تۆماس نێڤ : پێشتر عێراق باڵانسی هێز بوو بۆ ئێران، بەڵام دوای هاتنی ئەمریكا ئەم هاوكێشەیە تێكچوو
March 15, 2017
دیمانەی تایبەت
تۆماس نێڤ توێژەرە لە سەنتەری دیراساتی نێودەوڵەتی سەر بە ئامۆژگای تەكنيكی ماساشوسێتس، كە سەنتەرێكە بایەخ بە پرسەكانی وەك پێوەندییە نێودەوڵەتییەكان و دیراساتی ئەمنی و چەند بوارێگی گرنگی دیكە دەدات. بۆ هەڵسەنگاندن و هەڵوەستەكردن لەسەر دوایین پێشهاتەكانی پەیوەست بە هەڵكشانی ناكۆكی و گرژيی نێوان ئیدارەی ترەمپ و وڵاتی ئێران و چەند مەسەلەیەكی دیكەی پەیوەندیدار، گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵدا ئەنجامدا و ئەویش بەم شێوەیە وەڵامی پرسیارەكانی دایەوە.* هەروەك بینیمان لەم چەند رۆژەی دواتردا گرژی و ئاڵۆزییەكانی نێوان ئەمەریكا و ئێران زیاتر بوون، پێتانوایە رەوتی پەرەسەندنەكان بە چ ئاقارێكدا دەڕۆن؟
- لە راستیدا ئەمە پرسیارێكی ئاڵۆزە. بە بۆچوونی من رەنگە ئیدارەی ئەمەریكا هیچ هەنگاوێك هەڵنەگرێت، چونكە ترەمپ راهاتووە لەسەر ئەوەی لێدوانی توند بدات، بەڵام پێموایە لە كۆتاییدا گوێ بۆ كەسانی دیكە دەگرێت و دۆخەكە بە ئاڕاستەیەكی دیكەدا دەڕوات، لەبری ئەوەی كە لە ئێستادا وا دەردەكەوێت كە دۆخەكە بە ئاڕاستەیەكدا ببردرێت كە ئەگەری ئەوەی لێبكەوێتەوە رێگاچارەی سەربازی تێیدا بگیرێتەبەر. بەلای كەمەوە ئەمە ئومێدی منە، چونكە پەنابردنەبەر هەر رێگاچارەیەكی دیكە كارێكی شێتانەیە. لەلایەكی دیكەوە ترەمپ دەرئەنجامێكی خراپی بەدەستهێناوە لە راپرسییەكاندا و لە ئێستاشدا هەست دەكات كە دەبێت كارێك بكات بۆ ئەوەی خەڵكی لە دەوری خۆی كۆبكاتەوە، ئەمەش كارێكی مەترسیدارە، چونكە چەندین ئەزموون هەن لە جیهاندا كە سەركردە لاوازەكان هەستیان كردووە كە دەبێت هێرش بكەنەسەر كەسێك، یان پرسێك بۆ ئەوەی ترس لە نێو خەڵكدا دروست بكەن. لەبەر ئەوە پێموایە هاوسەنگییەك دروست دەبێت لە كۆتاییدا، بێ ئەوەی گۆڕانكاری گەورە لە رێككەوتنە ئەتۆمییەكەدا بكرێت، یاخود هەڵبوەشێندرێتەوە.
* لە هەمانكاتدا ترەمپ جەختی لەسەر ئەوە كردۆتەوە كە پێویستە هەوڵ و كۆششەكان چڕبكرێنەوە بۆ تێكشكاندنی داعش، لەكاتێكدا وادەردەكەوێت كە ئیدارەی ترەمپ بیەوێت لەهەمان كاتدا كار لەسەر لاوازكردن و سنوورداركردنی دەستڕۆیشتوویی ئێران بكات، ئایا چۆن ئیدارەی ئەمەریكا دەتوانێت ئەم دوو ئامانجە پێكەوە بەدی بهێنێت؟
- لە راستیدا كەس نازانێت پەرەسەندنەكان بە چ ئاڕاستەیەكدا دەڕۆن، حكومەتی ئەمەریكا دامەزراوەیەكی گەورەو ئاڵۆزە، لەبەر ئەوە كاتێك ترەمپ لە تویتەردا شتێك دەڵێت، ئەوا ئەمە گرنگییەكی زۆر گەورەی نابێت، لە ئێستادا چەندین پرس و كێشە هەن كە ئیدارەی ئەمەریكا بە خۆیانەوە سەرقاڵ دەكەن، لەبەر ئەوە دەبێت چاوەڕێ بكەین و ببینین تاوەكو مەسەلەكان زیاتر روون دەبنەوە.
