دانا جەزا عەلی : ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی رێگری سیاسی گەورەی لەبەردەمە بۆیە ناتوانین وەك پێویست خزمەتی خەڵك بكەین

دانا جەزا عەلی : ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی رێگری سیاسی گەورەی لەبەردەمە بۆیە ناتوانین وەك پێویست خزمەتی خەڵك بكەین
پارێزگاری سلێمانی بەوەكالەت ماوەیەك پێش ئێستا دەستی لەكار كێشایەوەو ئێستا جێگری دووەمی پارێزگار ئەركەكانی پارێزگاری سلێمانی رادەپەڕێنێت، ئەمەش مانای ئەوەیە كێشەی سیاسی بەرۆكی كارەكانی ئەنجومەنی پاریزگا و هەڵسووڕاندنی كارەكانی پارێزگای گرتووە، بۆ قسەكردن لەسەر كێشە و گرفتەكانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئەم دیمانەیەمان لەگەڵ دانا جەزا عەلی كاتب ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەنجامداو بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە.
* لەدوای هەڵبژاردنەكانی ساڵی 2013 هەتا ئێستا جۆرێك لە ناسەقامگیری لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی هەستی پێدەكرێت، هەر لە كێشەی رێككەوتنی گۆڕان و یەكێتی لەسەر پرسی پارێزگاری سلێمانی كە ماوەیەكی زۆری خایاند، تا دەست لەكار كێشانەوەی پارێزگاری سلێمانی بەوەكالەت، ئایا ئەدای ئەنجومەنی پاریزگای سلێمانی لەماوەی ئەم چوار ساڵەدا چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

- لەماوەی سێ ساڵی رابردوو رێگری گەورە لەبەردەم ئەو كارانەی لەبەرنامەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بووە و ئەوەی لەدەسەڵاتی ئێمەدا بووە بۆ خەڵكی سلێمانی بكەین، رێككەوتنی سیاسیی نێوان یەكێتی و گۆڕان و ململانێ سیاسییەكانی نێوخۆی سلێمانی كاریگەری نەرێنی لەسەر گەشەپێدانی پارێزگای سلێمانی هەبووە. بەو پێیەی گەشەپێدانی ئابووری و ئیداری و كۆمەڵایەتی پێویستی بە كۆمەڵێك فاكتەر هەیە، كە گرنگترینیان سەقامگیری سیاسی و ئابوورییە بۆ ئەوەی كار بۆ خەڵكی بكەین، هەروەها ململانێ ناوخۆییەكانی یەكێتی و گۆڕان و زۆرجار ململانێی نێوان لایەنەكانی دیكەش وایكردووە پارێزگای سلێمانی شوێنێكی گونجاو و لەبار نەبێت بۆ وەبەرهێنان، چونكە وەبەرهێنان و سەرمایە لەشوێنێكی ناسەقامگیری پڕ لەكێشمەكێش كارناكات، لەلایەكی تر بەو پێیەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەدوو لایەنی سەرەكی یەكێتی و گۆڕان پێكدێت و خۆشیان پێكهێنەری كابینەی حكومەتی خۆجێیەتی سلێمانین، بۆیە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە ئەركی سەرەكیی خۆی كە چاودێری و بەدواداچوونی كارەكانی دەسەڵاتی جێبەجێكارە لە پارێزگاكە سەركەوتوو نەبووەو لێپرسینەوەكان لە ئاستی ویست و خواستەكانی ئێمەدا نەبووە.
