د.محەمەد ساڵح جومعە بۆ گوڵان: یەكڕیزی و یەكهەڵوێستی نەتەوە لەناو دەوڵەتی سەربەخۆدا دروست دەبێت و بەرژەوەندیی نەتەوەیی لەناو دەوڵەتدا بەرجەستە دەبێت

د.محەمەد ساڵح جومعە بۆ گوڵان: یەكڕیزی و یەكهەڵوێستی نەتەوە لەناو دەوڵەتی سەربەخۆدا دروست دەبێت و بەرژەوەندیی نەتەوەیی لەناو دەوڵەتدا بەرجەستە دەبێت
كوردستان ئێستا بەرەو قۆناخێكی هەستیار و چارەنووسساز و گەشبین هەنگاو هەڵدەگرێت و رۆژ لە دوای رۆژ بایەخی رۆژئاواو دەوڵەتانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش بە كوردستان زیاد دەبێت، هەروەها رۆژ لە دوای رۆژیش ئومێدی خەڵكی كوردستان بۆ سەربەخۆیی زیاتر دەبێت، بەڵام لەبەرامبەریشدا كێشە و ئاستەنگ و كۆسپەكان لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەو كەم نین و هەموویان لە خاڵێكدا یەكدەگرنەوە كە ئەویش دژایەتی دەوڵەتی كوردستانە، بۆ قسەكردن لەسەر ئەم رەوشە بە هەردوو لایەنی گەشبینی و ئاستەنگەكانیشەوە ئەم دیمانەیەمان لەگەڵ بەڕێز سیاسەتمەدار و چاودێری سیاسی د.محەمەد ساڵح جومعە سازكرد و بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە.
* بارودۆخی ئێستای كوردستان لەلایەك هەستیارو ئاڵۆزەو لەلایەكی دیكەشەوە خەڵك بە ئومێدەوە سەیردەكات بۆ سەربەخۆیی و سەرفرازی یەكجارەكی، ئایا تۆ چۆن سەیری بارودۆخی ئێستای كوردستان دەكەیت؟
- بە بارودۆخی ئێستای كوردستان زۆر گەشبینم، ئەم گەشبینییەشم لە مێژووی كوردو میژووی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەرچاوە دەگرێت. بە درێژایی مێژووی رابردووی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەر كات و سەردەمێك كورد سەڕی خۆی بڵندكردبێت و داوای مافەكانی خۆی كردبێت، بە یەكجار تورك و فارس و عەرەب پێكەوە رووبەڕووی بوونەتەوەو سەركوتیان كردووە. پێشتر چەكی دەستی پێشمەرگە چەكی كۆنی سەردەمی شەڕی یەكەم و دووەمی جیهانی بوو، بەڵام ئێستا هەموو دەوڵەتانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش كە ژمارەیان 68 دەوڵەتە پشتگیری ئێمە دەكەن و چەكی بەرگری مۆدێرن بە پێشمەرگە دەدەن، رۆژانە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بڕی 7.5 ملیۆن دۆلار بۆ فڕۆكەكانی خەرج دەكات بۆ ئەوەی لە ئاسمانەوە ئێمە بپارێزن. ئەو دەوڵەتانەی هەتا دوێنە دوژمنی كوردو كوردستان بوون، ئێستا ناتوانن دژایەتی كوردستان بكەن، لەبەر ئەوەی هاوپەیمانیی نیودەوڵەتی كوردستان دەپارێزێت، لەمەش راشكاوانەتر چۆن ئەمریكاو ئەوروپاو ناتۆ پاراستنی ئیسرائیل لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ستراتیژیەتی سەرەكیی خۆیان دەزانن، ئێستا بەهەمان ئاست لەلایەن ئەمریكا و ئەوروپاو ناتۆوە پاراستنی كوردستان بۆتە ستراتیژیەتی ئەوان و دەمانپارێزن. هەروەها هەموو لایەك ئاگادارن كە ئیسرائیل چ پێوەندییەكی بەهێزی لەگەڵ رۆژئاواو رووسیا هەیەو چەند كاریگەرە لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئێستا ئیسرائیل پشتگیری لە ئێمە و لە دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان دەكات، باشە ئەمانە هەمووی ئایا جێگەی ئەوە نین كە ئێمە پێی گەشبین بین و بە دیدێكی گەشبینانە سەیری ئایندەی خۆمان بكەین؟
