جێفری تالیافێرۆ : هۆكاری مێژوویی هەیە بۆ ئەوەی كوردو شیعەو سوننە بەگومانەوە لەیەكتر بڕوانن

جێفری تالیافێرۆ : هۆكاری مێژوویی هەیە بۆ ئەوەی كوردو شیعەو سوننە بەگومانەوە لەیەكتر بڕوانن
جێفری تالیافێرۆ پڕۆفیسۆری زانستی سیاسییە لە زانكۆی تافتس، وانەبێژ و توێژەری چەند بوارێكی گرنگە وەك دیراساتی ئەمنی، تیۆری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان، مێژوو و سیاسەتی نێودەوڵەتی، سیاسەتی دەرەوەو ئاسایشی
جێفری تالیافێرۆ پڕۆفیسۆری زانستی سیاسییە لە زانكۆی تافتس، وانەبێژ و توێژەری چەند بوارێكی گرنگە وەك دیراساتی ئەمنی، تیۆری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان، مێژوو و سیاسەتی نێودەوڵەتی، سیاسەتی دەرەوەو ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا. بۆ تاوتوێكردنی سیاسەتی دەرەوەی ئیدارەی ترەمپ لە ئاست رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئامانج و پەیامەكانی سەردانی چاوەڕوانكراوی ترەمپ بۆ ناوچەكەو چەند پرس و بابەتێكی دیكەی پەیوەندیدار، گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵدا ئەنجامداو ئەویش بەم شێوەیە وەڵامی پرسیارەكانی دایەوە.

* چۆن لە سیاسەتی دەرەوەی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ دەڕوانیت و پێتوایە ئامانجە سەرەكییەكانی سیاسەتی دەرەوەی چین، بەتایبەتی لە پەیوەندی بەو سەردانە چاوەڕوانكراوەی كە بڕیارە ئەنجامی بدات بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئایا ترەمپ دەیەوێت چی بەدەست بێنێت؟
- من پێموایە هەوڵی ئەوە دەدات كە پاڵپشتی و هاوكاری زیاتر بەدەست بهێنێت لەلایەن هاوپەیمانەكانیەوە بۆ ئەوەی بە رەوتێكی خێراتر شەڕی دژ بە داعش بەرەوپێش ببات، بەڵام تاوەكو ئێستا نە راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی و نە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا بە دڵنیاییەوە هیچیان نەدركاندووە لە پەیوەندی بەوەی ئەمریكا چ پاڵنەرێك دەستەبەر دەكات بۆ سعودیە و بۆ هاوپەیمانەكانی دیكە لە ناوچەكەدا بۆ ئەوەی هاوكارییەكانیان بۆ شەڕی دژ بە داعش زیاتر بكەن.
* كەواتە پێتوایە سەردانێكی گرنگ دەبێت بۆ توندوتۆڵكردنەوەی پەیوەندییەكانی ئەمریكا لەگەڵ هاوپەیمانەكانی لە ناوچەكەدا و لە هەمان كاتدا هەنگاوێكی زیاتریش دەبێت بۆ بەرپەرچدانەوەی ركابەرەكانی لە ناوچەكەدا؟
- لە راستیدا من بە گومانم لەوەی ئەمە رووبدات، ئەویش لەبەر ئەوەی دۆناڵد ترەمپ لێدوانگەلێك دەدات كە چاوەڕوانكراو نین و پرس و رای نەگۆڕیوەتەوە لەگەڵ راوێژكارەكانیدا لەبارەیانەوە.
* بەرپرسە باڵاكانی ئیدارەی ترەمپ بەردەوام جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە كە ئێران رۆڵێكی تێكدەرانەی هەیە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و پێویستە سنوورێكی بۆ دابنرێت، پرسیارەكە ئەوەیە پێتوایە ئەمریكا چۆن لە ناوچەكەدا بەرەنگاری دەستڕۆیشتوویی ئێران دەبێتەوە؟
- لە راستیدا هێشتا رێككەوتنە ئەتۆمییەكە لەگەڵ ئێراندا بەركارە – كە بۆ ماوەی 15 ساڵ بەرنامەی چەكی ئەتۆمی ئێرانی راگرتووە-، ئەمە سەرەڕای ئەوەی كە دۆناڵد ترەمپ لە سەروەختی هەڵبژاردنەكاندا باسی لە هەڵوەشاندنەوەی ئەو رێككەوتنە كرد، كە پێموایە ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی لە ناوچەكەدا تەفزیڵی ئەوە دەكەن كە رێگری لە ئێران بكرێت لەوەی توانای دروستكردنی چەكی ناوكی نەبێت و بەرنامەیەكی چالاكی پیتاندنی یۆرانیۆمی نەبێت. پێموایە بەشێكی زۆری ئەم پرسە بەندە بە ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی ئێرانەوە- بەتایبەتی ئەگەر حەسەن رۆحانی نەتوانێت جارێكی دیكە پۆستی سەرۆكایەتی بەدەست بهێنێت، هەرچەندە پێشبینی ئەوەش دەكەم سەركەتوو بێت،. هەرچۆنێك بێت ئەمریكا و ئێران ناكۆكیی دیكەیان هەیە بەدەر لە پرۆگرامە ئەتۆمییەكە كە بەلای كەمەوە تا ئایندەیەكی نزیكیش بەردەوام دەبن. لە پەیوەندی بە كێشەی سووریاوە، ئەوا دەتوانین بڵێین لە ئەنجامی دەستتێوەرنەدانی ئەمریكاوە –لەبەر چەندین هۆی جیاواز- ئێران و رووسیا توانییان پشتیوانییەكانیان بۆ بەشار ئەسەد زیاتر بكەن، هەروەها لە عێراقیشدا ئێران مومارەسەی دەستڕۆیشتووییەكی زۆر دەكات، كە پێموانییە ئەمریكا كارێكی زۆری لەدەست بێت لەم رووەوە، بەتایبەتی كەس لە ئەمریكا بیر لەوە ناكاتەوە كە جارێكی دیكە هێزێكی گەورەی سەربازی رەوانەی عێراق بكرێتەوە، بەڵكو ئەركەكە لە مەشقپێكردنی سوپای عێراق و هێزە ئەمنییەكانی عێراقدا كورت دەبێتەوە.
