خەسرۆ گۆران بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی بۆ گوڵان: كە بایكۆتی پرۆسەی سیاسیمان نەكرد، دەبوو بە یەك لیست بەشداریی هەڵبژاردنەكانمان بكردایە
February 6, 2018
دیمانەی تایبەت
دوای یەكلابوونەوەی پرسی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی عێراق و دیاریكردنی وادەیەك بۆ ئەو هەڵبژاردنانە، پرسی بەشداریكردنی لیستە كوردستانییەكان قسە و باس و مشتومڕ و پرسیاری زۆر هەڵدەگرێت، ئایا چەند پێویست بوو كورد بە یەك لیستی هاوبەش بەشداری بكردایە، كە نەكراوە، ئایا ئەمە چەند زیان بە دەنگ و پێگەی كورد دەگەیەنێت و ئایا پارتی دیموكراتی كوردستان، كە وەك هەڵوێستێكی سیاسی بڕیاری بایكۆتكردنی هەڵبژاردنەكانی كەركووك و دوزخورماتووی داوە، چۆن لەو هەڵبژاردنانە دەڕوانێت و چۆن ئامادەكاری بۆ كردوون، هەموو ئەمانە و چەند پرسێكی دیكە بوونە تەوەری دیمانەیەكی گوڵان لەگەڵ خەسرەو گۆڕان بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان كە لێرەدا پوختەكەی دەخەینەڕوو.دەبێت كاركردنمان لە عێراقدا لەسەر بنەمای هاوبەشیی
نێوان دوو نەتەوەو پابەندبوون بە دەستوورەوە بێت
دوای یەكلابوونەوەی پرسی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی عێراق و دیاریكردنی وادەیەك بۆ ئەو هەڵبژاردنانە، پرسی بەشداریكردنی لیستە كوردستانییەكان قسە و باس و مشتومڕ و پرسیاری زۆر هەڵدەگرێت، ئایا چەند پێویست بوو كورد بە یەك لیستی هاوبەش بەشداری بكردایە، كە نەكراوە، ئایا ئەمە چەند زیان بە دەنگ و پێگەی كورد دەگەیەنێت و ئایا پارتی دیموكراتی كوردستان، كە وەك هەڵوێستێكی سیاسی بڕیاری بایكۆتكردنی هەڵبژاردنەكانی كەركووك و دوزخورماتووی داوە، چۆن لەو هەڵبژاردنانە دەڕوانێت و چۆن ئامادەكاری بۆ كردوون، هەموو ئەمانە و چەند پرسێكی دیكە بوونە تەوەری دیمانەیەكی گوڵان لەگەڵ خەسرەو گۆڕان بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان كە لێرەدا پوختەكەی دەخەینەڕوو.
* پارتی دیموكراتی كوردستان بە لیستێكی سەربەخۆ بەشداریی هەڵبژاردنەكانی عێراق دەكات؛ پرسیار ئەوەیە بۆچی هەموو هێزە كوردستانییەكان بە یەك لیست بەشداریی هەڵبژاردنەكانی عێراق ناكەن، ئایا بۆ ئەم بارودۆخە ئەگەر هەموو هێزە كوردستانییەكان پێكەوە بوونایە سەنگ و قورسایی كوردستان زیاتر نەدەبوو؟
- وەكو پارتی دیموكراتی كوردستان پێمان خۆشە هەموو حزب و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بەیەك لیست لەهەڵبژاردنە گشتییەكانی عێراقدا بەشدار بن، بەتایبەتی دوای ئەو رووداوانەی لە دوای 30/4/2014 كە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بوو، روویانداوە، ئەوە بوو لەدوای دوو مانگ لە بەرواری ئەو هەڵبژاردنە داعش هات و زۆربەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی داگیركرد، دواتر نەناردنی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان بەردەوامیی پێدرا، ئێمە وتمان بە رۆیشتنی مالیكی و هاتنی عەبادی