د.عادل باخەوان چاودێری سیاسی و ئەكادیمیست لە پاریس بۆ گوڵان: پێشوازیی فەرەنسا لە شاندی حكومەتی كوردستان دەرگایەكی نوێی بۆ كردینەوە

د.عادل باخەوان   چاودێری سیاسی و ئەكادیمیست لە پاریس بۆ گوڵان:  پێشوازیی فەرەنسا لە شاندی حكومەتی كوردستان دەرگایەكی نوێی بۆ كردینەوە
لەسەرەتای ئەم مانگەدا ئەمانوئێڵ ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا پێشوازی كرد لە شاندێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی و قوباد تاڵەبانی، بایەخ و گرنگیی ئەم سەردانە لەدوای كارەساتی 16ی ئۆكتۆبەر كە هێزەكانی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق، كەركووك و ناوچە دابڕێنراوەكانی كوردستانیان داگیركردەوە، لەوەدا بوو كە یەكەمین سەردانی فەرمیی حكومەتی هەرێمی كوردستانە بۆ دەرەوە، هەروەها پشتگیریی فەرەنسا لە میانەی قسەكانی سەرۆك ماكرۆن بۆ حكومەتی شەرعیی هەرێمی كوردستان و جێبەجێكردنی دەستووری عێراق بە ماددەی 140 و داواكردنی بۆ هەڵوەشانەوەی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی، لایەنێكی دیكەی گرنگی ئەم سەردانە بوو. بۆ قسەكردن لەسەر بایەخ و گرنگیی ئەم سەردانە ئەم دیمانە تایبەتەمان لەگەڵ د.عادل باخەوان ئەكادیمیست و چاودێری سیاسی و رۆژنامەنووس لە پاریس ئەنجامداو بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە.
فەرەنسا چەند ترسی لە داعشی سوننە هەیە،
هێندەش ترسی لە داعشی حەشدی شیعە هەیە

لە ئایندەیەكی نزیكدا ریاز و پاریس و واشنتۆن تێدەگەن، گرەوكردن لەسەر عەبادی وەك گرەوكردن بووە
لەسەر ئەسپێكی تۆپیو



* ئایا ئێستا دیدی سیاسەتی فەرەنسای سەردەمی ئەمانوئیل ماكرۆن بۆ كوردستان چۆنە، بەتایبەتی كە كوردستان لەناو كارەساتێكی گەورەدایە؟
- لە فەرەنسادا ئیدارەیەكی نوێ لە (كۆشكی ئێلیزێ)دایە. پارتی سۆسیالیست و فرانسوا هۆلاند كۆتاییان پێهاتووەو لەگەڵ ئەوانیشدا سیاسەتی كۆنی فەرەنسی لەبەرامبەر كورددا كۆتایی پێهاتووە. ئیدارەی نوێ، نە تەنیا لە كوردستان، بەڵكو لە هەموو جیهاندا لەسەر ستراتیژیەتی بەهێزكردنی دەوڵەتە نیشتمانییەكان كاردەكات و دەیەوێت رێز لە سەروەریی دەوڵەتان بگرێت. سەبارەت بە كوردستانیش، پەیامی ئیدارەی نوێی فەرەنسا روونە كە كوردستانێكی بەهێزە لەنێو عێراقێكی یەكگرتوودا. گرفتەكە لەوەدایە كە ئەوە كورد نییە كە عێراقی پەرتەوازە كردووە، بەڵكو پێش كورد، ململانێی نێوان شیعە و سوننەیە، پاشان ململانێی نێوان خودی شیعەیە، دواتر ململانێی نێوان ئەمریكا و ئێرانە. عێراق دەوڵەتێكە كە نەتەوەی نییە، ئێمە شتێكمان نییە و نەبووە بە ناوی نەتەوەی عێراق. بە درێژایی سەد ساڵی رابردوو، عێراق شكستی هێناوە لەوەی كە لە شیعە و سوننە و كورد نەتەوەیەك بۆ دەوڵەتەكەی دروست بكات. لێرەوە سیاسەتی فەرەنسا، واتە رێزگرتن و بەهێزكردنی دەوڵەتی نەتەوە، ناتوانێت لە عێراقی بێ نەتەوەدا جێبەجێ بكرێت.
