ئیبراهیم خالید : پەكەكە باوەڕی بە ململانێی سیاسی نییە و ئەركی ئەو دوژمنایەتی و دژایەتیی نەتەوەی خۆیەتی
May 23, 2017
دیمانەی تایبەت
ئیبراهیم خالید حەسەن سیاسەتمەداری باكووری كوردستان و شارەزا لە بواری پەكەكە، لەساڵی 1986 كاتێك قوتابی بووە لە زانكۆ، پەیوەندی بە رێكخستنەكانی پەكەكەوە كردووە. لە ئێستادا وەك سیاسەتمەدارێكی سەربەخۆ كاردەكات و ریزەكانی پەكەكەی جێ هێشتووە، ئەم سیاسەتمەدارە و لە ئاست پەكەكە دیدوبۆچونی رەخنەگرانەی هەیە، لە میانەی ئەم دیمانەیەشیدا لەگەڵ گوڵان، تیشك دەخاتەسەر سەر تێڕوانین و هەڵوێست و سیاسەتەكانی پەكەكە و هەڵە و كەم و كوڕییەكانیان دەستنیشان دەكات.* پەكەكە دژی خواستەكانی نەتەوەیی كورد راوەستاوە و بەئاشكرا دژایەتی خۆی بۆ دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان راگەیاندووە، ئایا پەكەكە بۆ بەرژەوەندیی كێ دژایەتی خواستی نەتەوەیی كورد دەكات؟
- لەساڵی 1986 كاتێك قوتابی بووم لە زانكۆ بۆ بەدیهێنانی خەونی گەلی كورد كە دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان بوو، من و چەند هاوڕێیەكم پەیوەندیمان بە رێكخستنەكانی پەكەكەوە كرد، بەڵام كاتێك ئۆجەلان گیرا، پەكەكە وتی بە ئاشتی و كاری سیاسی خەبات بۆ بەدیهێنانی خواستی نەتەوەیی دەكەین، دواتر رایانگەیاند سەربەخۆییان ناوێت و خەبات بۆ بەدەستهێنانی مافی تاكەكەسی لە چوارچێوەی دەستووری توركیای دیموكرات دەكەن. ئەمە لە كاتێكدا ئێمە بۆ ئەوە چووینە ناو پەكەكەوە كە دەوڵەتمان هەبێت و ئاڵای خۆمان هەبێت، هەر بۆیە ئێمەیان دڵسارد كردەوە، ئەگەرنا ئێمە دوژمنی پەكەكە نین، چونكە هەر كەسێك لە هەر پارچەیەكی كوردستان خەبات بكات، ئێمە رێزی لێدەگرین، بەڵام خۆ دەبێت رەخنە لە سیاسەتی هەڵەش بگرین، كەواتە ئێمە پێمانوایە ئەوەی پەكەكە دەیكات ئەنجامی نابێت و هەڵە دەكات، ئەو هەڵانەش كێشەی كورد چارەسەر ناكەن، بەڵكو قووڵتری دەكەنەوە. دواتر ئەگەر باسی هۆكاری ئەوە بكەین بۆچی پەكەكە شێوازی كاركردنی خۆی گۆڕی، من پێموایە پەكەكە بۆی دەركەوت كە ناتوانێت دەستكەوتی زیاتر بەدەست بهێنێت بەهۆی شەڕەوە، ئەویش بەهۆی دروستبوونی چەكی نوێ و توانای حكومەت بۆ چاودێرێكردنی بەردەوام و پەكەكەش ناتوانێت بە شێوازی شەڕی گەریلایی تەقلیدی بەرگری لە خۆی بكات لە هەموو شوێنێك و هەر لە شەڕێكیشدا زیانێكی گیانی زۆری بەردەكەوت، راستە هەمیشە كورد ئامادەیە بۆ ئەوەی گیانی خۆی فیدا بكات، بەڵام ئەو گیانفیداكردنە لە پێناوی دەوڵەتدایە، نەك لە پێناوی مەسەلەیەكی حزبیدا.
