مونا نەبی قەهوەچی سەرۆكی فراكسیۆنی چاكسازیی توركمان: ریفراندۆم و سەربەخۆیی زامنی چارەنووسی نەوەكانی ئایندەمانن

مونا نەبی قەهوەچی سەرۆكی فراكسیۆنی چاكسازیی توركمان:  ریفراندۆم و سەربەخۆیی  زامنی چارەنووسی نەوەكانی ئایندەمانن
سەبارەت بە پرۆسەی ریفراندۆم و گرنگییەكەی بۆ پێكهاتەی توركمان و چەند پرسێكی دیكەی ناوخۆیی چەند پرسیارێكمان ئاراستەی مونا قەهوەچی جێگری سەرۆكی پارتی چاكسازیی توركمان و سەرۆكی فراكسیۆنی چاكسازیی توركمان لە پەرلەمانی كوردستان كرد، لێرەدا پوختەی قسەكانی بڵاودەكەینەوە.
بە شاندی ئێرانم وت یەك مەترسیی سەربەخۆیی كوردستانم پێ بڵێن تاوەكو منیش دژایەتی بكەم


* ئێوە وەكو پارتی چاكسازیی توركمانی تاچ رادەیەك گوزارشت لە پێكهاتەی توركمانی دەكەن و ئامانج لە دروستبوونی حزبەكەتان چی بووە؟
- ئێمەی توركمان دەمانەوێت لە رێگەی پارتی چاكسازیی توركمانەوە نەك تەنیا خزمەت بە نەتەوەی توركمان بكەین، بەڵكو خزمەت بە هەموو پێكهاتەی نەتەوەیی و ئایینییەكانی ناو هەرێمی كوردستان بكەین، هەربۆیە ئێمە كاردەكەین بۆ بەهێزكردن و پتەوكردنی پێكەوەژیان لە نێوان تەواوی پێكهاتەكانی كوردستان. ئێمە لە رێی ئەم حزبەوە ویستمان درێژە بە پەیوەندی و گفتوگۆ بدەین لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستاندا. چونكە ئێمە ئەو راستییەمان لەبەرچاوە كە هەر لەسەرەتاوە سەرۆك مسعود بارزانی پێداگری لە مافی توركمان كردووەو لە كاتی نووسینەوەی دەستووری عێراقیشدا جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە دەبێت لە عێراقدا توركمان وەكو پێكهاتەی سێیەم و لە كوردستانیشدا وەكو پێكهاتەی دووەم دابنرێت، تاكو ئێستاش ئێمە وەكو پێكهاتەی توركمان هیچ مامەڵەیەكی جیاوازمان نەبینیوە. ئێمە لە دوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەشداریمان كردووە، لە 2009 دا بەڕێز عەبدولقادر بازرگان سەرۆكی پارتەكەمان بوو و بووە ئەندام پەرلەمان و خاوەنی یەك كورسی بووین و لە 2013 بووینە خاوەنی دوو كورسی، دوای ئەوەی هاوپەیمانێتییەكمان لەگەڵ بەڕێز جەودەت نەجاڕ پێكهێناو لیستی پێشكەوتنی توركمانمان دامەزراند. لەلایەكی ترەوە پارتی چاكسازیی توركمان لەناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بەتایبەتی لە كەركووك و دیالەو خانەقین و بەلەدرۆز ئەندام و كادیرمان هەیە.


