كۆستانزا موسو تایبەتمەندی كاروباری نێودەوڵەتی بۆ گوڵان: ترەمپ ستراتیژییەكی توندی دژی ئێران راگەیاندووە، بەڵام نازانرێت چۆن جێبەجێ دەكرێت
October 25, 2017
دیمانەی تایبەت
كۆستانزا موسو، پڕۆفیسۆری كاروباری گشتی و نێودەوڵەتییە لە زانكۆی ئۆتاوا، وانەبێژی چەند بوارێكی گرنگە وەك پرۆسەی ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، چەمك و پرسەكانی پەیوەست بە كاروبارە نێودەوڵەتییەكان، هەورەها راوێژكاری چەند سەنتەرێك بووە، وەك سەنتەری سەربازی بۆ دیراساتی ستراتیژی و سەنتەری دیراساتی باڵای بەرگری، كە سەر بە وەزارەتی بەرگری ئیتاڵیان. گوڵان لە میانەی دیمانەیەكدا چەند پرسیارێكی ئاراستەكرد لە پەیوەندی بە ستراتیژیەتە نوێیەكەی ئیدارەی ترەمپ لە ئاست ئێران و ئاكام و دەرهاویشتەكانی ئەم ستراتیژیەتە، ئەویش بەم شێوەیە وەڵامی پرسیارەكانی دایەوە.* پێشتر زۆر رەخنە لە ئیدارەی ترەمپ دەگیرا كە ستراتیژییەتێكی گشتگیر و هەمەلایەنەی نییە بەتایبەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئێران لە ناوچەكەدا، بەڵام ئێستا ئەم ئیدارەیە ستراتیژییەتێكی نوێی راگەیاندووە بۆ بەرپەرچدانەوەی ئێران، بۆچوونی ئێوە لە بارەی ئەو ستراتیژییە نوێیە چییە؟
- لە راستیدا زەحمەتە بڵێین ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ ستراتیژییەتێكی جێگیری هەیە، ئەوە راستە كە هەر لە سەرەتاوە ترەمپ رەخنەی لە رێككەوتنە ناوكییەكە گرتووە، بەڵام هێشتا روون نییە ئایا بەدیلی ئەم رێككەوتنە چییە. بە تێڕوانینی من ستراتیژییەتی ترەمپ زیاتر هەڵوەشاندنەوەی ئەو كارانەیە كە كراون، نەك ئەنجامدانی كارێكی دیاریكراو. هەروەها ئەندامانی دیكەی رێككەوتنەكە، وەك ئەڵمانیا و بەریتانیا و بە هەمان شێوە یەكێتیی ئەوروپا، زۆر نیگەرانن لە كاركردن لە دژی رێككەوتنەكە، كەوا بێت ئەم هەنگاوە كێشە دروست دەكات لەنێوان ئیدارەی ترەمپ و هاوپەیمانە ئەوروپییەكانی. لەم روانگەیەوە پێموایە هەنگاونان لە دژی رێككەوتنەكە ناسەقامگیری لێدەكەوێتەوە. ئەگەرچی ترەمپ بە تەنیا نییە لە رەخنەگرتن لەم رێككەوتنە، بنیامین نەتنیاهۆش هەمان تێڕوانینی هەیە، نەك لەبەر خودی رێككەوتنەكە، بەڵكو لەبەر ئەوەی كە هیچ بەدیلێك ناخرێتەڕوو. كەواتە بە تێڕوانینی من كاركردن لە دژی رێككەوتنەكە هەنگاوێكی ژیرانە نییە، خۆ ئەگەر بێتو چەند بڕگە و بابەتێكیش هەبێت لە نێو رێككەوتنەكەدا كە ترەمپ لێیان رازی نەبێت، ئەوا پێویستە لە چوارچێوەی رێككەوتنەكەدا ئەم كارە بكرێت، نەك كار بۆ هەڵوەشاندنەوەی بكات.
