حاكم ئەحمەد ئەنوەر سەرۆكی دەستەی دەستپاكیی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ گوڵان: جگە لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی پێویستە ستراتیژیەتی خۆپارێزی لە گەندەڵیش كارا بكرێت
December 21, 2017
دیمانەی تایبەت
ئاشكرایە كە شەڕی گەندەڵی شەڕێكی سەخت و دژوارە، بەڵام هەر دەبێت بكرێت و سەركەوتنیش تێدا بەدەست بهێنرێت، چونكە شكستهێنان، یاخود تەنانەت كەمتەرخەمی لە ئەداكردنی ئەم ئەركەدا، دەرئەنجام و دەرهاویشتەی سلبی لێدەكەوێتەوە كە هەمووان باجەكەی دەدەن. هەر لەم روانگەیەوەیە لە كوردستاندا دەستەی دەستپاكی دامەزراوە. گوڵان لە چوارچێوەی دیمانەیەكدا چەند پرسێكی پەیوەست بە چۆنیەتی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و ئاستەنگەكانی بەردەم دژایەتیكردنی گەندەڵی و چەند پرسێكی پەیوەندیداری دیكەی لەگەڵحاكم ئەحمەد ئەنوەر ئەم دەستەیە تاوتوێ كرد، كە لێرەدا پوختەكەی قسەكانی بڵاو دەكەینەوە.گەندەڵی دەبێتە مایەی هەڵتەكاندنی دامەزراوەكان و لە ناوبردنی متمانەی نێوان گەل و دەسەڵات
* ماوەی نزیكەی دووساڵە كار لەسەر دۆسیەكانی گەندەڵی لە كوردستاندا دەكەن، ئایا ئەو كەرتانەی گومانی گەندەڵییان لەسەر بووە و لێكوڵینەوەتان لەسەر كردوون، بە زۆری چین و تا ئێستا چەند دۆسێی گەندەڵی رووبەڕووی دادگاكانی كوردستان كراونەتەوە؟
- لە راستیدا ئێمە كەیسەكانمان دەستنیشان كردووەو لەكۆتایی ئەمساڵ لە راپۆرتێكدا بڵاوی دەكەینەوە، بەڵام بەشێوەیەكی گشتی ئەمساڵ كەیسی گەندەڵی بەپلەی یەكەم لەبواری داراییدایە، ئەویش بەهۆی كێشەی بانكەكانەوە بووە، كە سكاڵا و كێشەی زۆریان لەسەرە و لەم كەرتەدا (20تا22)كەیسی لێ جیاكراوەتەوە، ئاشكراشە كە ئەو كەرتانەی كە خزمەتگوزارین و داهاتیان تێدا خەرج دەكرێت، زۆرترین تەركیزیان لەسەرە، هەر بۆ نموونە كەرتی نەوتیش یەكێكە لەو كەرتانەی كە تەركیزی زۆری لەسەر بوو، بەڵام ئێستا سكاڵای لەسەر كەمتر بۆتەوە، ئێمە وەكو دەستەی دەستپاكی بەپێی مەبدەئی سكاڵاكان هەڵسوكەوتمان كردووە، نەوەك خۆمان ئەو كەرتانەمان هەڵبژاردبێت، بە شێوەیەكی گشتی ئێمە پشتمان بەستووە بەو داتاو سكاڵایانەی كە لەلای خۆمان هەیە و ئەو زانیاری و سكاڵایانەی لەلامان هەیە، زیاتر ئەو كەرتانەن كە حكومەت خزمەتگوزاری تێدا پێشكەش بەخەڵك دەكات، چونكە گومان دەكرێت گەندەڵی زیاتر لەم بوارانەدا كرابێت، ئەگەرچی ئەمەش مانای ئەوە ناگەیەنێ كە گەندەڵی لەكەرتەكانی دیكە نییە، بۆی هەیە زۆر كەیسی گەندەڵیی تر هەبێت، بەڵام لەلای ئێمە داتا و زانیاری لەسەر نەبێت.
* تا چ راددەیەك بەرەوپێشچوون لە پرۆسەی دادگاییكردن و یەكلاكردنەوەی ئەو كەیسانەدا روویداوە كە ئێوە دەستنیشانتان كردوون؟
- ئەو كەیسی گەندەڵییانەی لەبەردەستەو كارمان لەسەر كردوون لە ماوەی رابردوودا، ئەوەیە كە (123) كەیسمان لەقۆناغی دادگاییكردن بووەو 36تا 37 لەم كەیسانە یەكلایی كراونەتەوە و لەم كەیسانەشدا (18)كەیسی خەڵكی لەسەر حوكم دراوە و ئێستا (57) كەیس لە دادگا ماوە و هیوادارین لە ساڵی داهاتوودا ئەوانەش یەكلابكەینەوە، بە دڵنیاییەوە ئەو كەسانەش كەسانی نێو حكومەتن، چونكە كاری سەرەكی دەستەی دەستپاكی لەسەر كەرتی گشتییە (حكوومی).
