نازلی شوكری: لە كوردستاندا سەقامگیری و پێكەوەژیان هەیە و پێویستە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پشتیوانی لێبكات

نازلی شوكری: لە كوردستاندا سەقامگیری و پێكەوەژیان هەیە و پێویستە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پشتیوانی لێبكات
نازلی شوكری پڕۆفیسۆری زانستی سیاسی و تایبەتمەندی بواری پێوەندییە نێودەوڵەتییەكانە، هەروەها بەڕێوەبەری پرۆگرامی سیستمی جیهانییە بۆ گەشەپێدانی بەردەوام و ئەندامی ئەكادیمیای ئەوروپییە بۆ زانستەكان، سەرەكیترینی ئەو پرس و بابەتانەش كە كاریان لەسەر دەكات، بریتین لە: سەرچاوەو ئاكامەكانی ناكۆكی و توندوتیژیی نێودەوڵەتی. بۆ قسەكردن لەسەر رەوشی ئاڵۆزی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هۆكارەكانی ئەو ئاژاوە و پشێوییەی باڵی بەسەر ئەم ناوچەیەدا كێشاوە، هەروەها بۆ تاوتوێكردنی چەند پرسێكی دیكەی پەیوەست بەو تەحەددییانەی رووبەڕووی وڵاتانی ئەم ناوچەیە دەبنەوە، گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵدا ئەنجامداو ئەویش بەم شێوەیە وەڵامی پرسیارەكانی داینەوە.
* بە شێوەیەكی گشتی چۆن لە بارودۆخی ئێستای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەڕوانیت؟
- بارودۆخێكی تا بڵێی لەرزۆكە، مایەی نادڵنیاییەوە و هەڵگری كێشەگەلێكی زۆرە.
* بە تێڕوانینی ئێوە ئەو هۆكارە ریشەییانە چین كە بوونەتەهۆی ئەوەی ئەم ناوچەیە ئەوەندە ئاڵۆز و پڕ لە كێشە بێت؟
- لە راستیدا هۆكارەكانی زۆرن، یەكێك لەو هۆكارانە ئەوەیە حكومەتەكانی وڵاتانی ئەم ناوچەیە پشتیوانی جەماوەرییان لێناكرێت، هەروەها لە سەر ئاستی ناوخۆیی یەكبوون و تەبایی بوونی نییە، لەگەڵ دەستتێوەردانی دەرەكی و ململانێی هێزە دەرەكییەكان بۆ كۆنتڕۆڵكردنی ئەم ناوچەیە. تا ئەو راددەیەی كە رەنگە بتوانین بڵێین كێشەكان بۆ هۆكارە مێژوییەكان و بۆ سەروەختی پێش جەنگی یەكەمی جیهانی دەگەڕێنەوە.
* ئەی چۆن لە داڕووخانی نیزامی ئیقلیمی و داڕووخانی دامەزراوەكانی دەوڵەت دەڕوانیت لە هەندێ لە وڵاتانی ئەم ناوچەیەدا؟

- لە راستیدا ئەم داڕووخانە بە رەوتێكی خێراو لەسەر ئاستێكی بەربڵاو روویدا، كە زۆر زەحمەتیشە بتوانین لێكدانەوەی بۆ بكەین، جگە لەوە نەبێت كە ئەو دامەزراوانەی پشتیوانی جەماوەرییان لێناكرێت، ئەوا ناتوانن لە مەودای دووردا سەركەوتوو بن. هەروەها من ناتوانم هۆكاری داڕووخانی ئەم دامەزراوانە بگەڕێنمەوە بۆ پرۆسەی پەرەسەندن، نەخێر ئەمە پێوەندی بەو پرۆسەیەوە نییە، ئەمە پەیوەستە بە پێوەندی نێوان خەڵك لەگەڵ دامەزراوەكان و سەركردایەتیدا.
* هەروەك دەزانن لەگەڵ سەرهەڵدانی بەهاری عەرەبیدا ئومێدێكی زۆر دروست بوو بە هێنانەئارای ئایندەیەكی باشتر و حوكمڕانییەكی باشتر، بەڵام بینیمان كە بەهاری عەرەبی ئەو دەرئەنجامە خوازراوەی لێنەكەوتەوە، بۆچوون و لێكدانەوەی ئێوە لەم رووەوە چییە؟

- لە راستیدا بەهاری عەرەبی یەكەم هەوڵ و هەنگاو بوو بەو ئاڕاستەیەدا، بەڵام كێشەكە ئەوە بوو ئێمە چاوەڕوانییەكی زۆرمان لە بەهاری عەرەبی هەبوو، هەروەها بارودۆخێك هاتەئاراوە كە گروپگەلێكی زۆر دروست بوون و كەوتنە ململانێكردنی یەكتری، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا روودانی بەهاری عەرەبی خۆی لە خۆیدا رووداوێكی گرنگ بوو.
* ئایا هاوڕاییت لەسەر ئەوەی كە ئەركی چارەسەركردنی كێشەكان بە پلەی یەكەم دەكەوێتە ئەستۆ گەلانی ناوچەكە؟
- بەڵێ، بەدڵنیاییەوە، چونكە كاتێك گەلانی ئەم ناوچەیە دەبینن كە ئەو هەموو دەستتێوەردانە دەرەكییانە لە وڵاتەكانیان دەكرێت، ئەوا دەبێت خۆیان بڕیار بدەن و ئەولەوییەتی خۆیان دەستنیشان بكەن، هەرچەندە ئەمەش كارێكی تا دواڕاددە قورسە بەهۆی ئەو دۆخە پڕ لە گرژییەی لەئارادایە.