* باشە تا چ راددەیەك ئەگەری ئەوە هەیە ئەمریكا بە شێوەیەكی تاكلایەنانە لەم رێككەوتنە بكشێتەوە و ئەگەر ئەم كارەشی كرد، ئایا دەرئەنجامەكەی چی دەبێت؟
- لە راستیدا ئەمە مەسەلەكەیە كە ئێوە ئاماژەی پێدەكەن، بەڵام هێشتا روون نییە ئایا ئەمریكا ئەم هەنگاوە هەڵدەگرێت، یان نا، من دەڵێم روون نییە لەبەر ئەوەی نازانرێت بەدیلەكە چی دەبێت. مەبەستم ئەوەیە بڵێم هێشتا روون نییە ئیدارەی ترەمپ چ هەنگاوێك لە بەرامبەر ئێران دەگرێتەبەر، بە هەمان شێوە ئەمە بۆ كۆریای باكووریش راستە.
* بەڵام هەرچۆنێك بێت لە ئێستادا ئەمریكا و ئیسرائیل هاوهەڵوێستن لە ئاست ئەم رێككەوتنەدا؟
- هەروەك ئاماژەم پێكرد، ئەمریكا دژیەتی، بەڵام روون نییە ئایا بەدیلەكە چییە. ئەوەی پەیوەندی بە ئیسرائیلیشەوە هەبێت، ئەوا ئاشكرایە بنیامین نەتنیاهۆ دژیەتی و ئێرانیش بە سەرچاوەی مەترسی و هەڕەشە دەزانێت، بەڵام ژمارەیەكی كەمی نێو دامەزراوەی سەربازیی ئیسرائیل هەن لەگەڵ ئەوەدان رێككەوتنێك هەبێت لەگەڵ ئێراندا. دووبارە لێرەدا پرسیارەكە ئەوەیە ئایا بەدیلی ئەنجامنەدانی رێككەوتن چییە؟ رووبەڕووبوونەوەی سەربازی؟ كە ئاشكرایە ئەمە بژارەیەكی باش نییە.
* ئەی پێتوایە ئەمریكا بتوانێت هاوبەش و هاوپەیمانە ئەوروپییەكانی قەناعەت پێ بهێنێت بۆ ئەوەی فشاری زیاتر بخەنەسەر ئێران و بگرە سزاكان بسەپێننەوە بەسەر ئەو وڵاتەدا بۆ ئەوەی ناچاری بكەن رێككەوتنێكی نوێ واژو بكات؟
- من پێموایە دەكرێت دووبارە گفتوگۆ لەسەر هەندێ بڕگە و ماددەی رێككەوتنەكە بكرێت، ئەگەر بێتو ستراتیژیەتی روونی كاركردن هەبێت. دواتر پرسیارەكە ئەوەیە ئایا دەبێت دووبارە گفتوگۆ لەسەر رێككەوتنەكە بكرێتەوە، یان سەرلەنوێ رێككەوتنێكی دیكە واژوو بكرێت. من دووپاتی دەكەمەوە كێشەكە ئەوەیە كە ئەو رێككەوتنە نوێیە باسی دەكرێت، روون نییە.
