پڕۆفیسۆر جێفری ڤاندێنبێرگ بەڕێوەبەری پڕۆگرامی دیراساتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ گوڵان: لە ئێستادا سەربەخۆیی كوردستان گوڕ و تینێكی زیاتری وەرگرتووە

پڕۆفیسۆر جێفری ڤاندێنبێرگ  بەڕێوەبەری پڕۆگرامی دیراساتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ گوڵان:  لە ئێستادا سەربەخۆیی كوردستان گوڕ و تینێكی زیاتری وەرگرتووە
جێفری ڤاندێنبێرگ پڕۆفیسۆری زانستی سیاسییە لە زانكۆی دروری و بەڕێوەبەری پڕۆگرامی دیراساتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە لە هەمان زانكۆ. وانەبێژی چەند بوارێكی گرنگە، وەك پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان، سیاسەتی دەرەكی و سیاسەت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. دۆخی عێراق دوای رزگاركردنی شاری موسڵ و پرسی حوكمڕانی لەم وڵاتە و بابەتی سەربەخۆیی كوردستان و چەند پرس و بابەتێكی دیكە بوونە تەوەری دیمانەیەكی گوڵان لەگەڵیدا و ئەویش بەم شێوەیە وەڵامی پرسیارەكانی دایەوە.
* چۆن لە بارودۆخی عێراق لە دوای رزگاركردنی شاری موسڵ دەڕوانیت؟
- لە راستیدا هێشتا دۆخەكە پڕە لە تەحەددی، هەرچەندە هەندێ بەرەوپێشچوون لەلایەن حكومەتی عێراق و هێزە هاوپەیمانەكانەوە بەدی هێنراوە لە شەڕی دژ بە داعشدا لە موسڵ و شوێنەكانی دیكە، لەگەڵ ئەوەشدا، هێشتا وڵاتەكە لەبەردەم كێشەی سیاسیی گەورەدایە.


* راستە رزگاركردنی ئەم شارە سەركەوتنێكی گەورە بوو، بەڵام ئایا بەپەلەترین ئەولەوییەت چییە بۆ ئەوەی بایەخی پێبدرێت تاوەكو بتوانرێت ئاشتی و سەقامگیرییەكی درێژخایەنی تیا بەدی بهێنرێت؟
- لە راستیدا ئەمە پرسیارە سەرەكییەكەیە، من پێموایە ئەولەوییەتی سەرەكی پتر سیاسییە لەوەی سەربازی بێت، بۆ نموونە، چارسەركردنی هۆكارە ریشەییەكان، بە هۆكارە ئابووری و سیاسییەكانەوە، وەك چارەسەركردنی پرسی تایفەگەری و دروستكردنی سیستمێكی نیشتمانی. هەروەها كاركردن لەسەر چارەسەركردنی هەندێ كێشە لەگەڵ سوننەكان و گەڵاڵەكردنی ناسنامەیەكی نەتەوەیی لە نێوان شیعە و سوننە و كورد، تەحەددیەكی گەورەیە، دواتر تەحەددیی ئابووریش لە ئارادایە، گەندەڵی وەك كێشەیەك ماوەتەوەو درێژەی هەیە، لەگەڵ كێشەی دابەشكردنی داهاتی نەوت. لە هەمان كاتدا هێشتا كێشەی ئەمنی و سەربازی ماونەتەوە، وەك رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و. هتد. بەڵام لە هەموو ئەوانە قووڵتر پرسی پەرەپێدانی ئابووری و سیاسییە.



* كەواتە پێتوایە گەڕاندنەوەی سەقامگیری پرسێكی گرێدراوە بە چارەسەركردنی پرسی حوكمڕانییەوە؟
- بە دڵنیاییەوە ئەوە راستە، چونكە دروستكردنی سیستمێكی حوكمڕانی كە سەرجەم پێكهاتەكان بە شەرعی بزانن و پێیانوابێت نوێنەرایەتی بەرژەوەندییەكانیان دەكات، ئەولەویەتێكی سەرەكییە. چونكە هۆكاری ریشەیی نائارامی و تیرۆر، هەستكردنە بە نادادپەروەری و نەبوونی پەرەپێدانی ئابووری، كە ئەمانە دەبنەهۆی دروستكردنی دۆخێك كە تێیدا ناسەقامگیری بەردەوام دەبێت. كەواتە بێگومان چاكسازی سیاسی ئەولەویەتێكی سەرەكییە.
