د.حوسێن ئیسماعیل خانی دەلۆ : هەر كەسێك بە (بەڵێ) دەنگ بۆ سەربەخۆیی نەدات خۆی لە شەرەفی نیشتمانی دادەماڵێت

د.حوسێن ئیسماعیل خانی دەلۆ : هەر كەسێك بە (بەڵێ) دەنگ بۆ سەربەخۆیی نەدات خۆی لە شەرەفی نیشتمانی دادەماڵێت
فۆكۆیامای بیرمەندی ئەمریكی كە شارەزایەكی بواری سیۆسۆلۆژییە لە وتەیەكیدا دەڵێت: «هەر كەس و نەتەوەیەك نەتوانێت ئەزموون لە رابردووی خۆی وەربگرێت، نەیتوانیوە قەوارەیەكی نەتەوایەتی بۆ خۆی دروست بكات.» كورد بە درێژایی تەمەنی میرنشینە كوردییەكانی هەوڵ و تەقەلایەكی هەبووە بۆ ئەوەی دەوڵەتی نەتەوەیی دابمەزرێنێت. بەشێوەیەكی گشتی ئەگەر تەماشای مێژوو بكەین، دەبینین لە دوای شۆڕشی فەڕەنسا هەستی نەتەوایەتی لای نەتەوەكانی ئەوروپا سەری هەڵداوە، بەڵام لای ئێمە بۆ سەردەمێكی زۆر زووتر دەگەڕێتەوە. با سەیرێكی شیعرەكانی ئەحمەدی خانی بكەین لەداستانی مەم و زین كە پێش سەرهەڵدانی شۆڕشی فەڕەنسی بووە، هەستی نەتەوەیی بوونی هەیە، ئەمەش مانای ئەوەیە كورد بە درێژایی مێژوو هەستی نەتەوایەتی جووڵاوەو خەباتێكی بێوچانی كردووە لەپێناو گەیشتن بەم ئامانجە، بەڵام بەپێی تۆپۆگرافیای ناوچەكەو پێگەی ستراتیژیەتی نەتەوەی كورد، كە لە بەردەم دوو دەوڵەتی زلهێزی ناوچەكە بووین كە ئەوانیش هەردوو دەوڵەتی سەفەوی و عوسمانییەكان بووەو، بە بەردەوامی ئەم دوو زلهێزە هەوڵیانداوە كێشەكانی خۆیان لەسەر خاكی كوردستان یەكلایی بكەنەوەو شەڕێكی بەردەوام لەناوچە كوردییەكان هەبووەو خاكەكەیان سووتماك كردووەو خوێنی خەڵك بە ناهەق رژاوە. هەربۆیە كورد تەنیا لەماوەی ئەم 100 ساڵە هەوڵی نەداوە بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان، بەڵكو پێشتریش هەوڵ و تەقەلای داوەو خوێنی رشتووە بۆ ئەوەی لەژێر دەستەیی رزگاری بێت.
* بە درێژایی مێژوو دەوڵەتی كوردستان ئامانجی هەموو كوردستانییەك بووە، وەكو پسپۆڕێكی بواری مێژووی هاوچەرخ تا چەند ئەم پرسە بە جێگەی بایەخ دەزانن؟
- فۆكۆیامای بیرمەندی ئەمریكی كە شارەزایەكی بواری سیۆسۆلۆژییە لە وتەیەكیدا دەڵێت: «هەر كەس و نەتەوەیەك نەتوانێت ئەزموون لە رابردووی خۆی وەربگرێت، نەیتوانیوە قەوارەیەكی نەتەوایەتی بۆ خۆی دروست بكات.» كورد بە درێژایی تەمەنی میرنشینە كوردییەكانی هەوڵ و تەقەلایەكی هەبووە بۆ ئەوەی دەوڵەتی نەتەوەیی دابمەزرێنێت. بەشێوەیەكی گشتی ئەگەر تەماشای مێژوو بكەین، دەبینین لە دوای شۆڕشی فەڕەنسا هەستی نەتەوایەتی لای نەتەوەكانی ئەوروپا سەری هەڵداوە، بەڵام لای ئێمە بۆ سەردەمێكی زۆر زووتر دەگەڕێتەوە. با سەیرێكی شیعرەكانی ئەحمەدی خانی بكەین لەداستانی مەم و زین كە پێش سەرهەڵدانی شۆڕشی فەڕەنسی بووە، هەستی نەتەوەیی بوونی هەیە، ئەمەش مانای ئەوەیە كورد بە درێژایی مێژوو هەستی نەتەوایەتی جووڵاوەو خەباتێكی بێوچانی كردووە لەپێناو گەیشتن بەم ئامانجە، بەڵام بەپێی تۆپۆگرافیای ناوچەكەو پێگەی ستراتیژیەتی نەتەوەی كورد، كە لە بەردەم دوو دەوڵەتی زلهێزی ناوچەكە بووین كە ئەوانیش هەردوو دەوڵەتی سەفەوی و عوسمانییەكان بووەو، بە بەردەوامی ئەم دوو زلهێزە هەوڵیانداوە كێشەكانی خۆیان لەسەر خاكی كوردستان یەكلایی بكەنەوەو شەڕێكی بەردەوام لەناوچە كوردییەكان هەبووەو خاكەكەیان سووتماك كردووەو خوێنی خەڵك بە ناهەق رژاوە. هەربۆیە كورد تەنیا لەماوەی ئەم 100 ساڵە هەوڵی نەداوە بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان، بەڵكو پێشتریش هەوڵ و تەقەلای داوەو خوێنی رشتووە بۆ ئەوەی لەژێر دەستەیی رزگاری بێت.
