دكتۆر كاوە مەحمود سكرتێری كۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی كوردستان بۆ گوڵان: هەڕەشەكردن لە كوردستان بە هێزی سەربازی هەوڵدانی بەغدایە بۆ هەڵوەشانەوەی دەستووری عێراق
November 9, 2017
دیمانەی تایبەت
لە شەوی 16ی ئۆكتۆبەر هێزەكانی حەشدی شەعبی پشتگیریلێكراو لەلایەن سوپای پاسدارانەوە بە چاوساخی و خیانەتی كۆمەڵێك كوردی خۆفرۆش كەركووكیان داگیركردەوە و پاشانیش بارودۆخێكی كارەساتئامێز هەموو كوردستانی گرتەوە، بەڵام نەبەردییەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە میحوەرەكانی پردێ و سحێلا و تەلەسقۆف جارێكی دیكە هاوكێشەكەی گۆڕی و جیهانی بە ئاگا هێنایەوە، بۆیە لەم بارودۆخە سەختەدا پرسیار ئەوەیە ئایا رووداوەكان بەرەو كوێ دەچن؟ كوردستان چۆن هەنگاو بەرەو ئایندەیەكی گەش هەڵدەگرێت، بۆ قسەكردن لەسەر ئەم پرسانە و چەند تەوەرێكی دیكە، ئەم دیمانەیەمان لەگەڵ كاوە مەحمود سكرتێری كۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی كوردستان ئەنجامداو بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە.رۆڵی گەورەی كاك مسعود بارزانی
بە پۆست و پلەیەك تەواو نابێت، لای ئەو پێشمەرگایەتی
لە هەموو پلەو پۆستێك گەورەترە
* دوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر و قووڵبوونەوەی قەیرانەكانی نێوان كوردستان و عێراق هەست بە جۆرێك لە نائومێدبوون دەكرێت، ئایا چۆن ئەم رەوشە دەخوێنێتەوە؟
- ئەم بارودۆخەی ئێستا هاتۆتە پێشەوە كۆمەڵێك رەهەند لەخۆ دەگرێت، یەكێك لە رەهەندەكانی پەیوەندی بە قەیرانی بونیەویی هەیكەلی دەوڵەتی عێراقەوە هەیە، رووداوەكانی ئەم دواییەش رەنگدانەوەی دژوارترین حاڵەتەكانی قەیرانەكەیە، بەتایبەتی پەنابردنە بەر شێوازی سەربازی لەلایەن بەغداوە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا. ئەمەش هەوڵدانێكی بەغدایە بۆ هەڵوەشانەوەی دەستوور و هەموو ئەو رێككەوتنانەی كە عێراقی نوێی لەسەر بنیادنراوە. هەر بۆیە ئەمەی ئێستا لوتكەی قەیرانی دەوڵەتی عێراقە، بەتایبەتی كە پەنای بردووە بۆ هێزەكانی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ یەكلاكردنەوەی كێشەكان، لەمەش زیاتر ئەم هیزەی كۆماری ئیسلامیی ئێران هاتۆتە ناو تەواوی جومگە سەربازی و سیاسی و ئەمنییەكانی عێراقەوە. ئەم هێرشە سەربازی و پەلاماردانانەی حەشدی شەعبیش تەنیا ئەوە نییە حكومەتی عێراق دەستنیشانی كردبێت، بەڵكو هەروەكو ئەوەی بەشێك لە لایەنە شیعەكان باسی دەكەن كە كەسانێكی وەكو قاسم سولەیمانی بڕیاری هەموو ئەمانەی داوە و بگرە هەر خۆشی فەرمانی بە عەبادی داوە. لایەنی دووەمی ئەم رووداوانە بریتییە لە فاكتەرە نێودەوڵەتی و هەرێمایەتییەكان كە پەیوەندی بە خودی ململانێیەكانی نێوان ئەمریكا و ئێرانەوە هەیە، ئەوەتا ئێران بە ئاشكرا باس لە دوا بزماری تابووتی پرۆژەی ئەمریكا لە ناوچەكەدا دەكات و حزبوڵای لوبنانی بانگەشە بۆ ئەم حاڵەتە دەكات، هەربۆیە پێموایە ئەم ململانێیە زۆر لەوە گەورەترە كە وابزانین تەنیا پەیوەندی بە دۆخی ناوخۆی كوردستانەوە هەیە، بەڵكو پرسەكە هەمەلایەنە و زۆر لەوە گەورەترە.