* بۆچی هەڤاڵ ئەبوبەكر نەبووە پارێزگاری سلێمانی؟ ئایا كێشەیەكی یاسایی هەبوو لە ناو ئەنجومەنی پارێزگادا كە ببێتە رێگر لەبەردەم بوونی هەڤاڵ ئەبوبەكر بە پارێزگاری سلێمانی؟
- بەپێی ماددەی 18ی یاسای ژمارە 3ی ساڵی 2009 ئەو كەسە دەتوانێت ببێت بە پارێزگاری سلێمانی كە پاڵێوراو بێت لەلایەن ئەنجومەنی پارێزگارو دەنگیش بە زۆرینە بێنێت و خۆیشی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا بێت، بەڵێ ئەو كەسەی كە دەبوو ببێت بەپارێزگاری سلێمانی، دكتۆر هەڤاڵ ئەبوبەكر بوو، چونكە ئەندامی ئەنجومەن بوو، دەنگی پێویستیشی هێنابوو، بەڵام كێشە سیاسییەكان وایكرد كە كێشەی یاسایی بۆ دكتۆر هەڤاڵ ئەبوبەكر دروست بكات. دكتۆر هەڤاڵ ئەبوبەكر مانعی نەبوو كە مەرسومی سەرۆكایەتی هەرێمی بۆ دەربچێت، بەڵام بزووتنەوەی گۆڕان ئەو فشارەی دروستكرد كە ئەمە جێبەجێ نەبێت، واتا گۆڕان خۆی نەیویستووە هەڤاڵ ئەبوبەكر ببێت بەپارێزگاری سلێمانی، رەنگە لەسەرەتاوە فشاری یەكێتی بووبێت، یا مەسەلەیەكی دیكەی لە پشتەوە بێت، لەلایەكی ترەوە دكتۆر هەڤاڵ ئەبوبەكر نە پارێزگاری سلێمانییە،نە ئەندامی بزووتنەوەی گۆڕانە، نە سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیشە و وەكو ئەندامی ئەنجومەنیش دەوامەكەی خۆی بەپێی پێویست ناكات.

* پارێزگاری سلێمانی بەوەكالەت دەستی لەكار كێشاوەتەوە و بەحیساب دەبێت جێگری دووەمی پارێزگار كاروبارەكانی پارێزگای سلێمانی بەڕێوە بەرێت، ئەگەر بزووتنەوەی گۆڕان كاندیدێكی دیكە لە جێگەی سەردار قادر دابنێت بۆ بوونی بە پارێزگاری سلێمانی، ئایا ئەو رێوشوێنە یاساییانە چین كە پێویستە ئەنجومەنی پارێزگا بۆ ئەم مەبەستە بیگرێتەبەر؟
- یەكێك لە هۆكاری ئەو قەیرانە سیاسی و داراییانەی كە گرفتی بۆ پارێزگای سلێمانی دروست كردووە، بزووتنەوەی گۆڕانە؛ لەراستیدا بزووتنەوەی گۆڕان هەڵسوكەوتی سیاسییان لەگەڵ ئەم كەیسە كردووە و ئەوەش وایكردووە كێشەی یاساییش دروست بكەن، لەكاتێكدا گۆڕان دەیتوانی هەموو ئەو كێشانە تێپەڕێنێت و كێشە سیاسییەكان تێكەڵ بە وەرەقەی یاساییەكان نەكات بۆ ئەوەی بەپێی ئەو رێككەوتنەی هەیانبوو پۆستی پارێزگار وەربگرن. لەساڵی 2014 هەشت مانگ بە دەست كێشەی پارێزگارەوە ناڵاندمان كە یەكێتی و گۆڕان نەدەگەیشتنە رێككەوتن. سەبارەت بەپرسی كاك سەردار كە پارێزگار نەبووە و مەرجی بوون بە پارێزگاری تێدا نییە، ئەو پیاوێكی بەڕێزە، بەڵام بەیاسا ناتوانین پێی بڵێین پارێزگار لەبەر ئەوەی هەڵبژێردراوی ئەنجومەن نییە، بەداخەوە رێكەوتنی دوو ساڵەی گۆڕان بۆ بەڕێوەبردنی ئەركەكانی پارێزگا كاریگەری سلبی زۆر گەورەی لەسەر رەوشەكە هەبووە، من نازانم لەم دۆخەدا چ پارێزگارێك هەیە بتوانێت بە دوو ساڵ بەرنامەكەی خۆی جێبەجێ بكات. ئەمە غەدرێك بوو لەپارێزگای سلێمانی كرا، ئەگەر بزووتنەوەی گۆڕان و یەكێتی خەمخۆری سلێمانی بوونایە، دەبووایە بەهەردووكیان پارێزگارێكیان بۆ ئەو چوار ساڵە هەڵبژێردایە، با جێگری پارێزگارەكە لەحزبەكەی تر بووایە و ئەگەر لایدا چاودێری بكردایە.