* هەروەك ئاشكرایە تەنیا بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی دوای روودانی بەس نییە بۆ بنەبڕكردنی ئەم دیاردەیە، بەڵكو پێویستە رێكاری پێویست بگیرێتەبەر بۆ رێگەگرتن لە روودانی، ئایا لە كوردستاندا هیچ هەنگاوێك بەم ئاراستەیەدا هەڵگیراوە؟
- ئەمە خاڵێكی گرنگە و ئەوەی ئێستا وڵاتان كاری لەسەر دەكەن خۆپارێزییە لە گەندەڵی كە مەسەلەیەكی زۆر گرنگە، بەڵام بەداخەوە ئەو لایەنە لەلای ئێمە ئیشی لەسەر نەكراوە، بۆیە لەپێناو ئەوەدا لەساڵانی رابردوو كارمان لەسەر ئامادەكردنی ستراتیژیەتێك كردووە بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و ئەمساڵ ئەنجومەنی وەزیران دەنگی لەسەر ئەم ستراتیژیەتەدا و لە وەقائیعی كوردستانیش بڵاوكراوەتەوە. لەم ستراتیژییەدا كۆمەڵێك رێكاری خۆپارێزی تێدایە، بۆ نموونە، باشتركردنی كاروباری كارگێڕی و چەسپاندنی شەفافییەت لەهەموو كەرتەكان و باشتر بەدەستگەیشتنی زانیارییەكان بەدەستی رۆژنامەنووسان و هاووڵاتیان و.. تاد، چونكە چەند شەفافییەت زیاتر بێت، ژینگەی گەشەكردنی گەندەڵی لاواز دەبێت. بۆیە باشترین كار كە حكومەت كاری لەسەر بكات، نەهێشتنی رۆتین و ئاسانكارییە بۆ راییكردنی كارەكان، كە ئەمەش دەبێتە خالێكی باش هەم بۆ چالاككردنی خزمەتگوزاری بۆ هاووڵاتیان، هەم بۆ كەمكردنەوەی گەندەڵی. بۆ نموونە كەرتێكی گرنگ كە وڵاتان كاری لەسەر دەكەن، گرێبەستە حكوومییەكانە، كە بۆ ئەو مەبەستە وڵاتان سەنتەرێكی نیشتمانییان دامەزراندووە و هەر گرێبەستێكی حكوومی لەهەر كەرتێك بێت، لە رێگای ئەو سەنتەرەوە بە ئەلكترۆنی كاری لەسەر دەكرێت، بەڵام لەلای خۆمان ئەم سەنتەرە تائێستا نییە، هەرچەندە ماوەی چەند ساڵێكە بەهۆی نەبوونی بودجەو قەیرانی دارایی هیچ پڕۆژەو باڵەخانەیەكی گەورە لە كوردستان دروست نەكراوە، بەڵام وەزارەتی پلاندانان كاری باشی لەسەر گرێبەستە گشتییەكان كردووە و لەهەوڵدانە بۆ ئەوەی لەچەند ساڵی داهاتوو ئەم پڕۆسەیە بە ئەلكترۆنی بكرێت، بۆیە خۆپارێزی لە گەندەڵی و باشكردنی دامودەزگاكانی حكوومی خاڵێكی گرنگەو هاوكارییەكی باشیشە بۆ دەزگا چاودێرییەكانی وەكو دەستەی دەستپاكی و چاودێری دارایی، هاوكات كاریگەری راستەوخۆی لەسەر كەمكردنەوەی گەندەڵی دەبێت.