* بەڵام ئێران بەوە تۆمەتبار دەكات كە پاڵپشتی بڵاوبوونەوەی تیرۆر دەكات و هەمیشە جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە رەفتارەكانی ئێران لە ناوچەكەدا ناسەقامگیری و نائارامیی دروست دەكەن؟
- لە راستیدا چەندین وڵات تێوەگلاون لەو دۆخەی لە عێراق و لە سووریادا دەگوزەرێت، ئەوەی پێوەندی بە سووریاوە هەبێت، ئەوا من زانیارییەكی زۆرم نییە لەبارەی ئاست و ئەندازەی دەستێوەردانی ئێران لەو وڵاتە، بەڵام پێموانییە بتوانرێت بارودودۆخەكە بە ئاڕاستەی چارەسەركردندا ببردرێت بە بێ بوونی جۆرێك لە رێككەوتن لە نێوان ئەمەریكا و رووسیادا، هەروەها لە سووریادا چەندین لایەنی جیاواز هەن كە شەڕی یەكتر دەكەن و ئەمەش دۆخەكەی ئاڵۆز كردووە و هەمیشە رووسیا و ئەمەریكا دەتوانن ئەو لایەنانە بدۆزنەوە لە سووریادا كە هاوپەیمانێتی لەگەڵدا بكەن، كەواتە ئەمە بەشێكە لە ململانێی نێوان ئەمەریكاو رووسیا بۆ بەدەستهێنانی دەستڕۆیشتوویی لە هەندێ ناوچەی جیهاندا، لە نێویاندا سووریا. بەڵام من وەڵامی ئەوە نازانم كە ئایا ململانێكەیان لە پێناوی ئەوەیە كە باڵادەستی خۆیان بسەپێنن، یاخود تەنیا بۆ ئەوەیە پیشانی بدەن كە ئەوان هێزێكی گرنگن.
* ئەی چۆن لە باڵادەستی ئێران بەسەر عێراقەوە دەڕوانیت و ئایا لە حاڵەتی هەڵكشانی ناكۆكییەكانی ئەمەریكاو ئێراندا، مەترسی لەسەر بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا لە عێراقدا دروست نابێت و ئەگەری ئەوە نایەتەئاراوە بكرێنە ئامانج لەلایەن ئێرانییەكانەوە؟
- لە راستیدا چەندین كێشە هەن لە عێراقدا كە رووبەڕووی ئەمەریكا دەبنەوەو ئەو تێڕوانینەش لەئارادایە كە ئەمەریكا هەڵەیەكی گەورەی كرد بە داگیركردنی عێراق و تێكدانی هاوسەنگيی هێزی نێوان عێراق و ئێران، كە ئەو كردەوەیەی ئەمەریكا بووە هۆی ئەوەی دەرگا لەسەر پشێوییەكی گەورە واڵا بێت. لەبەر ئەوە ئێستا بارودۆخێكی ئاڵۆز لە عێراقدا دەگوزەرێت، كە شیعەكان باڵادەستن و سوننەكانیش بە شێوەیەك لە شێوەكان هاوكار بوون لە هەڵكشانی هێزی داعش.
