زیاد كاكە رەزا ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بۆ گوڵان: ئەوەی لە پارێزگای سلێمانی روویدا خۆپیشاندان نەبوو، پشێوی و گێرەشێوێنی بوو

زیاد كاكە رەزا ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بۆ گوڵان:  ئەوەی لە پارێزگای سلێمانی روویدا خۆپیشاندان نەبوو، پشێوی و گێرەشێوێنی بوو
ئاشكرایە ئەوەی پێی دەوترا خۆپیشاندانەكانی ئەم چەند رۆژەی پارێزگای سلێمانی ئاقار و ئاراستەیەكی زیانبەخشی گرتەبەر، بۆ هەڵوەستەكردن لەسەر ئەم رووداوە نەخوازراوانە و بۆ تاتوێكردنی ئاكامەكانی و چۆنیەتی چارەسەركردنیان، گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵ زیاد كاكە رەزا ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئەنجامدا و ئەویش بەم شێوەیە وەڵامی پرسیارەكانی دایەوە.
* سەرەتا دەمانەوێت بپرسین ئایا ئێوە وەكو ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم دۆخە و ئەم جۆرە خۆپیشاندانانە دەكەن؟
- ئێمە وەك ئەنجومەنی پارێزگا بەیانێكمان دەركردو تێیدا ئاماژەمان بەوە كردووە كە خۆپیشاندان مافی هەموو تاكێكی ئەم وڵاتەیە، بەڵام دەبێت خۆپیشاندان مەدەنییانە بێت. هەروەها ئاشكرایە كە خۆپیشاندان لە هەرێمی كوردستان بە یاسایەك لە پەرلەمانی كوردستان رێكخراوە و دەبێت كات و شوێن و داواكاری خۆپیشاندەران دیاری بكرێت و رەزامەندیی پارێزگای لەسەر وەربگیرێت، بەڵام ئەو خۆپیشاندانەی لەچەند رۆژی رابردوو لە شاری سلێمانی روویدا، نە داوای مۆڵەتی بۆ كراوە و نە مۆڵەتیشیان وەرگرتووە، بە داخەوە لە خۆپیشاندانیش دەرچوو، بەڵكو ئەوەی روویدا پشێوی بوو و كاری نەشیاو و نابەجێش كرا. وەك پەلاماردانی بارەگا حزبی و فەرمانگە حكوومییەكان، وەك وێستگەی كارەبا و فەرمانگەی هاتوچۆ و شارەوانی. بۆیە ئەمە بە هیچ شێوەیەك خۆپیشاندان نییە. بەڵكو كارێكی گێرەشێوێنییە. بەكوردی و بەكورتی ئەمەی لەم چەند رۆژەی رابردوو لە سلێمانی و چەند شوێنی تر روویدا، خۆپیشاندان نەبوو، بەڵكو ئەوە تێكدانە پڕ بە مانای وشەكە. بەدڵنیاییەوە هەڵكوتانە سەر بارەگای حزبەكان و فەرماگەو دامودەزگاكانی حكومەت دەستی ناحەزانی كورد و كوردستانی لەپشتە، بۆیە كارێكی خراپە و هەق وایە كەس بەو كارە هەڵنەستێت. بۆی هەیە ئەو كەسانەشی لەو كارانەدا بەشدارن، هەر نەزانن ئەمە چ دەستێكی لەپشتە.


