مارینا ئۆتاوای شارەزای كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عێراق بۆ گوڵان: حكومەتی عێراق توانای ئەوەی نییە ئیدارەی كەركووك و ناوچەكانی دیكە بكات و بەمزووانە كێشە لەو ناوچانە سەرهەڵدەدەنەوە
January 24, 2018
دیمانەی تایبەت
مارینا ئۆتاوای توێژەرە لە سەنتەری وودرۆ ویڵسۆن و شرۆڤەكاری ئاڵوگۆڕە سیاسییەكانی ئەفریقیا، بەلكان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. لە سەنتەری ئاماژەپێكراودا سەرقاڵی پرۆژەیەكە كە پەیوەستە بە توێژینەوە لەبارەی وڵاتانی بەهاری عەرەبی و عێراقەوە. پێشتریش توێژەری كاروباری ئەفریقیا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووە و لە چەندین زانكۆ وانەبێژ بووە، وەك زانكۆی جۆرج تاوون، زانكۆی ئەمریكی لە قاهیرە و زانكۆی زامبیا. بۆ قسەكردن لەسەر دۆخی ئێستای عێراق و شرۆڤەكردنی كاریگەری دەستڕۆیشتوویی ئێران لەسەر ئەم وڵاتە و چەند پرسێكی دیكەی پەیوەندیدار گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵدا ئەنجامداو ئەویش بەم شێوەیە وەڵامی پرسیارەكانی دایەوە.هۆكارگەلێكی زۆر هەن بۆ ئەوەی توركیا دووبارە پەیوەندییەكانی لەگەڵ كوردستاندا دابمەزرێنێتەوە
* چۆن لە بارودۆخی ئێستای عێراق دەڕوانیت بەتایبەتی لەژێر رۆشنایی ئەو رووداوانەی بەم دواییە روویاندا؟
- ئەگەر مەبەستتان ئەو رووداوانە بێت كە لە پەیوەندی بە كوردەوە روویانداوە، ئەوا ئاشكرایە كە هەرێمی كوردستان سەبارەت بە پێشبینییەكانی بۆ كاردانەوەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە ئاستی ریفراندۆمی سەربەخۆییدا بەوجۆرە نەبوو كە خۆی پێشبینی دەكردو ئێستاش بە دەست كاریگەرییەكەیەوە گیرۆدەن. من پێموایە كاردانەوەكە زۆر لەوە بەهێزتر بوو كە چاوەڕوان دەكرا. بەڵام دەبێت ئەوەشمان لەبەرچاو بێت كە پێشوەختە هۆشداری درا بەوەی دەرئەنجامی ریفراندۆمەكە قبووڵ ناكرێت، لەبەر ئەوە هەروەك ئاماژەم پێكرد لە ئێستادا كوردستان بە دەست كاریگەرییەكەیەوە گرفتارە. لەگەڵ ئەوەشدا، پێموایە دۆخەكە بە جۆرێك لە رێككەوتن كۆتایی دێت، چونكە پێموایە نە عێراق و نە توركیا ناتوانن بەرگەی درێژەكێشانی ئەو دۆخەی ئێستا بگرن. مەبەستم ئەوەیە توركیا پێویستی بە بوونی كوردستانێكی خۆبەڕێوەبەرە، چونكە لە تێڕوانینی ئەنقەرەدا كوردی عێراق سوودبەخش بوون بۆ توركیا. هەروەها ئاشكرایە كە توركیا پەیوەندییەكی بازرگانی باشی لەگەڵ كوردستاندا هەیە، واتە شەراكەتێكی بازرگانی بەرفراوانیان هەیە لەگەڵ كوردستاندا و نایانەوێت ئەمەیان لە دەست بچێت. كەواتە هۆكارگەلێكی زۆر هەن بۆ ئەوەی توركیا دووبارە ئاشتەوایی لەگەڵ كوردستاندا بكاتەوە، ئەگەر هاتوو دڵنیابوو لەوەی كوردستان هەنگاو بەرەو سەربەخۆیی هەڵناگرێت، لەم روانگەیەوە پێموایە دەستپێشخەریی ئەم دواییە توركیا بۆ ناوبژیوانی رەنگدانەوەی خواستی توركیایە بۆ دووبارە دامەزراندنەوەی پەیوەندییەكانی لەگەڵ كوردستاندا.
