د.جەعفەر ئیمینكی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان بۆ گوڵان: هەڵبژاردنی پێشوەختە زۆر گرنگە لەبەر ئەوەی پشتیوانیی سیاسیی ناوخۆ بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان بەهێز دەكات

د.جەعفەر ئیمینكی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان بۆ گوڵان:  هەڵبژاردنی پێشوەختە زۆر گرنگە لەبەر ئەوەی پشتیوانیی سیاسیی ناوخۆ بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان بەهێز دەكات
لەدوای كارەساتی 16ی ئۆكتۆبەرەوە و بۆ تێپەڕاندنی ئو قۆناخە سەخت و قەیراناویەی بەسەر كوردستاندا هاتووە، پەرلەمان و حكومەتی هەرێمی كوردستان پێكەوە هاوكارو هەماهەنگن بۆ ئەوەی ئەم قۆناخە تێپەڕێنن، پەرلەمانی كوردستان بۆ بەدواداچوونی ئەو كارەساتە و دەرهاویشتە خراپەكانی لە رێگەی لیژنەكانی پەرلەمانەوە بەدواداچوونی كردووە و لیژنەكان راپۆرتی خۆیان ئامادەكردووە و لەسەر كارەساتی دووزخورماتوو پەرلەمان كۆبوونەوەی تایبەتی گرێداوە، بەڵام بۆ لێپرسینەوە لەو تاقمەی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەریان ئەنجامداوە، پەرلەمان نەیتوانیوە كۆبوونەوەی تایبەت لەسەر ئەو دۆسێیە گرێبدات و وەك جێگری سەرۆكی پەرلەمان دەڵێت، ئەم پرسە بە سیاسی كراوە و ئەو تاقمەی ئەم خیانەتەشیان كردووە هەتا ئێستا خۆیان وەك بێ منەت بەرامبەر بە یاسا پیشاندەدەن، هەروەها هەر لەم بارودۆخەدا حكومەتی هەرێمی كوردستان داوای لەپەرلەمانی كوردستان كردووە زەمینەسازی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە بكات و لە هەمانكاتدا بۆ ئەنجامدانی چاكسازیی زیاتر دیسان حكومەت پرۆژەیەكی داوەتە پەرلەمانی كوردستان، بۆ قسەكردن لەسەر رۆڵی پەرلەمانی كوردستان لەدوای ئەكتیڤكردنەوەی لە 15ی ئەیلوولی ساڵی رابردوو و هەتا ئێستا، ئەم دیمانە تایبەتەمان لەگەڵ بەڕێز د.جەعفەر ئیمینكی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان كرد و بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە.
پرۆژە چاكسازییەكەی حكومەت، پرۆژەی كۆی فراكسیۆنەكانە و مانگانە 80-100 ملیار دینار دەگێڕێتەوە

نەك هەر گروپی 16ی ئۆكتۆبەر خیانەتی نیشتمانیان ئەنجامداوە، بەڵكو رێككەوتنی حكومەتی فیدراڵی لەگەڵ ئەو گروپە، پێشێلكردنی دەستوور و خیانەتی نیشتمانییە

لەدوای كارەساتی 16ی ئۆكتۆبەرەوە و بۆ تێپەڕاندنی ئو قۆناخە سەخت و قەیراناویەی بەسەر كوردستاندا هاتووە، پەرلەمان و حكومەتی هەرێمی كوردستان پێكەوە هاوكارو هەماهەنگن بۆ ئەوەی ئەم قۆناخە تێپەڕێنن، پەرلەمانی كوردستان بۆ بەدواداچوونی ئەو كارەساتە و دەرهاویشتە خراپەكانی لە رێگەی لیژنەكانی پەرلەمانەوە بەدواداچوونی كردووە و لیژنەكان راپۆرتی خۆیان ئامادەكردووە و لەسەر كارەساتی دووزخورماتوو پەرلەمان كۆبوونەوەی تایبەتی گرێداوە، بەڵام بۆ لێپرسینەوە لەو تاقمەی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەریان ئەنجامداوە، پەرلەمان نەیتوانیوە كۆبوونەوەی تایبەت لەسەر ئەو دۆسێیە گرێبدات و وەك جێگری سەرۆكی پەرلەمان دەڵێت، ئەم پرسە بە سیاسی كراوە و ئەو تاقمەی ئەم خیانەتەشیان كردووە هەتا ئێستا خۆیان وەك بێ منەت بەرامبەر بە یاسا پیشاندەدەن، هەروەها هەر لەم بارودۆخەدا حكومەتی هەرێمی كوردستان داوای لەپەرلەمانی كوردستان كردووە زەمینەسازی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە بكات و لە هەمانكاتدا بۆ ئەنجامدانی چاكسازیی زیاتر دیسان حكومەت پرۆژەیەكی داوەتە پەرلەمانی كوردستان، بۆ قسەكردن لەسەر رۆڵی پەرلەمانی كوردستان لەدوای ئەكتیڤكردنەوەی لە 15ی ئەیلوولی ساڵی رابردوو و هەتا ئێستا، ئەم دیمانە تایبەتەمان لەگەڵ بەڕێز د.جەعفەر ئیمینكی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان كرد و بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە.



