ویلیام وۆلفۆرس پسپۆڕی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان بۆ گوڵان: ترەمپ لەسەردانەكەیدا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەوڵی دڵنیاكردنەوەی هاوپەیمانەكانی دەدات

ویلیام وۆلفۆرس پسپۆڕی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان بۆ گوڵان: ترەمپ لەسەردانەكەیدا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەوڵی دڵنیاكردنەوەی هاوپەیمانەكانی دەدات
ویلیام وۆلفۆرس خاوەنی بڕوانامەی دكتۆرایە لە زانستی سیاسی و لە ئێستادا پڕۆفیسۆرە لە كۆلێژی دارتمۆس، وانەبێژ و توێژەری بواری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانە و پتر بایەخ بە ئاسایشی نێودەوڵەتی و سیاسەتی دەرەوە دەدات. بۆ شرۆڤەو هەڵوەستەكردن لەسەر ئەو گۆڕانكارییانەی لە سیاسەتی ئیدارەی ترەمپدا لە ئاست رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هاتوونەتەئاراوە، هەروەها هەڵسەنگاندنی رێگاچارەكانی ئەمریكا بۆ ئیحتیواكردنی دەستڕۆیشتوویی ئێران لەم ناوچەیە و چەند بابەتێكی دیكەی پەیوەندیدار، گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵدا ئەنجامدا و ئەویش بەم شێوەیە بۆچوونەكانی خستەڕوو.
* بە شێوەیەكی گشتی چۆن لە سیاسەتی دەرەوەی ئیدارەی ئێستای ئەمریكا دەڕوانیت؟ ئایا بەراورد بە سیاسەتی ئیدارەی ئۆباما بە شێوەیەكی بنەڕەتی سیاسەتێكی جیاواز بەدی دەكەن؟
- لە راستیدا زەحمەتە بتوانین باس لەوە بكەین سیاسەتی كۆشكی سپی چییە، بەڵام دەتوانین بڵێین تا راددەیەك بریتییە لە درێژەپێدانی سیاسەتی ئیدارەی ئۆباما، بۆ نموونە، لە پەیوەندی بەو سیاسەتەی لە ئاست پرسی سووریادا گیراوەتەبەر. بەڵام پێدەچێت لە چەند شوێنێكی دیكەدا ئەمریكا سەركێشیی زیاتر بكات بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەكانی وڵاتەكەی، بەڵام بەشێوەیەكی گشتی دەتوانین بڵێین هێشتا سیاسەتی ئیدارەی ئێستای ئەمریكا روون نییە.
* هەروەك ئاشكرایە بڕیارە سەرۆكی ئەمریكا، دۆناڵد ترەمپ سەردانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بكات و لە میانەی ئەو سەردانەشیدا هەردوو وڵاتی سعودیەو ئیسرائیلی دەستنیشان كردووە بۆ ئەوەی لەگەڵ سەركردەكانیاندا كۆببێتەوە، پرسیارەكە ئەوەیە ئایا ئەم سەردانە لە رووی دڵنیاكردنەوەی هاوپەیمانەكان و بەرپەرچدانەوەی ركابەرەكانی ئەمریكا لە ناوچەكەدا چ پەیامێكی هەڵگرتووە؟
- لە راستیدا ئەگەر لەو سەردانانە وردببینەوە كە بەرپرسە باڵاكانی ئیدارەی ئەمریكا كردوویانە بۆ ناوچەكە، لەگەڵ ئەو سەردانانەی كە سەركردەكانی ناوچەكە كردوویانە بۆ ئەمریكا و تێیدا لەگەڵ سەرۆك ترەمپدا كۆبوونەتەوە، ئەوە بەدی دەكەین كە ئەمریكا هەوڵی دڵنیاكردنەوەی هاوپەیمانەكانی داوە بەوەی كە پابەند دەبێت بە ئیلیتزاماتە بنەڕەتییەكانیەوە، ئەمەمان لەگەڵ ناتۆ و لەگەڵ یابان و كۆریای باشووردا بینی و رەنگە هەنگاوی هاوشێوەش لەگەڵ هاوپەیمانە تەقلیدییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەدی بكەین.
