هەندرێن محەمەد ساڵح : بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم پێویستمان بەوە نییە پەرلەمان یاسامان بۆ دەربكات

هەندرێن محەمەد ساڵح  :  بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم پێویستمان بەوە نییە پەرلەمان یاسامان بۆ دەربكات
ئامادەین لە مانگی ئۆكتۆبەر بەدواوە پرۆسەی ریفراندۆم و هەڵبژاردن لە كوردستان ئەنجام بدەین
ئامادەین لە مانگی ئۆكتۆبەر بەدواوە پرۆسەی ریفراندۆم و هەڵبژاردن لە كوردستان ئەنجام بدەین

خۆ ئامادەكردن بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان بۆتە پرسی رۆژ لەهەموو كوردستانداو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان و حكومەت لەخۆئامادەكردندان بۆ ئەم پرسە، بەڵام لە هەمانكاتدا لایەنی سیاسیش هەیە بۆ ئەوەی ئاستەنگ بۆ ئەم پرۆسەیە دروست بكات، پرسەكە گرێدەداتەوە بەكاراكردنەوەی پەرلەمانەوە، هەروەها پرۆسەی ئەنجامدانی ریفراندۆم پێویستی بە كۆمەڵێك ئامادەكاری تەكنیكی و بودجە و رێوشوێنی پێویست هەیە بۆ ئەوەی بتوانرێت پرۆسەكە لەلایەن كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی لە كوردستان ئەنجام بدرێت، بۆ قسەكردن لەسەر كۆی پرۆسەی ریفراندۆم و ئامادەكارییەكان بۆ ئەنجامدانی ئەم دیمانەیەمان لەگەڵ هەندرێن محەمەد ساڵح سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی لەهەرێمی كوردستان ئەنجامداو بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە.

* دەگوترێت هەموو رێوشوێنە سیاسییەكان كە پێویستە بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم لە باشووری كوردستان بگیرێتەبەر، هەنگاوی جددی بۆ هەڵگیراوە و لیژنەیەكیش پێكهێنراوە بۆ ئەوەی لایەنە سیاسییەكان لەسەر میكانیزمی ئەم پرۆسەیە رێكبكەون، كەواتە ئەوەی ئێستا ماوە خۆئامادەكردنی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی كوردستانە بۆ ئەوەی لە رووی بودجە و لایەنی تەكنیكییەوە ئەم پرۆسەیە ئەنجام بدات، ئایا لە رووی خۆئامادەكردنی تەكنیكییەوە بۆ ئەم پرۆسەیە چیتان كردووە؟
- ئێمە وەكو كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی لەهەرێمی كوردستان لە سێ لایەنی دارایی و كارگێڕی و هونەرییەوە دەبێت خۆمان ئامادە بكەین، وەكو لایەنی دارایی ئێمە بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو یاخود بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم داوای بودجەیەكی خەمڵێنراومان كردبوو، كە نزیكەی 20 ملیۆن دۆلارەو لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە بۆمان دابینكراوە، لە رووی كارگێڕیشەوە سەرجەم ستافی ئۆرگانەكانمان بە كارمەندانی ئۆفیسی سەرەكی و شارەكانیشەوە هەر هەمووی دامەزراون و دەستبەكاربوون و ئامادەن، لەكۆتایی هەفتەی رابردووشدا بۆ لایەنی هونەری تیمێكمان ناردە بەغدا بۆ هێنانی تۆمارنامەی دەنگدەران كە لەكۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراقی فیدڕاڵە و هەر كەگەیشتە لامان راستەوخۆ دەست بەنوێكردنەوەی تۆمارنامەی دەنگدەران دەكەین، لەلایەكی ترەوە لە ئێستاوە سەرقاڵی دانانی سیستەمێكی پێشكەوتووین بۆ رۆژی دەنگدان تاوەكو دەنگەكان بەئاسانی و بەماوەیەكی كەم هەژمار بكرێت و بەزوویی دەرئەنجامی ریفراندۆمەكە رابگەیەنین.
