ماجید شنگالی ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی پارتی بۆ گوڵان: عەبادی لە پێناوی دەستكەوتی سیاسی لە هەڵبژارنەكاندا دەیەوێت گفتوگۆكان دوا بخات

ماجید شنگالی ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی پارتی بۆ گوڵان: عەبادی لە پێناوی دەستكەوتی سیاسی لە هەڵبژارنەكاندا دەیەوێت گفتوگۆكان دوا بخات
هەروەك ئاشكرایە پرۆژەی یاسای بودجە لە عێراقدا تێنەپەڕی و بڕیاردرا ئەو پرۆژە یاسایە بگەڕێندرێتەوە بۆ لێژنەی دارایی پەرلەمان، لەلایەكی دیكەوە لە ئێستادا باس لە ئەگەرەكانی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لەلایەن حكومەتی عێراقییەوە دەكرێت، بە هەمان شێوە قسە و باس دەكرێت لەبارەی دووبارە دەستپێكردنەوەی گفتوگۆكان لە نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراقیدا، ئەم پرسانە بوونە تەوەری دیمانەیەكی گوڵان لەگەڵ ماجید شنگالی ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی پارتی كە لێرەدا پوختەی قسەكانی بڵاودەكەینەوە.
* دوای بایكۆتكردنی كورد و سوننە و پەرلەمانتارەكانی بەسرەو میسان، پرۆژە یاسای بودجەی 2018ی عێراق گەڕایەوە بۆ لێژنەی دارایی پەرلەمان تاوەكو گفتوگۆ لەبارەی ئەو تێبینیانەوە بكرێت؛ هۆكارەكانی بۆچی دەگەڕێنەوە و دۆخەكە چۆن دەبینن؟
- لە راستیدا دەتوانین هۆكارەكە لە چەند خاڵێكدا چڕبكەینەوە، سەرەتا ئەوەی پەیوەست بێت بە كوردەوە، ئەوا ناڕەزاییەتییەكانی كورد لە چەند پرسێكدا بەرجەستە بوون، یەكەمیان پەیوەست بو بە كەمكردنەوەی پشكی هەرێمی كوردستان لە پرۆژەی یاسای بودجەدا لە رێژەی لە سەدا 17 بۆ لە سەدا 12، دووەمیان مامەڵەكردنە لەگەڵ هەرێمی كوردستان وەك چەند پارێزگایەك، نەك وەك یەك قەوارە، كە ئەمەش خۆی لە خۆیدا كارێكی نادەستوورییە. هەروەك تێبینی و ناڕەزاییەتی وهۆكاری دیكەش هەبوون، بۆ نموونە، هۆكارێكی دیكە ئەوە بوو كە بڕگەیەك نەچەسپێنراوە بۆ ئاوەدانكردنەوەی ئەو ناوچانەی لە ژێر دەستی داعش رزگاركراون، وەك ناوچەكانی سەر بە شارەكانی موسڵ و ئەنبار و سەڵاحەددین و چەند ناوچەیەكی كەركووك و دیالەش. خاڵێكی دیكە، یان هۆكارێكی دیكە بریتی بوو لە تەرخان نەكردنی هیچ بڕە پارەیەك لە ساڵی 2018دا بۆ مووچەی ئەو فەرمانبەرانەی بە ناچاری لە ژێر دەسەڵاتی داعشدا مابوونەوە. لەلایەكی دیكەوە ئەندام پەرلەمانەكانی پارێزگا بەرهەمهێنەكانی نەوت، وەك بەسرە و میسان، ئەوانیش رازی نەبوون پرۆژە یاسای بودجە تێپەڕێت، ئەگەر بێتوو یاسای پترۆدۆلار تێنەپەڕێندرێت. هەروەها هۆكارێكی دیكەی تەواونەبوونی نیسابی یاسایی بوو، بەهۆی ئەوەی تا ئێستا هیچ گفتوگۆ و دانوستاندنێك لە نێوان لایەنە سیاسییەكان لەسەر یاسای هەڵبژاردنی پارێزگاكان و ئەنجومەنی نوێنەران نەكراوە.