* بەڵام پێتوایە دەبێت سروشت و رواڵەتەكانی ئەو سیستمی حوكمڕانییە چۆن بن؟
- لە ئێستادا حكومەتێك هەیە لە عێراقدا كە زیاتر نوێنەرایەتی بەرژەوەندی پێكهاتەیەكی عێراق دەكات، ئەویش شیعەیە، كە دەستڕۆیشتووییەكی دەرەكی زۆریش هەیە لەلایەن ئێرانەوە بەسەر عێراقەوە. كەواتە هەروەك ئاماژەم پێكرد دروستكردنی سیستمێكی حوكمڕانی كە جێی باوەڕی سەرجەم پێكهاتەكان بێت و بە سیستمێكی شەرعی و نوێنەرایەتی بزانن، ئەولەوییەتێكی سەرەكییە. بەڵام شێوەی ئەو حوكمڕانییە چۆن بێت، ئەمە بۆ خۆی تەحەددییەكەیە. لە ئێستادا شێوازێك لە فیدڕاڵییەت پیادە دەكرێت كە حوكمڕانییەكی نامەركەزی هەیە و تێیدا بوار بە راددەیەك لە خۆبەڕێوەبەری بە پێكهاتەكان دەدات. كەواتە لێرەدا دەبێت هاوسەنگییەك هەبێت لە نێوان خوڵقاندنی بوارێك بۆ حوكمڕانی مەحەلی و خۆبەڕێوەبەری كە نوێنەرایەتی بەرژەوەندی پێكهاتەكان بكات، بە شیعە و سوننە و كوردەوە، لە هەمان كاتدا ناسنامەی نیشتمانیش بپارێزرێت، ئەگەرچی هێنانەدی ئەم هاوسەنگییە لە عێراقدا كارێكی قورسە. كەواتە دەبێت هەر چاكسازییەكی سیاسی ئەم پرسی هاوسەنگییە لەبەرچاو بگرێت، پێموایە دەبێت پێداچوونەوە بەو مۆدێلەی ئێستا بكرێت بۆ چارەسەركردنی ئەم پرسە.
* بەڵام ئایا ئێوە تا چ راددەیەك گەشبینن بەم چاكسازییە، چونكە ئاشكرایە ئەزموونەكانی ساڵانی رابردوو لە پەیوەندی بە دابەشكردنی دەسەڵات و داهاتەوە شكستیان هێناوە، لە ئێستاشدا ناكۆكییەكی گەورە لە نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراقدا هەیە، ئەم هەرێمەش بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی داوە؟
- باوەڕم وایە پرسی كورد و پرسی هەرێمی كوردستان ئەولەوییەتێكی سەرەكییە. ئاشكرایە كورد خوازیار و شایستەی راددەیەك لە خۆبەڕێوەبەری مەحەلییە، بەڵام جیابوونەوە و سەربەخۆیی دەرئەنجامگەلێكی ئیقلیمی پڕ لە تەحەددی لێدەكەوێتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت ئەوە بڵێین كە حكومەتی مەركەزی دادپەروەرانە نەبووە لە دابەشكردنی داهاتی نەوتدا كە هەرێمی كوردستان پێویستی پێی بووە، ئیدی بۆ پڕكردنەوەی خەرجییەكانی شەڕی داعش بێت، یان بۆ بواری پەرەپێدانی ئابووری بێت. كەواتە هەرێمی كوردستان نیگەرانییەكی رەوای هەیە كاتێك رایدەگەیەنێت كە ئەوەی بە حكومەتی عێراقی بەخشیوە، زیاترە لەوەی لێی وەرگرتووە. لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەر بتوانرێت هاوسەنگییەكی ئابووری گونجاو بەدی بهێنرێت، ئەوا هێشتا ئەو پرسیارە لە ئارادا دەمێنێت، ئایا ئەمە بەسە بۆ هێشتنەوەی رایەڵی پەیوەندی بە دەوڵەتی عێراقەوە. چونكە رەنگە بزووتنەوەی سەربەخۆیی هێندە بەهێز بێت كە تەنانەت دووبارە دابەشكردنەوەی داهاتیش گۆڕانكاری بەسەردا نەهێنێت، من وەڵامی ئەمە نازانم، بەڵام ئەمەش رێی تێدەچێت.