* لەدوای كارەساتی 16ی ئۆكتۆبەر، سەرۆكی فەرەنسا یەكەم سەرۆك بوو كە بە فەرمی بانگهێشتی شاندێكی باڵای حكومەتی هەرێمی كوردستان كرد بە سەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی و قوباد تاڵەبانی، ئایا وەك چاودێرێكی سیاسی و كوردێك چۆن سەردانی شاندی حكومەتی كوردستان بۆ فەرەنسا دەخوێنێتەوە؟
- فەرەنسا كۆمەڵێك بەرژەوەندیی باڵای لە عێراقدا هەیە، بەشێكیان ئابوورین، بەشێكی دیكەیان پەیوەندییان بە ئاسایشی نیشمانییەوە هەیە. بەشێكیان سەربازین، بەشێكی دیكەیان پەیوەندییان بە مێژووی فەرەنسا لەگەڵ كەمینەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی و مەسیحیەكانی عێراق بەتایبەتیدا هەیە. دۆستایەتیی نێوان گەلی كورد و گەلی فەرەنسا، یان گەلی ئەمریكا، یان هەر گەلێكی دی، لە پەیوەندییە دیپلۆماسییە جیهانییەكاندا، درۆیەكی گەورەیە و سیاسییەكان ناچارن بیكەن. ئەوەی وادەكات كە لە 2ی دێسەمبەری 2017 دا، سەرۆك كۆماری فەرەنسا، لە كۆشكی ئێلیزێدا و بە ئاڵای كوردستانەوە، پێشوازی لە وەفدی باڵای حكومەتی هەرێم بكات، كۆی ئەو مەترسییانەن كە لەسەر بەرژەوەندییەكانی فەرەنسا لە عێراقی حەشدی شەعبیدا دروستبوون، حەشدی شەعبی هیچ نین، ڤێرژنێكی دیكەی داعشی شیعی نەبێت. فەرەنسا چەند ترسی لە داعشی سوننی هەیە، هێندەش ترسی لە داعشی شیعی هەیە. هەر ئەمەشە وادەكات كە خودی سەرۆك كۆمار داوای هەڵوەشانەوەی تەواوی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی بكات. فەرەنسا و رۆژئاوا بەگشتی، ناچارن بە مامەڵەكردن لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا، چونكە لە دەرەوەی ئەم ئەكتەرە، ناتوانن گرەو لەسەر هیچ ئەكتەرێكی دیكەی شیعی، یان سوننی تا سەر بكەن. لەنێو ئەو دۆزەخەی كە عێراقی تیادایە، وڵاتانی ئەوروپا دۆستێكی سیاسی وەك كوردیان دەوێت كە بتوانن گرەوی لەسەر بكەن، هەر ئەمەش وادەكات كە لە ئێستادا بە هیچ شێوەیەك رازی نەبن كوردستان لە عێراق جیاببێتەوە. لە هەمانكاتدا و لە رووی رەمزییەوە ئەم سەردانە بۆ هەرێمی كوردستان بایەخی تایبەتی خۆی هەیە و سەرلەنوێ دەرگای پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانی لێدەكاتەوەو دواتر گورزێكی بەهێزیشە لە عەبادییەك كە تا ئێستا جگە لە بەڵێنی درۆ بۆ چوونە نێو دانوستان لەگەڵ كورددا هیچ شتێكی كرداریی نەكردووە. ئێستا لە فەرەنسادا، جۆرێك لە بێزاریی زبر و توند لە عەبادی هەیە، بەوەی كە ئەوەی دەیڵێت، نایكات و ئەوەی دەیكات، نایڵێت.
* شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە چوار خاڵدا پرۆگرامی خۆی بۆ دیالۆگ و جێبەجێكردنی دەستووری عێراق بە سەرۆكی فەرەنسا راگەیاندووە، پاشانیش سەرۆك ماكرۆن بە تەلەفۆن ئەم چوار خاڵەی بە حەیدەر عەبادی گوتووە، بەڵام وەك گوێبیستی وەڵامەكانی نووسینگەی عەبادی بووین، بەغدا یاری بەكات دەكات و نایەوێت دەستوورەكە جێبەجێ بكات، ئەگەر بەغدا مل نەدات، ئایا فەرەنسا دەتوانێت هیچ گوشارێك دروست بكات؟
- فەرەنسا كارتی فشاری راستەوخۆی لەسەر بەغدا نییە، بۆ نموونە هەڵگرتنی گەمارۆی ئاسمانی و زەمینی بەغدا لەسەر كوردستان. بەڵام فەرەنسا دەتوانێت لە رێگای ئەنجومەنی ئاسایشەوە، بە ناڕاستەوخۆ، بەغدا ناچاربكات و رایبكێشێتە نێو دانوستانەوە. گەر ئەمەش نەكرا، فەرەنسا هێزی سەربازی لە كوردستان هەیە. لە رێگای رێكخستنی هێزی پێشمەرگە و چەكداركردنی، دەتوانێت دیسان بە ناڕاستەوخۆ بەغدا ناچار بە دانوستان بكات. دواتر فەرەنسا چەندین كۆمپانیای گەورەی لە كوردستان هەیە و دەتوانێت لە رێگایانەوە بەشداری بكات لە دروستكردنی ژێرخانی ئابووریی كوردستان كە دیسان گورزە و لە بەغدا دەدرێت. دواتر پەیوەندیەكی بەهێز لەنێوان خودی ماكرۆن و ترەپمدا هەیە و دەتوانێت ئەم پەیوەندییە بەكار بێنێت بۆ دەستێوەردانی ئەمریكی.