* ئەوەی جێگەی نیگەرانییە؛ پەكەكە لەدوای كارەساتی شنگال بۆتە هاوپەیمانی حەشدی شەعبی و ئێران كە هەردووكیان دەیانەوێت پرۆسەی ریفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستان رابوەستێت، ئایا ئەمە دەرئەنجام زیان بە پەكەكەش ناگەیەنێت؟
- كاریگەری و دەستڕۆیشتوویی ئێران لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لە كاریگەریی توركیا زیاترە، پەكەكەش چووەتە بەرەی شیعە و لەگەڵ ئێران و رژێمی بەشار ئەسەد جموجوڵ دەكات، ئاشكرایە ئێران و سووریاش دژی هەرێمی كوردستانن. ئێرانیش بە ئاشكرا ئەمەی راگەیاندووە. بێگومان بوونی پەیوەندی لەسەر بنەمای دراوسێیەتی شتێكی ئاساییە، بەڵام ئەوەی پەكەكە دەیكات كارێكی زۆر هەڵەیە كە ببێتە بەشێك لەو هێزە سیاسی و دیپلۆماسی و بگرە سەربازییەی كە ئێران و سووریا دروستیان كردووە و لە بەشێكیدا بەكاری بهێنن بۆ دژایەتی كوردستان. چونكە راستە ئێران لە رواڵەتدا خۆی بە دۆستی كورد لە قەڵەم دەدات، بەڵام لە پشت پەردەوە و لە رێی حەشدی شەعبی و شیعەی عێراق و رژێمی سووریاوە دژایەتی هەرێمی كوردستان دەكات. هەر بۆیە پێویستە پەكەكە ئەو راستییانەی لەبەرچاو بێت و ئەو كارانە بەرامبەر هەرێمی كوردستان نەكات، من وەك سیاسەتمەدارێكی سەربەخۆ و كەسێك كە پێشتر لە نێو پەكەكەدا بووم، هیواخوازم كە پەكەكە بە هیچ شێوەیەك دژی هەرێمی كوردستان رانەوەستێت، واتە نابێت ئەم دەستكەوت و ئەزموونەی ئێرە لەناوبچێت، چونكە ئەمە بە زیانی پەكەكە و باكوور و رۆئاواش دەشكێتەوە. ئەوەتا هەرێمی كوردستان بۆتە داڵدەدەری ئەو هەموو حزبە كوردییانەی بەشەكانی دیكە و بۆتە جێی ئارامی بۆ ئەو كوردانەی لە بەشەكانی دیكەدا نەیانتوانیوە بمێننەوە، لەبەر ئەوە لەبارچوونی ئەزموونی هەرێمی كوردستان دەبێتە شكست و كارەساتێكی گەورە بۆ هەر چوار پارچەی كوردستان.
* وەكو ئاماژەت پێدا ئێستا پەكەكە دژی دەوڵەتی كوردستانە و بانگەشە بۆ ئەوە دەكات كە نابێت باس لە دەوڵەت بكرێت، تەنانەت دژی ئاڵای كوردستانیشە، ئایا ئەم هەڵسوكەوتانە لەلایەن كوردانی باكوورەوە چۆن خوێندنەوەی بۆ دەكرێت؟
- پەكەكە لە هەمو حزبەكانی دیكەی كوردستان زیاتر باسی لە كورد و كوردستانی كردووە، بەڵام هەر لە سەرەتای دروستبوونیەوە تاوەكو ئێستا ئاڵای كوردستانی زۆر بە لاوە گرنگ نەبووە، بەڵكو زیاتر بایەخی بە ئاڵای حزبی و دەستكەوتی حزبی داوە. ئەوەش چۆن جێی گومان، یاخود دڵتەنگییە بۆ ئێوە، بۆ منیش هەر وایە. چونكە دەبێت ئاڵای كوردستان لەسەرووی ئاڵای هەموو حزبێكەوە بێت، دەبێت بەرژەوەندی كوردستان لەسەرووی هەموو بەرژەوەندییەكی حزبییەوە بێت. بەڵام هەروەك ئاماژەم پێكرد پەكەكە پتر بایەخ بە پرسی حزبی دەدات، مەبەستم ئەوەیە پەكەكە باوەڕی بە هاوبەشی نییە لە بڕیاردان و بەڕێوەبردنداو پێیوایە دەبێت هەموو شتێك لەژێر ركێفی خۆیدا بێت، ئەوەش لەگەڵ هەل و مەرجی كوردستان و هیچ پێوەرێكی دیپلۆماسی ناگونجێت، دواتر ئەوەی پەكەكە دەیەوێت تاك حزبییە، ئەوەش مەترسییە، چونكە لەو حاڵەتەدا بەرهەڵستی و رای جیاواز نامێنێت و دەتوانێت خۆی بەسەر هەموو كوردستان و حزبەكانی كوردستاندا بسەپێنێت، ئەوەش مەترسیدار و زیانبەخشە.
