مایكڵ نایتس : باشترین سیناریۆ بۆ ئایندەی عێراق جیابوونەوەی دۆستانەی هەولێر و بەغدایە
July 18, 2017
دیمانەی تایبەت
مایكڵ نایتس، بڕوانامەی دكتۆرای لە بەشی دیراساتی جەنگ لە «كۆلێژی شاهانە لە لەندەن» بەدەست هێناوە و پێشتریش وەك رۆژنامەنووسی كاروباری بەرگری كاری كردووە، هەروەها وەك سەرۆكی بەشی شیكاری و هەڵسەنگاندن بۆ كۆمەڵێك كۆمپانیای ئەمنی و نەوت كاری كردووە، شارەزای كاروبارە ئەمنییەكانە و بە بەردەوامی راوێژ بە بڕیارسازان و ئەفسەرانی سوپای ئەمریكا دەدات لەبارەی كاروبارە ئەمنییە ئیقلمییەكانەوە. لە ئێستادا وەك تایبەتمەندی كاروبارە ئەمنی و سەربازییەكانی عێراق، ئێران و یەمەن و وڵاتانی كەنداوە، توێژەرە لە ئامۆژگای واشنتۆن بۆ سیاسەتی رۆژهەڵاتی نزیك. بۆ هەڵسەنگاندنی دوایین پەرەسەندنەكانی شەڕی دژی تیرۆر لە عێراق بە تایبەتی دوای ئازادكردنی شاری موسڵ، هەروەها بۆ تاوتوێكردنی پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق و ئەگەری سەربەخۆیی كوردستان، گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵدا ئەنجامداو ئەویش بەم شێوەیە وەڵامی پرسیارەكانی دایەوە.* هەروەك ئاشكرایە لە رەوتی پەرەسەندنەكانی شەڕی دژ بە داعشدا، توانرا موسڵ رزگاربكرێت و ئەو شارە لە تیرۆریستانی داعش پاك بكرێتەوە، بەڵام ئایا رەوش و قۆناخی داهاتوو چۆن دەبێت؟ بە دەربڕینێكی دیكە، ئەگەر تا ئێستا ئەولەوییەتی سەرەكیی ئیدارەی ئەمریكا تێكشكاندنی داعش بووبێت، ئایا بە تێڕوانینی ئێوە پێویستە ئەولەوییەت و سیاسەتی ئەمریكا لە عێراقی دوای داعشدا چی بێت؟
- سەرەتا دەبێت ئەوە بڵێین، كە رزگاركردنی موسڵ، كۆتایی شەڕی دژ بە داعش نییە لە عێراقدا. بەڵكو هێشتا شوێنەكانی وەك تەلەعفەر، حەویجە و قائیم ماونەتەوە، بۆی هەیە رزگاركردنی ئەم شوێنانەش پێویستی بە 6تا9 مانگ بێت. هاوشان بە كۆتایی پێهێنانی شەڕ لە دژی چەكدارانی داعش، ئەوا سەرەتای هەڵمەتێكی گەورەی تیرۆریستی دێتەئاراوە لە دژی زیارەتكەرانی بۆنە ئایینییەكانی وەك عاشوورا و ئەربەعینییە لە كۆتایی ساڵی 2017دا. لەم رووەوە پێویستە یاخیبوونی داعش لە دیالە، سەڵاحەددین، كەركووك و نەینەوا كۆتاییان پێ بهێندرێت. پێویستە سنوورەكان بپارێزرێن. كەواتە هێشتا شەڕی دژی داعش چەند ساڵێكی دیكەی ماوە، هەر لەبەر ئەوەشە كە وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا پابەندە بەوەی بە شێوەیەكی ساڵانە هەڵبستێت بە دەستەبەركردنی زیاتر لە ملیارێك دۆلار وەك هاوكاریی سەربازی و رەوانەكردنی پتر لە سێ هەزار سەربازی ئەمریكی لە ماوەی سێ ساڵی داهاتوودا.
