یۆجین گۆڵز : سیاسەتی پۆپۆلیستی دەرەنجامێكی خراپی لەسەر دامەزراوەكان و بەرژەوەندیی گشتی لێدەكەوێتەوە
May 3, 2017
دیمانەی تایبەت
یۆجین گۆڵز، پڕۆفیسۆرە لە سكووڵی لیندن جۆنسۆن بۆ كاروبارە گشتییەكان لە زانكۆی تەكساس، وانەبێژی چەند پرسێكی گرنگە، وەك كاروباری گشتی و دیپلۆماسییەت و ئاسایشی نەتەوەیی، بۆ قسەكردن لەسەر ئەو تەحەددییانەی لە ئێستادا رووبەڕووی سیستمی جیهانی بوونەتەوە، هەروەها بۆ تاوتوێكردنی ئەگەری پێداچوونەوە بە هاوپەیمانێتییەكاندا لەلایەن ئەمریكاوە، بۆ تیشكخستنەسەر چەند پرسێكی پەیوەندیداری دیكە، گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵدا ئەنجامدا و ئەویش بەم شێوەیە وەڵامی پرسیارەكانی دایەوە.یۆجین گۆڵز
پڕۆفیسۆری كاروباری گشتی بۆ گوڵان:
سیاسەتی پۆپۆلیستی دەرەنجامێكی خراپی لەسەر دامەزراوەكان و بەرژەوەندیی گشتی لێدەكەوێتەوە
* ئێستا زۆر باس لەوە دەكرێت سیستمی لیبڕاڵی جیهانی لەبەردەم مەترسییەكی ئەوتۆدایە كە خەریكە ئاراستەیەكی زۆر خراپ دەگرێت، پرسیاری گرنگ لێرەدا ئەوەیە ئایا دەكرێت بەجیهانی ئێستا بڵێین جیهانێكی بێ سیستم؟ یان ئایا دەكرێت بڵێین جیهان پێویستی بە دووبارە داڕشتنەوەی سیستمێكی دیكە هەیە؟
- من زۆر باوەڕم بەوە نییە كە بەكارهێنانی دەستەواژەی سیستمی جیهانی زۆر سوودی هەبێت، یان سیستمی لیبڕاڵی جیهانی، چونكە پێموایە خەڵك ئەو كاتە دەستەواژەی سیستمی جیهانی بەكاردەهێنن كە دەیانەوێت روون و راشكاو نەبن لەبارەی ئەوەی دەیانەوێت لەبارەیەوە بدوێن، چونكە خۆی لە خۆیدا وەك چەمكێكی ئیجابی دەردەكەوێت، بەڵام لە بنەڕەتدا بۆ شاردنەوەی ئەجێندا راستەقینەكەیە، وەك دەستتێوەردان لە وڵاتانی دیكەدا، یان كاتێك دەیانەوێت سوپای ئەمریكا بۆ شوێنێكی دیاریكراو بنێرن. بۆ نموونە، ئەم چەمكە-سیستمی لیبڕاڵی جیهانی- دەورووژێندرێت كاتێك ئەمریكا دەیەوێت سوپا بۆ عێراق بنێرێت، یاخود بۆ دەریای باشووری چین. كەواتە من هاوڕام لەگەڵ بنەمای پرسیارەكەتاندا كە لە ئێستادا چەندین كێشەی پڕ لە تەحەددی هەن لە جیهاندا، كە لە ئێستادا رێژەیەكی بەرزری توندوتیژی و شەڕ و كوشتاری دروست كردووە.
