ئەنبا جبرائیل گورگیس تۆما لە كەنیسەی زاخۆ بۆ گوڵان: هەمیشە پاپا و ڤاتیكان سوپاسگوزاری هەرێمی كوردستان بوون بۆ پێشوازیكردن و پاراستنی مەسیحییەكان

ئەنبا جبرائیل گورگیس تۆما لە كەنیسەی زاخۆ بۆ گوڵان: هەمیشە پاپا و ڤاتیكان سوپاسگوزاری هەرێمی كوردستان بوون بۆ پێشوازیكردن و پاراستنی مەسیحییەكان
نكۆڵی لەوە ناكرێت كە لە چوارچێوەی پێكەوەژیانی ئاشتییانە لە كوردستاندا مەسیحییەكان بەهرەمەندن لە ئاسایش و ئازادی و تەنانەت كوردستان بۆتە پەناگەیەك بۆ مەسیحییەكانی بەشەكانی دیكەی عێراق كە دووچاری كوشتن و كۆچپێكردن بوونەتەوە، لە ئێستاشدا پەیوەندیی ئەم پێكهاتەیە بە كۆمەڵگەی كوردستانی و بە حكومەتی هەرێمەوە پەیوەندییەكی بەهێزە. بۆ قسەكردن لەسەر سەردانی ئەم دواییەی سەرۆكی حكومەتی هەرێم بۆ لای پاپای ڤاتیكان و بۆ تاوتوێكردنی رەوشی مەسیحییەكان لە كوردستان و ئەگەری گەڕانەوەیان بۆ ناوچە رزگاركراوەكان كە پێشتر لەژێر دەستی داعش بوون، بەتایبەتی لە دەشتی نەینەوا و دۆخی ئەم پێكهاتەیە لە موسڵ و كەركووك لە دوای هاتنی حەشدی شەعبی، گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵ ئەنبا جبرائیل گورگیس تۆما لە كەنیسەی زاخۆ ئەنجامدا و ئەویش بەم شێوەیە وەڵامی پرسیارەكانی دایەوە.
ئێمە لە پەیوەندیی بەردەوامدا دەبین لەگەڵ كەنیسەی رۆما و بەغدا بۆ كۆتاییهێنان بە گەمارۆكانی سەر كوردستان


* چ خوێندنەوەیەكتان بۆ سەردانەكەی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ لای پاپای ڤاتیكان هەیە؟
- بە دڵنیاییەوە ئەوە دەستپێشخەرییەكی باش بوو لەلایەن كاك نێچیرڤان بارزانی كە سەردانی پاپای كرد لە بارەگاكەی خۆی لە ڤاتیكان و ئەمە دەستپێشخەرییەكی زۆر گەورە بوو بۆ بەرژەوەندیی كورد بە گشتی و بۆ مەسیحییەكان بەتایبەتی. ئێمەش دەزانین حەزرەتی پاپای ڤاتیكان بە بایەخەوە لە دۆخی عێراق بەگشتی و رەوشی كوردستان بەتایبەتی دەڕوانێت. هەروەها ئەو راستییە دەزانین كە رۆڵی كوردستان لە پێشوازیكردن و پاراستنی مەسیحییەكاندا گەورە بووە، لەبەر ئەوە هەمیشە پاپای ڤاتیكان و كەنیسەكانی ئیتاڵیا سوپاسگوزاری سەرۆك بارزانی و نێچیرڤان بارزانی و حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەن