كەریم سلێمان : ئێمەی ئێزیدی هەرگیز هەڵوێستی سەرۆك بارزانی لە یاد ناكەین و هەر ئەو بە پشت و پەنای خۆمان دەزانین
April 18, 2017
دیمانەی تایبەت
ئەوكارەساتەی تیرۆریستانی داعش بەرامبەر كوردانی ئێزیدی لە شنگال ئەنجامیاندا، بە ئازادكردنی شنگال و هەوڵەكانی حكومەتی كوردستان بۆ ئازادكردنی ژنان و كچانی كوردانی ئێزیدی تۆزێك ئارامی بەدڵیان بەخشی و ئومێدێك دروست بوو كە زەمینەی لەبار دروست بووە بۆ ئەوەی هەم ناوچەكەیان بۆ ئاوەدان بكرێتەوە، هەمیش دووبارە لە ئاوارەیی رزگاریان بێت و بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، بەڵام لەدوای ئازادكردنەوەی شنگال و دەڤەرەكەیان، بوونی پەكەكە بۆتە رێگرێكی گەورە بووە لەبەردەم ئاوەدانكردنەوەو گەڕانەوەی ئێزیدییەكان، ئەمە وێڕای ئەوەی جڤاتی رۆحانی ئێزیدی و میر و مەرجەعییەتی ئیزیدییان بە زمانێكی ئاشتییانە داوایان لە پەكەكە كردووە كە ئەو ناوچەیە چۆڵ بكات و كارەساتی دیكە بەسەر كوردانی ئێزیدی نەهێنن، بەڵام پەكەكە سوورە لەسەر ئەوەی لەو ناوچەیە بمێنێتەوە و شەڕێكی نەخوازراو دروست بكات، بۆ قسەكردن لەسەر ئەم بارودۆخە و رای گشتی لەناو كوردانی ئێزیدی، لەم دیمانەیەدا كەریم سلێمان راوێژكاری جڤاتی رۆحانی ئێزیدی و ئەندامی دەستەی باڵای بنكەی رۆشنبیری و كۆمەڵایەتی لالش، وەڵامی پرسیارەكانی گۆڤاری گوڵان دەداتەوە.شنگال بەشێكی گرنگی باشووری كوردستانەو كانتۆن رەتدەكەینەوەو پەكەكەش دەبێت ئەو دەڤەرە چۆڵ بكات
* دوای ئەو كارەسات و ژینۆسایدە گەورەیەی بەسەر كوردانی ئێزیدی لە شنگال هات، سەرۆك بارزانی خۆی بەشداری شەڕی شنگالی كرد، لەم سەركەوتنەشدا 700 پێشمەرگەی قارەمان شەهید بوون. ئایا ئازادكردنەوەی شنگال بەبەشداری سەرۆك بارزانی تاچەند لای كوردانی ئێزیدی جێگەی خۆشحاڵی بووەوا تاچەند ئێزیدییەكان سەرۆك بارزانی بە پشت و پەنای خۆیان دەزانن؟
- جەنابی سەرۆك بارزانی بۆ ئەو كارەساتەی بەسەر ئێزیدییەكان هات، زۆر دڵگران بوو، تەنیا 3 رۆژ لە دوای داگیركردنی شنگال لەلایەن داعشەوە و لە رۆژی 6ئابی 2014 بابەشێخ و حازمی كوڕی میر تەحسین و چوار كەسایەتی دیكەی ئێزیدی چووینە لای جەنابی سەرۆكی كوردستان لە پیرمام، لەوێ بابەشێخ بە جەنابی سەرۆك بارزانی گوت: ئێمەی ئێزیدی كەسمان نییە و تەنیا تۆمان هەیە و پشت و پەنامانی ئەگەر تۆ بەهانامانەوە نەیەیت ئێزیدی كۆتاییان هات و نەمان. ئەو كات سەرۆك بارزانی فرمێسكی بەچاواندا هاتە خوارەوە بۆ ئەو مەرگەساتەی بەسەر كوردانی ئێزیدی هات، هەربۆیە داوامان لە راگەیاندنكارەكان