دەیڤید فلیپس سەرۆكی پرۆگرامی بنیادنانی ئاشتی و مافەكانە لە ئامۆژگای دیراساتی مافەكانی مرۆڤ لە زانكۆی كۆڵۆمبیا بۆ گوڵان: ئەمریكا و حكومەتی عێراق پیلانیان لە كوردستان كرد و بەئەنقەست گۆڕەپانەك
November 30, 2017
دیمانەی تایبەت
دەیڤید فلیپس سەرۆكی پرۆگرامی بنیادنانی ئاشتی و مافەكانە لە ئامۆژگای دیراساتی مافەكانی مرۆڤ لە زانكۆی كۆڵۆمبیا. پێشتر راوێژكاری باڵای سكرتاریەتی نەتەوە یەكگرتووەكان بووە، هەروەها شارەزای كاروباری دەرەكی بووە و راوێژكاری باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا و توێژەر بووە لە سەنتەری دیراساتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە زانكۆی هارڤارد. گوڵان لە میانەی دیمانەیەكدا چەند پرسیارێكی ئاراستە كرد كە بە شێوەیەكی گشتی پەیوەست بوون بە ئەو هەلومەرجەوە كە لە ئێستادا باڵادەستە بەسەر ناوچەكەدا، بەتایبەتی لە پەیوەندی بە رۆڵ و كاریگەری و دەستڕۆیشتوویی ئێرانەوە لەسەر پەرەسەندن و پێشهاتەكانی ئەم ناوچەیە، ئەویش بەم شێوەیە تێڕوانینەكانی خستەڕوو.* ئێوە دەزانن دوای ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی لە كوردستاندا، چەند پەرەسەندنێك هاتنەپێشەوە، پرسیارەكە ئەوەیە چۆن وەسفی ئەو روداوانە دەكەیت كە لە دوای 16ی ئۆكتۆبەرەوە روویاندا؟
- لە راستیدا باڵێكی دیاریكراوی یەكێتی نیشتمانی كوردستان ناپاكییان لە خەونی سەربەخۆیی كرد، چونكە بەغدا توانی قەناعەت بەو باڵە بهێنێت كە دەست لە بەرگریكردن لە شاری كەركووك هەڵبگرن. هەروەها ئەمریكاش ناپاكی لە كوردی عێراق كرد. بەرپرسانی ئەمریكا و حكومەتی عێراقی پیلانگێڕییان كردو بە ئەنقەست گۆڕەپانەكەیان رادەستی ئێران كرد.
* لە ئێستادا كوردستان سەرقاڵی ئەوەیە رێگاچارەیەك بگرێتەبەر بۆ تێپەڕاندنی بارودۆخەكە، پرسیارەكە ئەوەیە ئایا پێویستە كوردستان چی بكات و ئایا دەتوانێت چی بكات؟
- ئاشكرایە كە زۆرینەی كورد پشتیوانییان لە سەربەخۆیی كرد لە رۆژی 25ی ئەیلوولدا. ئەوەی لە 16ی ئۆكتۆبەردا روویدا هیچ لەو مەسەلەیە ناگۆڕێت. پێویستە هەرێمی كوردستان ساڵێك پێشتر ریفراندۆمی ئەنجام بدایە، واتە پێش شەڕی موسڵ، چونكە لەو كاتەدا دەستڕۆیشتووییەكی زیاتری هەبوو.
* نكۆڵی لێناكرێت، كە لە دوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە، ئێران توانیویەتی پتر پەرە بە دەستڕۆیشتوویی خۆی بدات لە عێراقدا، ئایا ئاكام و كاریگەرییەكانی باڵادەستبوونی ئێران لە عێراقدا لەسەر بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا و تەواوی ناوچەكە چین؟
- عێراق بۆتە دەوڵەتێكی پاشكۆی ئێران. ئەو میلیشیا شیعانەی لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەكرێن، چەكی ئەمریكی و پێشكەوتوویان لە دژی كورد بەكار هێنا، ئەمەش پێشێلكردنی یاسای ئەمریكییە. زۆر سەیرە ئێران لەو ساتەوەختەدا دەسەڵات و دەسترۆیشتوویی خۆی لە عێراقدا چەسپاند كە سەرۆك ترەمپ ستراتیژیەتێكی بۆ بەرەنگاربوونەوەی كردارەكانی ئێران لە ناوچەكەدا راگەیاند كە بڕیار بوو ستراتیژیەتێكی توند بێت.
