رەشات كەسابە تایبەتمەند لە كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ گوڵان: ئێران رۆڵێكی توندی لەناوچەكەدا هەیە و بەرژەوەندیش لەوەدایە سنووردار بكرێت

رەشات كەسابە  تایبەتمەند لە كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ گوڵان: ئێران رۆڵێكی توندی لەناوچەكەدا هەیە و بەرژەوەندیش لەوەدایە سنووردار بكرێت
رەشات كەسابە پڕۆفیسۆرە لە زانكۆی واشنتۆن و بەڕێوەبەری قوتابخانەی جاكسۆن بۆ دیراساتی نێودەوڵەتییە لە هەمان زانكۆ، شارەزای مێژوو و سیاسەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، وانەبێژی چەند بوارێكی گرنگە وەك مێژووی ئابووری، پەیوەندییەكانی نێوان دەوڵەت و كۆمەڵگە، مێژووی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و مێژووی جیهان. بۆ قسەكردنی لەسەر كاریگەریی ستراتیژیەتی نوێی ئەمریكا لە بەرامبەر ئێران و رۆڵ و كاریگەری توركیا لە پەرەسەندن و پێشهاتەكانی ناوچەكە و چەند پرس و بابەتێكی دیكە، گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵدا ئەنجامداو ئەویش بەم شێوەیە وەڵامی پرسیارەكانی دایەوە.
* بەم دواییە ئەمریكا ستراتیژیەتی خۆی لە بەرامبەر ئێراندا راگەیاند، باس لەوە دەكرێت ئەمە هەواڵێكی خۆشە بۆ هاوپەیمانە تەقلیدییەكانی ئەمریكا و پێویستە ئێرانیش بەخۆیدا بچێتەوە، راوبۆچوونی ئێوە لەو بارەیەوە چییە؟
- لە راستیدا من پێم خۆشە باس لە كاریگەرییەكەی بكەم لەسەر رێككەوتنە ئەتۆمییەكە لەگەڵ ئێراندا، چونكە ئەوە رێككەوتنێكی گرنگە، كە نەك تەنیا لە نێوان ئێران و ئەمریكادا ئەنجام دراوە، بەڵكو وڵاتانی دیكەش هەن كە ئەندامن تێیدا، لە ئێستاشدا ئەمریكا لە پێگەیەكدا نییە كە مەرجی دیكە زیاتر بكات بۆ ئەم رێككەوتنەوە، خۆ ئەگەر بێتو ئەمریكا پەنا بۆ سەپاندنەوەی سزاكانیش بەسەر ئێراندا ببات، ئەوا ئەمە كاریگەرییەكی خراپی دەبێت لەسەر پرسی رێگەگرتن لە چەكی ناوكی، كە دەبێت ئەم راستییە رەچاو بكرێت. لە ئێستادا پێناچێت ئەمریكا كار لەسەر گرتنەبەری رێچكەیەكی هەمەلایەن و گشتگیر بكات، كەواتە دەبێت چاوەڕێ بكەین و ببینین كە چی روودەدات. لەلایەكی دیكەوە كارێكی خراپ نییە كە گفتوگۆ لەبارەی كێشە و پرسەكانی دیكەوە بكرێن، بەڵام دەبێت لە پرسی رێككەوتنە ئەتۆمییەكە جیا بكرێنەوە.
* كەواتە ئەگەری ئەوە هەیە ئەمریكا تاكلایەنە لەم رێككەوتنە بكشێتەوە؟


- لە راستیدا من پێموانییە، چونكە هەروەك ئاماژەم پێكرد ئەمە پەیوەستە بە پرسی رێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی چەكی ناوكی، مەبەستم ئەوەیە كاریگەری خراپی دەبێت لەسەری. هەروەها هەرچەندە ئەمریكا پەیوەندییەكی پڕ لە گرژی و ئاڵۆزی هەیە لەگەڵ ئێراندا، بەڵام پێموانییە بە تەواوەتی ئەم رێككەوتنە فەرامۆش بكات.
* بەڵام تا چەند ئەگەری ئەوە هەیە كە ئەمریكا فشاری زیاتر بخاتەسەر ئێران، یاخود سزای زیاتر بەسەر ئێراندا بسەپێنێت، بۆ ئەوەی ئێران ناچار بكات رازی بێت بە دەستپێكردنەوەی گفتوگۆكان بۆ دووبارە داڕشتنەوەی بڕگەكانی رێككەوتنەكە؟
- من پێموایە ئەگەر هەوڵێكی لەم چەشنەش هەبێت، ئەوا لایەنەكانی دیكە، وەك: -رووسیا و چین و یەكێتی ئەوروپا- پشتیوانی لێناكەن، واتە پێناچێت ئەو لایەنانەی دیكە بیانەوێت ئەم هەنگاوە هەڵبگیرێت، ئێمەش دەزانین كە ئەمە تەنیا رێككەوتنێكی دووقۆڵی نییە لە نێوان ئەمریكا و ئێراندا، بەڵكو رێككەوتنێكی چەند قۆڵییە.