* ئیدارەی ئێستای ئەمریكا بەوجۆرە سەیری سیستمی جیهانی دەكات بەوەی پێویستە ئەمریكا چاو بە هاوپەیمانییەكانیدا بخشێنێتەوە و دەست لە پابەندبوونەكانی بۆ پاراستنی سیستمی جیهانی هەڵبگرێت، ئایا ئەمریكا تاچەند دەتوانێت ئەم كارە بكات و ئایا ئەمە مانای ئەوەیە ئەمریكا چیتر نایەوێت سەركردایەتی سیستمی جیهانی بكات؟
- لەسەروەختی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردندا دۆناڵد ترەمپ هەندێ لێدوانی دا لەبارەی گومانكردنیەوە لەبارەی هاوپەیمانێتییەكانی ئەمریكاوە، بەڵام لەوەتەی بۆتە سەرۆك، ئەوا لە هەموو ئەو بەڵێنانەی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردن پاشگەز بۆتەوە كە پەیوەست بوون بە دووبارەهەڵسەنگاندنەوە بۆ هاوپەیمانێتییەكانی ئەمریكا، لەبری ئەوە گوزارشتی لە پشتیوانی بەهێزی ئەمریكا كرد بۆ ئەو هاوپەیمانێتییانە، وەك ناتۆ و یابان و هەندێ وڵاتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
* بەڵام ئەوەی ترەمپ رایگەیاند بریتی بوو لە جەختكردنەوە لەسەر ئەوەی دەبێت هاوپەیمانێتییەكان پشكداری زیاتر بكەن، بۆ نموونە لە رێی تەرخانكردنی رێژەیەكی زیاتر لە بودجەی وڵاتەكەیان بۆ بواری بەرگری؟
- ئەمە راستە، بەڵام لە راستیدا سەرجەم سەرۆكەكانی ئەمریكا، لە سەرۆك ئایزنهاوەرـەوە، رەنگە سەرۆك هاری ترۆمان-یش ئەمەی وتبێت، بەڵام لەبیرم نییە، ئەمەیان دووپات كردۆتەوە، كە كێشەكەش پەیوەستە بەوەی كە ئەو هاوپەیمانانە پتر پشت بە ئەمریكا دەبەستن بۆ چارەسەركردنی كێشەكانیان، بێ ئەوەی خەرجی ئەو كارە لەئەستۆ بگرن. كەواتە ئەو پرسەی سەرۆك ترەمپ ورووژاندی، بابەتێكی نوێ نەبوو، چونكە سەرۆك ئۆباما و تەنانەت جۆرج بۆشیش هەمان پرسیان ورووژاند، بەڵام هیچیان هیچ شتێكیان لەبارەوە نەكرد، واتە ئەو سەرۆكانە گوزارشتیان لەوە كردووە كە دەبێت هاوپەیمانەكان كاری زیاتر بكەن، بەڵام هەڵنەستاون بە دووبارە پێداچوونەوە بەو هاوپەیمانێتییانە بە چەشنێك كە ببنەهۆی ئەوەی ئەو هاوپەیمانانە كاری زیاتر بكەن.
* كێشەی هەرە سەرەكیی ئەمڕۆی جیهان، كێشەی نێوان دەوڵەت و دەوڵەت نییە، بەڵكو كێشەكە لە ناوخودی دەوڵەتەكان خۆیەتی، دیارە لە وڵاتانی رۆژئاوا كێشە ناوخۆییەكان و دەستەبژێری سیاسی كارێكی وایان كردووە كە هاووڵاتی ئاسایی پەراوێز بخرێت و پۆپۆلیزم بە چڕی سەر هەڵبدات، ئایا تاچەند سەرهەڵدانی پۆپۆلیزم هەڕەشە لە دیموكراتی لیبڕاڵیزمی رۆژئاوا دەكات؟
- ئەمە پرسیارێكی باشە، چونكە لە ئێستادا بە چەشنێكی بەربڵاو پۆپۆلیزم لە زۆرێك لە وڵاتانی رۆژئاوادا بەدی دەكەین، بە درێژایی مێژووش پۆپۆلیزم لە هەڵكشان و داكشاندایە، چونكە ئەمە یەكەمجار نییە كە سەرنجی دەنگدەران بۆ كێشەی هاووڵاتییە ئاساییەكان رادەكێشرێت، ئەوەش داواكارییەكی ماقووڵە، بەڵام هەندێ سیاسەتی دیاریكراو پۆپۆلیستی هەیە كە دەرئەنجامێكی خراپی بۆ ئابووری و بەرژەوەندی گشتی لێدەكەوێتەوە. لەبەر ئەوەشە كە دەستوری وڵاتێكی وەك ئەمریكا سیستمێكی دەستەبەركردووە كە دەسەڵاتەكان لێك جیابكرێنەوە و چاودێر بن بەسەریەوە، ئەوەش بۆ ئەوەی بە رەوتێكی خێرا و بە چەشنێكی ریشەیی گۆڕانكاری لە سیاسەتەكاندا نەكرێت، كە بۆی هەیە هەندێ لە مەیلە پۆپۆلیستییەكان دەرئەنجامی سلبییان هەبێت، بەڵام ئەوەش پرسێكی بنەڕەتییە لە دیموكراتیدا كە نیگەرانییەكان لەبەرچاو بگرێت، واتە هیچ كێشەیەكی تێدا نییە كە دەنگدەران نیگەرانییان هەبێت و خوازیاری چارەسەركردنی بن، لێرەدا رۆڵی سەركردە دێتەپێش كە رێگری بكات لەوەی ئەو نیگەرانییانە نەبنەهۆی گرتنەبەری سیاسەتگەلێكی كورتبینانە كە تەنیا خزمەت بە بەرژەوەندییە شەخسییەكان بكەن كە لە دەرئەنجامدا زیان بە بەرژەوەندی گشتی بگەیەنن.
* كەواتە مەترسیی پۆپۆلیزم لەوەدایە كە كار لەسەر لاوازكردنی دامەزراوەكانی وەك دادوەری و رۆژنامەگەری دەكات؟
- بەڵێ، كێشەكە ئەوەیە پۆپۆلیستەكان هەوڵی لاوازكردنی دامەزراوەكانی حكومڕانی دەدەن، لەبری ئەوەی كار بكەن و پرسیاری ئەوە بكەن ئایا باشترین سیاسەت چییە كە لە چوارچێوەی ئەو دامەزراوانەدا گەڵاڵە بكرێت. لەبەر ئەوە هێرشكردنەسەر دامەزراوەكان خۆی لە خۆیدا مایەی نیگەرانییەكی زۆرە.