* ئەو خەبات و شۆڕشە بەردەوامانە پەیوەندییەكیان لەنێواندا هەبووە، ئایا لە رووی فیكری و رۆحییەوە تاچەند لەهەموو سەردەمێكدا شۆڕشەكان تەواوكەری سەردەمەكەی پێش خۆی بووەو تاچەند بۆ درێژەپێدان بە خەبات و شۆڕش سوودیان لەمێژوو وەرگرتووە؟


- بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كوردستان لە سەردەم و قۆناغەكاندا جیاواز بوون، لەم سەردەمەی ئێستا كە سەردەمی تەكنەلۆژیاو زانیاری و گەیاندنە، رەنگە لەشێوەی خەبات و شۆڕش جیاوازییەكی گەورە لەنێوان ئێستاو سەردەمی شێخ عوبەیدوڵای نەهری و شێخ سەعیدی پیران و ئیبراهیم خانی دەلۆ و هەموو ئەو سەركردانەی تر هەبێت كە شۆڕشیان كردووە، بۆیە ئەو كات شۆڕشەكان ئەگەرچی هەڵگری بیری نەتەوایەتی بوون، بەڵام تا رادەیەك ناوچەیی بوون و بۆ دەربازبوون بووە لە ژێردەسەڵاتی داگیركەر و چەوسانەوە و زەبرو زەنگ، ئەو شۆڕشانە هاوئامانج بوون لە بیری نەتەوایەتی و كوردایەتی، بەڵام دەنگەكانیان وەكو پێویست نەگەیشتۆتە هەموو ناوچەكانی كوردستان، ئەمە درێژەی هەبووە تا سەرەتای سەدەی بیست كە ئاستی هۆشیاری و دەرفەتەكان زیاتر بوو، هەربۆیە شۆڕشی بارزان و دەركەوتنی مەلا مستەفا بارزانی وەكو رێبەرێكی گەورەی كورد و سەركردەكانی دیكەی وەك قازی محەمەد و شێخ مەحموود كاریگەری لە گۆڕانگارییەكی چۆنایەتی لە شۆڕش و خەباتەكان كردو قۆناغێكی نوێ دەستی پێكرد، تەنانەت لەساڵی 1920 دەردەكەوێت كە برایم خانی دەلۆ كە من نەوەی ئەوم، شۆڕشی كردووە و شاری كفری لەژێر دەستی ئینگلیزەكان رزگار كردووە، ئەو كاتە داوای مافی گەلی كوردی كردووەو حكومەتێكی كاتی دامەزراندووەو، لەگەڵ ئینگلیزەكان دانوستاندنی كردووە بۆ ئەوەی شێخ مەحمود لە مەنفاوە بگەڕێننەوە. بەڵگەنامەیەكیش هەیە كە ناوی برایم خانی لەگەڵ ژمارەیەك لە كەسایەتی و سەرۆك هۆزو پیاوماقووڵانی تێدایە كە داوای دامەزراندنی دەوڵەتی كوردییان كردووە، لەو بەڵگەنامەیە لە راستیدا 62 كەسن داوای دروستبوونی دەوڵەتی كوردیان لە ئینگلیزەكان كردووە، بەداخەوە تەنیا 57 ناویان تۆمار كراوە. بەمشێوەیە سەردەمی میرنشینەكان قۆناغێكە لە مێژووی كورد تا دوا میرنشینی كورد كە میرنشینی بابان بوو لە ساڵی 1851، دوای ئەم سەردەمە سەردەمی خەباتی كورد بووە خەباتێكی دیكە وەكو شۆڕشەكانی شێخ عوبەیدوڵای نەهری و شێخ سەعیدی پیران و شێخ مەحمودی حەفید و شۆڕشەكانی شێخ ئەحمەدی بارزان و شۆڕشەكانی ناوچەی بارزان و شۆڕشی برایم خان و شۆڕشی حاجۆلە لە سووریا ئەمانە هەمووی بوونە بنەما بۆ داكۆكیكردن لەمافی نەتەوەیی كورد، ئەم شۆڕش و راپەڕینانە بەردەوام بوو تا گەیشتە دەركەوتنی كەسایەتیەكی كاریزماو رابەری گەورەی وەكو مەلا مستەفا بارزانی كە نەك تەنیا لە باشووری كوردستان بەڵكو لە هەرچوارپارچەی كوردستان توانی بیری نەتەوایەتی زیندوو بكاتەوەو خەبات و بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی كورد لەپێناو مافی چارەی خۆنووسین بگەشێنێتەوە.