* هەندێ لە توێژەران و چاودێران پێیانوایە كە بە راگەیاندنی ئەم ستراتیژیەتە ئەمریكا رۆڵ و پێگەی خۆی بەهێزتر كردەوە لەم ناوچەیەدا، بۆچوونی ئێوە لەم بارەیەوە چییە؟
- لە راستیدا زەحمەتە بڵێین ئەمریكا پابەندبوونێكی نوێی بە ناوچەكەوە راگەیاندووە، چونكە هێشتا روون نییە ناوەڕۆكی ئەو پابەندبوونە چییە. ترەمپ خۆی دروشمی «ئەمریكا ئەولەوییەتی یەكەمە»ی بەرزكردەوە و زیاتر چاوی لە دۆخی ناوخۆیی خۆیەتی، لە هەمان كاتدا لەسەر ئاستی دەرەوە گوتاری توند دەدات و هەڕەشە دەكات كە رەنگە ئەمەش سەربكێشێت بۆ رووبەڕووبوونەوەی سەربازی. هەرچۆنێك بێت، من پێموا نییە ناوەرۆكی پابەندبوونەكەی ترەمپ بریتی بێت لە گەشەپێدانی ئابووری و بەرەوپێشبردنی پرسەكانی پەیوەست بە مافەكانی مرۆڤ لەم ناوچەیەدا. رەنگە ئەم شێوە كاركردنە لە مەودای نزیكدا ئەنجامی هەبێت، ئەویش لەپەیوەندی بە شەڕكردن لە دژی تیرۆریزم، بەڵام لەو باوەڕەدا نیم ئەمە پابەندبوونێكی نوێ بێت بە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە. كەوا بێت ئەمە گۆڕانكاری نییە لە سەركردایەتی ئەمریكادا لە ئاست رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
* باشە ئەگەر دووبارە بگەڕێینەوە بۆ ستراتیژیەتە نوێیەكەی ئەمریكا لە ئاست ئێراندا، ئەوا دەبینین كە ئەم ستراتیژیەتە تەنیا پەیوەست نەبوو بە بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێرانەوە، بەڵكو ئاماژەی بە بەرفراوانبوونی دەستڕۆیشتوویی و چالاكییە شەڕانگێزییەكانی ئێران داوە، تێڕوانینتان لەم بارەیەوە چییە؟
- ئەوە راستە، بۆ نموونە دەبینیت كە سوپای پاسداران خراوەتە لیستی تیرۆرەوە، بەڵام ئایا ئەمە دەقاودەق بە مانای چی دێت؟ واتە دیار نییە لە مەودای دووردا ئەمریكا لەم بارەیەوە چ هەنگاوێك دەگرێتەبەر.
* كەوا بێت ئایا دەبێت چاوەڕوانی ئەوە بكەین چۆن ئەم ستراتیژیەتە دەكرێتە كۆمەڵە بڕیارێك كە قابیلی جێبەجێكردن بن؟
- بەڵێ، بە دڵنیاییەوە ئەمە راستە، چونكە چەند ئاماژەیەكی توند دراوە كە دەبێت چاوەڕێ بكەین و بزانین چۆن لە سیاسەتەكاندا رەنگ دەدەنەوە. واتە هێشتا دەقاودەق روون نییە كە دوای گرتنەبەری رێگاچارەی دیپلۆماسی لەگەڵ ئێراندا لەلایەن ئیدارەی ئۆباماوە، چۆن گرتنەبەری رێگاچارەی گۆشەگیركردن لە ئاست ئێران لە لایەن ترامپەوە دەبێتە هۆی ئیحتیواكردنی ئێران، واتە هێشتا روون نییە ئەمە سەپاندنی سزای ئابووری، یان گرتنەبەری دیپلۆماسیەتێكی توند، یان پەنابردنەبەر هێزی سەربازی لە خۆدەگرێت. بە شێوەیەكی گشتی پێموایە چەندین دژیەكی هەن لە نێو سیاسەتەكانی ترەمپدا، لە هەمان كاتدا روون نییە تا چەند هاوپەیمانە ئەورووپییەكان یان هاوپەیمانەكانی لە ناوچەكەدا هاوڕا و هاوهەڵوێست دەبن لەگەڵیدا. تەنانەت لە خودی ئیدارەكەشدا كەسانێك هەن كە هاوڕا نین لەگەڵ سیاسەتەكانی ترەمپدا. بۆ نموونە نوێنەری باڵای سیاسەتی ئەوروپا رایگەیاند كە ئەو سیاسەتە پێچەوانەی ئەوەیە كە ئەوروپا دەیەوێت، هەروەها باسی لەوە كرد كە تێكدانی رێككەوتنەكە، یان كشانەوە لە رێككەوتنەكە دژی بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا و ئەوروپاشە. كەوا بێت، من باوەڕم وایە كە دەرئەنجامەكە روون نییە و نازانین چی لێدەكەوێتەوە و چ ئاكامێك بە دوای خۆیدا دەهێنێت.
