ئاواز حەمید ئەفەندی ئەندامی لیژنەی ناوخۆ لەپەرلەمانی كوردستان بۆ گوڵان: نابێت خۆپیشاندانەكان هۆكارێك بن بۆ دروستكردنی پشێوی و دڵەڕاوكێ

ئاواز حەمید ئەفەندی  ئەندامی لیژنەی ناوخۆ لەپەرلەمانی كوردستان بۆ گوڵان:  نابێت خۆپیشاندانەكان هۆكارێك بن بۆ دروستكردنی پشێوی و دڵەڕاوكێ
لەگەڵ ئەوەی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی دەربڕین مافێكی رەوای هەر هاووڵاتییەكە، بەڵام كاتێك رەوتی خۆپیشاندانەكان ئاراستەیەكی دیكە وەردەگرێت و لە دەرئەنجامدا زیان بە دامودەزگای گشتی و بگرە موڵك و ماڵی هاووڵاتییانیش دەگات، ئەوا لە ئامانجی بنەڕەتیی خۆی لادەدات و دەرئەنجامێكی نەخوازراوی لێدەكەوێتەوە، بۆ قسەكردن لەسەر ئەو خۆپیشاندانانەی بەم دواییە لە كوردستان ئەنجامدران كە هاوشان بوون بە پشێوی و سووتاندنی بارەگای حكوومی و حزبی، گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵ ئاواز حەمید ئەفەندی ئەندامی پەرلەمانی كوردستان، ئەنجامدا، كە لێرەدا پوختەی قسەكانی بڵاو دەكەینەوە.
* وەكو ئەندام پەرلەمانی كوردستان لەلیژنەی ناوخۆ چۆن سەیری ئەم خۆپیشاندانە توندوتیژانەی ماوەی چەند رۆژی رابردووی سلێمانی و دەڤەرەكانی تر دەكەیت؟
- ئێمە وەكو فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ خۆپیشاندانین و بەمافی خەڵكی هەرێمی كوردستانی دەزانین، بەڵام دەبێت ئەو خۆپیشاندانە بە شێوەیەكی ئاشتییانە بێت، نەك وەك ئەوەی بینیمان كە خۆپیشاندانەكان سووتاندنی بارەگای حزبەكان و دامودەزگای حكوومی لێكەوتەوە. بۆیە پێویستە ئەو جۆرە خۆپیشاندان و توندوتیژییانە كۆنتڕۆڵ بكرێت و رابگیرێن، چونكە دەبێتە هۆی ئەوەی ئاسایش و ئارامیی ناو هەرێمی كوردستان تێكبچێت و خەڵك دووچاری دڵەڕاوكێ و دۆخێكی ناجێگیر ببێتەوە.


* لە پەرلەماندا بەچ یاسایەك خۆپیشاندانتان رێكخستووە، لەبەر ئەوەی ئەو خۆپیشاندانە دوور بوو لە هەموو رێنماییەكان، چەندین كەس لە خۆپیشاندەران دەمامكدار بوون و تەنانەت چەكیان بەكار هێناوە؟
- یاسایەك لەبارەی خۆپیشاندان هەیە، بەڵام پێویستی بە هەمواركردنەوە بوو، ئێمە یاساكەشمان هەموار كردەوە، بەڵام پەسند نەكرا لەبەر ئەوەی هەندێك پرسیار و كێشە لەسەر هەمواركردنەكە هەبوو، بەتایبەتی لەسەر جۆری خۆپیشاندان، هەر بۆیە هەمواركردنەكە بە بێ پەسەندكردن مایەوە. بەڵام بەشێوەیەكی گشتی و بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەكان نابێت خۆپیشاندان ئارامی و ئاسایشی وڵاتەكە تێكبدات.
* بەڵام ئێمە بینیمان لە خۆپیشاندانەكاندا توندوتیژی بەكارهات، وەك پەلاماردانی بارەگا حزبی و فەرمانگە حكوومییەكان و سووتاندنی ئۆتۆمبێلی هاووڵاتیان، ئایا ئێوە وەكو پەرلەمانی كوردستان چۆن هەڵوێست لەسەر ئەم خۆپیشاندان و ئەم كارانە وەردەگرن؟
- پێویستە ئەو كەسانەی كە دەستیان لەو پشێوی و ئاژاوەیە هەبووە و زیانیان بە ژیانی خەڵك گەیاندووە، بە پێی یاسا لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بكرێت و دادگایی بكرێن.

