جەلال شەرناخی : پەكەكە نەك هەر دژایەتیی سەربەخۆیی دەكات، بەڵكو دەیەوێت شیرازەی خێزانیش تێكبدات
May 16, 2017
دیمانەی تایبەت
سلێمان محمەد، ناسراو بە (جەلال شەرناخی) سیاسەتمەدارو فەرماندەیەكی سەربازیی پێشووی پەكەكە بووەو خەڵكی شرناخە لەباكووری كوردستان، ساڵی 1983 پەیوەندی كردووە بە ریزەكانی پەكەكەوە و لە ساڵی 1985 بۆتە فەرماندەیەكی سەربازی، لە ساڵی 2004دا بەهۆی ناڕەزایەتی لە سیاسەت و شێوازی كاركردنی پەكەكە دەستبەرداری ئەم حزبە بووە. لەدیمانەیەكدا چەند پرسێكمان لەگەڵ تاوتوێ كردو بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە.سروشتی پەكەكە وایە كە هەر كاتێك پێگەی خۆی بەهێز كرد دەست دەداتە دوژمنایەتیكردنی حزبەكانی دیكە
* پەكەكە دژی خواستەكانی نەتەوەیی كورد راوەستاوەو بەئاشكرا دژایەتی خۆی بۆ دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان راگەیاندووە، ئایا پەكەكە بۆ بەرژەوەندیی كێ دژایەتی خواستی نەتەوەی كورد دەكات و بۆچی بە پێش لەشكری داگیركارانی كوردستان دەكەوێت بۆ ئەوەی دەوڵەتی كوردستان دانەمەزرێت؟
- لە راستیدا هێڵ و ستراتیژیەتی كاركردنی پەكەكە روون نییە، چونكە ئەگەر ئێمە ئاوڕ لە مێژوو بدەینەوە، ئەوا دەبینین كە پێش دروستبوونی پەكەكە لە باكووری كوردستان چەندین پارتی كوردی هەبوون كە هەڵگری بیروبۆچوونی شۆڕشگێڕی بوون، ئیدی بە ناوی سۆشیالیستی، یان دیموكراتی یاخود ئازادییەوە خەباتیان دەكرد، بەڵام لە دروستبونیەوە پەكەكە دەستی دایە شەڕكردن لە دژی حزبەكانی دیكە، پرسیارەكەش ئەوەیە ئەگەر تۆ بانگەشەی سەربەخۆبوون و یەگگرتنی هەر چوار پارچەكەی كوردستان بكەیت، چ پێویست دەكات شەڕ لەگەڵ حزبەكانی دیكەدا بكەیت؟ بۆچوونی شەخسی من ئەوەیە كە هەر وەك ئەوە وابوو كە دەوڵەت هەڵسابێت بە دروستكردنی ئەم پارتە، هەر بۆیە ئەو شەڕانەی لێكەوتەوە. كەواتە ئەم بارودۆخە هەر لە سەرەتاوە كێشەی دروست كرد، بە چەشنێك هیچ حزبێكی سیاسی لە باكووردا نەهێشت، ئەوەی پێی دەكرا لە روی سیاسییەوە شەڕی لەگەڵدا دەكرد و ئەوانی دیكەش كە نەیدەتوانی لە رووی سیاسییەوە رووبەڕوویان ببێتەوە، بە شێوەیەكی مەیدانی و بە بەكارهێنانی چەك رووبەڕوویان دەبۆوە. عەبدوڵا ئۆجەلانیش دوای دەستگیركردنی باسی لەوە كرد كە شتێك نییە بە ناوی