* بەڵام ئێستا لەدوای پەیماننامەی سایكس پیكۆ دەرفەتێكی مێژوویی بۆ باشووری كوردستان هاتۆتە پێشەوەو بەدەستهێنانی سەربەخۆیی و دەوڵەتی كوردستان لەم پارچەیەی كوردستاندا هەلێكی گەورەیە، بۆچی پەكەكە دەیەوێت ئەم هەلە لەدەست بدەین؟
- دوای زیاتر لە 100 ساڵ لە رێككەوتنی سایكس پیكۆ دەوڵەتە داگیركەرەكانی كوردستان لە رووی سەربازی و سیاسی و بەهۆی ناكۆكییەكانیان لەگەڵ هێزە مەزنەكانی جیهان لاواز بوون، واتە لە ئێستادا هەلێكی مێژوویی دروست بووە بۆ راگەیاندنی دەوڵەتی كوردستان، كە ئەگەر لەدەستمان بچێت، ئەوا رەنگە 100 ساڵی دیكە ئەم هەلە دروست نەبێتەوە، چونكە لە مێژووی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئەمە وەك خەونێك وایە و هاوكاری ئەمریكا و ئەوروپاش ئەم كارەی ئاسان كردووە، بەدڵنیاییەوە نابێت خەبات و تێكۆشانی خۆشمان لەبەرچاو نەگرین. من باوەڕم وایە ئەگەر پەكەكە رێزی لە یەكڕیزی و ئاڵای كوردستان بگرتایە، ئەوا هاوكارێكی زۆر باش دەبو بۆ هاتنەدی ئەم دەوڵەتە، بەڵام بەداخەوە پەكەكە بەپێچەوانەوە رەفتار دەكات، كەسیش تێناگات پەكەكە دەیەوێت چی بكات، هەر رۆژەو بانگەشەیەك دەكات، رۆژێك بۆ فیدڕاڵی، رۆژێك بۆ حوكمی زاتی، جارێك بۆ كانتۆن، بەڵام هەرچۆنێك بێت، ئەم سیاسەتەی پەكەكە مەترسی لەسەر ئایندەی كوردستان دروست دەكات و بە زیان دەشكێتەوە لەسەر پاشەڕۆژی كوردستان. هەوڵدان بۆ دروستكردنی كانتۆن لە باشووری كوردستان، بۆ نموونە لە شەنگال، زۆر هەڵەیە و زۆریش مەترسیدارە، بۆچی؟ لەبەر ئەوەی ئەوە یەكەم جارە كوردانی ئێزیدی دوای ئەو كارەسات و كوشتارەی بەسەریاندا هات، دەرفەتی ئەوەیان بۆ دروست بووە، خۆیان لەژێر دەست بەغدا رزگار بكەن و ببنە بەشێك لە هەرێمی كوردستان، بۆیە هەوڵەكانی پەكەكە لەو دەڤەرە زیان بە خەڵكی ئێزیدیش دەگەیەنێت. دواتر ئەمە دەبێتە سەنگەرێك بۆ ئێران و عێراقیش، كەواتە تەنانەت ئەگەر پەكەكە بە حیسابی خۆی نیازی باشیشی هەبێت، ئەوا دەرئەنجامە عەمەلییەكە ئەو زیان و مەترسییانە بە دوای خۆیدا دەهێنێت. ئەگەر ئەوان هەر پێداگیری لەسەر دروستكردنی كانتۆن دەكەن، ئەوا هەرێمی كوردستان بۆ خۆی كانتۆنێكی گەورەیەو چ پێویست دەكات وەك داگیركەرانی كوردستان بێن دابەش و پارچەپارچەی بكەن.
* كەواتە مەبەستی سەرەكی پەكەكە لەشنگال و نانەوەی ئاژاوەو پشێوی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە ئەو ناوچەیە نەگەڕێتەوە سەر هەرێمی كوردستان و ئاوەدان نەكرێتەوە، ئایا پەكەكە بۆ رووناكاتەوە باكوور و لەوێ خەبات بكات؟ بۆچی دەبێت رێگر بێت لە ئاوەدانكردنەوەی شنگال و لە گەڕانەوەی كوردانی ئێزیدی بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان؟
- لە سەرەتای هێرشی داعش بۆ سەر شنگال، پەكەكە هەوڵیدا هاوكاری كوردانی ئێزیدی بكات و ئەوەش جێی دڵخۆشی هەموو كوردێك بوو، تا ئێستاش سوپاسی ئەو هەوڵەیان دەكەین لەو كاتەدا، بەڵام ناكرێت پەكەكە ئەو هەل و مەرجە بقوزێتەوە و بڵێت دەبێت ئەم دەڤەرە لەژێر دەسەڵاتی ئێمەدا بێت و ئێمە هەتا هەتایە لێرە دەمێنینەوە، ئەمە هەڵەیە، ئێوە بینیتان پێشمەرگە هاوكاری كۆبانێی كردو دوای رزگاربوونی گەڕایەوە كوردستان، ئەوە رووداوێكی زۆر گرنگە لە مێژووی كوردستاندا و جێی شانازییە و دەبوو پەكەكەش لە شنگال هەمان كاری بكردایە، هەروەها دەبوو پەكەكە هاوكار بووایە لەوەی شنگال زووتر بگەڕێتەوە سەر هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی سوودی زیاتر لە هەرێمی كوردستان وەربگرێت. بەڵام پێداگیری پەكەكە لەسەر مانەوەی لە شنگال وەك ئەوەیە كە پەكەكە لەبەر خاتری خەڵكی ئێزیدی نەهاتبێتە ئەم دەڤەرە، بەڵكو لە پێناوی مانەوە و جێگیركردنی هێزی خۆی و بۆ بەرژەوەندی خۆی رووی لەو ناوچەیە كردبێت. بەڵام ئێستا ئەوەتا مانەوەی پەكەكە لەو دەڤەرەدا بۆتە پاساوی دەستتێوەردانی توركیاش، كەواتە دەبوو پەكەكە دۆخی ناسكی كوردستانی رەچاو بكردایە.
