جەیمس فاروێڵ شارەزای كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ گوڵان: ئەگەر ئاشتەوایی نیشتمانی لە عێراقدا نەكرێت، زەمینەی سەرهەڵدانەوەی گروپی هاوشێوەی داعش دروست دەبێتەوە

جەیمس فاروێڵ شارەزای كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ گوڵان: ئەگەر ئاشتەوایی نیشتمانی لە عێراقدا نەكرێت، زەمینەی سەرهەڵدانەوەی گروپی هاوشێوەی داعش دروست دەبێتەوە
جەیمس فاروێڵ توێژەرە لەئامۆژگای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پێشتر لە نووسینگەی جێگری وەزیری بەرگری كاری كردووە و راوێژ و راسپاردەی داوە بە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە تایبەتییەكان و راوێژكاری سیاسی جۆن مەككەین بوو لە كاتێكدا كە پاڵێوراو بوو بۆ هەڵبژاردنە سەرۆكایەتییەكەی ئەمریكا. هەروەها توێژەر بووە لە بەشی دیراساتی شەڕ لە كۆلێژی پاشایەتی لە لەندەن. جەیمس فاروێڵ شارەزای كاروباری چەند وڵاتێكە، وەك پاكستان، یەمەن، لوبنان سووریا و عێراق. بۆ شرۆڤەكردنی ئەو بارودۆخەی لە ئێستادا باڵی كێشاوە بەسەر ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەتایبەتی لە هەردوو وڵاتی عێراق و سووریادا، گۆڤاری گوڵان لە میانەی دیمانەیەكدا چەند پرسیارێكی ئاڕاستەكردو ئەویش بەم شێوەیە بیروبۆچوونەكانی خستەڕوو.
* هەروەك ئاشكرایە لەئێستادا بارودۆخێكی سەخت و دژوار رووبەڕووی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆتەوە، وڵاتانی ئەم ناوچەیە بەگشتی و وڵاتگەلێكی وەك عێراق و سووریا بەتایبەتی بە بارودۆخێكی پڕ لە گرفت و كێشەدا تێدەپەڕن، بۆچوون و تێڕوانینی ئێوە چییە لەم رووەوەو چۆن لە بارودۆخەكە دەڕوانن؟
- بێگومان ئەوەی بەدی دەكرێت ئەوەیە كە چەند لایەنێك هەن و هەر یەكێك لەو لایەنانەش ئەجێندا و كارنامەی جیاواز و تایبەت بە خۆی هەیە، هیوا و ئومێدی ئێمەش ئەوەیە كە بتوانن زاڵ بن بەسەر جیاوازییەكانیاندا بۆ ئەوەی بتوانن سەقامگیری بەدەست بهێنن كە ئەمە بۆتە خەون و ئاواتی خەڵكی ناوچەكە. مەبەستم ئەوەیە سەرەڕای جیاوازییە سیاسییەكان، بتوانن پێكەوە كاربكەن بۆ گەیشتن بە كۆدەنگییەك بۆ ئەوەی ببنەوە بە نەتەوەیەكی بەهێز، كە ئەمەش ئەركێكی قورس و دژوارە، چونكە ئاشكرایە كە لێكدابڕان و دابەشبوونێكی زۆر لەئارادایە.
