سەرهات دێرسیم : پەكەكە لەبری ئەوەی كێشە بۆ شنگال دروست بكات، دەبوو هاوكاریی گەڕانەوەی بۆ سەر هەرێمی كوردستان بكات
April 25, 2017
دیمانەی تایبەت
سەرهات دێرسیم لە سەرەتای دامەزراندنی پەكەكەوە، ئەندامی ئەو رێكخراوە بووەو چەندین پۆست و پایەی وەك فەرماندەیی و ئەندامی سەركردایەتی وەرگرتووە، بەڵام لە ساڵی 2004دا دەستی لەكاركێشاوەتەوە. لەدیمانەیەكی گۆڤاری گوڵاندا رەخنەی توند لەبەرنامەو سیاسەتی پەكەكە دەگرێت، بەتایبەتی لەمەڕ هەڵسوكەوتەكانی بەرامبەر باشووری كوردستان. لێرەدا پوختەی قسەكانی بڵاودەكەینەوە.پێشتر پەكەكە بانگەشەی دەكرد كە خەبات بۆ دەوڵەتی كوردستان دەكات، بەڵام ئێستا ئاستەنگ و ئاڵۆزیی بۆ دروست دەكات
* پەكەكە كاتێك وەك حزبێكی سیاسی خۆی راگەیاند، داوای دەوڵەتی كوردستانی گەورەی دەكردو جەختی لەسەر ئەوە دەكردەوە كە تەنیا دەوڵەت چارەسەری كێشەی كورد دەكات، بەڵام ئێستا پەكەكە هەر خۆی دژی دەوڵەتی كوردستانەو بانگەشە بۆ ئەوە دەكات كە نابێت باس لە دەوڵەت بكرێت، ئایا پاشەكشەی پەكەكە لەدەوڵەت لەسەر چ بنەمایەكە؟
- لە بنەڕەتیدا پەكەكە بانگەشەی ئەوە دەكات كە پارتەكەی ئەو پارتێكی سەرۆكایەتییە، واتە لەسەر بنەمای سیستمی سەرۆكایەتی هاتۆتەدامەزراندن. سەرۆكی پەكەكەش، عەبدوڵا ئۆجەلان-ـە كە ئێستا لە زینداندایە، پێش دەستگیركردنی بانگەشەی دروستكردنی دەوڵەتێكی سەربەخۆی دەكرد، بەڵام لە دوای دەستگیركردنی، ستراتیژیەتەكەی گۆڕا بۆ كاركردن بۆ ئەوەی توركیا ببێتە دەوڵەتێكی دیموكراتی. واتە ئەگەر بهاتایە ئۆجەلان لە دوای دەستگیركردنی رایبگەیاندایە كە من لە سەرەتاوە كارم بۆ دەوڵەتی كوردی كردووەو ئێستاش كە دەستگیركراوم هیچم پێناكرێت، بەڵام باوەڕم وایە هاوڕێ و هاوەڵەكانم و گەلی كورد درێژە بە دۆزەكە دەدەن، ئەوا ئەگەری ئەوە هەبوو پەكەكە درێژەیان بەو دۆزە بدایە. بەڵام ئەو رایگەیاند كە ئەوەتا من لە زیندانم، كەوابێت ئێوە لەگەڵ دەوڵەتدا رێككەوتنێك بكەن، كە ئەو رێككەوتنەش لە بەرژەوەندیی كورد نەبوو. دواتر دەبێت ئێمە ئەوە بڵێین كە پەكەكە پارتێكی چەپڕەوە، بانگەشەی بۆ ئەوە كرد كە پێویستە دەوڵەتێكی سۆشیالیستی دابمەزرێندرێت، ئەویش نەك لەسەر بنەمای كوردایەتی، بەڵكو لەسەر بنەمای تەبایی و برایەتیی گەلان. واتە راستە هەر لە دەستێپكەوە پەكەكە داوای دەوڵەت و برەودان بە كوردایەتی دەكرد، بەڵام لە كاركردنی ناوخۆیی خۆیدا و لە خەباتی خۆیدا كوردایەتی نەپاراست و لە رەوتی كوردایەتی دووركەوتەوە.
* لە ئێستا هەموو كورد لە هەر چوارپارچەی كوردستان پێویستی بە گوتارێكی یەكگرتوو و ستراتیژیەتێكی هاوبەش هەیە، بەڵام پەكەكە رێگرە لە دروستبوونی ئەم گوتارە هاوبەشەو تەنانەت وەكو هەموو هەوڵی بۆ ئەوەیە ئاڵای كۆماری كوردستان ( ئاڵاكەی قازی محەمەد) بگۆڕێت كە هەموو كورد لە هەر چوار پارچەی كوردستان شانازی پێوە دەكات، ئایا دژایەتی پەكەكە بۆ یەك گوتاری و یەكڕیزی و ستراتیژیەتی هاوبەش و ئاڵای كوردستان لە چییەوە سەرچاوەی گرتووە؟
- لە ئێستادا پەكەكە بە ئاشكرا دەڵێت من خوازیاری دروستبوونی دەوڵەتی كوردی نیم، بەڵكو دژی دەوڵەتی كوردیم، بۆ نموونە ئەوان پێشوازی لە هەڵكردنی ئاڵای كوردستان ناكەن لە كەركووك، ئەوان دژایەتی هەر كارێك دەكەن كە ئامانج لێی دەوڵەت دروستكردن بێت، ئەمەش كێشەیەكی فیكری و ئایدیۆلۆژییە كە پەكەكە بە دەستیەوە دەناڵێنێت. گەوهەری كێشەكە ئەوەیە پەكەكە پێیوایە كوردایەتی لەگەڵ ئەودا دەستیپێكردو لە دوای ئەویش كوردایەتی ناكرێت. ئەگەر بپرسین كورد چییە لای پەكەكە، ئەوا ئەوان لایەنگرانی خۆیان بە كورد دەزانن، بەڵام لێكدژییەكە لەوەدایە كە ئەوان هەڵگری ئامانجی كوردایەتی نین و بە ئاشكرا رایدەگەیەنن كە خوازیاری دروستبوونی دەوڵەتی كوردی نین. لەلایەكی دیكەوە پەكەكە هەر لە سەرەتای دروستبوونیەوە تاوەكو ئەمڕۆ دژایەتی رەوتی نەتەوەیی و رێبازی بارزانی كردووە، ئەمەش سەریكێشا بۆ دروستبوونی ناكۆكی و تەنانەت دروستبوونی شەڕ لە دژی پارتی دیموكراتی كوردستان. چونكە هەروەك پێشتر ئاماژەم پێكرد، پەكەكە لە رێبازی كوردایەتی دوور كەوتۆتەوە، لە باشوور كورد بە داواكردنی ئۆتۆنۆمی دەستی پێكرد، ئێستا داوای سەربەخۆیی دەكات، كەچی پەكەكە بە داواكردنی سەربەخۆیی دەستی پێكرد و ئێستاش داخوازییەكی دیاری كراوی نییە.
