رەفیق قەرەقۆچ سەرۆكی پارتی ماف و ئازادییەكان لە كوردستانی باكوور بۆ گوڵان: پەكەكە بە رەفتار و كردەوەكانی زیانێكی گەورەی لە دۆزی رەوای گەلی كورد داوە
July 21, 2017
دیمانەی تایبەت
رەفیق قەرەقۆچ سەرۆكی پارتی ماف و ئازادییەكانە لە كوردستانی باكوور، لە میانەی دیمانەیەكدا گوڵان چەند پرسیارێكی ئاراستە كرد كە پەیوەست بوون بە سیاسەت و هەڵسوكەوتەكانی پەكەكەوە و دۆخی گەلی كورد لە باكووری كوردستان و رەفتارەكانی پەكەكەو پرسی ئەنجامدانی ریفراندۆم لە باشووری كوردستان و چەند بابەتێكی دیكەی پەیوەندیدار، لێرەدا پوختەی قسەكانی بڵاودەكەینەوە.* پارتی ماف و ئازادییەكان لە كوردستانی باكوور لەپێناو چیدا دامەزراوەو چی دەخوازێت بۆ چارەسەركردنی كێشەی گەلی كورد لە توركیا؟
- پارتەكەی ئێمە، پارتێكی كوردستانی باكوورە لەپێناو چارەسەركردنی ئاشتییانە بۆ كێشەی كورد خەبات دەكات، بەپێچەوانەی پەكەكەوە كە بە رەفتار و كارە توندوتیژییەكانی زیانێكی گەورەی لەدۆزی رەوای گەلی كورد داوە، پارتەكەمان چەندین رۆشنبیرو لاو لەخۆ دەگرێت كە بڕوای تەواویان بە پرۆسەی ئاشتی و كارو خەباتی مەدەنییانە هەیە بۆ چارەسەركردنی كێشەی گەلی كورد، ئەمەش تەنیا لەناو چوارچێوەی وڵاتێكی دیموكراسی و فیدڕاڵیدا دەبێت كە هەردوو گەلی كوردو تورك پێكەوە كاری مەدەنییانەی بۆ بكەن. پارتی ماف و ئازادییەكان بڕوای بەوە هەیە بۆ چارەسەری كێشەی گەلی كورد لە باكووری كوردستان پێویستیمان بە سیستەمێكی فیدڕاڵی هەیە تاوەكو لە رێگەی ئاشتی و دیموكراتییەوە گەلی كورد بگاتە مافە رەواكانی، بەمشێوەیە چارەسەری كێشەی كورد لەكوردستانی باكوور بەستراوەتەوە بە ئیشكالیەتی دیموكراسی تا دیموكراسی لە توركیا پیادە نەكرێت، زەحمەتە چارەسەری كێشەی كورد بكرێت و لە هەمان كاتدا چارەسەری كێشەی كورد لەتوركیا ئەو وڵاتە دەگەیەنێتە ئاستێكی بەرزی دیموكراسی. هەر لەبەر ئەمەیە پارتەكەمان دەخوازێت، وڵاتی توركیا ببێتە ئەندام لەناو یەكێتی ئەوروپا، تاوەكو پابەندی بنەماكانی مافی مرۆڤ و چارەسەری كێشەی كورد بێت، ئێمە ئەو پرسیارەمان لەدەسەڵاتدارانی توركیا كردووە كە بۆچی لەسایەی جەنابی بارزانی لە كوردستانی باشوور هەموو پێكهاتەكان بە گەلی توركمانیشەوە بە زمان و كەلتووری خۆیان مومارەسەی ژیان دەكەن و تەنانەت خاوەنی پارتی سیاسیشن، لەكوردستانی باشوور زیاتر لە پێنج زمانی فەرمی (كوردی، عەرەبی، توركی، ئەرمەنی و كریستیانی) هەیە ئەی بۆچی لەتوركیا كە ئیدعای دیموكراسی دەكات، كورد هەموو مافەكانی بە هاوشێوەی توركمانەكانی كوردستانی باشوور نییە، یاخود زمانی كوردی نەبووەتە زمانی دووەمی توركیا؟ ئێمە لەم پێناوەدا خەباتێكی ئاشتیخوازانەمان دەست پێكردووە.