كرد وێنەگرتنی كۆبوونەوەكە رابگرن و هۆڵ و شوێنەكە جێبهێڵن، چونكە فرمێسك لەچاوانی سەرۆك بارزانی رانەدەوەستا، هەر ئەو كات بۆ ئێمە دەركەوت كە سەرۆكێكی مەزن و دڵسۆزێكی گەورەی كوردانی ئێزیدی خەمخۆرو پاڵپشتمانە، تەنانەت ئەو كات سەرۆك بارزانی گوتی: ئەگەر ئێمە فڕۆكەمان هەبووایە ئەوا من ئێستا لەناو یەكێك لەو فڕۆكانە دەبووم و دەچوومە سەر چیای شنگال، ئەو فەرمووی كارەساتی كوردانی ئێزیدی تەنیا كارەساتی ئەوان نییە، كارەساتی میللەتی كوردی مەزڵوومە و بەسەر ئێمەدا هاتووە، پاشانیش پێش دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنەوەی شنگال و دەڤەری ئێزیدییەكان، جەنابی سەرۆك بارزانی لە سحێلا لەگەڵ ئێمە كۆبووەوە، لەو كۆبوونەوەیەدا كە میر تەحسین بەگ میری ئێزیدییان و بابەشێخ سەرۆكی مەرجەعییەتی رۆحانی ئێزیدییان و 300 كەسایەتی ئێزیدی وەك سەرۆك هۆز و سیاسەتمەدارو رۆشنبیری دەڤەری شنگال و باشیك و بەحزانێ بەشدار بوون. سەرۆك بارزانی بەڵێنی پێداین و گوتی: هەتا ئەگەر سەری خۆشمان لە پێناو دانابێت، بەهەر نرخێك بێت، هەر دەبێت شنگال و دەڤەرەكە رزگار بكەین. پەیمان و بەڵێنەكەشی هێنایە جێ و شنگال رزگار كرا، لە ئۆپەراسیۆنێكی بێ وێنەدا كە بەخوێنی 700 پێشمەرگەی قارەمان تۆمار كرا و ژمارەیەكی یەكجار زیاتریش بریندار بوون، هەربۆیە هەرگیز ئێمەی كوردانی ئێزیدی ئەم وەفا و بەڵێنەی سەرۆك بارزانی لەبیر ناكەین و شانازی پێوەدەكەن و لەبیرو هەستمان ناسڕێتەوە و تا دنیاش مابێت كوردانی ئێزیدی هەر سەرۆك بارزانی بەپشت و پەنای خۆیان دەزانن، هەرگیز وتەكانی سەرۆك بارزانی لە كۆبوونەوەكەی سحێلا لەبیر ناكەین، كاتێك فەرمووی: شەڕ لەنێوان بەرەی رووناكی و بەرەی تاریكیدایە، ئێمەش وەكو كورد لەسەر بازگەی رووناكین و لەگەڵ مەدەنییەت و دیموكراتی و پێكەوەژیان و ماڤی مرۆڤین؛ لەگەڵ لێبووردەیی ئایینی و مەزهەبی و نەتەوەیی خۆمانداین، دەمانەوێت دەوڵەتی كوردی بێتەدی، دەوڵەتێكی مەدەنی و دیموكراتی و پڕ لە لێبووردەیی نێوان نەتەوە و ئایین و ئایینزاكان دامەزرێنین. بۆیە ئەوە سەرۆك بارزانی و پێشمەرگە بوون كە نەیانهێشت سەروەرییەكانی ئەم نەتەوەیە و هەرێمی كوردستان لە پێكەوەژیان و لێبووردەیی و مافی مرۆڤ نەشێوێ و تا ماوە هەرێمی كوردستان شوێنی پێكەوەژیان و لێبووردەیی بێت، لەم وڵاتەو لەناو جەرگەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەر هەڵوێست و رێبازی بارزانی بوو وایكردووە موسڵمان و ئێزیدی و كریستیان و كاكەیی و هەموو ئایینەكانی تر پێكەوە بژین.