* هەروەك دەزانن كە بەرپرسە باڵاكانی ئیدارەی ترەمپ بە بەردەوامی ئەوە دووبارە دەكەنەوە كە ئێران سەرچاوەی كێشەكانە و مایەی ناسەقامگیری و نائارامییە لە ناوچەكەدا، پرسیارەكە ئەوەیە چۆن ئەمریكا دەتوانێت رۆڵی ئێران ئیحتیوا بكات؟
- ئەگەر لێدوانی بەرپرسانی ئیدارەی ئەمریكا و لێدوانی سەرۆكی ئەمریكا لە ئاست ئێراندا لەبەرچاو بگرین، ئەوا دەتوانین بڵێین پێشبینی ئەوە دەكرێت ئەمریكا سیاسەتێكی توند لە ئاست ئەو وڵاتەدا بگرێتەبەر. چونكە ئەم ئیدارەیە رەخنەی لە رێككەوتنە ئەتۆمییەكەی ئێران گرتووە و راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكا و وەزیری بەرگری ئەمریكا بە ئاشكرا لێدوانی توندیان لە دژی ئێران داوە، كەواتە دەتوانین پێشبینی ئەوە بكەین سزای زیاتر بەسەر ئێراندا بسەپێنرێت كە مەرج نییە پەیوەست بن بە پرسی بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئەو وڵاتەوە. بەڵام تاوەكو ئێستا ئێمە سیاسەتێكی تۆكمەمان بەدی نەكردووە لەم رووەوە.
* ئاشكرایە چارەسەركردنی دۆخی دوای داعش و رێگریكردن لە سەرهەڵدانی گروپێكی دیكەی تیرۆریستی پێویستی بە رێككەوتنی سیاسی هەیە، پرسیارەكە ئەوەیە ئایا ئەمە مومكینە، یان عێراق بە چەشنێك دابەش بووە كە هاتنەئارای رێككەوتنێكی لەم چەشنە مومكین نییە و پێویستە ئەمریكاش لەسەر بنەمای ئەم واقیعە مامەڵە لەگەڵ عێراقدا بكات؟
- لە راستیدا من دوو رەوت لەم ئیدارەیە بەدی دەكەم، رەوتێكیان لەوەدا چڕبۆتەوە كە ئامانجی بەرزەفڕانەی هەیە و پێیوایە دەبێت دۆخی وڵاتەكە سەقامگیر بكرێت، ئەوی دیكەیان پێیوایە ئەمریكا تەنیا رۆڵێكی سنوورداری هەیە لە عێراقدا كە لەوەدا بەرجەستە دەبێت رێگری لە هەڕەشە و مەترسییەكانی سەرچاوەگرتوو لە خاكی عێراقەوە بكات، مەرج نییە ئێمە چارەسەری زۆرێك لە كێشە سیاسییەكانی عێراق، یاخود كێشەی بنیادنانی دامەزراوەكانی حوكمڕانی لە عێراقدا بكەین، كە روونیش نییە ئەم ئیدارەیە بەسەر چ لایەكی ئەم گفتوگۆیەدا ساغ دەبێتەوە.
* ئەگەر بێتو دوای داعش دۆخی عێراق جارێكی بەرەو شەڕێكی خوێناوی دیكەی نێوان شیعە و سوننە بچێت، چ رێگاچارەیەك لەبەردەم كوردستاندا دەمێنێتەوە بۆ ئەوەی خۆی لەو ئاژاوە و پاشاگەردانییە بپارێزێت؟
- لە راستیدا ئەوە پێویستی بە بڕیاری خەڵكی كوردستان هەیە، هەروەها دەبێت سەركردایەتی هەرێمەكەتان رێوشوێنی پێویست بگرنەبەر. ئەگەر دۆخەكەش بەو جۆرەی لێهات كە ئێوە ئاماژەی پێدەكەن، ئەوا ئەمریكا دەكەوێتە هەڵوێستێكی قورسەوە كە دەبێت زۆر بە وردی چاودێری بارودۆخەكە بكات.
