دكتۆر ئەردەڵان نورەدین ئەندامی پەرلەمانی عێراق بۆ گوڵان: عەبادی ناتوانێت تاسەر گەمە بە كات بكات و ناچار دەكرێت بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان بنێرێت
January 22, 2018
دیمانەی تایبەت
ئاشكرایە لە ئێستادا باسی بەرەوپێشچوونی هەوڵەكانی دەستپێكردنەوەی گفتوگۆكان لە نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی بەغدا دەكرێت، هەروەها باس لەوە دەكرێت كە بەغدا لەم رووەوە كەوتێبتە ژێر فشارێكی نێودەوڵەتییەوە، ئەم بابەتانە و چەند پرسێكی دیكەی پەیوەندیدار بوونە تەوەری دیمانەیەكی گوڵان لەگەڵ دكتۆر ئەردەڵان نوردەین، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان، كە لێرەدا پوختەكەی بڵاو دەكەینەوە.خۆشبەختانە لەنێو پەرلەمانتارە كوردەكاندا لەبارەی پرۆژە یاسای بودجەی 2018ی عێراق هاوهەڵوێستی هەیە
* چەند لە رەفتارەكانی حكومەتی فیدڕاڵی ورد دەبینەوە، هەست دەكەین كە بەغدا نایەوێت دەرگای دیالۆگێكی جددی لەگەڵ كوردستان بكاتەوەو بەشێوەیەكی ریشەیی كێشەكانی نێوان بەغداو هەولێر لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا چارەسەر بكەن، ئایا تاچەند بەغدا دەیەوێت یاری بەكات بكات بۆ ئەوەی كێشەكان وەك خۆی بهێڵێتەوە؟
- ئێمەی كورد هەر لەو كاتەوە كە بەستراینەوە بە عێراقەوە هەمیشە چەندین كێشەی گەورە لەنێوانماندا دروست بووە. هەر لەم چەند رۆژەی رابردوو عەبادی ئاماژەی بەوە دا كە كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا قووڵن، لە ئێستاشدا عەبادی هەفتانە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هەیە كە لە هەموویاندا ئاماژەبەوە دەدات كە ئەوان جددیین لە ناردنی مووچە و بودجەی هەرێمی كوردستان، بەڵام بەداخەوە ئەوەی تا ئێستا لەلایەن عێراقەوە كراوە، تەنیا قسەیە و هیچ نەكراوە و ئەو قسانە هیچ شێوەیەكی كرداری بە خۆیەوە نەبینیوە و رۆژ لە دوای رۆژ گرفت بۆ ئەو بابەتە دروست دەكەن. بۆ نموونە ئەگەر باسی گەندەڵی بكرێت، ئەوە من بەرگری لە گەندەڵییەكانی هەرێمی كوردستان ناكەم، بەڵام لەمبارەوە لیستی مووچەخۆرانی كوردستان سەدان جار لە لیستەكانی بەغدا خاوێنترە، بەداخەوە ئەوەی روودەدات دەستێوەردانێكی نایاساییە لەهەندێ لەبابەتەكان وەكو لیستی فەرمانبەران و چەندین بابەتی دی كە لەبنەڕەتدا لە تایبەتمەندی بەغدادا نییە، بەڵكو پێویست بوو بەغدا راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا بكات، بەڵام بە داخەوە ئەوەی ئێستا عەبادی دەیكات، پڕوپاگەندەیەكی هەڵبژاردنە كە پرسی مووچەی فەرمانبەران بۆ بەرژەوەندیی تایبەتی خۆی بەكاردەهێنێت.
* بەڵام ئایا تا چەند نەبوونی یەكڕیزی لە نێوماڵی كورددا پێگەی هەرێمی كوردستانی لە ئاست بەغدا لاواز كردووە ؟
- بێگومان نەبوونی یەكڕیزیی ماڵی كورد یەكێكە لە هۆكارە سەرەكییەكان كە بۆتە هۆی ئەوەی پێگەی حكومەتی كوردستان لەبەرامبەر بەغدا لاواز بێت. بە داخەوە هەندێ لەحزبە نوێیەكانی كوردستان لەجیاتی ئەوەی لەگەڵ میللەت بن، كەچی زیاتر هەوڵدەدەن هاوپەیمانی لەگەڵ بەغدا و حزبەكانی عێراق ببەستن، بە مەبەستی ئەوەی زۆرترین پۆستیان لە حكومەتەكانی داهاتوو دەست بكەوێت. سەردانەكانیشیان بۆ لای عەبادی هیچ پاساوێكی نەبووەو هیچ دەستكەوتێكیشی لێ نەكەوتەوە، چونكە نەیانتوانی باوەڕ بە عەبادی بێنن بە لانیكەم مووچەی فەرمانبەرێكی هەرێمی كوردستان بنێریت.
