بۆتان ئەحمەد : توركیا و ئێران و عێراق ناخوازن دەوڵەتی كوردستان رابگەیەندرێت، پەكەكەش دەڵێت ئەگەر رابگەیەندرێت ئەوا لە دژی شەڕ دەكەین

بۆتان ئەحمەد : توركیا و ئێران و عێراق ناخوازن دەوڵەتی كوردستان رابگەیەندرێت، پەكەكەش دەڵێت ئەگەر رابگەیەندرێت ئەوا لە دژی شەڕ دەكەین
بۆتان ئەحمەد، نازناوی شۆڕشگێڕی (نیزامەدین تاش)ـە كە ساڵی 2004 لە پەكەكە جیابۆتەوەو وەك سیاسەتمەدارێك بۆچوونی خۆی لەسەر پرس و كێشەكانی ناوچەكە دەخاتەڕوو. بۆ تاوتوێكردنی هزر و تێڕوانین و هەڵسوكەوتەكانی پەكەكە و بۆ تیشكخستنەسەر ئاكام و دەرئەنجامەكانی كردەوەكانی پەكەكە لەسەر هەل و مەرجی كوردستان بەگشتی و باشووری كوردستان بەتایبەتی، گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵدا ئەنجامدا و ئەویش بەم شێوەیە وەڵامی پرسیارەكانی دایەوە
ئەگەر هەڵەی پەكەكە نەبووایە ئەوا هەدەپە رێككەوتنی لەگەڵ ئاك پارتی دەكرد و لە حكومەتدا بەشدار دەبوو

لەناو پەكەكە رۆحییەت و دەماری كوردایەتی نییە و بەچاوی كوردایەتی سەیری بارودۆخەكە ناكرێت


* لەكاتێكدا باشووری كوردستان بەرەو سەربەخۆیی هەنگاو هەڵدەگرێت، پەكەكە بەهەموو شێوەیەك دەیەوێت ئاستەنگی بۆ دروست بكات، ئایا پەكەكە چی لە باشووری كوردستان دەوێت؟
- پەكەكە هەر لەدامەزراندنیەوە پارتێكی ماركیسی بووەو لەسەر بنەمای چینایەتی كاری كردووە و هەر لەسەرەتاشەوە دژی پارتی دیموكراتی كوردستان بووەو بەپارتێكی كۆنەپەرست ناوی بردووە، ئێمە لە نێو پەكەكە پێمانوابوو كە نابێت كورد دژی كورد بێت و نابێت شەڕی ناوخۆیی دروست بێت و، دەبێت پەكەكە كار لەسەر باكووری كوردستان بكات و دەستێوەردان لە باشوری كوردستان نەكات. هەر لەبەر ئەمە بوو من لێی جیابوومەوە. چونكە ناكرێت باوەڕت بە بوونی هیچ حزب و رێكخستنێكی سیاسی دەرەوەی خۆت نەبێت، ئەمە لاساییكردنەوەی كۆریای باكوور و بیروباوەڕی حزبی بەعس و سەدامە، پەكەكە نە پارتێكی كوردستانی و نە پارتێكی دیموكراسییە. پەیەدەش بە هەمان شێوە هەڵسوكەوت دەكات و ئەویش رێگا نادات هیچ حزبێكی تری كوردستانی لە كوردستانی رۆژئاوا كار بكات. بە چەشنێك ئەگەر بێتو پەكەكە دەسەڵاتدار و حوكمڕان بێت لە باشوور، ئەوا بوار بە كاركردنی هیچ حزبێك نادات. واتە پارتێكی خۆسەپێن و دیكتاتۆرە و، پارتێكی نیشتمانپەورەر نییە و هۆكارێكە بۆ هەڵگێرسانی شەڕی ناوخۆیی و براكوژی، هەر ئەمەش هۆكاری ئەوە بوو كە ئێمە پەكەكەكان بەجێهێشت. كەواتە پەكەكە هەر بە تەنیا دژی پارتی دیموكراتی كوردستان نییە، بگرە دژی سەرجەم حزبەكانی دیكەیە، چونكە هزری شەراكەت و پێكەوەكاركردن لای پەكەكە بوونی نییە. خاڵێكی دیكە ئەوەیە كە ئێران كێشە لە باشووری كوردستان دروست دەكات، واتە ئەو كێشەیەی لە نێوان پارتی و گۆڕاندا هەیە، ئەگەر داعش تێكشكا، ئەو كێشەیەی لە نێوان پێشمەرگە و حەشدی شەعبی دروست دەبێت، هەروەها كێشەی باشووری كوردستان و حكومەتی عێراق، هەموو ئەمانە ئێران دروستیان دەكات و یەكەم هێزیش كە ئێران بەكاری بهێنێت لەم رووەوە پەكەكەیە، ئەوەتا پەكەكە كێشە لەشنگال و لە كەركووك و لە مەخموور دەخوڵقێنێت، پەكەكەش پێوەندییەكی بەتینی لەگەڵ ئێران و رژێمی سووریا و عێراقدا هەیە.
* كەواتە بوونی پەكەكە لە شنگال نەك تەنیا بووەتە هۆكاری ئەوەی نەتوانرێت شنگال ئاوەدان بكرێتەوە، بەڵكو لەمەش خراپتر پەكەكە هەڵدەدات كە شنگال نەگەڕێتەوە سەر هەرێمی كوردستان و دەیەوێ زیانی زیاتریش بەباشووری كوردستان بگەیەنێت؛ ئایا پەكەكە بۆچی خزمەتی عێراق و دوژمنانی كورد دەكات و دژی كوردستانە؟