* ململانێ سیاسییەكەی نێوان یەكێتی و گۆڕان روون و ئاشكرایە بەڵام ئایا رۆڵی پارتی چییە؟
- بەو پێیەی دەسەڵاتی یەكەم لە سنووری پارێزگای سلێمانی لای یەكێتی نیشتمانی كوردستانە؛ جێگای داخیشە لەم دواییەدا ململانێی گەورە كەوتە ناو سەركردەكانی ئەو حزبەوەو دواتر بزووتنەوەی گۆڕانی لێ جیابووەوە، ئەمەش بووە سەرەتای قۆناغێكی درێژخایەنی ململانێیەكی قووڵ لەپارێزگای سلێمانی كە كاریگەری هەبوو لەسەر هەموو جومگە و سێكتەرەكانی پارێزگاكە، كاتێكیش ململانێ لەناو خودی یەكێتی دروست بووەوەو وەكو خۆشیان وتوویانە ململانێكە لەسەر ئایدیۆلۆژیا نەبووە، بەڵكو لەسەر دەسەڵاتی سیاسی و دارایی و ئیداری بووە، دەرئەنجام ململانێكە كاریگەری خراپی لەسەر سەرجەم سێكتەرەكان و هاووڵاتیانیش هەبووە. هەڵەیەكی دیكە كە بزووتنەوەی گۆڕان كردی، ئەو رێككەوتنەی بوو لەگەڵ یەكێتیدا، بەمەش دووفاقییەك بۆ بزووتنەوەی گۆڕان دروست بوو، لەلایەك لەحكومەتی هەرێم هاتوونەتە دەرەوە و دژایەتی حكومەت دەكەن، لەلایەكی ترەوە چوونەتە ناو حكومەتێكی خۆجێیی سلێمانییەوە و لەناو دەسەڵاتدان، ئەم پشێوی و بێسەروبەری و دوو سیاسەتییە كاریگەری نێگەتیڤی لەسەر خودی بزووتنەوەكەش دروستكردووە. من دڵنیام جەماوەری بزووتنەوەی گۆڕان لەقۆناغی داهاتوو سزای بزووتنەوەكە دەدەن.
* ماوەیەك بزووتنەوەی گۆڕان سوور بوو لەسەر ئەوەی كە بەدواداچوون لەسەر داهاتی سلێمانی بكات، بۆ ئەم مەبەستە لیژنەیەكیش پێكهات، بەڵام وادیارە ئێستا ئەو لێژنەیە كارناكات، ئایا كرۆكی سەرەكیی كێشەی داهاتی سلێمانی چییە؟ ئایا بۆ ناتوانرێت لەسەر داهاتی سلێمانی هیچ روونكردنەوەیەك بدرێت؟
- مەسەلەی داهاتی سلێمانی بابەتێكی زۆر قووڵ و وردە، لەنێوان ساڵانی 2007 تاكو 2013 نزیكەی 23 ملیار دۆلار هاتووە بۆ هەرێمی كوردستان، لەو پارەیە نزیكەی 11.5 ترلیۆن دینار بۆ پارێزگای سلێمانی بووە، ئەو كاتە وەكو بودجەی گەشەپێدانی پارێزگاكان خەرج كراوە، بەڵام ئەو كاتەش نەتوانراوە ئەو بڕە پارەیە وەكو پێویست خەرج بكرێت، تەنیا 50%ی ئەو پارەیە بۆ پڕۆژەكان خەرج كراوە، ئەمەش لەبەر نەبوونی بەرنامەو كێشەو ململانێی سیاسی پارێزگاكە، بگرە لەو 50%ی گەڕاوەتەوە بۆ گەنجینەی حكومەتی عێراق و بەكار نەهاتووەو پارەكە لەدەست دەرچووە، مەسەلەی داهاتی سلێمانی لەمەوە درێژ بووەتەوە بۆ ئێستا بە رادەیەك سەرەڕای ئەوەی ژمارە و داتاكان ورد و شەفاف نییە، بەڵام دەتوانرێت داهاتی سلێمانی پارەكەی بەكاش نەك بەچەكی بانكی مانگانە لەنێوان 50 بۆ 70 ملیار دینار بخەمڵێندرێت، ئەمە جگە لەداهاتی نەوتی واتا ئەو داهاتە تەنیا داهاتی خاڵی سنووری و باج و هاتوچۆو شارەوانی و رسوماتی خزمەتگوزاری كارەباو تادوایی دەگرێتەوە، ئەم داهاتەش تەنیا وەكو ژمارە باس دەكرێت، نەك بەكارهێنان كە ناڕوونییەكی لە رادەبەدەری تێدایە، نە لە ئەنجومەنی پارێزگا وردەكاری لەسەر داهاتی ناوخۆی سلێمانی هەیە، نە وەكو جەنابی پارێزگاریش وردەكاری لەسەری هەیە، كاك سەرداریش لەكۆنگرە رۆژنامەوانییەكەیدا باسی ئەم ناشەفافی و ناڕوونییەی لەداهاتی ناوخۆی سلێمانی كرد، تەنانەت لەنێوان لایەنە سیاسییەكان كە لەسلێمانی رێككەوتنیان لەنێواندا هەیە، داهاتی ناوخۆ روون نییە. بەپێی زانیارییەكانمان ئەو داهاتانە ناچنەوە هەولێرو بەناوی بودجەی بەكارهێنان (تشغیلی) بەكار دەهێنرێت بۆ خودی بەڕێوەبردنی فەرمانگەو بەڕێوەبەرایەتی و دامودەزگاكانی سنوورەكە، بەڵام داهاتی سلێمانی چەندەو چەندی لێ بەكار دێت و چۆن خەرج دەكرێت و چەندی بەكار نایەت و وەلا دەنرێت و دەیان پرسیاری تر لەلای ئێمە وەكو ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی روون و دیار نییە.