* باشە ئەگەر بارودۆخەكە بە تەواوەتی لە عێراقدا بەرەو داڕووخان چوو، ئایا گرتنەبەری رێگای سەربەخۆیی لەلایەن كوردستانەوە رێگاچارەیەكی عەمەلی و سەركەوتوو نابێت؟
- ئەم بارودۆخەی ئێوە باسی دەكەن دەمانباتەوە سەر پرسی دابەشبوونی عێراق، ئیدی دابەشبوونی رەسمی و دانپێدانراو بێت، یاخود دابەشبوونی ئەمری واقیع بێت، ئەوەی لە ئێستادا بەدی دەكەین بریتییە لە جۆرێك لە نیمچە دابەشبوون، كە تا ئێستاش ئەمریكا بە هیچ شێوەیەك ئامادە نەبووە بۆ پشتیوانیكردن لەو رێگاچارەیە لە عێراقدا. ئەوەی پەیوەندی بە ئیدارەی ئێستای ئەمریكاوە هەبێت، ئەوا هەروەك ئاماژەم پێكرد، تاوەكو ئێستا سیاسەتێكی چالاكی نییە لەم رووەوە.
* چۆن لە بڕیاری ئەم دواییە ئیدارەی ترەمپ دەڕوانیت لە پەیوەندی بە پێدانی چەك بە هێزەكانی سووریای دیموكراتییەوە؟
- لە راستیدا ئەگەر من لە حكومەت بوومایە نەمدەزانی چ بڕیارێك بدەم، بەڵام ئاشكرایە ئەم لایەنە –هێزەكانی سووریای دیموكرات- یەكێكە لە هێزە كاریگەرەكان لە شەڕی دژ بە داعشدا، من پێموایە كە رەنگە جۆرێك لە رەزامەندی پەنهانی هەبێت لەلایەن توركیاوە، چونكە راستە توركیا كاردانەوەیەكی جددی پیشان دا، بەڵام لەوە كەمتر بوو كە چاوەڕوان دەكرا. هەروەها ئەگەر من لە جێی یەپەگە بوومایە، ئەوا دڵنیا نەدەبووم لەوەی كە ئەم هاوكارییانە بەردەوام بن. هەرچۆنێك بێت، ئەمە بژارەیەكی زۆر زۆر سەختە، بەڵام لەبەر ئەوەی بەرپرسانی ئیدارەی ترەمپ بەڵێنی ئەوەیان دا كە بەرەوپێشچوون لە شەڕی دژ بە داعشدا بەدەست بهێنن، ئەوا دەستەبەركردنی هاوكاری بۆ كوردان دەرفەتێكی باشە بۆ جێبەجێكردنی ئەو بەڵێنانە.
* ئایا دەبێت ئەمریكا چۆن مامەڵە لەگەڵ رووسیادا بكات، بەتایبەتی كە ڤلادمیر پوتین پێیوایە وڵاتەكەی لەسەر ئاستی جیهانی هێزێكی هاوشانی ئەمریكایە، ئایا رووسیا دەتوانێت لە چارەسەركردنی كێشەكانی ئەم ناوچەیەدا رۆڵێكی ئیجابی ببینێت؟
- لەو باوەڕەدام كە ئەگەر ئەمریكا بیەوێت ئەو كاولكارییەی شەڕی ناوخۆیی سووریا سنوردار بكات، ئەوا دەبێت جۆرێك لە هاوكاری لەگەڵ رووسیادا دروست ببێت. رووسیا ئەو هێزە دەستڕۆیشتووە نییە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا وەك ئەوەی خۆی نمایش دەكات، بەڵام بە دڵنیاییەوە هێزێكی دەستڕۆیشتووە لە سووریادا، لەبەر ئەوە رەنگە دەرفەتی ئەوەش هەبێت كە جۆرێك لە هاوكاری رووبدات لەگەڵ رووسیادا لە پەیوەندی بە دۆخی سووریاوە.
Top