* رۆژی 25ی ئەیلوول دیاریكراوە بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم، ئایا رۆژی دەنگدان بۆ سەربەخۆیی كوردستان دەبێتە چ رۆژێكی پرشنگدار لەمێژووی نەتەوەكەماندا؟


- هەموو كوردێك ئەوە دەخوازێت پێش ئەوەی بمرێت دەوڵەتی نەتەوەیی خۆی واتە دەوڵەتی كوردستان ببینێت؛ ئەم حەزو ئاواتەش هەروا لەخۆڕا نەهاتووە، پەیوەندی بەو هەموو ئازارو مەینەتی و كۆمەڵكوژی و چەوسانەوەوە هەیە كە لەمێژووی هاوچەرخدا كوردستانییان بەدەست داگیركارانی كوردستانەوە بینیویانە، هەربۆیە ئەم دەرفەتەی ئێستا بۆ دەنگدان بە بەڵێ بۆ سەربەخۆیی، رۆحی ئەو شەهیدو قوربانییانە زیندوو دەكاتەوەو هەموومان لەو رۆژەدا دەبینە پێشمەرگەو پاداشتی شەهیدو قوربانیەكانمان دەدەینەوە. ریفراندۆم تایبەت نییە بە ئایین و نەتەوەو حزب و ئایدیۆلۆژیایەك، ئەمە بۆ رابردوو ئێستا و داهاتوومانە و بەرهەمی خوێنی شەهیدو قوربانییەكانمانە و نابێت رێگا بدەین هیچ كەسێك ناپاكی تێدا بكات. بەرێز جەنابی مسعود بارزانی تەنیا ئەو ئەمانەتە مێژووییە جێبەجێ دەكات كە لەو هەموو سەركردەو خەباتگێڕانەوە بۆمان ماوەتەوە، ریفراندۆم بۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان نییە و تەنیا خزمەت بەهیچ سەرۆك و حزبێك ناكات، بەڵكو لە چوارچێوەی هەموو نەتەوەكانی كوردستانەوە خزمەت بەخەڵكی كوردستان دەكات، بەمشێوەیە ریفراندۆم زامنكردنی ئایندەی گەلی كوردستانە لەچوارچێوەی دروستبوونی دەوڵەتێكی سەربەخۆدا، تەنانەت دەبینە تروسكایی و رۆشناییەك بۆ پارچەكانی تری كوردستانیش. ئێستا بەراورد بە مێژووی كۆن و نزیك، پرسی كوردو بەخاوەن دەوڵەتبوونیش لەبەردەم زلهێزەكانی دنیا بۆتە پرسێكی گرنگ و ستراتیژی و بەبەردەوام گفتوگۆی لەسەر دەكرێت، ئەوەتا ئەمریكاو ئەوروپاو وڵاتانی دیكەش گەیشتوونەتە ئەو قەناعەتەی كە دەبێت سنووری دەوڵەتەكان دەستكاری بكرێتەوە بۆ ئەوەی جارێكی تر كۆمەڵكوژی روونەدات و شەڕو ئاژاوەو پشێوی نەخوڵقێتەوەو داعشێكی دیكە دروست نەبێتەوە. ئێمە هەموو رێگاكانمان دەچنەوە سەر ریفراندۆم و سەربەخۆیی، دەردی دەرمانی ئێمە تەنیا بە دەوڵەتێكی نەتەوەیی سارێژ دەبێت.