ستراتیژیەتی سەربەخۆیی و دەوڵەتی كوردی، ئەمە لە كاتێكدا خۆی پێشتر ئەم بانگەشەیەی دەكرد. كەواتە دەبینین كەلێن و كەلەبەرێكی گەورە هەیە لە نێوان بانگەشەكەی و لە نێوان هەڵسوكەوتی لەسەر ئەرزی واقیع. لەبەر ئەوە روون نییە ئایا عەبدوڵا ئۆجەلان و ئەو گروپەی لە دەوروبەری بوون لە سەروەختی دروستبوونی پەكەكە لە ئەنقەرەدا، دەیانەوێت خەبات لە پێناوی چیدا بكەن و دەیانەوێت خزمەت بە چی بكەن. رەنگە مەزەندەی ئەوە بكەین كە ئەوان رایەڵ و پەیوەندی خۆیان هەبێت، بەڵام شتێكی بەرچاو و بەردەست لە ئارادا نییە لەبارەی ئەوەی ئەوان خەریكی چین، كاتێكیش پێیان دەڵێیت ئێوە خەریكی كارێكی دیاریكراون، نكۆڵی لێدەكەن و رەتیدەكەنەوە و دەڵێن ئەوە راست نییە. لەبەر ئەوە پەكەكە لە رووی ئایدیۆلۆژییەوە گرێ و كێشەی هەیە و ئەمەش بۆتە هۆی دروستبوونی كێشە لەگەڵ پارتە كوردییەكانی دیكەدا. بۆ نموونە كاتی خۆی پەكەكە بەپێی رێككەوتن لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستاندا هاتە ئەم بەشەی كوردستان، پارتی هاوكارییەكی زۆری پەكەكەی كرد، بەڵام دوای ئەوەی هاتن و شوێنپێی خۆیان جێگیر كرد، دەستیان دایە دوژمنایەتی و كێشەیەكی زۆریان بۆ پارتی دروست كرد. لەبەر ئەوە زۆر زەحمەتە بتوانرێت پەیوەندی لەگەڵ پەكەكەدا دروست بكرێت لەلایەن حزبەكانی دیكەوە، چونكە ئەوە سروشتی پەكەكەیە كە هەر كاتێك پێگەی خۆی بەهێز كرد، دەست دەداتە پێكدادان لەگەڵ حزبەكانی دیكەدا و چاوپۆشی لە كەس ناكات.
* ئەوەی جێگەی نیگەرانییە؛ ئەوەیە تەنانەت پەكەكە بۆتە هاوپەیمانی حەشدی شەعبی و ئێران كە هەردووكیان دەیانەوێت پرۆسەی ریفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستان رابوەستێت، ئایا ئەمە دەرئەنجام زیان بە پەكەكەش ناگەیەنێت؟
- من پێشتر رامگەیاند كە پەكەكە ئامانج و ستراتیژییەتی روونی نییە، لەبەر ئەوە بە ئاسانی دەبنە پیاوی هەر كەسێك، تا ئەو كاتەی ئاپۆ لە سووریا بوو، بەشێكی پەكەكە پەیوەندی لەگەڵ رژێمی بەعسی سووریا بوو، بەشێكیشیان كەمالیستی بوون، بەڵام كاركردن بۆ كێشەی كوردەواری زۆر كەم بوو، لێرەدا دەبێت ئەوە بڵێین راستە ئەوان بە بۆچوونی خۆیان شەو و رۆژ كار بۆ كێشەی كورد دەكەن، بەڵام كێشەكە ئەوەیە ئەوان دەكەونە ژێر كاریگەرییەوە، بۆ نموونە، لە ساڵی 1992دا كاتێك پارتی و یەكێتی رێككەوتنیان كرد و حكومەتیان پێكهێنا، ئەوا بە فشاری ئێران و بەشێكیشی بە فشاری توركیا و سووریا، پەكەكە لەم هەرێمەدا شەڕی دروستكرد. باشە ئەو واقیعەی هەرێمی كوردستان دەبووە هەوێن و بناغەی دروستبوونی دەوڵەت و حوكمڕانیی كوردی، ئیتر بۆچی پەكەكە شەڕی لەگەڵدا دەكرد؟ لە راستیدا لەبەر ئەوەی ئەوە خواستی دەوڵەتی ئێران و توركیا و سووریا بوو كە نابێت ئەو دەوڵەتە دروست بێت، ئەو شەڕەش بە بڕیاری ئاپۆ خۆی بوو و زۆرێك لە كادیرانی پەكەكە لەگەڵ ئەوەدا نەبوون ئەو بڕیارە بدرێت. لەبەر ئەوە من پێموایە ئەگەر پەكەكە رێككەوتن لەگەڵ عێراق، یان توركیا، یان سووریا بكات شتێكی زۆر ئاساییە، چونكە پەكەكە خاوەن ئامانج و ستراتیژیەتی خۆی نییە. ئەوان دوای 30 ساڵ شەڕكردن دێن و دەڵێن دروستبوونی دەوڵەتی كوردی رێگاچارەیەكی خراپە. من پێموایە دەكرێت بڵێین بەشێكی پەكەكە سەر بە توركیا و بەشێكیان سەر بە ئێران، هەروەها بەشێكیشیان سەر بە سووریای بەعسین و كوردایەتی تێیدا لاواز بووە. بە چەشنێك ئێستا ئەو قسانە زۆر ئاسایین. لە ناو پەكەكەدا بكرێن كە دەڵێن ئێمە دژی دەوڵەتی كوردین و دەوڵەتی كوردی بە مانای لە ناوچوونی كورد دێت.
* ئەوەی بۆ ئێستا جێگەی هەڵوەستە و پرسیارە، ئەوەیە كە بۆچی پەكەكە دژی مێژوو، نەریت و كولتووری كوردەواری و گەلی كوردستانە و بەئاشكرا دەڵێت ئێمە دژی دەوڵەتی كوردستان و هاوسەرگیری نێوان ژن و پیاوین، ئەوان دەڵێن هەتا ژن لە كۆت و بەندی هاوسەرگیری رزگاری نەبێت مرۆڤایەتی رزگاری نابێت، ئایا ئەم بانگەشەیەی پەكەكە لەگەڵ دابونەریت و بەرخۆدانی كوردستان یەك دەگرێتەوە؟ ئایا ئەمە مانای ئەوە نییە پەكەكە ئێستا بە تەواوەتی بەها ئەخلاقییەكانی بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردستانی ون كردووە؟
- لە راستیدا بەم دواییە یەكێك لە فەرماندەكانی پەكەكە رایگەیاند كە ئێمە جیهانێكی بێ دەوڵەت و بێ بوونی هاوسەرگیری دەخوازین، باشە ئێمە ئەوەی گرنگی پێدەدەین لە نێو كوردەواریدا خێزانە، مەبەستم ئەوەیە ئەوان نەك هەر دەوڵەت رەتدەكەنەوە، بەڵكو دەیانەوێت شیرازەی خێزانیش تێكبدەن. چونكە ئێمە دەزانین هەر نەتەوەیەك بە هۆی كولتوور و دابونەریتەوە دەناسرێتەوە، ئێمەش بە پەروەردەی خێزانی و بایەخدان بە خێزان ناسراوین.