* بەپێی ئەو قسانەی گوێبیستی دەبین، دەبێت ئەنجامدانی پرۆسەی ریفراندۆم پێش مانگی 11ی ئەمساڵ ئەنجامبدرێت، ئەمەش مانای ئەوەیە چەند مانگێك كات لەبەردەمی ئێوەیە، ئایا وەك كۆمسێۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان كەی دەتوانن ئەم پرۆسەیە ئەنجامبدەن؟
- راستە كۆمسیۆنەكە تازەیەو هەندێك كارو خۆئامادەكردنمان پێویستە، بەڵام ئەگەر لە ئێستاوە ئامادەكارییەكان بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم بكەین ئەوا بەتەئكید لە كۆتایی مانگی ئەیلوولی ئەمساڵ و سەرەتای مانگی 10 دەتوانین ریفراندۆم ئەنجام بدەین و هیچ كێشەی بودجەو تەكنیكی و كارگێڕیمان نابێت، چونكە بودجەو توانای كارگێڕی و تەكنیكیمان ئامادەیە، ئێستا چاوەڕوانین بە فەرمی بڕیار بدرێت بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم و ئێمەش بەپێی یاسا پابەندین و ئامادەین جێبەجێی دەكەین و ئەو 5 مانگەی لەبەردەستماندایە كاتێكی باشە بۆ جێبەجێكردنی هەموو كارەكانمان.
* پسپۆڕان دەڵێن؛ یاسای كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنە لە «كوردستانی عێراق» (نەك هەرێمی كوردستان كە مەبەست پارێزگاكانی هەولێر وسلێمانی و دهۆك و هەڵەبجەیە)، بەم پێیەش واتە ئێوە دەسەڵاتتان هەیە كە لە هەموو كوردستانی عێراق هەڵبژاردن یان ریفراندۆم ئەنجامبدەن، ئایا ئێوە ئەو دەسەڵاتەتان هەیە هەڵبژاردن، یان ریفراندۆم لەسەرجەم كوردستانی عێراق ئەنجام بدەن بە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستانیشەوە؟ ئەگەر ئەم دەسەڵاتەتان هەیە ئایا بەرنامەتان بۆ ریفراندۆم لە هەموو كوردستانی عێراقە، یان هەر تەنیا هەر پارێزگاكانی هەولێر و سلێمانی و دهۆك و هەڵەبجە دەگرێتەوە؟
-بەپێی یاسای ژمارە 4ی ساڵی 2014ی كۆمسیۆنەكەمان كە تێیدا هاتووە: كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمی كوردستان بەرپرسە لە ئەنجامدان و رێكخستنی هەموو هەڵبژاردن و ریفراندۆمێك لەسەر ئاستی كوردستانی عێراق بەهەموو ناوچەكانی كوردستانەوە كە لەدەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستانە و كێشە لەسەرن، ئێمە چاوەڕوانی هاتنی ئەو بڕیارەین كە تێیدا ئەو سنوورە جوگرافیاییەی بۆمان دیاری دەكرێت بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم، تێیدا چەند بڕگەیەكی یاسایی لە بڕیارەكەدا هەیە یەكێك لەو بڕگانە سنووری جوگرافیاكەیە كە دەبێت كاری لەسەر بكەین.