* ئێستا شنگال ئازادكراوە؛ بەڵام خەڵكەكەی نەگەڕاونەتەوە شوێنی خۆیان، هۆكاری ئەمەش بوونی پەكەكەیە كە هەتا ئەوانە لەو ناوچەیەدا بن، ناتوانرێت دەست بە ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكە بكرێت. پرسیار ئەوەیە ئایا پەكەكە چی لە شنگال دەوێت و بۆچی شنگال چۆڵ ناكات بۆ ئەوەی دەست بكرێت بە ئاوەدانكردنەوەی؟
- ئێمە وەك جڤاتی رۆحانی ئێزیدی لەگەڵ 56 كەسایەتیی سەرۆك هۆزی ئێزیدی كۆبوونەوەیەكی فراوانمان ئەنجامداو بەیاننامەیەكمان لەسەر رەوشی شنگال و ناوچەكە و بوونی پەكەكە لەو ناوچەیە دەركرد و بەیاننامەكەمان سێ خاڵی لەخۆگرتبوو، یەكەم: رامانگەیاندبوو ئێمەی كوردی ئێزیدی لەگەڵ شەڕدا نین و شەڕ خزمەت بە ئێمە و دەڤەری شنگال ناكات، دووەم: برینی ئەو كارەساتەی بەسەر كوردانی ئێزیدی هاتووە قووڵ و تەڕن، هەر بۆیە داواكاری ئێمە ئەوە بوو بە زووترین كات شەڕ راوەستێت، هەروەك بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و بەرپرسانی دیكەی هەرێم گوتیان، سوپاسی پەكەكە دەكەین كە پشتی 3/8/2014 بەهاواری ئێمەوە هاتن و دژی داعش راوەستان هەروەكو چۆن پێشمەرگەی كوردستان لە كۆبانێ بەهانای پەكەكەو هێزەكانیان هات بۆ ئەوەی كۆبانێ نەكەوێتە دەستی داعشەكان، دوای تەواوبوونی ئەركەكەیان پێشمەرگەی كوردستان گەڕانەوە باشووری كوردستان، هەربۆیە پێویستە پەكەكەش بگەڕێتەوە شوێنی خۆی كە باكووری كوردستانە- خاڵێكی تری بەیاننامەكە باس لە كوردستانییەتی شنگال دەكات، هەرچەندە كوردانی ئێزیدی دەخوازن ریفراندۆم ئەنجام بدرێت و دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان بێتەدی، بەڵام تا ئەمڕۆش ئێمە لەچوارچێوەی عێراقێكی فیدڕاڵیداین، بۆیە لەبەرژەوەندی ئێمەدا نییە ئیدارەیەك لە خانەسوور دابمەزرێت و سەر بەقامشلۆ یا حەسەكە بێت، ئیدارەو كانتۆنی پەكەكە لەدەڤەری شنگال جێگای قبووڵ كردن نییە، چونكە سنوون و خانەسۆرو شنگال و تەواوی دەڤەرەكە كوردستانییەو سەر بەحكومەتی هەرێمی كوردستانە. لەم روانگەیەوە ئێمە وەكو جڤاتی رۆحانی ئێزیدییان و سەرۆك هۆزەكانی ئێزیدییان و ناوچەكە دەبینین، پەكەكە بۆ مەرامی سیاسیی خۆیان لەناوچەكەن و هیچ خزمەت بە ئێمە ناكەن و دەبنە ئاستەنگ لەمەڕ ئاوەدانكردنەوەی شنگال.
