كییر لییبەر : هەر شەڕێكی تەقلیدی لە نیمچە دوورگەی كوریادا رووبدات بە رەوتێكی خێرا دەگۆڕێت بۆ شەڕێكی ناوكی
May 9, 2017
دیمانەی تایبەت
كییر لییبەر پڕۆفیسۆرە لە پڕۆگرامی دیراساتی ئەمنی لە زانكۆی جۆرج تاوون، پێشتریش پڕۆفیسۆر بووە لە بەشی زانستی سیاسی لە زانكۆی نۆتردام، هەروەها توێژەر و وانەبێژی چەند بوارێكی گرنگە، وەك هۆكارەكانی شەڕ، چەكی ناوكی، سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان، گوڵان ویستی راو و بۆچونی بزانێت لەبارەی دوایین پەرەسەندنەكانی ئەم دواییەی نیمچە دورگەی كۆری و هەڵكشانی گرژییەكانی نێوان ئەمریكا و كوریای باكوور، ئەویش بەم وتارە كورتە تێڕوانین و شیكردنەوەی خۆی خستەڕوو.پێموایە ئەگەرێكی گەورەی رووبەڕووبوونەوەی سەربازی لە دوورگەی كوریدا لەئارادایە، بەڵام زەحمەتە بۆ من (لە راستیدا بۆ هەر كەسێكی دیكەش) كە پێشبینی رەفتارەكانی ترەمپ، یان راوێژكارەكانی بكەین، بەڵام پێدەچێت ئەمریكا هەڵوێستێك بگرێتەبەر كە بوار نەدات بەوەی كۆریای باكوور ببێتە دەوڵەتێك كە تەواو پڕچەك بێت بە چەكیی ناوكی. لەوەش زیاتر، من باوەڕم وایە ئەگەر شەڕێكی –ناكۆكییەكی- تەقلیدی هەڵبگیرسێت لە نێوان كۆریای باكوور و ئەمریكا و كۆریای باشووردا، ئەوا كاتە كۆریای باكوور رووبەڕووی پاڵنەری عەقڵانی گەورە دەبێتەوە بۆ بەكارهێنانی هەر توانایەكی ناوكی كە هەیبێت بە ئامانجی راگرتنی دەستبەجێی شەڕەكە.
چونكە ئەگەر كۆریای باكوور چەكە ناوكییەكانی بەكارنەهێنێت، ئەوا شەڕە تەقلیدییەكە دەدۆڕێنێت. خۆ ئەگەر بێتو كۆریای باكوور شەڕێكی لەم چەشنە بدۆڕێنێت، ئەوا –سەرۆك- كیم و سەركردە شوێنكەوتووەكانی چارەنووسێكی خراپ چاوەڕوانیان دەكات. لەبەر ئەوە، ئەوان هەوڵدەدەن لە مەودایەكی تا راددەیەك سنوورداردا چەكە ناوكییەكانیان بەكار بهێنن، كە بە دوایدا هەڕەشەی ئەوەش دەكەن كە چەكی زیاتر بەكاردەهێنن لە دژی ئەو ئامانجانەی كە گرنگییەكی زیاتر و زیاتریان دەبێت ( لە نێویاندا شارەكانی یابان، یان بنكەكانی ئەمریكا) تا ئەو كاتەی كە ئەمریكا/كۆریای باشوور ئۆپەراسیۆنەكانیان رادەگرن. كەواتە، بە كورتی، من باوەڕم وایە كە شەڕێكی تەقلیدی بە رەوتێكی خێرا دەگۆڕێت بۆ شەڕێكی ناوكی ئەگەر بێتۆ شەڕ هەڵبگیرسێت. من نازانم ئایا ئەمریكا هێرشی پێشوەختە دەكاتەسەر هێزە ناوكییەكانی كۆریای باكوور، بەڵام پێدەچێت ئەم ئەگەرە زیاتر و زیاتر بێتەئاراوە.