* ئایا تاچەند یەكڕیزی و یەكهەڵوێستی بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجە پیرۆزەی نەتەوەكەمان پێویستە؛ بەتایبەتی كە ئێستا كەسانێك بە بیانوو، یان پاساوی جیاجیا دژایەتی ریفراندۆم دەكەن؟
- مشتومڕی حزبایەتی و ناكۆكیی سیاسی لەسەرووی ریفراندۆم و سەربەخۆییدا نییە، 26 ساڵە كوردستان ئازادە، بەڵام هەر لكاوە بەعێراقەوە. بە مانەوەمان بەم شێوەیە ئەگەری دژایەتی و گەمارۆ و زیانگەیاندنمان هەر دەمێنێت، تا بازنەیەك و سنوورێك بۆ دەوڵەتی خۆمان دیاری نەكەین، بە بەردەوامی دەكەوینە بەردەم هەڕەشە، كێشەو گرفتی ناوخۆ چارەسەر دەكرێت بەڵام كۆمەڵكوژی و كوشتن و دەربەدەری و لەناوچوونی نەتەوەیەك چارەسەر ناكرێت، دوژمنانی كورد باش دەزانن ناكۆكی و ناتەبایی كاریگەریی زۆری لەسەر دۆخەكە هەیە و تەنیا خزمەت بەداگیركارانی كوردستان دەگەیەنێت ئومێد دەكەم هەرچۆن جەنابی بارزانی بەهەستێكی بەرزی نەتەوایەتی توانی پێشمەرگە رێكبخاتەوەو پارێزگاری لە كوردستان بكات، هەرواش ناوماڵی كوردستان رێكبخاتەوەو ئیجماعێكی نیشتمانی و نەتەوەیی بۆ ریفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستان دروست بكات و هیچ حزب و لایەنێكی سیاسی لە دەرەوەی ئەم پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییە نەمێنێتەوە، بەپێچەوانەوە مانەوەی هەر حزب و لایەنێكی سیاسی لە دەرەوەی ریفراندۆم گومان لەسەر كوردستانیبوونی ئەو حزب و لایەنە سیاسییە دروست دەكات كە خۆی دەخزێنێتە باوەشی بەرژەوەندییەكانی داگیركارانی كوردستانەوە، سەربەخۆیی و دەوڵەتبوون تایبەتە بەو پرەنسیپ و ئایدیۆلۆژیاو هەڵوێستانەی كە خۆیان خەباتیان لەپێناودا كردووە. هەموو شارو ناوچەو دەڤەرێكی ئەم كوردستانە مێژوویەكی دێرینی لە خەبات و شۆڕش و راپەڕین و قوربانیدان لەپێناو سەربەخۆیی هەیە، شاری سلێمانی و دەڤەرەكانی پشدەرو هەڵەبجەو گەرمیان لانكەی كوردایەتی و شۆڕش و قوربانیدان بوون، بۆیە كەسانێك كە دژی ریفراندۆم و سەربەخۆیی بن، یان دەبێت مێژوویان نەخوێندۆتەوە، یا خۆیان لەو میژووە پڕ سەروەیە گێل دەكەن. نازانم چۆن لە روویان دێت بە پاساو و بیانووی جۆراوجۆرەوە دژی ریفراندۆم رادەوەستن، یا قسەو هەڕەشەكانی دوژمنانی گەلەكەمان دەگوازنەزە، ئەوانە گوزارشت لەبۆچوون و هەڵوێستی جوامێرانەی ئەو دەڤەرو شارانە ناكەن، تەنانەت لەناو حزب و لایەنی سیاسی هەیە من لەكفری قسەم لەگەڵ كردوون لەدژی ئەو لایەنەش دەوەستنەوە كە لەناویدا ئەندامن، یاخود كادیرن كە دژی سەربەخۆیی راوەستاوە. دژایەتی ریفراندۆم ریسوابوونە بەرامبەر میللەتەكەی خۆیان، باپیرە گەورەو باپیرەم و باوكم بەئاواتەوە بوون دەوڵەتی كوردی ببینن، بەڵام نەیانبینی، ئێستا من لە ریفراندۆمدا ئەو شەرەفەم پێ دەدرێت بە دەنگی خۆم ئەو ئاواتەیان بۆ بهێنمەدی. هەركەسێك بەڵێ نەدات خۆی لەو شەرەفە دادەماڵێت.