* رای ئێوە وەك جڤاتی رۆحانی ئێزیدی هەڵوێستتان سەبارەت بە دروستكردنی كانتۆنەكانی پەكەكە لەو دەڤەرە چییە؟
- چڤاتی رۆحانی ئێزیدی و هەموو كەسایەتی و سەرۆك هۆزو خەڵكی ئێزیدی قبووڵ ناكەن شنگال بكرێتە كانتۆن و لەكوردستان جودا بكرێتەوە، لەدوای گەڕانەوەی میر تەحسین بۆ كوردستانیش كۆبوونەوەیەكی بەرفراوانمان ئەنجامداوە و یاداشتنامەیەكی 23 خاڵیمان دەركردو پێشكەش بە سەرۆك بارزانی كراوە، لەو یاداشتنامەیە وەكو كوردانی ئێزیدی داوامان كردووە شنگال و دەشتی نەینەواو ببنە دوو پارێزگای سەر بەهەرێمی كوردستان و بە فیعلی ماددەی 140 جێبەجێ بكرێت، لەم دۆخەدا پێكەوەژیان و گەڕانەوە بۆ ناوچە كوردستانییەكانی دەشتی نەینەوا زەحمەتە، بەڵام بەپارێزگابوونی شنگال و دەشتی نەینەواو گەڕانەوەی بۆ سەر هەرێمی كوردستان لەلایەك قورسایی ئاوارەكان لەسەر هەرێم كەم دەبێتەوە، لەلایەكی تر ئێزیدی و ئایینزاكانی دیكە شوێنێكی پێكەوەژیان و ئارامیان دەبێت و دەست لەكۆچكردن هەڵدەگرن، عەرەبی سوننە كە لەساڵی 1921 هاتنە دەسەڵات تا ماوەی 80 ساڵ بەعەقڵیەتی تاكڕەوی و كوشتن و سڕینەوەی مۆركی كوردستانییەت كاریان كردووە وا بەئاسانی دەستبەرداری فیكری توندڕۆیی ئایینی و شۆڤێنی نابن.
* باس لەوە دەكرێت كە پەكەكە بەزۆر كچان و كوردانی ئێزیدی دەڕفێنێت و چەكداریان دەكات، ئایا ئەم كارەی پەكەكە تاچەند جێگەی نیگەرانی ئێوەی كوردی ئێزیدییە و دەبێت چی بكرێت بۆ ئەوەی پەكەكە واز لەو رەفتارە خراپانە بهێنێت؟
- بەپێی هەموو دابونەریت و یاسا نێودەوڵەتییەكان چەكداركردنی منداڵان قەدەغە كراوە، لە كەلتوور و دابونەریتی كوردەواریشدا كارێكی قێزەوەنە و جێگای قبووڵكردن نییە، بەڵام پەكەكە ئەو كارە دەكات و سوودی لە خراپیی بارودۆخی كوردانی ئێزیدی وەرگرتووە و كچ و لاو و منداڵی ئێمەیان چەكدار كردووە و لەشەڕەكانی مینبج و رەققە بەكوشتیان داون، چەكداركردنی كچ و منداڵی ئێزیدی لەلایەن پەكەكەوە زوڵمێكی گەورەیە دەرهەق بە كوردانی ئێزیدی دەكرێت و زیان بەدۆزەكەیان دەگەیەنێت، با پەكەكە سۆزو بەزەیی بەكوردانی ئێزیدی و ئەو كارەساتە بێتەوە كە دووچاری بووین، ئافرەتی كوردی ئێزیدی لەسەر دەستی داعش دەست بۆ نامووس و كەرامەتی براوەو سەدان كچ و ئافرەتمان رفێندراون و تا ئێستا 35 گۆڕی بەكۆمەڵی كوردانی ئێزیدی لەدەڤەرە ئازادكراوەكان دۆزراونەتەوەو 3500 كچ و ئافرەت لەژێر دەستی داعشدان و تەنیا 2500 ئافرەت و منداڵ رزگاركراون كە هەموویان كێشەی دەروونییان تووش بووە و400 هەزار كەس ئاوارە بوون و لەژێر چادر لەكەمپەكان دەژین و 70 هەزار كوردی ئێزیدی ئاوارەی دەرەوەی وڵات بوون، كەچی پەكەكە ئیستغلالی نەهامەتیی خێزانە ئێزیدییەكان دەكات. كوردو كرمانجی پەكەكە دەبێت باش بزانێت كوردانی ئێزیدی قبووڵیان نییە منداڵەكانیان چەكدار بكەن و لەشەڕی بەوەكالەتی ئەوان بەكوشتیان بدەن، شوێنی ئەوان شنگال و تەواوی خاكی كوردستانی باشوور نییە و شوێنی خەباتی ئەوان كوردستانی باكوورە، بوونی پەكەكە لە شنگال و ناوچەكانمان دۆخەكەمان خراپتر دەكات و ناوچەكەمان پەلكێشی شەڕێكی ئیقلیمی دەكەن.