* وەكو پێكهاتەی توركمان كە لە ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆمدا ئەندامن و لە ئیجماعێكی نیشتمانیدا و لەلایەن سەرۆكی هەرێمەوە بڕیار درا لە 25ی ئەیلوولی ئەمساڵ ریفراندۆم ئەنجام بدرێت، خوێندنەوە و بۆچونی ئێوە لەم بارەیەوە چییە؟
- ئەنجامدانی ریفراندۆم و پرسی سەربەخۆیی پەیوەستە بە سەرجەم پێكهاتەكانی گەلی كوردستانەوە، ریفراندۆم پرسێك نییە تایبەت بێت بە حزب و لایەنێكی سیاسییەوە. راستە كێشەی ناوخۆیی هەیە لە نێوان پارتە سیاسییەكان، بەڵام ئەو كێشانە نابنە ئاستەنگ و رێگر لەبەردەم ئەنجامدانی ریفراندۆم و راگەیاندنی سەربەخۆیی، لەگەڵ ئەوەشدا ئەم پرسە پێویستی بە یەكڕیزی و یەكهەڵوێستی زیاتر هەیە. دواتر ئەگەر پرسیار بكرێت، بۆچی ئێمە بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆممان داوە، ئەوا ئاشكرایە كە لە ساڵی 2014دا حكومەتی عێراق بە بڕیارێكی تاكڕەوانە و دیكتاتۆرییانە هەڵسا بە بڕینی قوتی خەڵكی كوردستان، لە هەمو وڵاتێكدا جیاوازی بیروبۆچوونی سیاسی هەر هەبووە، بەڵام نەكراوە و نابێت قوتی خەڵك بكرێتە ئامراز و كارتی فشار، بڕینی قوتی خەڵكی كوردستانیش پەیامێك بوو بۆ ئێمە و پێیان راگەیاندین كە ئێوە بەشێك نین لە عێراق، واتە ئەوان ئەوەیان قبووڵ نەبووە ئێمە بەشێك بین لە وڵاتەكە. تەنانەت دوای ئەوەی چەندین جار شاندەكانمان لە كوردستانەوە سەردانی بەغدایان كرد، بۆ گەیشتن بە رێككەوتن، ئەوان سەرەتا رازی دەبوون، بەڵام دواتر خۆیان لە جێبەجێكردنی دەدزییەوە. ئەوە بوو لە كۆبونەوەی فراكسیۆنەكان لەگەڵ جەنابی سەرۆكدا، رامانگەیاند كە ئەگەر ئێمە كەمتەرخەمین، ئەوا با دەستپێشخەری بكەین، ئەگەر ئەوانیش پاشگەز بوونەوەتەوە لەو پێگەیەی كوردستان بەدەستی هێناوە و دەستوور پێشێل دەكەن، ئەوا ناكرێت ئێمە ئەمە قبووڵ بكەین. مەبەستم ئەوەیە عێراق خۆی دەستوورەكەی پێشێل كردووە و پێی پابەند نەبووە، نموونەش ماددەی 140ـە. دواتر عێراق وڵاتێكە سەروەریی نەماوە، پشێوی باڵی كێشاوە بەسەریدا، كێشە لە نێو خودی سوننەكان و خودی شیعەكاندا هەیە، لە نێوان شیعە و سوننەدا كێشەی زۆر زیاتر هەیە، سیاسەتی تایفەگەری پیادە دەكرێت و رێز لە پێكەوەژیان ناگیرێت. هەروەها ئێمە دەزانین كاتێك سوپای عێراق نەیتوانی ئەو ناوچانە بپارێزێت كە داعش پەلاماریدان، ئەوا پێشمەرگە دەستی دایە بەرگری و بگرە ئەو ناوچانەشی رزگار كردەوە كە ناوچەی پێكهاتە جیاوازەكان بوون، بە توركمان و ئاشووری و كلدان و ئێزیدی و پێكهاتەكانی دیكەوە، بەڵام لەو كاتەشدا حكومەتی عێراق ئامادە نەبوو هاوكاری پێشمەرگە بكات، لە كاتێكدا بودجەیەكی گەورەی بۆ هێزەكانی حەشدی شەعبی تەرخان كرد. كەواتە ئەنجامدانی ریفراندۆم بۆ ئامانجێكە و پێویستە ببێتە هۆی هێنانەئارای سەقامگیری، واتە بۆ پاراستنمانە لە شەڕ و لە بڕینی قوتی خەڵك و لە داخستنی سنوورەكان. ئەوەی پەیوەندی بە ئێمەشەوە هەبێت، ئەوا ئێمە ئەندامی ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆمین. دواتر ئێمە دەزانین ریفراندۆم بە رەزامەندی 17 لایەنی سیاسی بڕیاری لەسەر دراوەو بڕیارەكەش لەسەر بنەمای رێزگرتن بوو لە بۆچونی لایەنە سیاسییەكان و لە خواستی خەڵكی كوردستان، چونكە ئێستا هەر هاووڵاتییەكی ئاسایی داوای ریفراندۆم و سەربەخۆیی دەكات.