لەم رووەوە. لەبەر ئەوە بە دەستپێشخەرییەكی گرنگ و بەهاداری دەزانین و ئومێدەوارین كە دەرئەنجامی باشی لێبكەوێتەوە بۆ هەرێمی كوردستان. هەروەها كاتەكەشی گونجاو بوو، من نەك ئەم سەردانە، بەڵكو سەردانەكانی دیكەش بۆ وڵاتانی ئەوروپی بە گرنگ دەزانم بۆ ئەوەی پشتیوانی لە گەلی كورد بكەن بۆ كۆتاییهێنان بەو نەهامەتییەی دووچاری بوون بە دەستی حكومەتی بەغداوە و بتوانن مافە نەتەوەیی و مێژوویی و ئابوورییەكانی خۆیان بەدەست بهێنن. لەبەر ئەوە ئێمە سوپاسی كاك نێچیرڤان بارزانی دەكەین و هیوادارین ئەم سەردانانە بۆ لای سەرۆكی وڵاتان و سەرۆكی كەنیسەكان بەردەوام بێت بۆ ئەوەی ببێتە پاڵپشتێك بۆ ئەو پێكەوەژیانەی ئاشتییانەی لە كوردستاندا هەیە، كە جیاوازی لە نێوان موسڵمان و مەسیحی و ئێزیدیدا ناكرێت و پاپاش ئاگای لەم راستییە هەیە و بە دڵنیاییەوە بە هەموو توانایەوە پشتیوانی لێدەكات. لەبەر ئەوە ئێمە هیوادارین ئەمساڵ ساڵی خێر و خۆشی بێت، بۆ ئەوەی سەرجەم گەلی كوردستان بە موسڵمان و مەسیحی و ئێزیدییەوە بە مافەكانی خۆیان شاد بن. هەروەها من دەزانم كە پاپا تەمەننای خێر بۆ كوردستان دەكات و خۆشەویستیی هەیە بۆ كوردستان بۆ ئەوەی ئەم هەرێمەش ببێتە هەرێمی ئاشتی بۆ هەموو پێكهاتەكان لە هەموو رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

* ئێمە دەزانین لە ئێستادا بەغدا گەمارۆی بەسەر خەڵكی كوردستاندا سەپاندووە، ئایا پاپای ڤاتیكان و پیاوانی ئایینیی كریستیان چۆن ە لەو سزاو گەمارۆیانە دەڕوانن؟
- بە دڵنیاییەوە هەروەك ئاماژەم پێكرد، قەداسەتی پاپا خێر و خۆشی بۆ گەلی كورد دەوێت و ئێمە هەموومان دژی ئەو گەمارۆ سەپێندراوەین كە لەلایەن بەغداوە لە دژی ئێمە سەپێندراوە، چونكە ئەم گەمارۆیانە زیانی بە گەلی كوردستان و بە رۆڵەكانمان لە كوردستان گەیاندووە. بێگومان رۆڵی كەنیسە و پاپا رۆڵێكی ئیجابی دەبێت بۆ هەڵگرتنی ئەم گەمارۆیە. هەروەها ئێمە لە پەیوەندیدا دەبین لەگەڵ كەنیسەی رۆما و بەغدا بۆ ئەوەی هەوڵی خۆیان بخەنەگەڕ بۆ كۆتاییهێنان بەم گەمارۆیە. بە دڵنیاییەوە پاپاش كەمتەرخەمی ناكات و باڵیۆزی پاپا لە بەغدا رۆڵی گەورەی دەبێت لەم رووەوە.