* لەگەڵ ئەوەی كە دەوڵەتانی داگیركاری كوردستان لە ئێستا ناتوانن راستەوخۆ خۆیان هێرش بكەنە سەر كوردستان، بەڵام وەك ئێستا لە شنگال دەیبینین، پەكەكە بەوەكالەتی ئەو دەوڵەتانە شەڕی حكومەتی كوردستان دەكات، ئایا ئەمە مانای ئەوە نییە دەوڵەتانی داگیركاری كوردستان دەستبەرداری پیلانەكانی خۆیان نابن؟

- بە بۆچوونی من ئەوانەی دژایەتی سەربەخۆیی كوردستان دەكەن، ئەوجا پەكەكە بێت، یان گۆڕان، یان كۆمەڵی ئیسلامی، یان نوری مالیكی، ئەمانە هەموویان خزمەتێكی گەورە بە سیاسەتی سەربەخۆیی كوردستان دەكەن، تەنانەت ئێرانیش كە راشكاوانە دژایەتی خۆی بۆ دەوڵەتی كوردستان دەربڕیوە، ئەویش هەر خزمەت بە پرۆسەی سەربەخۆیی كوردستان دەكات، سەبارەت بە پەكەكەش، دیارە پەكەكە وەك پاسدار شەڕی بەوەكالەت بۆ ئێران دەكات، سەبارەت بە شنگالیش ئەم شەڕەی پەكەكە بەنیازە لەو ناوچەیە هەڵیبگیرسێنێت، تەنها شەڕی پەكەكە و پێشمەرگە نابێت، بەڵكو ئەگەر لە شنگال شەڕ هەڵبگیرسێت، شەڕێكی گەورە دەبێت و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش و توركیا و ئیسرائیلیش مەبەستیانە ئێران لەو شەڕە تێبكەوێت، بۆیە من پێموایە ئێران شنگالی مەبەستە، بۆیە قەت مەزندەی ئەوە ناكەم، پەكەكە بە ئاشتی لە شنگال بكشێتەوە، ئەگەر نەشكشێتەوە، ئەوا ئەگەری ئەو شەڕە گەورەیە دوور نابێت.
* ئایا پێگەی جوگرافیی شنگال بۆ ناوچەكە ئەوەندە گرنگە هەتا شەڕێكی گەورەی لەنێوان ئێران و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەسەر دروست ببێت؟

- شنگال راستە بەشێكە لەو جوگرافیایەی كە ئێستا پێی دەگوترێت عێراق، بەڵام شنگال بەدەستی كێوە بێت، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەدەستی ئەو لایەنەوە دەبێت، هەروەها دەبێت ئەوەش بەبیر بهێنێنەوە كە كاتی خۆی رژێمی سەدام حوسێن لە شنگالەوە رۆكێتەكانی خۆی ئاراستەی ئیسرائیل دەكرد، بۆیە شنگال وەك پێگەیەكی جیۆستراتیژی هەموو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێكەوە گرێدەداتەوە، سەبارەت بە ئێرانیش دیارە ئێران ئێستا عێراق وەك كۆلۆنیالییەكی خۆی سەیردەكات، ئەگەر شنگالی لەدەست بچێت، واتە عێراقی لەدەستچووە، ئێران زۆر مەبەستیەتی دەست بەسەر شنگالدا بگرێت، لەبەر ئەوەی لە شنگالەوە دەگاتە سووریا و دەریای سپیی ناوەڕاست، بۆیە لەبەر گرنگیی ئەم ناوچەیە و پێویستیی ئێران بە شنگال، پەكەكە لە شنگال ناكشێتەوە، ئەمەش زەمینە بۆ ئەو شەڕە خۆش دەكات. لایەنی ئێرانی دەزانێت توانای بەڕێوەبردنی ئەو شەڕەی نییەو لە هەمانكاتیشدا باوەڕناكات شەڕێكی لەو جۆرە لەسەر شنگال دروست بێت. راستە كۆماری ئیسلامی ئێران لە ساڵی 1979ـەوە تا ئێستا توانیویەتی لەو بارودۆخەدا گەمە بكات، بەڵام بە هاتنی دۆناڵد ترەمپ هەموو شتێك گۆڕانی بەسەردا هاتووە، ئەو گۆڕانكارییەش لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ جڵەوگیری ئێران دەبێت.