* ئێمە دەزانین پرسی پیادەكردنی مافی بڕیاردانی چارەنووس پرسێكی رەوایە كە ئێستا هەرێمی كوردستان پێداگیری لەسەر مومارەسەكردنی دەكات، بەڵام ئایا هەڵوێست و سیاسەتەكانی حكومەتی عێراقیش هۆكارێك نەبوون بۆ ئەوەی ئەم هەرێمە ئەم رێگەیە بگرێتەبەر؟
- پێموایە هەردوولایەنەكە لەخۆ دەگرێت، چونكە بیرۆكەی سەربەخۆیی بیرۆكەیەكی نوێ نییە، واتە ناسیۆنالیزم و ناسنامەی كوردی و خواستی كورد بۆ سەربەخۆیی، بۆ چەندین دەیە پێش ئێستا دەگەڕێتەوە، هەروەها بیركردنەوە لەوەی چۆن جیابوونەوە سەركەوتوو دەبێت، ئەمەش پرسێكی نوێ نییە. كەواتە بیرۆكە بنەڕەتییەكە تەواو گەشەی كردووە. بەڵام هەستی من ئەوەیە ئەو گوڕ و تینە پەرەسەندووەی لە ئێستادا هەیە بۆ سەربەخۆیی بەهۆی پرسی دابەشكردنی داهاتەوە – هەستكردن بە نادادپەروەری لە دابەشكردنی داهاتدا لەلایەن حكومەتی عێراقییەوە- زیاتر بووە، هەروەها بەهۆی رەوشە ئیقلیمییەكەوە، كە چەندین پرسی دیكە هەن دەبنە هۆی ئەوەی پێداگیری لەسەربەخۆیی بكرێت، وەك ئەو پەرەسەندنانەی لە حكومەتی توركیادا روویداوە، هەروەها بزووتنەوەی كورد لە سووریا، زیادبوونی ناسەقامگیری لە ناوچەكەدا و هەڵكشانی هێزی ئێران و دەستڕۆیشتویی ئێران بەسەر عێراقەوە، كەواتە هەموو ئەم فاكتەرانە گوڕ و تین بە پرسی سەربەخۆیی دەدەن. كەواتە بە كورتی بۆ كورد خواستی سەربەخۆیی، خواستێكی لە مێژینەیە و لە سایەی ئەو هەلومەرجەی لە ئێستادا لە ئارادایە توندوتر و بەهێزتر پێداگیری لەسەر دەكرێت.
* ئایا پێتوایە ئەمەریكا دەتوانێت رۆڵێكی بنیادنەر ببینێت لە عێراقدا، یاخود با بڵێین پێویستە ئیدارەی ترەمپ چۆن مامەڵە لەگەڵ پرسی عێراقدا بكات؟
- ئەمە پرسیارێكی باشە، پێموایە سەرەتا پێویستە بە لەبەرچاوگرتنی ئەو راستییە دەست پێبكات كە فرە بەرژەوەندی هەیە لە عێراقدا و ئەو هەل و مەرجە ئیقلیمییەی لە ئارادایە كاریگەری هەیە لە سەر دۆخی عێراق، واتە ناكرێت كار لەسەر پرس و كێشەكانی عێراق بكرێت بە بێ رەچاوكردنی دۆخە ئیقليمییەكە، چونكە بەیەكداچوون هەیە لە نێوان دۆخی عێراق و رەوشە ئیقلیمیەكەدا. كەواتە پێویستە پلانێكی گشتگیر هەبێت لەم رووەوە. بەڵام پێناچێت لە ئێستادا ئەمریكا ئەم پلانەی هەبێت، واتە دیار نییە ئایا پلانی ئەمریكا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست چییە و ئایا بەرژەوەندییەكانی چین لەم ناوچەیەدا. بەڵام ئەوەی پەیوەندی بە پرسیارەكەتانەوە هەبێت، ئەوا ئەمریكا دەتوانێت وەبەرهێنانی ئابووری زیاتر بكات لە عێراقدا بۆ ئەوەی هاوكار بێت لە گەشەپێدان و جۆراوجۆركردنی ئابووری عێراق، چونكە عێراق پتر پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت. ئەمریكا ناتوانێت بە تەنیا ئەم كارە بكات، بەڵام دەتوانێت سەركردایەتی هەوڵێكی بەرفراوانی نێودەوڵەتی بكات لەم رووەوە. هەروەها پێویستە ئیدارەی ترەمپ پرسی كاریگەری و دەستڕۆیشتوویی ئێران لە عێراقدا لەبەرچاو بگرێت. لە هەمان كاتدا دەبێت كار لەسەر ئەوە بكات لە عێراقدا سیستمێكی حوكمڕانی دابمەزرێت كە نوێنەرایەتی بەرژەوەندی سەرجەم پێكهاتەكان بكات و ئەو هەستە دروست نەبێت كە شیعە بە پشتیوانی ئێران بە تەواوەتی دەسەڵاتی پاوان كردووە، كە ئەمەش تەحەددییەكی گەورەی سیاسییە.