* باشە هەنگاوی داهاتوو چی دەبێت، ئایا پرسی پرۆژەی یاسای بودجە بە كوێ دەگات و تا چەند ئەگەری ئەوە هەیە بتوانرێت تێپەڕێنرێت؟
- بە تێڕوانینی من پێویستە كوتلە سیاسییەكانی نێو پەرلەمان لیژنەیەكی پەرلەمانی پێكبهێنن بۆ ئەوەی هەڵبستن بە ئەنجامدانی گفتوگۆ لەگەڵ حكومەتی عێراقیدا لەبارەی پرۆژەی یاسایی بوودجە، بە هەمان شێوە گفتوگۆ لەگەڵ كۆمیسیۆنی هەڵبژاردن بكرێت لەبارەی خۆئامادەكردن بۆ هەڵبژاردنەكان و دەستەبەركردنی لایەنی لۆجیستی و دەستنیشانكردنی وادەكەی، هەم بۆ هەڵبژاردنەكانی پارێزگاكان و هەم بۆ هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیش.
* تاچەند دەتوانرێت ئومێدمان هەبێت بە فشارە نێودەوڵەتییەكان و داواكارییەكانی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی بە كەم نەكردنەوەی پشكی كورد لە بودجەو دەستپێكردنی دانوستانەكان؟
- لە راستیدا رەنگە داواكارییەكانی سندوقی دراوی نێودەوڵەتی لە پەیوەندی بە پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەدا كاریگەری بێت، چونكە ئەو سندوقە پاڵپشتییەكی زۆری عێراقی كردووەو لە چوار پێنچ ساڵی رابردودا نزیكەی 20 ملیار دۆلار قەرزی بە عێراق داوە. بەڵام ئەمەش پێویستی بە یەكڕیزی نێو پەرلەمانتارەكانی كورد لە بەغدا دەبێت.
* هەروەك ئاشكرایە عەبادی بەردەوامە لەسەر لێدوانەكانی بەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەنێرێت، بەڵام ئەو لەلایەك پشكی هەرێم لە بودجە كەم دەكاتەوەو لەلایەكی تر بەڵێن بە پێدانی مووچە دەدات، ئێوە چ خوێندنەوەیەك بۆ ئەم جیاوازییە لە نێوان لێدوان و رەفتارەكان دەكەن؟
- عەبادی قسە و ئاخافتنی زۆرە، ئەو داوای لیستی ناوی مووچەخۆرانی كردووە بۆ ئەوەی ووردبینی بكەن، بەڵام لەلایەكی دیكەوە دەڵێت هەموو مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم 300 ملیارە، كە ئەمە قسەیەكی دروست نییە، چونكە حكومەتی هەرێم مانگانە نزیكەی 887 ملیار دینار مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و چاودێریی كۆمەڵایەتی دەدات. بەڵام ئێمە تا دوایین چركەساتیش هەوڵیان لەگەڵدا دەدەین، دواتر راست و دروستی قسەكانیان دەردەكەوێت. ئەوەی تا ئێستاش من تێبینم كردووە،ـ ئەوەیە كە عەبادی وەك سەرۆك وەزیرانی سەرجەم عێراق مامەڵە ناكات، چونكە ئەوەتا نزیكەی دوو مانگ دەبێت، بەڵێنی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی داوە، كەچی تا ئێستا جێبەجێ نەكراوە، لەبەر ئەوە پێموایە عەبادی پاساو و بیانووی ناواقیعی دەهێنێتەوە و گەمەی كاتكوشتن دەكات، واتە دەیەوێت لەبەر خاتری بەدەستهێنانی هەندێ دەستكەوتی هەڵبژاردن و دەستكەوتی سیاسی گفتۆگۆكان دوابخات.

* باست لەوە كرد كە عەبادی وەك سەرۆك وەزیرانی هەموو عێراق هەڵسوكەوت ناكات، دەتوانیت ئەمە زیاتر روون بكەیتەوە؟
- لە راستیدا ئەگەر ئێمە سەرنج لە پێكهاتەی هێزە ئەمنی و سەربازییەكانی عێراق بدەین، بۆمان دەردەكەوێت كە هاوسەنگی لە پێكهاتەی ئەم هێزانە نییە، واتە زۆرینەی زۆری ئەم هێزانە لە شیعە پێكهاتوون، بۆ نموونە رێژەی كورد زۆر كەمە، چ لە سوپای عێراق و چ لە پۆلیسی فیدڕاڵی، بە هەمان شێوە سوننەش. لەوەش خراپتر ئەوەیە كە وەلائی هەندێ لە میلیشیا شیعەكانی نێو حەشدی شەعبی بۆ ئێرانە، واتە لەم رووەوە ئێران بە ئاشكرا هەوڵی ئەوە دەدات كە رۆبچێتە نێو جومگەكانی دەوڵەتی عێراقییەوە. لەبەر ئەوە پێموایە جگەی لەوەی عەبادی وەك سەرۆك وەزیرانی هەموو عێراق رەفتار ناكات، ئەوا حاڵەتێكی دیكەش هەیە، ئەویش ئەوەیە كە هەندێ هێزی ناو حەشدی شەعبی دەسەڵاتیان لە عەبادی زیاترە، بۆ نموونە لە روومادییەوە تاوەكو شنگال فەرمانی ئەبو مەهدی موهەندیس، یان هادی عامری زۆر بەهێزترە لە فەرمانی عەبادی، لە كاتێكدا عەبادی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانە.
* دوا وتەت چیە؟
- من تەنیا داوای یەكڕیزی و تەبایی لە نێو كوردستاندا دەكەم، چونكە هەر لاوازییەك لە دۆخی ناوخۆیی كوردستاندا بێتەئاراوە، ئەوا عەبادی لە گفتوگۆكان و لە هەنگاوەكانی دیكەشیدا كەڵكی خراپی لێوەردەگرێت.
Top