* ئایا بڕوا دەكەیت كە سیاسەتی ئەمریكا بەرامبەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گۆڕینی سەرۆكێك ئەو گۆڕانكارییە ریشەییەی بەسەردا بێت؟ راشكاوانەتر ئایا ترەمپ دەتوانێت ئەو گۆڕانكارییە گەورەیە دروست بكات؟
- دۆناڵد ترەمپ دنیای هەژاندووەو بەدیتنی من لەگەڵ هاتنی ترەمپ هەموو جیهان گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە، سەبارەت بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش ترەمپ رێككەوتنی لەگەڵ رووسیا سەبارەت بە ئایندەی ئەم ناوچەیە كردووەو ئێستا ئەمریكا داوا لە رووسیا دەكات، ئێران لە سووریا نفوزی نەمێنێت. لەو پرۆژەی دەستوورەی بۆ سووریای ئایندە داڕێژدراوە، ئەمریكا و رووسیا ئەوەیان چەسپاندووە كە دەبێت سووریای دوای ئەسەد دەوڵەتێكی عەلمانی بێت، بەڵام ئەگەر ئێران رۆڵی بمێنێت لەو هاوكێشەیەدا، ئەو دەخوازێت سووریا دەوڵەتێكی ئایینی بێت بە هاوشێوەی كۆماری ئیسلامی ئێران، هەروەها لەچەند رۆژی رابردوو بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل بە ئاشكرا رایگەیاند كە ئامادەباشی تەواو دەكات بۆ ئەوەی بە رێككەوتن لەگەڵ ئەمریكا هێرش بكاتە سەر ئێران، بۆیە سیاسەتی ئەمریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گۆڕانكاری ریشەیی بەرامبەر بە ئێران لەخۆ دەگرێت.

* لەناو ئەم هاوكێشەیەدا كە چاوەڕێ دەكرێت گۆڕانكاری گەورە بە خۆوە ببینێت، ئایا پێگەی كوردستان چۆن دەبێت و سەرۆك مسعود بارزانی چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم گۆڕانكارییانە دەكات؟
- ئێستا كوردستان و مسعود بارزانی دوو ناون، بەڵام بوونەتە هاوتای یەكتری، ئەمەش واتا كاتێك باسی كوردستان دەكەیت، واتە باسی مسعود بارزانی دەكرێت و كە باسی مسعود بارزانی دەكرێت، مەبەست كوردستانە، بۆیە مسعود بارزانی تەنیا كەسێك نییە، بەڵكو هێمایە بۆ دەوڵەتێك كە ناوی كوردستانە، ئەمە وایكردووە كە ئێستا مسعود بارزانی گرنگترین و كاریگەرترین كەسایەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێت و لەیەك كاتدا ئەمریكا و ئەوروپا و ناتۆ پشتگیری لێدەكەن و هێزی پێشمەرگەی كوردستان وەك بەشێك لە هێزی ناتۆ سەیردەكرێت. ئەم واقیعە لەسەر ئاستی ئەو پێشوازییانەی لە سەرۆك مسعود بارزانی دەكرێت، رەنگدانەوەی تەواوی هەیە. دەكرێت بڵێین ئەو