- دابڕانی شنگال و زوممار لەكوردستان و دروستكرنی كانتۆنێكی تایبەت بەخۆی مەبەستی سەرەكیی پەكەكەیە لە شنگال، هەروەها دەیەوێت پارتی دیموكراتی كوردستان لاواز بكات و پێوەندییەكانی لەگەڵ رۆژئاوادا بپچڕێنێت. واتە پەكەكە سەرەڕای ئەوەی باكوور لە دەستی ئەودایە، دەیەوێت شنگال بكاتە بنكەیەكی سەربازی و سیاسی و رێكخستن بۆ خۆی، چونكە دەیەوێ شنگال لە دەست پەكەكە و تەلەعفەر لە دەستی حەشدی شەعبی و موسڵ لە دەستی عێراقدا دەبێت و بەم شێوەیە فشار لەسەر پارتی دروست بكات. دواتر شنگال پێگەیەكی گرنگ و ستراتیژی هەیە و كێ باڵادەست بێت تێیدا ئەوا دەتوانێت كاریگەری لەسەر توركیا و عێراق و باشووری كوردستان و رۆژئاواش هەبێت. جێبەجێكردنی ئەم ئەجیندەو پاڵەپەستۆیەی دژ بە كوردو كورستان بۆ گرنگی و ستراتیژیی ناوچەی شنگال دەگەڕێتەوە كە دەكەوێتە نێوان عێراق و سووریاو توركیاوە بۆ ئەوەی هیلالی شیعە تا دەگاتە دەریای ناوەڕاست دروست بكات، ئەو كات هێڵەكە بەمشێوەیە دەبێت ( ئێران – سلێمانی – قەندیل – شنگال -رۆژئاوای كوردستان) و لە رێگەی پەیەدەو رژێمی ئەسەد تا دەگاتە دەریای سپی ناوەڕاست و لوبنان پێكەوە گرێبداتەوە، بەمەش ئێران هێزێكی زۆر مەزنی بۆ دروست دەبێت، ئەگەر شنگال بكەوێتە دەستی پەكەكە واتە تەواوی ئەم دەڤەرە كەوتە دەستی ئێران و حەشدی شەعبی چونكە لەنێوان تەلەعفەرو شنگال تەنیا 25 كیلۆمەترە. هەروەها بوونی پەكەكە لە شنگال دەبێتە مایەی دروستبوونی ناكۆكی و ئەو كاتە توركیاش دەستێوەردان دەكات. هەروەها لە پێوەندی بە دروستبوونی دەوڵەتی كوردییەوە لەوێدا هەڕەشە و مەترسییە. هەربۆیە پێویستە پەكەكە لە شنگال دەربكرێت، چونكە راستە پەكەكە بە تەنیا خۆی هەڕەشەیەكی گەورە نییە، بەڵام پێوەندییەكانی لەگەڵ ئێران و حەشدی شەعبیدا دەیكاتە هەڕەشە و مەترسییەكی مەزن. لەلایەكی دیكەشەوە ئەولەوییەتی ئیدارەی ترەمپ ئەوەیە دەستی ئێران لە كوردستان نەهێڵێت. رەنگە بوار بدات یەكێتی و گۆڕان پێوەندییان لەگەڵ ئێراندا هەبێت، بەڵام رێگانادات پەكەكە دەست بەسەر شنگالدا بگرێت و كێشە دروست بكات، چونكە ئەگەر كێشە دروست بكات، ئەوا ئێران بەهێز دەبێت، لە كاتێكدا ترەمپ دەیەوێت دەستڕۆیشتوویی ئێران نەهێڵێت، كەواتە نەمانی پەكەكە لە شنگال لەگەڵ ئەم خواستەی ئەمریكاشدا یەك دەگرێتەوە، هەروەها نەمانی پەكەكە لەو ناوچەیە لەگەڵ هەوڵەكانی دروستكردنی دەوڵەتی سەربەخۆشدا یەكدەگرێتەوە.
* بەڵام پەكەكە بانگەشەی ئەوە دەكات كە ئەمە لە پێناوی ئێزیدییەكاندا دەكات، ئەوە تا چەند راستە؟