* ئەو سزایانەی بەسەر كوردستاندا سەپێندراون هەر هەموویان لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە بڕیاریان لەسەر دراوە، ئایا لەو ماوەیەی كە فراكسیۆنە كوردستانییەكان گەڕاونەتەوە، تاچەند هەوڵتان داوە لەگەڵ فراكسیۆنی دیكەی عێراق كار بكەن بۆ ئەوەی چاو بەو سزایانە لەلایەن پەرلەمانی عێراق بخشێندرێتەوە؟
- ئاشكرایە كە ئەو سزایانە زیاتر لە ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی عێراق دەرچووە كە بە سەرۆكایەتی حەیدر عەبادی بووە، واتە داخستنی فڕۆكەخانەو دەروازە و بنكە سنوورییەكان، یاخود بڕینی مووچە و بودجەی هەرێمی كوردستان لە رێگای حكومەتی عێراقەوە بووەو هیچ پەیوەندی بە پەرلەمانەوە نییە، تەنانەت لە پەرلەمان چەندین جار نووسراویشمان بەرزكردۆتەوە بۆ حكومەت تاوەكو بەزووترین كات بودجەی هەرێمی كوردستان بنێریت، بەڵام حكومەتی بەغدا پابەند نەبووە و بارودۆخەكەش بەمشێوازەیە كە پەرلەمانتاران نەتوانن داوای لێپرسینەوە لە سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران بكەن، چونكە زۆرینەی دەنگ لەگەڵ ئەوانە نەك لەگەڵ ئێمە، هەر ئەوەشە بۆتە رێگر. ئەگەرچی من وەكو شەخسی خۆم لەسەرەتای ئەم خولەی پەرلەماندا پێش ئەوەی ئەو كێشانە دروست بێت دوو پرسیارم ئاراستەی عەبادی كرد بەوەی كە دەبێت بەغدا بە زووترین كات بودجەی هەرێمی كوردستان خەرج بكات، ئەگەر كێشەیەكیش لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان هەبێت، ئەوە دەبێت خۆی بێت (حكومەتی عێراق) لەگەڵ حكومەتی كوردستان دابنیشێت و بە گفتوگۆ چارەسەری بكات، نەك بودجە و مووچەی هاووڵاتیانی كوردستان ببڕێت، بەڵام بەداخەوە هەمان ئەو وەڵامەی دایەوە كە ئێستا باسی دەكات. لەوانە دەڵێت: كوردستان پابەند نەبووە بە دەستوور و زۆر كاری نایاسایی كراوە لە دامەزراندنی فەرمانبەران، واتە بە بەردەوامی عەبادی بەهانە و پاساو دەهێنێتەوە. بۆیە دەڵێم ئەگەر عەبادی مەبەستی ئەوە بووایە كە هاووڵاتیانی كوردستانی بە عێراقی بزانێت، ئەوە دەرفەتێكی زێڕینی لەدەست بوو كە دەیتوانی بە سلفەش بووایە پارەی بۆ كوردستان خەرج بكردبایە، كە لەو كاتەدا هاووڵاتی و فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان هەستیان بەوە دەكرد كە عەبادی جیاوازی لەنێوان فەرمانبەرانی كوردستان و عێراق ناكات. هەروەها من دەمەوێت ئاماژە بەوەش بكەم كە ئەو بڕیارانەی لە پەرلەمان دەرچوون لەم رووەوە، چەند بڕیارێكی سادە بوون و لەسەر شێوەی راسپاردە بوون، واتە حكومەتی عێراق پابەند نەبوو بە جێبەجێكردنیان. هەر ئەوەش بوو وایكرد كە بانكەكانی كوردستان دانەخران و پڕۆسەی فرۆشتنی دۆلار تائێستا بۆ بانكەكانی كوردستان بەردەوامە، بەڵام ئەو بڕیارانەی كە لەسەر هەرێمی كوردستان جێبەجێ كراون، ئەوە بڕیارەكانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەییە، نەك بڕیاری پەرلەمان.