پێشوازییەی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی لە مسعود بارزانی دەكرێت، هاوتای پێشوازیكردنە لە سەرۆك و پادشای دەوڵەتە گەورەكانی ناوچەكە و زیاتریش، بۆیە ئێمە دەبێت لەو راستییانە تێبگەین. مسعود بارزانی جیا لەوەی لەسەر زەوی سەركردایەتی بەرەیەكی گەورەی شەڕی دژی داعش دەكات و توانیویەتی ئەفسانەی داعش بەتاڵ بكاتەوە، لەهەمانكاتدا رێبەرایەتی دەوڵەتێكیش دەكات كە سەلماندوویەتی دەتوانێت دیموكراسی و پێكەوەژیان لەناوچەیەكی وەك رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە سەركەوتوویی پیادە بكات، بۆیە لەم چوارچێوەیەدا رۆڵی كوردستان لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست زۆر لە رۆڵی ئیسرائیل گەورەترە. ئەمەش لەبەر ئەوەیە هەتا ئیسرائیل بە دەوڵەتێكی دیموكراتی لە قەڵەم بدەین، ئەوا سەركردەكانی ئیسرائیل لە ئەوروپاوە هاتوون و ئەو ئەزموونەیان گواستۆتەوە، بەڵام ئەزموونی دیموكراتیی كوردستان ئەزموونێكی خۆماڵی گەلێكە كە زۆربەی موسڵمانە.

* ئایا كوردستان دەتوانێت لەیەك كاتدا بەرامبەر بە عێراق و توركیا و سووریا و ئێران رابوەستێت، كە گومانی تێدا نییە ئەوانە دژی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستانن؟
- ئەگەر سەرۆك مسعود بارزانی تەنیا پارتی لەگەڵ بوایە، نەیدەتوانی، بەڵام هەموو گەلی كوردستان پشتگیری لەسەربەخۆیی دەكەن، ئەگەر سبەی ریفراندۆم بكرێت، هەموو گەلی كوردستان دەنگ بۆ سەربەخۆیی دەدەن. هەروەها ئەگەر ئێمە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ئەو پشتگیرییە گەورەیەمان نەبوایە، ئەوا نەماندەتوانی بەرامبەر ئەو دەوڵەتانە رابوەستین، لەهەمبەر ئەم پرسە پێش هەمووان ئێران دەزانێت پشتگیریكردنی مسعود بارزانی چەندە، دەنا وا بەئاسانی ئەم پرسەی قبووڵ نەدەكرد. لێرەدا جێگەی خۆیەتی بە راشكاوانە ئەوە بڵێم كە لەدوای ساڵی 1991 و دامەزراندنی نەوای ئارام بۆ كوردستان، پرسی كورد لەدەستی تورك و فارس و عەرەب هاتۆتە دەرەوە و كەوتۆتە دەستی ئەمریكاو بەریتانیا و فەرەنسا و رووسیا و ئیسرائیل، بۆیە پێویستە ئێمە هێزی خۆمان لەلای هاووڵاتیانی خۆمان زیاتر ئاشكرا بكەین. لە ئێستادا ئەمریكا ئامادەباشی خۆی پیشانداوە بۆ ئەوەی یارمەتی دارایی بۆ پێشمەرگە و ئاسایش دابین بكات، ئەمەش مانای ئەوەیە كە لەسەر ئاستی سیاسی و سەربازی و دارایی پشتگیری كوردستان و مسعود