* ئایا ئەمەی دەكرێت مەترسی نییە بۆ سەر كیانی سیاسیی كوردستان و بەمە بارودۆخەكە زۆرتر خراپ نابێت؟
-بە دڵنییاییەوە مەترسی هەیە، مەترسیی ئەوەی هەیە كە دۆخە ئەمنییەكە لە دەست دەربچێت. هەر بۆ نموونە لە شەوەكانی ئەم بارۆدۆخەدا هەڵیانكوتاوەتە سەرماڵان و دزییان كردووە. لەبەر ئەوە ئەمە هەلومەرجێكی خراپە و دۆخێك دەخوڵقێنێت كە مەترسی ئەوە دروست دەكات، هەموو شتێكمان لە دەست دەرچێت. ئەوەتا لە سلێمانی بارێكی نالەبار دروست بووە و ئەو بارودۆخەی لەئارادایە دڵەڕاوكێ بۆ خەڵك دروست دەكات.
* حكومەتی عێراق بەتایبەتی عەبادی لەسەر ئەم رەوشەی سلێمانی لێدوانێكی دا، ئایا ئەمە تەنیا موزایەدە نییە؟ بۆچوونی ئێوە لەم بارەیەوە چییە؟
- بە داخەوە لەساڵی 2014وە هەر ئەو حكومەتەی عێراق بوو كە مووچە و بودجەی خەڵكی هەرێمی كوردستانی بڕی، هاوكات هەر لە ناوەڕاستی ساڵی 2014 شەڕی ناڕەوای تیرۆریستانی داعش رووبەڕوومان بۆوە و، ئاوارەیەكی یەكجار زۆر رووی كردە كوردستان، كە هەموو ئەمانە دۆخێكی دژواریان خوڵقاند. لەلایەكی تر لەم بارودۆخەی چەند رۆژی رابردوو كە لە سلێمانی روویدا، ئەوەی زۆر جێی داخ بوو، ئەوە بوو كە نوێنەرانی شارەكەی ئێمە لە پەرلەمانی بەغدا كە بە دەنگی ئێمە بوونەتە ئەندام پەرلەمان، پڕ بەدەنگ هاواریان دەكرد عەبادی وەك فریادڕەسێك بێ بە هانای خەڵكی كوردستانەوە و هانی خەڵكیان دەدا، بەڵام عەبادی لەم رۆژانەدا زۆر بە راشكاوی پێی وتن: من بەهیچ جۆرێك مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستانم پێ نادرێت.



* لە هەموو دنیادا پێناسەی خۆپیشاندان دیارە كە دەربڕینی ناڕەزایی خەڵكە، بەڵام لەو خۆپیشادانەدا دەبینین خەڵكانێك خۆیان شاردۆتەوە و دەمامكدارن، ئێوە لەم بارەیەوە چی دەڵێن؟
- لەهەموو دنیادا خۆپیشاندان كارو كردەوەیەكی مەدەنییانەیە بۆ ئەوەی ئەو كەس و كۆمەڵە خەڵكانەی بەشداری لەو خۆپیشاندانە دەكەن، پەیامی خۆیان بە دەسەڵات بگەیەنن. بەڵام ئێمە بینیمان كە بارەگای حزبەكان درانە بەر دەستڕێژی تەقەكردن و دەبینین لە نێو خۆپیشاندەراندا خەڵكی چەكدار و دەمامكداری تێدایە. لەبەر ئەوە ئەمە خۆپیشاندان نییە، بەڵكو ئەمە تێكدان و كاولكردنی وڵاتە.
* بەڵام بۆچی بە زۆری بارەگاكانی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكرێنە ئامانج لەو دەڤەرەدا؟
- ئاشكرایە ماوەی چەند ساڵێكە تیرەكان بۆ سەر سنگی پارتین و ئەمەش جاری یەكەم نییە كە بارەگاكانی پارتی دەكرێنە ئامانجی تێكدان و سووتاندن. چەند ساڵێكە ئەمە هەیە، بۆیە بە دڵنیاییەوە ئەوە دەستێكی ناحەزی كوردو كوردستانی لەپشتە و دەستێكی دەرەكییە بۆ تێكدانی هەرێمی كوردستان.
* ئەی چۆن لە رۆڵی دەزگاكانی راگەیاندن دەڕوانن لەم رووەوە؟ ئایا راگەیاندن هەبووە رۆڵی سلبی بگێڕێت؟
- بەداخەوە هەندێ دەزگای راگەیاندن هەن كە كارەكانیان تەنیاو تەنیا دەچێتە چوارچێوەی بەرژەوەندیی ناحەزانی گەلی كوردستان و حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە، لەبەر ئەوە بەڵێ بە دڵنیاییەوە هەندێ كەناڵ و میدیا هەبوو هەر لەسەرەتای دەست پێكردنی دۆخەكەوە هانی خەڵكی دەدا و دەیویست بارودۆخەكە خراپتر بكات و تێكی بدات و نەهێڵێت خۆپیشاندانەكە بەپێی یاساو ماناكەی خۆی بەڕێوەبچێت، بەڵكو كاری لەسەر ئەوە دەكرد، خۆپیشاندانەكە بگۆڕێت بۆ كردەوەی تێكدەرانە.