* لە رۆژی 25ی ئەیلوولی ئەمساڵ گەلی كوردستانی باشوور بۆ دیاریكردنی مافی چارەنووسی خۆی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی ئەنجام دەدات، ئایا ئێوە وەكو پارتێكی سیاسی لە باكووری كوردستان چۆن دەڕواننە ئەو ریفراندۆمە؟
- وەكو كوردانی باكووری كوردستان كاتێك بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆممان بیست، گەلێك خۆشحاڵ بووین. ئێمە بڕوامان وایە مەسەلەی ریفراندۆم مەسەلەیەكی سیاسی و نەتەوەییە و مەسەلەیەكی حزبی نییە، هەر بۆیە هەردوو پارتی مەزنی سیاسی لە كوردستانی باشوور گەیشتنە ئەو دەرئەنجامە كە ریفراندۆم ئەنجام بدەن، ئێمەش گەلێك خۆشحاڵ بووین و رێز لە ئیرادەی گەلی كوردستانی باشوور دەگرین. ئێمە وەكو پارتی ماف و ئازادییەكان لەكۆبوونەوەی ئەنجومەنماندا گوتمان بەهەموو توانامانەوە پشتیوانی و هاوكاری ئەنجامدانی ریفراندۆم دەكەین، بەدەر لەوەی كێ ئەم بڕیارەی داوەو شێوازی ئەنجامدانی ریفراندۆمەكە چۆنە، گرنگ لای ئێمە دیاریكردنی مافی چارەی خۆنووسین و ئیرادەی گەلێكی ئازادیخوازە، پەكەكەش دەبێت دەستبەرداری شەڕی بەوەكالەت بێت و لەم قۆناغەی گەلی كوردستانی باشوور بەرەو ریفراندۆم هەنگاو دەنێت، ئەویش پاڵپشت و هاوكاری بێت، چونكە ئەمە مەسەلەیەكی حزبی و شەخسی نییە و پرسێكی نەتەوەیی و ستراتیژییە كە كاریگەری لەسەر چارەنووسی هەموو كوردان دەبێت لەهەر چوارپارچەی كوردستان. ئێمە بڕوامان وایە پێویستە هەموو كورد و پارتە سیاسییەكان و رێكخستنەكانیان پاڵپشتی بڕیاری جەنابی بارزانی بن بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم بۆ ئەوەی دەنگێكی مەزن بە بەڵێ بۆ سەربەخۆیی كورد لای جیهان ئاشكرا بكرێت. ئەمڕۆ گەلی كوردستان لەهەر چوار پارچەی كوردستان و وڵاتانی بیانی بەرامبەر پرسی ریفراندۆم و سەربەخۆیی هۆشیارن، هەربۆیە نابێت رێگە بدەن بە هیچ حزبێكی سیاسی شەڕی بەوەكالەت دژی كوردان ئەنجام بدات و رێگری لەئەنجامدانی ریفراندۆم بكات. پەكەكە مەجبوورە رێز لە بڕیارو ئیرادەی گەلی كوردستانی باشوور بگرێت، چونكە كاتێك بڕیاری ریفراندۆم درا لەهەر چوار پارچەی كوردستانەوە تەنانەت هەدەپەش رێزی لەو بڕیارە گرت و پشتیوانی لێكرد. لە پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەكاندا رۆڵی سەرۆك بارزانی گرینگە و كاریگەری لەسەر هەموو كوردان هەیە، بڕیارەكانیشی چارەنووسساز بووە بەتایبەتی لەمەسەلەی ریفراندۆم و داكۆكیكردن لەسەر مافی كوردان، ریفراندۆم بەرهەمی هەوڵەكانی سەرۆك بارزانی و خەباتی پێشمەرگەیە، هەربۆیە دوژمنانی كورد زۆر دەخوازن ناو ماڵی كورد یەك نەبێت و هێرش بكرێتە سەر ئەو سیمبول و سەركردە مەزنە.