* لەماوەی رابردوو پارێزگای سلێمانی كۆمەڵێك رێوشوێنی بۆ رێكخستنی شاری سلێمانی دەركرد، وەك نەهێشتنی عەرەبانە و زیادەڕۆیی ئەو كەسانەی لەسەر شەقامەكان شت دەفرۆشن، بێگومان ئەم بڕیارانەی پارێزگار لەلایەن ئەنجومەنەوە پەسەندكراون، بەڵام ناڕەزایی خەڵكیشی لێكەوتەوە، ئایا لەسەر چ بنەمایەك ئەو بڕیارانە دەركراون، لە كاتێكدا كوردستان لە قەیرانێكی گەورەدایە؟

- ئێمە وەكو ئەنجومەن رەچاوی مافی خەڵك و بارودۆخەكە دەكەین، لەسەر ئەم رێوشوێن و بڕیارانەی كە پارێزگا پەیڕەوی كرد، ئەنجومەن لێی ئاگادار نەبوون، پرۆسەیەك بوو تەنیا وەكو دەسەڵاتی جێبەجێكار پارێزگار و قایمقامی شاری سلێمانی ئەم بەرنامەیەیان هەبووە و جێبەجێیان كردووە، بەمەبەستی رێكخستنی ناو شارو نەهێشتنی زێدەڕۆیی بووە، بەپێی یاساو عورفە پەیڕەوكراوەكە ئەو پرۆژەو بڕیارانە دەبووایە بێتە ناو ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی و گفتوگۆ و تاوتوێی بكات و پەسەندی بكات، یاخود رێنمایی و تێبینی خۆی هەبێت و دوای دەستكاریكردن پەسەندی بكات، هەربۆیە ئەم كارەی پارێزگای سلێمانی و قایمقامی شار خاڵێكی لاوازی بەرنامەكەیان بوو، راستە وەكو ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دژایەتی پرۆسەكە نەكرا، بەڵام وەكو ئەندامانی ئەنجومەن بە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لەكۆبوونەوەدا داوامان لێكردن كە بەڵێ ئێمە لەگەڵ جێبەجێكردنی یاساداین و لەگەڵ ئەو بڕیارەی حكومەتی هەرێمی كوردستانین بۆ دژایەتیكردنی زیادەڕۆیی بەهەموو شێوەیەك و هاوكار دەبین لەو پرۆسەیەدا، بەڵام دەبێت سەرجەم پرۆسەكە بە بەرنامە بێت و تاوتوێ بكرێت و دیراسەی هەموو شتێك بكرێت، تەنانەت نابێت لە چینە هەژارەكەوە دژایەتیكردنی زێدەڕۆیی دەست پێبكرێت، دەبێت هەنگاوەكان لەوێوە دەست پێبكرێت كە كاریگەری راستەوخۆی لەسەر ژیانی خەڵك نەبێت.