* لە 15ی ئەیلوولی پارساڵەوە پەرلەمانی كوردستان ئەكتیڤ كراوەتەوە و بە رێكوپێكی كۆبوونەوەكانی خۆی دەكات، ئایا لەو كاتەوەی پەرلەمان ئەكتیڤ كراوەتەوە چیتان كردووە؟
- لە دوای ئەكتیڤكردنەوەی پەرلەمان توانیومانە بڕیارێك بۆ پشتگیریی ریفراندۆمی كوردستان دەربكەین ، ئەم بڕیارە لەلایەك پەیامێكی بەهێز بوو بۆ پشتگیریی ریفراندۆم لە هەمانكاتیشدا ئاماژەیەك بوو بۆ یەكدەنگی و هاودەنگیی گەلی كوردستان كە دەتوانێت لە پرسە چارەنووسسازەكاندا ناكۆكییە لاوەكییەكان وەلابنێت و بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆی بدات، لەدوای كارەساتی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەریش، پەرلەمان توانی بۆ دوو وەرز ماوەی خۆی درێژبكاتەوە بۆ ئەوەی بزانین لەو ماوەیەدا چۆن ئەم قۆناخە سەختە تێدەپەرێنێن، ئەمەش بەو مانایەی ئەگەر بارودۆخەكە پێویستی بە درێژكردنەوەی زیاتر هەبوو یان ئەگەر بارودۆخەكە پێویستی كرد ئەم دوو وەرزە كورتبكرێتەوە بۆ یەك وەرز، ئەم بڕیارە جۆرێك مرونەتی تێدایە لەبەر ئەوەی بەهۆی ناچاری پەرلەمان بۆ دوو وەرز ماوەی خۆی درێژكردۆتەوە.



* پەرلەمان بۆ پشتگیریی ریفراندۆم بڕیاری دەركرد، بەڵام پرسیار ئەوەیە ئایا دوای كارەساتی 16ی ئۆكتۆبەر ، پەرلەمان چۆن مامەڵەی لەگەڵ ئەم كارەساتە كردووە ؟
- بێگومان پەرلەمان كە بڕیاری بۆ پشتگیریی ریفراندۆم دەركردووە لەو روانگەیەوە بووە كە پرۆسەی ریفراندۆم پرۆسەیەكی ئاشتیانە و دیموكراتیانەیە و لە دەستووری عێراقیشدا بە تایبەتی لە ماددەی 140 ئاماژە بە ئەنجامدانی ریفراندۆم كراوە ، بۆیە ریفراندۆم مافێكی ئاسایی گەلی كوردستانە كە ئازادانە دەنگ لەسەر چارەنووسی خۆی بدات، بۆیە لەم روانگەیەوە چاوەڕێی ئەوە بووین لایەنی پەیوەندار ( حكومەتی فیدراڵی و نەتەوە یەكگرتووەكانیش كە نوێنەریان لە عێراقدا هەیە) بە شێوەیەكی دیكە مامەڵە لەگەڵ ئەم پرسە بكەن و تەنانەت ئەگەر پەسەندیشی نەكەن، دژایەتیشی نەكەن، ئەمەش لەبەر ئەوەی رەتكردنەوەی پرۆسەیەكی ئاشتیانە و دیموكراتیانەی وەك ریفراندۆم، دەمانگێڕێتەوە بۆ چوارگۆشەیەكی بێ ناونیشان، هەر بۆیە خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر كەلێن و برینێكی گەورەی خستە ناو جەستەی خەڵك و هەرێمی كوردستان، بەشێوەیەكی زۆر خراپ خیانەتی نیشتمانییان دژی هەرێمی كوردستان ئەنجامدا، ئەم خیانەتەش لەسەر دوو ئاست، ئاستی یەكەمیان ئەو تاقمەی كە لە ناوخۆی كوردستان بوونە هۆكاری كارەساتی 16ی