مەحمود ئێزیدی بۆ گوڵان: پەكەكە رێز لە داوای جڤاتی رۆحانی و میر و پیاوماقووڵانی ئێزیدی ناگرێت و نایەوێت بە ئاشتییانە شنگال چۆڵ بكات
May 2, 2017
دیمانەی تایبەت
ئێزیدی كوردی رەسەنن و ئایینەكەشیان هەر بە زمانی كوردییە، بۆیە ئەم بەشەی نەتەوەكەمان جیا لەوەی وەك كورد چەوسێندراونەتەوە لەهەمانكاتدا لەلایەن داگیركارانی كوردستانەوە لە رووی ئایینیشەوە چەوساوە بوون. ئێزیدییەكان هەموو كات لە شۆڕشەكانی كوردستاندا پشكداریی گەورەو دیاریان هەبووە و لە پێناوی سەربەخۆیی و رزگاریی كوردستاندا لە ریزی پێشەوەی مقاوەمەت و قوربانیداندا بوون. كوردانی ئێزیدی جارێكی دیكە لەسەر دەستی داعش دوچاری كارەسات بوون، بەڵام ئەوەی جێگەی داخە ئێستا چەكدارانی پەكەكە لە هەوڵی ئەوەدان گێچەڵ وماڵكاولییەكی دیكەیان بۆ دروست بكەن، بۆ قسەكردن لەسەر بارودۆخی ئێستای ئێزیدیەكان گوڵان ئەم دیمانەیەی لەگەڵ مەحمود هاشم ئەلیاس ئەنجام دا كە نازناوی شەهید (مەحمود ئێزیدی)ی باوكی هەڵگرتووە كە لە پێناوی كورد و كوردستان شەهید بووە و ئێستا لەدەروازەی قەزای شێخان وەك وەفایەك بۆ ئەم قارەمانە پەیكەری بۆ دروستكراوە.پەكەكە دۆستی حەشدی شەعبی و موخابەراتی وڵاتانی دەوروبەرەو دوژمنی ئێزیدی و پێشمەرگەیە و رێگرە لە ئاوەدانكردنەوەی دەڤەرەكەمان
* لە هەموو بۆنەیەكدا سەرۆك بارزانی جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە ئێزیدی كوردی رەسەنن و هەرگیز جیاوازیی ئایینی نابێتە هۆكاری ئەوەی ئێزیدی لە كورد جیاببێتەوە، هەروەها شنگال و دەڤەری ئێزیدییەكانیش بەشێكی دانەبڕاوی خاكی كوردستانن، ئایا ئێوە وەكو سیاسەتمەدارو كەسێكی ناسراوی ناو ئێزیدییەكان چ پێشنیارێكتان هەیە بۆ ئەوەی سەرۆكی كوردستان بۆ ئێزیدییەكانی جێبەجێ بكات؟
- لەناو جڤاتی ئێزیدییەكان جەنابی سەرۆك بارزانی هەڵوێستێكی پیرۆز و جوامێرانەو دیارو روونی هەیە، بگرە لەناو كوردانی ئێزیدی پێشوازییەكی گەرم لەهەڵوێستی جەنابیان دەكرێت، ئەمەش بۆ ئەو متمانەیە دەگەڕێتەوە كە بەگشتی كوردانی ئێزیدی بەرامبەر مستەفا بارزانی هەیانە، چونكە هەڵوێستەكانی جەنابی مسعود بارزانی تەواوكاری ئەو پشتیوانییە بوو كە بارزانیی نەمر و ئیدریس بارزانیی هەمیشە زیندوو بۆ كوردانی ئێزیدی هەیانبووە، هەرگیز ئێزیدییان بەجیا نەزانیوە و جەختیان لەوە كردۆتەوە كە كوردستان شوێنی پێكەوەژیان و لێبووردەیی و ئاشتی نێوان نەتەوە و ئایین و ئایینزاكان بووە، هەر ئەمەشە وایكردووە لەكوردستان ئایین و مەزهەب نەبێتە هۆكاری جیاوازی و دابڕان و شەڕ و ئاشوپ و دەستدرێژی بۆ سەر كوردانی ئێزیدی. مەلا مستەفا بارزانی خراپەكاری بۆ سەر كوردانی ئێزیدی بە هێڵی سوور داناوە، سەرۆكی كوردستانیش جەنابی مسعود بارزانی هەر لایەن و كەسێك لەبەرامبەر كوردانی ئێزیدی خراپ بجووڵێتەوە قبووڵی نەكردووەو وەڵامدانەوەو لێپرسینەوەی توندی دەرهەق كردوون. هاوكاریكردن و پاراستنی كوردانی ئێزیدی و بەهاناچوونی