* ئەو نەهامەتی و كارەساتەی بەسەر كوردانی ئێزیدی هات، وەك هۆلۆكۆستی جوولەكە وابوو، بەڵام ئێستا پەكەكە ئەو بارودۆخەی بە فرسەت وەرگرتووەو لەبری ئەوەی ببێتە هۆكارێك بۆ ئەوەی شنگال بگەڕێتەوە سەر هەرێمی كوردستان و دەستبكرێت بە پرۆسەی ئاوەدانكردنەوە و دووبارە گێڕانەوەی ئێزیدییەكان و سارێژكردنەوەی برینەكانیان، كەچی هەموو هەوڵی خۆستۆتەگەڕ بۆ ئەوەی شنگال لە هەرێمی كوردستان داببڕێت و ریگە لە ئاوەدانكردنەوەی شنگال بگرێت، ئایا پەكەكە بۆ بەرژەوەندیی كێ كارەساتێكی دیكە بەسەر ئیزیدییەكاندا دووبارە دەكاتەوە؟
- پەكەكە هەڵەیەكی زۆر گەورە دەكات، چونكە ئەگەر وەك پارتێكی كوردی و نەتەوەیی بیربكاتەوە، ئەوا ئەوە لەبەرچاو دەگرێت، كە دەرفەتی گەورە بۆ كورد هاتۆتەپێشەوە، لە باشووری كوردستان دەرفەتی دروستبوونی دەوڵەتی كوردی دروست بووە، لە باكووریش دەرفەتی مەزن هاتەئاراوە، بەڵام لە دەستیان دا، لە رۆژهەڵاتیش دۆخێكی باش هاتەپێشەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی ئەوان خوازیاری دروستكردنی دەوڵەت نین، ئەوا دەستیاندایە دروستكردنی كانتۆن –خۆئەگەر فیدڕاڵییەتیش پیادەبكرایە ئەوا هەر دەرفەتی دروستبوونی دەوڵەتی كوردی لەئارادا دەبوو، بەڵام ئەوان دەڵێن كانتۆن، چونكە نایانەوێت لە دەوڵەتی سووری جیاببینەوە و خوازیاری پاراستنی یەكپارچەیی خاكی سووریان. دواتر ئێوە بڕوانن كاتێك پەكەكە لە رۆژهەڵاتی كوردستان كانتۆنی دروستكرد، ئەوا توركیا كاردانەوەی نەبوو، رۆژنامەنووس و سیاسەتمەدارانی توركیا رایانگەیاند كە ئەوانە كانتۆنن و مایەی كێشە نین و یەكپارچەیی خاكی سووریا ناخاتە مەترسییەوە. بەڵام توركیا كێشەی بۆ باشووری كوردستان دروستكرد، كە ئەوسا توركیا پێی دەوت باكووری عێراق. ئێستاش ئەگەر ئێمە بێین و باسی شنگال بكەین، ئەوا پەكەكە دێت و بانگەشەی ئەوە دەكات كە كانتۆن لە شنگال دروست دەكات، لە كاتێكدا ئەوان نەیانتوانیوە یەك گوند لە باكووری كوردستان ئازاد بكەن و بۆ ئەوەی ئەوەی خۆیان پێی دەڵێن خۆسەری تێیدا پیادە بكەن، ئەمەش سیاسەتی ئێرانی لە پشتە، چونكە هەروەك دەزانن ئێران لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا شەڕی بە وەكالەت دەكات، ئەوەتا لە لوبنان حزبوڵا و لە یەمەن حوسییەكان و لێرە پەكەكەی هەیە. كەواتە ئەوەمان بۆ روون دەبێتەوە كە سیاسەتی ئێران بۆ كورد زۆر مەترسیدارە، لەلایەكی دیكەوە ئێران دەیەوێت هیلالی شیعە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دروست بكات. لە هەمان كاتدا خوازیاری ئەوە نییە كورد