* ئێوە وەك كۆمسیۆنێكی سەربەخۆ، پەرلەمان یاسای بۆ دەركردوون و بوونە لایەنێكی جێبەجێكار بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن یان ریفراندۆم، ئایا ئەگەر حكومەت داواتان لێبكات هەڵبژاردن، یان ریفراندۆم ئەنجام بدەن، جارێكی دیكە پێویستان بەوەیە كە پەرلەمان یاساتان بۆ دەربكات، یان بە پشت بەستن بە یاسای خۆتان كارەكە ئەنجام دەدەن؟
-نەخێر؛ پێویستمان بەوە نییە پەرلەمانی كوردستان هیچ یاسایەكمان بۆ دەربكات بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن یان ریفراندۆم، ئەمەش لەبەر ئەوەیە بەگوێرەی یاسای 1ی ساڵی 2009 كە لە پەرلەمان دەرچووەو 8 جار هەموار و ئەپدێت كراوەتەوە، ئەوا ئێمەش وەك كۆمسیۆن پابەندین بەو یاسایەو هەڵبژاردن و ریفراندۆم بەپێی ئەم یاسایە جێبەجێ دەكەین. هەروەها مەرج نییە بۆ ئەمجۆرە ریفراندۆمانە بڕیار لەپەرلەمان دەربچێت، لەدنیاشدا هیچ بابەتێكی لەمجۆرە نییە، ئیتر بۆچی ریفراندۆم دوابخرێت؟ چونكە ئەم ریفراندۆمە بۆ دەستوور و پەسەندكردنی دەستوور نییە تاوەكو پەرلەمان بڕیاری بۆ بدات، بۆیە دەبێت لە دەسەڵاتە جێبەجێكارەكانەوە ئەو بڕیارانە دەربچێت و ئێمەش وەكو كۆمسیۆن جێبەجێی دەكەین. لەلایەكی ترەوە ئەو ریفراندۆمەی ئێمە بڕیارە ئەنجامی بدەین، ریفراندۆمێكی ئیختیارییەو ریفراندۆم لەسەر دەستوور یا چەسپاندنی یاسایەك نییە، بۆیە پێویست ناكات هیچ یاسایەكی لەپەرلەمانەوە بۆ دەربكرێت، ئەم پرسە پێویستی بە بڕیاریكە لەلایەن دەسەڵاتی جێبەجێكارەوە، ئەوجا ئەم بڕیارە لەلایەن جەنابی سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە، یا هەر لایەنێكی تری دەسەڵاتی جێبەجێكارەوە بێت و داوابكات كە ریفراندۆم ئەنجام بدەین، ئەوا كۆمسێۆن راستەوخۆ ئامادەیە كارو ئیشەكان بكات و ریفراندۆمەكە ئەنجام بدرێت. لەهیچ وڵاتێكی دنیا نەبووە ریفراندۆمێكی ئارەزوومەندانە یاسای بۆ دەربكرێت، تەحەددای هەموو ئەو كەس و لایەنە سیاسییانە دەكەم كە دەڵێن دەبێت ریفراندۆمە ئیختیارییەكان یاسای لەپەرلەمان بۆ دەربكرێت با بێن نموونەیەكمان پێ بڵێن. كۆمسیۆنی باڵا، لە هەر سێ دەسەڵاتی تەشریعی و جێبەجێكارو دادوەریی سەربەخۆیە، هەروەكو چۆن سەربەخۆیە لە بڕیاردان دوور لە حزبەكان و وەكو دامەزراوەیەكی سەربەخۆی پڕۆڤیشناڵ كاردەكات و بەپێی یاسا دەسەڵاتی پێدراوە هەموو راپرسی و هەڵبژاردنەكان لەسەر ئاستی كوردستانی عێراق ئەنجامبدات، بەو پێیەی پەرلەمان نوێنەری هەموو حزبەكان و لایەنەكانی تێدایە واتا كۆمسیۆنەكە رەزامەندی هەموولایەنە سیاسییەكان و نوێنەری نەتەوەو ئایین و ئایینزاكان و حزبەكانی لەسەر دروست بووە.
