پیتەر واڵێنستیین : بەردەوامیی ئەزموونی كوردستان كاریگەرییەكی بەهاداری لەسەر ناوچەكە دەبێت
March 15, 2017
دیمانەی تایبەت
پیتەر واڵێنستیین، پڕۆفیسۆرە لە بەشی دیراساتی ئاشتی و ناكۆكی لە زانكۆی ئۆپسالای سوید، هەروەها توێژەرە لە ئامۆژگای كرۆك بۆ دیراساتی ئاشتیی نێودەوڵەتی. شارەزای چەند بوارێكی گرنگە وەك: كاروبارە جیهانییەكانی پەیوەست بە نەتەوە یەكگرتووەكان و رێكخراوە ئیقلیمییەكان، بەرگرتن لە ناكۆكی و چارەسەركردنی، بنیادنانی ئاشتی و پرۆسەی ئاشتی. بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی پرسی بەرگرتن لە ناكۆكی و چارەسەركردنی ناكۆكییەكان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و چۆنیەتی چارەسەركردنی تەنگژە و تەحەددییەكانی ئەم ناوچەیەوە، گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵدا ئەنجامداو ئەویش بەم شێوەیە بۆچوونەكانی خستەڕوو.* ئایا بە شێوەیەكی گشتی چۆن لە بارودۆخی ئێستای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەڕوانن؟
- بە شێوەیەكی گشتی توندوتیژی باڵی كێشاوە بەسەر دۆخەكەدا و نزیكەی نیوەی وڵاتە ئەندامەكانی جامیعەی عەرەبی لە ناكۆكیی چەكدارییەوە تێوەگلاون، كە ئەمەش مایەی نیگەرانییەو دۆخێكی نائاساییە كە هەموو ئەو وڵاتانە لە یەك كاتدا لە ناكۆكیدا بن.
* ئێوە كارتان لەسەر پرسی چارەسەركردنی ناكۆكی و بەرپێگرتن بە ناكۆكی كردووە، بۆچی لەم ناوچەیەدا گەیشتن بە رێككەوتن بۆ چارەسەركردنی ناكۆكییەكان قورسە و بۆچی كاتێك ئەو رێككەوتنانە ئەنجام دەدرێن، درێژە ناكێشن و هەڵدەوەشێنەوە؟
- من هۆكارەكەی بۆ نەبوونی نەریتی ئەنجامدانی رێككەوتنی ئاشتی سەرتاسەری دەگەڕێنمەوە، ئەگەر دۆخەكە بەراورد بكەین بە ئەفریقیا، ئەوا دەبینین لە ئەفریقیادا ئەم رێككەوتنانە كراون و كاتێكیش شكستیان هێناوە، ئەوا سەرلەنوێ دەستیان پێكردۆتەوە، بەڵام لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا رێككەوتنگەلێكی كەمی هاوشێوە كراوە، ئەمەش بۆ نەبوونی متمانە و بوونی گومان دەگەڕێتەوە لەبەرامبەر ئامادەیی لایەنی بەرامبەر بە پابەندبوون بە رێككەوتنەكەوە.
* ئایا ئەمە بە مانای ئەوە دێت ئێمە بۆ رۆژگارێكی دوورودرێژ ناسەقامگیری لەم ناوچەیەدا دەبینین؟
- نیگەرانی من ئەوەیە كە هەر رێككەوتنێكی ئاشتی بكرێت، ئەوا دەبێت چەندین لایەن تێیدا بەشدار بن و رێككەوتنێكی گەورە بێت كە هەمووان ئامادەبن بە هەمان ئاڕاستەدا هەنگاوهەڵبگرن، بەڵام لە ئێستادا ئەمە روونادات و چەندین ركابەری هەن لە ناوچەكەدا و ئەمەش پێویستی بە سازدانی كۆنفرانسێكی گەورەی ئاشتی هەیە بۆ سەرتاسەری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ ئەوەی هەوڵ بدرێت رێگاچارەیەك بۆ چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ ئەم ناكۆكییانەدا بدۆزرێتەوە. بەداخەوە لە ئێستادا كەسانێكی كەم هەن كە ئامادەبن ئەم دەستپێشخەرییە بكەن و كاتی خۆیان بۆ ئەم پرسە تەرخان بكەن، بەڵام ئومێدەكە ئەوەیە لە ئایندەدا كەسانێك هەبن كە بە تێڕوانینێكی بەرفراوانتر لەم ناوچەیە بڕوانن.