* هەروەك دەزانن كێشەیەكی دیكەی ئەم ناوچەیە ئەوەیە كە بە دەست تایفەگەرییەوە دەناڵێنێت، لێكدانەوەی ئێوە بۆ ئەم كێشەیە چییە؟
- زۆر راستە، ئەمە مشتومڕێكی زۆری دروست كردووە، هاوشێوەی ئەو مشتومڕەی دەكرێت لەبارەی ئەوەی ئایا هێلكە پێش مریشكە، یان مریشك پێش هێلكەیە، مەبەستم ئەوەیە بگرە و بەردەكە ئەوەیە ئایا سەرەتا پەرە بە كۆمەڵگە بدرێت و دواتر پرسی تایفەگەری یەكلابكرێتەوە، یاخود سەرەتا رێككەوتن بكرێت لەبارەی چارەسەركردنی پرسی تایفەگەری و دواتر هەنگاو بۆ پەرەپێدانی كۆمەڵگە بگیرێتەبەر.
* ئایا هاوڕایت لەگەڵ ئەوەدا كە ئێران ئەم ململانێ تایفەگەرییە بۆ پەرەپێدان بە دەستڕۆیشتوویی خۆی لە ناوچەكەدا بەكاردەهێنێت؟
- لە راستیدا هەر تەنیا ئێران نییە كە هەوڵی درێژكردنەوەی دەستڕۆیشتویی خۆی دەدات، بەڵكو رووسیا و ئەمەریكاش ئەم كارە دەكەن، كە ئەمەش جێی داخە.

* ئەی پێتانوانییە دۆخی پڕ لە پشێوی وڵاتانی ناوچەكە بواری بۆ ئێران رەخساندووە بۆ ئەوەی پەرە بە باڵادەستیی خۆی بدات؟
- لە راستیدا ئێران سوود لەم دۆخە وەردەگرێت، بە هەمان شێوە سعودیەش سوود لەو بارودۆخەكە وەردەگرێت، هەروەها رووسیاش، كەواتە من لەم رووەوە هاوڕام لەگەڵتاندا، هەروەها من ناڵێم ئێوە گریمانەی ئەوە دەكەن كە بەس تەنیا ئێران سوود لەم هەلومەرجە وەردەگرێت، بەڵام دەبێت ئەوە لەبەرچاو بگرین كە گەمەكارەكانی دیكەش بە هەمان شێوە هەڵسوكەوت دەكەن.
* هەروەك دەزانن بەشێكی زۆری خاكی عێراق دووچاری داگیركاری و كاولكاری بۆوە لەسەر دەستی گرووپە تیرۆریستییەكان، بەڵام لە ئێستادا هەڵمەتەكانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم لەم وڵاتەدا باش بەرەوپێش چووە، پرسیارەكە ئەوەیە چ هەڵسەنگاندنێكتان بۆ ئەو رەوشە هەیە؟
- من ئومێد دەكەم كە هەوڵ و هەڵمەتەكانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریست و توندڕەوەكان سەركەوتن بەدەست بێنن، ئەگەر پرسیاری ئەوەشم لێدەكەن ئایا سەركەوتوو دەبن، ئەوا من نازانم، بەڵام ئەگەر شكست بهێنن، ئەوا دووچاری دۆخێكی خراپتر لە دۆخی ئێستا دەبینەوە.

* لەبارەی هەرێمی كوردستانی عێراقەوە تێڕوانینتان چییە؟
- لە راستیدا من زۆر شارەزای ئەم ناوچەیە نیم، بەڵام ئەوەی بیستوومەو خوێندومەتەوە، ئەوەیە كە رەوشێكی سەقامگیری هەیە بە بەراورد بە وڵاتانی دەوروبەری. هەروەها توانیویەتی كەشێكی لەبار بۆ فرەیی و پێكەوەژیان دروست بكات و لە ئێستاشدا ئەوەی پێویستە پاراستن و درێژەپێدانی ئەو دۆخەیە.
* ئەی پێتانوانییە كە پێویستە ئەمەریكا و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەڵبستن بە هاوكاریكردنی ئەم هەرێمە بۆ ئەوەی بتوانێت درێژە بەو دۆخە بدات؟
- من پێموایە پێویستە هاوكار بن، بەڵام لە راستیدا لەم رووەوە دوو بۆچوون هەیە، یەكەمیان پێیوایە پێویستە تەواوی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هاوكار و یارمەتیدەر بن بۆ ئەم هەرێمە بۆ ئەوەی بتوانێت درێژە بەو رەوشە بدات، دووەمیان بۆچوونی وایە كە باشترە لێگەڕێن دۆخەكە لەم هەرێمەدا خۆی پەرەبستێنێت.

* كۆتا پرسیارمان لەبارەی پێشبینییەكانتانەوەیە بۆ ئایندەی ئەم ناوچەیە؟
- لە راستیدا باشترین سیناریۆ كە بێتەدی ئەوەیە كە ئێستا دوو یان سێ نەوەی گەنج لەئارادان كە ئاستێكی بەرزی خوێندەوارییان هەیەو ئەوەی من دەمەوێت بیڵێم ئەوەیە كە ئومێدو متمانەم بەم نەوە گەنجە هەیە. خراپترین شتێكیش رووبدات ئەوەیە كە تەواوی ناوچەكە وەك سووریای لێبێت. هەروەها من پێم خۆشە بەو شێوەیە بیربكەمەوە كە ئەمە روونادات، بەهۆی بوونی سیاسەت و رێگاچارەگەلێكەوە كە بوارنادەن بۆ ئەوەی دۆخێكی هاوشێوەی سووریا دروست بێتەوە.
Top