* بەڵام ئێران لەبەرامبەر بە تیرۆریست ناساندنی سوپای پاسداران و ئەگەری كشانەوە لە رێككەوتنە ئەتۆمییەكە هەڕەشە دەكات، ئەمە چۆن لێك دەدەنەوە؟
- لە راستیدا ئەم سیاسەتەی ئێران لە چوارچێوەی هەڕەشە و گۆڕەشەكان و چوارچێوەی ئەم مەسەلەیەدا دێت كە پێی دەڵێن بردنی سیاسەت بەرەو لێواری هەڵدێر كە رەنگە دواتر هەڵكشانی گرژییەكانی لێبكەوێتەوە، ئەمە لە كاتێكدا خودی رێككەوتنەكە بۆ ئەوەیە بارگرژی و هەڵكشانی لەم چەشنە دروست نەبێت. راستە رێككەوتنەكە پەیوەست نەبوو بە پرسەكانی دیكەوە، بەڵام ئەمە دەقاودەق ئامانجەكە بوو.
* كەواتە ئایا ئەگەری ئەوە لەئارادایە كە هەڵكشانی بارگرژییەكان سەربكێشن بۆ رووبەڕووبوونەوەی سەربازی لە نێوان ئێران و ئەمریكادا؟
- من لەو باوەڕەدا نیم كە ئەم دۆخە سەربكێشێت بۆ ناكۆكییەكی راستەوخۆ لە نێوان ئەمریكا و ئێراندا، ئەوەی زیاتر رێی تێدەچێت ئەوەیە ئەمریكا لە رێی هاوپەیمانەكانیەوە لە ناوچەكەدا كار بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئێران بكات. هەروەها لەو باوەڕەدا نیم كە ئەورووپییەكانیش خواست و ئامادەیی رووبەڕووبوونەوەی سەربازییان هەبێت لەگەڵ ئێراندا. لەبەر ئەوە پێموانییە لە ئێستادا ئەمە ئەگەرێك بێت، تەنیا ئەو كاتە نەبێت كە ئێران پەنا بۆ كردەوەیەك ببات كە ببێتە پاساوی رووبەڕووبوونەوەی سەربازی لەگەڵیدا. كەواتە بە كورتی پێموانییە رووبەڕووبوونەوەی سەربازی لە ئان و ساتدا بێت.
* ئایا تا چەند ئەم ستراتیژیەتە نوێیەی ئەمریكا هەواڵێكی خۆش بوو بۆ ئیسرائیل و هاوپەیمانە تەقلیدییەكانی دیكەی ئەمریكا لە ناوچەكەدا؟
- ئاشكرایە ئیسرائیل خۆشحاڵە كاتێك دەبینێت سیاسەتێكی توندتر لە واشتۆنەوە لە دژی ئێران گەڵاڵە دەبێت، بەڵام هەرچۆنێك بێت بەرژەوەندیی سەرەكیی ئیسرائیل بریتییە لە سەقامگیریی ناوچەكە.
* ئێوە وەك شارەزایەك لە بواری تیرۆری نێودەوڵەتیدا دەبینن بۆ یەكەمجارە لە مێژوی خۆیدا ئەمریكا رێكخراوێكی فەرمی سەر بە دەوڵەت بە رێكخراوێكی تیرۆریستی بناسێنێت، لێكدانەوەی ئێوە بۆ ئەم هەنگاوە، یان ئەم بڕیارە چییە؟
لە راستیدا دەبێت ئێمە لە سیاقە گشتییەكەوە لێی بڕوانین، مەبەستم ئەوەیە ئەمریكا خودی حكومەتی ئێران بە سەرچاوەی هەڕەشە دەزانێت و بەوە تۆمەتباری دەكات كە دارایی بۆ گرووپە تیرۆریستییەكان دەستەبەر دەكات و پشتیوانییان لێدەكات. كەواتە دەبێت لەم چوارچێوەیەدا لەم بڕیارە بڕوانین.