جۆزێف ئۆلمەرت تایبەتمەندی كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ گوڵان: ئومێدو چاوەڕوانیی من لە ریفراندۆم راگەیاندنی دەوڵەتی كوردستانی سەربەخۆیە
August 1, 2017
دیمانەی تایبەت
جۆزێف ئۆلمەرت، خاوەنی بڕوانامەی دكتۆرایە لە بواری مێژووی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە ئێستادا پڕۆفیسۆرە لە زانكۆی ئەمریكی لە واشنتۆن. پێشتر پڕۆفیسۆری دیراساتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووە لە زانكۆی تەل ئەبیب و بار ئیلان. هەروەها لە چەند زانكۆیەكی گرنگی دیكە وانەبێژ بووە، وەك كۆرنێڵ، یۆرك. لە پاڵ كار وانەبێژیدا چەند پۆستێكی باڵای لە حكومەتی ئیسرائیلدا هەبووە، بەڕێوەبەری پەیوەندییەكان بووە لە حكومەتەكەی سەرۆك وەزیران ئیسحاق شامیردا، هەروەها راوێژكاری وەزیری بەرگری مۆشێ ئارێنز بووە. بۆ بەدواداچوون و شرۆڤەكردنی ئەو دۆخەی لە ئێستادا لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەگوزەرێت، هەروەها بۆ تاوتوێكردنی چەند پرسێكی گرنگی دیكەی وەك دەستڕۆیشتوویی ئێران لە عێراق و پرسی سەربەخۆبوونی كوردستان، گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵدا ئەنجامدا و ئەویش بەم شێوەیە بۆچوونەكانی خستەڕوو.موسڵ لەداگیركاری سوننەی جیهادییەوە گۆڕاوە بۆ داگیركاری شیعەی پرۆ ئێرانی
* چۆن لە سیاسەتی ئیدارەی ئێستای ئەمریكا دەڕوانیت؟ ئایا پێتوایە سیاسەتێكی گشتگیر و لۆژیكی و تۆكمەیە، یاخود تا ئێستا رواڵەتەكانی ئەو سیاسەتە بە تەواوەتی گەڵاڵە نەبووە، بەو پێیە تا ئێستا سیاسەتێكی روون و بەرچاو لەئارادا نییە؟
- سیاسەتی ئیدارەی ئۆباما لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، سیاسەتێكی تۆكمە، بەڵام تەواو هەڵە بوو، لە كاتێكدا لە سایەی ئیدارەی ترەمپدا هیچ سیاسەتێك لە ئارادا نییە. دۆخەكە لەم ڕووەوە بە تەواوەتی پشێوی و دژیەكی باڵی بەسەردا كێشاوە و، ئاماژەكانی لاوازی و سەرگەردانی لێ بەدی دەكرێت. ئێران نموونەیەكە لەم رووەوە، كە گوتارێكی توند لە ئاستی ئەو وڵاتەدا بەدی دەكرێت، لە كاتێكدا ئەمریكا لە سووریا ئامادەیە ئەو وڵاتە بكاتە خەڵاتێكی گەورە بۆ ئێران. هەروەها سەرگەردانی هەیە لە ئاست توركیادا و ئەو رۆڵە خراپەی كە ئەردۆغان دەیبینێت، بە هەمان شێوە سەرگەردانی لە ئاست فەلەستینیشدا هەیە.
* ئاشكرایە كە رزگاركردنی شاری موسڵ گورزێكی كاریگەر بوو لە داعش، چونكە توانرا پایتەختی بە ناو خەلافەتەكەی لە عێراقدا تێكبشكێندرێت، بەڵام وەك دەوترێت ئەمە نە كۆتایی شەڕە لە دژی داعش، نە بووەتە هۆی ڕەواندنەوەی نیگەرانییەكان لەبارەی دووبارەبوونەوەی شەڕ لەگەڵ تیرۆریستان، یان سەرهەڵدانەوەی رێكخراوی تیرۆریستی دیكە لە ئایندەدا، خوێندنەوە و لێكدانەوەی ئێوە لەم رووەوە چییە؟
- موسڵ لەژێر داگیركاری سوننە جیهادییەكانەوە گوازرایەوە بۆ ژێر داگیركاری شیعە-ئێرانییەكان. ئێران بڕیاربەدەستە لە بەغدا و هەوڵی تۆكمەكردنی دەسەڵاتی خۆی دەدات لە موسڵدا، ئەویش لە رێی پاكتاوكرتنی ئیتنی، رەوانەكردنی ژمارەیەكی زۆری شیعەكان و كردنی ئەو ناوچەیە بە بەربەستێك لەبەردەم كورد لە باكووردا، هەروەها لەبەرامبەر توركیاشدا، لە دەرئەنجامی ئەوەشدا چەندین كێشە دێنەئاراوە و ملیاران دۆلاریش كە دەكرا بۆ بنیادنانەوەی موسڵ تەرخان بكرایە، لە بەهێزكردنی بوونی شیعە لەو ناوچەیەدا خەرج دەكرێت. من زۆر ڕەشبینم لە ئاست ئایندەی ئەو ناوچەیەدا.