* ئایا ئەم دۆخە ناسەقامگیرییە سیاسی و سەربازییە لە ناوخۆی كوردستاندا هەر وا دەمێنێتەوە؟
- ئەوەی لە كەركووك و ناوچە جێناكۆكەكان روویدا، بە تەواوی دەرئەنجامەكانیشەوە، نە شكستی سیاسییە، نە شكستی سەربازی هێزی پێشمەرگەی كوردستانە. بەپێچەوانەوە هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە پردێ و مەخموور و تەلەسقۆف و زومار و سحێلا گەورەترین داستانی قارەمانیەتییان تۆمار كرد. لەبەرامبەر ئەمەدا كەسانێك دەیانەوێت بەو جۆرە شیكردنەوە بۆ بارودۆخە بكەن وەك ئەوەی لەگەڵ شكستی حوزەیرانی دەوڵەتانی عەرەبی بەرامبەر ئیسرائیل بەراوردی بكەن، بەمەش دەیانەوێت گیانی مقاوەمەت لە ناو خەڵكی كوردستاندا خامۆش بكەن، بەڵام ئەوەی راستییە و دەیبینین گیانی مقاوەمەت هەر بەرزەو داستانەكانی پێشمەرگەش شاهیدی ئەم راستییەن. ئێمە لەناو پرۆسەیەكداین و تا ئێستا ئەو پرۆسەیە تەواو نەبووەو بەردەوام لە تەفاعولدایە، هەر بۆیە گەشبینم لەوەی گەلی كوردستان خاوەنی وزەیەكی گەورەی مرۆییە و رۆحی موقاوەمەتی تێدایە بۆ بەرگریكردن و رووبەڕووبوونەوەی رووداوەكان.
* بەڵام ئایا لایەنە سیاسییەكانی كوردستان توانای ئاراستەكردنی ئەو رۆحیەتەیان هەیە، بەتایبەتی دوای ئەو لێكترازان و حاڵەتە نەخوازراو و نانیشتمانییەی لەناو باڵێكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان روویدا؟
- لەم قۆناغەدا ئەركێكی گرنگ و قورسمان دەكەوێتە سەر شان و دەبێت هەوڵی ئەوە بدەین لایەنە سیاسییەكان لە شاڵاوی راگەیاندن و یەكتر تۆمەتباركردن دوور بكەوینەوە، زەمینەیەك دروست بكەین نەخشەی دووئیدارەیی هەڵبوەشێنینەوە كە هەوڵی دروستكردنی دەدەن، لەبەر ئەوەی دوژمنانی كوردستان دەیانەوێت كیانی یاسایی هەرێم نەمێنێت. بۆیە ئەمڕۆ لە هەمێشە زیاتر پێویستیمان بە یەكڕیزی نیشتمانی واقیعبینانە هەیە، راستە ئەوەی روویداوە لاپەڕەیەكی مەترسیدارەو دێڕەكانی ناو ئەو لاپەڕەیە جەرگبڕە، بەڵام هەر دەبێت بە تێكۆشان رووبەڕووی ببینەوە، گەلی كوردستان رازی نابێت بە خۆبەدەستەوەدان و خۆی هێزی بەرەنگاربوونەوەو پاراستنی دەستكەوتەكانی دروست دەكات.
* چۆن ئەم قۆناغە تێپەڕێنین و رێگە بە دوژمن نەدەین جارێكی تر گەلی كوردستان تەعریب و تەرحیل بكاتەوە؟
- ئەم بارودۆخەی ئەمڕۆ باس دەكرێت، زیاتر دەچێتە ناو خانەی توێژینەوەی سیاسییەوە، نەك حاڵەتی هەڵسەنگاندن، چونكە تا ئێستا لە ناو رووداوەكان دەژین و كۆتایی نەهاتووە، كاركردن بۆ سەربەخۆیی كوردستان دۆزێكی ئابووری نییە، بچێتە ناو قاڵبی گرەنتی پرۆژەیەكەوە، بەڵكو ئەمەی روودەدات پەیوەندی بە دۆزی بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردستانەوە هەیە، ئەم بابەتە لە چوارچێوەی گۆڕانكارییەكانی سادە سەیر ناكرێت، دۆخەكە زۆر لەوە گەورەترەو تەنانەت گۆڕانكارییەكانی سەر زەویش وەكو خۆی نامێنێتەوە، ئەمە كۆتایی مێژوو نییە و پرسی سەربەخۆیی كوردستان تەواو نەبووە، بە درێژایی بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردستان رووبەڕووی راوەستان، گەڕانەوە بووە، بەڵام هەرگیز كۆتایی نەهاتووە.