* ئێوە باستان لەو ئاستەنگ و دژوارییە كرد كە رووبەڕووی ئەم كۆمەڵگەیانە دەبنەوە لە گەیشتن بە كۆدەنگی و لە توانای پێكەوەكاركردن، پرسیارەكە ئەوەیە ئایا هۆكارە سەرەكی و بنەڕەتییەكانی ئەم حاڵەتە چییە؟ ئایا تەنیا هۆكارە ناوخۆییەكانن، یاخود دەستتێوەردانە دەرەكییەكان رێگرن لە گەیشتن بەم كۆدەنگییە؟
- ئێوە لە پرسیارەكەتاندا ئاماژە بە دەستتێوەردان دەكەن، كە پێموانییە بەكارهێنانی دەستەواژەی دەستتێوەردان زۆر بە وردی وەسفی حاڵەتەكە بكات، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندی بە وڵاتی عێراقەوە هەیە، مەبەستم ئەوەیە حكومەتی عێراق خۆی بە رەسمی داوای هاوكاری و پشتیوانی هاوپەیمانەكانی كرد بۆ ئەوەی یارمەتی بدەن لە بەرەنگاربوونەوەی ئەو پەرەسەندنانەی كە لەو وڵاتەدا هاتنەئاراوە. واتە لەسەر داوای خۆی ئەو پاڵپشتییەی بۆ دەستەبەر كرا. ئەوەی پەیوەندی بە وڵاتی سووریاشەوە هەبێت، ئەوا چەندین لایەنی جیاواز هەن كە هەر یەكە كارنامە و ئەجێندای خۆی هەیە، مەبەستم ئەوەیە ناتوانین لە یەك روانگەوە لە سەرجەم وڵاتانی ناوچەكە بڕوانین، بەڵكو دەبێت هەر یەكەیان لە سیاق و هەلومەرجی خۆیدا هەڵبسەنگێنرێت. ئەوەی پەیوەست بێت بە هاوپەیمانەكانەوە، بەتایبەتی ئەمریكا، ئەوا هەوڵ و كۆششێكی زۆریان كردووە بۆ گێڕانەوەی سەقامگیری بۆ ئەو وڵاتانە و بۆ تێكشكاندنی داعش- كە رێكخراوێكە دەستی لە كۆمەڵكوژیدا هەیە-، چونكە داعش هەڕەشەیەكی مەترسیدار بوو، لە ئێستاشدا هەر وایە، لەسەر هەموو لایەنێك لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. كە پێموایە پێویستە هەوڵەكان بەم ئاڕاستەیە چڕبكرێنەوە. بە تێڕوانینی من ئەمە هاوكارییەكە كە لە ئێستادا حكومەتی عێراق پێویستی پێیەتی بۆ تێكشكاندنی داعش.


* ئێوە جەختتان لەسەر ئەوە كردەوە كە پێویستە هەوڵەكان بە ئاڕاستەی لەناوبردن و تێكشكاندنی داعش چڕبكرێنەوە، بەڵام پێتانوانییە كە پێویستە هەوڵ و هەڵمەتە سەربازییەكان هاوشان بن بە خستنەگەڕی هەوڵە سیاسییەكان و خستنەڕووی دەستێپشخەری بۆ چارەسەركردنی ئەو هۆكارە بنەڕەتی و ریشەییانەی كە لە سەرەتادا بوونە هۆی سەرهەڵدانی گروپێكی وەك داعش؟ ئایا ئەگەر ئەمە نەكرێت سەركەوتنە سەربازییەكان لەرزۆك و كورتخایەن نابن؟
- بەڵێ، من هاوڕام لەگەڵ ئەم تێڕوانینەدا، چونكە لە بنەڕەتدا و لە كۆتاییدا گێڕانەوەی سەقامگیری بۆ ناوچەكە بەهۆی چارەسەری سیاسییەوە دێتەئاراوە. بۆ نموونە لە عێراقدا، هۆكار و زەمینەی دروستبوونەوەی داعش لە ئارادا دەبن، ئەگەر ئاشتەوایی نیشتمانی لەم وڵاتەدا نەكرێت. كەواتە ئەوەی ئێوە لە پرسیارەكەتاندا ئاماژەتان پێكرد، تەواو راستە.
* ئایا پێتوایە پێویستە ئەو رێككەوتنە سیاسییە درێژخایەنە چۆن بێت بۆ ئەوەی بتوانێت سەقامگیرییەكی راستەقینە و پتەو دەستەبەر بكات لەم وڵاتانەدا؟ بۆ نموونە ئایا دەبێت رێككەوتنی هاوبەشیكردنی دەسەڵات لەخۆبگرێت؟
- لە راستیدا من ناتوانم وەڵامی ئەم پرسیارە بدەمەوە، چونكە ئەمە پرسێكە دەبێت خەڵكی ئەم وڵاتانە خۆیان یەكلای بكەنەوە و خۆیان بڕیار بدەن كە ئایا چ جۆرە چارەسەرێكی سیاسی دەگرنەبەر. واتە من خۆم لە پێگەیەكدا نابینم كە بتوانم پێشنیار و راسپاردەم هەبێت بۆ ئەوەی گەلی عێراق چۆن بڕیار لەم بارەیەوە بدەن، ئەمە بەرپرسیارێتی خودی عێراقییەكان خۆیانە.