* باشە با گریمانەی ئەوە بكەین كە ئەمریكا هەنگاو هەڵدەگرێت بۆ كشانەوە لە رێككەوتنە ئەتۆمییەكە، ئایا بەم كشانەوەیەی ئەمریكا ئەو رێككەوتنە هەڵدەوەشێتەوە؟ ئایا ئاكامی ئەم كشانەوەیە چی دەبێت؟
- پێموایە لەم حاڵەتەدا دوو ئەگەر هەن، یەكێكیان ئەوەیە لایەنەكانی دیكە بەردەوام بن لە پابەندبوون بە رێككەوتنەكەوە، بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەگەر ئەمریكا بكشێتەوە و دووبارە سزاكان بەسەر ئێراندا بسەپێنێت، ئەوا زەحمەتە وڵاتە ئەوروپییەكان بتوانن وەبەرهێنان لە ئێراندا ئەنجام بدەن، هەر لەم روانگەیەشەوەیە كە ئەوروپییەكان نیگەرانن و دەیانەوێت پارێزگاری لە رێككەوتنە بكرێت.
* باشە ئێمە دەزانین كە ستراتیژیەتە نوێیەی ئەمریكا بە تەنیا پەیوەست نەبوو بە رێككەوتنە ئەتۆمییەكەی ئێرانەوە، بەڵكو باسی لە چەند لایەنێكی دیكەی كردەوەكانی ئێران كرد، وەك هەوڵە ناسەقامگیركەرەكانی ئێران لە ناوچەكەدا، باشە پێتوایە ئێران تا چەند ئەم پەیامەی بە جددی وەرگرتووە؟
- بە تێڕوانینی من ئەو خاڵانە گرنگن و پێویستە لەبەرچاو بگیرێن، مەبەستم ئەوەیە دەبێت گفتوگۆ لە بارەی ئەو پرسانەی دیكەشەوە بكرێت و لەم رووەوە متمانە بێتەئاراوە، چونكە هەروەك دەزانن حاڵی حازر بێ متمانەییەكی زۆر هەیە لە نێوان ئەمریكا و ئێراندا. من دووپاتی دەكەمەوە كە پێویستە ئەو مەسەلانە گفتوگۆیان لەبارەوە بكرێت، بەڵام نابێت باسكردن لەم بابەتانە پەیوەست بكرێت بە رێككەوتنەكەوە.
* لەو باوەڕەدا نیت ئەگەر بێتو ئەمریكا بەردەوام بێت لە گرتنەبەری سیاسەتێكی توند لە ئاست ئێراندا، ئەوا ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی دۆخێك بخوڵقێت كە گرژییەكان بەرەو هەڵكشان ببات و رەنگە ئەو كاتە ئەگەری رووبەڕووبوونەوەی سەربازیش بخولقێنێت؟


- ئەوە ئەگەرە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا كەسانێك هەن لە نێو ئیدارەی ئەمریكادا، وەك وەزیری بەرگری ئەمریكا و تەنانەت وەزیری دەرەوە و كەسانێكی دیكە لە نێو كۆنگرێس كە باس لە مەترسییەكانی دەرئەنجامێكی لەو چەشنەیان كردووە كە ئێوە ئاماژەتان پێكرد.
* ئێوە دەزانن وەك بەشێك لەو ستراتیژیەتەی ئەمریكا لە بەرامبەر ئێراندا سوپای پاسدارانی ئەو وڵاتە خرایە خانەی رێكخراوە تیرۆریستییەكانەوە، لێكدانەوە و راڤەی ئێوە بۆ ئەم بڕیار و هەنگاوەی ئەمریكا چییە؟
- لە راستیدا دەبێت ئەمە وەك بەشێك لە هەوڵەكانی دۆناڵد ترەمپ لێكبدەیتەوە، بەتایبەتی كە لە سەروەختی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردندا باسی ئەم بابەتانەی كرد، وەك رێككەوتنە ئەتۆمییەكە و ئێستاش دەیەوێت پیشانی بدات كە ئەو جددییە لەبارەیانەوە. لەلایەكی دیكەوە ئەوە راستە كە ئێران رۆڵێكی توندی هەیە لە هەندێ شوێندا وەك سووریا، بەرژەوەندیش لەوەدایە ئەم رۆڵەی سنووردار بكرێت.