جەنابی مسعود بارزانی لەو مەینەتی و ئاوارەییەداو بەرزكردنەوەی كارەساتەكەیان بۆ ئاستی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دواتر بەهاناچوونی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هێزەكانی هاوپەیمانان هەمووی بۆ ئەو پشتیوانی و هەڵوێستانەی جەنابیان دەگەڕێتەوە، تەنانەت ئازادكردنی ناوچەكانیان بە خوێنی 700 پێشمەرگەی قارەمانی كوردستان، ئەمانە هەمووی وایكردووە كوردانی ئێزیدی سەرۆكی كوردستان بەپاڵپشتی خۆیان بزانن، باوەڕ ناكەم لەم كارەسات و مەینەتییەی كە بەسەر كوردانی ئێزیدی هات، كەس هێندەی سەرۆكی كوردستان دڵناخۆش و خەمبار بووبێت، لەهەموو چاوپێكەوتن و بۆنەكاندا كاریگەری توندی كارەساتەكە و خەمباری بۆ كوردانی ئێزیدیمان لەچاوانی دەبینی، بگرە جەنابیان تەئكیدی لەوە دەكردەوە كە كوردو بارزانییەكان زۆر كارەساتی گەورەو جەرگبڕیان بەسەردا هاتووە، بەڵام هیچیان وەكو ئەوەی ئەمجارە نییە كەبەسەر كوردانی ئێزیدی هاتووە.
* تاچەند بەڵێنەكەی سەرۆك بارزانی بۆ رزگاركردنی شنگال و جێبەجێكردنی بەڵێنەكەی ئێوەی ئێزیدی دڵخۆش كردووە؟
- جەنابی سەرۆك بارزانی كورسیی سەرۆكایەتی بەجێهێشت و زیاتر لە شەش مانگ لەبەرەكانی پێشەوەی جەنگ بوو، لەمیحوەری زوممار و رەبیعە لەگەڵ فەرماندە سەربازییەكانی سەرقاڵی بەرنامە و پلانی ئازادكردنەوەی شنگال و دەڤەری ئێزیدییەكان بوو، هەرواش بوو بە فەرماندەیی جەنابیان و سەرپەرشتیی راستەوخۆی سەرۆك بارزانی توانرا چیای شنگال ئازاد بكرێت، لەوێوە شكاندنی داعشی راگەیاندو تۆڵەی ئێزیدییەكانی كردەوە. لەدوای ئازادكردنی شنگالیش سەرۆك بارزانی كوردانی ئێزیدی لەبیر نەكردو بەرنامەو كاری تۆكمەو چارەنووسسازی بۆ شنگال و تەواوی دەڤەرەكە و پاراستن و ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكە داڕشتووە، تاوەكو دووبارە بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان. پێش دوو مانگ لەمەوبەر جڤاتی ئێزیدی و میر تەحسین و مەرجەعییەتی رۆحانیی ئێزیدی و ژمارەیەك رۆشنبیر و كەسایەتی ئێزیدی چاومان بە سەرۆكی كوردستان كەوت و یاداشتێكمان لەسەر بیروبۆچوونی كوردانی ئێزیدی پێشكەشی جەنابیان كرد، پێش پێشكەشكردنی یاداشتەكە پێمان سەیر بوو هەموو ئەو داواكاری و پێشنیارانەی ئێمە كە لەناو یاداشتنامەكەماندا بوو، پێشتر لەبیرو هەستی سەرۆك بارزانی بووە و بەڵێنی جێبەجێكردنی دا، كە گرنگترینیان بەپارێزگاكردنی شنگال و گەڕانەوەی بوو بۆ سەر هەرێمی كوردستان، لەمەش زیاتر دەخوازێ كاتێك شنگال بكرێتە پارێزگا لەلایەن كوردانی ئێزیدی بەڕێوە ببرێت، لەلایەكی دیكەشەوە بەرنامەو پڕۆژەی بۆ ئاوەدانكردنەوەی شنگالیش داناوە، بەڵام بوونی پەكەكە رێگرە لەبەردەم جێبەجێكردنی ئەو هەموو بەرنامەو پرۆژانەی كە سەركردایەتی سیاسیی كوردستان بەهاوكاری كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ ئاوەدانكردنەوەی شنگال و تەواوی دەڤەرەكە دایڕشتووە.