* ئەوەی تێبینی دەكرێت ئەو خەڵكانەی باسیان دەكرێت و گەندەڵییان كردووە، زیاتر لە پلەكانی خوار وەزیر و بریكارەوە دێن، ئەوانی دیكە لە ئاستی بەڕێوەبەرەكاندان، پرسیار ئەوەیە ئایا كە لە بەرێوەبەرایەتی وەزارەتێك گەندەڵییەكی گەورە دەكرێت، هیچ بەشێكی ناكەوێتە ئەستۆی وەزارەتەكان؟
- ئەگەر سەرجەم وەزارەتەكان بە وردی كاری خۆیان بكەن و لێپێچینەوە بكەن و ئەو رێنماییانەی خۆیان دەری دەكەن لەگەڵ ئەو یاساییەی كە وەزارەتەكە پێی دامەزراوە، وەكو خۆی جێبەجێی بكەن، ئەوە بە دڵنیاییەوە كەمترین گەندەڵی تێدا دروست دەبێت. هەروەها خاڵێكی سلبی دیكە ئەوەیە كە فەرمانبەری گشتی - ناڵێم هەمووی، بەڵكو بەشێكی- نەیتوانیوە وەك چۆن لە موڵكی تایبەتی خۆی دەڕوانیت، بەو شێوەیەش لە موڵكی گشتی بڕوانێت، مەبەستم ئەوەیە پێویستە چۆن داكۆكی لە موڵكی تایبەتی خۆمان دەكەین، ئاواش بەرگری لەموڵكی گشتی بكەین، كە لەو حاڵەتەدا گەندەڵی تا ئاستێكی زۆر دادەبەزیت، ئەمەش بە كۆمەڵێك هەنگاو دەكرێت، لەوانە: بە هۆشیاركردنەوەو جێبەجێكردنی رێنماییەكان و هەندێ جار بە پەیڕەوكردنی سزای ئیداری. هەروەها دامودەزگاكان خۆیان دەبێت دەستپێشخەر بن لەوەی كە هەر كەیسێكی گەندەڵی كە زانیارییان هەبێت لەبارەیەوە رەوانەی دەستەی دەستپاكی بكەن.
* ئایا كەیسەكان كەرتی تایبەتیشی گرتۆتەوە؟
- لەو كەیسانەی لەلامانە هەندێ كەیسی تێدایە كە لەسەر كەرتی تایبەتن، بەڵام یاساكەی دەستەی دەستپاكی زیاتر باسی ئەوە دەكات كەلەسەر كەرتی گشتی كار بكەین، بەڵام دەتوانین لەسەر ئەو كەیسانەی كەرتی تایبەتیش كار بكەین كە گرێبەستیان لەگەڵ كەرتی گشتی هەیە. بۆ نموونە كاتێك كۆمپانیایەك پڕۆژەیەك لە حكومەت وەردەگرێت لەوكاتەی كەموكوڕی لە خزمەتگوزارییەكان هەبێت، دەتوانین وەكو كەیسێك كاری لەسەر بكەین و زۆرجار سەرچاوەی بەشێك لە گەندەڵییەكان كەرتی تایبەتن. بۆ نموونە كۆمپانیا هەیە بۆ بەدەستهێنانی گرێبەستێك پەنادەباتە بۆ كاری نایاسایی بە شێوەی بەرتیل، یان هەر جۆرێكی تر. بۆیە بە هاوشێوەی كەرتی گشتی پێویستە كەرتی تایبەتیش خۆی رێكبخاتەوە لەسەر بنەمایەكی ئابووری و یاسایی راست.
* لەچەند رۆژی رابردوو جێگری سەرۆك وەزیرانی كوردستان رایگەیاند، هەتا ئێستا لە چوارچێوەی پرۆسەی چاكسازیدا، تەنیا توانیومانە لێكۆڵینەوە لە گەندەڵكارە بچووكەكان بكەین، بەڵام نەتوانراوە لێكۆڵینەوە لە گەندەڵكارە گەورەكان بكەین، ئایا تاچەند پشتگیری ئەم بۆچوونە دەكەیت؟ ئەگەر پشتگیری دەكەیت، ئەگەر گەندەڵكارە گەورەكان لیكۆڵینەوەیان لەگەڵ نەكرێت و هەر ئاوا بمێننەوە، ئایا چاكسازی هیچ ئاكامێكی دەبێت؟
- ئەم بارودۆخەی كوردستان بارودۆخێكی نموونەیی نییە بۆ دژایەتیكردنی گەندەڵی، چونكە لەكوردستان یاسا ئەوەندە بەهێز نییە كە بتوانێت هەموو كەسێك لەم وڵاتەدا لێپێچینەوەی لەگەڵ بكرێت، ئەمە واقیعێكە لە كوردستاندا هەموومان تێیدا دەژین، بەڵام لە بری ئەوەی دانیشین و هیچ نەكەین، ئەوە باشترە هەنگاو بەهەنگاو ئەوەی پێمان دەكرێت ئەنجامی بدەین، تاوەكو بەرەو پێش بچین و لە داهاتوودا بگەینە ئەو حاڵەتەی كە بتوانرێت گەندەڵكارەكان لە هەر پلەو ئاستێكدا بن لێپێچینەوەیان لەگەڵ بكرێت و رووبەڕووی دادگا بكرێنەوە، لەلایەكی تر وەكو دەستەی دەستپاكی هیچ كەیسێكمان خاوەنەكەی لە هەر پلەو پایەیەكدا بووبێت دوانەخستووە و هەر كەیسێك لەلای ئێمە تۆماركرابێت و زانیاری لەسەر هەبێت، ئەوا كاری لەسەر دەكەین.