* باشە پێتوایە لەو حاڵەتەدا كاردانەوە و پەرچەكرداری ئێران چی دەبێت و ئایا لەو باوەڕەدایت كە ئێران هەڵبستێت بە گرتنەبەری كاری تۆڵەسەندنەوە لە دژی بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا لە ناوچەكەدا؟
- من پێشبینی ئەوە ناكەم و پێموانییە ئەمە لە ئێستادا رووبدات، چونكە بە تێڕوانینی من هێشتنەوە و درێژەدان بە رێككەوتنەكە لە بەرژەوەندی ئێرانە، هەروەها ئێران دەزانێت لە نێو ئەوروپادا پشتیوانییەكی زۆر هەیە بۆ ئەم رێككەوتنە، دواتر راستە لە ئێراندا بۆچوونی جیاواز هەیە، بەڵام بە باوەڕی من تێڕوانینێكی گشتیش هەیە لە نێوان حكومەتی ئێرانی و گەلی ئێرانی لەبارەی گرنگیی پارێزگاریكردن لە رێككەوتنەكە.
* بە باوەڕی ئێوە تا چەند ئەم ستراتیژیەتە نوێیەی ئەمریكا لە ئاست ئێراندا مایەی دڵنیایی و رەواندنەوەی نیگەرانییەكانی ئیسرائیل و وڵاتانی كەنداو بوو؟
- من پێموایە ئەو دەرئەنجامەی هەبووە كە ئێوە لە پرسیارەكەتاندا ئاماژەتان پێكردووە، من باوەڕم وایە ئیسرائیل و سعودیە پێشوازییان لەم ستراتیژیەتە كردووە. بەڵام هەرچۆنێك بێت، پێموایە هێشتا ئەم مەسەلەیە لە چوارچێوەی گوتاردا ماوەتەوەو بە تێڕوانینی من تاوەكو رێككەوتنەكە لە ئارادا بێت، ئەوا گۆڕانكارییەكی گەورە روونادات.
* پێشتر دەوترا ئەمریكا وردە وردە لەم ناوچەیە دەكشێتەوە، بەڵام ئێستا و دوای راگەیاندنی ئەم ستراتیژیەتە ئایا ئەمریكا پێگەی خۆی لە ناوچەكەدا پتەو كردۆتەوە؟
- من هاوڕام لەگەڵ ئەوەدا كە بۆشاییەكی زۆر هەیە و ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ رۆژگاری دوای كۆتاییهاتنی شەڕی سارد، كە دەبینیت وڵاتە ئیقلیمییە گەورەكان، وەك ئێران و سعودیە و توركیا هەوڵی پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییە دەدەن. هەروەها هێزە دەرەكییەكانی دیكەش هەوڵی پڕكردنەوەی ئەم بۆشاییە دەدەن، وەك رووسیا، بە هەمان شێوە چینیش كە دەیەوێت لە رووی ئابوورییەوە ئەم كارە بكات. كەواتە ئەوە بە دڵنیاییەوە راستە كە هێز و پێگەی ئەمریكا لە ناوچەكەدا بە چەشنی رابردوو نییە.


* ئێوە باسی رووسیاتان كرد، ئایا چۆن لە فراوانبوون و هەڵكشانی دەستڕۆیشتوویی رووسیا دەڕوانن بە تایبەتی لە وڵاتی سووریادا؟
- لە راستیدا هەوڵی پوتین و رووسیا بۆ سنوورداركرنی كاریگەری و دەستڕۆیشتوویی ئەمریكایە، ئەمە بۆ كێشەی ئۆكرانیا و هەروەها بۆ كێشەی سووریاش راستە، كە خۆی لە خۆیدا ئەمە ستراتیژیەتی پوتینە بۆ بەدەستهێنانی شەرعییەت لەسەر ئاستی ناوخۆیی وڵاتەكەی.