-لە راستیدا پەكەكە ئەو هەل و مەرجە نالەبارەی قۆزتەوە كە لە شنگال دروست بوو. بەڵام خۆ هەر هێزێكی پێشمەرگە بوو كە شنگالی رزگاركردەوە و بە سەدان شەهێدیشی لەو پێناوەدا بەخشی و ئەگەر پێشمەرگە نەبووایە ئێستا یەك ئێزیدیش نەیاندەتوانی بگەڕێنەوە، بەڵام ئێستا پەكەكە دێت و كارێك دەكات كە لە كردەوەكانی دوژمنیش خراپترن، بۆ نموونە، دێت و هەوڵی دروستكردنی دوودوڵی و گومان دەدات بەوەی ئێزیدی كورد نین و ئەو ناوچەیە كوردستانی نییە، هەروەها كەسانێكی كە پێشتر پێوەندییان بە بەعسەوە هەبووە و دژی كورد بوون، ئێستا لە دەوری ئەوان كۆبوونەتەوە. هەروەها دەنگ و باسی ئەوە هەیە كە پارەیان لە حەشدی شەعبی وەرگرتبێت. ئەوەش راستە كە كۆمەڵێك لە ئێزیدییەكان لە دەوری پەكەكە كۆبوونەتەوە، كە مەبەستم یەپەشەیە، پەكەكەش لە دروستكردنی پڕوپاگەندەدا زیرەكە، چونكە تێگەیشتنێكی وای دروست كردووە كە هەموو ئێزیدییەكان لەگەڵ ئەودان و بە سەدان هەزار كەس چەكیان بۆ هەڵگرتووە، ئەمە لە كاتێكدا ژمارەی ئێزیدییەكانی نێو هێزی پێشمەرگە چەند هێندەی ئەوان زیاترە، چونكە هەموو هێزی ئەوان 1 بۆ 2 هەزار كەسن و هەمووشیان ئێزیدی نین و لەم ماوەیەشدا هەندێكیان گەڕاونەوە نێو پێشمەرگە.
* ئێستا پێشمەرگە بووەتە سیمبولی بەرخودانی كورد لە جیهاندا، لەبەرامبەردا هەموو هەوڵی پەكەكە بۆ ئەوەیە سەركەوتنەكانی پێشمەرگە بێ بایەخ بكات، ئایا پەكەكە بۆ بەرژەوەندی كام وڵات ئەم كاردەكات؟


