نەجیبە نەجیب ئەندامی لێژنەی ئابووری و وەبەرهێنان لە پەرلەمانی عێراق بۆ گوڵان: كەمكردنەوەی بودجەی هەرێمی كوردستان بەرپاكردنی شەڕێكی ئابوورییە لە پاڵ شەڕە سەربازییەكەدا
November 14, 2017
دیمانەی تایبەت
نەجیبە نەجیب ئەندامی لێژنەی ئابووری و وەبەرهێنان لە پەرلەمانی عێراق بۆ گوڵان:كەمكردنەوەی بودجەی هەرێمی كوردستان بەرپاكردنی شەڕێكی ئابوورییە لە پاڵ شەڕە سەربازییەكەداحكومەتی عێراق لە پێشێلكارییەكی دەستووری نوێدا پشكی هەرێمی كوردستانی لە بودجەی گشتیی عێراق بۆ 12.6% كەمكردەوە، ئەمەش درێژەپێدانی ئەو دژایەتی و شەڕە ئابوورییەیە كە دەرهەق بە خەڵكی كوردستان ئەنجامی دەدات، لە كاتێكدا كە لە رووی كردارییەوە هیچ هەنگاوێكیش بۆ راگرتنی ئەم پێشێلكارییە دەستوورییە نەكراوە. بۆ قسەكردن لەسەر پرۆژە یاسای بودجەو چۆنیەتی چارەسەركردنی ئەم كێشەیە چەند پرسیارێكمان ئاراستەی نەجیبە نەجیب ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و ئەندامی لێژنەی ئابووری و وەبەرهێنان لە پەرلەمانی عێراق كرد، لێرەدا پوختەی قسەكانی بڵاودەكەینەوە.
* دووبارە بودجە لەلایەن بەغداوە وەكو كارتێكی فشار دژی گەلی كوردستان بەكارهێنرایەوە، ئایا ئەمە پێچەوانەی ماددەو بنەماكانی ئەو دەستوورە نییە كە خودی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق بانگەشەی بۆ دەكات؟
- حەیدەر عەبادی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە پێشێلكارییەكی دەستووریدا هێزی سەربازی و چەكداری دژی خەڵكی سڤیلی كوردستان جووڵاند، هەروەها لە هەنگاوێكی نوێ دا پشكی هەرێمی كوردستانی لە بودجەی گشتی عێراقدا كەم كردەوە، بە هەمان شێوە ناوی هەرێمی كوردستانی گۆڕی بۆ هەرێمی پارێزگاكان، كە ئەمە پێشێلكارییەكی زەقی ماددەكانی 1 و 117 و 121ی دەستووری عێراقە، واتە هەموو ئەمانە بەڵگەیەكی روون و ئاشكرای پێشێلكاریی دەستوورین، ئاماژەن بەوەی دەستوور بەها و بایەخی نەماوە، بەڵكو ئەوەی ئەوان لە ئاست كوردستاندا پیادەی دەكەن بریتییە لە لۆژێكی هێز و كاركردنی ئەوان لە پێناوی ئەوەی كە سەرجەم عێراق لە رێی هێزەوە بخەنەوەژێر دەسەڵاتی خۆیان، نەك لە رێی پیادەكردنی دەستوور و رێزگرتن لە مافەكانی مرۆڤ. ئەم بودجەیەش كە لە حكومەتی عێراقییەوە تێپەڕێندراوە، هەرچەندە راستتر ئەوەیە بڵێین لەلایەن سەرۆك وەزیرانەوە، چونكە وەزیرەكان ناتوانن هیچ ناڕازیبوونێك دەربڕن و ئەوەی سەرۆك وەزیران دەیڵێت ئەوە دەبێتە بڕیار، بودجەیەكی تەواو نادەستوورییە و هیچ دادوەرییەكی تێدا نییە و بە هیچ شێوەیەك رەچاوی مافی هەرێمی كوردستانی تێدا نەكراوە. چونكە كەمكردنەوەی بودجەی هەرێمی كوردستان بۆ لە سەدا 12.6 تەنیا ئامانج لێی لاوازكردنی هەرێمی كوردستانە، واتە بەرپاكردنی شەڕێكی ئابوورییە لە پاڵ شەڕە سەربازییەكەدا. دواتر ئێمە بینیمان حەیدەر عەبادی چەند جارێك لێدوانی دا لەبارەی دابینكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمەوە، بەڵام كەمكردنەوەی بودجە بۆ لە سەدا 12.6 دەستەبەری ئەوە ناكات مووچەی پێ دابین