كێڵی شانۆن : پێویستە خەڵكی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست خۆیان چارەسەر بدۆزنەوەو ئەمریكاش هاوكارییان بكات
July 19, 2017
دیمانەی تایبەت
كێڵی شانۆن تایبەتمەندە لە مێژووی پەیوەندییە دەرەكییەكانی ئەمریكا، لە توێژینەوەكانیدا بایەخ بە پرسەكانی مافی مرۆڤ و سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا دەدات، حاڵی حازر پڕۆفیسۆری مێژووە لە زانكۆی فلۆریدا ئەتلانتیك، بۆ قسەكردن لەسەر سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا لە ئاست ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەڵوەستەكردن لەسەر ئەوەی تا چەند پرۆسەی بنیادنانی نەتەوە و برەودان بە پرسەكانی پەیوەست بە مافەكانی مرۆڤەوە بوونەتە تەوەرێك، یان ئەولەوییەتێك لە ئەولەوییەتەكانی ئیدارەی ئەمریكا و چەند پرسێكی دیكەی پەیوەندیدار، گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵدا ئەنجامدا و ئەویش بەم شێوەیە وەڵامی پرسیارەكانی دایەوە.* چۆن سیاسەتی ئیدارەی ئەمریكا لە ئاست رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەڵدەسەنگێنیت؟
- ئەوەی سەرنج دەدرێت ئەوەیە ئەم ئیدارەیە گوتارێكی توندی لە ئاست ئێراندا هەیە، هەروەها بە شێوەیەكی گشتی دەتوانین بڵێین كە بەردەوامبوونێك بەدی دەكەین لە پەیوەندی بە كاریگەری و دەستڕۆیشتوویی ئەمریكا لەم ناوچەیەدا.
* پێتوایە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەگشتی و ئەمریكا بەتایبەتی چۆن دەتوانن هاوكاری وڵاتانی ئەم ناوچەیە بكەن بۆ ئەوەی بتوانن رووبەڕووی ئەو كێشە و تەحەددییانە ببنەوە كە بوونەتە هۆی ئەوەی هەم ناوچەكە ناسەقامگیر بێت و هەم ببێتە سەرچاوەی كێشە بۆ جیهانیش؟
- من پێموایە ئەگەر ئەمریكا بیەوێت یارمەتی گەلانی ناوچەكە بدات بۆ ئەوەی كێشەكانیان چارەسەر بكەن، ئەوا پێویستە بە شێوازی هاوكاریكردن ئەم كارە ئەنجام بدات، نەك لە رێی گرتنەبەری رێگاچارەیەكی ئیمپریالی و خۆسەپاندن. واتە پێویستە ئەمریكا هاوكاریی گەلانی ناوچەكە بكات بۆ ئەوەی خۆیان هەڵبستن بە دەستنیشانكردنی كێشەكان و دۆزینەوەی چارەسەر بۆیان. هەروەها پێموانییە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكان هاوكار بن لە چارەسەركردنی كێشەكاندا، بەتایبەتی ئێمە ئەزموونی دەستتێوەردانی سەربازیمان لە عێراقدا لە بەرچاوە كە لە ساڵی 2003دا روویدا. ئەوەی پەیوەست بێت بە دۆخی سووریا ئەوا ناتوانین ئەوە یەكلابكەینەوە كە پێویستە ئەمریكا چی بكات لە ئاست رەوشەكەدا، چونكە زۆرێك لە بژارەكان، بژارەی خراپن.