* هەروەك دەزانن لەئێستادا شەڕی دژ بە داعش لە عێراقدا بەرەوپێشچوونی بەرچاوی بەدەستهێناوە، بەڵام نیگەرانییەكە ئەوەیە دوای تێكشكاندنی داعش دۆخە سیاسییەكە بە چەشنێك رێكنەخرێتەوە كە رێگری بكات لە سەرهەڵدانەوەی گروپێكی دیكەی تیرۆریستی، كەواتە پرسیارەكە ئەوەیە ئایا دەرفەتی ئەوە لەئارادا ماوە جارێكی دیكە پرۆسە سیاسییەكە لە عێراقدا رێكبخرێتەوە، یان ئەوەتا عێراق بە تەواوەتی لەبەریەك هەڵوەشاوەتەوەو دەبێت واقیعەكە وەك خۆی لەبەرچاو بگرین؟
- سەرەتا دەبێت ئەوە بڵێم كە گروپی تیرۆریستی دیكە دروست دەبنەوە، واتە لە دوای داعشیش گروپی دیكەی تیرۆریستی دێنەئاراوە، چونكە ئەوە ئێمە بۆ ماوەی 15 ساڵە لە رووی سەربازییەوە خەریكی تێكشكاندنی بزووتنەوە سەلەفییە جیهادییەكانین، كەواتە ئەمە شەڕێكی بەردەوامە. بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە ئەم شەڕە لە دژی كێ دەكرێت؟ دەوڵەتی ئیسلامی - داعش -شكستی هێناوە لە چەسپاندنی دەسەڵاتی خۆی لەو ناوچانەدا كە دەستی بەسەرداگرتن لە عێراق و سووریادا، بەڵام تەحەددی و تەنگژەكە بۆ حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەوەیە ئایا دەتوانن بگەنە جۆرێك لە رێككەوتنی دابەشكردنی دەسەڵات لەم وڵاتە فرەنەتەوە و فرە ئایینەدا، چونكە لە رووی مێژوییەوە كورد و شیعە و سوننە هۆكاری زۆریان هەیە بۆ ئەوەی بە بێ متمانەییەوە لە یەك بڕوانن.
* ئایا پێتوایە دۆخی عێراق بە چەشنێكە كە پێشبینی ئەوە دەكرێت جارێكی دیكە و لە دوای تێكشكاندنی داعشەوە، شەڕێكی مەزهەبی و خوێناوی سەرهەڵبداتەوە؟
- لە راستیدا من باوەڕم وانییە كە لە ئایندەیەكی نزیكدا ئەگەری روودانی شەڕێكی دیكەی ئیتنی، یان مەزهەبی لە عێراقدا لەئارادا بێت، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو هێز و هۆكارانەی كە بوونەهۆی ئەوەی وڵاتەكە بەرەو لێواری شەڕی ناوخۆیی بڕوات، هێشتا لەئارادا ماون و هەمیشە لەئارادا دەبن. چونكە عێراق دەوڵەتێكی دەستكردەو بە گوێرەی بەرژەوەندییە ئیمپریالییەكان و بەبێ رەچاوكردنی خواستی پێكهاتەكانی داڕێژدراوە، دواتریش كەمینەیەك، كە عەرەبی سوننە بوو، دەسەڵاتی گرتەدەست، ئەو دەسەڵات گرتنەدەستەش لەسەر حیسابی پێكهاتەكانی دیكەی وەك شیعەو كورد بوو، هەروەها لەسەر حیسابی پێكهاتە ئیتنی و ئایینییە بچووكەكانی دیكەش بوو، لەبەر ئەوە تۆ ناتوانیت خۆت لەو مێژووە رزگار بكەیت. كەواتە تەحەددییەكە بۆ پارتە سیاسییەكانی بەغدا و پارتە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان ئەوەیە كە چۆن بتوانن سەرەڕای بوونی ئەو مێژووە و سەرەڕای ئەوەی لەم چەند ساڵەی دواییدا روویدا، بۆ نموونە، لە سایەی حكومڕانیی مالیكدا، وڵاتێكی سەقامگیر بنیاد بنێنەوە. ئەوەی پەیوەندی بە هەرێمی كوردستانیشەوە هەبێت، بە شێوەیەكی تایبەتی ئەوەیە كە چۆن ئەم هەرێمە پارێزگاری لەو ئاستە خۆبەڕێوەبەرییە بكات كە لە ماوەی 25 ساڵی رابردوودا مومارەسەی كردووە.
Top