پێگەی خۆی هەبێت لەم ناوچەیەدا، ئیدی لە شێوەی دەوڵەتدا بێت، یان فیدڕاڵیدا، چونكە ئەمە بە مەترسی بۆ خۆی دەزانێت. هەروەها ئێران نەك هەر بەرەوپێشچوونێكی كورد بە هەڕەشە بۆ خۆی دەزانێت، بەڵكو خوازیاری تێكدانیشیەتی. هەروەها ئێوە بڕوانن، ئێران و پەكەكە تێڕوانینی هاوبەشیان هەیە، بۆ نموونە، ئێران لەگەڵ ئەوەدا نییە رژێمی دەسەڵاتداری سووری بڕووخێت، پەكەكەش هەمان هەڵوێستی هەیە، ئێران پێداگیری لەسەر یەكپارچەیی عێراق دەكات، پەكەكەش بە هەمان شێوە. ئێران لەگەڵ بوونی ئاڵای كوردستاندا نییە، پەكەكەش ئەو ئاڵایە بە ئاڵای حزبێك دەزانێت. كەواتە ئێران و پەكەكە و سووریا بەرەی دژ بە گۆڕانكارین لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. هەر لە پەیوەندی بە پرسی شنگالەوە، ئەوا ئەمە كێشەیەكە لە نێوان حكومەتی عێراق و هەرێمی كوردستاندا و پێویستە پەكەكە هاوكار بێت بۆ ئەوەی شنگال بگەڕێتەوەسەر هەرێمی كوردستان نەك لە شنگال كێشە دروست بكات. كەوابێت مانەوەی پەكەكە لە شنگال واتە بوونی دەستڕۆیشتوویی ئێران لەو ناوچەیەدا، بە هەمان شێوە بیانوو و پاساو دەداتە توركیا بۆ ئەوەی دەستێوەردان لەو ناوچەیە بكات. دواتر ئەگەر پەكەكە بە راستی خواست و نیازی هاوكاریكردنی ئێزیدییەكانی شنگالی هەبووایە، ئەوا پێویست بوو چۆن دوای رزگاركردنی كۆبانێ پێشمەرگە رایگەیاند كە ئەگەر پێویستتان بە ئێمە نەماوە، ئەوا دەگەڕێینەوە، ئەوا پەكەكەش هەمان هەڵوێستی هەبووایە، چونكە ئێستا ئەوە شنگال لەسەر دەستی پێشمەرگە ئازادكراوەو داعش تێكشكێندراوە لەو ناوچەیەو ئێستا پێویستی بە ئاوەدانكردنەوە هەیە، مەبەستمە بڵێم لێرە دەسەڵاتێكی شەرعی هەیە، دەبوو پەكەكە دوای رووداوەكە بە دەسەڵاتدارانی هەرێمی رابگەیاندایە كە ئەركی كوردایەتی خۆم بەجێهێنا و ئەگەر ئێستا پێویستتان بە من نەماوە، ئەوا من دەكشێمەوە. ئێستاش پێویستە بە گفتوگۆ و بە شێوەیەكی ئاشتییانە هەوڵ لەگەڵ پەكەكەدا بدرێت و پێی رابگەیەندرێت كە ئەركت تەواو بووە و بە سوپاسەوە دەڤەرەكە چۆڵ بكە. چونكە سەرۆك بارزانی رایگەیاندووە كە ناخوازێت شەڕی براكوژی دروست ببێتەوە. دواتر من باوەڕم وایە ئەمە تەنیا كێشەی نێوان پارتی و پەكەكە نییە، بەڵكو ئەمریكاش نایەوێت پەكەكە لەو ناوچەیەدا بمێنێتەوە. چونكە ئەمریكا شەڕی داعشی كرد و نایەوێت پەكەكە كێشە دروست بكات، بەڵام ئەوە ئێران و حكومەتی شیعەی عێراقن كە خوازیاری مانەوەی پەكەكەن لە شنگال. چونكە حكومەتی بەغدا ناتوانێت شنگال بگرێت، لەبەر ئەوە دەیەوێت كێشە لە شنگال بەردەوام بێت.
