یوسی مەكلبێرگ : گرنگە لەیەك كاتدا داعش تێكبشكێندرێت و بەشار ئەسەدیش لە دەسەڵات دووربخرێتەوە
May 3, 2017
دیمانەی تایبەت
یوسی مەكلبێرگ پڕۆفیسۆری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانە لە زانكۆی (رێجنێت)ـی لەندەن و، بەڕێوبەری پڕۆگرامی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان و زانستە كۆمەڵایەتییەكانە لە هەمان زانكۆ، بۆ شرۆڤەكردنی سیاسەتی دەرەوەی ئیدارەی سەرۆك ترەمپ لە ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەو گۆڕانكارییانەی پێویستە لەو سیاسەتەدا بێنەدی، لەگەڵ چەند پرس و بابەتێكی دیكەی پەیوەندیداردا، گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵدا ئەنجامداو ئەویش بەم شێوەیە بۆچوونەكانی خستەڕوو.* چۆن لە لێدوانەكەی سەرۆك ترەمپ دەڕوانیت لە پەیوەندی بە بەرپەرچدانەوەی هەڕەشەكانی كۆریای باكوور، كە باسی لەوە كردبوو پێی باشە لەگەڵ چیندا سنوورێك بۆ ئەو هەڕەشانە دابنێت، بەڵام ئەگەر پێویست بكات ئەوا ئەمریكا بە تەنیا رووبەڕووی ئەو هەڕەشەیە دەبێتەوە؟
- هەمیشە لێكدانەوەی لێدوانەكانی ترەمپ كارێكی قورس بووە، بەڵام كۆریای باكوور هەڕەشە و تەحەددییەكی بەردەوام بووە كە بە تێپەڕبوونی كات پەرەی بە توانای ئەتۆمی داوەو رژێمێكی ناسەقامگیر و ناعەقڵانی هەیە، كەواتە ئەمە هەڕەشەیەكە و پێویستە چارەسەر بكرێت، باشترین رێگاش بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەوەیە هێزە گەورەكان پێكەوە كاربكەن و پەیامێكی روونی پێ بدرێت كە رەفتارەكانی لە پەیوەندی بە برەودان بە چەكی ئەتۆمی و ئەو هەڵسوكەوتانەی كە لەگەڵ رێككەوتن و نۆرمە نێودەوڵەتییەكاندا ناگونجێن. بەڵام كێشەكە ئەوەیە ترەمپ تاكلایەنانە بیردەكاتەوە، ئەمەش بۆی هەیە ببێتەهۆی پێكدادان لەگەڵ هێزەكانی دیكەدا. لەبەر ئەوە پێموایە باشترین رێگەی كاركردن بریتییە لە هاوكاریكردن لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی نەك كاری تاكلایەنانە. بەڵام ترەمپ بۆی هەیە تاكلایەنانە دژی ئەم هەڕەشانە كاربكات، ئەگەر بۆی دەركەوت كە هێنانەئارای هاوكاری كارێكی زەحمەتە.
* راوبۆچوونتان چییە لەسەر سیاسەت و هەڵوێستی ئەمریكا لەئاست كێشەی سووریادا، بەتایبەتی دوای ئەو گوزرە ئاسمانییانەی كە ئاڕاستەی بنكەیەكی ئاسمانی سووری كران لە دوای هێرشە كیمیاییەكەوە بۆ سەر شارۆچكەی خان شەیخون؟
- دەمەوێت ئەوە بڵێم كە فەرامۆشكردنی شەڕی ناوخۆی سووریا بووە هۆی سەرهەڵدانی دۆخێكی پڕ لە پشێوی كە لە ئێستادا چارەسەركردنی زۆر زەحمەت بووە، لە ئێستاشدا پێویستە كار بۆ لابردنی ئەسەد لە دەسەڵات بكرێت، بەڵام لە هەمان كاتدا پێویستە كار بۆ ئیحتیواكردنی داعشیش بكرێت، ئەمەش تەحەددییەكەیە. چونكە مانەوەی ئەسەد لە دەسەڵاتدا بە مانای درێژەكێشانی شەڕ دێت، ئەوەش پاساوێك دەبێت بۆ مانەوەی داعش، لەبەر ئەوە دەبێت كاربكرێت بۆ دۆزینەوەی بەدیل بۆ هەردووكیان و لە هەمان كاتدا هەوڵی پاراستنی سەقامگیری ناوچەی شام بدرێت. لەبەر ئەوە دەبێت پێكەوە كاربكەن بۆ هێنانەئارای ئەنجامێكی ئیجابی، ئەگەرنا شەڕە ناوخۆییەكە درێژە دەكێشێت و بۆی هەیە ببێتەهۆی پێكدادانی دوو هێزە گەورەكەش.