* هەندێ لە وڵاتان نیگەرانییان دەربڕیوە لەبارەی ئەنجامدانی ریفراندۆمەوە، وەڵامی ئێوە لەم رووەوە چییە؟
- كاتێك وڵاتانی دراوسێ نیگەرانی دەردەبڕن بەوەی ئەنجامدانی ریفراندۆم دەبێتە هۆی لێكترازان و دابڕان لە عێراق، ئەوا وەڵامی ئێمە ئەوەیە كە دوای سەربەخۆیی یەكەم وڵات عێراق دەبێت كە گفتوگۆی لەگەڵدا ئەنجام دەدەین بۆ ئەوەی ببینە دراوسێیەكی باش لەگەڵ یەكتری. یاخود هەندێ جار دەوترێت ئێستا ساتەوەختێكی گونجاو نییە بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم، هەروەك لە سەردانێكماندا بۆ كونسوڵگەریی ئەمریكا لە هەولێر پێیان راگەیاندین، وەڵامی ئێمەش ئەوەیە ئەدی كەی كاتیەتی؟ فەرموون كاتەكەمان بۆ دیاری بكەن، ئایا تا ساڵی 2050 رابوەستین؟ ئێمە 100 ساڵە دوای رێككەوتننامەی سایكس پیكۆ چاوەڕوانین، ناتوانین 100 ساڵی دیكەش چاوەڕوان بین هەر بە بیانووی ئەوەی كاتی ریفراندۆم نییە، باجەكە و قوربانییەكەشی هەر خەڵكی كوردستان بیدات. خۆ ئەگەر مەسەلەكە دواخستنی ریفراندۆمە بۆ ماوەی چەند مانگێك، بۆ نموونە تا هەڵبژاردنی عێراق دەكرێت، ئەوا كێشەمان لەگەڵ ئەوەدا نییە، بەڵام دواخستنی بۆ ماوەیەكی نادیار قابیلی قبووڵ نییە. دواتر ئێمە ریفراندۆم بۆ ئەوە ئەنجام دەدەین كە خواستی خەڵكی خۆمان بزانین، ئایا دەیانەوێت ببنەوە بەشێك لە عێراق، یان جیاببنەوە، ئەوەش مافێكی رەوای خۆمانە و مەترسیی بۆ سەر هیچ لایەك نییە، هەروەها راستەوخۆ دوای ریفراندۆم سەربەخۆیی راناگەیەندرێت. بەم دواییە شاندێكی باڵای ئێران سەردانیان كردین و پێیان راگەیاندین كە بۆچی ئێوە وەك حزبەكەتان و شەخسی خۆت زۆر پێداگیری لەسەر ریفراندۆم دەكەن، منیش پێم راگەیاندن كە ئەو مەترسییەم پێ بڵێن كە ریفراندۆم لەسەر ئێران دروستی دەكات، منیش بەڵێنتان پێ دەدەم كە ببمە بەربەست و رێگر لەبەردەمی، هەروەها باسم لەوەكرد كە ئەگەر ئێوە لە بنەماكانی ریفراندۆم و لە ئامانجەكانی ورد ببنەوە، ئەوا هاوكارمان دەبن و پشتیوانیمان لێدەكەن. ئێستاش ئیمە چیتر تەحەمولی ئەو دۆخە ناكەین و لە راستیدا دەبوو لە ساڵی 2003دا سەربەخۆییمان رابگەیاندایە، نەك بەشداریمان لە حكومەتی عێراقدا بكردایە، بەڵام ئێمە دەرفەتێكمان دا بە عێراق، كەچی دەبینین دەرئەنجامەكەی چی بوو، دەبینین رێككەوتن دەكرێت ئەوان پێوەی پابەند نابن و جێبەجێی ناكەن. كەواتە خەڵكی كوردستان متمانەی بە حكومەتی عێراقی نەماوە. پشتیوانی ئێمەش بۆ ریفراندۆم لەوەوە سەرچاوە دەگرێت كە نەتوانراوە ئاسایش و ئارامی بۆ پێكهاتەكانی عێراق لەلایەن حكومەتی عێراقەوە دەستەبەر بكرێت، ئێمە زانیمان چ چارەنووسێك بەسەر مەسیحییەكانی دەشتی نەینەوادا هات، هەروەك لەو ماوەیەدا 200 خێزانی توركمانی بە كوشت دران، كەس نەبوو، بە توركیاشەوە، لەسەریان هەڵبداتێ، تەنیا سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێداگری لەسەر مافەكانی ئێمە كرد.


* كەواتە پێتوایە تا چەند بوونی یەكڕیزی نێوان لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بۆ سەركەوتنی ئەم پرۆسە نیشتمانییە گرنگە؟
- لە راستیدا ئێمە پرسیارمان لە جەنابی سەرۆكی هەرێم كرد، ئایا ئەگەر لایەنێكی سیاسی نەیەتە نێو ئەم پرۆسەیەوە، لێكترازان روونادات؟ وەڵامی بەڕێزیان ئەوە بوو كە ئێمە هەوڵ دەدەین سەرجەم لایەنەكان بەشدار بن، بەڵام ئەگەر لایەنێك بەشدار نەبوو، ئەوا ئێمە ناتوانین پرۆسەكە رابگرین، چونكە پرۆسەكە گەورەترە لە سەرۆكایەتی هەرێم و سەرۆكایەتی حكومەت و پەرلەمان و تەنانەت لە خواستی پارتە سیاسییەكانیش. ئێمەش وەك پێكهاتەكان هاوڕاین لەسەر ئەوەی ئەمە پرسێكی نیشتیمانییە و تەنانەت لە كۆبوونەوەماندا لەگەڵ جەنابی سەرۆك وەك پێكهاتەكان رامانگەیاند كە ئەگەر ئێوەش پاشگەز دەبنەوە، ئەوا ئێمە پاشەكشە ناكەین، چونكە ئێستا ئێمە نازانین چارەنووسمان چی دەبێت. واتە راستە ئێستا ئارامی و ئاسایش هەیە، بەڵام دەبێت لە ئێستاوە كار لەسەر زامنكردنی ئایندەی نەوەكانمان بكەین، ئەگەرنا كێشەمان بۆ دروست دەبێت.