* ئایا بایەخدانی ئەمریكا بە پرسی بنیادنانی دەوڵەت و پەرەپێدانی دیموكراسی لە وڵاتانی ئەم ناوچەیەدا چ كاریگەرییەكی لێدەكەوێتەوە، بەپێچەوانەشەوە ئەگەر ئەمریكا تەركیز لەسەر ئەم پرسانە نەكاتەوە-هەروەك دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند كە ئەمریكا پابەند نابێت بە پرسی بنیادنانی نەتەوە لەم ناوچەیەدا- ئایا ئەمە چ ئاكامێكی لێدەكەوێتەوە؟
- لە راستیدا لە ئێستادا ئەمریكا بەشدارە لە پرۆسەی بنیادنانی نەتەوە لە عێراق و ئەفغانستاندا و لەو باوەڕەشدا نیم كە دەستهەڵگرتن لەم پرۆسەیە سەربكێشێت بۆ سەقامگیری، بەڵام لە هەمان كاتدا –هەروەك لە وەڵامی پرسیارێكی پێشوودا ئاماژەم پێكرد- پێموایە دەبێت ئەمریكا لەبری خۆسەپاندن و باڵادەستی، رێگاچارەی هاوكاریكردنی بگرێتەبەر. بۆچوونی شەخسی من ئەوەیە پرسەكانی مافەكانی مرۆڤ گرنگن و پێویستە وڵاتانیش بە نیگەرانییەوە لە پێشێلكارییەكانی مافەكانی مرۆڤ بڕوانن. بە شێوەیەكی گشتی پێموایە لە ئێستادا پرسی پاراستن و پەرەپێدانی مافەكانی مرۆڤ نەبۆتە پرسێكی سەرەكی لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكادا و خۆ ئەگەر بێتوو ئاماژەشی پێبكرێت، ئەوا تەنیا لەسەر ئاستی گوتار دەبێت و ئەمەش یارمەتیدەر نابێت. شێوازێكی دیكەی یارمەتیدەر هەیە كە لەسەروەختی ئیدارەی كلینتۆندا بەدیمان كرد كاتێك وەزارەتی دەرەوە هەماهەنگ و هاوكاری دەكرد لەگەڵ رێكخراوە مەحەلییەكانی تایبەت بە مافەكانی مرۆڤ كە ئەوان باشتر شارەزا و ئاشنای هەل و مەرجە مەحەلییەكە بوون، باوەڕم وایە ئەم شێوازە هاوكار و یارمەتیدەر دەبێت.
* كەواتە پێتوایە بایەخدان بەم مەسەلانە كاریگەری دەبێت لەسەر ئەوەی بتوانرێت لە مەودای دووردا سەقامگیری و ئارامی دەستەبەر بكرێت؟
- ئەوە راستە، كە دەبێت رێز لە مافەكانی مرۆڤ بگیرێت و فرەیی قبووڵ بكرێت، بەڵام پێموایە ئەمە دەبێت لە ناو خودی خەڵكەكە خۆیانەوە سەرچاوە بگرێت، نەك لەلایەن هێزێكی دەرەكییەوە بسەپێنرێت. كە بەداخەوە ئێمە بینیمان رێكخراوێكی وەك داعش چەندین پێشێلكاری گەورەیان دژی مافەكانی مرۆڤ ئەنجام داوە، لەبەر ئەوە دەبێت كار لەسەر پاراستنی مافەكانی مرۆڤ بكرێت، نەك تەنیا لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەڵكو لەسەرتاسەری جیهاندا.
* كەواتە بە پلەی یەك بەرپرسیارێتییەكە دەكەوێتە ئەستۆی گەلانی ناوچەكە؟
- ئەوە راستە، چونكە هەر هەوڵێك لەلایەن هێزە دەرەكییەكان لەم رووەوە سەركەوتوو نابێت، واتە دەبێت خەڵكەكە لەسەر ئاستی مەحەلی بەشداربن و پابەند بن بەم پرسانەوە، بۆ نموونە ئەگەر وا دەركەوێت ئەمریكا لە رێی فشار و باڵادەستییەوە دەیەوێت ئەم كارە بكات، ئەوا سەركەوتن بەدەست ناهێنێت.