* ئەی پێتوانییە هەوڵەكانی سەقامگیركردنەوە لەدوای تێكشكاندنی داعش لە هەردوو وڵاتی عێراق و سووریادا پێویستی بە مانەوەی درێژخایەنی هێزە سەربازییەكانی ئەمریكایە لەم دوو وڵاتەدا هەیە؟
- من ناتوانم پێشبینی ئەوە بكەم كە لە داهاتوودا روودەدات، بەڵام دەبێت سەرەتا چاوەڕێی ئەوە بكەین ئایا چەند هەوڵەكانی ئاشتەوایی و سەقامگیركردنەوە ئەنجامیان دەبێت، دواتر ئەمەش بڕیارێكە پەیوەستە بە حكومەتی عێراقیشەوە، كە من نازانم ئایا هەڵوێستی ئەم حكومەتە چۆن دەبێت لەو رووەوە.
* هۆكاری ئەم پرسیارەمان بۆ ئەوە بوو كە ئێمە بینیمان لە دوای كشاندنەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق لە ساڵی 2011 بارودۆخە ئەمنی و سیاسییەكە بە ئاقارێكی خراپدا رویشت و سەرەنجام بۆشایی ئەمنی دروست بوو و گروپی توندڕەو و تیرۆریستی وەك داعش دروست بوون، ئایا پێتوایە بۆ رێگریكردن لە دووبارەبوونەوەی ئەم سیناریۆیە دەبێت ئەمریكا بەشێك لە هێزەكانی لە عێراقدا بهێڵێتەوە؟
- من كاتی خۆی ئەم بڕیار و هەنگاوەم پێ هەڵە بوو، مەبەستم لە بڕیاری هاوبەشی ئەمریكا و عێراق بوو بۆ كشاندنەوەی هێزەكانی ئەمریكا لەو وڵاتەدا، چونكە باوەڕم وایە دەكرا رێگری لە كارەساتی سەرهەڵدان و هەڵكشانی داعش بكرێت، ئێساش پێموایە دەكرێت ئەمریكا درێژە بە بوونی خۆی لە عێراقدا بدات، ئەوەش دەبێت درێژەپێدانێكی بنیادنەرانە بێت و لەسەر خواستی حكومەتی عێراق بێت.
* پێتوایە سیاسەتی ئیدارەی ترەمپ لە ئاست عێراق و سووریادا لە دوای تێكشكاندنی داعش چۆن دەبێت؟ ئایا پێتوایە پتر خۆی لە تێوەگلان لە كاروباری ئەم دوو وڵاتە بەدوور دەگرێت، یاخود پابەند دەبێت بە كاركردن بۆ هێنانەدی سەقامگیری تێیاندا؟
- لە راستیدا من ناتوانم لە بری ئیدارەی ئەمریكا قسە بكەم و ناشتوانم پێشبینی ئەوە بكەم كە ئایا چ سیاسەتێك دەگرێتەبەر لەم رووەوە، پێموایە دەبێت ئەم پرسیارە رووبەڕووی بەرپرسانی ئیدارەی ئەمریكا خۆیان بكەنەوە.
* با پرسیارەكە بە شێوەیەكی دیكە بكەین، زۆرێك لە شرۆڤەكاران دەڵێن ئەمریكا خۆی لە كاروباری ناوچەكە بە دوور گرتووە و لە دەرئەنجامدا بۆشایی جێهێشتووە كە هێزە جیهانی و ئیقیلمییەكانی وەك رووسیا و ئێران سوودیان لێوەرگرتووە، ئایا ئەمە تا چەند شرۆڤەكردنێكی وردو دروستە؟
- لە راستیدا ئەوەی من دەتوانم بیڵێم لەم بارەیەوە ئەوەیە كە بە بەراورد بە ئیدارەی پێشووتر ئیدارەی سەرۆك ترەمپ لە ئێستادا هەوڵ و كۆششی سەختتری خستۆتەگەڕ لە شەڕی دژ بە داعش و پتر لەسەر تێكشكاندنی ئەو رێكخراوە پێداگیری دەكات.