* ئەی چۆن هەڵوێستی توركیا لێكدەدەنەوە لەم رووەوە، بەتایبەتی لە رابردودا سەرۆكی توركیا، رەجەب تەییب ئەردۆغان باس لە مەترسیی بەرفراوانبوونی فارسی كرد لە ناوچەكەدا؟
- ئەمە راستە، بەڵام دەبێت ئەو راستییەش لەبەرچاو بگرین كە ئێران شەریكێكی گەورەی بازرگانی توركیایە، واتە پەیوەندیی ئابووریی گرنگ هەن لە نێوان توركیا و ئێراندا و ئێوە دەزانن بە شێوەیەكی گشتی لە ئێستادا توركیا سەرقاڵی پێداچوونەوەیە بە سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەكەیدا، لە ماوەی رابردوودا سەرۆك ئەركانی سوپای توركیا سەردانی ئێرانی كرد. ئێمە بینیمان كە توركیا لە قەیرانی نێوان سعودیە و قەتەردا پشتیوانی ئەمەی دواییانی كرد. هەروەها ئێمە بینیمان كە بارودۆخی سووریاش بەو ئاراستەیەدا نەڕۆیشت كە توركیا ئاواتی بۆ دەخواست. هەموو ئەمانە توركیا ناچار دەكەن كە پێداچوونەوە و هەڵسەنگاندن بە سیاسەتی دەرەوەی خۆیدا بكات.
* ئێوە دەزانن حاڵی حازر توركیا راستەوخۆ و بە قورساییەكی زۆرەوە لە بارودۆخی سووریاوە تێوەگلاوە، پرسیارەكە ئەوەیە ئایا توركیا لە توانایدا هەیە رەوتی رووداوەكان بە پێی بەرژەوەندییەكانی خۆی دابڕێژێت، یاخود ئەم دەستتێوەرانەی توركیا دەرئەنجامی پێچەوانەی لێدەكەوێتەوە بۆ ئەو وڵاتە؟


- لە راستیدا ئەمە بەندە بەوەی چی لە سووریادا روودەدات، هەروەها پەیوەستە بەوەی چی لە هەرێمی كوردستانی عێراقدا روودەدات، چونكە ئێمە بینیمان كە دوای تێكشكاندنی داعش گرژی لە نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق دروست بوو. لەبەر ئەوە چەندین پەرەسەندن و پێشهات هەن كە ئێمە نازانین چۆن دەكەونەوە. لەبەر ئەوە من باوەڕم وانییە توركیا لە پێگەیەكدا بێت كە بتوانێت رەوتی رووداوەكان بە ئاراستەیەكی دیاریكراودا ببات، چونكە هەوڵیدا بەڵام دەرئەنجامەكە بەو شێوەیە نەبوو كە خۆی چاوەڕوانی دەكرد، لەبەر ئەوەش بوو كە پێشتر وتم توركیا لە پرۆسەی دووبارە هەڵسەنگاندنەوە و پێداچوونەوەدایە بە سیاسەتەكانیدا.
* باشە ئەی چۆن وەسفی پەیوەندییەكانی توركیا و ئەمریكا دەكەیت؟ ئایا پێتوایە پەیوەندییەكانی ئاڵۆزن، یان دوو ئاراستەی پێچەوانە و دژ بە یەكیان وەرگرتووە؟
- لە راستیدا پەیوەندییەكانی نێوان ئەمریكا و توركیا بە خراپترین دۆخدا تێدەپەڕێت لە مێژووی هاوچەرخدا، چونكە چەندین پرس و بابەت هەن كە توركیا و ئەمریكا ناكۆكن لەبارەیانەوە. وەك كێشەی گولەن، هەروەها پرسی هاوپەیمانێتی ئەمریكا لەگەڵ هێزە كوردییەكانی سووریا كە ئەمە بە بەهێزبوونی پەكەكە لێكدەدرێتەوە. كەواتە كۆمەڵە پرس و كێشەیەك هەن كە بە تەواوەتی پێكەوە گرێدراو نین، بەڵام مامەڵەكردن لەگەڵیاندا زەحمەتە و پەیوەندییەكان بارگرژییان تێكەوتووە. سەرەڕای ئەوانەش ئەم دوو وڵاتە هاوپەیمانی گەورەی یەكترن و پەیوەندی گەورەی ئابووری هەیە لە نێوانیاندا، بەڵام لە پەیوەندی بە سیاسەتی دەرەوە و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكاندا ئەوا قۆناغێكی بارگاوییە بە بارگرژی.
* لە كۆتاییدا چۆن لە ئایندەی نزیك و دوورمەودای ناوچەكە دەڕوانیت؟
- زۆرێك لەو پێشهات و پەرەسەندنانەی لە ئێستادا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەگوزەرێن، مایەی نیگەرانین، لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە دەزانین كە ژمارەیەكی زۆر گەنج هەن لەم ناوچەیەدا كە خوازیاری ئایندەیەكی باشترن و دەیانەوێت ژیانێكی بەرهەمدارتریان هەبێت كە هیوادارم بتوانن كاریگەرییان هەبێت. بەڵام هەرچۆنێك بێت كەسانێكی وەك ئێمە نیگەران دەبن كاتێك دەبینین لە سەر ئەرزی واقیع چی دەگوزەرێت.
Top