ئەم حاڵەتە بەردەوام نابێت و چارەسەری نەناردنی بەشە بودجەی هەرێم دەكرێت، بۆیە بە گەرمی پێشوازیمان لێكردو چەندین شاندی كوردستانی سەردانی كرد، بەڵام عەبادی-یش درێژەی بە دۆخی پێشوو دا. دواتر لەدوای كۆتاییهاتنی داعش، قۆناغی داگیركردنی كەركووك و دوزخورماتوو و ناوچەكانی دیكە هات، بەوەش پرۆسەی تەعریب و كوشتن و دەركردن و تەقاندنەوە و سووتاندنی ماڵ و حاڵی خەڵك دەستی پێكرد، دواتر كەمكردنەوەی بەشە بودجەی كوردستان لە 17% بۆ 12.67% ی بەدوادا هات. هەر بۆیە پێمان باش بوو هەموو لیستە كوردستانییەكان، یان بایكۆتی بەغدا بكەین بۆ ئەوەی ببێتە هەڵوێستێكی توندی سیاسی لەبەرامبەر هەڵوێستە نامرۆییەكانی بەغدا، بێگومان ئەمەش لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دەنگدانەوە و رەنگدانەوەی دەبوو، واتە دەمانتوانی پێداگری بكەین و رایبگەیەنین كە تاوەكو بارودۆخی كەركووك و ناوچەكانی دیكە ئاسایی نەكرێتەوە و تاوەكو پێشێلكاریی دەستووری و بڕینی قووتی خەڵك بەردەوام بێت، ئێمەی كورد بەشداری ناكەین لە پرۆسەی سیاسیی عێراقدا. بەڵام لایەنەكانی دیكە هەر زوو چوون سەردانی بەغدایان كردو رایانگەیاند كە بەشداریی هەڵبژاردنەكانی عێراق دەكەن، بۆیە پارتی بەتەنیا ناتوانێت بایكۆتی هەڵبژاردنی عێراق بكات، چونكە لایەنەكانی دیكە كورسییەكانی پارتیش لە بەغدا بۆ خۆیان دەبەن، بەمەش پارتی زیانی بەردەكەوێت. بەڵام كاتێك ئەوان سووربوون لەسەر بەشداریكردن، ئێمە پێمان وتن ئەگەر پێداگری دەكەن، ئەوا با بە یەك لیست بەشداری بكەین، پێمان وتن با وەكو ساڵی 2005 تا 2014 هەموو حزب و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بەیەك لیست بەناوی هاوپەیمانی كوردستانی بچینە پەرلەمانی بەغداو یەكهەڵوێست بین. بەڵام ئەوان رازی نەبوون، تەنانەت هەر زوو هەرسێ لایەنەكە-هاوپەیمانی دیموكراسی و دادپەروەردی و كۆمەڵ و گۆڕان هاوپەیمانێتییان بۆ هەڵبژاردنەكانی كەركووك و شوێنەكانی دیكە دروست كرد، ئەوە بوو ئێمە وتمان كە ئەوان هاوپەیمانێتییەكیان دروست كردووە، با ئەو حزبانەی دیكە لیستێكی هاوبەش دروست بكەن، بەڵام ئەمەش رێك نەكەوت. ئەوە بوو پارتی ناچار بوو بە یەك لیستی سەربەخۆ بەشداریی هەڵبژاردنەكان بكات.
* سەبارەت بە پرسی كەركووك دیارە سەركردایەتی گەرمیانی پارتی دیموكراتی كوردستان بڕیاری داوە بایكۆتی هەڵبژاردنەكانی كەركووك بكات، ئایا ئەم بڕیارەی سەركردایەتی گەرمیان بووەتە بڕیاری پارتی دیموكراتی كوردستان یاخود نا، ئایا بۆچی تەنیا ئەم بڕیارە بۆ كەركووك دراوە؟
- پارتی دیموكراتی كوردستان وەك وەرگرتنی هەڵوێستێكی سیاسی بڕیاریداوە لە كەركووك و دوزخورماتوو بەشداری هەڵبژاردن نەكات، چونكە ماڵی خەڵك تاڵان كراوە و سووتێنراوە و ئاسایش لەم شوێنانە نەماوە و پارێزگار و قایمقام و ئەنجومەنی پارێزگا نەماوە و پرۆسەی تەعریب بەڕێوەدەچێت و زەوی بەسەر عەرەبدا دابەش دەكرێت. بۆیە وەك هەڵوێستێكی سیاسی بڕیاری بایكۆتی هەڵبژاردنی ئەو شوێنانەمان داوە.