* زۆر باس لەوە دەكرێت كە زۆر جار ئەمریكا دەستبەرداری كورد بووە، ئایا هەڵوێستی ئەمجارەی ئەمریكا مایەی نائومێدی نەبوو بۆ كورد؟
- بەڵێ، كورد مافی خۆیەتی هەست بە نائومێدی بكات لە ئاست ئەمریكادا، بەڵام نابێت دووچاری سەرسوڕمان بێت. ئەوەی لە كەركووكدا روویدا نموونەیەكی دیكە بوو لەبارەی رێگاچارەكەی ئیدارەی ترەمپەوە كە لە رووی ستراتیژییەتەوە رێگاچارەیەكی پڕ لە كەموكوڕییە و دژیەكی لەخۆ دەگرێت.
* چۆن لە ئایندەی كوردستان دەڕوانیت؟
- پێویستە كورد هەڵبستێت بە رێكخستنەوەی نێوماڵی خۆی. پێویستە بەرەنگاری گەندەڵی و مەحسوبییەت ببێتەوە، دەبێت كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە سەرۆكایەتی ئەمریكا پابەند بن بە ئاسایشی كوردستانەوە و هاوكاری دارایی راستەوخۆ و سەخاوەتمەندانەتر بۆ هاوكاریكردنی بودجەی كوردستان و بۆ بواری مرۆیی تەرخان بكەن. هەروەها دەكرێت كورتهێنانی بودجەی كوردستان لە رێی كەمكردنەوەی خەرجییەكانەوە چارەسەر بكرێت.
* چۆن لە پەرەسەندنەكانی دیكەی ناوچەكە دەڕوانیت، بەتایبەتی بارگرژیی هەڵكشاو لە نێوان هەردوو وڵاتی سعودیە و ئێران؟
- هەڵكشانی گرژیی ئەم دواییەی نێوان هەردوو وڵاتی سعودیە و ئێران ئاكامی ئیقلیمی هەبووە لەسەر ئەو وڵاتانەی كە ئەم دوو وڵاتە شەڕی بەوەكالەتیان تێدا بەرپا كردوون، وەك یەمەن، هەروەها لەو وڵاتانەی كە تێیدا ململانێی درێژكردنەوەی دەستڕۆیشتوویی خۆیان دەكەن، وەك لوبنان.
* هەمیشە ئیدارەی ئەمریكا، ئێران بە فاكتەرەی ناسەقامگیریی ناوچەكە دادەنێت، بەڵام ئایا بە راستی جگە لە رووبەڕووبوونەوەی سەربازی و راستەوخۆ هیچ رێگاچارەیەكی دیكەی هەیە كە ئێران ناچار بكات رەفتارەكانی بگۆڕێت؟
- پێویستە ئەمریكا بە روونی ئامانجە ستراتیژییەكانی خۆی بخاتەڕوو. نابێت رێگە بە ئێران بدات رێڕەوێك لە تارانەوە بۆ بەیروت و بە تێپەڕبوونی بە كوردستانی عێراق و سووریادا دروست بكات. ئێران ئەو رێرەوە بۆ گەیاندنی مووشەكی زیاتر بۆ حزبوڵا و گرووپە تیرۆریستییەكانی دیكە بەكار دەهێنێت كە ئەوانیش تێكشكاندنی ئیسرائیلیان كردۆتە ئامانجی خۆیان. پشتیوانیكردنی كوردستانی عێراق بۆ كۆنتڕۆڵكردنی خاكی خۆی باشترین رێگاچارەیە بۆ سنوورداركردنی ئێران.
* پێشبینییەكانت بۆ ئایندەی ناوچەكە چییە؟
- پێموایە باشترین سیناریۆ ئەوەیە كوردستانی عێراق سەربەخۆیی رابگەیەنێت و پشتیوانی ئەمریكا و وڵاتانی دیكەی رۆژئاوا بە دەست بهێنێت. رەنگە ئەمە لە ئێستادا روونەدات، بەڵام ئەگەری ئەوە هەیە لە ئایندەدا بێتەئاراوە كاتێك بارودۆخەكە گۆڕانكاری بەسەردا دێت. خراپترین دۆخیش ئەوەیە شەڕی ناوخۆیی عێراق لە كۆنتڕۆڵ دەربچێت و سەربكێشێت بۆ خوێنڕێژی و دەرئەنجامی مرۆیی و ستراتیژیی گەورەی لێبكەوێتەوە.