* هەفتەی رابردوو فڕۆكە سەربازییەكانی توركیا چیای شنگالیان بۆردومان كردو بەو هۆیەشەوە بارەگایەكی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بۆردومان كراو 6 شەهیدو 7 برینداری لێكەوتەوە، ئەمەش بەهۆی بوونی پەكەكەو عینادییان لە چۆڵنەكردنی شنگال بووە. ئایا پەكەكە بۆچی ئەم ناوچەیە چۆڵ ناكات تاوەكو كاولكاری و ماڵوێرانی بۆ باشووری كوردستانی لێنەكەوێتەوە؟
- جڤاتی رۆحانیی ئێزیدی و پیاوە ماقووڵ و كەسایەتییەكانی ئێزیدی بەردەوام داوا لەپەكەكە دەكەن ئەو ناوچەیە چۆڵ بكەن، بۆ ئەوەی كێشەو گرفت و ماڵوێرانی زیاتری بۆ كوردانی ئێزیدی لێنەكەوێتەوە، بەڵام عینادی و بوونی ئەجیندەی نهێنی دژ بە باشووری كوردستان لەلایەن پەكەكەوە وایكردووە شنگال چۆڵ نەكەن، ئێمە وەك كوردانی ئێزدی دەمێكە دەزانین پەكەكە گێچەڵێك دروست دەكات، هەربۆیە جڤاتی رۆحانیی ئێزیدی و میر و كەسایەتییە ناسراوەكانی ئێزیدی و سەرۆك هۆزەكان داوایان لە پەكەكە كرد سنووری شنگال چۆڵ بكەن. بوونی پەكەكە لە چیای شنگال و دەڤەرەكەمان لەبەرژەوەندی كوردانی ئێزیدی نییەو تەنیا ماڵوێرانی و كاولكاریمان بۆ دەهێنێت.با پەكەكە ئەو پرسیارە لەخۆیان بكەن ئایا مەرامیان لەمانەوە لە چیای شنگال و شاری شنگال چییە؟ بۆچی پەكەكە چاو لە هێزی پێشمەرگەی كوردستان ناكات، كاتێك ئەركەكەیان لە كۆبانێ تەواو بوو، بە بڕیاری جەنابی سەرۆك بارزانی ئەو هێزەی پێشمەرگەی كوردستان كشانەوە و شارەكەیان تەسلیمی خاوەنەكەی كردەوە؟
* هەر لەم كارەساتە دڵتەزێنەی بەسەر ئێزدییەكان هات، زیاتر لە 5000 ژن و كچی ئێزیدی لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە رفێندران، بەڵام لەسەر رێنمایی سەرۆك بارزانی بەشێكی زۆریان ئازادكران و گەڕانەوە شوێنی خۆیان، ئایا ئەم هەوڵانە بۆ ئازادكردنی كچان و ژنانی ئێزیدی چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
- بەڕێزان سەرۆك بارزانی و نێچیرڤان بارزانی و سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان هەرچی لەدەستیان هات بۆ ئازادكردنەوەی شنگال كردیان، بەڵام كارەساتەكە گەورە بوو، چەندین ئافرەت و پیرەمێرد و منداڵ كەوتنە دەستی تیرۆریستانی داعش، لەم كارەساتەشدا دیسان خەمخۆریی بارزانی وایكرد ژمارەیەك لە ئافرەت و گەنج و منداڵەكانمان بگەڕێنەوە، داوامان كرد نووسینگەیەك بۆ ئافرەت و كچانی رفێندراوی دەستی داعش بكرێتەوەو راستەوخۆ ببەسترێتەوە بە نووسینگەی جەنابی سەرۆك و رێزدار نێچیرڤان بارزانی-یەوە، خۆشبەختانە جەنابیان رازی بوون و ئێستا هاوكاری و یارمەتییەكی دارایی و مەعنەویی باش لەم رووەوە هەیە و ئەم نووسینگەیە رۆڵێكی باشی گێڕاوەو پەیوەندی بەردەوامی لەگەڵ هەموو هێزو سەرۆك هۆزە عەرەبەكان و كەسایەتییە ناسراوەكانی ناوچەكە هەیە، تەنانەت ئەو مەكتەبە پارەی داوە بۆ ئەوەی ژمارەیەك لە كوردانی ئێزیدی رزگار بكرێن. مەكتەبی جەنابی سەرۆكی حكومەت ئامادەیی دەربڕیوە بۆ دابینكردنی هاوكاری و یارمەتی زیاتر، ئومێد دەخوازین ئەم پاڵپشتی و هاوكارییەی تایبەت بەئازادكردنی كچان و ئافرەتانی ئێزیدی بەردەوام بێت.