* ئەگەر ئێوە هەر گەندەڵكارە بچووكەكان ئاراستەی دادگا بكەن، ئایا قەڵاچۆكردنی گەندەڵی دەبێتە هۆكاری ئەوەی گۆڕانكاری بەسەر گوزەرانی خەڵكدا بێت؟ ئەگەر گۆڕانكاری دروست نەكات، ئایا ئەمە مانای ئەوە نییە كە كەمیی خزمەتگوزاری و ئاستی گوزەرانی خەڵك هۆكارە سەرەكییەكەی گەندەڵی نییە؟
- من لە بەشی دووەمی پرسیارەكەتانەوە دەست پێدەكەم و دەڵێم رەوشی خراپی ئابووری كاریگەری لەسەر كەرتی گشتی و خزمەتگوزارییەكان دەبێت و بەداخەوە كۆمەڵێك دیاردەی خراپ لەگەڵ خۆی دەهێنێت، بۆ نموونە لەپێش ساڵی 2014 كە بارودۆخی دارایی كوردستان باش بوو، دیاردەی بەرتیل وەرگرتن هەر ناوی نەمابوو، تەنیا حاڵەتی زۆر بچووك لەملاو لەولا دەكرا، كەچی ئێستاكە ئەو دیاردەیە لە ژێر فشاری دۆخی خراپی ئابووری خەریكە سەرهەڵدەداتەوە. خاڵی دووەم ئەوەیە كە شیرازەی ئیدارە لە فەرمانگەو دامودەزگاكانی حكوومی بە جۆرێك تێكچووە كە بەشێكی فەرمانگەكان دەوامێكی كەمیان تێدا دەكرێت، ئەمەش كاریگەری راستەوخۆی لەسەر خزمەتگوزارییەكان هەیە، هەروەها خراپیی بارودۆخی داراییش دەبێتەهۆی ئەوەی جۆرێك لە چاوپۆشی لە هەندێ دیاردەی نایاسایی دەكرێت. ئەوەی پەیوەندی بەوەوە هەبێت كە ئێوە پێی دەڵێن گەندەڵكارە بچووكەكان، ئەوا هەر كارێك بۆ رێگەگرتن و دژی گەندەڵی بكرێت، كاریگەری لەسەر باشبوونی كەرتی گشتی دەبێت و گەندەڵی گەورەو بچووكی نییە، چونكە گەندەڵی واتە دەستدرێژكردنە سەر مولك و ماڵی گشتی و ئەو كەسەی 5ملیار دینار یان 5ملیۆن دینار بدزێت، لە رووی یاساییەوە وەكو یەكە، بەڵام ئەمەش بەوە چارەسەر دەكرێت كە پڕۆسەیەكی چاكسازی ریشەیی دەست پێبكات. ئەمەش بەدەستی ئەو بەڕێزانەیە كە بڕیاردەرن لەم وڵاتەدا و ئێمەش هاندەر و پشتگیری بەردەوامی ئەو پڕۆسەیە دەكەین و چاكسازیش یەكێك لە بنەماكانی سەروەریی یاسایە و یەكێك لە كۆڵەگەكانی دژە گەندەڵییە، هەروەها هەموو كەرتەكانی گشتی دەبێت خۆیان رێكبخەنەوە، هەر لەكەرتی پێشمەرگەوە تا نەوت و تەندروستی و پەروەردەو ناوخۆ. ئەم پڕۆسە گەورەیە تەنیا بە دەستەی دەستپاكی ناكرێت، بەڵكو بەپێی ئەو دەسەڵاتەی لەیاساكە هەیە، رۆڵی خۆمان دەبینین و هەموو كات گوتوومانە پرسی دژایەتی گەندەڵی دەبێت پرسێكی نیشتمانی بێت كە هەموو دامودەزگا فەرمییەكانی هەرێم بەشێك بن لە پرۆسەكە، بە پەرلەمان و لایەنە سیاسییەكان و دامودەزگاكانی چاودێری و میدیا و رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی، لەبەر ئەوەی دیاردەی گەندەڵی دیاردەیەكی ترسناكە و هیچی لە تیرۆر كەمتر نییە، چونكە تیرۆر راستەوخۆ مرۆڤەكان دەكوژێ، بەڵام گەندەڵی لەسەرخۆ و هەنگاو بەهەنگاو هەموو دامودەزگاكانی گشتی هەڵدەتەكێنێت و متمانەی تەواو لەنێوان حكومەت و خەڵك نامێنێت و وادەكات هاووڵاتی لەبری ئەوەی حكومەت بەهی خۆی بزانێت، ئەوا بە بەپێچەوانەوە، بەچاوی دوژمن و نەیار سەیری دەكات، بۆیە پێموایە ئەگەر بمانەوێت چارەسەری ریشەیی ئەم كێشەیە بكەین، ئەوا دەبێت ئەم پرۆسەیە، پرۆسەیەكی سەرتاسەری و گشتگیر بێت، ئەو كاتە دەستەی دەستپاكی و دیوانی چاودێری دارایی و داواكاری گشتی و دەسەڵاتی دادوەری كاروبارەكانیان باشتر بەڕێوەدەچێت و كاركردن بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیش كاریگەرتر دەبێت.