* لە ئێستادا پەرلەمان دەیەوێت یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان هەموار بكاتەوە، ئەمجارە هەڵبژاردنەكان ئەنجومەنی پارێزگای كەركووكیش دەگرێتەوە، بەپێی قسەكانی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق باس لەوە دەكات: لە پرۆژە یاساكەدا هاتووە كە چارەنووسی كەركووك ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دیاری دەكات، ئایا ئێوە وەك فراكسیۆنە كوردستانییەكان هەڵوێستان چۆن دەبێت؟
- ئێمە لەگەڵ چارەسەری دەستوورین، چونكە دەستوور جیاوازی لەنێوان پارێزگاكان ناكات. بۆیە هەر لەسەرتاوە لەگەڵ ئەوەدا بووین كە چۆن هەڵبژاردن لە شارەكانی تری عێراق دەكرێت، دەبێت ئاواش لە كەركووك بكرێت، بەڵام هەڵبژاردنێكی شەفاف و دوور بێت لە پڕۆسەی تەعریب لەو ناوچانەدا كە ماددەی 140ی دەستووری دەیانگرێتەوە. بێگومان تاوەكو لە تواناماندا هەبێت رێگا نادەین هەڵبژاردنی كەركووك بە یاسایەكی تایبەت، یان لە پارێزگاكانی عێراق جیابكرێتەوە.
* سەبارەت بە پرۆژە یاسای بودجەی ئەمساڵی عێراق؛ دیارە پشكی كورد لەلایەن عەبادییەوە كەم كراوەتەوە بۆ 12.6% هەروەها عەبادی پێداگیری دەكات كە نابێت ئەم پشكە بەرزبكرێتەوە بۆ لە 17% ئایا تاچەند پرۆژە یاسای عێراق بەم شێوازە تێدەپەڕێت؟
- بێگومان ئەگەر هاتوو هیچ گۆڕانكارییەك لە پڕۆژە یاساكە نەكرێت لە بەرژەوەندیی سوننەو لە بەرژەوەندیی كورد و تەنانەت لە بەرژەوەندی شیعەی پارێزگاكانی باشووری عێراقیش، ئەوا ئەو پڕۆژە یاساییە تێپەڕ نابێت، بەڵگەشمان لەسەری ئەوەیە كە زیاتر لە مانگ و نیوێكە ئەو پڕۆژە یاسایە لەپەرلەمانە و تا ئێستاكە خوێندنەوەی یەكەمیشی بۆ نەكراوە بە بیانووی ئەوەی كە كەموكوڕیی زۆری تێداییە و حكومەتیش ئامادە نییە چارەسەریان بكات، ئەگەر حكومەتیش ئامادە نەبێت بۆ چارەسەركردنیان، ئەوا ئێمەش وەكو پەرلەمانتاران ئامادەنین پڕۆسەكە دەست پێ بكەین و دەست بە خوێندنەوەی بكەین و بیخەینە بەر گفتوگۆ، چونكە هەر كاتێك ئێمە پڕۆسەكەمان دەست پێكرد، ئەو كاتە پەرلەمان پابەند دەبێت كە پڕۆسەكە بە كۆتایی بگەیەنێت. كەوا بێت لە ئێستادا هەموو پێشبینییەكان ئەوەیە كە لە ساڵی 2018 یاسای بودجە نەبێت، لەو حاڵەتەشدا بودجەكە بەپێی هەمان پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2017 جێبەجێ دەكرێت كە بەپشكی یەك لەسەر 12مانگانە عەبادی دەتوانێ بودجەكە خەرج بكات. ئێمەش دەزانین لە پڕۆژە یاسای بودجەی 2017 پشكی لە 17% بۆ هەرێمی كوردستان چەسپێنراوە، واتە ئەگەر ئێمە رێگا نەدەین ئەو پڕۆژە یاسایەی ئێستا تێپەڕێت، ئەوا بەشە بودجەی كوردستان دەبێتەوە رێژەی 17%.