* دوای داگیركردنی پارێزگای كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی دیكە بەتایبەتی لە دەشتی نەینەوا؛ خێزانە كریستیانەكان كە پێشتر ئاوارە بوون و ئومێدیان هەبوو بگەڕێنەوە، ئەمجارە بەهۆی میلیشیا چەكدارەكانی حەشدی شەعبییەوە نەیانتوانی بگەڕێنەوە، ئێوە لەم رووەوە چی دەڵێن؟
- بە دڵنیاییەوە مەسیحییەكان و كەمینەكانی دیكەش رووبەڕووی نەهامەتی و ئێش و ئازار بوونەوە لە سەر دەستی چەوسێنەرانی داعش و هێزەكانی دیكە و ئاشكرایە كە تەنیا ناوچەی ئارام و سەقامگیر بۆ مەسحییەكان و پێكهاتەكانی دیكە بریتییە لە هەرێمی كوردستان. من خۆم لە ئەلقۆش بووم و پەیوەندیم هەیە بە ناوچەكانی دەشتی نەینەواوە و دەزانم ئەو ناوچانە لە ژێر پارێزگاری پێشمەرگە پاڵەوانەكاندایە و لێرەدا دەمەوێت ئاماژە بەوە بكەم كە رۆڵی كوردستان و رۆڵی پێشمەرگە لەو رووەوە لەبیر ناكرێت و رۆڵێكی مێژووییە، چونكە ئاشكرایە كوردستان پارێزگاری لە هەموو ئاوارەو كەمینەكان كردووە، بەتایبەتی مەسیحییەكان و نكۆڵی لێناكرێت كە تاكە شوێنێك مەسیحییەكان هەستیان بە ئازادی و ئارامی كردبێت هەرێمی كوردستان بووە. ئێستاش بوونی حەشدی شەعبی لە ناوچانەدا بۆتە هۆی ئەوەی مەسیحییەكان لە ترس و نیگەرانیدا بژین، چونكە نازانن چییان بەسەر دێت و دووچاری چ چارەنووسێك دەبن.
* ئەی دۆخی مەسیحییەكانی كەركووك چۆنە، بەتایبەتی دوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر؟
- لە راستیدا من زانیاری وردم لا نییە، بەڵام ئەوەندەی دەتوانم بیڵێم، ئەوەیە كە لە پێش هاتنی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی بۆ كەركووك دۆخەكە ئارامتر بوو، چونكە ئێستا بارگرژی هەیە و میلیشیا هەن لەو ناوچانەدا كە خەریكی چاندنی فیتنە و تایفەگەرین. كەواتە ئەوەی لێی دڵنیام ئەوەیە پێشتر و لە سایە دەسەڵاتی پێشمەرگەدا دۆخەكە باشتر بوو. خۆ ئەگەر لە ئێستادا ئارامییەكیش هەبێت لە كەركووك و ناوچە داگیركراوەكان، ئەوا ئەو ئارامییە لەسەر زەمینەیەكی پتەو دانەمەزراوە و درێژە ناكێشێت و ئەگەر بێدەنگییەكیش هەبێت، ئەوا ئاڵۆزی بەدوادا دێت، من باوەڕم وایە ئارامی و ئاسایش لە كەركووكدا تەنها لە سایەی پێشمەرگەدا دەستەبەر دەبێت. لەبەر ئەوە دەتوانم بڵێم كەركووك لەمەترسیدایەو من هیوادارم ئەم نەهامەتییە كۆتایی پێ بێت.


* بە گشتی چۆن لە دۆخی ئێستای عێراق دەڕوانن، كە بەپێی دەستوور دەبوایە حكومەتی عێراق هەڵبستێت بە پارێزگاریكردن لە پێكهاتەی مەسیحییەكان؟