* ئایا بۆ ئەنجامدانی ئەم ریفراندۆمە چ جۆرە هەماهەنگییەكتان لەگەڵ كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق دەبێت و تاچەند گەشبینن بەوەی كە كۆمسیۆنی عێراق هاوكارتان بێت؟ هەروەها ئەگەر لە حاڵەتێكدا هاوكارتان نەبوو، ئایا ئەمە هیچ تانەیەك دەخاتە سەر ریفراندۆم و ئاكامەكەی؟
- وەكو كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی لەهرێمی كوردستان پەیوەندی و هەماهەنگیمان لەگەڵ كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق هەیە، رۆژی 2ی ئایاری ئەمساڵ تیمێكی ئێمە لەبەغدا بووە بۆ هێنانی تۆمارنامەی دەنگدەران تاوەكو تۆمارنامەی دەنگدەرانی هەرێمی كوردستانی لەسەر تازە بكەینەوە، یاداشتنامەیەكی لێكتێگەیشتنیشمان لەگەڵ كۆمسیۆنی عێراق هەیە و پابەندن بە هاوكاریكردنی ئێمە و تا ئێستاش هیچ كێشەو گرفتێكمان لەگەڵ بەغدا لەو رووانەی لەگەڵیان باسمان كردووە نەبووە، نەك كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی ئیتحادی بگرە هیچ وڵات و رێكخراوێكی نێودەوڵەتی و تەنانەت باڵیۆزخانەكانیش ئەو دەسەڵاتەیان نییە تانە لە ویست و خواست و ئیرادەی دەنگدانی گەلێك بگرن.
* هەر بۆ ئەمساڵ بێگومان سەروەختی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستانە، ئایا هاوكات لەگەڵ خۆئامادەكردن بۆ پرۆسەی ریفراندۆم، خۆشتان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی كوردستان ئامادە كردووە؟ ئایا ئەگەر دواتان لێبكرێت ئەمساڵ دەتوانن هەڵبژاردنی كوردستانیش ئەنجام بدەن؟
- ئەزموونمان هەیە لەیەك رۆژدا سێ هەڵبژاردنمان كردووە و دەتوانین هەردوو پرۆسەی ریفراندۆم و هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەیەك كاتدا ئەنجام بدەین، بەڵام پێم سەیرە ئەگەر ئێمە ریفراندۆم لەسەر سەربەخۆیی كوردستان ئەنجام بدەین، پێویستمان بە ئەنجامدانی هەڵبژاردن بێت بۆ پەرلەمان كوردستان، ئەمەش لەبەر ئەوەیە كاتێك خەڵكی كوردستان دەنگ بۆ سەربەخۆیی دەدەن، ئەمە راستەوخۆ مانای ئەوەیە پەرلەمانی هەرێمی كوردستان نامێنێت و دەبێت هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان ئەنجام بدەین، بەو پێیەی لەدوای ریفراندۆم لەسەر سەربەخۆیی لەچوارچێوەی هەرێم دەردەچین و دەبینە دەوڵەت، بۆیە لە دوای ئەوەی ریفراندۆم ئەنجام دەدرێت، ئیدی بەرەو دەوڵەت هەنگاو هەڵدەگرین و دەسەڵات دەكەوێتە دەستی دەوڵەتی كوردستان، لەم حاڵەتەشدا بەپێی یاسا ناگونجێت پەرلەمانی هەرێمی كوردستان هەبێت، لەم روانگەیەوە پێم باش نییە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەگەڵ ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی ئەنجام بدرێت، ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی زۆر گەورەو پیرۆزەو گەورەترە لەو پەرلەمانەی كە ئێستا هەیە كە پەرلەمانی هەرێمییە، دەوڵەت ئیرادەی خەڵكەو خەونی مێژوویی گەلی كوردستانە.