* ئایا پەرلەمانتارە كوردەكانی بەغدا لەم رووەوە یەكهەڵوێستن؟
- لەسەرەتای هاتنی ئەو پڕۆژە یاسایەدا لیژنەیەك لە هەموو فراكسێۆنە كوردییەكان پێكهات بۆ ئەوەی دیراسەتی سەرجەم بڕگەكانی پڕۆژە یاسای بودجە بكات، كە خۆشبەختانە هەموو فراكسیۆنە كوردییەكان بەشداربوون و هەموویان هاوهەڵوێستن لەسەر ئەوەی كە نابێت پڕۆژە یاسای بودجە بەم شێوەیەی ئێستا تێپەڕێت، تاكو ئێستاكەش یەكهەڵوێستین و هەوڵیش دەدەین ئەو یەكهەڵوێستییەش بمێنێت و بیپارێزین.
* سەرەتای قسەكانت باسی وردبینی مووچەی فەرمانبەرانت كرد، ئایا هیچ ئومێدێكیان بەوە هەبێت كە بەغدا مووچەیان بۆ دەنێرێت؟
- بەڵێ، بابەتەكە ئیلزامییە، چونكە بەغداش ئێستا كەوتۆتە ژێر فشارێكی نێودەوڵەتی و ناوخۆییش، بێگومان راستە عەبادی گەمە بەكات دەكات و كاتەش لە بەرژەوەندی ئەوە، بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە تا كەی عەبادی دەتوانێت یاری بە كات بكات؟ بێگومان لە ماوەیەكی نزیكدا ناچار دەكرێت كە سەرجەم بودجەی كوردستان و مووچەی فەرمانبەران بنێرێت، واتە ئەم گەمەكردنەی بە كات سنووردار دەكرێت و گومانی تێدا نییە كاتێك دێت كە ناچار بكرێت هەموو بودجەی هەرێمی كوردستان بنێریت.
* دۆسیەی ئاوارەكانی كورد لە خورماتوو و ناوچەكانی تری كوردستانی تاچەند كاری لەسەر كراوە، ئایا ئومێد بە پەرلەمانی عێراق هەیە لەسەر ئەم دۆسێیە بەدەنگ بێت؟
- ئەوەی لەم جارەدا لە داقوق و دوزخورماتوو روویدا، لەهیچ شارو شارۆچكەو ناوچەیەكی هەرێمی كوردستان و لەجێگاكانی كێشە لەسەر رووی نەداوە، كە دەبێت ئەو كەسانەی بەرپرسن لە رێككەوتنی 16ی ئۆكتۆبەر وەڵامی هاووڵاتیانی ئەو ناوچانە بدەنەوە. ئێمە وەكو پەرلەمانتار درێخیمان نەكردووە لە هەموو فشارێك لەسەر لایەنە سیاسییەكان بەڵام لەم ناوچانەدا واقیعێكی سەربازی دروست بووە و ئەم واقیعە سەربازییەش لەدەست دەرچووە و تەنانەت عەبادیش ناتوانێت هەندێ لەبڕیارەكانی لەم ناوچانەدا جێبەجێ بكات. بۆیە من داواكارم ئەم بابەتە بكرێتە ئەولەوییەت، ئەگەر هاتوو گفتوگۆ لەنێوان هەر دوو حكومەت دەستی پێكرد، تاوەكو چارەسەری بنەڕەتی بۆ بدۆزنەوە. دەبێت بە عەقڵییەتێكی حەكیمانە چارەسەر بۆ رەوشی ئەو ناوچانە بدۆزرێتەوە، بەڵام بەداخەوە ئەو چارەسەرەش لەناو پەرلەماندا نایەتە ئاراوە، لەبەر ئەوەی ئەوانەی تاوانەكانیان لەم شارانە ئەنجام داوە و ئەوانەی حوكمڕانیی ئەو ناوچانە دەكەن، زیاتر حەشدی شەعبین، بۆیە ئومێدی ئێمە ئەوەیە لەگەڵ دەستپێكردنی گفتوگۆی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق ئەم كێشەیەش چارەسەر بكرێت.