نەبیل تكریتی شارەزای كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ گوڵان: سەرهەڵدانی گرووپە توندڕەوەكان دەرهاویشتەی ناسەقامگیریی ئابووری و نائومێدیی سیاسین

نەبیل تكریتی  شارەزای كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ گوڵان: سەرهەڵدانی گرووپە توندڕەوەكان دەرهاویشتەی ناسەقامگیریی ئابووری و نائومێدیی سیاسین
نەبیل تكریتی خاوەنی بڕوانامەی دكتۆرایە لە بواری مێژوودا كە لە زانكۆی شیكاگۆ بەدەستی هێناوە، لە تویژینەوەكانیدا بایەخ بە چەند پرسێك دەدات، وەك مێژووی عوسمانی، رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی هاوچەرخ و كاروباری مرۆیی. لە میانەی دیمانەیەكدا گوڵان چەند پرسێكی لەگەڵدا تاوتوێ كرد كە پەیوەست بوون بە دۆخی ئێستای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و كێشە و تەحەددی و تەنگژەكانی ئەم ناوچەیە و رێگاچارەی یەكلاكردنەوە و چارەسەركردنیان، كە لێرەدا دەقەكەی بڵاو دەكەینەوە.
* چۆن لە بارودۆخی ئێستای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەڕوانیت و ئایا ئەو پەرەسەندن و پێشهاتانە چین كە مایەی زۆرترین نیگەرانین؟
- ئەوەی دەتوانین بیڵێین ئەوەیە كە دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ماوەی رابردوودا بەردەوام خراپتر و خراپتر بووە. هەر كاتێكیش وا بزانین كە دۆخەكە بە خراپترین حاڵەت گەیشتووە، ئەوا دەبینین زیاتر رۆدەچێت و پتر خراپتر دەبێت. ئەوە مایەی زۆرترین نیگەرانییە، هەڵكشانی بەردەوامی توندوتیژی، نایەكسانیی كۆمەڵایەتی و توندوتیژیی سیاسیە، واتە ناوچەكە بۆتە نموونەی ئەوەی كە چاوەڕوان دەكرێت لەسەر ئاستی جیهانی رووبدات.
* بە شێوەیەكی گشتی چۆن لە ئەگەرەكانی بە دیموكراتیزەكردن دەڕوانیت لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و بەتایبەتی لە دوای ئەوەی پێی دەڵێن (بەهاری عەرەبی)، ئایا دەكرێت بڵێین دەرفەتەكان بۆ بەرەوپێشبردنی پرسی دیموكراسی لاوازن؟

- لە راستیدا و لەم ساتەوەختەدا ئەگەرەكانی بە دیموكراتیزەكردن زۆر لاوازن. واتە نەك تەنیا پێناچێت دیموكراتیزەكردن كارێكی كردەنی بێت لەم چركەساتەدا، بەڵكو هەر لە بنەڕەتدا پێدەچێت پرسیارێكی هەڵەش بێت، مەبەستم ئەوەیە بڵێم دۆخەكە بە چەشنێك پەرەی سەندووە كە زۆر دوورە بتوانین بە دیموكراتیكردن بە ئامانجێكی واقیعیبینانە لە قەڵەم بدەین لە مەودای نزیكدا.
* هەندێ جار وا دەردەكەوێت كە كێشە و ناكۆكی و تەحەدییە درێژخایەنەكان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا قابیلی چارەسەركردن نەبن، پرسیارەكە ئەوەیە بۆچی تەنگژەكانی ئەم ناوچەیە هێندە ئاڵۆزن كە چارەسەركردنیان سەخت و دژوار بێت، ئەگەر نەڵێین مەحاڵ بێت؟