* ئێستا دەوڵەتی كوردی وەكو دیفاكتۆ بووەتە واقیع و هەنگاوەكانی مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەو ئاراستەیە دەڕوات؛ ئایا ئەگەر ئەو دەوڵەتە رابگەیەندرێت، یا پرۆسەی گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی بەڕێوەبچێت، پەكەكە كە هێزێكی وەكالەتی دەزگا موخابەراتییەكانی ناوچەكەیە شەڕ بەهەرێمی كوردستان نافرۆشێت؟
- گەلی باشووری كوردستان دەرفەتی دەرەكی و ناوخۆییان بۆ دروست بووە بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم، چونكە لەدوای شەڕی داعش هەلێكی مەزن بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان هەیە. بوونی هەرێمێك كە توانی نەتەوەو ئایینە جیاجیاكان لەشەڕی داعش بپارێزێت ناوبانگێكی گەلێك مەزنی بەكوردان دا، ئەمەش لە رووی دیپلۆماسی و سیاسییەوە دەستكەوتێكی گەلێك مەزنی هێنایەئاراوە. ئێستا لە باشووری كوردستان دەرفەتی دروستبوونی و راگەیاندنی دەوڵەت هاتۆتەئاراوە، بەڵام لە هەمان كاتدا كێشەش هەن. لەگەڵ ئەوەشدا بە باوەڕی من پێویستە لەم كاتەدا ریفراندۆم ئەنجام بدرێت، لەبەر ئەوەی ئەمە هەلێكە بۆ ئەوەی میللەتی كورد گوزارشت لە ئیرادەی خۆی بكات و ئەمەش دەبێتە كارتێكی بەهێز بەدەست هەرێمی كوردستانەوە، ئەگەرچی مەرج نییە راستەوخۆ دوای ریفراندۆمەكە دەوڵەت رابگەیەندرێت، بەڵام پێویستە خەباتكردن بۆ بەدیهێنانی دەوڵەت بەردەوام بێت. دواتر ئێمە دەبینین پەكەكە لە قەندیلەوە رایدەگەیەنێت كە ئەوان لەگەڵ پاراستنی یەكپارچەیی خاكی عێراقن، لە كاتێكدا، لەباكوور هەدەپە دەبێژێت بەهەموو هێزی خۆی پشتگیری دەوڵەتی كوردستان دەكات. لەبەر ئەوە ئەگەر سەرجەم لایەن و پارتە سیاسییە كوردییەكان لەگەڵ دروستبوونی دەوڵەتدا بن، ئەوا پەكەكەش ناچارە هەنگاوی باشتر هەڵبگرێت. بەڵام لە ئێستادا بە هاوكاری ئێران و هەندێ لایەنی سیاسی لە باشووری كوردستان ئاڵۆزی بۆ پرۆسەی دروستبوونی دەوڵەتی كوردی دروست دەكات. ئەمە لە كاتێكدا پەكەكە پێشتر بانگەشەی ئەوەی دەكرد كە خەبات بۆ دروستبوونی دەوڵەتی كوردی دەكات و ئەگەر پارت و لایەنێكیش رایبگەیاندایە كار بۆ ئۆتۆنۆمی دەكات، ئەوا پەكەكە بە ناپاكی لە قەڵەمی دەدا، كەچی ئێستا دێت و رایدەگەیەنێت كە ئێمە خوازیاری دەوڵەت نین، چونكە دەوڵەت مەترسیدارە و ئێمەش دەڵێین خوازیاری دەوڵەتین و ئەوان بە ناپاكمان دەزانن.