* لەمیدیاكانی پەكەكەوە ئەوەندەی دژایەتی بارزانی و رێبازی نەتەوەیی دەكرێت، ئەوەندە دژایەتی داگیركارانی كوردستان ناكرێت، پرسیار ئەوەیە ئایا پەكەكە بۆچی دژی هەموو بیروباوەڕ و هزرێكی نەتەوەیی رەفتار دەكات؟
- تێكۆشانی مەلا مستەفا بارزانی لای هەموو كورد و پێكهاتەكانی كوردستان جێگای رێزو تەقدیرە، بە تێكۆشانی ئەو دۆزی رەوای گەلی كورد لەجیهاندا ناسرا، تێكۆشان و هزری نەتەوەیی مەلا مستەفا بارزانی بۆ كوردانی باكوور بووەتە سیمبول و ناسنامە، ئێمە كاتێك سەردانی باشووری كوردستان دەكەین سەردانی مەزاری مەلا مستەفا بارزانی دەكەین، چونكە كەسایەتییەكی مەزن بووەو ئاگری تێكۆشانی ئەو لەسەر چیا بەرزەكانی كوردستان درەوشاوەتەوە و بناغەی گەیشتن بوو بۆ ریفراندۆم و دەوڵەتی سەربەخۆ، هەربۆیە پەكەكەش ناچارە زمان و رەفتارو كردەوەی خۆی دەرهەق بە كوردانی باشوور بگۆڕێت، چونكە زیانێكی مەزنی بەمێژووی خەباتی خۆی گەیاندووە. ئەو ئەندام و شەڕەڤانەی چوونەتە ناو ریزەكانی پەكەكەوە بۆ ئەوە نەچوون پەكەكە دوژمنایەتی هزری نەتەوەیی و رێبازو فكرێك بكات كە خزمەت بەگەلی كوردستان ناگەیەنێت.
* لەكوردستانی باكوور ئەو رەفتارو كردەوانە زیانی لە پێگەی هەدەپەو دەنگی كوردانیش داوە، ئایا پارتێكی سیاسی وەكو هەدەپە بۆچی كەوتە ژێر ركێفی هەلسوكەوتەكانی پەكەكەوە؟
- هەدەپە لەتوركیا لەژێر دەسەڵاتی سیاسەتی پەكەكەدایە، پەكەكە چی دەخوازێت، هەدەپە جێبەجێی دەكات، لە سیاسەتی هەڵەی پەكەكە تەنیا دۆزی رەوای گەلی كورد زیانی پێ نەكەوت، بەڵكو هەدەپەش زیانی مەزنی بەركەوت. ئەم شكستانە سەلماندوویانە كە بە چەك و شەڕ ناتوانرێت مافی رەوای گەلی كورد لەكوردستانی باكوور بەدەست بهێنین پێویستمان بە میكانیزمی ئاشتی و سۆزی نێودەوڵەتی و رەفتاری هۆشیارانە هەیە، هەدەپە نەیتوانی سوود لەو هەموو دەنگ و پاڵپشتییەی كوردانی باكوور وەربگرێت و لەخزمەتی دۆزی رەوای نەتەوەییدا بەكاری بهێنێت، هاوكاریكردنی پەكەكە بۆ شەڕی خەندەق زیانی بە گەلی كوردستانی گەیاند، چونكە شەڕی خەندەق و رەفتارەكانی پەكەكە خزمەتی بە دوژمنانی كورد كردووەو زیانی هەرە مەزنی بە رەوشی ئارامی و سەقامگیری و بژێوی ژیانی هاووڵاتیانی كوردستان گەیاندووە. هاتنی داعش و سەركەوتنەكانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و دیپلۆماسیەت و سیاسەتی بارزانی وایكردووە تێڕوانینی دنیای دەرەوە بەتایبەتی تێڕوانینی حكومەتەكانی ئەوروپا و ئەمریكا بەرامبەر دۆزی گەلی كوردستان گۆڕانكاری گەورەیان بەسەردا بێت، ناكرێت ئێمە لە باكوور و رۆژئاوای كوردستان لەئاست ئەو گۆڕانكارییانەدا نەبین. تەنانەت پێویستە ئەنەكەس و پەیەدەش لێك نزیك ببنەوەو مافی گەلی كوردستان بپارێزن و فیدڕاڵیزم بۆ گەلەكەیان بەدەست بهێنن، تاكە چارەسەری كێشەی گەلی كورد لە باكوورو رۆژئاوا چاككردنی ئەو سیستەمە حوكمڕانیەیە و پێویستە ئەوە داخوازیی یەكەم و ستراتیژییەتی پارتە كوردییەكان بێت.