- من پێموایە ئەگەر گۆڕانكاریی گەورە روونەدات لە هۆشیاریی كۆمەڵگەدا، ئەوا كێشە سەرەكییەكان وەك كێشەی سیستماتیكی دەمێننەوە، بەو پێیە قابیلی چارەسەریش نابن. هەندێ كەس پێیانوایە تەحەددییەكان پەیوەستن بە درەنگكەوتنی سەرمایەدارییەوە واتە داڕووخانی دەوڵەتی سۆشیالیزمی لە ناوچەكە و دەوڵەتە خۆشگوزەرانەكان پەیوەندییەكی راستەوخۆیان هەیە بە پرسی ئیستیغلاكردنی بەربڵاو و سوودمەەندبوون لە دۆخی جەنگ، بەو پێیە ئەگەری ئەوە نییە دۆخەكە بەرەو باشتر بچێت بەم نزیكانە.
* هەروەك دەزانن لە ئێستادا چەندین گرووپی رادیكاڵی و تیرۆریستی هەن لە ناوچەكەدا، كە بوونەتە هۆی هێنانەئارای كوشتار و كاولكارییەكی بێ پێشینە، ئایا هۆكارە بنەڕەتییەكانی سەرهەڵدانی ئەم گرووپانە چین و چۆن دەكرێت بەرپەرچیان بدرێتەوە؟
- سەرهەڵدان و دروستبوونی ئەم گرووپانە دەرئەنجام و دەرهاویشتەی ناسەقامگیریی ئابووری، بێئومێدیی سیاسی و دەستێوەردانی نێودەوڵەتین كە لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا ئەم ناوچەیەیان گرفتار كردووە. كەواتە پێویستە ئەم هۆكارە بنەڕەتییانە چارەسەر بكرێن، ئەگەرنا ئەم گرووپانە یەك لە دوای یەك سەرهەڵدەدەن.


* چۆن لە پەیوەندیی ئایین و سیاسەت دەڕوانیت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و بۆچی توندوتیژی ئەوەندە بەربڵاوە لەم ناوچەیەدا؟
- ئایین سیاسەتە و بە پێچەوانەشەوە. هۆكارە بنەڕەتییەكان- بە تایبەتی دەستێوەردانی دەرەكی- ئاگری توندڕەوی خۆش دەكەن، كە خۆی لە خۆیدا سرووشتێكی سیاسی هەیە، بەڵام گوزارشتێكی ئایینیان لێدەكرێت.
* بۆچوونت چییە لەبارەی دەستێوردانی دەرەكی لەم ناوچەیەدا؟ ئایا باوەڕت وایە كە هەمیشە بوونەتەهۆی خراپتركردنی دۆخەكە، یان هێزە دەركییەكان دەتوانن رۆڵی ئیجابی ببینین لە بارودۆخی ناوخۆیی وڵاتانی ناوچەكە؟
- لە كاتێكدا دەكرێت هێزە دەرەكییەكان رۆڵی بنیادنەر ببینن لە ناوچەكەدا، بەڵام ئێمە بۆ چەندین ساڵە، ئەگەر نەڵێین چەندین دەیە دەبێت، نموونەیەكمان نەبینیوە لەم رووەوە. داگیركردنی عێراق لەلایەن- ئەمریكا و بەریتانیاوە- ساتەوەختێكی یەكلاكەرەوە بوو، پێموایە ئەو ئامانجەی پێكا كە بۆی دانرابوو، واتە تێكشكاندنی بونیادی دەوڵەتەكە بۆ كارئاسانیكردن بۆ كەڵكوەرگرتن لە سەرچاوەكان، واتە ئامانج و ئەركەكە هێنرانەدی.
* چۆن لە دەستڕۆیشتوویی ئێران دەڕوانیت لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا؟ ئایا پێتوایە ئێران سەرچاوەی كێشەكەیە یان دەكرێت ببێتە بەشێك لە چارەسەرەكە؟
- حاڵی ئێران حاڵی هەر دەوڵەت و كاراكتەرێكی دەرەكی یان ناوخۆیی دیكەیە لە ناوچەكەدا، مەبەستم ئەوەیە نە زیاتر و نە كەمتر مایەی كێشەیە بە بەراورد بەو وڵاتانە. سەرجەم دەوڵەتانی كەنداو، سعودیە، توركیا، رووسیا، ناتۆ و ئەمریكا و چەند كاراكتەرێكی دیكە دەستێوەردانی زیاتر، یان كەمتر ئیجابی ناكەن بە بەراورد بە ئێران لەم ساتەوەختەدا. هەروەها لەبەر ئەوەی ئێران بەشێكە لە كێشەكە ئەوا بە دڵنیاییەوە دەتوانێت ببێتە بەشێك لە چارەسەرەكەش، ئەگەر هاتوو كاراكتەرەكانی دیكەش هاتنەسەر خەت.