بارزانی دەكەن، سەبارەت بەم لایەنە ئیسرائیل كە دەوڵەتێكە خاوەنی بۆمبی ئەتۆمییە، خۆی دەڵێت، ئەو دەوڵەتانە توانای ئەوەیان هەیە لەسەر ئیسرائیل قسە بكەن، بەڵام توانای ئەوەیان نییە لەسەر كوردستان و مسعود بارزانی قسە بكەن، لەمەش زیاتر كاتێك سەرۆك بارزانی پرسیاری ئەوەی لێدەكەن: ئەگەر نوری مالیكی بووەوە بە سەرۆك وەزیران چی دەكەن؟ ئەو راستەوخۆ دەڵێت: من یەكسەر دەوڵەتی كوردستان رادەگەیەنم، ئەم قسەیەی سەرۆك مسعود بارزانی راستەوخۆ ئاراستەی مالیكی نییە، بەڵكو ئاراستەی ئەو دەوڵەتەیە كە مالیكی پاشكۆیەتی و دژایەتی دەوڵەتی كوردستان دەكات، بێگومان رووسیاش ئێستا پشتگیری لە دەوڵەتی كوردستان دەكات، لە رۆژی كردنەوەی كونسوڵخانەی رووسیا لە هەولێر، كونسوڵی رووسیا راشكاوانە ئەوەی گوت كە گەلی كوردستان چ بڕیارێك بدات، ئەوان پشتگیری لێدەكەن، هەر سەبارەت بە هەڵوێستی رووسیا لە كۆبوونەوەی ئەستانە، رووسیا جەختی لەسەر ئەوە دەكردەوە كە مسعود بارزانی چ كەسێك دەستنیشان دەكات، ئەو كەسانە دەبنە نوێنەرایەتی كوردی سووریا و لە كۆبوونەوەكاندا بەشداری دەكەن. ئەمانە هەموویان ئاماژەن بۆ ئەوەی كە كوردستان و مسعود بارزانی لەم هاوكێشەیەدا بەتەنیا نین و پشتگیرییەكی نێودەوڵەتیی گەورەیان هەیە.

* ئایا بە تێڕوانینی تۆ ئەو پرۆسەی سەربەخۆییەی سەرۆك بارزانی رێبەرایەتی دەكات، تا چەند وەك موغامەرەیەك سەیردەكرێت، یان تاچەند بەڕێزی لەوە دڵنیایە كە دەتوانێت ئەم پرۆسەیە بەرەو كەناری ئارامی ببات؟
- سەرۆك مسعود بارزانی رێبەرێكی وردبین و دووربینە، ئەگەر تەواو تەواو لە مەسەلەیەك دڵنیا نەبێت، هەنگاوی بۆ هەڵناگرێت. من لێرەدا باس لە هەڵبژاردنەكانی ساڵی 1992 دەكەم، هەموو لایەنە سیاسییە كوردستانییەكان بە دروشمی مافی چارەنووس چوونە ناو هەڵبژاردنەكان، تەنیا پارتی دیموكراتی كوردستان بە دروشمی ئۆتۆنومی بۆ كوردستان بەشداری كرد، ئەوكات سەرۆك مسعود بارزانی پشتگیری نێودەوڵەتی لە ئۆتۆنومی زیاتر بۆ كوردستان شك نەدەبرد، بۆیە راستگۆیانە بە میللەتی خۆی راگەیاندو هەر بەو دروشمەش چووە هەڵبژاردنەكان و هەڵبژاردنەكانیشی بردەوە، بۆیە ئێستا كە خۆی رێبەرایەتی پرۆسەی سەربەخۆیی دەكات، بەڕێزی تەواو تەواو لە پشتگیری نێودەوڵەتی بۆ سەربەخۆیی كوردستان دڵنیایەو هەر بۆیە دەیەوێت ئەم پرۆسەیە بە ئاشتی و بە دیالۆگ لەگەڵ بەغدا بگەیەنێتە ئەنجام.