* كەواتە هاوسەنگییەكی هەستیار هەیە كە دەبێت بێتەدی لە نێوان سەركردایەتییەكی بەهێز و دامەزراوەی تۆكمەدا؟
- راستە، دامەزراوەكان پێویستیان بە سەركردایەتییەكی بەهێز هەیە، بۆ نموونە، دەستووری ئەمریكا سیستمی چاودێری و جیاكردنەوەی لە نێوان دەسەڵاتی سەرۆك و كۆنگرێسدا دەستەبەر كردووە، بەڵام دەبینین بۆ ساڵانێكی زۆرە و بگرە بۆ دوو دەیە دەچێت، نەتوانراوە لە كۆنگرێسدا سەركردایەتییەك بنیاد بنرێت، كەواتە ئەو سیستمی چاودێریكردنی و جیاكردنەوەیە كە داڕێژەرانی دەستوور مەبەستیان بوو، وەك خۆی جێبەجێ نەكراوە. كەواتە دامەزراوەكانیش پێویستیان بە سەركردایەتی هەیە بۆ ئەداكردنی ئەركەكانیان.
* سەبارەت بەدەوڵەتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەوێش دیسان كێشەكان هێندە كێشەی ناوخۆی وڵاتەكانن و بۆتە هۆی سەرهەڵدانی تیرۆریست بەتایبەتی داعش، هێندە كێشەی نێوان دەوڵەتەكانی ناوچەكە و كێشەی نێوان دەوڵەتانی ئیسلامی و رۆژئاوا نییە، ئەمەش بەو مانایەی پێویستە هەوڵبدرێت كێشەی ناوخۆی ئەو ولاتانە چارەسەر بكرێت بۆ ئەوەی داعشی دیكە سەرهەڵنەداتەوە، ئایا تاچەند لەم پرسەدا جیهان دەتوانێت میكانیزمێكی گونجاو بگرێتەبەر؟
- لە راستیدا ئاسان نییە جیهان بەم ئەركە هەڵبستێت. چونكە هەروەك ئێوە لە پرسیارەكەتاندا ئاماژەتان پێكردووە، سەرچاوەی كێشەكان پرسە ناوخۆییەكانن، واتە كێشەكان كێشەی ناوخۆیی وڵاتانن، نەك كێشەی نێوان وڵاتان، جیهانی دەرەوەش دووچاری زەحمەتییەكی زۆر دەبێتەوە لە تێگەیشتن لە ئاڵۆزییەكانی سیاسەتی ناوخۆیی وڵاتانی دیكە. ئێمە خۆمان دوچاری زەحمەتی دەبینەوە لە تێگەیشتن لە كێشە ناوخۆییەكانی خۆمان. هەموو شارەزایان رووبەڕووی زەحمەتی دەبینەوە لە شرۆڤەكردنی ئەوەی بۆچی سەرۆك ترەمپ لە هەڵبژاردنەكاندا سەركەوتنی بەدەستهێنا. ئێستاش ئەگەر بێیت و لە هەمان ئەو شارەزایانە بپرسیت كە چۆن پەرە بە سیاسەتەكان بدرێت و رێگری لە جیهادییەكان بكرێت، ئەوا ئەگەری زۆرە هەمان هەڵە دووبارە بكەنەوە. نیگەرانیی من ئەوەیە جیهان بیەوێت كارێكی زۆر بكات، نەك بە پێچەوانەوە. چونكە كاتێك دەستتێوەردان دەكەیت و هەڵە دەكەیت، ئەوا دۆخەكە ئاڵۆزتر دەكەیت، لەبەر ئەوە دەبێت زۆر وریابین كارێك نەكەین كە كێشەكان ئاڵۆزتر بكەین. بەڵام ئێمە تەفزیڵی ئەوە دەكەین كە سیستمی حوكمڕانیی باشتر بنیاد بنرێت و دیموكراسیەتی زیاتر هەبێت و توندڕەوییەكی كەمتر هەبێت و گەڕانەوەیەكی كەمتر هەبێت بۆ بەهاكانی سەدەكانی ناوەڕاست. وتەیەكی بە ناوبانگی جۆن ئادامز –یەكێكە لە باوكانی دامەزرێنەری ئەمریكا- هەیە كە دەڵێت: ئەمریكا خوازیاری ئازادییە بۆ هەمووان، بەڵام كێشەكە ئەوەیە كە ئەمریكا ئەو توانایەی نییە كە ئەو ئازادییە دەستەبەر بكات بۆ هەمووان.
* كەواتە پێتوایە تا ئێستا زۆرینەی دەستتێوەردانەكان دەرئەنجامێكی پێچەوانە و نەخوازراویان لێكەوتووەتەوە و لەبری چارەسەركردنی كێشەكان هەل و مەرجەكەیان ئاڵۆزتر كردووە؟
- بەڵێ ئەوە راستە.