- سەرەتا دەبێت ئەوە بڵێین كە پێشمەرگە لەشەڕی داعش نەك تەنیا شەڕی بۆ پارێزگاری لەكوردستان و نەتەوەو ئایینزاكانی باشووری كوردستان كرد، بەڵكو شەڕی بۆ هەموو مرۆڤایەتی و كۆمەڵگەی ئازادیخواز كرد، هەربۆیە لەجیهانی دەرەوە ئێستاكە پێشمەرگە سیمبولی پارێزگاریكردن و ئازایەتییە، یەكەم هێزێكیش كە لەسەر زەوی توانی داعش تێكبشكێنێت هەر پێشمەرگە بوو. هەربۆیە لەناوەندە جیهانییەكاندا ئیعتیبارێكی گەورە بۆ هێزی پێشمەرگە هەیە. تەنانەت توانی بەرخودان لەكۆبانێی رۆژئاوای كوردستانیش بكات، كە ئەمەش كاریگەری هەبوو لەسەر تەواوی جیهان. هەروها دوای ئەوەی پێشمەرگە هاوكاری رزگاركردنی كۆبانێی كرد، هیچ هەڵسوكەوتێكی خراپی بەرامبەر گەریلاكان نەكرد، ئێستاش دۆخەكە بە شێوەیەكە كە تەنانەت عێراق و توركیاو ئێرانیش ناتوانن دژ بەهەڵوێست و ئازایەتی و مرۆڤدۆستی هێزی پێشمەرگەی كوردستان شتێك بڵێن، كەچی ئەوەتا بڕوانن پەكەكە بەشەو و رۆژ لەمیدیاكان و فەیسبووك و ئەنتەرنێتەوە چ دەڵێت و چ دەنووسێت. كەواتە كاركردنی پەكەكە لە خزمەت و بەرژەوەندی كورددا نییە. بەڵكو هەموو شەڕو بەرنامەو كاری پەكەكە دەچێتە قاڵبی خزمەتكردنی مالیكی و ئێرانەوە، چونكە پەكەكە پارتێكی كوردستانی نییە و حزبێكی ئایدیۆلۆژییە و رۆحێكی دیموكراسی لە خۆنەگرتووە. تۆ بڕوانە هەڵوێستی حكومەتەكانی توركیاو ئێران و عێراق، ئەوان دەڵێن ئێمە ناخوازین دەوڵەتی كوردستان رابگەیەندرێت، كەچی پەكەكە دەڵێت دەوڵەتی كوردستان رابگەیەندرێت ئێمە تێكی دەدەین و دژی ئەو دەوڵەتە شەڕدەكەین، ئەمە دوژمنایەتییەكی سەیرە بەرامبەر گەلی كوردستان و بەرامبەر ئاڵا و دەوڵەتی كوردستان. لە رۆژئاوای كوردستانیش پەكەكە رێككەوتن لەگەڵ عەرەب و ئەرمەنی و ئاسووریدا دەكات، كەچی لەگەڵ پێشمەرگەدا رێككەوتن ناكات، رێككەوتن لەگەڵ ئەسەد و دوژمنی كورددا دەكات، بەڵام ئامادە نییە رێككەوتن لەگەڵ كورددا بكات. ئەم حاڵەتی دژایەتیكردنی پارتە كوردستانییەكان لە باكوورو رۆژئاواو رۆژهەڵاتیش بەجوانی دیارو لەبەرچاوە. ئەوەتا ئەنەكەسە بەدوژمن دادەنێن لەكاتێكدا رژێمی بەعسی بەشار ئەسەد بە دۆست دەزانن، لە عێراقدا پێوەندییان لەگەڵ مالیكی هەیە، كەچی پارتی بە دوژمن دەزانن، كەواتە پەكەكەو گروپە چەكدارەكانیان لە باكوورو باشوورو رۆژئاواو رۆژهەڵات هۆكاری سەرەكیی ناكۆكی نێوان كوردانن.


* كوردانی ئێزیدی گەورەترین كارەساتیان بەسەر هات بۆ رزگاركردنەوەی شنگال و چیای شنگال زیاتر لە 700 پێشمەرگە شەهید بوون، پەكەكە هاتە سەر حازری، بەڵام ئێستا دەیەوێت كارەساتێكی تر بەسەر ئێزیدییەكان بێنێت، ئایا شەڕی بەوەكالەت بۆ عێراق و ئێران گەیشتۆتە ئەو ئاستەی پەكەكە چاوی كورد نەبینێت؟
- لەناو پەكەكە رۆحییەت و دەماری كوردایەتی نییەو بگرە بەچاوی كوردایەتی سەیری بارودۆخەكە ناكرێت. پەكەكە دەبێژێت ئەوان پارتێكی چەپ و سۆشیالیست و شۆڕشگێڕن و هەموو پارتەكانی دیكەی كوردستان دوژمنی ئێمەن، هەربۆیە پێویستە ئەو پارتانە نەمێنن. ئەوان بەشێوەی چینایەتی لەپرسەكان دەڕوانن نەك نەتەوەیی، هەربۆیە بەچاوی دوژمن سەیری پارتی دیموكراتی كوردستان دەكەن. ئەگەر پارتی نەبێت سبەی بەهەمانشێوە سەیری یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەكەن، گۆڕان و ئەنەكەسەو حزبە ئیسلامییەكانیش بەهەمان شێوە. واتا پەكەكە بڕوای بە شەراكەت و هاوبەشی نییە و فرەحزبی و دیموكراسی لە زهنییەتی ئەواندا نییە، ئەوان تەنیا قبووڵی ئەو لایەنانە دەكەن كە تەسلیمی خۆیان و ئەجینداكانیان ببێت، ئەمڕۆ پێیانوایە پارتی ئاستەنگ لەبەردەمیان دروست دەكات، بۆیە دوژمنایەتی دەكەن، سبەینێ ئەنەكەسە و دواتر یەكێتی و .. هتد، كەواتە هیچ حزبێك لەكوردستان ناتوانێت رێككەوتن لەگەڵ گروپێكی وا بكات.