* ئایا پێتوایە دوای پرۆسەی ئازادكردنی موسڵ كە دەبێت كوردستان و بەغدا پێكەوە پرسی سەربەخۆیی باس بكەن، دەگەنە ئاكامێكی ئیجابی بە شێوەیەكی ئاشتییانە؟
- من پێموانییە دەسەڵاتدارانی شیعە لەبەغدا بەشێوەی دیالۆگ و ئاشتییانە لەسەر پرسی سەربەخۆیی رێكبكەون. لایەنی شیعەی عێراق لە حوكمڕانیدا سەركەوتوو نین. كاتی خۆی لەدوای ساڵی 1920 كە ئینگلیز عێراقی دروستكرد، داوای لە شیعە كرد، حوكمڕانی بگرنە دەست و ئەوان رەتیان كردەوە. بۆیە هەتا ساڵی 2003 ئەو هەلەیان لەدەست دەرچوو، لەدوای ساڵی 2003 لەبەر ئەوەی بوونە پاشكۆی ئێران بۆیە نەیانتوانی حوكمڕانی بكەن، بۆیە ئەگەر لەدوای پرۆسەی ئازادكردنی موسڵ كوردستان و بەغدا دەست بە وتووێژیش بكەن لەسەر پرسی سەربەخۆیی كوردستان، ئەوا لەبەر ئەوەی ئێران كاریگەری گەورەی هەیە لەسەر بڕیاری سیاسی لە عێراقدا، ئەوا حەتمەن ئێران رێگە نادات ئەو پرۆسەیە سەركەوتوو بێت.

* ئایا مەبەستت ئەوەیە راشكاوانە بڵێت كە پرۆسەی سەربەخۆیی بە ئاشتی لەگەڵ بەغدا ناگاتە ئاكام؟
- بەڵێ، ئەمەش لەبەر ئەوەیە بڕیار لەسەر ئەم پرسە لەدەستی لایەنە شیعەكانی عێراقدا نییە، بۆیە ناتوانن ئەو بڕیارە بدەن، ئەمەش مانای ئەوەیە بیركردنەوە لە رێگەچارەی ئاشتی و دیالۆگ خەون و خەیاڵە، بەڵام ئێمە میللەتێكی شەڕخواز نین و ئومێدەوارین لەگەڵ تورك و فارس و عەرەب بە ئاشتییانە كێشەكانی خۆمان چارەسەر بكەین، بەڵام زەحمەتە ئەوان رێگەی ئاشتی و دیالۆگ هەڵبژێرن، ئەمەش راستییەو دەبێت لە میللەتی خۆمانی نەشارینەوە.
* لە بارودۆخێكدا كە لەگەڵ بەغدا بە ئاشتی نەگەینە ئاكام، ئایا كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دان بەدەوڵەتی كوردستاندا دەنێت؟
- بەڵێ، زۆر لە دەوڵەتەكان رایانگەیاندووە ئێوە رایبگەیەنن، ئێمە دان بەو دەوڵەتەدا دەنین، لەوانە ئەڵمانیا، فەرەنسا و دەوڵەتانی دیكەی یەكێتی ئەوروپا و رووسیا و ئەمریكاش.
* ئایا كارێكی پێویست نییە وەك ئامادەباشییەك بۆ قۆناخی داهاتوو پێش هەر شتێكی دیكە كێشە سیاسییە ناوخۆییەكانی كوردستان چارەسەر بكرێت، بۆ ئەوەی یەكڕیزی و یەكهەڵوێستی دروست بكەینەوە؟
- لەبارودۆخی ئێستادا چارەسەری كێشەی نێوان حزبەكان لەدەستی خۆیاندا نییە، ئەو حزبانەی كێشەیان دروست كردووە، بەدەستی دەرەكی ئەو كێشانەیان دروست كردووە، بۆیە هەتا لەگەڵ لایەنی سەرەكی كە ئێرانە رێككەوتن نەكرێت، ناتوانرێت كێشەی ناوخۆیی لە نێوان حزبەكان چارەسەر بكرێت، خۆ ئەگەر ئەو حزبانە بڕیاری خۆیان لەدەستی خۆیاندا بوایە، بە دوو رۆژ هەموو كێشە سیاسییەكانی كوردستان چارەسەر دەكران. بەڵام ئەگەر دەوڵەتمان راگەیاند، ئەو كاتە پرسەكە دەبێتەوە پرسێكی ناوخۆیی و بە ئاسانی چارەسەر دەكرێت. مێژووی نەتەوەكانی جیهان پێمان دەڵێت زۆر كێشە هەن لەناو دەوڵەتدا چارەسەر دەكرێت، یەكڕیزی و یەكهەڵوێستی لەناو دەوڵەت دروست دەكرێت، هەر بۆ نموونە ئینگلتەرا كە 400 ساڵ لە بندەستی رۆما بوو، نەیدەتوانی یەكگرتوو بێت، ئەڵمانیا هەتا ساڵی 1871 گەلێكی پەرتەوازە بوو لەسەر دەستی بسمارك یەكڕیزی و یەكدەنگی دوای دامەزراندنی دەوڵەت دروست كرا.