* پەكەكە دەیەوێت شنگال بكاتە كانتۆن و لە كوردستانی داببڕێت، ئایا ئێوەی ئێزیدی قبوڵ دەكەن شنگال بكرێتە كانتۆن یان لە كوردستان جیابكرێتەوە؟
- هیچ كوردێكی ئێزیدی لەگەڵ بیروباوەڕی پەكەكەدا نییە كە شنگال بكرێتە كانتۆن و لەكوردستانی داببڕن. شنگال خاكی كوردانی ئێزیدییە و پارچەیەكی دانەبڕاوی خاكی كوردستانە، ئەو كاتەی لە شەرەفەدین لەسەر چیای شنگال لە رێگەی چەند هێزێكی ئیقلیمی و عێراقییەوە پەكەكە هەوڵی دامەزراندنی كانتۆنی دا، بەتوندی لەلایەن جڤاتی رۆحانی و كەسایەتییەكانی كوردی ئێزیدییەوە رەتكرایەوە و لە رووی جەماوەریشەوە هەر ئەو كات لەسەر چیاش پێشوازیی لێنەكرا، بەڵكو ئەم ئەجیندە دەرەكییە لەسەر خاكی كوردستانی باشوور نەك تەنیا رەتكرایەوە، بەڵكو ئیدانەش كرا، لەبەر ئەوەی ئەم بیروبۆچوونە خزمەتی هاوبەشی دوژمنانی گەلی كوردو كوردستانییەكان دەكات، هەروەها پەكەكە بە ئاشكرا دژی دەوڵەتی كوردستانە. دڵنیام ئەمڕۆ پەكەكە باسی كانتۆن دەكات، سبەی بڕوایان بەوەش نامێنێت، لەبەر ئەوەی ئەوان بەپێی رۆژ و ویست و بەرژەوەندی تەسكی حزبایەتی خۆیان، بیروباوەڕەكەشیان دەگۆڕن. بێگومان خەڵكی شنگال و خانەسۆرو سنونێ و كۆمەڵگەو گوندەكانی تەواوی دەڤەرەكە خاكی خۆیان بە پارچەیەكی رەسەنی خاكی كوردستان دەزانن و نەك پەكەكە هیچ هێزو داگیركەرێكی تریش ناتوانێت لەكوردستانی جیای بكاتەوە. لە شۆڕشی ئەیلوول لە ساڵی 1970 مەلا مستەفا بارزانیی نەمر ئامادە نەبوو لەدانوستاندنەكاندا لەگەڵ حكومەتی بەغدا كەركووك و خانەقین و شنگال بداتە داگیركەرانی كوردستان، واتا لەلای ئەم سەركردە گەورەو مێژووییەی كورد ستراتیژییەتی شنگال كەمتر نەبووە لە كەركووك و یان هەر بستێكی خاكی دیكەی كوردستان، هەربۆیە مومكین نییە شنگال و قەندیل و هیچ خاكێكی تر بكرێنە كانتۆن و لەكوردستان جیابكرێتەوە.