* ئایا دژایەتیكردنی رێبازی بارزانی و مەسەلەی سەربەخۆیی كوردستان زیان بە پەكەكەش ناگەیەنێت، بۆچی پەكەكە روو لەباكووری كوردستان ناكاتەوە كە ئەوێ شوێنی راستەقینەی خۆیەتی و بۆچی چاوی بڕیوەتە ئەم بەشەی كوردستان؟
- ئەمڕۆ كوردو كوردستانی لە رێبازی بارزانی-دا دێتە باسكردن؛ دەوڵەتبوونی كوردستان و رۆحی نەتەوەیی و هەمووی لەناو ئەو رێبازەدا هاتۆتە باسكردن، هەربۆیە پەكەكە بەهەموو هێزیەوە دوژمنایەتی ئەو رۆحیەتە نەتەوەییە دەكات. دژایەتیكردنیشیان بۆ بارزانی بۆ ئەو راستییە دەگەڕێتەوە كە هەموو ئومێدی كورد بارزانی-یە، نەك تەنیا لە باشوور، ئومێدیان بەوەیە دەوڵەتێكی كوردی دروست بێت، بۆ ئەوەی لە هەرچوار پارچەی كوردستاندا كورد زیندوو ببێتەوە، لە كاتێكدا ئەوان دەیانەوێت رۆحی كوردایەتی بكوژن. پێشتر پەكەكە بانگەشەی ئەوەی دەكرد كە دەوڵەتی سەربەخۆمان دەوێت، كەچی لە ساڵی 2009 دا دەیگوت بەهیچ شێوەیەك دەوڵەتبوونی كوردستان قبووڵ ناكەین، ئەمە لە كاتێكدا كورد بە دەیان هەزار كەسیان لەسەر پرسی دەوڵەت و سەربەخۆیی بووەتە قوربانی و گیانیان بەخشیوە، كەچی پەكەكە ئێستا دەڵێت: ئەوەی داخوازی دەوڵەت بكات، ئێمە دەیكوژین. ئێستاش لە شەڕەكانی جزیرەو سلۆپی و دیاربەكرو زۆربەی باژێرەكانی باكوور كوردستان و لەشەڕی خەندەق 7000 گەنجی كوردیان بەكوشتن داوە، بە بێ هیچ هۆكارێك، واتە نە لە پێناوی دەوڵەت و نە لە پێناوی كوردایەتیدا بووە، بەڵكو تەنیا لەبەر ئەوەی ئێران ئەمەی دەخواست. لە ئەنجامدا ماڵوێرانی بۆ گەلی كورد هێناو ژێرخانی ئەو شارانە وێران بووە و سەدان هەزار كورد بەناچاری كۆچیان كردووە. هەروەها زیانی بە پەرلەمانتارە كوردەكان و شارەوانییەكان و پۆستەكانی هەدەپە گەیاندووەو زۆر لەكەسایەتییە كوردییەكان كەوتنە زیندانەوە، من دەڵێم ئەگەر هەڵەو شەڕی پەكەكە نەبووایە، ئەوا هەدەپە رێككەوتنی لەگەڵ ئاك پارتی دەكرد و بەشدار دەبوو لە حكومەتدا. كەواتە سیاسەتی ئێستای پەكەكە سیاسەتێكی هەڵە و چەوت و بێ ئامانج و بێ مانایە.


* پارتێكی سیاسی ئەمە زهنییەت و بەرنامەو رەفتاری بێت، ئایا بەئاشتی و دانوستاندن دەتوانرێت لە شنگال و مەخموور دووریان بخەینەوە؟
- من ناخوازم بەشەڕ چارەسەری ئەو پاوانخوازی و سیاسەتە چەوتانەی پەكەكە بكرێت، بۆیە پێویستە هەموو جیهان و هەروەها هەموو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان و خەڵكی دەڤەرەكە فشارێكی زۆریان بۆ بهێنن تاوەكو پەكەكە دەستبەرداری ئەو ناوچانە بن.
Top