* لەناو ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەماوەی ئەم یەك دوو ساڵەی رابردوو زۆر باسی لامەركەزییەت بۆ سلێمانی دەكرێت، بەڵام بۆ پێدانی دەسەڵاتی زیاتر بە پارێزگاكان ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری داوە كە دەسەڵاتی هەموو پارێزگاكان زیاتر بكرێت، ئایا كە باس لە لامەركەزیەتی سلێمانی دەكرێت، مەبەست ئەو بڕیارەی ئەنجومەنە، یان جیاكردنەوەی سلێمانییە لە هەرێمی كوردستان؟
- مەسەلەی پارێزگای سلێمانی و لامەركەزییەت كە باس دەكرێت دوو مەسەلەی جیاوازن، بەئێمەشەوە لەگەڵ ئەوەداین لامەركەزییەت هەبێت و دەسەڵاتێكی زیاتر بدرێت بە پارێزگاكە و رۆتین كەم بكرێتەوە و ئیشوكارێكی وا بكرێت سوودێكی باش بگەیەندرێتە هاووڵاتیان لەخزمەتگوزاری و بەخێراكردنی ئیشوكاری هاووڵاتیان. ئەگەر سەیری یاسای ژمارە 3ی 2009 بكەین كە خودی یاساكە لەسەر بنەمای نامەركەزی دروست كراوە، ئەو یاسایە زۆر باشترە لەو یاسایەی پێشتر كاری پێكراوەو پەرلەمانی كوردستان بە ئامادەبوونی هەموو نوێنەرانی لایەنە سیاسییەكان دروست كراوە و دەنگیان لەسەر دراوە، ئەگەر یاساكە وەكو خۆی جێبەجێ بكرێت، دەسەڵاتی زۆری بەپارێزگا دراوە، خۆی نەخشەكێشی گشتی بودجەكەیە و دواتر بۆ ئەنجومەنی وەزیران بەرزی دەكاتەوە، بەمەبەستی پەسەندكردنی، ئەگینا نەخشەكێشەكە لەلایەن خودی پارێزگاوە دەكرێت بەچاودێری ئەنجومەنی پارێزگا، ئەگەر لە بڕگەو خاڵێكی یاسای نامەركەزییەتدا تێبینیمان هەبێت، زۆر ئاساییە بەرزبكرێتەوە و دووبارە موراجەعە بكرێتەوە، یاخود كۆنفرانسێك ببەسترێت بۆ ئەوەی ئەو بڕگانەی تێبینیمان لەسەرێتی لەهەر سێ پارێزگاكە كۆكین لەسەری ئەو كات پڕۆژەكە بەرزبكرێتەوە، چونكە مامەڵەی حكومەت لەگەڵ هەرچوار پارێزگاكەی كوردستان لە رووی دەسەڵاتەوە وەكو یەكە، تا ئێرە ئەمە ئاساییە، بەڵام ئەو تەوژمەی كە هەبوو كە تەنیا لەسلێمانیدا بكرێت و زۆرجار بەداخەوە بەئاشكرا لەناو ئەنجومەنی پارێزگاو دەرەوەی ئەنجومەنیش گوێبیستی نەفەسی جیابوونەوە دەبووین بەوەی با سلێمانی سەربەخۆ بێت و دەنگدانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی جیابكرێتەوە ئەمە كەرتبوونی هەرێمی كوردستانە و جگە خزمەتكردن بەداگیركاران و دوژمنانی هەرێمەكە خزمەت بە كەس ناكات.

* هەڵسووڕاوەكانی بزووتنەوەی گۆڕان و پەرلەمانتارەكانیان بە ئاشكرا باس لە بە هەرێمكردنی سلێمانی دەكەن، ئایا فراكسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی هیچ بانگەشەیەكی لەو جۆرە دەكەن، یان ئەوان رێز لە یەكپارچەیی خاكی هەرێمی كوردستان دەگرن؟
- بەداخەوە هەندێك برادەر لە بزووتنەوەی گۆڕان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی راستەوخۆ داوادەكەن پارێزگای سلێمانی لەهەرێمی كوردستان جیابكرێتەوەو بەدەنگدان بخرێتە سەر حكومەتی ناوەندی عێراق و پەیوەندی راستەوخۆی لەگەڵ بەغدا بۆبكرێت. ئەمە رێزنەگرتنە لەیەكپارچەیی خاكی هەرێمی كوردستان. هەرێمی كوردستان كەركووكی لێبووەتەوە و تا ئێستا بە فەرمی نەمانتوانیوە بیخەینە سەر هەرێمی كوردستان، ئەگەر سلێمانیشی لێ جیابكەنەوە، ئەوا جگە لەپیلانی نەیارانە و رێزنەگرتن لە ئیرادەی نەتەوەیی هیچی دیكە نییە.