* پەكەكە خۆی دەڵێت ئێمە بەفەرمانی حكومەتی عێراق و حەشدی شەعبی لە شنگالین و هەتا ئەوان پێمان نەڵێن شنگال چۆڵ ناكەین، ئایا پەكەكە حەشدی شەعبی بەدۆستی خۆی دەزانێت و پێشمەرگە بەدوژمنی خۆی؟ ئایا ئێوە رازین پەكەكە نوێنەرایەتیی حەشدی شەعبی بكات لە شنگال؟
- پەكەكە پێویستە ناوچەی كوردانی ئێزیدی چۆڵ بكات، راستە ئێمە لەگەڵ ئەوەدا نین شەڕ رووبدات، چونكە ناوچەكەمان توانای ماڵوێرانی زیاتری شەڕی نییە، بەڵام پێویستە پەكەكە لە رێگەی فشارو پاڵەپەستۆی ئەمریكاو هێزەكانی هاوپەیمانانەوە لە تەواوی دەڤەرەكەمان بكرێنە دەرەوە، ئەركی تەواویی پارتە سیاسیەكانی كوردستان و حكومەتی هەرێم و رۆشنبیرانە كار بۆ چۆڵكردنی شنگال بكەن لەهێزی چەكداری پەكەكەو دەست و تاقمەكانیان، بۆ ئەوەی شنگال و ناوچەكە ئاوەدان بكرێتەوە، ئێمە جگە لەپێشمەرگە هیچ هێزێكی تری عێراق و حەشدی شەعبی بەدۆستی خۆمان نازانین، هێزی فەرمی كوردستان هێزی پێشمەرگەیە كە سەر بەوەزارەتی پێشمەرگەیە، كوردانی ئێزیدی ئارامن لە هەر ناوچەیەك كە لەژێر ئاڵای كوردستاندا هێزی پێشمەرگەی لێبێت كە بەیاسا رێكخراوەو پارێزگاری لەهەموو پێكهاتەو ئایین و ئایینزایەك دەكات، بەپێچەوانەوە هێزی چەكداری دیكە قبوڵ ناكەین.
* سەرۆك بارزانی رێگە نادات كورد شەڕی كورد بكات، پەكەكە ئەمەشی قۆستۆتەوەو عینادی دەكات و دەیەوێت شەڕێك لەو ناوچەیە دروست بكات، ئایا چی بكەین بۆ ئەوەی ئەو شەڕە لەو ناوچەیە دوور بخەینەوە؟
باشترین فشار بۆ ئەوەی پەكەكە شنگال چۆڵ بكات و نەبێتە ئاستەنگ و بەڵای شەڕ و لەناوچەكانمان دووربخرێتەوە، ئەوا ئەمریكا دەتوانێت فشار بۆ پەكەكەو تاقمە چەكدارەكانی تری سەر بەو هێزە بهێنێت بۆ ئەوەی ناوچەكە چۆڵ بكەن، چونكە پەكەكە دەخوازێت شەڕی كوردان بكات، بۆ ئەوەی چیتر هاوكاری و یارمەتییە سەربازییەكانی وڵاتانی بیانی بەتایبەت ئەڵمانیا نەگاتە هێزی پێشمەرگە، ئێمەی كوردانی ئێزیدی لەو باوەڕەداین لەسەردەمەكانی تردا زۆر لەمە زیاتر كێشەو گرفت بۆ گەلی كوردستان دروست كراوە، بەڵام سیاسەتی ژیرانەی سەرۆك بارزانی توانیوێتی چارەسەری بكات، دوور خستنەوەی شەڕی نێوان كوردو كورد تەنیا بەسیاسەتی حەكیمانەو دروستی كوردایەتی جەنابی مسعود بارزانی چارەسەر دەبێت كەلەسەر بنەمای رێبازی بارزانی بونیاد نراوە.