* بەڵام كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەو مافە بەگەلی كوردستان نادات كە مافی چارەی خۆنووسینەوە، ئایا بۆچی بەرامبەر ملهوڕی و پێشێلكارییەكان وا بێدەنگن؟
- ئەمە پرسیارێكی گرنگەو ئێمەش بە بەردەوام ئەم پرسیارە دەورووژێنین؛ كە ئایا بۆچی كاتێك باسی سەرجەم دۆخەكە دەكەن واباسی دەكەن كە گەلی كوردستان بڕیاری مافی چارەی خۆنووسینی نەبێت و باسی ئەوە ناكەن هێزێكی مەزهەبی ئایینی و توندڕەو پەلاماری كوردستان دەدات، لە بری ئەوەی باسی سەربەخۆیی كوردستان بكەن، باسی ئەوە دەكەن نەدەبوو گەلی كوردستان باسی مافی چارەی خۆنووسینی بكردایە، ئەم حاڵەتە رووبەڕووی ئەمریكاش دەبێتەوە؛ بە زەقی هەڵەی سیاسەتی ئەمریكا لە تەواوی عێراق و ناوچەكە نەك تەنیا دژی كورد و گەلانی ناوچەكە، بەڵكو دژی بەرژەوەندییەكانی خودی خۆشیان دەركەوتووە. بەشێوەیەكی گشتی هەڵوێستی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی شەرمەزارییەو كۆمەڵگەیەكی دووڕووە، لەلایەك باسی دیموكراسیەت و مافی مرۆڤ و مافی چارەی خۆنووسین دەكات و لە 2003 ەوە رێكخراوەكانی كومەڵگەی نێودەوڵەتیمان بۆ دەنێرن و بەناو هۆشیاری و رۆشنبیری مەدەنیانە بڵاودەكەنەوە و هانی خەڵك دەدەن ئازادانە گوزارشت لە راوبۆچوونەكانی خۆیان بكەن، بەڵام كاتێك ئەم گەلە ئاشتیانە گوزارشت لە ماف و رای خۆی دەكات و هەنگاو بۆ سەربەخۆیی دەنێت هەڵوێستی دوو ڕووییان دەبێت. بەڵام دەنگی سێ ملیۆن و نیو مرۆڤ بۆ سەربەخۆیی، نە بە عێراق و نە بە هەڵوێستی شەرمەزاری كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەسڕێتەوە، ئەمە بە مردوویی ناچێتە مێژووەوە، بەڵكو چارەنووسی داهاتووی ئەم گەلە دەبێت.
* ئایا ئەم سیاسەتە هەڵەیەی ئەمریكا هەر وا دەمێنێتەوە؟ ئایا ئومێدت هەیە بەو گۆڕانكارییانەی كە لەچەند رۆژی رابردوودا بەسەریدا هاتووە؟
- ئەم حاڵەتە گەرچی لەچەند رۆژی رابردوودا گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە، بەڵام دیسانەوە ئاماژەی پێ دەكەمەوە كە شكستی ئەمریكا بەئاشكرا رەنگی دایەوەو جەماوەری كوردستان لەچەندین وڵات رژانە سەر شەقامەكان و چوونە بەردەم باڵیۆزی ئەمریكاو بەئاشكرا دەنگیان بەرز كردەوەو گوتیان بەردەوامبوون لەسەر ئەم سیاسەتە، جگە لەوەی زیان بە هاوپەیمانەكانتان دەگەیەنێت، زیانێكی گەورەشە بۆ خودی سیاسەت و بەرژەوەندییەكانی ئەمریكاش.