* كەواتە بەربەستەكانی بەردەم دژایەتی گەندەڵی چین ئەگەر ئێوە دەستنیشانیان بكەن؟
- ئەم پرسە لایەنی بابەتی هەیە، وەك ئەو بارودۆخەی خراپەی كە لە كوردستاندا دروست بووە و ئاماژەمان پێكرد. لایەنێكی دیكە لایەنی زاتییە، واتە پەیوەستە بە خودی دەستەی دەستپاكییەوە، كە توانایەكی دارایی و مرۆیی كەمی لەبەردەستدایە، بۆ نموونە ئەم دەستەیە تەنیا 18دادوەری دادی هەیە لە كاتێكدا پێویستمان بە زیاتر لە100دادوەری دادییە و تەنیا لە شاری هەولێر و سلێمانی و دهۆك ئۆفیسی لێكۆڵینەوەمان هەیە. وڵاتانی دیكەش هاوكارییان نەكردووین، هەرچەندە لە رێی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە لەگەڵ كۆنسڵەكانی ئەو وڵاتانەی لە هەرێمن كۆبوونەوەمان كردووە و داوای یارمەتی و هاوكاریمان لێكردوون، بەڵام تائێستا هیچ وەڵامێكیان نەبووە، پێگەیاندنی كادیرو شارەزایانیش پێویستی بە تواناییكی دارایی گەورە هەیە، بۆ نموونە باشترین پەیمانگای بۆ ئەو مەبەستە لە ڤێنایە كە پەیمانگای دژە گەندەڵییە بۆ راهێنان و ئامادەكردنی هەر كادیرێك پێویستی بە دەیان هەزار دۆلارە، هاوكات خودی دادگاكانی كوردستان هەمان كێشەی ئێمەیان هەیە، هەروەها دیوانی چاودێری داراییش.
* بەپێی راپۆرتەكانی شەفافییەتی نێودەوڵەتی دژی گەندەڵی، هۆكارەكانی هاندەری گەندەڵی زۆرن، زۆر جار سیستمی دادوەری و یاساكان بۆشایی ئەوە دروست دەكەن كە گەندەڵی بكرێت، ئایا بەپێی ئەزموونی ئێوە تاچەند یاساكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، یان یاسای وەزارەتەكان بوونەتە هاندەر بۆ دروستبوونی گەندەڵی؟
- بە تێڕوانینی من ئێمە پێویستمان بە پڕۆسەیەكی گشتگیر هەیە بۆ پێداچوونەوە بە سەرجەم یاساكان، ئەمە خاڵێكی گرنگە و پڕۆژەیەك لەنێوان وەزارەتی پلاندانان و ئەنجومەنی شورای هەرێمی كوردستان و بانكی نێودەوڵەتی بۆ ئەو مەبەستە هەیە كە پێداچوونەوە بەسەرجەم یاساكان بكەنەوە لە كوردستان، چونكە كەموكوڕیی زۆر لەیاساكاندا هەیە و زۆرجار بەریەككەوتن لەنێوان یاساكان دروست دەبێت، ئەم بەریەككەوتنەش دەبێتە رێگر لە بەردەمی گرتنەبەری رێكار لەدژی گەندەڵی و یەكێك لە كارەكانمان كە باسی چاكسازی دەكەین، ئەوەیە كە دەبێت پێداچوونەوە بە تەواوی یاساكاندا بكەین، تاوەكو هەر بەریەككەوتنێكی یاساكان هەبێت، چارەسەری بكەین.