* بەڵام هەمیشە هاوسەنگییەك هەیە دەبێت بپارێزرێت لە نێوان دەستەبەركردنی مافەكان و پاراستنی ئاسایش و ئارامیدا، كە تەنانەت ئیدارەكانی ئەمریكاش پێیان باش بووە سەقامگیری بپارێزرێت لەم ناوچەیەدا، تەنانەت ئەگەر لەسەر حیسابی پرسەكانی دیكەش بووبێت، چۆن لەم مەسەلەیە دەڕوانن؟
- بەداخەوە دەیڵێم لە رووی مێژووییەوە زۆربەی ئیدارەكانی ئەمریكا تەفزیڵی سەقامگیرییان كردووە بەسەر پرسەكانی دیكەدا، بۆ نموونە لە سەروەختی شەڕی سارددا ئەمریكا بانگەشەیەكی زۆری بۆ دیموكراسی دەكرد، بەڵام لە هەمان كاتدا كاری لەگەڵ ئەو رژێمە خۆسەپێنانەدا دەكرد كە دژی شیوعییەت بوون، واتە پرسی مافەكانی مرۆڤ وەلانرابوو. لەبەر ئەوە پێموایە پێویستە ئەمریكا زیاتر پابەند بێت بە برەودان بە مافەكانی مرۆڤ، كە ئێمە بینیمان ئیدارەی جیمی كارتەر لە ساڵانی حەفتاكاندا و ئیدارەی كلینتۆن لە ساڵانی نەوەتەكاندا بەم ئاراستەیەدا هەوڵیان دا، ئیدارەی ئۆباماش هەوڵی لەم چەشنەی هەبوو، بەڵام زۆر بە حەزەر بوو. بەڵام پێناچێت برەودان بە مافەكانی مرۆڤ ئەولەوییەتێكی ئیدارەی ئێستای ئەمریكا بێت.
* بەڵام ئێمە بینیمان كە لە بەهاری عەرەبیدا هاووڵاتیان گوزارشتیان لە خواست و ویستی خۆیان كرد بۆ ئەوەی حوكمڕانییەكی باشتر بێتەئاراوە، كەچی نەیانتوانی دەرئەنجامی خوازراو بەدەست بهێنن، بۆچوونی ئێوە لەم رووەوە چییە؟
- ئەوە ئاشكرایە كە رژێمەكانی ناوچەكە كاردانەوەیان هەبووە لەبەرامبەر ئەو ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانانە كە داوای باشتركردنی رەوشی مافەكانی مرۆڤ و ئازادییەكانی دەكرد، بۆ نموونە، لە ساڵی 2009دا ئێران دەستی دایە سەركوتكاریی بزووتنەوەی ناڕەزاییەتی لەو وڵاتەدا. بەڵام كاتێك هاووڵاتیان داخوازی باشتركردنی رەوشەكە لە حكومەت دەكەن و ئەو حكومەتانەش بایەخ بە كاردانەوە و رای گشتی جیهانی دەدەن، ئەوا دەتوانرێت فشاریان لەسەر دروست بكرێت، بەڵام ئەگەر ئەوان ئەمەیان بەلاوە گرنگ نەبێت، وەك بزووتنەوەی تاڵیبان- ئەو كاتەی دەسەڵاتی لەدەستدا بوو- ئەوا من دڵنیانیم كە دەبێت چۆن مامەڵەیان لەگەڵدا بكرێت.
* بەشێوەیەكی گشتی بۆ باشتركردنی دۆخی وڵاتانی ئەم ناوچەیە راسپاردەت چییە؟
- لە راستیدا لەم ساتەوەختەدا خەڵكانێكی زۆر لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە جیهانی ئیسلامیدا كار بۆ بەرەوپێشبردنی مافەكانی مرۆڤ دەكەن، كە باوەڕم وایە دەبێت تیشك بخرێتەسەر ئەو هەوڵانە و پشتیوانیان لێبكرێت لەلایەن گروپە دەرەكییەكانەوە كە بەرژەوەندیی هاوبەشیان هەیە، ئیدی لە رێی هاوكاری داراییەوە بێت، یان لە رێی فشار دروستكردنەوە بێت لەسەر حكومەتەكانیان.