* ئایا ئێوە گەشبینین بەوەی هەرێمی كوردستان و حكومەتی ناوەندی بەغدا بگەنە رێككەوتنێكی هاوبەش لەسەر چارەسەركردنی كێشەكانیان؟
- بە بۆچوونی من ئەم گفتوگۆیانە سەخت دەبن و كاتی زیاتریان دەوێت، چونكە ئەمساڵ، ساڵی هەڵبژاردنەكانە و عەبادی دەیەوێت وا دەركەوێت كە هەڵوێستی سەخت دەگرێتەبەر. عەبادی لەبەردەم بژارەی سەختدایە، یان دەبێت بوار بە هەرێمی كوردستان بدات بۆ ئەوەی بەردەوام بێت لە هەناردەكردنی نەوتی خۆی و هەڵگرتی داهاتەكەی بۆ خۆی، یان ئەوەتا بەشێك لە بودجەی عێراق تەرخان بكات بۆ دەستەبەركردنی داهات بۆ بەڕێوەچوونی كاروبارە ئیدارییەكان لە هەرێمی كوردستاندا. لەبەر ئەوە پێموایە ئەم پرسە مشتومڕ و بگرە و بەردەی زۆری لەسەر دەكرێت و گفتوگۆی زۆر بە دوای خۆیدا دەهێنێت، بەڵام باوەڕم وانییە ئەم هەوڵانە دەرئەنجامی دەستبەجێیان هەبێت.
* ئێوە لە تشرینی یەكەمی ساڵی 2017دا وتارێكتان بڵاوكردەوەو ئاماژەتان بەوە كرد كە دەست بەسەرداگرتنەوەی كەركووك لەلایەن عێراقەوە هەڵگری ئاماژەیە بۆ ناكۆكی لە ئایندەدا، دەتوانن ئەمە زیاتر روون بكەنەوە؟
- لە راستیدا من پلانێك بەدی ناكەم لەلایەن عێراقەوە بۆ چۆنیەتی حوكمڕانیكردنی ئەو شوێنانە، واتە مەبەستم ئەوەیە بەغدا پێیوایە دەتوانێت ئیدارەی كەركووك و موسڵ بكات، بەڵام تا ئێستا ئەمە رووینەداوەو بە چەشنی ناوچەكانی دیكە ئیدارە نەكراون، چونكە تا ئێستا میلیشیایەكی زۆر لەو ناوچانەدا هەن و سوننەش بە راددەیەكی زۆر ناڕازین لە دۆخەكە، لەبەر ئەوە من هەوڵی بەرەنگاربوونەوە و چارەسەركردنی ئەو كێشانە بەدی ناكەم. لەبەر ئەوە درەنگ یان زوو لەو ناوچانەدا كێشە سەرهەڵدەدەنەوە.
* ئایا پێتوایە دوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر ئێران پتر كاریگەر و باڵادەست دەبێت بەسەر سیاسەتی عێراقەوە؟
- لە راستیدا من پێموانییە گۆڕانكارییەكی گەورە روویدابێت لەم رووەوە، مەبەستم ئەوەیە پێشتریش ئێران پێگەیەكی باڵادەستی هەبووە بە سەر سیاسەتی عێراقەوە و بۆ رۆژگارێكی دوورو درێژیش ئەم پێگەیەی هەبووە. چونكە ئەوەمان لەبیر نەچێت كە زۆرێك لە پارتە سیاسییە شیعەكانی عێراق لە ئێران و بە پاڵپشتیی ئێران دروست بوون، هەروەها زۆرێك لە میلیشیاكانیش، بۆ نموونە میلیشیای بەدر لە بنەڕەتدا لە ئێران دروست بووە. كەواتە ئێران كاریگەری و دەستڕۆیشتوویی هەبووە لە عێراقدا و لە ساڵی 2003وە دوای داگیركردنی عێراق لەلایەن ئەمریكاوە، دەستڕۆیشتوویی ئێران لەو وڵاتەدا هەڵكشاوە. كەواتە دووپاتی دەكەمەوە لە پاییزی رابردودا هەڵكشانێكی گەورە رووینەدا لەم رووەوە، چونكە ئێران بەردەوام سەرقاڵی برەوپێدانی دەستڕۆیشتوویی خۆی بووە.
* هێزەكانی حەشدی شەعبی رایانگەیاندووە كە بەشداری لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییە چاوەڕوانكراوەكەی عێراق دەكەن، ئایا پێتوانییە بەشداربوونی ئەم هێزانە لە گەمەی هەڵبژاردن و سیاسەتدا سەربكێشێت بۆ بەهێزبوونی زیاتری پێگەی ئێران؟
- لە راستیدا ئەم هەنگاوە بۆی هەیە ئەم دەرئەنجامەی لێبكەوێتەوە، بەڵام ئەوەش بەندە بەوەی ئایا چ دەرئەنجامێك بەدەست دەهێنن لە هەڵبژاردنەكاندا، هەروەها بەندە بەو هاوپەیمانێتییانەی دروستی دەكەن، چونكە هێشتا دۆخەكە روون نەبۆتەوە و دیار نییە چ گروپێكی میلیشایی دەبێتە هاوپەیمانی چ پارتێكی سیاسی. بەڵام بە دڵنیاییەوە هەموو ئاماژەكان بە ئاراستەی بەهێزبوونی زیاتر، یان چەسپاندنی دەستڕۆیشتوویی ئێرانن لە عێراقدا.