* هەست دەكرێت لەو ناوچانەی كە بە زۆنی سەوز و نیلی ناسراون، ئەو جۆرە خۆپیشاندانە توندوتیژییانە روودەدەن، ئایا هۆكار چییە كە خۆپیشاندانەكان مۆركی توندوتیژی و ئاژاوەی پێوە دیارە؟
- بە روونی و بە ئاشكرا دیارە لەو شوێنانەی زۆنی سەوز و نیلی دەستی دەرەكی هەژموونی هەیە، كە ناحەزی كوردن و دەیانەوێت دۆخی كوردستان بەرەو ئاقارێكی خراپتر ببەن لەوەی كە ئێستا دوچاریان كردووە.
* وەكو لیژنەی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان چۆن بەدواداچوون لەسەر ئەم كەیسە دەكەن؟
- ئاشكرایە ئێمە یاسامان هەیە، كە پێویستە ئەو یاسایە و ئەوە پڕنسیپانەی كە تایبەتن بەئاسایش و ئارامیی ناوخۆیی پەیڕەو و پیادە بكرێن، كە تێیدا بەرژەوەندی هەرێمی كوردستان و هاووڵاتیان و پێگەی كوردستانی تێدا رەچاو بكرێت، لەلایەكی تر پێویستە بە جددی و بە زووترین كات ئەو كەسانەی دەستیان لەو ئاژاوەو گێرەشێوێنییانە هەبووە، بە پێی یاسا دەستگیر بكرێن و لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بكرێت.
* هەندێ لەحزبە سیاسییەكان و تەنانەت هەندێ لە كەناڵ و میدیاكانیش بەشێوەیەكی دووسەرە قسەیان دەكرد كە لەلایەك هانی خەڵكیان دەدا و لەلایەكی تر خۆیان لەو ئاژاوە و توندوتیژییانە لێ بێبەری دەكرد. ئایا ئەمە چۆن لێك دەدەیتەوە؟


- دەتوانین بڵێین ئەوانەی سەرپەرشتی ئەو ئاژاوەیە دەكەن، هەر ئەو كەسانەن كە خۆیان كۆنتڕۆڵی ئەو كەناڵانەی راگەیاندن دەكەن. ئەوەش راستە كە ئەم كەسانە لەلایەك دەیانەوێت رێبەرایەتی ئەو كارە ئاژاوەگێڕییانە بكەن و لەلایەكی دیكەشەوە خۆیان لێ بێبەری دەكەن. لەبەر ئەوە پێویستە وەزارەتی رۆشنبیری بەدواداچوون بۆ ئەم بابەتە بكات و بەهاوكاری و هەماهەنگی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان و لایەنە پەیوەندارەكانی تر بەرنامەو رێنمایی بۆ كەناڵ و میدیاكان و میدیاكاران دەربكەن، بۆ ئەوەی بتوانن ئەو جۆرە كەناڵانە كۆنتڕۆڵ بكەن و بەپێی یاسا هەڵسوكەوتیان لەگەڵ بكرێت.