* هەندێك كەس باس لەوە دەكات رەنگە لەدوای ریفراندۆم دۆخەكە پشێوێت و حەشدی شەعبی و نەیارانی كورد سنوورەكان دابخەن و زیان بەگەلی كوردستان بگەیەنن، ئایا ئەمە تاچەند ئەگەری روودانی هەیە؟
- من پێم سەیرە بۆ بەدەستهێنانی مافی گەلی كوردستان لەهەڕەشەو پێشبینییەكان بترسین، لەكاتێكدا باوك و پاپیرانمان قوربانییان داوە، كەچی ئێمە دابەزینە خوارەوە لە گەمارۆ و برسێتی بترسین، خۆ ئێستا عێراق و وڵاتانی دەوروبەریش گەمارۆ و شەڕی ئابوورییان دەرهەق بە ئێمە جێبەجێ كردووە و هیچیشمان لێنەهاتووە، ئێمە خاوەنی پێشمەرگەو سەركردەیەكی وەكو مسعود بارزانی بین و ئەو هەموو دۆست و هاوپەیمانێتییەمان هەبێت، بۆ بترسین؟ ئەوەی دژی ریفراندۆمە دژی نەتەوەی خۆیەتی، دژی باوك و پاپیران و رابردووی خۆیەتی، تێڕوانینی جیاواز و كۆنەقین و ئایدیۆلۆژیا، نابێت رێگر بێت لەبەردەم پاڵپشتیكردنی سەربەخۆیی بۆ كوردستان و دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان.



* ئەو عێراقەی كە باستانكرد كورد لەمەینەتی و ژینۆساید زیاتر هیچی دیكەی لێ دەست نەكەوتووە، زامن چییە كە لە رێگەی حەشدی شەعبی و گرووپی چەكداریی بەكرێگیراو هێرش نەكاتە سەرمان؟
- سەردەمەكە گۆڕاوەو كوردیش خاوەنی هێزی پێشمەرگەیەو بەراورد بە شۆڕشەكانی پێشوو هەنگاوی گەورەمان ناوە، هەستی نەتەوایەتی بەرزەو زمان و كەلتوورمان جیاوازە. هێزی سەربازیی خۆمان هەیە و ئابووری و واقعێكی تایبەت بەخۆمان دروست بووە، بووینەتە دەوڵەتێكی دیفاكتۆ و جیهان مامەڵە لەگەڵ سەرۆكەكەمان وەكو سەرۆك وڵات دەكات و بەرژەوەندییەكانی جیهان لێرەیە و رێز لەپێكهاتەی نەتەوەو ئایینزاكان دەگیرێت، ئەمانە هەمووی دەستكەوتەو بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر هێرش و ستەمێك كاریگەری خۆی هەیە، رەنگە شەڕو برسێتیمان تووش بێت و سیخوڕی و خەڵك و لایەنی سیاسیی بەكرێگیراومان تێدا دروست بكەن، بەڵام كاروانی خەبات و سەربەخۆیی راناوەستێت، ئەوەتا هەوڵ دەدرێت لە زهنیەتی تاكی كوردی وانیشان بدەن كە كەسمان لەگەڵدا نییە، بگرە بە ئاشكراو نهێنی كۆبوونەوەی لابەلا دروست بووە. ریفراندۆم خەونی مێژینەی باوك و باپیرانمانەو بەو ئاواتەوە ژیاون و خوێنێكی زۆرمان لەپێناودا رشتووەو جگە لەتاڵانی و دەركردن، تەرحیل و كۆمەڵكوژ كراوین، هەربۆیە دەبێت هەموومان لەو رۆژەدا وەك ئەمەك و وەفادارییەك بۆ شەهیدان و قوربانیەكانی رابردوو دواڕۆژێكی پرشنگداری داهاتوو بۆ منداڵەكانمان دروست بكەین و بە بەڵێ دەنگ بۆ كوردستان بدەین و حزبایەتی و ناكۆكی و ناتەبایی بەلاوە بنێین و رووبەڕووی هەڕەشەو نەیارانی كورد ببینەوە، لەدەستدانی ئەم دەرفەتە لەدەستدانی هەموو خەبات و شۆڕشی رزگاریخوازیی گەلی كوردە.
Top