- لە راستیدا من دۆخی عێراق بە یاسای جەنگڵستان دەشوبهێنم، كە تێیدا بەهێز پەلاماری لاواز دەدات، هەروەها دزینی دارایی دەوڵەت لەلایەن لایەنە سیاسیبە عێراقییەكان و بوونی گەندەڵییەكی گەورە و نەبوونی مەركەزییەتێك بۆ ئیدارەدان و كارڕاییكردن لە باشوور و ناوەڕاستی عێراق و لە پارێزگای موسڵ بۆتە هۆی ئەوەی خەڵكانێكی زۆر دووچاری چەوساندنەوە و پێشێلكاری ببنەوە، بەتایبەتی مەسیحییەكان. چونكە دەبینین ئەوان تەنیا لە كۆنفرانسەكاندا قسەی بریقەدار دەكەن، بەڵام من پرسیار دەكەم كوان مەسیحییەكانی بەسرە و بەغدا و موسڵ؟ كە ئێمە دەزانین زۆریان ناچار بوون كۆچ بكەن و بەشێكیان كوژران و تەنانەت كەنیسەشیان تەقاندەوە. لەبەر ئەوە ئێمە متمانە بە قسەكانیان ناكەین، بەڵكو دەبێت لەسەر ئەرزی واقیع رەنگدانەوەی هەبێت. ئەمە لە كاتێكدا لە كوردستاندا مەسیحییەكان بەهرەمەندن لە ئارامی و ئازادی و لە رێزگرتن كە لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە بۆیان دەستەبەر كراوە، ئەمەش نە موجامەلەیە و نە موبالەغە، ئەمە واقیعە، چونكە من خۆم لە ساڵی 2005دا لە بەغدا ژیاوم كە مەسیحییەكانی تێدا دەچەوسێنرایەوە و من خۆم لەبەر رەوشی سەختی ئەوێ بەغدام جێهێشت. كەواتە هەلومەرجەكە لە بەشەكانی دیكەی عێراقدا زۆر ناخۆشە و رۆژ بە رۆژ مەسیحییەكان جێی دەهێڵن و كۆچ دەكەن. بەڵام هەروەك وتم تاكە شوێنێك كە هەست بە ئارامی بكەن تێیدا كوردستانە، لەگەڵ ئەوەشدا دەیانەوێت ڤایرۆسی تایفەگەری و تیرۆر بگوازنەوە بۆ كوردستان، بەڵام ئەمەیان بۆ ناچێتەسەر، چونكە گەلی كوردستان ئاشتیخوازە و ژیاندۆستە و گەلی كوردستان دەستەبەرداری ئەو ئاشتییە نابێت كە چاندوویەتی و بە خوێنی شەهیدەكانی ئاوی داوە. هەروەها ئێمە ئیدانەی حكومەتی عێراقی و حەشدی شەعبی دەكەین لەسەر ئەو نەهامەتییانەی بەسەر مەسیحییەكاندا دێن لە باشووری و ناوەڕاستی عێراقدا.


* ئاشكرایە كە پێكهاتەی مەسیحی پێكهاتەیەكی گرنگ و بنەڕەتین لە عێراق و كوردستاندا، بەڵام ئەگەر ئەوە دۆخی مەسیحییەكان بێت لە ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی حكومەتی مەركەزی، ئایا چارەنووسی مەسیحییەكان چی دەبێت و ئایا بە تێڕوانینی ئێوە رێگاچارە چییە؟
- لە راستیدا چارەسەرەكە بە دەستی سیاسەتمەدارەكانە، بە دەستی ئەو كەسانەیە كە بڕیاریان بەدەستە، كە دەبێت ئەم كەسانە هەڵبستن بە زەمینەسازكردن بۆ دروستكردنی كەشێكی ئارام و سەقامگیر لە دەشتی نەینەواو لە بەغدا و شوێنەكانی دیكە بۆ ئەوەی مەسیحییەكان بتوانن بگەڕێنەوە، هەروەها دەبێت زەمانەتی ئەوە بكرێت كە رێزیان لێدەگیرێت و پارێزگارییان لێدەكرێت. بەڵام ئەگەر لە دۆخی ئێستا بڕوانین، ئەوا هێشتا تایفەگەری و هێشتا تیرۆر و چەوساندنەوە لەئارادان، لەبەر ئەوە لە سایەی ئەم حاڵەتەدا مەسیحییەكان ناگەڕێنەوە بۆ ئەو شوێنانەی بە زەبری هێز لێیان زەوت كراوە. كەواتە دووپاتی دەكەمەوە چارەسەرەكە لە دەستی ئێمەدا نییە، بەڵكو لە دەستی بڕیاربەدەستانی بەغدایە، كە ئەگەر ئەوان بتوانن ئاشتی و ئارامی دەستەبەر بكەن، ئەوا بە دڵنیاییەوە ئێمەش بیر لەوە دەكەینەوە رۆژێك لە رۆژان بگەڕێینەوە بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆمان، بەڵام نەك لە سایەی ئەو هەلومەرجەی لە ئێستادا باڵادەستە.
Top