* لە پەیامێكدا بەڕێز مسعود بارزانی داوای كرد ماوەی سەرۆكایەتییەكەی بۆ درێژنەكرێتەوە، واتە بڕیاری دا بچێتەوە ناو ریزەكانی پێشمەرگە و درێژە بەخەباتی بدات، چۆن دەڕوانیتە خەبات و هەڵوێستەكانی بارزانی بۆ گەلەكەی؟
- جەنابی كاك مسعود بارزانی یەكێكە لە سەركردە مێژووییەكانی ناو بزووتنەوەی رزگاریخوازی نیشتمانی، كەسێكی تێكۆشەر و راستگۆیە و بەرنامەو پرۆگرامی خۆی هەیە بۆ بەدەستهێنانی مافی گەلەكەی، جەنابیان هەوڵی داوە لە پرۆسەیەكی نەتەوەیی گەلی كوردستاندا سەربەخۆیی بۆ گەلەكەی بەدەست بهێنێت. ئەم سەركردەیە ئەوەندە راستگۆیە تەنانەت لە هەست و سۆزو روخساریدا دەردەكەوێت، ئەم كەسایەتییە پێشمەرگایەتی لە هەموو پۆست و پلەیەك لا پیرۆزترە، هەروەكو خۆیشی لە چەندین بۆنەدا باسی كردووە، من كە خۆشم شانازی بە پێشمەرگایەتی دەكەم و زۆر بەدڵنیاییەوە لەهەست و سۆزی جەنابیان تێدەگەم، چونكە پێشمەرگایەتی بەهاو ئەخلاقێكی بەرز دروست دەكات و گیانی خۆڕاگری و تێكۆشان دروست دەكات، رۆڵی گەورەی كاك مسعود بارزانی رۆڵێك نییە بە پۆست و دەسەڵاتێك تەواو بێت، ئەو پێش ریفراندۆم و تەنانەت نزیكەی ساڵێك لەمەوبەر لە كەناڵی فرانس 24 بە ئاشكرا ئەمەی روون كردەوە. كاك مسعود رۆڵی كاریگەری لە هەموو بوارەكاندا هەیە، هەر بۆیە راستگۆیە لەوەی كە وتی من پەشیمانم كە خۆم هەڵبژاردووە بۆ ئەو پۆستە كە تووشی حاڵەتی وای كردووە كە شایەنی ئەوە نییە لەگەڵ هیچ كەسێكی تێكۆشەری وەكو جەنابیان قسەو رەفتاری وا بكرێت، لەبەر ئەوە من پێموایە كاك مسعود بارزانی ئەو سەركردە تێكۆشەرەیە كە پێگەو قورسایی خۆی هەیە و هەر واش دەمێنێتەوە.
* باسی ئەوەتان كرد كە ئەم دۆخە هەروا نامێنێتەوە؛ ئایا كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی قبووڵ دەكات عێراق لەسەر سینییەكی زێڕ تەسلیمی ئێران بكرێت و هیلالی شیعە لەناوچەكەدا دروست بكرێت؟
- ئەگەر ئەمریكا لەم سیاسەتەی بەردەوام بێت، ئەوا عێراقیان پێشكەش بە ئێران كردووە، سەركەوتنی ئێران لە عێراقدا بەشێكی هەرە زۆری بۆ سیاسەتە هەڵەكانی ئەمریكا دەگەڕێتەوە. ئێمە وەكو حزبی شیوعی وتوومانە كوردستان پێویستی بە سیاسەتی دەرەكی وا هەیە نەچێتە ناو هیچ میحوەرێكەوە، دەبێت هەڵسەنگاندنی رۆڵی وڵاتان و هەڵوێستیان بەرامبەر گەلی كوردستان بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە، ئەو كات باس بكرێت، ئێمە كە رووبەڕووی ئەم شاڵاوە بووینەتەوە، تەنیا وتەو قسە دادمان نادات، ئەگەر ئەوان راستگۆن لەگەڵماندا دەبێت بە فشاری سیاسی و بە كردەوە هەنگاو بنێن. رەنگە ئێستا كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی وا بزانێت كە ئیتر ئێمە تەسلیم بووین لە كاتێكدا لە مێژووی كوردا نییە تەسلیمبوون، مێژوو دەنووسێت لە 25ی ئەیلوول سێ ملیۆن و نیو لە ریفراندۆمێكی ئازاددا دەنگیان بۆ سەربەخۆیی كوردستان دا لە تەواوی كوردستان، دواتر لە 16ی ئۆكتۆبەری 2017 لەلایەن سوپاو حەشدی شەعبی و بەهاوكاری وڵاتانی دوروبەر رووبەڕووی هێرش و قڕكردن بوونەوەو گەلی كوردستان بەرگرییان كرد، رووبەڕووی هەندێك شكست بوونەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دووبارە خۆیان رێكخستەوەو هەنگاویان بۆ جێبەجێكردنی ریفراندۆم و سەربەخۆیی نا، لەبەرامبەریشدا هەر گرووپێك لەگەڵ دوژمنی گەلەكەی مامەڵەی كردبێت، ئەگەر زۆر بێت، یاخود كەم، سیفەتی نیشتمانپەروەری نامێنێت.