ئۆكتۆبەر، دووەمیان لەسەر ئاستی حكومەتی فیدراڵی ، ئەمەش لەبەر ئەوەیە هەتا ئەگەر حكومەتی فیدراڵی كێشەیەكی لە چوارچێوەی دەستووری عێراق لەگەڵ هەرێمی كوردستان هەیە، دەبوو حكومەتی فیدراڵی بە رێگەی دیالۆگ ئەو كێشەیە لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان چارەسەر بكات، نەك حكومەتی فیدراڵی بچێت گروپی جیاواز یان فەرماندەی هێزێك لەناو هەرێمی كوردستان بكات و پاشان بە پیلان و خیانەت هێرش بكاتە سەر هەرێمی كوردستان، بۆیە ئەمەشیان لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا ، حكومەتی فیدراڵی خیانەتی نیشتمانی دژی هەرێمی كوردستان كردووە ، ئەمەش متمانەی خەڵكی كوردستانی بە حكومەتی فیدراڵی گەیاندە سفر، سەبارەت بە رۆڵی پەرلەمانیش دوای ئەم كارەساتە، بێگومان پەرلەمان لیژنەكانی (پێشمەرگە و ئاسایش و ناوخۆ و مافی مرۆڤ و ماددەی 140 و داكۆكی كردنی لە مافی ژنان) ئاراستەكردووە بۆ ئەوەی بچن بەدوادا چوون بۆ ئەو كارەساتە بكەن، هەموو ئەم لیژنانە راپۆرتی خۆیان ئامادەكردووە و بەردەوامیشن، لەبەر ئەوەی دەرهاویشتە خراپەكانی ئەو كارەسات وخیانەتە بەردەوامە.



* ئەی سەبارەت بەو گروپ و تاقمەی كە بوونە هۆكاری كارەساتی 16ی ئۆكتۆبەر، ئایا پەرلەمان هیچ هەڵوێستێكی هەبووە؟
- بەداخەوە ئەو تاقمەی كارەساتی 16ی ئۆكتۆبەریان ئەنجامداوە خۆیان ئازادانە دەسووڕێنەوە و لەسەر شاشەی تیڤیەكانەوە قسەدەكەن و خۆیان وەك بێ منەت پیشاندەدەن، بێگومان هۆكاری ئەم بێ منەتییەشیان دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی حكومەتی فیدراڵی بە پشتیوانی خۆیان دەزانن و لەناو هەرێمی كوردستان خەڵكانێك هەن بەرگرییان لێ دەكەن، بۆیە دەبێت ئەم پرسە بەرێگای داواكاری گشتی بدرێتە یاسا و بەپێی یاسا مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت.
* ئایا لەدوای 16ی ئۆكتۆبەرەوە پەرلەمان كۆبوونەوەی تایبەتی لەسەر كارەساتی 16ی ئۆكتۆبەر و دەرهاویشتە خراپەكانی نەكردووە؟
- لەسەر كارەساتی دووزخورماتوو و ئاوارەكانی ئەو ناوچەیە، پەرلەمان دانیشتنێكی تایبەتی كردووە، بەڵام لەسەر ئەنجامدەرانی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر دانیشتنی تایبەت نەكراوە، لەبەر ئەوەی ئەم پرسە بە شێوەیەكی سیاسی مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت، بۆیە باشترە حكومەتی هەرێمی كوردستان بەرێگەی وەزارەتە پەیوەندیدارەكان، زەمینەسازی بكەن بۆ ئەوەی بەشێوەیەكی یاسایی مامەڵە لەگەڵدا بكرێت.