بكرێت، چونكە هەرێمی كوردستان تەنیا بۆ دابینكردنی مووچە پێویستی بە 887 ملیار دینارە، لە كاتێكدا ئەوەی ئەوان پێشنیاریان كردووە، تێكڕای 600 ملیار دینار رەوانە بكەن كە بەو شێوەیە بێت ناتوانرێت نیوەی مووچەی فەرمانبەرانیش دابین بكرێت، ئەمە لە كاتێكدا بە پێی ماددەی 121 بڕگەی 3 دەبێت حكومەتی عێراق بەشێكی داهاتەكەی تەرخان بكات بۆ هەرێمەكان و ئەو پارێزگایانەی كە نەبوونەتە هەرێم بۆ ئەوەی بتوانن بە پابەندبوون و بەرپرسیارێتییە داراییەكانی خۆیان هەڵبستن. هەروەها پێم خۆشە لێرەدا ئەوە بڵێم كە ئەم مەسەلەیە هیچ پەیوەندی بە پرسی ریفراندۆمەوە نییە، چونكە ماوەیەكی زۆر سەرۆك وەزیران و لایەنە شیعەكان هەوڵی كۆكردنەوەی واژوو دەدەن بۆ كەمكردنەوەی بودجەی هەرێمی كوردستان، بەڵام ئێستا كە خۆیان بە براوەی شەڕ دەزانن و خۆیان لە پێگەیەكی بەهێزتردا دەبیننەوە، بۆ ئەوەی ئەم بڕیارە لە دژی هەرێمی كوردستان دەربكەن. خاڵێكی گرنگی دیكە كە ئاماژەی پێبكەم ئەوەیە كە ئەوان ساڵانە خەرجییە سیادییەكان زیاتر دەكەن، بێ ئەوەی ئەمە هیچ بنەمایەكی دەستووری و یاسایی هەبێت. بۆ ساڵی 2018 ئەوەتا 22 ملیار دیناری بۆ تەرخان كردووە و هەرێمی كوردستانی ناچار كردووە بەشی خۆی لەو خەرجییانە بدات، بێ ئەوەی لە بەرامبەردا هیچ بەشێك لەو خەرجییانە تەرخان بكاتەوە بۆ ئەم هەرێمە، بۆ نموونە بۆ پرۆژەكانی وەبەرهێنان و بۆ خەرجییەكانی بەگەڕخستن.
* ئایا لە ئێستادا دۆخی ئابووری عێراق چۆن دەبینیت؟
- لە راستیدا ئەگەر ئێمە بە راشكاوی بدوێین، ئەوا دۆخی ئابووریی عێراق زۆر خراپ نییە، راستە زۆر باشیش نییە، بەڵام بە راددەیەكی گەورە خراپ نییە، چونكە تا ئێستا عێراق نزیكەی 45 بۆ 50 ملیار دۆلاری یەدەگی هەیە و رۆژانە نزیكەی 4 ملیۆن بەرمیل نەوت دەفرۆشێت و هەر بەرمیلێكیش بە 54 دۆلار دەفرۆشێت، لە كاتێكدا بودجەیان لەسەر بنەمای 43 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك خەمڵاندووە. ئەمەش بە واتای ئەوە دێت كە داهاتی عێراق زیاتر دەبێت، لەلایەكی دیكەوە عەبادی خەرجییەكانی كەم كردۆتەوە، كە هەموو ئەمانە دەبنەهۆی ئەوەی دۆخی دارایی عێراق باشتر ببن.
* باس لەوە دەكرێت كە بودجەیەكی گەورە بۆ میلیشیاكانی حەشدی شەعبی تەرخان كراون، ئەمە لە كاتێكدا تا ئێستا بەشە بودجەی پێشمەرگە تەرخان نەكراوە و رەوانە نەكراوە، ئەمەیان چۆن لێكدەدەنەوە؟
- لە راستیدا تا ئێستا یەك دیناریش بۆ پێشمەرگە رەوانە نەكراوە، راستە ئەوان دەقێك جێگیر دەكەن و ئاماژە بەوە دەكەن كە دەبێت وەك بەشێك لە سیستمی بەرگری نیشتمانی پارە بۆ پێشمەرگە تەرخان بكرێت، بەڵام ئەو دەقە هیچ بەهایەكی نییە، چونكە كاری پێناكەن، واتە ساڵانە جێگیری دەكەن، بەڵام هیچ كاتێك جێبەجێی ناكەن. ئەمە لە كاتێكدا ئەوان داراییەكی زۆریان تەرخان كردووە بۆ چەكداركردنی حەشدی شەعبی، كە ئێمە دەبینین وەزارەتی بەرگری بڕی زیاتر لە 16 ملیار دیناری بۆ حەشدی شەعبی تەرخان كردووە، هەروەها دارایی بۆ پێكهاتە سەربازییەكانی دیكەش تەرخان كردووە، تەنیا پێشمەرگەی بێبەش كردووە.