* باسی كوردانی باكووری كوردستانت كرد؛ وەكو ئاشكرایە پێشتر هەدەپە لەلایەن كوردەوە پاڵپشتییەكی زۆری لێكرا، دواتر بەهۆی هەڵگیرسانی شەڕو سیاسەتە چەوتەكانی قەندیلەوە هەدەپەو كوردیش باجێكی قورسیان دایەوە، پرسیار ئەوەیە؛ تاكەی كوردی كوردستانی باكوور باجی ئەم هەڵە گەورانە بدەنەوە؟
- سەرەتا دەبێت ئەوە بڵێم كە هەدەپە پەكەكە نییە؛ پەكەكە بزووتنەوەیەكی سەربازییە و خاوەن شەڕڤانە و لە چیاكانە. لەكاتێكدا لە هەدەپەدا فرەیی هەیە و پارتێكی گەورەیە و پێكهاتەی جیاوازی لەخۆ گرتووە. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەگەر پەكەكە دەستێوەردانێكی زۆری نەكردایە، ئەوا سیاسەتی هەدەپە بە چەشنی ئەمڕۆ نەدەبوو، واتە ئەگەر لە بڕیارداندا هەندێ سەربەخۆ بوونایە، ئەوا ئەو هەڵانەی هەدەپەی كردنی، ئەنجامی نەدەدان. بەڵام سەركردایەتی قەندیل نەیهێشت هەدەپە بە شێوەیەكی سەربەخۆ سیاسەت بكات. ئەحمەد تورك و عوسمان بایدەمیرو لەیلا زاناو گەلێك سەركردەی دیكە هەن كە هەڵگری فیكری كوردایەتین، بەڵام بەهۆی دەستێوەردانی قەندیلەوە نەیانتوانی بڕیاری خۆیان بدەن. لە هەڵبژاردنی 7ی حوزەیرانیشدا، ئەگەر پەكەكە دەستێوەردانی نەكردایە، ئەوا ئەگەری ئەوە هەبوو هەدەپە و ئاك پارتی بگەیشتنایەتە رێككەوتن، بەڵام ئەوان رایانگەیاند كە رێككەوتن ناكەن، ئەوە بوو 80 ئەندام پەرلەمان وەك لاشەیەكی مردوو لە دەستی هەدەپەدا مانەوە. واتە لە سەرەتادا ئەمە سەركەوتنێك بوو بۆ هەدەپە، بەڵام دواتر بووە بارگرانی و كێشە بۆی. سەلاحەدین دەمیرتاش سیاسەتمەدارێكی تێگەیشتوو بوو، بەڵام رێگەی پێنەدرا بە هزر و بیركردنەوەی خۆی سیاسەت بكات، چونكە بەردەوام قەندیل دەستێوەردانی دەكرد، هەروەها سەرۆك شارەوانییەكانیشیان بۆ بەرژەوەندیی كورد بەكار نەهێنا، بەڵكو خرانە خزمەتی قەندیلەوە. دواتر ئەوان هاتن و شەڕی خەندەقیان كرد، كە ئەمە شكستێكی گەورە بوو بە تێڕوانینی من، هەروەها رووداوێكی زۆر گەورە بوو، بە چەشنێك دەتوانین بڵێین پێش شەڕی خەندەق و دوای ئەو شەڕە. چونكە ئەوان رایانگەیاند كە جەزیرە و سلۆپی و چەندین شوێنی دیكە بكەن بە كۆبانێی دووەم، بەڵام لە كۆبانێ داعش هەبوو، كە دوژمنی سەرجەم مرۆڤایەتی بوو و هاوپەیمانێتییەكی نێودەوڵەتی لە دژی دروست بوو. واتە ئەو بەرخودانەی لە كۆبانێ هەبوو، هەموو جیهان و هەموو كورد پشتیوانییان دەكرد، خۆ راستە كۆبانێش وێران بوو، بەڵام كەس نەیوت بۆ وێران بوو، چونكە هۆكارەكەی هێرشەكانی داعش و شەڕی رزگاركردنی ئەو شارە بوو، باشە پرسیارەكە ئەوەیە بۆچی ناوچە كوردییەكان ببێتە كۆبانێ، خۆ پێشتر تۆپ و تانك و فڕۆكە نەبوو كە ماڵی كورد وێران بكات، تا تو بێیت و بڵێیت من لە دژی ئەوان شەڕ دەكەم، بەڵكو شارێك بوو ژیان تێیدا ئاسایی بوو، دەنگدان و هەڵبژاردن هەبوو و هەدەپە 80 ئەندام پەرلەمانی بەدەستهێنا، بەڵام لەبری ئەوەی سیاسەت بكەیت، كارێكت كرد ناوچە كوردییەكان وێران بوو و بە هەزاران گەنج كوژران و بە سەدان هەزار كەس ئاوارە بوون.