* ئەی داواتان نەكردووە وەزیری پێشمەرگە بانگهێشتی پەرلەمان بكەن و پرسیاری ئەوەی لێ بكەن هێزی پێشمەرگە چۆن پاشەكشەی پێكراوە؟
- ئەو پرسە جۆرێك لە ناڕوونیی تێدایە، بەراستی تا ئێستا بەرچاوڕوونیی تەواو بۆ پەرلەمان و حكومەت بەو ئاستە نییە كە ئەو هێزانە چۆن پاشەكشەیان پێكراوە ، ئەمە پێویستی بەوەیە لەلایەن سەرۆكایەتیی حكومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتە پەیوەندیدارەكان لێكۆڵینەوەی زیاتر لەسەر بكرێت ، تا بتوانن هاوكاریی زیاتری پەرلەمانیش لەسەر ئەم پرسە بكەن.
* لە 1ی 11ی 2017 سەرۆك بارزانی نامەیەكی ئاراستەی پەرلەمان كرد و لەو نامەیەدا دەسەڵاتەكانی خۆی دابەشی هەر سێ سەرۆكایەتی ( پەرلەمان و حكومەت و دادوەری ) كرد، ئایا تا چەند پێدانی بەشێك لە دەسەڵاتەكانی سەرۆكایەتیی هەرێم بۆ سەرۆكایەتیی پەرلەمان كاریگەریی لەسەر پەرلەمان هەبووە؟


- ئەو بەشەی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دراوە بە پەرلەمان زیاتر دەسەڵاتی تەشریفاتی و پرۆتۆكولین، دەسەڵاتە سەرەكییەكان دراونەتە سەرۆكی حكومەت و بەشێكی كەمیشی دراوتە دەسەڵاتی دادوەری، بۆیە ئەو دەسەڵاتە پرۆتۆكۆلی و تەشریفاتییەی دراوەتە پەرلەمان كاریگەریی ئەوتۆی لەسەر پەرلەمان نابێت.
* ئایا كارەساتی 16ی ئۆكتۆبەر كاریگەریی لەسەر پەرلەمانی كوردستان هەبووە ، لەبەر ئەوەی ئامانجی سەرەكی لەو خیانەتە هەڵوەشانەوەی كیانی سیاسی هەرێمی كوردستان بووە و پەرلەمانیش دایكی هەموو دامەزراوە شەرعییەكانی كوردستانە؟


- ئەگەر راشكاوانە بدوێم، ئەوا دەتوانم بڵێم پەرلەمان پێگەی جارانی نەماوە، ئەمەش سەرەتاكەی دەگەڕێتەوە بۆ كۆبوونەوەی 23ی حوزەیرانی 2015 كە سەرۆكی پەرلەمان تاكلایەنە رەفتاری كردو پەرلەمانی تووشی كێشەی سیاسی كرد، ئەمەش بووە هۆكاری ئەوەی تەوافقی سیاسی تێكبچێت، لە شەوی 19ی ئابی 2015 بە هەوڵی هەموولایەك جارێكی دیكە تەوافقی سیاسی درووستكرایەوە، بەڵام دیسان لە رۆژی 19ی ئاب 2015 سەرۆكی پەرلەمان جارێكی دیكە بە گرێدانی دانیشتنی پەرلەمان و تەواونەبوونی نیسابی یاسایی، ئەو تەوافقەی لەباربرد، ئیدی لەوە بەدوا پەرلەمان نەیتوانی هیچ كارێك بەرێوەبەرێت، پاش ئەمەش پەنایان برد بۆ توندوتیژی و هەڵكوتانە سەر بارەگاكانی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سلێمانی و ئەم حاڵەتە تەشەنەی كرد و پەرلەمان ئیدی نەیتوانی كۆبوونەوەكانی خۆی بكات، لەدوای كارەساتی 16ی ئۆكتۆبەریش كە بارودۆخێكی سەخت و نائاسایی هاتۆتە ئاراوە، دەبینین دوو هێزی سیاسی ( گۆڕان و كۆمەڵ) لە حكومەت كشاونەتەوە و سەرۆكی پەرلەمانیش دەستی لەكاركێشاوەتەوە، بۆیە ئەم بارودۆخە كاریگەریی لەسەر هەموو دامەزراوەكان هەبووە بە پەرلەمان و حكومەتیشەوە.
