قەشە زیا لە كەنیسەی ماریوسف لە مەتڕانییەی عەنكاوە بۆ (گوڵان): مەسیحییەكانیش وەك كورد متمانەیان بە پاشەڕۆژی عێراق نیە بۆیە پشتگیری لە ریفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستان دەكەین
August 23, 2017
دیمانەی تایبەت
مەسیحییەكان پێكهاتەیەكی گرنگی كوردستانن، لەم ڕوانگەیەوە هەڵگرتنی هەر هەنگاوێك لەلایەن كوردستانەوە كاریگەری لەسەر ئەوان دەبێت، هەر لەبەر ئەمەیە كە ئەوانیش ئەو دەرفەتیان لەبەردەمدایە كە ڕۆڵ و كاریگەرییان هەبێت لە هەر بڕیارێكی چارەنووسسازدا كە بدرێت، وەك پرسی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كە بڕیارە لە هەرێمی كوردستاندا ئەنجام بدرێت، ئەم پرسە و چەند بابەتێكی دیكەی پەیوەندیدار بوونە تەوەری دیدارێكی گۆڤاری گوڵان لەگەڵ قەشە زیا لە كەنیسەی ماریوسف لە مەترانیەی عەنكاوە كرد؛ لێرەدا پوختەی قسەكانی بڵاودەكەینەوە.ئەگەر پێكەوەژیان مومكین نەبێت ئەوا ئاساییە كوردستان و عێراق ببنە دوو دەوڵەتی دراوسێ
* خەڵكی كوردستان بەهەموو پێوەرە یاسایی و شەرعییەكان مافی بوون بە دەوڵەتیان هەیە، ئایا ئێوە وەكو پیاوانی ئاینی مەسیحی تا چ رادەیەك پاڵپشتی و پشتگیری ئەم مافە دەكەن؟
- هەمیشە ئایین هەڵگری پەیامی خۆشەویستی و رێز بووە، خوای گەورە داوامان لێ دەكات بەرامبەر یەكتر باش بین، من وەكو پیاوێكی ئایینی مەسیحی زۆر تێكەڵ بە كاری حزبی و سیاسی نابم، بەڵام خوای گەورە ئەوەی پێداوین كە لایەنگیری خەڵك و نەتەوە چەوساوەكان بین و مرۆڤ خاوەنی كەرامەت و مافی خۆی بێت، بێگومان نیشتمان و دەوڵەتیش یەكێكە لەو مافانەی كە پێویستە هەوڵ و تەقەلای بۆ بدرێت، دەوڵەت وەكو پەرژینێكی پۆڵایینە كە لە ناویدا هاونیشتمانیان هەست بە ئارامی و سەقامگیری دەكەن، بەتایبەتی بۆ گەلێكی چەوساوەی وەكو گەلی كوردستان كە ئێمەی مەسیحیەكانیش لەدێر زەمانەوە لەسەر ئەم خاكەین و لە هەموو شۆڕش و راپەرین و خۆشی و ناخۆشیەكاندا پێكەوە بووین، بیرمە لە ساڵانی حەفتاكان و هەشتاكاندا كاتێك گوندەكانی كوردستان تێكدران بەهەمان شێوە گوندەكانی مەسیحیش بە كڵێساو شوێنە پیرۆزەكانیشەوە وێران و خاپوور كران و خانووی مەسیحییەكانیش وەكو كوردەكان تاڵانكران و تێكدران و خەڵكەكەی بەزۆر ڕاگوێرزران، لە شۆڕشی ئەیلولەوە مەسیحییەكانی كوردستان هاوشێوەی هەموو نەتەوەو ئایینەكانی تری كوردستان بەشداربوون بۆ ئەوەی چیتر مافی گەلی كوردستان لەلایەن داگیركارانەوە پێشێل نەكرێت. مەسیحییەكان نەك تەنیا بۆ گەلی كوردستان بەڵكو لەگەڵ هەموو نەتەوە و گەلێكدان كە چەوساوەن و داوای مافی خۆیان دەكەن، هەربۆیە ئێمەش پاڵپشتی و پشتگیری ریفراندۆم و سەربەخۆیی دەكەین بەتایبەتی كە خەڵكی كوردستان و مەسیحییەكانیش لە دۆخێكدان كە لەلایەك متمانەیان بە دواڕۆژی عێراق نەماوەو لەلایەكی ترەوە هەرێمی كوردستانیش لە دۆخێكدایە كە لە ڕووی ئابوورییەوە دووچاری دژواری بۆتەوە. كەوابێت پێویستە ئەم بارودۆخە، بەتایبەتی دوای كۆتاییهاتنی شەڕی داعش، گۆڕانكاری بەسەردا بێت و ڕەوشەكە بەرەو باشتر بچێت. ئەوەتا لە كیشوەری ئەوروپا دەیان وڵات هەیە پێكەوە ئارام دەژین و یەك دراوی بەكار دەهێنن كە یۆرۆیە و هیچ كێشەو گرفتێكیان لە نێوانیاندا نییە. بەڵام كێشەكە ئەوەیە لێرە پێكەوەژیان زەحمەتە و لایەنی بەرامبەر پێكەوەژیان و شەراكەت قبوڵ ناكات، هەر بۆیە ئاساییە ئەگەر كوردستان و عێراق نەتوانن پێكەوە بژین، ئەوا كوردستان ڕێگای سەربەخۆیی بگرێتەبەر و لە مەودوا هەردوو وڵات وەكو دوو دەوڵەتی دراوسێ رێز لەیەكتر بگرن.