* باسی ئەوەت كرد كە كاتی هاتووە شێوازی پەیوەندییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە جیهانی دەرەوە بگۆڕێت و بیخاتە ئاستی بەرژەوەندی، ئایا مەبەستت لەم وەرچەرخانە لە دیپلۆماتیەتی كوردستان چییە و تاچەند بەرژەوەندییەكانی فەرەنسا لە كوردستاندا ئەم دیپلۆماتییە تازەیە رێكدەخات؟
- بەداخەوە لە ماوەی 27 ساڵی رابردوودا، سیاسەتی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر بنەمای خۆناساندن وەك قوربانی بیناكراوە: قوربانیی ئەنفال و قوربانیی كیمایاباران و پاشان قوربانیی كۆڕەو و دواتر قوربانیی داعش و پاش ئەوەش قوربانیی حەشدی شەعبی. قوربانی هەمیشە چاوەڕوانی ئەوە دەكات كە فریادڕەسێك بێت و رزگاری بكات. ئەمە بۆ چیرۆك و رۆمان و دنیای ئەدەبیات تام و چێژێكی تایبەتی هەیە. بەڵام دنیای پەیوەندییە دیپلۆماتییە جیهانییەكان لەسەر راسیۆنالیزم و عەقڵانییەتی بەرژەوەندییەكانی و خەیاڵدانی ساردی دەوڵەت بیناكراون. بەداخەوە دیپلۆماتە كوردەكان نایانەوێت لەم راستییە تێبگەن و بەشێكی زۆریان تائێستاش وەك بەرپرسی كۆمیتە و ناوچە و مەڵبەند و لق مامەڵە لەگەڵ فەرەنسا و بەریتانیا و ئەمریكادا دەكەن. كورد تا دۆخی قوربانی بەجێنهەێڵێت و خۆی وەك ئەكتەرێك كە كارایی بەسەر سیستمی لۆكاڵی و نیشتمانی و هەرێمایەتی و جیهانییەوە دادەنێت، نەخاتە سەر شانۆكان، ناتوانێت پێگەی خۆی بینابكات و بیپارێزێت و بەهێزی بكات. ئێمانیوێل ماكرۆن، پێش ئەوەی وەفدی هەرێمی كوردستان ببینێت، وەفدی كوردی لەگەڵ چەندین تایبەتمەندی فەرەنسی لەسەر پرسی كورد كۆبووەتەوە و گوێی لێگرتوون و بە مەعریفەی بابەتییانەوە وەفدی كوردیان بینیوە، بەڵام دڵنیات دەكەمەوە، ئەندامانی وەفدی كوردی، نە لە ئێستا و نە لە رابردووشدا، میتۆدێكی وایان جێبەجێ نەكردووە، چونكە قوربانیی پێویستی بەم میتۆدە نییە، ئەكتەر پێویستی پێیەتی. قوربانی پێویستی بەوەیە كە تەنیا گوێ لە بەرپرسە گوێڕایەڵەكانی لق و كۆمیتە بگرێت كە جگە لەوەی كە پێی خۆشە هیچ شتێكی دیكەی پێناڵێن.
* ئێستا كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و فەرەنساش داوای هەڵوەشانەوەی میلیشیاكانی عێراق دەكەن، ئایا تاچەند ئەم كارەیان بۆ دەكرێت؟
- گرەوی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەسەر عەبادی ئەوەیە كە ئەم سەرۆك وەزیرانە لە پاریس و لە واشنتۆن و لە ریاز، بەڵێنی بە هەموویان داوە كە میلیشیاكانی حەشدی شەعبی هەڵدەوەشێنێتەوە. بەڵام گرفتەكە لەوەدایە كە عەبادی لە هەلومەرجێكی بابەتیی وادا نییە كە بتوانێت نەك هەر هەڵیانبوەشێنێتەوە، بەڵكو بە جۆرێك لە جۆرەكان ناڕەزاییش بەرامبەریان دەرببڕێت. من پێموایە لە شەش مانگی داهاتوودا ئەمریكا و ریاز و پاریس بەخێرایی تێدەگەن لەوەی كە لە چ وەهمێكی گەورەدا بوون و گرەوكردن لەسەر عەبادی، گرەوكردنە لەسەر چ ئەسپێكی تۆپیو.
Top