* ئایا دەست لەكاركێشانەوەی سەرۆكی پەرلەمان گەیشتۆتە پەرلەمان ، ئەگەر گەیشتووە، چۆن ئەو پۆستە پڕدەكەنەوە؟
- دەست لەكاركێشانەوەی سەرۆكی پەرلەمان گەیشتۆتە پەرلەمان، بۆ پەسەندكردنیشی ، ئێستا هەندێك كار لەبەر دەستی پەرلەمانە دوای ئەوە دەخرێتە بەرنامەی كارەوە ، سەبارەت بە پڕكردنەوەی ئەو پۆستەش ، ئەمەیان پێویستیی بە تەوافقی سیاسی دەبێت ، بەتایبەتی لەنێوان پارتی و یەكێتی و یەكگرتوو، ئەم سێ لایەنە لەمانگی ئەیلوولی ساڵی پارەوە سەركەوتووبوون لە ئەكتیڤكردنەوەی پەرلەمان، هەروەها تا ئێستاش سەركەوتووبوونە لەوەی پەرلەمان دانیشتەكانی بەسەركەوتوویی ئەنجامبدات.
* ئایا مەبەستت ئەوەیە پۆستی سەرۆكایەتی پەرلەمان لەنێوان ئەو سێ لایەنە دابەش دەكرێت؟
- دوای ئەوەی ئەم سێ لایەنە رێكدەكەون ئەوا هەڵبژاردن بۆ دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان دەكرێت.


* بەڕای تۆ سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان دەدرێتەوە بە یەكێتی نیشتمانی؟
- من دەڵێم بەشێوازێكی ئاسایی و سرووشتی و یاسایی دەبوو هەر لەسەرەتاوە پۆستی سەرۆكی پەرلەمان لەلایەن برادەرێكی یەكێتییەوە بەڕێوەببرایە. ئێستاش بۆچوونێكی واهەیە سەرۆكی پەرلەمان بدرێتەوە بە یەكێتیی نیشتمانی.
* ئەی سەبارەت بە سكرتێری پەرلەمان؟
- ئەمەیش دیسانە هەر بۆچوونە، بۆیە بۆچوونێكی واهەیە یەكگرتوویی ئیسلامی وەریبگرێت.
* لە ئێستادا باس لەوە دەكرێت كە حكومەت داوای لە پەرلەمان كردووە هەڵبژاردنی پێشوەختە لە هەرێمی كوردستان بكرێت، ئایا تاچەند زەمینە لەبارە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن و ئاستەنگەكانی بەردەمی چین؟
- راستە حكومەتی هەرێمی كوردستان داوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی كردووە ، بەڵام ئەم داواكارییە پێویستی بە زەمینەسازی بۆ كاری دیكە هەیە، یەكەمیان دەبێت سازانێكی سیاسی لەنێوان لایەنە سیاسیەكان دروست بكرێت بۆ ئەوەی یاسای درێژكردنەوەی وادەی پەرلەمان بۆ دوو وەرز هەموار بكرێتەوە و بكرێتە یەك وەرز، دووەمیان دەبێت لەنێوان حكومەت و پەرلەمان و كۆمسیۆنی هەڵبژاردن كۆبوونەوەیەك بكرێت و رۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردن دیاری بكرێت، سەبارەت بە خاڵی دووەمیان ئەوە شتێكی رۆتینی و ئاساییە، بەڵام خاڵی یەكەمیان كە دروستكردنی سازانی سیاسییە ئەمەیان پێشوەختە كاری دەوێت و ناكرێت پرۆژەیەكی لەو جۆرە لە پەرلەمان باس بكرێت و پێشتر سازانی سیاسی لەسەر دروست نەبووبێت.
* پێدەچێت ئەو سازانە ئاسان نەبێت، لەبەر ئەوەی زۆربەی لایەنە سیاسییەكان بەو جۆرە لێدوان دەدەن كە رەنگبێ نەتوانن لەو ماوەیە هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت؟
- ئەم پرسیارە دووبەشە، سەبارەت بە دروستكردنی ئەو سازانە سیاسییە ، پێموایە ئەو سازانە دروست دەبێت، بەڵام سەبارەت بە بەشی دووەمی، من دەڵێم هیچ لایەنێكی سیاسی نییە لەم هەڵبژاردنە نەترسێت یان دڵنیابێت لەوەی كورسییەكانی خۆی بەدەست دەهێنێتەوە، هەر پسپۆرێكی جیهانیش بێنیت ناتوانێت لەم بارودۆخەدا خوێندنەوەیەكی درووست بۆ هیچ لایەك بكات، هەربۆیە رەنگە ئەوەی لە هەموو لایەك زۆرتر هەڵبژاردنی پێشوەختی پێ خۆش بێت ئەو قەوارە تازانە بن كە تازە دروستبوون.