* بەڵام پەكەكە كە دەستی بەخەباتی چەكداری كردەوەو پرۆسەی ئاشتی تێكچوو، شانازی بەو خەباتە دەكات و شەڕی خەندەق وەكو دەستكەوتێكی گەورە بۆ كوردانی باكوور هەژمار دەكات، ئایا ئێوە بە پەكەكەتان وتووە دەستبەرداری ئەم رەفتارە هەڵەو توندوتیژییانە بێت؟
- خەباتی چەكداریی پەكەكە زیانێكی پڕ مەزنی بە گەلی كورد لە كوردستانی توركیا گەیاندووە، پەكەكە 40 ساڵە شەڕی چەكداری دەكات لە وێرانكردنی وڵات زیاتر هیچ دەستكەوتێكی تری بۆ كوردان نەهێنا، لە شەڕی ئەم دواییەی خەندەق زیاتر لە 7 هەزار گەنجی بە كوشت داو وڵاتەكەی وێران كردو زۆربەی كاسبكارو بازرگان و بیزنسكارەكانیش روویان لەدەرەوە كرد، رێژەی هەژاری و بێكاری زۆر زیاتر بووە. لەكاتێكدا پەكەكە دەیتوانی بە خەباتی ئاشتیخوازانەو مەدەنی و دیپلۆماسی دەستكەوتی گەورە بۆ كوردان بەدەست بهێنێت. بەڵام پەكەكە پرۆسەی ئاشتی تێكداو ئامادە نەبوو بە شێوەیەكی ئاشتیخوازانە دەست بەكاری سیاسیی خۆی بكات، چونكە رێبەرانی پەكەكە بەرنامەو كاری خۆیان لەژێر دەستی خۆیاندا نییە. ئەوان كەوتووەتە بن باندۆڵی دەوڵەتی ئێران و عێراق و سووریا، ئەم وڵاتانەش دەخوازن كۆماری توركیا ئارامی بەخۆیەوە نەبینێت و بەبەردەوام تووشی شەڕی ناوخۆ بێت، ئەم كارو رەفتارانەی پەكەكە بەوەكالەت جێبەجێی دەكات، بەهیچ شێوەیەك لە قازانج و بەرژەوەندیی گەلی كوردستان نییە، دەتوانین ناوی بنێین شەڕێكی بەوەكالەت بۆ پاڵپشتی هێزی شیعەگەری، هەر بۆیە ئەمڕۆ گەلی ئێمە كە تا دوێنێ پێشوازی و پشتیوانی پەكەكەیان دەكرد، ئەمڕۆ هاریكاری پەكەكە ناكەن، چونكە راستییەكانیان بۆ دەركەوتووە و دەزانن پەكەكە بۆ دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان كارناكات.
* هەڵسوكەوت و رەفتاری پەكەكە پێچەوانەی دابونەریت و كەلتووری خەڵكی كوردستانە، تەنانەت لە شەڕەكان منداڵان بەكار دەهێنن و كچەكان لەماڵباتیان دوور دەخەنەوەو دایك و باوكیان سۆراخیان نازانن، ئەمە جگە لە دژایەتیكردنی ئاڵاو پێشمەرگەی كوردستان، ئایا پەكەكە لەبەرژەوەندی كێ درێژە بەم كارانە دەدات؟
- ئەمڕۆ پەكەكە خەبات بۆ دۆزی كوردو كوردستان ناكات و هێڵی نەتەوەیی ناخوازێت، تەنانەت شەڕ بۆ دەوڵەتانی تر دەكات نەك بۆ بەدیهێنانی مافە رەواكانی گەلی كوردستان، پەكەكە قبووڵ بكات، یا نەیكات ئاڵای كوردستان و پێشمەرگەو خەباتی رزگاریخواز لەناو دڵی كوردان چەسپاوەو جێگای خۆی گرتووە، ئێمەش لەكوردستانی باكوور ئاڵای كۆماری مەهابادی كوردستانی رۆژهەڵات بە ئاڵای فەرمیی كوردستان دادەنێین و ئەو ئاڵایە گەلێك مەزنە، چونكە بەخوێنی شەهیدانمان درەوشاوەتەوە و ئاڵای گەلە، ئەمڕۆ پەكەكە