* پەكەكە بۆچی هەموو هەوڵی بۆ ئەوەیە ئاڵای كۆماری كوردستان (ئاڵاكەی قازی محەمەد) بگۆڕێت كە هەموو كورد لە هەر چوار پارچەی كوردستان شانازی پێوە دەكات؟ ئایا دژایەتی پەكەكە بۆ یەكگوتاری و یەكڕیزی و ستراتیژیەتی هاوبەش و ئاڵای كوردستان لە چوارچێوەی ئەو هاوپەیمانێتییەدایە كە لەگەڵ دەزگا سیخوڕییەكانی ناوچەكەدا دژ بەكورد هەیەتی؟
- لە راستیدا هەروەك دەزانین ئاڵای كوردستان مۆركی نەتەوایەتی لەخۆ گرتووە، بەڵام پەكەكە بەم ئاڵایە قەڵس دەبێت، ئەمە لە كاتێكدا بە ئاڵای توركی و بە ئاڵای بەعسی پەست و بێزار نابێت، من بینیم لە عەفرین ئاڵای بەعسی لەسەر سەربانەكان هەڵكرا، باشە بۆچی ئاڵای كوردستان هەڵناكەن؟ لەبەر ئەوەی پێیانوایە تەنیا كەسانی دواكەوتوو ئەم ئاڵایە هەڵدەگرن و دەڵێن ئیدی رۆژگاری ئەو ئاڵایە بەسەرچووە. ئێ باشە ئەگەر ئێمە ئاڵایەك هەڵنەكەین چۆن گوزارشت لە خۆمان بكەین. دواتر پەكەكە ئەمە بە ئاڵای پارتی دەزانێت، هەر بۆیە ئەوان بە بینینی ئەو ئاڵایە ناڕەحەت دەبن. هەر ئەمەش سەرچاوەی دوژمنایەتی پەكەكەیە بۆ پارتی، مەبەستم ئەوەیە ئەگەر پارتی نوێنەرایەتی خەتی نیشتمانی و كاروانی سەربەخۆیی كوردستانی نەكردایە، ئەوا پەكەكەش بەم جۆرە دژایەتی نەدەكرد.
* ئاشكرایە ئێستا پەكەكە لە شنگالدا بوونی هەیە، ئایا مەبەستی سەرەكیی پەكەكە لەشنگال و نانەوەی ئاژاوەو پشێوی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە ئەو ناوچەیە نەگەڕێتەوە سەر هەرێمی كوردستان و ئاوەدان نەكرێتەوە؟ هەروەها پەكەكە بۆچی رووناكاتەوە باكوور و لەوێ خەبات بكات؟ بۆچی دەبێت رێگر بێت لە ئاوەدانكردنەوەی شنگال و رێگرتن لە گەڕانەوەی برایانی ئێزیدی بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان؟
- سەرەتا دەبێت ئەوە بڵێم كە پەكەكە جگە لە شنگال چەندەها شوێن و رووبار و چیا و دارستانی دیكەی داگیركردووە لە سەر سنوور كە شوێنی زۆر دڵڕفێنن و دەكرا و دەتوانرا ببنە شوێنی گەشتیاریی سەرنجراكێش و سەرچاوەی داهات، لە هەمان كاتدا ئەو شوێنانە شەهیدیان تێدا دراوە و پێشمەرگە خوێنی تێدا رشتووە. بەڵام دەكرێت بڵێین ئەڵقەی لاوازی ئێمە شنگالە، بۆچی چونكە شنگال كەوتۆتە نێوان عەرەبەوە، عەرەبی عێراق و عەرەبی سووریا كە ئەو عەرەبانەش خەڵكانێكی بەعسی و كۆنەپەرستن. لەلایەكی دیكەوە حەشدی شەعبیش دەیەوێت بگاتە ئەو دەڤەرە، هەروەها شنگال لە رووی هەڵكەوتەی جوگرافی و ستراتیژەوە زۆر گرنگە و پێشتر داعش رووی كردە شنگال و ئێستاش ئێران خوازیارە نفووزی لەوێ هەبێت، چونكە شوێنێكی زۆر ستراتیژییە بۆ مەرامەكانی ئێران و حەشدی شەعبی. چونكە ئەگەر دەست بەسەر ئەو ناوچەیەدا بگرێت ئەوا دەتوانێت بە ئاسانی لە ئیسرائیل و لە توركیا بدات.