* بەڵام بڕیارتان داوە لە خانەقین بەشداری لە هەڵبژاردنەكاندا بكەن، ئەمە لە كاتێكدا كە لقی 15ی پارتی لەوێ نەماوە، ئایا ئەگەر لق و رێكخستنەكانی پارتی لەوێ نەمابێت، پلانی هەڵبژاردنتان چییە بۆ چۆنیەتی بەشداریكردن لە هەڵبژاردنەكانی خانەقین؟
- لە راستیدا دۆخی خانەقین جیاوازی لەگەڵ رەوشی كەركووك و دوزخورماتوو هەیە، چونكە خەڵكی خانەقین ئاوارە نەبووە، جەماوەری ئێمە لە شوێنی خۆیان ماون و رێكخستنەكانمان ماوە، لقی حزبیشیمان لە خانەقین نەبێت، لە كەلار و لە نزیك خانەقین هەیە.
* لەسەر ئاستی هەڵبژاردنەكانی عێراق هەموو كات دەنگەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان نزیكەی نیوەی هەموو فراكسیۆنە كوردستانییەكانی پەرلەمانی بەغدا بووە، ئایا مەزەندەی ئێوە بۆ هەڵبژاردنەكانی ئەمجارە لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان دەنگەكانی خۆی بەدەست دەهێنێتەوە، بەتایبەتی كە بەشی زۆری ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان بارودۆخیان گۆڕاوەو لەوانەیە خەڵكی ئەو ناوچانە نەتوانن بە ئازادی دەنگ بدەن؟
- بەدڵنیاییەوە هەموو لایەنە سیاسییەكان ئەو دەنگانەی جاران ناهێننەوە، چونكە بەشێكی زۆری هەرێمی كوردستان داگیركراوە، لەو شوێنە داگیركراوانەش خەڵكی ناتوانن بە ئازادی بەشداری لە پرۆسەی دەنگدان بكەن، چونكە كە رێكخستن و بارەگا حزبییەكان لەو شوێنانە نەبێت، ئیتر چۆن هەڵمەتی هەڵبژاردنەكان ئەنجام بدەین؟ لێرەدا پێویستە جەخت لەسەر ئەوە بكەمەوە كە ئەگەر كورسییەك كەمتر یان زیاتر لە بەغدا بهێنین، ئەوا ئەمە هیچ لە مەسەلەكە ناگۆڕێت. چونكە بوونی ئێمە لەبەغدا بوونێكە لەسەر بنەمای هاوبەشی دامەزراوە و وەكو كوردو عەرەب ئێمە لە بەغداین، ئەگەر بە كورسی بێت ئێمە بەهەموو ئەندام پەرلەمانە كوردستانییەكان لە ئەنجومەنی نوێنەران خاوەنی 65 كورسین كە ناكاتە لە 20%ی رێژەی كورسییەكانی پەرلەمانی عێراق، بۆیە ئەگەر كورد لە 18% یاخود لە 20% یاخود لە 22%ی كورسییەكانمان بەدەستەوە بێت، هیچ لەبابەتەكە ناگۆڕێت، چونكە بابەتەكە كەمینەو زۆرینە نییە، ئەگەر وابێت ئێمە هەمیشە كەمینەین، كەوابێت هاوبەشیی ئێمە لە عێراقدا هاوبەشیی نێوان دوو نەتەوەیە و هاوبەشییە لەسەر بنەمای دەستوور. تەنانەت لە دوای رووخانی سەددام حوسێن و تا داگیركردنی كەركووك و ناوچەكانی دیكە، حكومەتیش لەبەغدا بەهاوبەشی و رێككەوتن پێكهاتووە، لەكاتێكدا ئەگەر بە كەمینەو زۆرینە بێت، ئەوا ئێمە هەرگیز ناتوانین هیچ شتێك لە پەرلەمانی عێراق تێپەڕ بكەین.
* لایەنێكی دیكە كە زۆر گرنكە پرسی هەڵبژاردنە لە شنگال، وەك دەزانن شنگال هەموو كاتێك قورسایی دەنگەكانی پارتی بووە لەو ناوچەیە، ئێستا شنگالیش وەكو ناوچەكانی دیكەی كوردستان داگیركراوەتەوە، ئایا پلانتان بۆ دەنگەكانی شنگال چییە؟
- جارێ با ئەوە بڵێین كە زیاتر لە 90%ی خەڵكی شنگال ئاوارەی كوردستان بووە، نەك بە تەنیا ئێزیدییەكان، بەشێكی زۆری كوردی موسڵمان و پێكهاتەكانی دیكەی خەڵكی شەنگال و زومار ئاوارەی شارەكانی كوردستان بوون و لە 21 كەمپدا لە پارێزگای دهۆك نیشتەجێبوون و ئەوانەی دیكەشیان لە شار و شارۆچكەكاندا لەناو شوقەو خانووی كرێدان، بۆیە ئێمە بڕیارمان داوە كە بەشداری بكەن لە هەڵبژاردنەكانی موسڵ، چونكە بۆ پرۆسەی دەنگدان سندوقەكانی دەنگدان لە كەمپەكان بۆ ئاوارەكان دادەنرێن و دەتوانن لەو شوێنانە دەنگ بدەن.