* ئایا ڕاوبۆچوونی پاپای فاتیكانیش بەهاوشێوەی پیاوانی ئایینی مەسیحی لە كوردستان پاڵپشتی مافی خەڵكی كوردستانن بۆ سەربەخۆیی، بەتایبەتی لە كاتی هەڕەشەكانی داعش بۆ سەر كوردستان هەڵوێستی جوانی هەبوو؟
- من ناتوانم بەناوی پاپای فاتیكانەوە قسە بكەم، بەڵام قەداسەتی پاپا پەیامی خۆشەویستی و ئاشتی بۆ هەموو گەلانی جیهانی هەیە، بەتایبەتی ئەو میللەتانەی چەوساوەو زوڵم لێكراون و داوای مافەكانی ئازادی و ئاشتی دەكەن، هەمووشمان بینیمان كاتێك تیرۆریستەكانی داعش هێرشیان كردە سەر كوردستان و ئەو هەرێمەی كە داڵدەی هەزارەها خێزانی مەسیحی و ئێزیدی و موسڵمانی دابوو چۆن پاپای فاتیكان داوای لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كرد بیپارێزن و هاوكاریمان بكەن، چونكە قەداسەتی پاپا زۆر دڵخۆشە بەو پێكەوەژیان و لێبووردەییەی ئێستا لە كوردستان بوونی هەیە و پێشوازی لەو هەموو ئاوارەو پەناهەندەیە كراوە. كاتێكیش چاویكەوت بە مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان نامەی سوپاسگوزاری و ستایشی بۆ خەڵك و حكومەتی كوردستان نارد كە لە رووی مرۆیی یەوە فریای ئەو هەموو لێقەوماوانە كەوتوون و لە كوردستان داڵدەیان داون، ئەمەش دوای ئەوەی كاتێك لە2014 داعش شاری موسڵ و دەشتی نەینەوای داگیركرد، خێزانە مەسیحییەكان روویان لە هەرێمی كوردستان كرد و تائێستاش زۆربەیان لە شارو شارۆچكەكانی كوردستان نیشتەجێ بوون.