كاتێك دژی ئەو ئاڵایە و لە دژی دروشم و ناسنامەی نەتەوەییمان رەفتار دەكات تەنیا زیان بەخۆی دەگەیەنێت و لە هێڵی نەتەوەیی زیاتر دوور دەكەوێتەوە، هەربۆیە ناچار دەبێت رێز لە ئاڵای كوردستان و هێزی پێشمەرگە و داخوازی هاووڵاتیانی كوردستان بگرێت، بەپێچەوانەوە سووتاندنی ئاڵای كوردستان قەباحەتێكی پڕ مەزنە و رەفتاری داگیركارانە. ئێمە بڕوامان وایە پێویستە لەم قۆناغەدا پەكەكە لە باكووری كوردستان و رۆژئاوا پارێزگاری لە باشووری كوردستان بكات، پەكەكە ناخوازێت و رێگە نادات پارتە سیاسییەكانی دیكە لە باكوور و رۆژئاوا كاری خۆیان بكەن، ئەوان تەنیا ئیدعایە بۆ پاراستنی وڵات دەكەن، چونكە ئەگەر وا بێت پێویستە ئەو پارێزگاری و بەرگرییە دۆزی نەتەوایەتی تێدا بێت، نەك دژی هێزی پێشمەرگەی كوردستان رەفتارو هەڵسوكەوت بكەن، ئەو هێزەی كاتێك كۆبانێ لەبەردەم كەوتندا بوو، بە فەرمانی جەنابی بارزانی پارێزگاری لەو شارەو خەڵكەكەی كراو كاتێك ئەركەكە تەواو بوو، گەڕانەوە كوردستانی باشوور، بەپێچەوانەی رەفتارەكانی پەكەكەوە لە شنگال كە بۆ ویستی وڵاتانی ناوچەكە دژایەتی پێشمەرگە دەكات و زیان بە دۆزی نەتەوەیی كورد لەهەرچوارپارچەی كوردستان دەگەیەنێت. ئەمڕۆ پەكەكە منداڵ و ئافرەت و لاوی كورد لە رۆژئاوا بۆ شەڕی وڵاتانی تر بەكار دەهێنێت، تەنانەت منداڵ دەڕفێنێت و لەماڵباتیان دەكات و دایك و باوكی سۆراخیان نازانن و لە مینبج و رەققە و قەندیل بەكاریان دەهێنن، چەكداركردنی منداڵ و دوورخستنەوەی گەنجی كورد لەماڵباتیان ئەمە رەفتارێكی كوردانە نییە و لای خێزانە كوردەكان كارێكی قێزەونە.
* سەبارەت بە شنگال ئایا پەكەكە بۆچی عینادی دەكات و شنگال چۆڵ ناكات، ئایا چی بكرێت بۆ ئەوەی پەكەكە دەستبەرداری ئەم رەفتارانە بێت؟
- زەحمەتە پەكەكە دەستبەرداری ئەو رەفتارە دوژمنكارییانە بێت كە دەرهەق بەگەلی كوردستانی باشوور بەتایبەتی لە شنگال ئەنجامی دەدات، چونكە سیاسەتی ئەوان لەدەستی خۆیاندا نییە و بۆ داخوازی ئێران و عێراق و سووریا شەڕێكی وەكالەت دەكەن، لەكوردستانی باكووریش بەشەڕی چەكداری هیچ خزمەتێكی بە گەلی خۆمان نەكردووە، هەربۆیە پێویستە پارتە سیاسییەكانی كوردستان لەهەرچوار پارچەی كوردستان بەرامبەر ئەم رەفتارانە یەكدەنگ بن و فشاری كوردان بەرامبەریان دەست پێ بكرێت و داوا لەپەكەكە بكرێت بگەڕێتەوە كوردستانی باكوور. ئێمە پێمانوایە پێویستە پەكەكە دەستبەرداری كاری چەكداری بێت و روو بكاتە خەباتی سیاسی و دیپلۆماسی و بەرامبەر دەوڵەتی جیهان دەنگی خۆی بڵند بكات، چونكە تەنیا بە رێگەی ئاشتی گەلی كورد لە كوردستانی باكوور بەمافە رەواكانی خۆی شاد دەبێتەوە.