* ئایا پەیوەندی نێوان كۆمسیۆن و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان لەچ ئاستێكدایە، بەتایبەتی بۆ مەسەلەی ئەنجامدانی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی كوردستان؟
- ئێمە لە پەیوەندیداین لەگەڵ رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانی وەكو رێكخراوەكانی UN و رێكخراوی ئەمەریكی SOD كە لەبواری پەرەپێدانی دیموكراتی كاردەكات، هەروەها لەگەڵ كونسوڵخانەكانی وڵاتانی بیانی پەیوەندیی باشمان هەیە، لە رێگەی گۆڤارەكەتانەوە رایدەگەیەنم كە هیچ رێكخراوێكی نێودەوڵەتی و كونسوڵخانەو باڵیۆزی وڵاتانی بیانی لەمەسەلەی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی كوردستان تەدەخولیان نەكردووەو ئەمە بەمافێكی رەوای گەلی كوردستان دەزانن، لە ئەتەكێتی سیاسیشدا ئەوان ئەو دەسەڵاتەیان نییە بڵێن ئێمە بەو ریفراندۆمە رازی نین، لەبەر ئەوەی ئەمە پرۆسەیەكی چارەنووسسازی نەتەوەیەكە، كاتێكیش پرۆسەكە ئەنجام دراو دەرئەنجام 1+50% دەرچوو هەروەكو چۆن لەهەموو عورفی ریفراندۆمەكانی دنیا وایە راستەوخۆ دەبێت دامەزراوەكان دروست بكرێنەوە و بڕیاری سیاسی بۆ راگەیاندنی دەوڵەت و سەربەخۆیی بدرێت، ئەو كات دەوڵەتە رادەگەیەندرێت و هەڵبژاردن بۆ دامەزراندنی پەرلەمانی دەوڵەتی كوردستان ئەنجام دەدرێت، لەو كاتەدا دامەزراوەكانیش بە پەرلەمانەوە دەبنە دامەزراوەو پەرلەمانی كۆماری كوردستان، یا دەوڵەتی كوردی یا هەر ناوێكی دیكە كە بۆی دادەنرێت. ئەو كات چەمكەكان لەبری هەرێم دەبێتە دەوڵەت.
* ئەگەر كەمێك بگەڕێینەوە بۆ رۆژی ئەنجامدانی ریفراندۆمەكە، ئایا دەنگدەر لەو رۆژەدا كارتە ئەلەكترۆنییەكە بەكار دەهێنێت؟ دەكرێت باسێكی میكانیزمی دەنگدانەكەمان بۆ بكەیت؟
- كارتی ئەلەكترۆنی پرۆژەی ئێمە نییە و ئێمە بەكاری ناهێنین بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و ئەنجامدانی ریفراندۆمەكەش، ئەوە پرۆژەیەكی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی ئیتحادییە، ئێمە بەپێی یاسا لیستی تۆماركردنی دەنگدەرانمان هەیە و پوختی دەكەینەوەو لەبنكەكان دایدەنێین، رەنگە تەكنەلۆژیاش بەكار بهێنین بۆ ژماردنی دەنگەكان، تەنانەت ئەو دەنگانەی لەدەرەوەی وڵاتیشن هەموو هاووڵاتیەكی كوردستان مافی خۆی هەیە دەنگ بدات، بۆ ئەم مەبەستەش فەرمانگەی پەیوەندیەكانی كوردستان لە زۆربەی وڵاتان ئۆفیسی خۆی هەیە و دەكرێت لە رێگەی ئەم ئۆفیسانەوە سندوقی دەنگدانیان بۆ دابنرێت و هاووڵاتیان دەنگ بدەن، لەبەرنامەشماندایە كۆبوونەوە لەگەڵ فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بكەین. بەشێوەیەكی گشتی ژمارەی دەنگدەرانی كوردستان بەناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمیش واتا بە كەركووك و موسڵیشەوە لەنێوان 5 - 6 ملیۆن دەنگدەر دەبێت كە مافی دەنگدانیان لە ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی كوردستان هەیە، لیستەكان كاریان لەسەر دەكرێت پاش تەواوبوونیان ژمارەی راستەقینەی دەنگدەران رادەگەیەنین. وەكو سەرۆكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی لە هرێمی كوردستان ئومێدەوارم ئەم ئەركە نیشتمانی و نەتەوەییە بەهاوكاری و پاڵپشتی هەموو خەڵكی و هێزە سیاسییەكان و میدیا و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و چین و توێژەكانی گەلەكەمان بەسەركەوتوویی ئەنجام بدرێت، بەتایبەتی بۆ گەیاندنی پەیامی ریفراندۆمەكە و هاندانی خەڵك بۆ جێبەجێكردنی گەورەترین دەستكەوت و هەنگاوی مێژوویی.
Top