* بوونی كلتووری پێكەوەژیان و لێبووردەیی لە هەرێمی كوردستان تاچەند رۆڵی لە رووبەرووبوونەوەی فكری توندڕەویی و مەزهەبی هەبووە ئایا چی بكرێت بۆ ئەوەی ئەو كلتوورە دەوڵەمەندتر بكرێت؟
- ئێمە وەكو پیاوانی ئایینی مەسیحی دڵخۆشین بەو تەباییەی لە ناو پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكان لە كوردستان هەیە، هەموومان لەژێر چەتری كوردستان كۆبووینەتەوەو بەئازادی رێورەسمی ئاینی خۆمان بەڕێوە دەبەین، مەسیحییەكان لەهیچ سەردەم و رۆژگارێكدا مەترسی و هەڕەشە نەبوونه بۆ سەرهیچ نەتەوەو ئاینزایەك تەنانەت ئەگەر زوڵمیشیان لێكرابێت ئەوان هەر جەخت لەسەر ئاشتی دەكەنەوە. ئێمە بەهیچ شێوەیەك نكۆڵی لەوە ناكەین كە بە بەراورد بە ناوچەكانی تری عێراق ئێمە لێرە هەست بەئارامی و ئاسایش دەكەین و لەسایەی پێكەوەژیاندا ژیان بەڕێ دەكەین، بەڵام ئەمە بەس نییە، چونكە ئاشكرایە ئێمە لەناوچەیەكی پڕ لەكێشمەكێش و ململانێی حزبی و تایەفەگەریدا دەژین، كە ئێستا ئەمە قۆناغێكی هەستیارو ناسكە كە ناوچەكەو هەرێمی كوردستان پێیدا تێپەڕ دەبێت. بەهێزكردنی بنەماكانی پێكەوەژیان و دووركەوتنەوە لە توندڕەوی پێویستی بە هەماهەنگی نێوان هەردوو ئایینی مەسیحی و ئیسلام هەیە، كە بنەما سەرەكیەكانی هەردوو ئایینی مەسیحی و ئیسلامی جەخت لەسەر لێبووردەیی و پێكەوەژیان و ئاشتی و برایەتی نێوان نەتەوەو ئاینزاكان دەكەنەوە، دەبێت ژیانێكی ئاسوودەو خۆشگوزەرانی بۆ خێزان و گەنجەكانمان دابین بكەین. هەروەها پێویستە سنوورێك بۆ ئەو هەموو گوتارە توندڕەوە ئاینییە دابنرێت كە هۆكارێكن بۆ بڵاوكردنەوەی هزری توندڕەویی ئاینی و تێكچوونی شیرازەی كۆمەڵگەكەمان. دواتر ئێمە دەزانین كە هەمیشە كێشە و ناكۆكی دێنەئاراوە، بەڵام گرنگ ئەوەیە ڕێگای گفتوگۆ و دانوستان بگیرێتەبەر بۆ دۆزینەوەی رێگا چارەسەرێكی گونجاو، بەتایبەتی بۆ ئەو كێشانەی لەنێوان هەرێم و بەغدا هەیە، چونكە تا ئەمڕۆش پێكهاتەی مەسیحی لە بەسراو بەغداو كەركوك و ناوچەكانی تری عێراق هەیەو ئێمە بیر لەوانیش دەكەینەوە، ئەمڕۆش كە سەرەتاكانی كۆتاییهاتنی داعش سەریهەڵداوە هەلێكی زێڕین هاتۆتە پێشەوە بۆ ئەوەی هەمووان پێكەوە بە گفتوگۆ و دانوستاندن كێشەكان چارەسەر بكەین و رێز لە ئیرادەو ویستی نەتەوەكان بگیرێت و رێگایەك بۆ پێكەوەژیانێكی نوێ بدۆزنەوە، تاوەكو جارێكی تر ناتەبایی سیاسی و ناكۆكی روونەدات كە بەهۆیەوە گروپە تیرۆریستییەكان ژینگەیەكی باشیان بۆ خوڵقا تاوەكو بڵاوببنەوە.
* دوای ئەوەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بە فەرماندەیی سەرۆك بارزانی توانیی بەشێكی زۆری دەشتی نەینەوا ئازاد بكات، تاچەند ئەمە بۆ مەسیحییەكانی ئەو ناوچانە گرنگ بوو، ئایا تاچەند لەگەڵ ئەوەدان دەشتی نەینەوا بكرێتە پارێزگا و لەلایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە بپارێزرێت؟ پێتان وایە پێویستە چی بكرێت بۆ گەڕانەوەی مەسیحییەكانی و ئاوارەكانی دیكەش بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان؟
- هاووڵاتیانی دەشتی نەینەوا بەهاووڵاتییە مەسیحییەكانیشەوە ئازادن داوای چی دەكەن و سەرپشكن لەوەی دەیانەوێت چۆن دووبارە یەكە ئیدارییەكانی ناوچەكانیان دابڕێژرێنەوە. ئەوەی پەیوەندی بە پرسی گەڕانەوەشیان هەبێت، ئەوا هەقیقەتێك هەیە دەبێت هەمووان بیزانن ئەویش ئەوەیە: كە فكری توندڕەویی داعش بەرهەمی یەك دوو رۆژ نییەو هەروا ئاسانیش بەشەوو رۆژێك كۆتایی نایەت، هەر بۆیە زەحمەتە بۆ خێزانە ئاوارە مەسیحییەكان كە بتوانن بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، ئەمڕۆ هیچ كەس و لایەنێك زەمانەتی بەو خێزانە مەسیحییانە نەداوە تاوەكو بگەڕێنەوە ناوچەكانیان، تەنانەت ئەوان ئێستا بەهۆی هاتنی حەشدی شەعبی و ئەو هەموو گروپە چەكدارەوە نیگەرانی زیاتریان لا دروست بووە لە ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕ لەگەڵ پێشمەرگە. ئەگەر ئەم پرسەش گرێ بدرێتەوە بە مەسەلەی چارەنووسی دەشتی نەینەواو بە پارێزگابوون و گەڕانەوەی بۆ سەر هەرێمی كوردستان، ئەوا پێم وایە ئەمە مەسەلەیەكی سیاسییە؟ ئێمە وەكو پیاوانی ئایینی ناتوانین رێوشوێن بۆ هاوپەیمانەكان و ئەمەریكا و عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان دابنێین، بەڵام ئەگەر دۆخەكە وەكو جاران بێت و هیچ گۆڕانكارییەك روونەدات و نەوایەكی ئارام بۆ ئاینزاكانی دەشتی نەینەوا دانەنرێت ئەوا زۆربەی خێزانە مەسیحییەكان ناگەڕێنەوە ناوچەكانیان، ئێمەی پیاوانی ئایینی نزا دەكەین داواكارین لەخوای گەورە كۆتایی بە شەڕو چەوسانەوەو ئاژاوە بهێنێت و خۆشی و خۆشگوزەرانی باڵ بەسەر هەرێمی كوردستاندا بكێشێت.