* باشە با پرسیار لە بارەی یەكڕیزی و یەكهەڵوێستی پەرلەمانتارەكانی كورد بكەین لە بەغدا، ئایا ئەم یەكڕیزییە بەدی دەكرێت لەبەرامبەر ئەو پێشێلكارییە دەستوورییانە دژ بە هەرێمی كوردستان دەكرێت؟
- سەرەتا دەمەوێت ئەوە بڵێم كە حكومەتی عێراق حكومەتێكی تەواو تایفەگەرییە، واتە سەرجەم بڕیارە سیاسی و ئابووری و سەربازی و ئیدارییەكان لە دەستی شیعەدان، كە لەم رووەوە هەم ئەمریكا و هەم ئێرانیش پشتیوانییان دەكەن. سەبارەت بە پرسیارەكەشتان من دەمەوێت زۆر بە روونی بڵێم كە تاكە رێگاچارەی بەردەممان بریتییە لە یەكڕیزی و هاوهەڵوێستی لە بەغدا، چونكە راستە لە ئێستادا و لە میانەی لێدوانەكاندا حزبە كوردییەكان باس لە ناڕەزاییەتی خۆیان دەكەن لە بەرامبەر كەمكردنەوەی بودجەی هەرێمی كوردستان و تەرخان نەكردنی بودجە بۆ پێشمەرگە و گۆڕینی ناوی هەرێم، بەڵام ئەمانە بەس نین و من پێموایە پێویستە ئێمە هەڵوێستێكی عەمەلیمان هەبێت، واتە بێ پێچ و پەنا رایبگەیەنین كە یان دەبێت مافەكانی ئێمە دەستەبەر بكرێن، ئەوا ئەوەتا لە پرۆسەی سیاسی دەكشێینەوە، باشە ئەوەتا سەرۆك كۆمار و جێگیری سەرۆك پەرلەمان و چەند وەزیرێكی كوردمان هەیە، بەڵام ئەگەر ئێمە نەتوانین كاریگەر بین، ئەی بەشداری ئێمە بۆچییە؟ لەبەر ئەوە پێموایە بێ وەرگرتنی هەڵوێستێكی یەكگرتوو و جددی بۆ ئەوەی سەرۆك وەزیران ناچار بكەین بە بڕیارەكانیدا بچێتەوە، ئێمە ناتوانین كاریگەرییەكی ئیجابیمان هەبێت. بەڵام بە داخەوە تا ئێستا ئەو یەكڕیزییە نەهاتۆتەئاراوە و تەنانەت نەبوونی ئەو یەكڕیزییەش بوو كە ئێمەی بەم رۆژە گەیاند.
* بەڵام لە ئێستادا باس لە ئەنجامدانی گفتوگۆ دەكرێت لە نێوان حكومەتی مەركەزی و هەرێمی كوردستاندا تێڕوانین و پێشبینییەكانت لەم بارەیەوە چین؟
- لە راستیدا هەرێمی كوردستان پێش ریفراندۆم و دوای ریفراندۆمیش ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ، بەڵام لەلایەن بەغداوە رەتكراوەتەوە، كە ئەم رەتكردنەوەیە لە بەرژەوەندی خودی عێراقیشدا نییە، بەڵام هەروەك پێشتر ئاماژەم پێكرد، عێراق خۆی لە پێگەیەكی بەهێزدا دەبینێتەوە و پێیوایە دەتوانێت كوردستان بخاتەوەژێر دەستی خۆی، ئەگەرچی بەرگرییەكانی ئەم دواییە پێشمەرگە لە پردێ و شوێنەكانی دیكە بۆی هەیە فشارێك دروست بكات لەو رووەوە، لەلایەكی دیكەوە نەتەوە یەكگرتووەكانیش هەوڵی ئەوە دەدات گفتوگۆ لە نێوانیاندا ئەنجام بدرێت، بەڵام تاوەكو ئێستا حكومەتی عێراق ئەمەی قبووڵ نەكردووە.
* پێتانوایە ئەگەری ئەوە هەیە ئەو ستەم و نادادییەی لە پرۆژەی یاسای بودجەی عێراقدا لە كورد كراوە، بتوانرێت لە پەرلەماندا چارەسەر بكرێت و راست بكرێتەوە، یاخود لە پەرلەمانیش ئەمە تێدەپەڕێندرێت؟
- من زۆر بە روونی و بە پوختی دەڵێم لە ئێستادا لە عێراق كار بە لۆژیكی هێز دەكرێت و لۆژیكی گفتوگۆ و لۆژیكی یاسا نەماون. دواتر ئەگەر ئێمە بایكۆتی دانیشتن و دەنگدانەكەش بكەین، ئەو یاسایە هەر تێدەپەڕێندرێت، بایكۆتیش نەكەین و قسەش بكەین هەر سوودی نییە و تێدەپەڕێندرێت، هەروەك پێشتر ئاماژەم پێكرد تەنیا بە وەرگرتنی هەڵوێستی جددی و كشانەوە لە پرۆسە سیاسییەكە دەتوانین فشار دروست بكەین، بەس دووبارەی دەكەمەوە تا ئێستا لە ئاستی لێدواندا هاوهەڵوێستین، بەڵام ئەمە نەبۆتەهۆی ئەوەی هەڵوێستێكی جددی وەربگرین. دواپەیامی منیش ئەوەیە كە ئەگەر ئێمە لەم قۆناغە سەخت و دژواردا یەكڕیز نەبین، ئەی كەی یەكڕیز و یەكگرتوو دەبین؟