* ئەی كەواتە بۆچی حكومەت داوای هەڵبژاردنی پێشوەختە دەكات، ئایا پرسەكە لە ناچارییەوەیە؟
- داوای حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە لەبەر ئەوەیە بارودۆخەكە باش نییە، حكومەتی فیدراڵی یاری بە كات دەكات و خۆی لە دانووستاندن دەدزێتەوە، پەیوەندییەكانمان لەگەڵ وڵاتە دراوسێكانمان باش نین، پشتیوانیی سیاسیی ناوخۆ بۆ حكومەتی كوردستان وەك پێویست نییە، بۆیە راستە ئێمەش مەزندەی ئەوە دەكەین ژینگەی ململانێی لەم هەڵبژاردنە زۆر قورس دەبێت، بەڵام ئەو ململانێ قورسە لەم بارودۆخەی ئێستا باشترە، بۆیە دوای ئەنجامدانی ئەم هەڵبژاردنە دەتوانرێت حكومەتێك پێكبهێریتەوە كە پشتیوانیی سیاسیی ناوخۆی زیاتر بێت، ئەم پشتیوانییە ناوخۆییە دەبێتە هۆكاری ئەوەی پشتیوانیی نێودەوڵەتیش بەهێز تر بێت و دەتوانین باشتر قەیرانەكان تێپەڕێنن.


* تۆ هەر ئاماژەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كرد، ئایا هاوكات لەگەڵ هەڵبژاردنی پەرلەمان ، هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی هەرێمیش بەڕێوە دەچێت؟
- كە دەڵێین دیاریكردنی رۆژی هەڵبژاردن مەبەست لە هەرسێ هەڵبژاردنی (سەرۆكایەتیی هەرێم و پەرلەمان و پارێزگاكانە) ئەگەر بڕیار لەسەر هەڵبژاردنی پێشوەختە بدرێت، ئەوا ئەم هەڵبژاردنە بۆ هەرسێكیان بێت یان یەكێكیان یان دوان، ئەوە بابەتێكی ترە و دەكەوێتە سەر ئەوەی دوای سازانی لایەنە سیاسییەكان، پەرلەمان و حكومەت بڕیاری لەسەر دەدەن.
* بەڵام پێشتر كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان دەرگای خۆپاڵاوتنی بۆ سەرۆكایەتیی هەرێم كردەوە بەڵام هیچ لایەنێكی سیاسی كاندیدی نەبوو، ئایا ئەمە مانای ئەوە نییە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی هەرێم ناكرێت؟
- بەڵێ راستە ئەو كات هیچ لایەنێك بە پارتی دیموكراتی كوردستانیشەوە كاندیدی بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان نەبوو. ئێستا لێت ناشارمەوە رایەكی لەو جۆرە هەیە بەتایبەتی لەلایەن بزووتنەوەی گۆرانەوە كە سەرۆكایەتیی هەرێم هەر نەمێنێت.
* لەدوای 16ی ئۆكتۆبەرەوە هەر باس لە دیالۆگی نێوان حكومەتی فیدراڵی وحكومەتی هەرێم دەكرێت، ئایا ئێوە وەك پەرلەمانی كوردستان هیچ پەیوەندییەكتان لەگەڵ پەرلەمانی عێراق هەیە یان ئایا بە نیازن لەگەڵ پەرلەمانی عێراق كۆببنەوە؟
- بەڵێ پەیوەندیمان هەیە و لەگەڵ سەلیم جبوری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق پەیوەندیمان پێكەوە كردووە، چەند جاریش هاتۆتە كوردستان من بینیومە ، هەروەها لەگەڵ فراكسیۆنە كوردستانییەكانی پەرلەمانی عێراق كۆبوونەوەمان كردووە و داوامان لێكردوون كە یەك هەڵوێست بن سەبارەت بەهەر هەڵوێستێك بەرامبەر پەرلەمانی بەغدا، هەروەها بەنیازین لە داهاتوویەكی نزیكدا سەردانی پەرلەمانی عێراق بكەین بۆ ئەوەی لێكتێگەیشتنێك لەنێوان پەرلەمانی كوردستان و پەرلەمانی عێراق دروست بێت و پەرلەمان رۆڵی هەبێت لەم قەیرانەدا و هەموو پرسەكان بۆ حكومەتی فیدراڵی بەجێ نەهێڵێت، هەروەها خۆتان دەزانن ئەو گەمارۆ و ئابڵوقانەی خراونەتە سەر هەرێمی كوردستان لە پەرلەمانی عێراقەوە بڕیاری لەسەر دراوە، دیارە ئەو گەمارۆ و ئابلوقانەش سزادانی بەكۆمەڵی هەموو خەڵكی كوردستانە، بۆیە بەنیازین كاتێك سەردانی پەرلەمانی عێراق دەكەین لەگەڵ فراكسیۆنەكانی دیكەی ناو پەرلەمانی عێراق كۆببینەوە و پێیان بڵێن، ئەوەی كردووتانە كارێكی هەڵەتان كردووە، هیچ پەرلەمانێكی وڵاتێكی دیموكراتی بریاری لەو شێوەیە دژی بەشێك لە گەلەكەی خۆی دەرناكات.