* لەسەردانی شاندی ئەمجارەی عێراق بۆ ئەمریكا بەسەرۆكایەتی د.حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق، د.فوئاد حوسێن یاوەری شاندەكەی عەبادی بوو، ئایا ئەمە لەسەر خواستی ئەمریكا بوو، یان حكومەتی عێراق؟
- لەسەر داخوازی حكومەتی ئەمریكا بەڕێز د.فوئاد حوسێن وەك نوێنەری سەرۆك بارزانی یاوەری شاندەكەی عەبادی بووە، پێشتریش بەڕێز مسرور بارزانی بە تەنیا سەردانی ئەمریكای كردووە و لەگەڵ ستافی ئیدارەی ترەمپ كۆبوونەتەوە، بەڵام ئەمجارەیان ئەمە سیاسەتی ئەمریكایەو داوادەكات نوێنەری سەرۆك بارزانی یاوەری شاندەكەی عەبادی بێت. لەلایەكی دیكەوە لە ئێستادا ئێران و مالیكی گەورەترین دوژمنی د.حەیدەر عەبادی-ن و كوردو ئەمریكاش دۆستی ئەون.

* پێشتر ئاماژەتان بەوە كرد كە پێشمەرگە بەشێكە لەناتۆ و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، بەڵام نوێنەری كوردستان بەشداری لە كۆبوونەوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش ناكات، ئەمەیان هۆكاری چییە؟
- نوێنەری كورد چەند جارێكە بەشداری كۆبوونەوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دەكات، جاری پێشوو كە نیاز وابوو د.حەیدەر عەبادی و د.فوئاد حوسێن پێكەوە بچن، ئەوە بوو هیچیان نەچوون، بۆیە ئێستا كورد بەشداری دەكات.
* بە بۆنەی هاتنەوەی جەژنی نەورۆزی ئەمساڵەوە چەندین لایەن وەك وەزیری دەرەوەی بەریتانیا بروسكەی پیرۆزبایی نەورۆزیان ئاراستەی سەرۆك مسعود بارزانی كرد، پێشتر بەشێوەیەكی گشتی پیرۆزبایی لەهەموو ئەو گەلانە دەكرا كە یادی نەورۆز دەكەنەوە، ئایا ئەمە گۆڕانكارییەك نییە؟
- ئەمە ئاماژەیە بۆ ئەوەی كە بەڕێز مسعود بارزانی رێبەرایەتی كوردو كوردستان دەكات. پێشتر لەسەردەمی جەنابی بارزانیی نەمر كە دەتگوت بارزانی، واتە دەتگوت كورد، ئێستا كە دەڵێن مسعود بارزانی، یان پیرۆزبایی لە مسعود بارزانی دەكەن، واتە پیرۆزبایی لە كوردی هەر چوارپارچەی كوردستان دەكەن.