* لە ئێستادا بزووتنەوە توندڕەو و تیرۆریستییەكان زیانێكی كارەساتبار و كاولكاری زۆریان بەسەر وڵاتانی ئەم ناوچەیەدا هێناوە، پرسیارەكە ئەوەیە ئایا دەبێت لە پاڵ هەڵمەتە سەربازییەكەدا چیدیكە بكرێت بۆ لەناوبردنی ئەم رێكخراوە تیرۆریستییانە؟
- لە راستیدا پێویستە چاكسازيی سیاسی بكرێت، واتە تەنیا هەوڵ و هەڵمەتە سەربازییەكە بەس نییە، بەڵكو دەبێت ژیانی سیاسیش بە شێوەیەكی جیاواز رێكبخرێتەوە و كار بۆ ئەوە بكرێت هەر گرووپێك پشكی خۆی لە دەسەڵاتدا پێبدرێت، واتە دەبێت رێككەوتنی دابەشكردنی دەسەڵات هەبێت، كە تێیدا كەمینە و گروپەكانی زۆرینە نوێنەرایەتی بكرێن و كار لەسەر پێدانی خۆبەڕێوەبەری –ئۆتۆنۆمی- بكرێت، چونكە ئەمە تەنیا پرسێكی سەربازی نییە.
* هەروەك دەزانن كورد نەبۆتە بەشێك لە كێشەی نێوان شیعە و سوننە و بگرە توانیویەتی كەشێك دروست بكات كە تێیدا گرووپە ئیتنی و ئایینییە جیاوازەكان بتوانن ئاشتییانە پێكەوە بژین، ئایا ئایندەی هەرێمی كوردستان چۆن دەبینیت؟
- راستە دەستكەوتی بەرچاو بەدەستهاتووە و ئاشكرایە – لەم هەرێمەدا- هۆشیاری هەیە بە چۆنیەتی دروستكردنی كۆمەڵگەیەك كە بوار بە هەمووان بدات كە كاریگەرییان هەبێت، خۆ ئەگەر بتوانرێت درێژەی پێبدرێت ئەوا دەبێتە مۆدێلێكی سەركەوتوو بۆ ناوچەكە، هەروەها من هیوادارام ئەزموونی كوردستان بەردەوام بێت و هاوكاری بەردەوام بێت، ئەمە دەبێتە نموونەیەكی باش و كاریگەرییەكی زۆر بەهاداری لەسەر ناوچەكە دەبێت.
* بەڵام لە ئێستادا ناكۆكی و جیاوازی هەیە لە نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی بەغدا، ئایا پێتوایە باشترین رێگاچارە بۆ یەكلاكردنەوەی ناكۆكییەكانی نێوانیان چییە؟
- بە شێوەیەكی گشتی دەبێت هەوڵ بدرێت رێگاچارە بدۆزرێتەوە بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەگەڵ یەكدا بكەن و رەنگە باشتر بێت لایەنی سێیەم بێتە نێو ئەم پرۆسەی گفتوگۆیەوە لەبەر ئەوەی ئەمە پرۆسەیەكی گرنگە و لە راستیدا هەمیشە پێویست بەكاركردن لەگەڵ حكومەتی مەركەزی دەكات، بەڵام دەبێت ئەمە هاوشان بێت بە خۆبەڕێوەبەرییەكی بەهێز و ئەمەش تەنیا لە رێی گفتوگۆ و دانوستاندنەوە بەدی دێت.
* ئایا پێتانوایە جیابوونەوەی كوردستان و سەربەخۆبوونی رێگاچارەیەكی باشە بۆ كۆتاییهێنان بەو ناكۆكییە؟
- پێموایە هێشتا كاتی گونجاو بۆ گرتنەبەری ئەم هەنگاوە نەهاتووە، چونكە هەمیشە مەترسیی ئەوەی هەیە ناكۆكی زیاتری لێبكەوێتەوە لەبری ئەوەی بە ئاڕاستەی گرتنەبەری رێگاچارەی گفتوگۆ و هێنانەئارای تەرتیباتێكی دەستووریی نوێدا بڕوات. واتە ترسی من ئەوەیە ئەمە ببێتەهۆی چڕبوونەوەی ناكۆكییەكان و رەنگە باشتر بێت كە ئەمە لە ئەنجامی پرۆسەیەكەوە بێت لەبری ئەوەی لایەنێك بڕیارێكی تاكلایەنە بدات.
* بەڵام پێتوانییە لە دوای رووداوەكانی بەهاری عەرەبی و هەژانی ناوچەكەوە لە ئێستادا ئەگەری گۆڕانە سنوورییەكان و دروستبوونی دەوڵەتی نوێ هاتۆتەئاراوە؟
- لە راستیدا پشێوی و ناكۆكییەكانی ناوچەكە پێویستیان بە بیركردنەوە و بیرۆكەی نوێ هەیە بۆ ئەوەی سەرلەبەری ناوچەكە سەرلەنوێ رێكبخرێتەوەو هیوادارام لەم رووەوە دەستپێشخەری بكرێت و تەنیا گرووپێكی دیاریكراویش لەبەرچاو نەگیرێت، بەڵكو تەواوی ناوچەكە رەچاو بكرێت بۆ ئەوەی دۆخی ئاشتی بگەڕێندرێتەوە.