* سەرەڕای ئەوەی لە ناو ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیدا كۆدەنگی هەبوو لەسەر ئەوەی نابێت خۆپیشاندنەكان بە ئاراستەیی پشێوییدا بڕوات، كەچی خۆپیشاندانەكان ئەو رووداوە نەخوازراوانەیان لێكەوتەوە، ئێوە چی دەڵێن لەم بارەیەوە؟
- ئەو بەیاننامەیەی لە ئەنجومەنی پارێزگا دەرچوو بە گفتوگۆ و راوبۆچوونی هەموو فراكسێۆنەكانی ناو ئەنجومەنەكە بوو، هەر هەموومان لەسەر ئەوە كۆك بووین كە نابێت خۆپیشاندان بەمجۆرە بێت كە روویدا و بەیانی لایەنە سیاسیەكانیشمان بینیوە، كە هەمووان لەسەر ئەوە هاوڕان كە دەبێت خۆپیشاندان مەدەنییانەو سەردەمییانە بێت، بەڵام بەداخەوە ئەو ئاراستەیەی گرتەبەر كە بینیمان.
* لەبەر چی ئەم حاڵەتانە لە هەرێمی كوردستان تەنیا لە زۆنی سەوزو نیلی روودەدات؟
- لەمبارەوە رەنگە بۆچوونی من لەگەڵ بۆچوونی كەسێكی دیكە جیاواز بێت، من پێموایە ئەو دەستەی لێرە هەیە و ئەو بارودۆخەی لێرە هەیە بۆ خوڵقاندنی ئەم جۆرە كارانە، رەنگە لە شوێنێكی دیكە نەبێت.
* بەڕای تۆ چارەسەر بۆ ئەم دۆخە چییە؟


- بە تێڕوانینی ئەم دۆخە پێویستی بە دانیشتنی بەپەلەی هەموو لایەنە سیاسییەكان هەیە كە بە نییەتێكی پاكەوە ئەنجام بدرێت، تاوەكو كوردستان بەرەو وێرانبوون نەچێت و دۆخە ئەمنییەكە لەدەست دەرنەچێت. واتە بەیانێكی هاوبەش دەربكەن كە هەموو حزب و لایەنەكان بە روونی و راشكاوی خۆیان لەهاندان و پاڵپشتی و تێكدان و گێرەشێوێنی بێبەری بكەن. خاڵی دووەم ئەوەیە حكومەتی هەرێمی كوردستانیش بێتە سەر هێڵ و بەخەڵك بڵێت ئەوەی لەتوانا و دەسەڵاتیدایە بۆیان دەیكات و بەرنامەكەی خۆی بخاتەڕوو لەبارەی چاكسازی شەفافییەتەوە- وەك ئەوەی پەیوەست بە چەند مووچە و مووچەخۆری بندیوار و ...هتد و پەلە لە جێبەجێكردنیان بكات و دەرئەنجامەكەی بە خەڵك رابگەیەنێت و گۆڕانكارییەك لە دۆخەكەدا دروست بێت.
Top