* ئەوە راستییەكی نكۆڵی لێنەكراوە كە پێشمەرگە رۆڵێكی بەرچاوەی هەبوو لە شەڕی تێكشكاندنی داعشدا، هەر لەم رووەوە بووە هێزێكی متمانەپێكراو و جێی باوەڕی ئەمریكا، هەر لەبەر ئەمەش بوو كە ئەمریكا بە چەند شێوەیەك هاوكاری بۆ پێشمەرگە دەستەبەر كرد، پرسیارەكە ئەوەیە تا چ راددەیەك پێویستە ئەمریكا درێژە بەو هاوكارییانە بدات؟
- پێشمەرگە تەنیا هێزی متمانەپێكراوە لە عێراقدا و پێویستە ئەمریكا بەردەوام بێت لە پشتیوانیكردنی، بە دەستەبەركردنی چەكی قورس و بە بێ گوێدانە بەرهەڵستیی ئێران و توركیا. دەبێت لێرەدا بە حەزەر بین-ئیدارەی ترەمپ زیاتر لێدوان دەدات لەوەی كرداری هەبێت- لەبەر ئەوە پێویستە كورد بەڵێنەكانی ئەمریكا بە راددەیەك لە گومانەوە وەربگرێت.
* لە ئێستادا كوردستان بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆمی داوە بۆ یەكلاكردنەوەی پرسی جیابوونەوەی لە عێراق و گرتنەبەری رێگای سەربەخۆیی، ئێوە چ چاوەڕوانی و راسپاردەیەكتان لەم رووەوە هەیە؟
- بژی كوردستانی سەربەخۆ- ئەمە چاوەڕوانی و ئومێدی منە لەو ڕیفراندۆمەی ئەنجام دەدرێت- دوودڵ مەبن لە دەنگدان بۆ ئەم مافە پیرۆزەی خۆتان.
* لە زیاتر لە بەرپرسێكی ئیسرائیلییەوە گوزارشت لە پشتیوانی بۆ سەربەخۆیی كوردستان كراوە، لێكدانەوەی ئێوە بۆ ئەم لێدوانانە چییە؟
- زۆربەی جوولەكەو و ئیسرائیلییەكان خۆشحاڵ دەبن كاتێك ئێوە دەوڵەتی سەربەخۆ بەدەست دەهێنن. ئەردۆغان و ئێران دەست دەدەنە هات و هاوار، بەڵام ئێوە دوودڵ مەبن. هیوادارم رۆژی 26ی ئەیلوول هەواڵی خۆش ببیستم.
* دوای ئەو پەرەسەندنانەی لەم چەند ساڵەی دوایی لە عێراقدا روویدا، ئایا ئایندەی ئەم وڵاتە چۆن دەبینیت؟
- من پێشبینی بەردەوامبوونی ململانێی نێوان عەرەبی شیعە و سوننە دەكەم، لە كاتێكدا فاكتەری نەوت گرنگییەكی كەمتری دەبێت، بە هەمان شێوە بێبەشبوونی ئابووریش. هەروەها پێشبینی چەندین دەستتێوەردانی دەرەكی دەكەم، كە بە ئامانجی پشتیوانیكردن لە لایەنە بەشەڕهاتووەكان ئەنجام دەدرێن، لەگەڵ بەرهەڵەستیكردنی سەربەخۆیی كوردستان. بەڵام هیچ پێشبینی و چاوەڕوانییەكی باشم لە بارەی بارودۆخەكەوە نییە.