* باس لەوە دەكرێت لە سلێمانی دەسەڵاتێك نییە كە بتوانێت پرۆژەكان جێبەجێ بكات، راشكاوانەتر باس لەوە دەكرێت كە لە هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆك پرۆژەكان كاری تێدا دەكرێت و لەسلێمانی راوەستاون، ئایا هۆكاری چییە پڕۆژەكانی سلێمانی راوەستان و هی هەولێر و دهۆك كاریان تێدا دەكرێت؟ ئایا ئەمە سزادانی سلێمانییە، یان ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەگەڵ هەولێر و دهۆك جیاوازی هەیە؟
- وەك ئاماژەم پێدا هەموو پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان بەپێی یاسای ژمارە 3ی ساڵی 2009 رێكخراوە و بەپێی ئەو یاسایەش مامەڵە لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەن. هیچ جیاوازی نییە بەپێی یاساكە بۆ سەردار قادر و نەوزاد هادی و فەرهاد ئەتروشی هەموویان بەیەك یاسا مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێت، تەنانەت بودجەی هەرێمی كوردستان كە تەرخان كراوە بۆ پارێزگاكان بەپێی ژمارەی دانیشتووانە، بۆ نموونە لە دابینكردنی ئەو 10 ملیار دینارەی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە بۆ بەڵێندەر و وەبەرهێنەران تەرخانكرا، 4 ملیارو 800 ملیۆن دینار بۆ پارێزگای سلێمانی بوو، لەلایەكی ترەوە وەكو خەڵكی سلێمانی لە ئەنجومەنی پارێزگای ئەم شارەش هیچ كاتێك قبووڵ ناكەین، حكومەتی هەرێمی كوردستان غەدر، یان ناعەدالەتی لەگەڵ سلێمانی بكات، هەر بەڵگەیەك لەسەر ئەوە هەبێت، گوایە ناعەدالەتی بەرامبەر سلێمانی كراوە، ئێمە یەكەم كەس دەبین وەكو نوێنەرانی پارتی دیموكراتی كوردستان راستەوخۆ هەڵوێستمان دەبێت و داوای روونكردنەوە لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین، لەكاتێكدا ئێمە دەیان بەڵگەمان لەبەردەستدایە كە بەهیچ جۆرێك جیاوازی نێوان پارێزگاكان نەكراوە. وەكو ئاماژەم پێدا لەنێوان ساڵانی 2007 تاكو 2013 بڕی 27 ترلیۆن دینار هاتۆتە هەرێمی كوردستان كە 11 ترلیۆن دیناری تەنیا بۆ پارێزگای سلێمانی بووە واتا 43%ی ئەو پارەیە بۆ پارێزگای سلێمانی بووە و پارەكەش لەژێر دەسەڵاتی ئێرە بووە و چۆن بەكار هێنراوەو چی لەگەڵدا دەكرێت، ئەگەر ئێستا پرۆژە نەكراوە و سلێمانی لە رووی خزمەتگوزاری و پرۆژەوە دواكەوتووە، دەبێت بەدەسەڵاتدارانی ئەو كاتە بڵێین ئەو پارەیە بۆ خەرج نەكراوەو چی بەسەر هاتووە. پێشكەوتنی هەولێر لە شەو رۆژێكدا رووی نەداوە و پەیوەندی بە پرۆژەیەكی درێژخایەن هەیە. من پێم سەیرە باسی شەقامی 120 و 150 لەهەولێر دەكرێت و لەسلێمانی شەقامی 60 مەترییەكەشی تەواو نییە، ئەوە پەیوەندی بە هونەری ئیدارەو بەڕێوەبردنی وەبەرهێنانەوە هەیە. پرۆژەی شەقامی 120 هەولێر لەلایەن بەڵێندەرەكەوە لەسەر پارەی خۆی بەقەرز جێبەجێ كراوە، تەنانەت لەپارەی پترۆ دۆلاردا لە 50%ی بۆ پارێزگای سلێمانی بووە و لە 20%ی بۆ گەرمیان بووە، تاوەكو بۆ پرۆژەی درێژخایەن و ژێرخایەن خەرج بكرێت، كەچی خەرج نەكراوە؛ بۆچی شەقامی 100 مەتری لەسلێمانی و 120 مەتری هەولێر بەیەك رۆژ فەرمانی بۆ دەرچووەو لەهەولێر جێبەجێ كراوە، كەچی لە سلێمانی نەكراوە؟ لەهەولێر كۆمپانیاكە لەسەر بودجەی خۆی شەقامەكەی تەواو كردو لەسلێمانی كۆمپانیاكە وتی لەسەر بودجەو پارەی خۆم ئەنجامی نادەم، ئەگەر لە سلێمانی هەر دواكەوتنێك لە پرۆژەكانی ژێرخان و پەرەپێدان و شارەوانی هەبێت، دەبێت لەگەڵ ژمارە قسە بكەین نەك لەگەڵ میدیای سەر شاشەی تیڤییەكان و هاتوهاوارو شاردنەوەی راستییەكان.
Top