* ئایا بوونی سەربازیی ئەمریكا لە عێراقدا دەبێتەهۆی سنووردانان بۆ دەستڕۆیشتوویی و كاریگەریی ئێران لە عێراقدا؟
- من باوەڕم وانییە بوونی سەربازیی ئەمریكا لە عێراقدا بە هیچ شێوەیەك ببێتەهۆی سنوورداركردنی دەستڕۆیشتوویی ئێران لە عێراقدا، چونكە دەستڕۆیشتوویی ئێران لە عێراقدا سەربازی نییە، بەڵكو سیاسییە، بەو پێیە بوونی راوێژكارە سەربازییەكانی ئەمریكا لە عێراقدا نابێتەهۆی سنوورداركردنی ئەو دەستڕۆیشتووییە سیاسییەی ئێران لەم وڵاتەدا. لە راستیدا ئەوەی ئەمریكا دەتوانێت ئەنجامی بدات، دەستەبەركردنی هەندێ پشتیوانییە بۆ عەبادی بۆ ئەوەی بتوانێت تا راددەیەك سەربەخۆ بێت لە ئاست ئێراندا. بەڵام ناكرێت بەراوردی كاریگەریی ئەمریكا بە كاریگەریی ئێران بكەین لە عێراقدا.
* ئەگەر باس لە شەڕی داعش بكەین ئەوا دەتوانین بڵێین تا راددەیەكی زۆر ئەم رێكخراوە تێكشكاوە، بەڵام ئایا ئەگەری دووبارە سەرهەڵدانەوەی ئەم رێكخراوە، یان رێكخراوێكی تیرۆریستی هاوشێوە لەئارادا نییە ئەگەر بێتوو هەندێ لە كێشە بونیادیی و سیاسییەكان چارەسەر نەكرێن، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندی بە حوكمڕانییەوە هەیە؟
- بەڵێ، من هاوڕام لەگەڵتاندا، چونكە بە بێ بوونی چارەسەری سیاسی ئەوا كێشەگەلێكی زۆر لەو ناوچانەدا روودەدن. داعش وەك رێكخراوێك تێكشكاوە و توانای كۆنتڕۆڵكردنی خاكی نەماوە و چیتر خەلافەتەكەی و دەوڵەتە ئیسلامییەكەی لەئارادا نەماوە. بەڵام دەبێت ئەوەشمان لەیاد بێت كە داعش وەك رێكخراوێكی تیرۆریستی بریتی بوو لە تۆڕێكی تیرۆریستی، لەبەر ئەوە بوونی دەمێنێت.
* بەڵام پێتوایە دەبێت ئەو چارەسەر سیاسییە درێژخایەنە چۆن بێت بۆ ئەوەی ئەم كێشانە سەرهەڵنەدەنەوە؟
- لە راستیدا من هیچ هەوڵێك بەم ئاراستەیەدا بەدی ناكەم و ناتوانم پێشبینی بكەم لە مەودای دووردا چی دەكرێت. بەڵام ئەوەی دەتوانم بیڵێم ئەوەیە كە تاوەكو هاوسەنگییەك لە دابەشكردنی دەسەڵاتدا لە نێوان پێكهاتە جیاوازەكانی وڵاتەكەدا نەیەتەدی، ئەوا لە مەودای دووردا كێشەی جددی بەرۆكی ئەم وڵاتە دەگرێت.
* ئایا پێتوایە ئەمریكا بتوانێت رۆڵ ببینێت لە هێنانەئارای ئاشتەوایی نیشتیمانی لە عێراقدا؟
- من پێموانییە ئەمریكا رۆڵی گەورە ببینێت لەم رووەوە و باوەڕم وانییە ئەمریكا ئەوەندە دەستڕۆیشتوو بێت بۆ ببینی ئەم رۆڵە لەم ساتەوەختەدا.
* پێشبینییەكانت بۆ ئایندەی عێراق چین؟
- بە بۆچوونی من عێراق وەك وڵاتێكی ناسەقامگیر دەمێنێتەوە لەگەڵ بەردەوامبوونی چەندین كێشەی چارەسەرنەكراودا. هەروەها من نازانم ئاراستەی كاركردنی داعش چۆن دەبێت؟ ئایا تەركیز لەسەر عێراق دەكەن، وەك ئەو هێرشە تیرۆریستیانەی بەم دواییە بینیمان، یاخود كارەكانیان لە وڵاتێكی دیكەدا چڕدەكەنەوە؟ ئایا كردەوەكانیان لە وڵاتە ئەوروپیەكاندا ئەنجام دەدەن؟ من زۆر دوودڵم لەوەی پێشبینی بكەم لەم رووەوە. بەڵام ئەوەندەی دەتوانم بیڵێم ئەوەیە كە سەرەڕای تێكشكانی خەلافەتەكەی داعش هێشتا ئەم وڵاتە لەبەردەم چەندین كێشەی گەورەدایە.