* تۆ ئاماژەت بەوە كرد كە لەگەڵ فراكسیۆنە كوردستانییەكانی پەرلەمانی عێراق كۆبوونەوە و داواتان كردووە كە هەموویان یەك هەڵوێست بن، بەڵام بەم دواییە سێ لایەنی سیاسی ( كۆمەڵ و گۆڕان و هاوپەیمانی) سەردانی بەغدایان كرد، ئایا وەك پەرلەمانی كوردستان پرسیان بەئێوە كردبوو؟


- نەخێر ئەو سێ لایەنە پرسیان بە پەرلەمانی كوردستان نەكردووە و بە شێوازی حزبی سیاسی سەردانی بەغدایان كردووە، بەڵام بەداخەوە حكومەتی فیدراڵی هەڵەیەكی دیكەشی كرد كە پێشوازی لەو شاندە حزبیە كردووە ، لەبەر ئەوەی دیالۆگی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵی رێوشوێنی خۆی هەیە و دەبێت حكومەتی فیدراڵی لەگەڵ حكومەتی هەرێم دیالۆگ و دانوستاندن بۆ چارەسەكردنی هەموو كێشەكان بكات، بۆیە ئەوەی كردوویانە زیاتر لە هەڵمەتێكی هەڵبژاردنی پێشوەختە دەچێت و شتێكی دیكە نییە.
* دوایین تەوەر كە لەم دیمانەیە دەمانەوێت لەگەڵ بەڕێزت باسی بكەین، پرۆژەی چاكسازیی حكومەتی هەرێمی كوردستانە كە رەوانەی پەرلەمانی كردووە، پرسیار ئەوەیە گرنگیی ئەم پرۆژەیە چییە و بۆچی حكومەت ئەم پرۆژەی رەوانەی پەرلەمان كردووە؟
- ئەو پرۆژە چاكسازییەی كە حكومەت رەوانەی پەرلەمانی كردووە، لە بنەڕەتدا پرۆژەی فراكسیۆنەكانی ناو پەرلەمانە و ئەوان ئامادەیان كردووە، هیچ فراكسیۆنێك نییە كە پرۆژەی چاكسازی ئامادە نەكردبێت، بەتایبەتی چاكسازی لە بوارەكانی ( گەندەڵی، كارگێڕی، خانە نشینەكان، نەوت و گاز)، بەڵام ئەوەی چەند رۆژێكە لە تۆڕە كۆمەڵاتییەكان بڵاودەكرێتەوە بەوەی گوایە حكومەت دەیەوێت مارەكە بە پەرلەمان بگرێت، پرسەكە بەو شێوەیە نییە، بەڵكو ئەو پرۆژەیەی حكومەت كۆكراوە و چڕكراوەی تەواوی پرۆژە چاكسازییەكانی فراكسیۆنەكانی ناو پەرلەمانی كوردستانە.