* ئەی چۆن لەهەوڵەكانی كوردی عێراق دەڕوانن بۆ بەدەستهێنانی سەربەخۆیی بەتایبەتی كە كورد نەبۆتە بەشێك لە كێشەی نێوان شیعەو سوننەو سەلماندی كە هێزێكی كارا و كاریگەرە لە شەڕی دژ بە داعشدا؟
- لە راستیدا ئەوە سەدەیەكە كورد هەوڵی بەدەستهێنانی سەربەخۆیی دەدات، نەك تەنیا لە عێراقدا، بەڵكو لە توركیاشدا. پێشتر ئەمەریكا لە روانگەیەكی مرۆییەوە دەستێوەردانی كرد بۆ پارێزگاریكردن لە كورد و كوردیش هاوپەیمانن لە چەندین بواری دیكەدا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. هەروەها كورد هێزێكی رێكخراوترن و ئاسانتر كاریان لەگەڵدا دەكرێت. كەواتە ئومێدەكە ئەوەیە كاتێك پشتیوانی ئەمەریكا بۆ كورد زیاتر دەبێت ئەوا دەوڵەتانی دیكە هەنگاوی هاوشێوە هەڵبگرن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، كورد خەباتێكی دوور و درێژیان لەبەردەمدایە.
* ئایا دروستبوونی دەوڵەتێكی سەربەخۆ لە كوردستاندا لە بەرژەوەنديی ئەمەریكا نابێت؟
- لە راستیدا ئەگەر ئەم پرۆسەیە بە شێوەیەك بەڕێوەبچێت كە بەرهەڵستی توركیای لێنەكەوێتەوە و گرژی و ئاڵۆزی لە شوێنەكانی دیكە نەخوڵقێنێت، ئەوا بە تێڕوانینی من ئەمە دەرئەنجام و دەرهاویشتەیەكی باشی دەبێت، بەڵام ئەمە پرسێكی ئاڵۆزە، بە راددەیەكی گەورە بەهۆی هەڵوێستی توركیاوە، من دەڵێم ئەم پرسێكی لاوەكییە لە روانگەی هێزە گەورەكانی وەك ئەمەریكا و رووسیاوە.
* ئایا پێتوایە لە ئێستادا نزیكبوونەوەیەكی زیاتر لە نێوان ئیدارەی ئەمەریكا و سعودیەدا دروست بووە، بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی كە ئەمەریكا فشاری زیاتری لەسەر ئێران دروستكردووەو سعودیە لە یەمەندا هەوڵی بەرەنگاربوونەوەی حوسییەكان و رێگریكردن لە فراوانخوازی ئێران دەدات؟
- ئاشكرایە سعودیە لە نێو ئەو وڵات موسڵمانانەدا نەبوو كە بەڕێز ترەمپ رێگەی بە هاووڵاتيیەكانیان نەدا بچنە ئەمەریكاوە. لەلایەكی دیكەشەوە سعودیە بەرژەوەنديی ئیقلیمی هەیە، بەڵام مەسەلەكە زۆر لەوە ئاڵۆزترەو ناتوانین بە دڵنیاییەوە بڵێین كە ئەمەریكا مەبەستی بووە لەگەڵ سعودیەدا هاوهەڵوێست بێت.
* دوا وتەت چییە؟
- ئیدارەی ترەمپ ئیدارەیەكی نوێیەو هێشتا ئاشنایەتی لەگەڵ سەرجەم ئەو پرس و كێشانەدا نییە و هێشتا بەلای منەوە بارودۆخەكە درێژەكێشانی سەروەختی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتییە، ئەوەی لە ماوەی رابردوودا ئیدارەی ترەمپ هەوڵیداوە لە رێی بڕیارەكانەوە –executive orders- كارەكان ئەنجام بدات كە زۆربەی ئەم بڕیارانەش دووچاری كێشەی كردوون، كە ئەمانەش كاردانەوەیەكی سادەن بۆ بارودۆخە ئاڵۆزەكان و بەلای كەمەوە من ئومێد دەكەم ئیدارەی ترەمپ ئەو راستییەیان بۆ روون ببێتەوە كە ئەوەی گرتوویانەتەبەر چارەسەری سادەن بۆ كێشەی ئاڵۆز.