* سەبارەت بە كوردانی ئێزیدی دیارە ئێستا دەستێوەردانێكی زۆر لەناو كوردانی ئێزیدی كراوەو باس لەوە دەكرێت بە چوار لیستی جیاواز بەشداری هەڵبژاردن دەكەن، ئایا تاچەند بوونی هەموو ئەو لیستە لەناو كوردانی ئێزیدی دەنگەكانیان دەبێتە هۆكاری ئەوەی كە ئەو دەنگانە پەرش و بڵاو بكاتەوە؟
- منیش لەگەڵ بۆچوونەكەی ئێوەدام، ئەمە شوێنەواری هاتنی سوپا و حەشدە بۆ ئەم ناوچانە كە دەیانەوێت لیستی سەربەخۆ دروست بكەن، دەیانەوێت لیستی سەر بەحەشدی شەعبی و لایەنە سیاسییەكانی سەر بە دەسەڵاتدارانی بەغدا دروست بكەن، پێشتر لە هەڵبژاردنەكانی پێشوودا ئەم دیاردەیە لەناو ئێزیدی و شنگال نەبوو، بەڵكو دوو حزبی سەرەكی كێبڕكێیان لەسەر كۆتای ئێزیدی دەكرد، ئەم حاڵەتە زۆر ئاسایی بوو، كەچی ئێستا لە بری دوو لیست بوونەتە چوار لیست، ئێمە وەكو پارتی دیموكراتی كوردستان لیستی سەربەخۆی خۆمان دەبێت و خوشك و برایانی ئێزیدی لەناو لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان كاندیدیان دەبێت.
* هەر سەبارەت بە قەوارەی كوردانی ئێزیدی لە هەڵبژاردنەكاندا دیارە ئەوان لەسەر ئاستی عێراق كۆتایان هەیە، هەموو جارێكیش كۆتای ئێزیدییەكان بۆ بەرژەوەندیی پارتی نەبووە، ئایا پارتی چەند كاندیدی ئێزیدی دەبێت؟
- كوردانی ئێزیدی تەنیا لە شنگال نین، بەڵكو لە دهۆك و شێخان و باشیك و چەندین ناوچەی دیكە كوردانی ئێزیدی بوونیان هەیە، لەبەر ئەوە لە هەر شوێنێكی خوشك و برا ئێزیدیەكانمانی لێبێت، ئەوا بۆ پەرلەمانی عێراق كاندیدیان دەبێت.
* پرۆسەی دەستنیشانكردنی كاندیدەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان بەكوێ گەیشتووە؟ ئایا بۆ دەستنیشانكردنی كاندیدەكان پشتتان بەچ بنەمایەك بەستووە؟
- هەموو لایەنێكی سیاسی خوازیارە باشترین كاندید دیاری بكات بۆ ئەوەی لە پەرلەمان باشترین پەرلەمانتاری لێ دەربچێت، چونكە كاری پەرلەمانی كارێكی ئاسان نییە و پسپۆڕی دەوێت لە بوارەكاندا، لە پەرلەمانی عێراق 26 تا 27 لێژنەی پەرلەمانی هەمیشەیی و ئاڵۆز هەیە، بۆ هەر یەكێك لەو لێژنانە پسپۆڕێكت دەوێت، بۆ نموونە خۆ نابێت كەسێكی ئاسایی لە لێژنەی یاسایی پەرلەمان دابنێیت، لەكاتێكدا لایەنەكانی دیكە كەسی شارەزاو پسپۆڕیان هەبێت، خۆ دەبێت تۆش لەو ئاستەدا پسپۆڕو شارەزای خۆتت هەبێت، كە بتوانێت بەرگری لەخواست و داواكارییەكانی گەلی كوردستان بكات، سەبارەت بە لێژنەكانی دیكەش هەروایە، بۆ نموونە لە لێژنەی دارایی و دانانی بودجە دەبێت پەرلەمانتاری پسپۆڕ و شارەزات هەبێت كە شارەزایی لە وردەكارییەكانی دارایی و ژمارەكانی هەبێت و بۆ لێژنەكانی ئەمن و ئاسایش و و تەندروستیش دەبێت پسپۆڕی ئەو بوارەت هەبێت، هەربۆیە بە بڕوای من بۆ دەستنیشانكردنی هەر كاندیدێك پێویستە كەسەكە پسپۆڕ بێت، هەروەها دەبێت بە باشترین شێوە زمانی عەرەبی بزانێت، بە هەمان شێوە ئێمە چەندین پێوەری دیكەمان هەیە كە كاری حزبییەو بۆ راگەیاندنەكانی ناخەمەڕوو، بەڵام داوامان لە لق و ناوچە و رێكخستنەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان كردووە بۆ ئەوەی كاندیدەكانمان بۆ بنێرن و بەپێی كۆمەڵێك پێوەر هەڵیان دەبژێرن، ئێمەش بۆ سەرووی خۆمان بەرزی دەكەینەوە و لێژنەی پسپۆڕی هەڵبژاردن هەڵسەنگاندن بۆ ناوەكان دەكات و بەپێی ئەو پێوەرانە بڕیاری لەسەر دەدرێت.