* ئەگەر لەسەر پرسی خانەنشینەكان زیاتر قسە بكەین ، ئایا ئەو پرسە چۆنە و تاچەند خانەنشینی نایاسایی لەم پرۆژەیەدا بوونیان هەیە؟
- مەسەلەی پرسی خانەنشینە نایاساییەكان، پێشتر لیژنەكانی ناو پەرلەمان بەدواداچوونیان بۆ كردووە و بۆیان دەركەوتووە كە ئەم پرسە حاڵەتێك یان چەند حاڵەتێك نییە، بەڵكو دیاردەیەكە بوونی هەیەو، خەڵكێكی زۆر بە ناشایستە خانەنشین كراون، بۆیە ئێستا كە دەمانەوێت مامەڵە لەگەڵ ئەم دیاردەیە بكەین، ئەوا خۆ ناكرێت یەكسەر مووچەكەیان ببڕدرێت، بەڵكو دەبێت بەیاسا مامەڵەی لەگەڵ بكرێت، حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ئەم پرسە وادەی 3 مانگی دەستنیشانكردووە، بۆ ئەوەی حاڵەتی خۆی لەگەڵ ئەو یاسایە بگونجێنێت، واتە ئایا ئەو كەسە شایستەیە بەو پلەیە خانەنشینە یان نە، ئەگەر كەسێك خۆی بڵێت من شایستەی ئەو پلەیە نیم و تا ئێستا بە ناشایستەیی ئەو بەو پلەیە خانەنشینم وەرگرتووە، ئەوا خانەنشینیەكەی دەبڕێت و كۆتایی دێت، بەڵام ئەوانی دیكە بەپێی یاسا مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێت. بێگومان كە دەشڵێین خانەنشینی ناشایستە ، شێوازی زۆرە، هەیە ساڵانێكی زۆر خزمەتی بۆ زیادكراوە بۆ ئەوەی بە پلەیەكی شایستە خانەشین بكرێت، هەیە رۆژێك وەزیر نەبووەو بە پلەی وەزیر خانەشین كراوە، یان بەڕێوەبەری گشتی نەبووە و بەو پلەیە خانەنشین كراوە، ئەوانە هەمووی دەبێت بە یاسا راستبكرێنەوە.

* ئایا پێتوایە ئەو یاسایە بۆ چاكسازی بەو ئاسانییە تێدەپەرێت، مەبەستم ئەوەیە حزبەكان گوشار و ئاستەنگی بۆ دروست ناكەن؟
- پرسەكە ئاسانی و قورسی نییە، كاتێك پرۆژەیەك لەلایەن حكومەتەوە دەهێنرێتە پەرلەمان، ئەوا دەبێت پەرلەمان بەهەند وەریبگرێت و كاری لەسەر بكات ، لەمەش زیاتر حزبەكان خۆیان داوای چاكسازی دەكەن ، بۆیە بڕواناكەم حزبەكان بتوانن بە ئاشكرا ئاستەنگ لەبەردەم دەرچوونی ئەم یاسایە دروست بكەن.
* دیارە ژمارەی خانەنشینەكانی كوردستان لەسەرووی 200 هەزار كەسەوەیە، ئایا لەم ژمارەیە چەندی بە ناشایستە خانەنشین كراوە؟
- من نازانم چەندی بە نایاسایی خانەنشین كراون، بەڵام بەمەزندەی من لەوانە بەرێژەی هەتا 10% خانەنشینی ناشایستە بن.
* ئایا ئەم خانەنشینە نایاساییانە هی هەموو حزبەكانن ، یان تەنیا خانەنشینی پارتی و یەكێتین؟
- لە هەموو حزبەكان بە ( پارتی و یەكێتی و گۆران و كۆمەڵ و یەكگرتوو و حزبەكانی تریش) خانەنشینی ناشایستەیان هەیە و چاكسازییەكە هەموویان دەگرێتەوە.
* ئایا ئەگەر كۆی پرۆژە چاكسازییەكەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە پەرلەمانەوە یاسای بۆ دەربچێت و جێبەجێ بكرێت، چەند داهات بۆ حكومەت دەگێڕێتەوە؟
ئەگەر تەواوی پرۆژە چاكسازییەكە جێبەجێ بكرێت ، نزیكەی 80-100 ملیار دینار مانگانە بۆ داهاتی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەگەڕێتەوە، ئەم داهاتەش بۆ ئێستای ئەم قەیرانەی هەرێمی كوردستان ، زۆر زۆرە و دەتوانرێت زۆر هاوكاریی حكومەتی هەرێمی كوردستان بێت بە تایبەتی بۆ دابینكردنی مووچەی فەرمانبەران.
Top