* هەروەك ئاشكرایە بڕیارە لە 25ی ئەیلولی داهاتوودا ریفراندۆمی سەربەخۆیی ئەنجام بدرێت، ئێوە چۆن لەم پرسە دەڕوانن؟
- هەڵبەتە كاتێك بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ حزب و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان رۆژێكیان بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم دیاریكرد، لەو سۆنگەیەوە بوو كە ئێستا لە هەموو كات زیاتر دۆخەكە لەبارە بۆ ئەنجامدانی ئەو ریفراندۆمە و بەدیهێنانی دەوڵەتی كوردستان، ئەمڕۆ سەرجەم گەلانی پێشكەوتووخوازو وڵاتانی رۆژئاواو ناوچەكە ئەو راستییەیان بۆ دەركەوتووە كە گەلی كوردستان و پێشمەرگە ئارامی و ئاشتی دەخوازێت، ئەوان باش دەزانن كە تیرۆریستانی داعش بەهاوكاری هاوپەیمانەكان و هێرشە ئاسمانییەكان لەسەر دەستی پێشمەرگە تێكشكێنرا، لە ناوخۆشدا پێویستە سەركردایەتی سیاسی هەوڵی نەهێشتن و ڕەواندنەوەی هەر بێ ئومێدیی و دڵەڕاوكێك بدات كە ڕەنگە ڕووبەڕووی خەڵكی كوردستان و لەناویشیاندا ئێمەی مەسیحی ببێتەوە. دواتر خەڵك زەمانەتێكی دەوێت بۆ دوارۆژی خۆی، نایەوێت لە ئایندەدا لەداعش خراپتر دروست بێت، ئایا چاوەڕوان بین تاوەكو گروپێكی تری چەكداری دڕندەتر و خراپتر لەداعش لە عێراق و ناوچەكەدا سەرهەڵبدات یاخود ببینە خاوەنی كیانێكی سەربەخۆ؟ من لەبیرمە كاتێك ئەمەریكا سوپاكەی لەعێراق لەسەر داوای زۆر لە سەركردە سوننەو شیعەكان و تەنانەت خەڵكی خۆی لەئەمەریكا كشانەوە ئەو كات ئێمە پێمان وابوو بەكشانەوەی ئەو هێزانە چەندین گروپی تیرۆریستی توندڕەو لەعێراق دروست دەبن و زیان بە خەڵكی سیڤل و دۆخەكە دەگەیەنن، هەرواش دەرچوو بەماوەیەكی زۆر كەم كارە تیرۆریستییەكان زیادی كردوو داعش سەریهەڵداو ناكۆكی نێوان مەركەزو هەرێم لەلایەك سەریهەڵداو ناكۆكی نێوان حزبە سیاسییەكان ئاڵۆزتر بوو رەوشەكە خراپتر بوو. ئەمڕۆش ئەگەر ئێمە پاڵپشتی یەكتر بین هیچ تیرۆریست و وڵاتێكی ناوچەكە ناتوانێت هێرش بكاتە سەرمان و ئەجیندای خۆیان بەسەرماندا زاڵ بكەن، ئەمەش تەنیا بەگوتارو پەیام و قسە نابێت پێویستی بەكاری پراكتیكی هەیە.