* پارتی دیموكراتی كوردستان لە زۆربەی قۆناغە مێژووییەكاندا بەهۆی هەڵوێستە نەتەوەیی و نیشتمانییەكانی باجی قورسی داوەتەوە، بەتایبەتی ئەوەی دوای ریفراندۆم و رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر روویاندا، پرسیار ئەوەیە ئایا پێتوانییە كوردستانییەكان ئەم هەڵوێستە نیشتمانییەیان لەبەرچاو دەبێت و ژمارەی دەنگەكانمان زیاد دەكات؟
هێشتا زووە باس لەئەنجامی هەڵبژاردنەكان بكەین، هەرچەندە ئومێدەوارین وابێت، چونكە راستە بە درێژایی مێژوو پارتی دیموكراتی كوردستان قوربانییەكی زۆری داوە لە پێناو پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان، لە پێناو یەكخستنی ماڵی كورد و لە پێناو سەربەخۆیی كوردستان، ئەوە بوو هەمو لایەنە عێراقییەكان كەوتنە دوژمنایەتیكردنی، لەكاتێكدا لایەنەكانی دیكە دەچنە بەغدا و پاكانە دەكەن و دەڵێن ئێمە ریفراندۆممان ئەنجام نەداوە و لەگەڵ سەربەخۆیی كوردستان نین و ئێمە یەكپارچەیی خاكی عێراقمان دەوێت. دەڵێن ئەوە پارتییە كە ریفراندۆمی كردو پارتییە لەگەڵ سەربەخۆیی كوردستاندایە، ئەم حزب و گرووپ و تاقمانە چی دەڵێن با بیڵێن، پارتی شانازی بەو هەڵوێستانەوە دەكات و ئەمە مێژووییەكی پڕسەروەرییە بۆ پارتی. هەروەها ئێمە لەدوای هەڵبژاردنەكانی 30/4/2014 كە چووینە بەغدا سازشی زۆرمان بۆ لایەنە سیاسییەكانی تری كوردستان كرد، تاوەكو كورد بە یەكڕیزی و یەكماڵ دەربكەوێت، چونكە لە كاتێكدا ئێمە 29 كورسیمان هەبوو، لایەنێكی وەكو گۆڕان تەنیا 9 كورسی هەبوو، بەڵام هێندەی یەك پۆستمان وەرگرت، ئێمە جێگری سەرۆك وەزیرانمان هەبوو، ئەوان جێگری سەرۆكی پەرلەمانیان پێدرا، ئێمە یەك وەزیرمان هەبوو، ئەوانیش وەزیرێكیان هەبوو. لەكاتێكدا ئێمە 20 كورسیمان لەوان زیاتر بوو. بەڵام ئەوان هەرگیز پێزانینان نەبوو بۆ قوربانییەكانی پارتی لەبەرامبەر هەڵوێستە نیشتیمانییەكانی. هەربۆیە ئەمجارە ئومێدمان زۆرە جەماوەری ئێمەو خەڵكی كوردستان ئەم راستییانە بزانن و بزانن كە هەموو كاتێك پارتی سەمامی ئەمانی كوردستان بووە.