* لە ئێستادا دوو قەوارەی سیاسی لە چوارچێوەی عێراقدا هەن، ئەوەی پەیوەندی بە هەرێمی كوردستانەوە هەبێت، ئەوا وەك هاوبەشێكی متمانەپێكراوی هاوپەیمانیی دژ بە داعش ناسراوە، بەڵام بەشە عەرەبییەكەی عێراق لەژێر دەستڕۆیشتوویی ئێراندایە، ئایا پێتوایە ئێران رۆڵێكی تێكدەرانەو ناسەقامگیركار بگێڕێت لە ناو عێراقدا؟ ئایا پێویستە ئەمریكا بۆ كەمكردنەوە و سنوورداركردنی دەستڕۆییشتوویی ئێران لە عێراقدا چی بكات؟
- ئەو سەركردانەی ئەمریكا كە كار لەسەر عێراق دەكەن- لە نێویاندا وەزیری بەرگری جیم ماتیس و راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ماكماستەر- جەنگاوەری دێرینن كە چەندین ساڵیان لە عێراقدا بەسەر بردووە. ئەوان پابەندن بە ئایندەی وڵاتەكەوە و بە هاوكاریكردنی عێراق بۆ دوورخستنەوە و بەرپەرچدانەوەی دەستڕۆیشتوویی سلبیی ئێران. وەزارەتی بەرگری داوا لە كۆنگرێس دەكات بۆ ئەوەی دارایی بۆ دەستەبەر بكات بۆ ئەوەی ئەمریكا بتوانێت هاوكاری هێزە ئەمنییەكانی عێراق بكات، تاوەكو بەرەنگاری سەرجەم دوژمنەكان ببنەوە، نەك تەنیا داعش. لەم میانەدا ئاماژە بەو میلیشیایانە دەكرێن كە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتیان لێدەكرێت. ئەمریكا پشتوانی دەزگای دژەتیرۆر، سوپای عێراق و پێشمەرگە دەكات بۆ سنوورداركردنی تەشەنەكردنی میلیشیا پاڵپشتیكراوەكان لەلایەن ئێرانەوە.
* ئاشكرایە بۆ رێگریكردن لە دووبارە سەرهەڵدانەوەی داعش، یان گرووپی هاوشێوەی داعش لە ئایندەدا پێویستە كار لەسەر چارەسەركردنی هۆكارە ریشەییەكانی دروستبوونی ئەم گرووپانە بكرێت، بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە ئایا تا چەند میلیشیا شیعەكان- هێزەكان حەشدی شەعبی- دەبنە بەربەست لەبەردەم هەوڵەكانی سەقامگیركردنەوەو ئاشتەوایی لە دوای تێكشكاندنی داعش؟
- لە پارێزگای دیالەدا، كە لە ساڵی 2015وە جڵەوی دۆخەكە لە دەستی حەشدی شەعبیدایەو بوونێكی بەهێزی هەیە لە شێوەی یاخیبووندا، ئەوەش لەبەر ئەوەیە كە –حەشدی شەعبی- سزای سوننەكان دەدەن و هەموو دەسەڵاتێكی لە دەستی خۆیدا كۆكردۆتەوە. ئەمەش لە سەرجەم ناوچە سوننەكانی عێراقدا روودەدات كە تێیدا حەشدی شەعبی لە دەرەوەی ناوچەكەوە هاتوون و پێشێلكارییان كردووە بەرامبەر خەڵكی ناوچە مەحەلییەكە. لە بەغدا و بەسرە كەسە خراپەكانی نێو حەشدی شەعبی بوونەتە هەڕەشەیەكی گەورە لەسەر یاساسەروەری، كاری رفاندن ئەنجام دەدەن و تۆڕی تاوانی رێكخراو بەڕێوە دەبەن. لە راستیدا پێویستە ئۆپەراسیۆنێكی دیكەی هاوشێوەی ئۆپەراسیۆنی»صولة الفرسان» ئەنجام بدرێت، بۆ ئەوەی ئەوە دوایین جار بێت كە میلیشیا شیعەكان هەڕەشە لە دەوڵەت بكەن.
* هەروەك دەزانن لە ئێستادا چەندین كێشە و ناكۆكی هەن لە نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی مەركەزی بەغدا، بە تێڕوانینی ئێوە پێویستە ئەمریكا چ رۆڵێك ببینێت لە ناوبژیوانیكردنی كورد و حكومەتی عێراقی بۆ ئەوەی بتوانن كێشەكانیان بە شێوەیەكی ئاشتییانە چارەسەر بكەن؟
- ئەوە كاری ئەمریكا نییە بە عێراقییەكان و كورد بڵێت، ئایا پێویستە لە چوارچێوەی یەك وڵاتدا بژین، یاخود ببنە دوو وڵات. ئەمە بۆ كورد و عێراق دەگەڕێتەوە كە بڕیاری لەبارەوە بدەن. بەڵام ئەمریكا دەتوانێت هاوكارییان بكات لەوەی گفتوگۆ بكەن لەبارەی هاوبەشیكردن، یان دابەشكردنی دەسەڵاتەكان لە پەیوەندی بە ناوچە ناكۆكی لەسەرەكان، نەوت، قەرز، هێزە چەكدارەكان، بواری ئاسمانی، دراو و كەرتی بانك. ئەمریكا دەتوانێت هاوكاری هەردوولا بكات بۆ داڕشتنی سیاسەتگەلێكی هاوبەشی ئابووری و رێكاری هاوبەشی ئەمنی. ئیدی عێراق بە یەكپارچەیی بمێنێتەوە، یان ببێتە دوو بەش، ئەوا پێویستە ئەمریكا هاوپەیمانێكی بەهێزی سەرجەم ئەو خەڵكانە بێت كە لە چوارچێوەی سنوورەكانی ئێستای عێراقدا دەژین.