* ئایا پێشبینی هاتنەئارای گۆڕانكاریی گەورە دەكەن لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكادا لە ئاست رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سووریادا؟
- لە راستیدا پێموایە پێویستە ئەمریكا سیاسەتێكی دەرەكیی گشتیگر گەڵاڵە بكات لە ئاست تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و دواتر دۆخی هەر وڵاتێك لە چوارچێوەی ئەو ستراتیژیەتەدا لەبەرچاو بگرێت، چونكە داعش تەنیا لە سووریا و عێراقدا نییە، هەروەها پرسی حوكمڕانی و سەقامگیری پەیوەستە بە لیبیا و عێراق و سووریا و وڵاتانی دیكەوە. هەروەها دەبێت دۆخی میسریش لەبەرچاو بگیرێت، چونكە كەس نازانێت لە مەودای دووردا چی روودەدات. لەبەر ئەوە دەبێت ئەمریكا پەرە بە ستراتیژیەتێكی گشتگیر بدات بۆ ناوچەكە. ئێمە بینیمان گوزرێكی ئاراستەی بنكەیەكی ئاسمانی لە سووریا كرد، بەڵام كەس نازانێت ئایا ئەمە تەنیا گورزێكە، یان بەشێكە لە هەڵمەتێكی بەرفراوان، ئایا ئامانجە ستراتیژییە دوورەكان چین.
* لە ئێستادا داعش لە سەروبەندی تێكشكاندایە لە عێراقدا، كە دەبێت دواتر پرۆسە سیاسییەكە رێكبخرێتەوە، پرسیارەكە ئەوەیە تا چەند بوونی دەستڕۆیشتوویی ئێران لە عێراقدا رێگر دەبێت لە دووبارە رێكخستنەوەی پرۆسە سیاسییەكەی عێراق؟
- لە دوای ساڵی 2003وە دەرگایەك بۆ ئێران كرایەوە كە بە چەشنێكی بێ پێشینە برەو بە دەستڕۆیشتویی خۆی لە عێراقدا بدات، بەڵام چارەسەرەكە ئەوەیە -بەتایبەتی كە ئێستا داعش لە پاشەكشەدایە- كە كار بۆ دووبارە بنیادنانەوە عێراق بكرێت و حوكمڕانییەكی باش بنیاد بنرێت و نوێنەرایەتی هەموو پێكهاتەكان بكات و دۆخی خەڵكەكە لە روی ئابووری و كۆمەڵایەتییەوە باش بێت و رێز لە مافەكانی مرۆڤ بگیرێت. كە پێموایە دەكرێت دواتر كار بۆ ئیحتیواكردنی ئێران بكرێت، بەڵام ئەگەر دابەشبوون هەبێت لە عێراقدا و ئەگەری لەسەر بنەمای تایەفەگەری كاربكرێت، ئەوا ئێران سوود لە بارودۆخەكە وەردەگرێت، بە چەشنی ئەوەی لە ئێستادا لە سووریا دەیبینین، هەروەها بە چەشنی ئەوەی بۆ ماوەی زیاتر لە سێ ساڵە لە لوبناندا دەیبینین.
* لە ئێستادا هەرێمی كوردستان بە نیازی ئەنجامدانی ریفراندۆمە لەبارەی سەربەخۆییەوە، پرسیارەكە ئەوەیە ئایا تا چەند كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی رێز لە ئیرادەی خەڵكی كوردستان دەگرێت؟
- بۆچونی من ئەوەیە كوردستان شایستەی ئەوەیە لە رووی كەلتووری و سیاسییەوە دانی پێدابنرێت، بەڵام سیاسەتی نێودەوڵەتی لەبەر هەستیاریی بارودۆخەكە ئێستا بە فەرمی و راشكاوانە پشتگیری ئەم پرسە ناكات، لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە بزووتنەوەیەكی بەهێز هەبێت بۆ دانپێدانان بە مافی خەڵكی كوردستان، بە مافە سیاسی و ئابوورییەكان و بەو خۆبەڕێوەبەرییەی هەیانە.
* چاودێران باس لەوە دەكەن كە ئەگەر بێتو دەرفەت بە سوننەكان نەدرێت بۆ ئەوەی خۆیان كاروباری خۆیان بەڕێوە ببەن، ئەوا داعش لە شێوەیەكی جیاوازدا دووبارە دەبێتەوە، ئایا پێدانی ئەم دەسەڵات بە سوننەكان و رێگریكردن لە پەراوێزخستنیان لەلایەن شیعەوە پێویست بە جێگیركردنی هێزی سەربازی ئەمریكا لە عێراقدا دەكات؟
- چارەسەرەكە لە سەرجەم وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، لە نێویاندا عێراق، ئەوەیە دەست بە گفتوگۆیەكی سیاسی بكرێت كە هەمووان لەخۆبگرێت، چونكە ئەمریكا ناتوانێت ناكۆكی تایفەگەریی درێژخایەنی نێوان شیعە و سوننە و كورد چارەسەر بكات، بەڵكو دەبێت سیستمێكی حوكمڕانی بنیادبنرێت كە رێز لە هەمووان بگرێت و رێز لە مافەكانی مرۆڤ بگرێت، بە چەشنێك هەموو عێراقییەك هەست بكات ئەوە وڵاتی خۆیەتی. واتە راستە جیاوازی هەیە لە وڵاتەكەدا، راستە پێكهاتەی ئایینی و ئیتنیی جیاواز هەن كە دەبێت هەموو ئەمانە لەبەرچاو بگیرێن، بەڵام دەبێت دیالۆگێكی سیاسیی راستەقینە ئەنجام بدرێت.