* پارتەكەتان لەو نوێنەرایەتییەی كۆمیتەی ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم بەشدارن و لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەشداری كۆبوونەوەكانی برۆكسلی ئەوروپاشتان كرد، ئایا جگە لە پرسی ریفراندۆم هیچ ئامانجی دیكەتان هەبوو؟
- لە راستیدا لەلایەن سەرۆكایەتی هەرێمەوە پێوەری بەشداریكردن دیاریكرا كە بریتی بوو لەوەی ئەو حزبانەی لە پەرلەمان و حكومەتدا بەشدارن، نوێنەریان هەبێت لە كۆمیتەی باڵای ریفراندۆم، حزبەكەی ئێمە، پارتی چاكسازیی توركمان، هەروەها پارتی گەشەپێدانی توركمان بەشدارن لە پەرلەمان كوردستان، هەروەها لیستی هەولێری توركمانی و بەرەی توركمانیش هەن، بەرەی توركمانی رایگەیاندووە لەم كات و ساتەدا لەگەڵ ریفراندۆم نین، ئێمە رێز لە بۆچوونیان دەگرین، بەڵام ئەوان نوێنەرایەتی سەرجەم توركمان ناكەن. ئەوەتا ئێمە بەشدارین لە ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم و ئامانجمان گەڕانەوەی ناوچە كوردستانییەكانە بۆ سەر هەرێمی كوردستان، سەردانی سەرۆكی هەرێمیش بۆ برۆكسل لە ئاستێكی باڵادا بوو، دەرئەنجامی ئیجابیشی هەبوو. ئێمە لە هەفتەی داهاتوو كۆبوونەوەكانمان دەست پێدەكەین و هیوادارین گۆڕان و كۆمەڵیش بەشدار بن، چونكە ئەوانیش لەبەرنامەو دروشمی خۆیاندا بانگەشەی ریفراندۆم و سەربەخۆیی دەكەن، ئێستاش كاتی ریفراندۆم و سەربەخۆییە. لە كۆبوونەوەی هەفتەی داهاتووشدا لیژنە فەرعییەكان دروست دەكرێن، كە لیژنەی راگەیاندن و لیژنەی دیپلۆماسی و سیاسی دەبن. لیژنەی راگەیاندن كاری ئەوە دەبێت گوتاری راگەیاندن لەبارەی ریفراندۆمەوە یەكبخات و هەر كەناڵێكیش پێشێلێكاری بكات داوای داخستنی دەكەین.

* چارەنووسی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بۆ توركمان گرنگی خۆی هەیە؛ ئایا ریفراندۆم لەو ناوچانەدا چۆن بەڕێوەدەچێت و گرنگی ریفراندۆم بۆ یەكلاكردنەوەی ئەو ناوچانە چی دەبێت؟
- ئێمە لە پارتی چاكسازیی توركمان پێمان گرنگە دوو ریفراندۆم لە ناوچەكانی وەك كەركووك و خانەقین و تەلەعفەر و بەلەد روز ئەنجام بدرێت، یەكێكیان بۆ گەڕاندنەوەی ئەو ناوچانە بۆ سەر كوردستان، ریفراندۆمێكیش لەبارەی سەربەخۆییەوە، ئێمە هەڵوێستی د. نەجمەدین كەریم بە هەڵوێستێكی بوێرانە و نیشتمانییانە دەزانین كە ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ ئەوەی ریفراندۆم لە كەركووك بكرێت، ئێمەش نوێنەرمان هەیە لە كەركووك كە بەڕێز عرفان كەركوكلییە و دەتوانم بڵێم زۆربەی توركمانەكانی كەركووك لەگەڵ ئەنجامدانی ریفراندۆمن. تەنانەت پارتەكەمان لە24ی مانگی ئایاری 2017 لەسەر ئاستی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوە بە بەشداری 355 ئەندام كۆنگرەیەكی فراوانمان ئەنجام دا كە 250 ئەندامی نوێنەری خەڵكی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بوون، ئافرەتێكی ئەندامی كۆنگرەكەشمان كە لە بەلەد روز هاتبوو، كاتێك رۆیشتەوە شەهیدیان كرد، تەنیا لەبەر ئەوەی پاڵپشتی لە پارتەكەمان و ریفراندۆم دەكرد.
Top