* هێزی پێشمەرگەی كوردستان بە هاوكاری و پاڵپشتی ئەمریكا ئازایانە و سەركەوتووانە بەرەنگاری تیرۆریستانی داعش بووەوە، لەم شەڕەشدا دەركەوت كە كورد و هێزی پێشمەرگە هاوپەیمانێكی متمانەپێكراون، پرسیارەكە ئەوەیە ئایا پێشبینی ئەوە دەكەن ئەمریكا لە پشتیوانیكردن و هاوكاریكردنی هێزی پێشمەرگە بەردەوام بێت؟
- لە بودجەی وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا 22.5 ملیۆن دۆلار بە شێوەی مانگانە بۆ مووچەی پێشمەرگە تەرخان كراوە لە ماوەی نێوان تشرینی یەكەمی ساڵی 2017 تاوەكو ئەیلوولی ساڵی 2018، ئەمەش هاوكارییەكی باشە بۆ كوردستان، هەروەها ئەمریكا 7 ملیۆن دۆلار بۆ پەرەپێدانی بنكەی هەولێر تەرخان دەكات و هێزەكانی ئەمریكا بەلای كەمەوە تاوەكو تشرینی یەكەمی 2017 لە كوردستاندا دەمێننەوە و رەنگە تا ئایندەیەكی نزیكیش بمێننەوە. ئاشكرایە ئەمریكا زەمانەتكاری ئەمنیی كوردستانە، هەروەك ئەوەی لە ساڵی 1991ـەوە بەم شێوەیە بووە، ئەمەش بەردەوام دەبێت.
* هەروەك ئاشكرایە هەرێمی كوردستان بڕیاری ئەوەی داوە كە لە 25ی مانگی ئەیلوولی داهاتوودا ریفراندۆمی سەربەخۆیی ئەنجام بدات، پێشبینی و راسپاردەكانت لەم رووەوە چین؟
- من پێشبینی دەكەم ریفراندۆم لەو بەشانەی كوردستاندا ئەنجام بدرێت كە لە ساڵی 1991ـەوە لەژێر كۆنتڕۆڵی كورددان، هەروەها لە هەندێ ناوچەی ناكۆكی لەسەریش ئەنجام بدرێت، وەك خانەقین، زوممار، مەخموور و داقوق. دڵنیانیم لەوەی ئەنجامدانی لە كەركووكدا كارێكی یارمەتیدەر بێت و ئەنجامدانیشی لە شاری توزخورماتو بە دوور دەزانم. من ناتوانم بە كورد بڵێم با دەنگدانەكە كەركووك نەگرێتەوە، لەبەر ئەوەی لە هەستی كوردی كەركووك تێدەگەم. بەڵام پێویستە حكومەتی هەرێمی هەر كارێك ئەنجام بدات كە لە دەستی بێت- لە دڵنیاكردنەوەی خەڵك، لە ئامادەكردنی لیستی دەنگدەران و بنكەكانی دەنگدان و دیاریكردنی رۆژی راست و دروست بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم لە ناوچە ناكۆكی لەسەرەكان- ئەویش بۆ كەمكردنەوەی مەترسیی سەرهەڵدانی توندوتیژی.
* ئەگەر دوایین پرسیار لەبارەی ئایندەی عێراقەوە بكەین، ئایا پێتوایە باشترین و خراپترین سیناریۆ چین كە چاوەڕێی عێراق دەكەن؟
باشترین سیناریۆ ئەوەیە سەرۆك وەزیران، عەببادی دووبارە پۆستەكەی وەربگرێتەوە و بەردەوام بێت لەوەی راهێنان و مەشقی نێودەوڵەتی بە هێزە ئەمنییەكان بكات، هەوڵ و كۆششەكانی خۆڕێكخستنەوەی داعش بچووك بكاتەوە، هاوكارییە ئابوورییەكان بۆ عێراق بەردەوام بن و بەغدا و هەولێر گفتوگۆ بكەن لەبارەی جیابوونەوەیەكی دۆستانە لە میانەی سەقفێكی زەمەنی 5-10 ساڵدا. خراپترین سیناریۆش ئەوەیە، سەرۆك وەزیرانێك لە عێراقدا دەسەڵات بگرێتەدەست كە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی بكرێت و، ئەو هاوپەیمانێتیەی سەركردایەتی ئەمریكا لە وڵاتەكەدایە بكرێتەدەرەوە و، شەڕ لە نێوان كورد و عەرەبدا دروست ببێت، داعشیش بە رەوتێكی خێرا بگەڕێتەوە بۆ سەروەختی گوڕ و تینی ساڵی 2013 و، جیهان پشت بكاتە عێراق و كوردستان. پێم وایە واقیعەكە پێمان دەڵێت كە رێی تێدەچێت باشترین سیناریۆ بێتەدی.