* ئایا دەستتێوەردان و دەستڕۆیشتوویی هەردوو وڵاتی رووسیا و ئێران لە سووریادا نەبۆتە هۆی ئەوەی هیچ چارەسەرێكی سیاسی لەو وڵاتەدا بە بێ بەشداری و رەزامەندیی رووسیا و ئێران نەكرێت؟
- ئاشكرایە كە دەستتێوەردانی رووسیا لەسووریادا بۆتە هۆی ئەوەی بە شێوەیەكی حەتمی رووسیا ببێتە لایەنێك لە هەر گفتوگۆ و دانوستاندنێك لە بارەی قەیرانی سووریاوە، ئەوەی پەیوەندی بە ئێرانیشەوە هەبێت، ئەوا دەبێت چاوەڕێ بكەین و ببینین ئایا دەستڕۆیشتوویی ئێران لەو وڵاتەدا بە چ بارێكدا دەشكێتەوە.
* باشە پێتانوانییە ئێران پتر كاریگەرو دەستڕۆیشتووترە لە ناوچەكەدا بەراورد بە رووسیا، بەتایبەتی كە ئێمە دەزانین ئێران تەنها لە وڵاتی سووریادا دەستڕۆیشتوو نییە، بەڵكو هێزێكی كاریگەرە لە عێراق و لوبنان و یەمەنیشدا؟
- من هاوڕا نیم لەگەڵ ئەو لێكدانەوەیەدا كە پێی وایە ئێران سوودمەندی سەرەكییە لەو بارودۆخ و پەرەسەندنەی لەئارادایە، بەتایبەتی كە ئێمە دەبینین سەرۆك وەزیرانی عێراقی هەوڵی بەهێزكردنی سەربەخۆیی وڵاتەكەی دەدات لە ئاست ئێراندا. دواتر نكۆڵی لەوە ناكرێت كە ئێران بەرژەوەندی خۆی هەیە و هەوڵی بەدیهێنانیان دەدات، كە مەرجیش نییە لە بەدیهێنانیاندا سەركەوتوو بێت. بەڵام هەروەك ئاماژەم پێكرد ئەوەی پەیوەندی بە دەستڕۆیشتوویی ئێرانەوە هەبێت لە سووریادا، ئەوا دەبێت چاوەڕێ بكەین، چونكە پێشبینیكردنی رەوتی رووداو و پەرەسەندنەكان كارێكی زەحمەتە.
* هەر لە پەیوەندی بە ئێرانەوە دەمانەوێت بپرسین ئایا پێتوایە ئیدارەی ترەمپ تا چ راددەیەك كۆشش و گوشارەكانی چڕدەكاتەوە لەسنووردانان بۆ كاریگەریی ئێران لە ناوچەكەدا، بەتایبەتی ئەگەر ئێوە ئەوە لەبەرچاو بگرین كە بەرپرسە باڵاكانی ئیدارەی ئەمریكا بە خودی سەرۆك ترەمپ خۆیەوە هەمیشە ئێران تۆمەتبار دەكەن بەوەی هەوڵی ناسەقامگیركردنی ناوچەكە دەدات؟
- هەروەك پێشتریش ئاماژەم پێكرد، لە ئێستادا تەركیزی ئیدارەی ئەمریكا لە سەر تێكشكاندنی داعشە.
* وەك دواپرسیار ئایا گەشبینیت بە باشتربوونی بارودۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، یاخود پێتوایە ناسەقامگیری و نائارامییەكان بەردەوام دەبن؟
- من زۆر گەشبینم لە بارەی عێراقەوە، پێموایە خەڵكی عێراق لێوەشاوەن و خاوەن توانا و وزەیەكی زۆرن و دەتوانن بگەنە چارەسەرێك بۆ گێڕانەوەی سەقامگیری و گەشەپێدانی وڵاتەكەیان. ئەوەی پەیوەندی بە سووریاوە هەبێت، ئەوا دۆخەكە ئاڵۆزترە، لەبەر ئەوەی چەندنی لایەن تێوەگلاون، لەگەڵ ئەوەشدا ئومێد دەكەم خەڵكی ئەو وڵاتەش بتوانن سەقامگیری و ئارامی و ئاوەدانی بۆ وڵاتەكەیان بگەڕێننەوە.
Top