* هەروەك دەزانن سەرۆك بارزانی رایگەیاندووە كە جارێكی دیكە رێگەنادات خوێنی كورد بە دەستی كورد بڕژێت، مەبەستمانە ئەوەیە بپرسین ئایا ئەگەر لە رێی گفتوگۆوە پەكەكە ئامادە نەبێت دەستبەرداری ئەو ناوچانە بێت، دەبێت چی بكرێت؟
- ئەوە راستە كە شەڕی براكوژی ماڵوێرانی بەدوادا دێت، دواتر ئەوەی دەیبینم پەكەكە وەك منداڵێكی لاسار و شەڕانگێزی لێهاتووە كە چی لەگەڵدا دەكەیت، نایەتەوە سەر رێی راست. دواتر ئەوە ئاشكرایە هەر كاتێك سەرۆك مسعود بارزانی باسی دەوڵەتی كوردستان و رێككەوتنی كوردان بكات، ئەوان ئاستەنگ دروست دەكەن. بەس پرسیارەكە ئەوەیە ئەگەر ئێمە خوازیاری دەوڵەت نین، ئەی چیمان دەوێت؟
* وەكو ئاماژەت پێدا پەكەكە كاتێك وەك حزبێكی سیاسی خۆی راگەیاند، داوای دەوڵەتی كوردستانی گەورەی دەكرد و جەختی لەسەر ئەوە دەكردەوە كە تەنیا دەوڵەت چارەسەری كێشەی كورد دەكات و كۆتایی بە چەوساندنەوە دێنێت، بەڵام ئێستا پەكەكە هەر خۆی دژی دەوڵەتی كوردستانە و بانگەشە بۆ ئەوە دەكات كە نابێت باس لە دەوڵەت بكرێت، لەم چوارچێوەیەشدا دژی مسعود بارزانی و هێزی پێشمەرگەی كوردستان راوەستاوە؟
- پەكەكە خوازیاری دروستبوونی دەوڵەتی كوردستان نییە، نەك هەر ئەوە، بەڵكو دەیانەوێت هەوڵەكانی دروستبوونی دەوڵەتیش سەركەوتوو نەبێت و كار بۆ ئەوە دەكەن كە ئەو هەوڵانە تێكبدەن و ئاستەنگی بۆ دروست بكەن. دواتر دژایەتی پەكەكە بۆ پارتی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە پەكەكە تەنیا ترسی لە پارتی هەیە و هیچ حیسابێك بۆ حزبەكانی دیكە ناكات، چونكە هێزی پارتی دەبینێت كە خۆی لە ستراتیژیەتی دووربین و درێژخایەنی پارتی و بارزانی بەرجەستە كردووە، لە هەمان كاتدا پەیوەندییە دیپلۆماسییەكانی پارتی و هەوڵەكانی لە پێناوی سەربەخۆییدا دەبینێت و ئەوەی پێ هەزم ناكرێت.
* ئەی رۆڵی پەكەكە چۆن هەڵدەسەنگێنیت لە باكووری كوردستاندا، بەتایبەتی كە ئێستا نائارامییەكی زۆر لە كوردستانی توركیادا هەیەو خەڵكانێكی زۆر بوونەتە قوربانی و وێرانكارییەكی زۆر بەسەر شارە كوردییەكاندا هاتووە؟
- لە راستیدا پەكەكە خوازیاری ئەو سەركەوتنەش نەبوو كە هەدەپە لە هەڵبژاردنەكانی توركیادا بەدەستی هێنا، چونكە ئەگەر بیویستایە، دەبوو رێككەوتن لەگەڵ ئاك پارتیدا بكرایە، بەڵام ئەمەی تێكدا. دواتر پەكەكە لەوە دەترسێت خەڵكانی دیكە ناوبانگ و جەماوەریان هەبێت، بۆ نموونە كەسێكی وەك سەلاحەددین دەمیرتاش كەسێكی خەڵكپەروەر و دڵسۆز بوو، پەكەكە بەوە قەڵس و ناڕەحەت بوو. ئێستاش دەبینین كە چۆن ناوچە كوردییەكان وێران بووە و كەس نازانێت چەند گەنج كوژران و چەندەها كەس ماڵ و حاڵیان لێتێكچووە.