* پەكەكە خۆی دەڵێت ئێمە بەفەرمانی حكومەتی عێراق و حەشدی شەعبی لە شنگالین و هەتا حكومەت و حەشدی پێمان نەڵێن، شنگال چۆڵ ناكەین. ئایا پەكەكە حەشدی شەعبی بە دۆستی خۆی دەزانێت و پێشمەرگە بەدوژمنی خۆی؟ ئایا ئێوە ڕازی دەبن پەكەكە لە شنگال نوێنەرایەتی حەشدی شەعبی بكات؟
- جێگای داخە دوای ئەو هەموو ماڵوێرانی و ئاوارەیی و كارەساتە جەرگبڕەی بەسەر كوردانی ئێزیدی هاتووە، كەچی هێزێكی كوردی وەكو پەكەكە بێت و ئێمەی ئێزیدی بۆ مەرام و بەرژەوەندی وڵاتانی ئیقلیمی و حەشدی شەعبی بەكاربهێنێت، ناوچەكە ئیستغلال بكات بۆ پەیوەندییەكانی و وەكو هێزێكی بەكرێگیراو مامەڵە بكات. ئەمڕۆ پەكەكە پەیوەندی خۆشە لەگەڵ حەشدی شەعبی و چەكدارەكانی بەشار ئەسەد و دەزگا سیخوڕییەكانی ناوچەكە و ئەوانەی دوژمنی كوردن، كەچی لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان و پارتە سیاسییەكانی كوردستان و هاووڵاتیانی ئەم پارچەیەی كوردستان دوژمنایەتی دەكات. ئەوەتا پەكەكە بەئاشكرا دەڵێت ئەوان بە رەزامەندیی حكومەتی مەركەزی بەغدا لە چیای شنگالن و بە قسە و بڕیاری ئەوان هەڵسوكەوت دەكەن و گوێ بەحكومەتی هەرێمی كوردستان نادەن. حكومەتی عێراق لە رێگەی حەشدی شەعبی یارمەتی پەكەكە و چەكدارەكانیان دەدات، ئەمەش بۆ مەرام و مەبەستێكی سیاسیی دژ بەكوردە. بەشێك لە كوردانی ئێزیدی كە فریودرابوون و دوای پەكەكە كەوتبوون، ئێستا تێگەیشتوون و گەڕانەوە ناو ریزی نیشتمانی و كوردایەتی ئەو پرسیارەیان لەپەكەكە كردبوو: بۆچی مینبجیان رادەستی توركیا كرد، دوای ئەو هەموو قوربانی و شەڕ و بەكوشتدانی زارۆكی كوڕ و كچی كورد؟ هەر بۆیە پەكەكە لەكاتێكدا ئامادە بێت مینبج رادەستی سوپای توركیا و هێزەكانی سەر بەو وڵاتە بكات، ئەی چۆن چیای شنگال و شاری شنگال تەسلیمی حەشدی شەعبی ناكات؟
* سەرۆك بارزانی رێگەنادات شەڕی نێوان كورد- كورد دروست ببێتەوە، پەكەكەش ئەمەی قۆستۆتەوە و عینادی دەكات و دەیەوێت شەڕێك لەو ناوچەیە دروست بكات، ئایا چی بكەین بۆ ئەوەی ئەو شەڕە لەو ناوچەیە دوور بخەینەوە؟
- سەرۆك بارزانی بە بەردەوامی شەڕی نێوان هێزە كوردییەكانی تەحریم كردووە و تەئكید لەوە دەكاتەوە كە ڕێگەنەدرێت ئاژاوەو ئاشوپ لەنێوان هێزە كوردییەكان دروست بێت و جارێكی دیكە شەڕی نێوان كوردان بەرپا ببێتەوە، ئەمە سیاسەتی جەنابیانە كە لەگەڵ شەڕدا نین، لەسەر ئەم بنەمایەش ئەمڕۆ سەركردایەتی سیاسیی كوردستان و هەموو نەتەوەو ئایین و ئایینزاكان بڕوایان بە پێكەوەژیان و كەلتووری لێبووردەیی و ژیانی ئاشتییانە هەیە، ئەم هەڵوێستەی سەرۆك بارزانی دژی شەڕی نێوان كورد و كورد، بەداخەوە لەلایەن پەكەكەوە قۆستراوەتەوە بۆ فراوانكردنی پێگەو دەسەڵاتی لەسەر خاكی ئێمە، هەر بۆیە حكومەتی هەرێمی كوردستان و هێزی پێشمەرگە هەموو رێگەیەكی بەكار هێناوە بۆ ئەوەی پەكەكە بە ئاشتییانە شنگال و چیای شنگال چۆڵ بكات. تەنانەت ئەنجومەنی رۆحانیی ئێزیدی و جڤاتی كوردانی ئێزیدی و سەرۆك هۆز و كەسایەتییەكانی ئێزیدی هەمووان داوا لەپەكەكە دەكەن خاكەكەیان چۆڵ بكات و ناوچەكە پەلكێشی ماڵوێرانی زیاتر نەكات و خەون و ئومێدی كوردانی ئێزیدی لە ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكانیان لەناو نەبەن، بەڵام عینادی و مەرام و مەبەستی ژێربەژێری پەكەكە لەگەڵ دەزگا موخابەراتییەكانی ناوچەكە وایكردووە، پەكەكە گوێبستی دەنگی هەق و عەقڵ نەبێت.