* دژایەتیی پەكەكە بۆ پێشمەرگەی كوردستان تەنیا بۆ ویستی وڵاتانی داگیركار دەگەڕێتەوە، یا بۆ بیروباوەڕی پەكەكە؟
- ئەوەندەی من لە پەكەكە تێگەیشتووم ئەوا لە ئێستادا پەكەكە ململانێی سیاسی ناكات، بەڵكو دوژمنایەتی سیاسی دەكات، ئەوە نەریتێكی لە مێژینەی پەكەكە بووە، واتە هەر لە سەرەتاوە هەر حزبێكی دیكە دروست بووبێت، لەبری ئەوەی ململانێی لەگەڵدا بكات، راستەوخۆ كەوتۆتە دوژمنایەتیكردنی. پێشتر ئەم كارەی لەبەرامبەر حزبەكانی باكوور دەكرد، ئێستاش ئەم كارە لەگەڵ پێشمەرگە دەكات كە رەمزی كوردستانە، ئەمەش لە بەرژەوەندی عێراق و ئێران و سووریا و بگرە توركیاش دەشكێتەوە.
* سەبارەت بە باكووری كوردستان، ئایا رۆڵی پەكەكە چی بووە لەو بەشەی كوردستاندا؟ ئایا چ زیانێكی بە هەدەپە گەیاند و ئایا ئەوەی پێی دەڵێن شەڕی خەندەقەكان چ ئاكامێكی لێكەوتەوە؟
- دوای سەركەوتنەكانی هەدەپە لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكە و بەدەستهێنانی80 كورسی، ئەو پارتە دەیتوانی ببێتە هێزێكی گەورەی یاسایی لە ناو پەرلەمان و تەنانەت هاوپەیمان و شەریك لە نێو حكومەتدا، بەڵام بەداخەوە سوودیان لەم دەرفەتە وەرنەگرت و لەبری ئەوە چوون شەڕی خەندەقیان هەڵگیرساند، كە مایەی زیان بوو بۆ گەلی كورد و شار و گوندە كوردییەكانی تێدا وێران كرا، زۆرجار من بۆ خۆم دەپرسم: ئایا پەكەكە بۆ ئەم كارەی كرد؟ خۆ ئەو شارانە شاری خۆی بوون، مەبەستم ئەوەیە شارەدارییەكان بەدەستی خۆییەوە بوون، واتە بەدەست بەرپرسانی هەدەپەوە بوون لە ئامەد و جزیرە و سلۆپی و شرناخ و جولەمێرگ، بەڵام پەكەكە هات ئەو دەستكەوتانەی بە خەبات و خوێنڕشتنی سی ساڵە بەدەست هاتن، هەمووی لە ناوی بردن و كردیە قوربانیی سیاسەتێكی هەڵە.
* بۆچوونتان چییە لەسەر پەلكێشكردنی گەنجانی خوار 18 ساڵ لەلایەن پەكەكەوە كە دواتر مەشقیان پێدەكەن و دەیاننێرنە بەرەكانی شەڕ؟
لە راستیدا ئەو گەنجانەی تەمەنیان لە 14 و 15 ساڵیدایە، هێشتا نازانن شەڕ چییە، ئەو كەسانە پێویستیان بە خوێندن و ژیانی ئارام هەیە، بەڵام پەكەكە بە بێ گوێدانە یاسای نێودەوڵەتی كە رێگری لەوە دەكات كەسانی خوار 18 ساڵ شەڕیان پێبكرێت، هەروەها بە بێ لەبەرچاوگرتنی قۆناغی تەمەنیان و دایك و باوك و خێزانەكانیان ئەو منداڵانە بەكار دەهێنێت و تەنانەت منداڵی تەمەن 10 تا 12 ساڵی لە ناو پەكەكەدا بوون كە لە نێو رەوشی شەڕدا گەورە بوون.