* ئایا بەبۆچوونی تۆ بڕیاری راگەیاندنی دەوڵەتی كوردستان نزیك بۆتەوە، لە كاتێكدا هەموو كوردستانییەك چاوەڕێی ئەوەن كە سەرۆك بارزانی ئەو بڕیارە بدات؟
- مسعود بارزانی شەڕی سەربەخۆیی كوردستان دەكات، لەسایەی رێبازی بارزانی ئێستا ئێمە باسی دەوڵەتی كوردستان و باس لە بڕیاری شەخسی مسعود بارزانی دەكەین، كە دەشڵێم لە سایەی رێبازی بارزانی و ناڵێم پارتی دیموكراتی كوردستان، مەبەستم ئەوەیە پارتی لەچاو رێبازی بارزانی حزبێكی بچووكە، مسعود بارزانی بەتەنیا نوێنەرایەتی پارتی ناكات، بەڵكو نوێنەرایەتی هەموو كورد دەكات، بۆ ئەمەش دەتوانین سەیری ئاكامی هەڵبژاردنەكانی 2009 بكەین، پارتی و یەكێتی پێكەوە چوونە هەڵبژاردن 59%ی دەنگەكانیان هێنا، مسعود بارزانی بەتەنیا چووە هەڵبژاردن، زیاتر لە 70%ی خەڵكی كوردستان دەنگیان پێدا، بۆیە كەسێتی مسعود بارزانی نەك هەر تەنیا پارتی گەورە كردووە، بەڵكو پرسی كوردستانی بەگشتی گەورە كردووە، بەرنامەی پارتی بەرنامەی حزبێكە، بەڵام بەرنامەی مسعود بارزانی بۆ سەربەخۆیی كوردستان و هەموو كوردە، لەمەش زیاتر خەمی مسعود بارزانی تەنیا خەمی پارتی و بەشێكی كوردستان نییە، بەڵكو خەمی هەرچوارپارچەی كوردستانە لە رۆژهەڵات و رۆژئاواو باكوور و باشووری كوردستان، لەناو هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعشیش مسعود بارزانی وەك نوێنەر و رابەری هەموو كورد مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت.

* لە ئێستادا وەك سەرنج دەدەین، سەرۆك بارزانی بایەخێكی زۆر بە سەركردە سەربازییەكانی پێشمەرگە دەدات و تەنانەت لە شاندەكانیشدا هەر ئەو سەركردە سەربازییانەی پێشمەرگە دەبیندرێن، ئایا ئەمە چۆن دەخوێنیتەوە؟
- لە ئێستادا مان و نەمانی كورد و كوردستان لە سایەی هێزی پشمەرگەی كوردستاندایە، پاراستنی كوردستان ئەركی سیاسییەكانی كوردستان نییەو ئەوان ناتوانن ئەو كارە بكەن كە هێزی پێشمەرگەی كوردستان دەیكات، ئەمە نەك هەر بۆ ئێمە، بەڵكو هەموو دەوڵەت و ئیمپراتۆریەتە گەورەكانی جیهان لە قۆناخێكی تایبەتیدا پشتیان بە هێزی سەربازیی خۆیان بەستووە، ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ مێژوو، دەبینین ئیمپراتۆریەتی عوسمانی پشتی بە لەشكرەكەی بەستبوو، جۆرج واشنتۆن وەختی سەربەخۆیی ئەمریكا بەردەوام لەناو جەنگاوەرانی لەشكری خۆیدا بووە، ناپلیۆن هەموو كات لەناو سەربازەكانی خۆی بووە، بارزانی نەمر هەموو كات لەناو هێزی پێشمەرگە بووە، بۆیە ئێستاش پێویستە مسعود بارزانی بەردەوام لەناو هێزی پێشمەرگە و لەگەڵ سەركردە سەربازییەكانی خۆی بێت. من لێرەدا بۆ مێژوو دەڵێم ئەو كات كە مسعود بارزانی بڕیاری شەڕی مان و نەمانی دژی تیرۆریستانی داعش داو خۆی چووە بەرەكانی شەڕ، پێموایە لەدوای سەلاحەدینی ئەیووبی، هیچ سەركردەیەكی دیكە لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بڕیاری لەوشێوەیەی نەداوە.
Top