* باسی رۆڵی ئێرانت كرد لە عێراقدا، بەڵام ئایا ئەمریكا دەتوانێت چی بكات بۆ سنوورداركردن و ئیحتواكردنی رۆڵی ئێران لەو وڵاتەدا؟
- رەنگە گرتنەبەری هەڵوێستێكی سەرسەختانە لە ئاست ئێراندا دەرئەنجامی پێچەوانەی لێبكەوێتەوە، واتە كاركردن لەسەر باشتركردنی پێگەی حكومەتی عێراق بۆ ئەوەی بە چەشنێك بێت نوێنەرایەتی سەرجەم پێكهاتەكان بكات پلانێكی باشتر بێت لەوەی لە رێی بەكارهێنانی هێزی زبرەوە كار بۆ پاشەكشەپێكردنی ئێران بكرێت.
* ئایا پێتوایە ئێران بە شێوەیەكی سیستماتیكی و ستراتیژی كار بۆ هەڵتەكاندنی سیستمی دەوڵەت دەكات لە وڵاتانی ناوچەكەدا بۆ ئەوەی بوار و بۆشاییەكی بۆ دروست ببێت بۆ برەودان بە دەستڕۆیشتوویی و هەژمونگەرایی خۆی؟


- ئەمە بەندە بەوەی ئێمە لەبارەی چ وڵاتێكەوە قسە دەكەین. واتە بە دڵنیاییەوە لە هەندێ وڵاتدا ئەمە راستە، بەڵام لە وڵاتێكی وەك سووریا ئێران كار بۆ بەهێزكردنی رژێمی دەسەڵاتدار دەكات- بۆ ئەوەی ئەسەد لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە- نەك هەڵتەكاندنی سیستمی دەوڵەت لەو وڵاتەدا. ئەوەی پەیوەندی بە عێراقەوە هەبێت، ئێران خوازیاری لەبەریەك هەڵوەشانی عێراق نییە، بەڵام لە هەمان كاتدا ئێران عێراقێكی دەوێت كە شیعە باڵادەست بێت تێیدا، كە بتوانێت شەراكەتێكی بەهێزی لەگەڵدا بكات و دەستڕۆیشتوو بێت تێیدا. كەواتە باوەڕم وانییە ئێران بیەوێت حكومەتەكان بڕووخێنێت، بەڵكو خوازیاری هێشتنەوەیانە، بەڵام حكومەتێك بن كە هاوپەیمانەكانی تێیدا باڵادەست بن. ئەمە بۆ عێراق و سووریا و لوبنان –بەهۆی حزبوڵاوە- راستە. بەڵام رەنگە ئێران بیەوێت پایەكانی وڵاتێكی وەك بەحرەین و یەمەن لەق بكات، واتە مەسەلەكە بەندە بەوەی ئێمە باس لە چ وڵاتێك دەكەین.


* ئێوە ئاماژەتان بەوە كرد كە گرتنەبەری رێوشوێنی توند لەگەڵ ئێراندا لەلایەن ئەمریكاوە، دەرئەنجامی پێچەوانەوەی لێدەكەوێتەوە، بەڵام ئێمە دەبینین هەمیشە ترەمپ ئێران بە سەرچاوەی ناسەقامگیری ناو دەبات و بەم دواییەش كۆنگرێسی ئەمریكا سزای زیاتری بەسەر ئێراندا سەپاند، بە تێڕوانینی ئێوە باشترین رێگاچارەی ئیحتیواكردنی ئێران چییە؟
- ئەمە پرسیارێكی قورسە. كێشەكە لە گرتنەبەری سیاسەتێكی دەرەكی یەكڕەنگدایە، مەبەستم ئەوەیە ئیدارەی ئەمریكا پێیوایە لە هەموو روویەكەوە بەرژەوەندییەكانی لەگەڵ ئێراندا پێكناكۆكن و دەبێت لە هەموو لایەنەكانەوە ئێران ئیحتیوا بكرێت، ئەمە لە كاتێكدا دەكرێت لە هەندێ رووەوە یەكبگرنەوە، واتە دەكرێت ئەمریكا و هاوبەشەكانی لە ناوچەكەدا كار لەگەڵ ئێراندا بكەن لەو بوارانەی كە بەرژەوەندییەكانیان یەكدەگرێتەوە. بەڵام لە هەمان كاتدا ئەمریكا دەستڕۆیشتوویی خۆی بەكار بهێنێت بۆ بەرهەڵستیكردنی ئێران كاتێك كردەوەكانی ئێران زیان بە بەرژەوەندی و بەهاكانی ئەمریكا و بەرژەوەندیی هاوپەیمانەكانی دەگەیەنن. كەواتە ئەو سیاسەتەی لە واشنتۆندا هەیە كە لە هەموو روویەكەوە ئێران بە دوژمن سەیر دەكات، سیاسەتێكی ناواقیعییە و دەرئەنجامی پێچەوانەی لێدەكەوێتەوە. سووریا نموونەیەكە لەم رووەوە، واتە كاركردن بۆ گەیشتن بە چارەسەر لەو وڵاتەدا پێویستی بەوەیە پێگەی رووسیا و ئێران لەبەرچاو بگیرێت، من مەبەستم ئەوە نییە كە تەسلیمی ئیرادەی ئەوان بین، بەڵام دەبێت لە میانەی گەڕان بە دوای چارەسەردا دەسترۆیشتوویی ئەوان لەبەرچاو بگیرێت، چونكە كارێكی واقیعبینیانە نییە چاوەڕێ بكەین كۆتایی پێ بێت. هەمان شت بۆ عێراق راستە، واتە مومكین نییە سەرجەم كاریگەری و دەستڕۆیشتووییەكانی ئێران لەم وڵاتەدا بنبڕ بكرێن. كەواتە سیاسەتێكی واقیعبینانەتر ئەوەیە پێگەی كورد و سوننە بەهێزتر بكرێت بۆ ئەوەی سەرجەم پێكهاتەكان لە عێراقدا هەست بكەن پشكدارن لە سیستمەكەدا.
* دوایین پرسیارمان لەبارەی تەنگژەكەی وڵاتانی ناوچەكەی كەنداوە، ئایا هۆكار و دەرئەنجامەكانی ئەم قەیرانە چۆن دەبینیت؟

ئەوە پرسیارێكی باشە. بەڵام ئەگەر بە راشكاوی بدوێم ئەوا ناتوانم بە دڵنیاییەوە دەستنیشانی هۆكارەكانی بكەم، چونكە لەم رووەوە ناڕوونی و لێڵییەك هەیە، بەڵام هەندێ بیرۆكەم هەیە لەم رووەوە. ئەوەی دێتەبەرچاو ئەوەیە سعودیە و ئەو وڵاتانەی لەگەڵین، وەك ئیمارات، پەست و تووڕە بوون لە مومارەسەكردنی دەستڕۆیشتوویی لەلایەن قەتەر و لە پشتیوانیكردنی لە هەندێ كاراكتەر لە ناوچەكەدا، هەروەها لە پەخشی ئەلجەزیرە، بە هەمان شێوە بێزار بوون لەوەی قەتەر پەیوەندی ئاسایی لەگەڵ ئێراندا هەیە،– نەك مەسەلەكە ئەوەبێت بۆتە ئامرازی دەستی ئێران- ئەمەش پێچەوانەی بۆچوونی سعودیەیە كە پێیوایە ئێران ركاربەرێكی تەواوە و ناكرێت كاری لەگەڵدا بكرێت، هەروەها پرسی ئیخوان موسلمین هەیە كە سعودیە و میسر خوازیارن لە رووی سیاسییەوە تێكبشكێت، لە كاتێكدا قەتەر پشتیوانی دەكات. واتە ئەمە پەیوەندی بە ركابەری و ململانێی ئیقلیمی و پرسی پەیوەندییەكان لەگەڵ ئێراندا هەیە. ئەوەی پەیوەندی بە دەرئەنجامەكانیشەوە هەبێت، ئەوا پێموایە سعودیە زیاد لە توانای خۆی جموجووڵی كرد، چونكە پێیوابوو بە گرتنەبەری هەڵوێستێكی سەرسەختانە دژی وڵاتێكی بچووك ئەوا جیهان بە ئەمریكا و وڵاتانی ئەوروپاوە لە پشتی دەوەستن و قەتەر دەخەنەوە قاوغ و قاڵبەكەی خۆی، كە بە دڵنیاییەوە ئێستا ئەمە روو نادات و بگرە پێموایە دەرئەنجامی پێچەوانەی لێدەكەوێتەوە. چونكە باوەڕم وایە ئەمە پەرەسەندنێكی تەندروست نییە لە ناوچەیەكدا كە خۆی بە دەست لێكدابڕان و ركابەرییەوە دەناڵێنێت.
Top