* باس لەوە دەكرێت كە داوا لە عەبادی كراوە كە دەستێوەردان لە هەرێمی كوردستان بكات، ئایا هەڵوێستی ئێوە وەكو پەرلەمانی كوردستان لەمبارەوە چییە؟
- ئەو كەسانەی ئەم كارە دەكەن، درێژەپێدەری ئەو سیاسەتەی پێشترن كە لە رێگای ئەوانەوە خیانەتێكی گەورە لەكوردستان كرا، ئەو كەسانەی ئەم داواكارییە دەكەن، دەیانەوێت هەرێمی كوردستان لەوەی هەیە زیاتر زیانمەند بێت و دەسەڵاتی هەرێمی كوردستان لەدەست خۆی نەمێنێت، ئەو دەستە ناحەزە و ئەو سیاسەتەش لەدەرەوە سەرچاوەی گرتووە. هەر بۆیە پەرلەمانی كوردستان لەو بارەیەوە بەیاننامەی دەركردووەو من دڵنیام سەرجەم ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان بەهەموو فراكسیۆنەكانەوە هاوڕاین لەسەر ئەم بابەتە. دواتر ئەگەر حكومەتی عێراق راستگۆ بوایە، ئەوا زووتر چارەسەری كێشەكانی دەكرد، وەك كێشەی مووچە، بەڵام ئەوەی ئەو حكومەتە دەیكات تەنیا موزایەدەو قسەكردنە، ئەوان دەیانەوێت دۆخەكە بەرەو ئاقارێكی خراپتر بەرن و ئاڵۆزی و پشێوی لەكوردستاندا دروست بێت، تاوەكو هانی خەڵك زیاتر بدەن بۆ ئەوەی پەنا بۆ بەغدا ببەن، كە دڵنیاین بەغداش لەمبارەوە هیچ چارەسەرێكی پێ نییە و بگرە ئامانجی حكومەتی عێراق ئەوەیە كێشەكانی كوردستان زیاتر بن، نەك كەمتر. واتە بە شێوەیەكی گشتی سیاسەتی حكومەتی عێراق ئەوەیە كار لەسەر زیاتركردنی كێشەكانی كوردستان بكات.



* جگە لەوەی ئەو خۆپیشاندانان و توندوتیژییانە هاوكات كاریگەریی خراپی لەسەر پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانیش هەبووە، بەتایبەتی لەسەر گەیاندنی ئاو و كارەبا بۆ هاووڵاتیان، هەروەكو ئەوەی بینیمان لە چەند رۆژی رابردوودا شارێكی وەكو سلێمانی و ئەو دەڤەرانەی كە توندوتیژی تێدا روویدا لەم خزمەتگوزاریانە بێبەش بوون، ئێوە لەم بارەیەوە چی دەڵێن؟
- بەدڵنیایەوە ئاژاوەو توندوتیژی و پەلاماردانی سەر كەرتی خزمەتگوزارییەكان كاریگەریی خراپ لەسەر ژیان و بارودۆخی هاووڵاتیان دروست دەكات، هەروەك پێشتریش ئاماژەم پێكرد ئەم كارانە بەو ئامانجە دەكرێت كە دۆخی كوردستان بە ئاقارێكی خراپتردا ببەن و ئەمەش دەستی دەرەكی لە پشتە. هەروەها دەمەوێت ئەوە بڵێم كە بە دڵنیاییەوە پیلانی دابەشكردنی كوردستانیش لە ئارادایە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەمە هەوڵێكی بێ ئاكام دەبێت و هەرگیز ئەو پیلانە سەركەوتوو نابێت. واتە هەر چەندە دەبینین چەند كەسێك لە نێو خۆپیشاندەرەكاندا هەن كە بەجۆرێك لە جۆرەكان هاوكاری كراون، یان لەوانەیە بەڵێنیان پێدرابێت و بیانەوێت ئەم پیلانە جێبەجێ بكرێت، بەڵام خەڵكی كوردستان كە دژی دوولەتبوونی هەرێمن، زۆر زۆر زیاترن، لەم روانگەیەوە دەڵێم كە ئەمە هەوڵێكی شكستخواردوو دەبێت.
* دوا وتەت چییە؟
ئاشكرایە كە ئێمە لە رابردوودا دوچاری دۆخی زۆر خراپتر بووین، بەڵام توانیومانە بەسەریاندا زاڵ بین و تێی پەڕێنین، لەم روانگەیەوە من باوەڕم وایە كە ئەم جارە ئەم هەلومەرجە تێدەپەڕێنین و بە سەركەوتوویی لێی دەردەچین.
Top