* كێشەیەكی دیكە هەیە كە رەگ و ریشەیەكی قووڵی هەیە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئەویش بریتییە لە ركابەریی تایفەگەری نێوان سوننە و شیعە، چۆن دەكرێت مامەڵە لەگەڵ ئەم كێشەیەدا بكرێت؟
- ئەم كێشەیە گرێدراوی كێشەكانی دیكەیە. كاتێك سیاسەتی ئیقلمی سیاسەتێكی ئارام بێت، ئەوا تایفەگەری خامۆش دەبێت، هەرچۆنێك بێت، لە ئێستادا ئێمە لە دۆخێكی لەم چەشنەدا نین.
* راوبۆچوونت چییە لەبارەی كێشەی ئیتنی و نەتەوەیی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەتایبەتی كە ئێستا كێشەیەكی گەورە لە نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراقدا هەیە، پێتوایە ئایندەی ئەم كێشە و ناكۆكییانە بەرەو كوێ دەچن؟
- لە راستیدا ئەمە ساتەوەختێكی مەترسیدارە بۆ كوردی عێراق و بۆ خودی عێراق خۆی، تەنانەت بۆ ناوچەكەش، من نازانم ئایا ئەم ناكۆكی و مانۆڕە سیاسییانەی نێوان سیاسییەكانی كورد و دەوڵەتی عێراق چۆن دەكەونەوە، بەڵام ئەوەی لە ماوەی رابردوودا روویدا مایە دڵگەرمی نین.


* زۆر جار بۆ چارەسەركردنی كێشەكان رێگاچارەی جۆراوجۆر دەخرێنەڕوو، راوبۆچوونی ئێوە چییە لەم بارەیەوە و ئایا پێتانوایە رێگاچارەی گونجاو بۆ یەكلاكردنەوەی ئەم كێشانە چییە؟
- من پێموایە هەر چارەسەرێك كە دەگیرێتەبەر، پێویستە بەرئەنجامی گفتوگۆ بێت، نەك بەكارهێنانی هێز. هەروەها من بە شێوەیەكی گشتی لەگەڵ بوونی دەوڵەتی گەورەدام نەك، دەوڵەتی بچووك لە ناوچەكەدا. لەبەر ئەوەی توانایەكی زیاتریان دەبێت لە پاراستنی سەربەخۆیی خۆیاندا.


* پێشبینییەكانت چین بۆ ئایندەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئایا باشترین و خراپترین سیناریۆ چین كە چاوەڕێی ئەم ناوچەیە بكەن؟
- یەكێك لە سیناریۆ خراپەكان بریتییە لە لێكترازانی زیاتری بونیادی دەوڵەتانی وەك توركیا، سعودیە، یان ئێران. یەكێك لە باشترین سیناریۆكانیش بریتییە لە ئەگەری گەشەكردنی ئەوەی پێی دەوترێت ئابووریی نیولیبڕاڵی و كۆتاییهێنان بە بارمتەگرتنی سیاسەتی دەوڵەت و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان و ناكۆكی لەسەر ئاستی جیهان.
Top