارەكانی دیكەی كوردستان نیشتەجێن، بەڵام ئەوەی لە هەولێردا هەن و بەپێی دەزگاكانی تایبەت بە ئاوارەكان، ئەوانەی روویان لە هەولێر كردووە لە سەرووی 11500 خانەوادەن. كە من لێرەدا بە پێویستی دەزانم سوپاسێكی زۆری سەرجەم چین و توێژەكانی شاری هەولێر بكەم، كە پێشوازییەكی تایبەتیان لە ئاوارەكانی كەركووك كرد و هاوكارییەكی زۆریان كردوون، بەتایبەتی لە رۆژانی یەكەمدا. هەرچەندە حكومەتی هەرێمیش لە رووی داراییەوە لە دۆخێكدا نییە كە كەس حەسوودی پێ بەرێت، لەگەڵ ئەوەشدا بەپێی توانای بەدەمەوەچوونی هەبووە بۆ پێداویستیی ئاوارەكان و تا ئێستا 6،000 خانەوادە هەر یەكەیان 200 لیتر نەوتیان پێدراوە و هەندێ هاوكاریی دیكەش كراون. لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە گلەییمان هەیە لە هەندێ دەزگای ئیداری لە هەولێر بەتایبەتی لە كۆمەڵگەی ئاشتی 2، كە گیروگرفتی زۆریان بۆ ئاوارەكانی ئێمە دروست كرد، كە دەیانویست لە خانووەكانی ئەو كۆمەڵگەیەدا نیشتەجێ بن، لە كاتێكدا ئەو خانووانە چۆڵ بوون و ئەو خەڵكەش لە بەدبەختی خۆی ئاوارە ببوو. هەروەها گرفتی گەورەمان بریتی بوو لە قوتابییەكانی زانكۆ و گلەیی زۆرمان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا هەیە، كە بە داخەوە ئامادە نەبوو بۆ یەك چركەش گوێ بۆ قوتابییەكی ئێمە بگرێت و بە دەنگ داواكارییەكانییەوە بچێت، واتە بەداخەوە د. یوسف گۆران كە خۆی كەركووكییە و هاوڕێمە، دەبوو بەر لە هەموو كەس ئەو بهاتایە بە دەم داواكارییەكانی ئێمەوە، بەڵام تەنانەت تەلەفۆنیشمان بۆ كرد، وەڵامی نەداینەوە، لەبەر ئەوە ئێمە گلەیی قورسمان لە د. یوسف گۆران هەیە، كە نەدەبوو بەو شێوەیە مامەڵەی لەگەڵمان بكردایە و ئەمە جێی نیگەرانی ئێمەیە و هیوادارم جارێكی دیكە ئەو وەزارەتە ئەو هەڵە زەقە بەرامبەر هیچ ئاوارەیەكی دیكە نەكات.